نووسین

سەرەتایەك دەربارەى فـیكرى فرەخوازى

هـاوار محـەمەد

( 1 )

بە لەبەرچاوگرتنى مشتومڕە فیكرییە هاوچەرخەكان لە نیوەى دووەمى سەدەى بیستەوە تاوەكوو ئێستا، دەتوانین فەلسەفە بەسەر دوو مۆدێلى بیركردنەوەدا پۆلێن بكەین: مۆدێلى تاكخوازى و مۆدێلى فرەخوازی. لە ئەفلاتووندا ئەم دوو مۆدێلە هەن، یەكەمیان ئایدیا دەینوێنێتەوە و دووەمیان زڕەوێنەكان. دواتر ئەفلاتوونیزم زڕەوێنەكان لە بەرژەوەندیی ئایدیا تاكەكان سەركوت دەكات. فیكرى نوێى فەڕەنسى، هەوڵێكە بۆ قڵپكردنەوەى ئەم هاوكێشەیە، بەڵام بەو پێیەى زڕەوێنە هەر تەنیا لە فرەییدا زڕەوێنەیە، ئەوا هەڵگەڕانەوەكە لە جەمسەرگۆڕكێیەكى سادەى دیالەكتیكدا كورت نابێتەوە؛ لەوەدا كۆتایى نایەت فرە ببێت بە یەك و یەكیش ببێت بە فرە. زڕەوێنە پێویستى بە سەركوتكردنى ئایدیا و كورتكردنەوەى لە یەكدا نییە، بەڵكوو شەریكى بۆ پەیدا دەكات؛ وا دەكات یەك لەنێو خۆیدا فرە بێتەوە و بەمەیش وەك یەك هەڵدەوەشێتەوە. گەر ئەم هەڵگەڕانەوەیە لەسەر بنەماى فرەیى، تەنیا شوێنگۆڕكێ بێت، ئەوا یەك دەچێتە جێگاى فرە و فرەیش دەبێت بە یەك؛ لەم بارەدا هەر یەك دەبێتەوە بە بنەما، بە ئەسڵ، بە حەقیقەت.

بیركردنەوەى فرەخوازى مۆدێلێكى دیكەى بیركردنەوەیە كە سەرلەبەر وێناى جیهان و مرۆڤ و شتەكان، بەڵام لەوەش گرنگتر وێناى پەیوەندییەكان، بە جۆرێكى دیكە دادەڕێژێتەوە. داڕشتنەوەى گەردوون لەسەر بنەماى فرەیى، یەك نە وەك جەوهەرێكى ڕەهاى خۆبەس دەبینێت، نە وەك سوبێكتێكى دوولەت؛ بەڵكوو چیتر یەك لە پێكەوەكۆبوونەوەى جیاوازییەكان پێكدێت، یەك دانەیەكە لەنێو پەیوەندیدا دروست دەبێت و هەرگیز شتێك نییە لە خۆیدا و بۆ خۆى. لە فرەخوازیدا یەك واتاى تۆڕێكـە، كۆمەڵێك هێڵكاریى پەیوەندییە یان خۆى لە پەیوەندییەوە دروست دەبێت. یەك وەك تۆڕ، هەمان یەكى تیۆلۆژیا، یان مێتافیزیك، یان دەروونشیكارى [باوك، فالووس] نییە. لە مێژووى فەلسەفەشدا وێناى ئیگۆ وەك یەك سوبێكتى بیركەرەوەى مەعریفەمەند كراوە. سوبێكت هەموو شتێك لە خۆى دادەماڵێت ئینجا دەگاتە سەر یەك بنەڕەتى نەسرڕدراوە كە “من”ـێكە. لاى هیگڵ من پێش ئەویترە، بەو پێیەى ئەویتر لە منـەوە دەردەچێت. من ئاخێزگەى ئەویترە؛ چونكەى دواجار ئەویتر هەر من بووە و لە خۆم جودا بۆتەوە؛ نیمچەسەربەخۆیى وەرگرتووە و بووە بە منێكى تر[alter ego]، كە هێشتا هەردووكمان لە “من”ـەكانماندا هاوبەشین و هەمان بابەتى ئارەزوومان هەیە، لە ئەویترێتییەكەماندا ناكۆكین. لێرەوە ئەویتر هەر بۆ من ئەویترە، دەنا بۆ خۆى منـە؛ منێك كە منیش دەبم بە ئەویتر بۆى. بەڵام ئەم پەیوەندییە دواجار پەیوەندییە لەنێوان دوو “من”ـدا نەك لەنێوان من و ئەویتردا. من لە پەیوەندیدایە لەگەڵ منێكى تردا، بۆ ئەوەى لەم تێپەڕینەدا بە بەهێزتر و لە قۆناغێكى پێشكەوتووترى مێژوودا بۆ خۆى بگەڕێتەوە. كەواتە ئەمەى وا بووە بە ئەویتر تەنیا میدیۆمێكە، كەرەستەیە، ئامرازێكە بۆ من. ئەمە پەیوەندیى منێتىییە. هاوكات دەكرێت ئەم پەیوەندییە جۆرێك ناكۆكى و زۆرانیش بێت، ناتەبایى بێت لەگەڵ خۆیدا تاوەكوو لە خۆى بۆ خۆیەكى خۆتر لە خۆى تێپەڕێت. ئەم منێتییە جەوهەرى فەلسەفەى ئیگۆیستییە. بەڵام من چییە؟ من یەكێكە. مەرجى منێتى “یەكێتى”ـیە تەنانەت لەو كاتەیشدا كە دووكەرتە؛ یەكێتى هەر شوناس، قاڵب، ناوكێكە كە ناهێڵێت سوبێكت هەڵبوەشێتەوە.

فەلسەفەى فرەخوازى لە بنەمایەكى ترەوە دەست پێ دەكات؛ ئەم بنەمایە زۆرێتى، فرەیى، ئەویترێتییە. ئەویتر یەك “ئەوى تر” نییە، یەك بوونەوەرێكى ناسراو نییە، بەڵكوو ڕووبەرى نەناسراوى و فرەییە كە لە هیچ بارێكدا لە مندا كورت نابێتەوە، نە منى من و نە منى خۆى. ئەویتر “منێك” نییە كە هەر خۆى بێت، ئەویترە لە ئەویترێتییەكەیدا. با كەمێك كۆنكرێتیتر ڕوونى بكەینەوە. زۆرێتى لایەنیكەم بە دوو شێوە دادەمەزێت:

یەكەم بە جیاوازى: لەم بارەدا فرەیى زۆرێتیى ژمارە نییە؛ بۆ نموونە ئەوە گرنگ نییە گەر بڵێین “لە گەردووندا ملیۆنان ئەستێرە و هەسارە هەن”. ئەوە گرنگە تاقانەیى هەر ئەستێرە یان هەسارەیەك لە چیدایە، كە جیاوازى دەخولقێنێت، بۆ نموونە هەسارە بچووكەكەمان، بەهۆى جۆرێك هەڵكەوتەى تایبەتەوە، بووە بە هۆى دروستبوونى ژیان، ژیانى مرۆڤ، ژیانى سەدان جۆرى بوونەوەر و ڕووەك كە پێدەچێت جیاواز بێت لە هەر جێیەكى دیكەى گەردوونى بینراو. لە لایەكی تر، فرەیى بە واتاى فرەیى جوزئەكان نییە كە هیچ پەیوەندییەكیان لەگەڵ یەكتریدا نەبێت، چونكە ئەمە هەر جوزئێك دەكات بە شتێك لە خۆیدا. بۆ نموونە بەشەكانى پایسكیلێك گەر پێكەوە نەبەسترێنەوە، ئەوا هیچ پاسكیلێك پێك ناهێنن، كەوایە هیچ بەهایەكى جیاوازیان نییە، بەڵام هاوكات پێكەوەبەستنى بەشەكان پرسى “گشت”ـیش نییە. فەلسەفەى تۆتاڵێتى گریمانەى ئەوە دەكات كە گشت بریتییە لە “كۆبوونەوەى بەشەكان”. ئەم دەربڕینە زۆر ئەبستراكتە، وەك دۆلۆز دەڵێت هیچ شتێك تەفسیر ناكات، چونكە لەم بارەدا گشت خۆى پێویستى بە تەفسیرە. بەشەكان بە سەدان جۆریى ڤێرتوێلى جیاواز ئیمكانى كۆبوونەوەیان هەیە. چەند پێكەوەبەستنێكیان دەتوانن پایسكیل دروست بكەن، بەڵام گەر بە جۆرێكى دى ببەسترێنەوە، ڕەنگە شتێكى ترى وەك بەرهەمە هونەرییەكانى توێنگویلى یان دوشامپ پێك بهێنن. ئەوەى هەیە گشت نییە، بەڵكوو جۆرێكى تایبەتى پێكەوەبەستنى بەشەكانە، كە وەختێك دەبێت بە ئەكتوێل، شتێك پێكدێنێت جیاواز لە شتێكى دیكە كە جۆرێكى دیكەى پێكەوەبەستنى بەشەكان پێكى دەهێنێت. لە فەلسەفەى فرەییدا لەبرى تۆتاڵێتییەكى یەكپارچە، تاقمبەندییەكانمان هەن، واتە پێكەوەبەستنەكان، پەیوەندییەكان، تۆڕەكان، نێوانەكان.

دووەم، بە پەیوەندى. هەر ڕەگەزێك، هەر یەكەیەك، خۆبەس نییە، لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هەندێ ڕەگەزى تردا، یان لەگەڵ دەرەوەى خۆیدا. منێكى بێ پەیوەندى بوونى نییە. بەڵام هەر منێك تەنیا لە یەك پەیوەندیدا نییە، لە كۆمەڵێك پەیوەندیدایە. پەیوەندى واتە فرەیى پەیوەندى. پەیوەندى تۆڕە، نەك یەك هێڵ. با چەمكى باوك بە نموونە وەربگرین. لە تیۆلۆژیا و دەروونشیكاریدا باوك پەیوەندیى باوكە لەگەڵ نەوەى خۆیدا. باوك تەنیا لەم پەیوەندییەدا دەبینرێت؛ كەواتە باوك “یەك”ـە. هەموو جارێك باوك هەر ئەوەیە كە پەیوەندیى باوكایەتى لەگەڵ كوڕدا هەیە، ئەمەیش سروشتى سەرجەم پەیوەندییەكانى دیكەى دیاری دەكات؛ یان دەروونشیكار وەلایان دەنێت. لەم ڕوانگەیەوە، باوك لەسەر كاریش هەر باوكە، لە خوێندنیشدا هەر باوكە، لە گەشتیشدا هەر باوكە، بە مردوویش هەر باوكە و لە سیاسەتیشدا هەر باوكە؛ لەبەر ئەمەیە دەروونشیكارى كایەى كۆمەڵایەتى-سیاسى بە چەمكە خێزانییەكانى وەكوو گرێى ئۆدیپ، ڕەحمى دایك، ئۆبێكتى لەدەستچوو، باوككوژى و هیتر دەخوێنێتەوە. فیكرى فرەخوازى لای وایە پەیوەندیى باوكایەتى تەنیا یەك پەیوەندییە لەنێو چەندان جۆرى پەیوەندیى دیكەدا و مەرج نییە بونیادگەرانە دیاریكەر بێت. هەر مرۆڤێك چەندان جۆری ترى پەیوەندیى هەیە كە ڕێ دەگرن لەوەى شوناسەكەى لە هاوكێشەى “باوك”ـدا دابمەزرێت؛ باوكایەتى نابێتە تاكە بنەماى شوناس. ئەمەى بۆ كوڕێك باوكە بۆ ژنێك هاوسەرە، بۆ نزیكێك دراوسێیە، بۆ شاگردێك وەستایە (یان بە پێچەوانەوە)، بۆ هاوڕێیەك هاوڕێیە و هیتر. مرۆڤ پەیوەندیى هەمەجۆرى لەگەڵ دەوروبەرەكەیدا هەیە، نەك یەك جۆر پەیوەندی. پەیوەندىی من لەگەڵ دراوسێكەم، لەگەڵ هاوڕێكەم یان لەگەڵ غەریبەیەك پەیوەندیى باوكایەتى نییە بەو جۆرەى كە لەگەڵ كوڕەكەم هەمە. تەنانەت باوكایەتى بونیادیش نییە تاوەكوو لەژێرەوە پەیوەندییەكانى دیكە خێزانیى بكاتەوە. كەسەكان لەم پەیوەندییانەدا كەسایەتى و شوناس و شێوازى هەڵسوكەوتى جودایان هەیە و هەر یەكەیان لەگەڵ كۆمەڵێك هێزى دیكەدا لە پەیوەندیدان. پیاوێك دەكرێت لەگەڵ ژنەكەیدا توندوتیژ بێت، بەڵام لەگەڵ هاوڕێكەیدا تەواو نەرم و وەفادار. بۆ دراوسێ چاك و بەخشندە، بەڵام بۆ شاگردەكەى دڵڕەق و بەزەبروزەنگ. لە هەر یەكێك لەم پەیوەندیانەدا هەمان كەس جۆرێك كارەكتەرى جوداى هەیە. چى ئەم هەمەجۆرییە كۆ دەكاتەوە؟ ئەمەى كە ناوى “من”ـە. من لێرەدا وەك “یەك”ـێك خۆى كۆیە. خۆى چەند “منێك”ـە، بەڵام ئەم “من”ـە هەموو جارێك دووپات دەبێتەوە، بێ ئەوەى “یەك” من بێت. لەگەڵ هەر دووپاتبوونەوەى “من”ـیكدا، منە بە شتێكى نوێوە، بە گۆڕانێك، بە جیاوازییەكەوە.

( 2 )

وشەى “فرە” پێ دەچێت لە زمانى كرمانجى خواروو یان لە شێوەزارى هەورامییەوە هاتبێتە نێو زمانى كوردى سۆرانییەوە. هۆكارى ئەم “یان ئەم یان ئەو”ە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە نازانین بۆ لێكۆڵینەوە لە مانا ئیتیمۆلۆژییەكانى وشەیەكى زمانەكەمان پەنا بۆ چ سەرچاوە و فەرهەنگێك ببەین، چونكە زۆرینەى فەرهەنگە چاپكراوەكانى ئێمە هیچ زانیارییەكى ڕیشەناسانەیان دەربارەى وشەكان تێدا نییە. زۆرینەى ئەو فەرهەنگانەى تا ئێستا لە زمانى كوردیدا هەن، فەرهەنگى “ماناى وشە “ن، وشەیەك بەرانبەر وشەیەكى دى، جا كوردى-كوردى یان كوردى-زمانێكى دى، یان زمانێكى دى-كوردى. ئەحمەدى خانى، كە پێ دەچێت یەكەمین فەرهەنگى كوردى ئەو نووسیبێتى، فەرهەنگەكەى كوردى=عەرەبییە. باشترین و بەناوبانگترین فەرهەنگنووسى ئێمە مامۆستا گیوى موكریانییە، بەداخەوە فەرهەنگەكانى لەوە زیاتر نین كە وتمان. هەژار و عەلادین سەجادى و جگەرخوێن و عەلى ئەشرەف دەروێشیان و ئەوانیتریش بە هەمان شێوە. لەم دۆخەدا، كە بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕیشەى وشەكان، ناتوانین دەستمان ڕا بگات بە فەرهەنگێكى ئیتیمۆلۆژیى گشتگیر و باوەڕپێكراو، ئەوا ناچارین لە دوایین فۆڕم و ماناى خودى وشەكەوە دەست پێ بكەین و دواتر هەندێ شتى دیكەى لەسەر هەڵبچنین.

وشەی «فرە» لە زۆربەی زارەکانی زمانی کوردیدا بەکار دەبرێت و لە ڕووی ڕیشەناسییەوە، ریشەی وشەكە بۆ زمانی پەهلەوی دەگەڕێتەوە و بە شێوەی (Freh)، (Fra) و (Fray) هاتووە کە مانای زۆر، زەوەند، گەلێک و فرە دەدات؛ هەروەها بە مانای فەڕ و بەرەکەتیش هاتووە و خودی وشەی فەڕ هەر لە فرەوە هاتووە.[1] بەگوێرەی فەرهەنگی ئاناهیتا وشەكە ئەم مانایانەی هەیە: ١- ئێجگار زۆر، بێداد، بێ ژمار، بێشومار، پڕ، پوڕ، زۆر، زەبەند، زەحف، زیا، فراوان، گەورە، گەلەک ،گەلێک؛ [ئینگـ: Poly]. ٢- چەند، چەندانە، چەندان: دوو یا چەند هەند، هێندانە؛ [ئینگـ: Multi].[2] لە فەرهەنگى هەنبانەبۆرینەدا وشەى “فرە” بە واتاى «زۆر، زاف، زەحف، گەلێك، زێدە، پڕ»[3] هاتووە. فەرهەنگى زمانى یەكگرتووى كوردیى هاوچەرخ لەسەر تۆڕى ئینتەرنێت، كە یەكێكە لە فەرهەنگە ئەلیكترۆنییە باشەكان، ئەم مانایانەى بۆ بەكار هێناوە: «1. ئێجگار زۆر، بێداد، بێ ژمارە، بێشو (ئەردەڵانى)، پڕ، پۆڕ، زۆر، زەبەند، زەحف، زیا، فراوان، گەورە، گەلەك، گەلێك، مشە-مشەر [ئینگ: poly] (گیو، ل 668) (پەزیشكى، ل276). 2. چەند- چەندانە، چەندان: دوو یا چەند هەند، هێندانە. [ئینگ: Multi].»[4]. وەك نموونەیەك بۆ پۆلەماناى یەكەم ئەم ڕستەیە نووسراوە: ئەڕام فرە وە نرخە ك ئێ نمایشگا لە كرماشان بویاتاد. “فرە وە نرخە” واتا زۆر بە نرخە، زۆر گرنگە. لەم بارەدا، لە ماناى یەكەمدا، فرە بە واتاى زۆرە، زۆر لەڕووى چەندێتییەوە كە بە ئینگلیزى پێى دەوترێت poly. لە ماناى دووەمدا، فرە بە واتاى “چەندان”ـە، چەندان ڕەگەزى جیاواز، یان چەندان لە ڕووى چۆنیەتییەوە. لێرەدا زۆرێتى لەوە تێدەپەڕێت تەنیا زۆرێتیى ژمارە بێت، دەبێت بە زۆرێتیى چۆنییەتى؛ چەندێتى و چۆنییەتى ئاوێتەبوونیان. ئەمەیش بە جۆرێك ماناى Multiـیە.

لە زمانى كوردیدا وشەى Poly وەك “پۆل” هەیە (لەوە دڵنیا نیم ئەم هاوشێوەییەیە ڕێكەوتە یان وەرگیرانە؛ خۆ ئەگەر وەرگیرانە، كامیان لەوی تریانەوە وەرگیراوە؟)؛ “پۆل” كە ئێمە لە بڕگەى یەكەمى وتارەكەماندا وەك چاوگى لێكدراوى “پۆلێنكردن”ـیش بەكارمان هێنا، لە هیچ یەك لەو فەرهەنگانەدا وەك هاوماناى وشەى “فرە” نەهاتووە، بەڵام لە كوردیى نوێدا پۆل ئەم مانایەى هەیە، بۆ نموونە پۆلەمەل، پۆلێك قوتابى. وەك دەبینین لێرەدا پۆل زۆرێتییە لە هەمان ڕەگەز. فرەیى هەمان شتە لە ڕووى ژمارەوە. لەم بارەدا فرە زۆرێتییە لە هەمان، لە یەك. یەك زۆرە، بەڵام هەر یەكە. ئەم مانایە گەرچى مانایەكى وشەكەیە، بەڵام كۆى ماناى وشەكە ناگرێتەوە؛ بە پێچەوانەوە هەمان وشە، ماناى ئەوەیە یەك دابەش دەبێت، پەرتوبڵاو دەبێتەوە. هەر دەتوانین بە سەرنجدان لە وشەى “پۆل” ئەمە ببینین. لە بوارى كارگێڕیى قوتابخانەدا دەربڕینى “پۆل” لە بەرانبەر وشەى “شعبة”ى عەرەبیدا بەكار هێنراوە، ئەمیش لە چاوگى سێ پیتیى “شعَبَ “ـەوە هاتووە، كە لە بنەڕەتدا بە واتاى “لقلێبوونەوە، جودابوونەوە، پەرتبوون، پەرشبوون، تەفرەقە” دێت و ماناكەیشى نزیكە لە “پۆلێنكردن”ـەوە. واتە یەك شت هەیە كە بۆ چەند لقێك جودا دەبێتەوە، بەسەر چەند گروپێكدا دابەش دەكرێت و هەر یەكە و ڕێى خۆى دەگرێت. هەر لە هەمان ئەم چاوگە عەرەبییە وشەى “شَعبْ” هەیە كە ئێمە وشەى “گەل”ـمان لە بەرانبەریدا داناوە. گەل بە واتاى “میللەت، نەتەوە، قەوم، كۆمەڵێكى سیاسى” بەكار هاتووە. بەڵام دەتوانین گەل وەك ئاوەڵناویش بەكار بهێنین كە ڕۆڵى كۆ یان زۆرێتى دەگێڕێت: “گەلێك جوان بوو”، “گەلێك بەنرخە”. هەر ئەم وشەى “گەل”ـە وەك پێشگر و پاشگر دەچێتە سەر وشەى دیكە و دەیانگۆڕێت بۆ كۆ، بۆ نموونە گەلەگورگ، كوڕگەل. وشەى “گەل” هاوتایە بە وشەى peopleـى ئینگلیزیش كە ئێمە “خەڵك”ـیشى بۆ بەكار دەهێنین. ئاگامبێن لای وایە peopel[گەل/خەڵك] هەر لە بنەڕەتدا “زۆرێتى”، یان “جیایى و تەفرەقە”ـى لە خۆیدا هەڵگرتووە، كەواتە ئەم وشەیە لە هەر سێ زمانى كوردى و عەرەبى و ئینگلیزیدا، خۆى تەفرەقە، جیابوونەوە، هەمەچەشنى، پەرتى، دەگەیەنێت، كە وا دەكەن وشەكە “كۆ” بێت. بەڵام لە ئەدەبیاتى ناسیۆلیستیدا ئەم وشەیە دەگۆڕرێت بۆ “یەك” یەكەى شوناسدارى ڕەق، كە هەموو ڕەهەندە زۆرێتى و كۆییەكەى، ڕەهەندى تەفرەقە و پەرتوبڵاوییەكەى لێ دادەماڵرێت و یەك یەكى ڕەقوتەقدا كورت دەكرێتەوە. تەفرەقە و جودایەتى دەبن بە خیانەت لە “گەل”. گەل دەبێت یەك دووپات بكاتەوە. زۆر دەبێت هەمان بەرهەم بهێنێتەوە.

لە وشەى چەندان Multiـدا، بەرەنگارییەك لەنێو وشەكەدا هەیە كە ڕەهەندى تەفرەقە و پەرتیى وشەكە دەپارێزێت و هاوكات پێكەوەبوونیش لەخۆ دەگرێت. فرە واتا كۆیەك كە پێكەوەن، بەڵام نا-هاوچەشن و لێكنەچوویشن، بەهۆى ئەم لێكنەچوونەوە دەتوانن وێنە و فۆڕمى هەمەجۆر پێك بهێنن. لە فرەییدا داوى پێكەوەبەستن هەیە، بەڵام خودى ئەم داوە بۆیە هەیە، چونكە جیاوازى هەیە. ئەوەى پێكەوە دەبەسترێتەوە، ئەوەیە كە جیاوازە، كە لێكنەچووە، كە تەفرەقەى هەیە. كەواتە پێكەوەبەستن “یەكخستن” نییە، یەكێتى نییە؛ “پێكەوەبوون”ـە؛ بوونە “پێكەوە”. گەر ئەم بوونە “یەك” بێت، خۆى پێویستى بە پێكەوەبەستن نییە، چونكە هەر بە جەوهەر وەك كوتلەیەك لەنێو خۆیدایە، ڕەگەزەكانى لەنێو یەكتردا تواونەتەوە، پێكهاتەكانى ئاوێتەى یەكترى بوون و یەكپارچەییەكیان پێك هێناوە، كە “گەل”ـى نێو گوتارى ناسیۆنالیزم دەرى دەبڕێت. فرە بە پێچەوانەوە دەبێتە گەلێك، بەڵام گەلێك ڕەگەزى ناچوونییەك. دۆلۆز چەمكى Multiplicity لە فەلسەفەدا بە جۆرێك دروست دەكات كە لە مانا ژمارەییە ئاساییەكانى تێپەڕێت، لەبەر ئەوە دەكرێت بە “تاقمبەندى، ناچوونییەكى، فرەچەشنى” بیكەین بە كوردى، بەڵام واتاى تەفسیركراوى وشەكە “دۆخى بوونێكە لە فرەییدا”، یان “دۆخى فرەیى بوونێكە”. دواجار بە واتاى “بوونە لە فرەییدا”. هەر بوونێك یەك نییە، فرەیە، فرەیى پەیوەندییەكانى، كە هەر پەیوەندییەك بە جۆرێكى تایبەت بەوانەى دەوروبەرى دەیبەستێتەوە. ئەو پەیوەندییەى لەگەڵ دایكدا هەیە جۆرێكى تایبەتى پەیوەندییە، بەڵام لەگەڵ مەعشوقدا جۆرێكى ترى پەیوەندى. مەعشوق دایك بەرهەم ناهێنێتەوە، قەرەبووى یەك ئوبێكتى بنەڕەتى لەدەستچوو نییە، پەیوەندییەكەشى شوناس لە پەیوەندیى دایكەوە وەرناگرێت. بوونێك لە پەیوەندیدایە لەگەڵ دایكیدا، لە پەیوەندیشدایە لەگەڵ هاوڕێكانیدا، لە پەیوەندیشدایە لەگەڵ یارەكەیدا. لە هەر یەكێك لەم پەیوەندییانەدا ئەو ئەزموونى جۆرى جیاوازى پێكەوەبوون دەكات؛ ئەمە بابەتى ئەرێكردنە، بابەتى شادى.

( 3 )

بەڵام ئێمە وتمان “بوونێك پەیوەندى جیاوازى هەیە” یان وتمان “بوون فرەیە”. ئاخۆ ئەم دەربڕینە پارادۆكس نییە؟ ئایا “بوون” لە ئۆنتۆلۆژیادا بە واتاى ئەو یەكەیە نییە كە جەوهەرێكى هەیە، شوناسێك كە دەیكات بە هەبوویەكى كۆتادار؟ ئەوە ڕێكەوت نییە كە فەلسەفە فرەخوازییەكان، لەوانە فیكرى دۆلۆز و لێڤیناس، گرنگییەكى زۆریان بە بوون نەداوە. ئالان بادیۆ لە نامەیەكیدا بۆ دۆلۆز دەنووسێت:

«هیچ هەستانەوەیەكى “مێژوویى”، لە بابەتى “مێژووى لەبیركردنى بوون”، لە كارى تۆدا نییە. […] بوون بۆ تۆ هەرگیز “پرسیارێك” نییە. لەوەش زیاتر تۆ بە هیچ كلۆجێك فەلسەفەت بۆ “پرسیاركردن” تەرخان نەكردووە»[5].

بەڵام بادیۆ چەند ساڵێك دواتر، لە كتێبەكەیدا دەربارەى دۆلۆز، پێچەوانەى ئەم بۆچوونەى خۆى دەخاتە ڕوو. لەوێدا فیكرى دۆلۆز لە پرسیارى بووندا كورت دەكاتەوە:

«ئەو پرسیارەى كە دۆلۆز كردوویەتى پرسیارى بوونە. هەر لە سەرەتاوە تا كۆتایى، لەژێر گوشارى حاڵەتگەلێكى بێشومار و چاوەڕواننەكراودا، كارەكەى دەرگیرە لەگەڵ بیركردنەوەیەكدا كە كردە و جووڵەكەى، لەسەر بنەماى تێگەیشتنێكى پێشوەختەى ئۆنتۆلۆژى بیر لە بوون وەك یەك[as One] دەكاتەوە»[6].

هۆكارى ئەم پارادۆكسە ئەوەیە كە وەها “یەك”ـێك، وەها “بوون”ـێك لە مۆدێلى بیركردنەوەى فرەخوازیدا “یەكێتى” نییە، بەڵكوو هەمەچەشنییە. بادیۆ بەرهەمەكەى خۆى دەربارەى دۆلۆز ناو دەنێت زەناى بوون كە دەربڕینێكى دۆلۆزە لە كتێبى جیاوازى و دووبارەبوونەوەدا. با ئەو بڕگەیەى وا ئەم دەربڕینەى تێدا هاتووە، وەك خۆى بە كوردى بگوازینەوە:

«دابەشبوونە كۆچەرییەكان یان ئەنارشییە شانشینییەكان لە دۆخى تاكدەنگیدا بەرانبەر دابەشكارییە جێگیرەكانى هاوشێوەیى دەوەستنەوە. تەنیا یەك هاوار دێتەوە بەر گوێ: “هەموو شتێك یەكسانە!” و “هەموو شتێك دەگەڕێتەوە!”. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم “هەموو شتێك یەكسانە!” و ئەم “هەموو شتێك دەگەڕێتەوە!”یە تەنیا دەشێت لەو پنتەدا بوترێت كە تێیدا ئەوپەڕى جیاوازى لە گۆڕێدایە. تاكە دەنگێك و هەمان دەنگ بۆ هەزاران دەنگى هەمەجۆر، تاكە ئۆقیانووسێك و هەمان ئۆقیانووس بۆ هەموو دڵۆپەكان، هەمان زەناى بوون بۆ هەموو بوونەكان: لەو كاتەدا كە هەر بوونێك، هەر دڵۆپێك، هەر دەنگێك گەیشتووە بە دۆخێكى پەڕگیرى [هەمەچەشنى]»[7].

     بادیۆ وا تێدەگات كە ئەمەى وا ناوى “تاكدەنگى”ـیە، هەر یەكگەراییە و «كێشەى بنەڕەتیى دۆلۆز ئەوەیە كە سوور نییە لەسەر ئازادكردنى فرە، بەڵكوو ملكەچى دەكات بۆ چەمكێكى نوێكراوەى “یەك”»[8]. بادیۆ ئەم یەكە ناو دەنێت “یەك گشت”[One-All]. پێم وایە ئەمە گرێكوێرەكەى شیكارییەكەى بادیۆیە. ئەم تاكە دەنگەى لەنێو خۆیدا هەمەچەشنە، گشت نییە، ناكۆتایە، یان وەك وتمان پێكەوەبەستنـە. ناكۆتا واتە سەیروورەى جیاوازى و هەمەچەشنى. ناكۆتا ئۆنتۆلۆژیا نییە، ئەخلاقە. لەبەر ئەوەیە دۆلۆز لای وایە «ڕیزۆم وانەیەكە دەربارەى ئەخلاق». بوون ئەو كاتە ئەخلاقییە كە هەمەچەشن بێت، كە فرە بێت، كە یەكێكى هەژموونگەرا هەموو ژیان نەخاتە ژێر چەپۆكى خۆیەوە. ئەى ڕیزۆم چییە؟ ڕەگەتۆڕە؛ تۆڕێكە كە لە ناكۆتا داوى باریكەلە پێكهاتووە و پێكەوە پەیوەندى دەگرن و گرێچنێكى وەكوو گژوگیا، ڕیشاڵ، تەون، پێك دەهێنن كە ئەمانە بە نێوانەكاندا تێدەپەڕین؛ بە نێوان ئێمەدا؛ لەبەر ئەوەیە دۆلۆز وتەنى “گژوگیا لە نێوانەكاندا شین دەبێت”. ئەوەى بادیۆ لاى دۆلۆز وەك “یەك گشت” لێكى دەداتەوە، لە ڕاستیدا تۆڕە و یەك نییە. تۆڕ تەنیا بەیەكگەیشتنى فرەییەكانە.  بوونەكان لە ڕێگەى ئامرازى پەیوەندیى “و”وەوە لەم تۆڕە نێوانگیرانەدا بە یەكترییەوە دەبەسترێنەوە. “و” پێكەوەبەستنە لە ڕێزماندا، بەڵام هەر شتێكیشە كە ڕۆڵى پێكەوەبەستنێكى فرە بگێڕێت. گەر بڵێین «لە شۆڕشى ژینادا كورد و فارس و مێینە و نێرینە و گەنج و پیر و مەلا و ڕۆشنبیر و ڕەشۆك و ئەكادیمى پێكەوە بەشدار بوون»، ئەوا شۆڕشەكە هیچ نییە جگە لە كردەى پێكەوەیى ئەم هەمەچەشنییە كە “و” پێكى دەهێنێت؛ جا وەك ئامرازى پەیوەندی دیار بێت یان شاراوە. دەتوانین لەو دەربڕینەى نێو كەوانەكەدا هەموو “و”وەكان لاببەین، بەڵام بە شاراوەیى هەر دەمێنێت و ئیش دەكات. شۆڕش بریتییە لە چالاكیى “و” كە وردە شۆڕشەكان پێكەوە دەبەستێتەوە. ئەوان پێكەوە دەبەسترێنەوە، بەڵام هاوشێوە نابن. ئەم پێكەوەبوونە هەراوزەنا دروست دەكات. بوون زەنایە، زەنا چەندان دەنگە، هەزاران دەنگى هەمەجۆر كە لە هەموو لایەكەوە دێن؛ ئەم دەنگانە پێكڕا “یەك” دەنگ پێك دەهێنن، بەڵام “یەك” بنچینەكەیان نییە. دەنگەكان لەوپەڕى جیاوازیدا پێكەوە دەبن بە سەدایەك، وەك سەمفۆنیایەك كە ئامێرى جیاواز پێكەوە بیژەنن.

( 4 )

ژان-لوك نانسى لای وایە ئەم بوونەى كە پێكەوەیە، ئامرازێكى پەیوەندیى دیكەیش پێكى دەهێنێت كە بە هەمان شێوە كۆیان دەكاتەوە و هاوكات فرەییەكەشیان دەپارێزێت: لەگەڵ[mit]. بوونەكان یان دازاینەكان لە ڕێگەى لەگەڵ‌یەكتربوون[Zusammensein]ـەەوە دەتوانن پێكەوە بن. لەگەڵ هاودەمییەكى ئاسۆیی جیاوازییەكانە كە ڕەنگە ناكۆكیش بنێتەوە، بەڵام كەمتر دەرفەتى هیرارشییەت و مومارەسەى هەژموون دەدات. لەگەڵ وا دەكات بوون پێكەوە مومكین بێت. هاوكات لەگەڵ جۆرێك هاوپشتییە؛ فۆڕمێكى پێكەوەبوونە كە ڕێ دەدات شتەكان لە لایەكەوە بۆ لایەكی تر، لە ڕەگەزێكەوە بۆ ڕەگەزێكى تر بەنێویدا  تێپەڕن، ڕێ دەدات هێز كۆنەبێتەوە، بەڵكوو لەڕێگەیەوە بگوازرێتەوە و دابەش ببێتەوە. لەگەڵ وەك كەناڵى پێكەوەبەستن-گواستنەوە وا دەكات سامان، هێز، هەست، وزە، توانا، داهێنان دووبارە بەسەر بوونەكاندا دابەش ببنەوە. لەبەر ئەمەیە لەگەڵ بە واتاى ئەوە نییە چەوساوە و چەوسێنەر، ژێردەست و سەردەست لەگەڵ یەكتر بە ڕەزامەندى بژین؛ گەر ئەم هاوكێشانە هەڵنەوەشێنەوە، ئەوا “لەگەڵبوون” بوونى نییە، بەڵكوو “سەرەوە-خوارەوە” و “بەرز-نزم” و “كەم-زۆر” بوونى هەیە. لەگەڵ ئاوەڵكردار نییە، هاوەڵى كردارى یەكێك لەسەر یەكێكى تر نییە، بەڵكوو ئامرازى پەیوەندییە كە وا دەكات پەیوەندیى نێوان یەكەكان لە فرەییدا جۆرێك بێت لە “عەدالەت”، بەو پێیەى لەگەڵ دەرفەتى دووبارە دابەشكردنەوەى هەموو شت دەڕەخسێنێت. بەڵام لەوەش گرنگتر “لەگەڵ” وا دەكات هەر كەسێك بوونى خۆى لەگەڵ ئەوانی تردا بخاتە هاوبەشییەوە؛ وا دەكات هەر كەسێك “من”ـەكەى لەگەڵ ئەوانیتردا پێك بێت:

«ئێمە پێكەوەین، تەنیا لەوێدایە -یان تەنیا بەم جۆرەیە- كە ئێمە دەتوانین بڵێین “من”: ئەگەر من تەنیا بم، ناتوانم بڵێم “من” (دەشتوانین بڵێین: گەر ئێمە تەنیا بین، ئەوا ئێمە ناتوانین بڵیین “من”…)، كەوایە گەر من تەنیا بم، هیچم نابێ كە لە ڕێیەوە من خۆم جودا بكەمەوە. كاتێك من خۆم جودا دەكەمەوە -كاتێك ئێمە خۆمان جودا دەكەینەوە-، لەبەر ئەوەیە كە ئێمە فرەین، ئیمە گەلین یان زۆرین»[9].

لەگەڵ وەدیهێنەرى ئاشتییە و ڕەخسێنەرى عەدالەتى بوونە، یان (پێكەوە)بوونە وەك عەدالەت، چونكە “من” لە خۆپەرستى، لە ئیگۆیەتى، لە قووڵایى خۆم جودا دەكاتەوە و لە دەرەوە ڕوو بە ئەویتر دەیخاتە نێو منێتییەكى نوێوە كە بێ نارسیزمە. “من” بوونێكە، بەڵام نەك وەك بوونێكى ئۆنتۆلۆژى كە فرمانى ئەڵمانى sein دەینوێنێتەوە، بەڵكوو وەك بوونێك لە دەرەوە، وەك existence كە نانسى وەك ex-istence دەینووسێت؛ بوونێتییەك (ist) یان (is)ـێك كە (ex)ـەكەى دەیخاتە دەرەوە، دەیكات بە “من”ـیك لەگەڵ ئەوانیتردا:

«ئێمە ئەركمانە بایەخ بە “لەگەڵ”ـەكەمان [unser mit]، واتە بایەخ بە ئێمە [uns] بدەین. […] ئەمەیش واتە ئێمە ئەو ئەركەمان هەیە -كە پتر بە واتاى دەبێت “بژین” و دەبێت “هەبین”ـە- مشوورى لەگەڵ یان نێوان [Zwischen]ـەكەمان بخۆین، كە تێیدا بوونەكەمان [Existenz] پێكدێت؛ ئەمەش واتە هەم شوێنەكەمان یان سەتحەكەمان و هەم ئەوەیش كە بۆ ئەو و لە ڕێگەى ئەوەوە ئێمە، بە واتا بەرتەسكەكەى، هەین[existieren]؛ دواجار بە ماناى ئەوەى كە ئێمە دەر-خراوین، هێنراوینەتە دەرێ [ausgesetzt]»[10].

     ئەم ڕوانگەیە كە جوودابوونەوەیە لە هایدیگەر و گەڕانەوەى بەهایە بۆ “لەگەڵ”، بۆ “نێوان” لەبرى “ئەوێ” daـیەك كە تەنیا هى دازاینە، پرسى سەرەكیی سیاسەتە. سیاسەت تەنیا لەوێدا دەبێت بە سیاسەت كە هەمەچەشنییەكان بە “لەگەڵ” لە فرەییەكدا كۆ بكاتەوە و دەرفەت بڕەخسێنێت جارێكى تر جیهانێك كە لە چەمكى “بوون-لە-جیهاندا”ى هایدیگەردا هەیە، بە شێوازێكى جیاواز دابڕێژرێتەوە، دابەش بكرێتەوە، پێك بهێنرێتەوە. بە مانایەكی تر «پێویستە بوون-لەگەڵ [Mitsein], یان باشتر بڵێین بوون-لەوێدا-لەگەڵ [Mitdasein]، كە هایدیگەر شیكارییەكەى وەلا دەنێت یان زۆر درێژەى پێ دەدات، نەك وەك “بوونێك لەوێدا لەگەڵ” [mit da sein] لە ژوورێكدا، لە شەمەندەفەرێكدا، لە ژیاندا، ؛ بەڵكوو وەكوو پێكەوە-بوونێك لەوێدا [Mit-sein da] تێبگەین؛ واتە بوونێك لە كراوەییدا، بوونێك كە هەمیشە بە جۆرێكى تایبەت لە جێیەكى ترە. […] لەبەر ئەوە پێكەوە-بوون بریتییە لە هەمان كراوە-بوون [Das-Offene-sein]»[11]. كراوەبوون واتە كراوەیى بەسەر ئەویتردا، بەسەر دەوروبەردا، بەسەر كاریگەریى ئەوانیتردا لە ڕێگەى هێز، جەستە، عەشق، ڕوخسار، جوانى، كۆد، ململانێ، كێبەركێ، هاوڕێیەتى و سەما و داواكارییەوە. لەگەڵ واتاى بوونەكان نییە تەنیا بەتەنیشت یەكترییەوە كە لە شیكارییەكەى هایدیگەردا لە ژیانى ڕۆژانەدا یەكترى داگیر دەكەن؛ پێكەوەهەڵكردنێكى پاسیڤانە و لێبووردەییەكى لیبراڵیانەش نییە بۆ هێشتنەوەى دۆخى باو، پتر بوونێكە ڕووبەڕووى یەكتر، كە دوو سوبێكتیڤیتە پەستان دەخەنە سەر یەكترى، لەمسى یەكتر دەكەن، پێكەوە دەجوڵێن، جێگاى یەكترى دەگرنەوە؛ بەڵام تاقانەیى خۆیشیان دەپارێزن. تاقانەیى واتە ئەوەى هەر بوونێك وەك دەرەكیبوون، وەك كراوەیى لە پەیوەندییەكەیدا لەگەڵ ئەوانیتردا تاقانەیە و هیچ ئەڵتەرناتیڤێكى نییە. بۆ نموونە ڕوخسار ئەم تاقانەییەیە. هیچ دوو مرۆڤێك كتومت ڕوخساریان لە یەكترى ناچێت؛ بەڵام بەو هۆیەى ڕوخسار دەرەكیترین بەشى مرۆڤە، ئەم پێكنەچوونە ئارەزوو بەرەو یەكترى دەبزوێنێت. ئەوەى لەنێوان دوو ڕوخساردا ڕوو دەدات، پێكەوەبوونى دوو تاقانەیە و هاوكات جودایەتییەكەشیان دەپارێزێت. لەگەڵ/نێوان واتە بەیەكگەیاندن و لێكجوداكردنەوە. ئەمەیش بنچینەى فرەییە.


[1] A Concise Pahlavi Dictionary (School of Oriental & African Studies) 1st Edition

by D. N. Mackenzie, p32.

[2] https://ferheng.info/alfba/25012/

[3] عبدالرحمن شرفكندى (هەژار): هەنبانەبۆرینە، فرهنگ كردى-فارسى، یك جلدى، سروش، تهران، 1349، ل 519.

[4] فەرهەنگى زمانى یەكگرتووى كوردیى هاوچەرخ لەم بەستەرەى خوارەوەدا https://ferheng.info/alfba/25012/ .

[5] Alain Badiou: Badiou’s Letter to Deleuze, translation by Terence Blake, (first published in Libération, 07-11-95), Publié le avril 18, 2015.

[6] Alain Badiou: Deleuze, The clamour of Being, Translated by Louise Burchill, Theory of Boundes, Volume 16, University of Minnesota Press, Minneapolis, London, 2000, p.19.

[7] Gilles Deleuze: Difference and Repetition, Translated by Paul Patton, Columbia University Press, New York, 1994, p.304.

[8] Alain Badiou: Op. Cit., p.10.

[9] Jean-Luc Nancy: Das nakte Denken, Aus dem Französischen von Markus Sedlaczek, diaphanes, Zürich-Berlin, 2014, S.144.

[10] Ebd, S.146.

[11] Ebd., p.148.

Loading