وەرگێڕان

لە نێوان چیرۆک و حەقیقەتدا

ژان-لوک نانسی

هاوار محەمەد كردوویە بە كوردى

ڕۆژێک لە ڕۆژان خوداکان کشانەوە. لە خۆیانەوە لە یەزدانێتییەکەیان پاشەکشەیان کرد، با بڵێین لە حزوورەکەیان کشانەوە. ئەوەی لێیان بەجێما هەر ئەوەیە کە لە حزوورێک دەمێنێتەوە وەختێک غیاب دەبێت: واتە ئەوەی لێیان مایەوە تەنیا ئەوەیە کە دەتوانین دەربارەیان بیڵێین. ئەوەی دەتوانین دەربارەی ئەوان بیڵێین، هەر ئەوەیە کە لێیان ماوەتەوە کاتێک چیتر ناتوانین هێمایان بۆ بکەین؛ چیتر نە دەتوانین قسەیان لەگەڵ بكەین، نە لەمسیان بكەین، نە بیانبینین، نە حزووریان پێ بدەین. (تەنانەت وەختە بڵێین، خوداکان کشانەوە چونکە چیتر کەس حزوور [ئێستایەتی]ى بە حزوورەکەیان نەدەدا. هەندێ شێوەى خوو و نەریتى لێ دەرچێت، چیتر نە كەس قوربانی بۆ دەکردن و نە نەزر. بەڵام شتی ترمان هەبوو كە دەبوو بیكەین: نووسین، بۆ نموونە نووسینی ڕۆژژمێر، ئیشوكار، داڕشتنی یاسا. ئاوەها بوو كە بە لەدەستدانی حزووری ئێستا[present]، حزوور [presence] کشایەوە).

ئەوەی کە دەتوانین دەربارەی حزووری غایب بیڵێین شتێکە لەم دووانە: یان حەقیقەتەكەى باس دەكەین یان مێژووەكەى دەگێڕینەوە. ئەمەیان بە دڵنیاییەوە، دەکرێت ببێتە مێژوویەكى حەقیقیش. بەڵام لەبەر ئەوەی حزوور لە خۆیەوە هەڵاتووە، با بڵێین لە خۆیەوە ئاوا بووە، ئەوا هەر چیرۆکێک دەربارەی ئامادەبوونەكەى لە مێژوودا بگێڕرێتەوە، چیتر جێگای دڵنیایی نییە و كەس ناتوانێت گەرەنتیی ئەوە بكات کە مێژوویەكى تەواو ڕاست و دروست بێت: ئەمەش لەبەر ئەوەی هیچ حزوورێک نەماوە کە ئەوە بسەلمێنێت [لێرەوە مێژووى ڕاست دەبێتە گێڕانەوەى مێژوو، واتە چیرۆك].

  كەواتە ئەوەی کە دەمێنێتەوە، بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ دوو بڕگە دابەش دەبێت: چیرۆک و حەقیقەت. ئەم دووانە هەر هەمان ئەسڵیان هەیە و بە یەک شتەوە پەیوەستن: هەمان ئەو حزوورەی کە کشاوەتەوە. کشانەوەکەشی وەک هێڵێک دەردەکەوێت کە كەوشەنى ئەو دووانە، چیرۆک و حەقیقەت، لێک جودا دەکاتەوە.

 ئێمە بەوە دەڵێین “ئوستوورە”[muthos] کە کار و خولیای خواوەندان دەگێڕێتەوە؛ لە نێو ئەمانەدا هەمیشە ئەو ئوستوورانە هەن کە دەربارەی جیهان و شێوازی چەرخانى فەلەكن، دەربارەی مرۆڤ و چارەنووسين. ئوستوورە هێما بۆ باسكردنى شتێک دەکات کە لە ڕێگەى ئەم باسكردنەوە دەتوانین ئەو شتە، ئەو دۆخە، بناسین: ئەمە واتە گێڕانەوە. لە زمانی لاتینیدا گێڕانەوە[narratio]ی شتێک دەگەڕێتەوە بۆ ناسینی ئەو شتە. کاتێک خوداکان کشانەوە، ئەوا چیتر نە چیرۆکەکەیان هەر بە سادەیی حەقیقییە، نە حەقیقەتەکەشیان هەر بە سادەیی ئەوەیە کە دەگێڕرێتەوە. لێرەدا غیابی حزوورێک هەیە کە دەیەویت هەم بوونی ئەو شتە تاقی بکاتەوە کە گێڕدراوەتەوە، هەمیش دروستی ئەو وشانە هەڵبسەنگێنێت کە دەیگێڕنەوە.

 لەوێدا جەستەی خوداکان دەگێڕدرێتەوە كە غیابن. ئۆزیریسى لەتوپەتكراو لەیاد کراوە و هەر وا ماوەتەوە؛ پانی مەزن[the great Pan] مردووە[1]. ئەوەى غیابە جەستەیەکی یەزدانیى ڕاستەقینەى ئەوتۆیە کە خاوەنی حەقیقەتی خۆی بێت  [و ئەم حەقیقەتەش بگێڕێتەوە]. لەشى یەزدان لەگەڵ خوێنی قوربانیاندا تليساوەتەوە، لەگەڵ هاڵاوی بوغوردا چووە بە ئاسماندا، یان لە جەنگەڵی پیرۆزدایە کە تێیدا دەتوانین گوێمان لە ورشەی کانی بێت کاتێک حزوورەکەی لە ژێر ئەرزدا لێیەوە هەڵدەقوڵێت.

 ئەم جەستە قسەکەرە چیتر لێرە نییە. ئەوەی لێی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە ئێمە دەتوانین دەربارەی بیگێڕینەوە- جا وتراو [le dit] دەبێتە شتێکی نابەرجەستە، وەک بۆشایی، وەک فەزا و کات. ئەمانە چوار فۆڕمی مەعنەوین، کە دەشێت جاروبارێك جەستەكانیان تێدا ببینرێتەوە، بەڵام هەرگیز یەك جەستە نا. پێكەوەلكان[بەیەگەیشتووى لێكجودا] سیفەتى ئەو بوونەیە كە كراوەیە و دابەش بووە. وتراو چیتر شتێكى بە پڕى پێدراو نییە [لەلایەن خودى حەقیقەتى خوداوە]، بەڵكوو دەلكێنرێت بە جەستەى خوداییەوە وەك وێرد لەسەر زارى؛ وتراو لە خۆى جودا دەبێتەوە و دەكشێت، ئەمەیش واتە لۆگۆس.

بەم جۆرە حەقیقەت و گێڕانەوە لە یەكترى جودا بوونەتەوە. جودابوونەوەكەیان بە هەمان هێڵ نیشانە دەكرێت كە بەژێر كشانەوەى خوداكاندا دەهێنرێت. جەستەى خوداكان ئەوەیە كە لە نێوان ئەو دووانەدا ماوەتەوە: دەمێنێتەوە وەك لەوێ-نەبوونە تایبەتەكەى، وەك غیابەكەى. لەوێدا وەك جەستەیەكى نیگاركراو، مەجازى، بەچیرۆككراو دەمێنێتەوە: بەڵام چیتر جەستەیەكى پیرۆز بوونى نییە.

 ئەوەى لە نێوان ئەدەب و فەلسەفەدا نوقسانە ئەم بەیەكداچوونە، ئەم ئاوێزانبوونە، ئەم پێكەوە نووسانە پیرۆزەى نێوان مرۆڤە لەگەڵ خوادا، با بڵێین لەگەڵ گیانەوەر و ڕووەك و بروسكە و بەرددا. جودایى لە نێوان ئەدەب و فەلسەفەدا بریتییە لە لێك جیاكردنەوەى ئەم بەیەكداچوونانە و هەڵوەشانەوەى پێكەوەنووساوییەكەیان. بۆ ئەدەب و فەلسەفە ئەم تێهەڵكێشبوونە، ئەم بەیەكداچوونە [یەزدانناسییەى مرۆڤ و خودا، حەقیقەت و گێڕانەوە] هێشتاش جودایە، بە نەشتەرێكى زۆر تیژ بڕدراوە: بەڵام ئەم بڕینە خۆى، ئەم كەلێنەى وا لە نێوانیاندایە، بۆ هەمیشە كارایى پێكەوەلكاویى تێهەڵكێشەكە پیشان دەداتەوە. لە نێوان ئەم دووانەدا شتێك هەیە قابیلى لێكجوداكردنەوەى نییە.

لێرەدا حەقیقەت و گێڕانەوە [چیرۆك] لە یەكترى جودان، بەو مانایەى كە هەر ئەم لێكجوداییە هەردووكیان پێك دەهێنێت. بە بێ جودابوونەوە، نە حەقیقەت بوونى دەبێت نە گێڕانەوە: ئەوەى دەبێت تەنیا جەستەى خوداییە [بە زلى و پڕى].

  گێڕانەوە نەك تەنیا دەشێت بێ حەقیقەت بێت، نەك تەنیا گومانى ئەوەى لی دەكرێت بێ حەقیقەتە، بەڵكوو هەر لە بنەڕەتەوە لێی بێبەشە، چونكە لە جەستەى ئێستا[the body of present] وەك دەربڕینەكەى و دەركەوتنە تایبەتەكەى بێبەش كراوە.

 ئەم بێبەشبوونە هەمان كات بێبەشبوونى حەقیقەتیشە؛ حەقیقەتیش هەر لە بنەڕەتەوە دەستى بە گێرانەوە ناگات و تەرا كەوتووە. لە دۆخى كشانەوەدایە، ناكرێت وێنا بكرێت و بگێڕدرێتەوە. حەقیقەت دەبێتە خاڵى هەڵوەشانەوە و شیبوونەوەى بۆ نیشانەى پرسیار؛ حەقیقەت دەبێت بە “حەقیقەت چییە؟”، لەگەڵ ئەوەشدا لە پرسیارەكە تێدەپەڕێت و خاڵى هەڵوەشان لێیەوە دێتە دەرێ و ئاسۆى وێناكردنێكى ناكۆتایى ئەوەى وا لۆگۆسى پێدەوترێت، دەكاتەوە.

 گێڕانەوە وێنەكان پیشان دەدات، ئەویش وەك هەموو وێنەكان دروست دەكرێت، با بڵێین هێڵكاریى نیگارێك كە ئەو بەرز و نزمیانەى جەستەیەك هەنى و پێش هەموو شتێك وەك جەستەیەك دەرى دەخەن، دەخاتە ڕوو. بەڵام نیگار جێگاى گومانە ئەگەر بێتوو ئەو جەستەیەى كە نیگارەكە هێڵكارییەكەى دەكێشێت، جەستەیەكى ڕاستەقینە بێت. هێڵكاریى گێڕانەوە دەركەوتنێكى جەستە پیشان دەدات كە دڵنیایى نادات لەوەى كتومت لەو جەستەیە بچێت كە نواندوویەتییەوە. یان دڵنیایى دەدات لەوەى كە كتومت لەو ناچێت. لە ڕێگەى نیگاركردنییەوە، گێڕانەوە غیابى ئەو جەستەیە ڕادەگەیەنێت كە وێناى دەكات. هەر ئەم جۆرە هێڵكارییە بوو خوداى خوڵقاند -بۆ نموونە نوێژخوێندن بۆ سەرى جاكالدا[2] یان دڵۆپێك چەسپ بە قەدى درەختێكەوە- و ئەوا ئێستا وێنەكەیشى دەكێشێت. بەڵام ئەم هێڵكارییە خۆیشى دوو لق و دابەشە: جەستەى خودا ئامادە نییە.

 بەم جۆرە وەها وێناكردنێكى حەقیقەت ئامانجى پیشاندانى ئەم نەبوونەیە وەك ئەو ڕووبەرەى كە ئارەزووى لێیەتى، بەڵام ئەوەى وێناكردن [هێڵكاریى، وێنەكێشان، نیگارسازى] دەیەوێت زەقى بكاتەوە هەر خودى ئەم غیابەى حەقیقەتە. بە دەرخستنى غیاب -لە ڕێگەى وێنەكێشانى فیگور، لاساییكردنەوە، نواندنەوە، خوازە، ئەفسانەناسى، ئەدەبەوە- وێناكردن حەقیقەت دەربارەى غیاب دەدركێنێت. حەقیقەت لێرە نییە، غیابە، هەڵەیە (واتە خەلەل، وەهم، درۆ، فریوودان، سەرلێشێواندن، لەخشتەبردن). كاتێك وێناكردن ئەم حەقیقەتە دەدركێنێت، ئەوا لەگەڵ ئەمەشدا تەنیا نیوەى حەقیقەتى وتووە. نیوەكەى دیكە كە غایبە، ئەو غیابەیە كە لە لایەنەكەى دیكەى وێنەكەدا، یان لە خودى وێنەكەدا حزوورى هەیە. بەڵام گوتارى حەقیقەت دەڵێت كە ئەم حزوورە وا لە پشتەوەى فیگورەكە [ئەو نیوەیەى كە غیابە لە پشتەوەى بوونەرە كێشراوەكە حزوورى هەیە]. بۆیە ئەم گوتارە خۆى بۆ سەر لێوارى ئەم “پشتەوە”یە پاڵ دەنێت كە لەوێدا لەنێو ڕۆشناییەكى بەشەوارەخەردا ون دەبێت، لە ڕووناكییەكدا كە هەر وێنەیەك تێیدا لەنێودەچێت.

   لە نێوان فیگور و وەها ڕووناكییەكى بەشەوارەخەردا جەستەى یەزدانى دەكەوێتە غیابەوە. ئەوەى دەمێنێتەوە جەستەیەكى تاقانەى غایبە كە لە هەموو لایەكەوە گێڕانەوە و وێناكردن گل‌وخوولى دەدەن. یەكەمیان فۆڕمـەكانى جەستە وەسف دەكات و دووەمیان شوێنەوارەكەى دەكێشێت. لە نێوان وەسفكراو و نیگاركراودا تەنیا نووسین l’ecrit هەیە، تەنیا هێماى دەستخەتى ناكۆتا ماوەتەوە كە لەسەر قوڕقوشمى ئەو خەتمەى وا دراوە لە شوێنى كشانەوەكە، هەڵكۆڵراوە. دیمەنەكە دەمانبات بەرەو گۆڕێكى بەتاڵ، بەرەو تابووتی خاڵیى مۆمیایەك، بەرەو پۆرترەیتێك كە هى كەس نییە و لە هى كەس ناچێت: بەرەو جەستەیەك كە وەك “جەستە” بەرهەم هێنراوە و گۆكراوە، واتە وەك دەرەوەیەكى غایب.

 بەڵام ئەمە دیمەنەكەیە و زۆریش كاریگەرە. دیمەنێك كە تێیدا ماتەم[mourning] و ئارەزوو[desire] بەنێو یەكدا دەچن: فەلسەفە و ئەدەب، هەر یەكە بۆ ئەوی تر لە پرسە و ماتەمدایە، هاوكات هەریەكە ئارەزووی ئەوى تر دەكات؛ بەڵام هەر یەكەیان لە ماتەم و ئارەزووشدا كێبڕكێى ئەوی تریان دەكات.

  ئەگەر ماتەم سەربكەوێت و ببێتە زیندانیى هەستكردن بە فەرامۆشییەكى ناكۆتا، ئەوا یەكێكیان لە ماخولیادا نغرۆ دەبێت و جەستەى لەدەستچوو[ى خودا] دەیخنكێنێت. بەڵام ئەم جەستە لەدەستچووە، وێنەیەكە كە یەكێكیان دەربارەى ئەوى دیكەیان هەیەتى: فەلسەفە شۆك بووە بە مەحاڵەكەى خۆى وەك ئەدەب -چونكە ئەدەب مەحاڵە تایبەتییەكەى فەلسەفەیە- بگرە ئەدەب هەڵگەڕانەوەیە.

 هەندێ جار ئەدەب فەلسەفە دەخاتە نێو ئەو پرسە و ماتەمەوە كە فەلسەفە ناچارە یان لەگەڵى بژى یان نكوڵى لێ بكات. هەندێ جاریش فەلسەفە پشتیوانیى لەو غیابە دەكات كە ئەدەب دەیڕازێنێتەوە. بەڵام ژێستى یەكێكیان دەكرێت ببێت بە فاكت بۆ ئەوى تریان. تەنانەت دەشێت شیعرێكى فەلسەفى بوونى هەبێت كە لە ئارەزووى ئەوى تردا ببێت بە هەڵم: زەردەشت لە كۆتاییدا هاوار دەكات: «ئاخۆ من هەڵوەداى بەختەوەریمە؟ من خۆم بۆ بەرهەمەكەم دەپڕوكێنم. لەوانەیە جۆرە بیركردنەوەیەك هەبێت ئایەتگەلى نائایینى دەربارەى ڤینۆس بە جەزبەوە بنووسێتەوە و گۆرانى بەسەر سروشتدا هەڵبدات و ئاواش كۆتایى پێ بهێنێت:

پیاوان بەدەم هەراوزەناوە، خزم و خەڵكى خۆیان دەخەنەسەر

ئەو كوورە ئاگرانەى وا بۆ ئەوانى تر ئامادە كراون،

كوورەكان دەخەنە بڵێسە و نێڵە، دەچنە نێو ململانێ خوێناوییەكانەوە،

كەچى جەستەكان هەر فەرامۆش ناكەن».

    ئەركەكە ئەمەیە: فەرامۆشنەكردنى جەستەكان، ئەگەرچى بەرهەمەكە بڵێسە دەستێنێت. لەبیرنەكردنى جەستەى خوداكان، بە بێ ئەوەى چاوەڕوانى بانگهێشتكردنەوەى حزوورەكەیان بین. لەیادنەكردنى خزمەتى حەقیقەت و فەرامۆشنەكردنى خزمەتى فیگورى نیگاركراو، بەڵام بێ ئەوەى ئەو كەلێنەش بە مانا پڕ بكەینەوە كە لێكیان جودا دەكاتەوە. فەرامۆشنەكردنى جیهان، كە هەتا بێ زیاتر دەبێت بە جیهان و هەتا بێ زیاتریش غیاب دایدەپۆشێت، هەتابێ زیاتر دوور دەكەوێتەوە و دەبێتە جیهانێكى ناجەستەیى، بێ ئەوەى دەلالەت، كەشف، ڕاگەیاندن، كۆتایى جیهان تێرى بكات. غیابى خوداكان مەرجى پێكەوە-بوونى ئەدەب و فەلسەفەیە [وەك ڕووبەرێك لە نێوان هەردووكیاندا، كە هەم لێكیان جودا دەكاتەوە و هەمیش بەیەكیان دەگەیەنێت]؛ ئەوە لە نێواندا-بوونى غیابە كە ڕەوایەتى بە بوونى هەریەكەیان دەبەخشێت، وایان لێ دەكات كە هەردووكیان نا-یەزدانناسیانە بن و بە هیچ كلۆجێكیش نەشێت بۆ یەزدانناسى هەڵبگەڕێنەوە. بەڵام ئەركى هەردووكیشیان ئەوەیە گرنگى بەوە بدەن كە لە نێوانیاندایە، هەردووكیان بەرپرسیارێتییان هەیە بەرانبەر بە لە-نێواندا-بوون: پاسەوانیكردن لە جەستەى كراوە و ڕەخساندنى دەرفەت بۆ ئیمكانى ئەم كراوەییە.

سەرچاوەكانى وەرگێڕانى ئەم وتارە:

Jean-Luc Nancy: Between story and truth, Translated from the French by Franson Manjali,

http://www.littlemag.com/jul-aug01/nancy.html

(The original French essay ‘Entre deux’ first appeared in Magazine Littéraire, No. 392, November 2000).

جان–لوك نانسي: ما الذي يستطيعه الأدب بعد أن تنسحب الآلهة؟، ترجمة: محمد ميلاد، الجمعة، 12 فبراير 2016.

https://nomene.blogspot.com/2016/02/blog-post_12.html


[1] یەكێكە لە خودا دوو ڕەگەكانى یۆنان، بەشى سەرەوەى لەشى مرۆڤ و بەشى خوارەوەى هي بزنەكێوى، لە نێو جەنگەڵان و سروشتدا سەردارى بزن و كەڵەكێوییان بووە. (و. كوردى)

[2] یەكێك لە خوداكانى میسر كە سەرى لە شێوەى سەرى گیانەوەرى جاكالدایە، جۆرە گورگێك كە لە ئەفریقا دەژى.

Loading