چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ میكاییل لۆڤی
سازدان: مەنسوور تەیفووری
(تایبەت بـە گـۆڤــــاری فـــرە)
«هه‌ڵچوون و خــرۆش پێویسته،
به‌ڵام ڕێكخستن و سیاســه‌تیش»
پێشه‌كی: میكاییل لۆڤی، فەیلەسووف و كۆمه‌ڵناس، تێزی دكتۆراكه‌ی ساڵی ١٩٦٤ به ناونیشانی تیۆری شۆڕش لای ماركسی گه‌نج به سه‌رپه‌رشتی لووسیه‌ن گۆڵدمه‌نی كۆمه‌ڵناسی ماركسیست نووسیوه و دوایین ساڵانی وانه‌وتنه‌وه‌ی له قوتابخانه‌ی خوێندنی باڵای زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بوو له پاریس. به بنه‌چه جووە، له بەڕازیل له‌دایك بووه و دواتر له تێل ئاڤیو و پاریس بووه به مامۆستا. وه‌ك مامۆستای فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی، تیۆریسییه‌نی تیۆلۆژیای ئازادی، بیرمه‌ندی ئەنارشیست و شرۆڤه‌كاری واڵتەر بنیامین و كافكایش ده‌ناسرێت. تێكهڵهیهكە له نه‌ریتی ماركسیزمی تیۆلۆژیك و كۆمهڵناسێکی وردەکار و فەیلەسووفێكی كۆڵنه‌ده‌ر كه ده‌توانێ هه‌رچی شۆڕشگێڕانه‌یه ببینێت و له ده‌ره‌وه‌ی رۆژههڵاتناسییهوه بیر بكاته‌وه، له ئەمریكای لاتینه‌وه تا ڕۆژئاوا بناسێت، ته‌نیا یه‌كێكه له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و. ئه‌م پێشه‌كییه‌ش ته‌نیا بانگێكه بۆ ناسینی زیاتری. ئه‌م وتوێژه مانگی مارسی ساڵی ٢٠١٩ له پاریس تۆمار كراوه. هه‌ندێ لە كتێبه‌كانی به‌م جۆره ده‌كرێ ڕیز بكرێن، كه ناونیشانه‌كانیان به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی فیكری و گه‌شانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی چه‌مكی ڕزگاری له ژیانی هزریی بیرمهندێكدا:
مارکسیزمی چێ گیڤارا، ٢٠٠٧
تیۆری شۆڕش لای ماركسی گه‌نج، ١٩٧٠
دیالێكتیك و شۆڕش،١٩٧٤
مارکسیزم و رۆمانتیزمی شۆڕشگێڕانه، ١٩٧٩
دیمه‌نه‌كانی حه‌قیقه‌ت: پێشه‌كییه‌ك بۆ كۆمهڵناسییهكی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی ناسین، ١٩٨٥
ماركسیسزم و تیۆلۆژیای ئازادی، ١٩٨٩
ڕاپه‌ڕین و ماخوولیا، ١٩٩٢
جه‌نـگی خـوداكان. ئایین و سـیـاسـهت له ئەمریكای لاتین، ١٩٩٦
ئهسـتـێـرهی بــهرهبـهیــان: سـووریــالیزم و مـــارکـسـیــزم، ٢٠٠٠
واڵتەر بنیامین: ئاگاداركردنه‌وه له قه‌ومان. خـوێـنـدنــهوهیـهك بــۆ تـێــزهكــان ســه‌باره‌ت به چه‌مكی مێژوو، ٢٠٠١
فرانتز كافكا، خه‌ونبینی بێخه‌و، ٢٠٠٤
چێ گیڤارا، ئه‌و سكەڵهی هێشتا ده‌گڕێ، ٢٠٠٧
كافكـا، وێـڵز، بنیامین، سه‌باره‌ت به ڕه‌شبینیی كولتووری، ٢٠١٩
مه‌نسوور ته‌یفووری (م.ت): ئێوه گرنگییه‌كی زۆرتان به نووسینه‌كانی واڵتەر بنیامین داوه. ده‌كرێ بڵێین ئێوه له ڕێگه‌ی نووسینه‌كانی خۆتانه‌وه درێژه‌تان به نووسینه‌كانی داوه. كاتێ ده‌مانه‌وێ درێژە یاخود پەرە بە به‌رهه‌مێك بده‌ین، هه‌ندێ جار له به‌ر ئه‌وه‌یه كه ناوچه‌یه‌ك، شوێنێكی تاریك و سێبه‌ری تێدایه كه داوای په‌ره‌دان و تەفسیر ده‌كات. پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌مه‌یه كه ئه‌و ناوچه تاریكه پهرهنهدراوه یان وازلێهێنراوهی نێو به‌رهه‌مه‌كانی واڵتەر بینیامن چییه كه ئێوه‌ی بۆ په‌ره‌دان و ته‌فسیری خۆی ڕاكێشاوه؟
میكاییل لۆڤی (م.ل): ئه‌و ده‌قانه‌ی واڵتەر بنیامین كه زیاتر خۆشم ده‌وێن- بۆ نموونه پارچه‌كان له‌سه‌ر کەپیتالیزم وه‌ك ئایین یان تێزه‌كان له‌سه‌ر چه‌مكی مێژوو– هه‌ندێ ده‌قی زۆر مهتهڵاوین. بنیامین ئه‌م ده‌قانه‌ی بۆ خۆی نووسیوه: ئه‌و ده‌قی تێزه‌كان سه‌باره‌ت چه‌مكی مێژوو ی ته‌نیا بۆ چوار پێنج هاوڕێیه‌كی خۆی نارد و پارچه‌كانی کەپیتالیزم وه‌ك ئایین ی بۆ هیچ كه‌س. مادام مه‌به‌ست له‌م ده‌قانه بڵاوكردنه‌وه و خوێنرانه‌وه نه‌بووه، بنیامین تێیاندا بیركردنه‌وه‌ی خۆی ڕوون ناكاته‌وه. هه‌ر بۆیه تێگه‌یشتن لێییان قورسه. له به‌رده‌م ئه‌م ده‌قانه‌دا، من دووباره و دووباره ده‌خوێنمه‌وه، دیسان و دیسان ده‌خوێنمه‌وه، به دەور و پشتیاندا خوول ده‌خۆم، ڕادەمێنم لێیان. هه‌ندێ به‌شیان هه‌یه كه تێ‌یان ناگه‌م و لێره‌دا به‌ر ئه‌و تاریكی و لێڵییهی ده‌كه‌وم كه ئێوه باستان كرد. هه‌ندێ به‌شیش هه‌ن كه وا ده‌زانم لێیان تێگه‌یشتووم، زۆریش دڵنیا نیم، ته‌نیا هه‌ندێ گریمانه‌م هه‌یه. بۆ هه‌ندێ به‌شی دیكه هه‌ست ده‌كه‌م كه، ئه‌گه‌رچی ده‌كرێ تووشی وههم بووبم، له هه‌مووی تێگەیشتووم. ئه‌مه‌ش جۆرێك ڕووناكبوونهوەیە! به بیرمدا دێت: ئای، ئه‌مه ده‌گمه‌نه، بنیامین هه‌مووی زانیوه! بێ گومان ئه‌مه ته‌نیا ته‌فسیری منه، به‌ڵام له‌م چركانهدا خۆم له‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه‌ی بنیامیندا هاوشوناس ده‌كه‌م. له ڕێگه‌ی ئه‌م ته‌فسیره‌وه، ده‌توانم نه‌ك هه‌ر له سه‌رده‌می بنیامین بەڵکوو له سه‌رده‌می خۆیشمان تێبگه‌م. له ڕاستیدا لام وایه ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ینووسێت زۆر كرده‌وه‌یی و بهڕۆژە.
كه‌وابوو ئه‌مه پەیوه‌ندییه‌كی نایه‌كسانه: هه‌ندێ ناوچه‌ی تاریك و لێڵ هه‌ن كه بۆ من ڕازاوە و نهێنی ده‌مێننه‌وه و هه‌ندێ چركه‌ی زۆر به‌هێزیش هه‌ن كه له‌پڕ تێیاندا ڕووناكاییهك ده‌بینیت، ئه‌و شته‌ی بنیامین خۆی «ڕووناكبوونه‌وه‌ی دنیایی» [پرۆفان]ی پێ ده‌گوتن. له‌م كاته‌دایه كه تێده‌گه‌ین- یان وا ده‌زانین تێده‌گه‌ین!- كه له شتێكی زۆر گرنگ تێده‌گه‌ین، شتێك كه نه‌ك هه‌ر له ڕوانگه‌ی فیلۆلۆژییه‌وه بۆمان گرنگه، به‌ڵكوو مانایه‌كی سیاسیی كرده‌كی و ههنووكهییشی هه‌یه.
م.ت: كه‌واته هه‌ندێ خاڵ هه‌ن كه به په‌ره‌دانیان بیریی سیاسیی بنیامین به‌كار و هه‌نووكه‌یی ده‌كرێته‌وه.
م ل: ئه‌رێ، لام وایه گه‌ر بمانه‌وێت زۆر وەفادار بین بۆ بیركردنه‌وه‌ی، پێویسته نیشانی بده‌ین كه له چیدا بیری ئه‌و هه‌نووكه‌ییه. بنیامین كه‌سێكه بیری له دۆخه واقیعی و هه‌نووكه‌ییه‌كان كردوه‌ته‌وه. كه‌وابوو ئه‌و شرۆڤانه‌ی كه جه‌خت له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی مێژوویی ده‌كه‌نه‌وه و نووسینه‌كانی بنیامین بۆ دۆخی كاره‌ساتبار و تراژیكی ساڵانی ١٩٤٠ ده‌گێڕنه‌وه، به ڕای من دابه‌زێنرانه و كورتبڕن. دیاره زه‌مینه‌ی مێژوویی زۆر گرنگه: ١٩٤٠ وه‌ك ڤیكتۆر سێرژ ده‌ڵێ «نێوه‌شه‌وی نێو سه‌ده» بوو. چركه‌ی هه‌ره تاریكی سه‌ده‌ی بیسته‌م بوو، كاتێ نازییه‌كان نزیك به هه‌موو ئه‌ورووپایان گرت و یه‌كییه‌تیی سۆڤیه‌ت [وه‌ك پیلاتسی نێو یرۆكی كوشتنی مه‌سیح] ده‌ستی خۆی له تاوان شۆری و، بگره هاوپه‌یمانی ڕایشی سێیه‌میش بوو. چله‌كان چركه‌یه‌كی تۆقێنه‌ر بوون. به‌ڵام هاوكات، بنیامین به پێچه‌وانه‌ی كات – وه‌ك ناوه‌خت كه ناوی گۆڤاره‌كه‌ی ئێوه‌یه- بیر ده‌كاته‌وه و ناكرێ بیركردنه‌وه‌ی ته‌نیا بۆ زه‌مینه‌ی مێژوویی داببه‌زێنین.
كه‌وابوو لام وایه بنیامین پرسیاری زۆر كرده‌وه‌یی و هه‌نووكه‌یی ده‌پرسێت. به تایبه‌ت سه‌باره‌ت به ئه‌مریكای لاتین، كه من به هۆی بنه‌چه‌ی خێزانیمهوه ده‌یناسم. مێژووی ئەمریكای لاتین، خه‌باته‌كان و شۆڕشه‌كانی یارمه‌تیم ده‌ده‌ن باشتر له بنیامین تێبگه‌م- به پێچه‌وانه‌وه‌ش، بنیامین یارمتیم ده‌دات باشتر له ئەمریكای لاتین تێبگه‌م. بێ گومان ئه‌مه ته‌نیا یه‌كێكه له‌و شرۆڤانه‌ی كه ده‌كرێ ببن، لام وایه ئێوه‌ش وه‌ك كورد ده‌توانن شرۆڤه‌ی خۆتان هه‌بێت!
به‌لام ئه‌وه‌نده‌ی پەیوەندی به ئەمریكای لاتینه‌وه هه‌بێت، نموونه‌ی یه‌كێك له‌و خوێندنهوانهتان بۆ باس ده‌كه‌م كه ده‌كرێ هه‌بن. له تێزی یه‌كه‌می تێزه‌كان سه‌باره‌ت به چه‌مكی مێژوو، بنیامین ئالێگۆری یان تهمسیلێك دروست ده‌كات كه ده‌یه‌وێ پێی، به‌ڵگه له‌سه‌ر ئه‌وه بهێنێته‌وه كه هاوپه‌یمانییه‌ك له‌نێوان تیۆلۆژیا و ماتریالیزمی مێژوویی‌دا پێویسته. خوێنه‌ره ئه‌ورووپییه‌كانی بنیامین له‌م ئیده تێناگه‌ن: بۆ ئه‌مان ئێمه یان له‌گه‌ڵ تیۆلۆژیاداین یان له‌گه‌ڵ ماتریالیزمدا. بۆ ئه‌مان ئه‌م دووانه ئاشتی هه‌ڵناگرن. به‌م جۆره، هاوڕێ ماركسیسته‌كانی بنیامین، بۆ نموونه برێشت، ده‌قه‌كانی وه‌ك نووسینی ماتریالیستی ده‌خوێننه‌وه و گرنگییه‌كی ئه‌وتۆ به سه‌رنجه‌كانی له‌سه‌ر تیۆلۆژیای مێژووه‌كان ناده‌ن. بۆ گێرشۆلم شۆلێم، به پێچه‌وانه‌وه، ده‌قه‌كه له بنچینه‌دا ده‌قێكی تیۆلۆژییه و تێیدا به‌ڵگاندنه ماركسیستییهكان ته‌نیا پله‌ی دووه‌میان هه‌یه و گرنگ نین. كه‌چی ڕێك ئه‌وه یه‌كییه‌تیی تیۆلۆژیا- با بڵێین مسیانیك- و مارکسیزمه كه لایه‌نی داهێنه‌ر و بنچینه‌یی بیری بنیامینه!
خه‌ڵكی ئه‌مریكای لاتین باشتر ده‌توانن له‌مه تێبگه‌ن. له ڕاستیدا، چل ساڵ زیاتره له ئه‌مریكای لاتین شتێك هه‌یه كه پێی ده‌گوترێت « تیۆلۆژیای ئازادی». واته بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه مارکسیزم و تیۆلۆژیا پێكه‌وه گرێ ده‌دات- له نموونه‌ی ئه‌وێدا تیۆلۆژیای مه‌سیحی. كه‌واته لای ئه‌مریكای لاتینییه‌كان ئه‌م یه‌كێتییه له پراکتیكدا هه‌یه، له بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی و خه‌باته شۆڕشگێڕانهكاندا، جگه له نووسین و تیۆریش. له‌به‌ر ئه‌مه‌یه كه نووسینه‌كانی بنیامین و ئه‌زموونی خه‌باته‌كان له ئەمریكای لاتین، یه‌كتر ڕووناك ده‌كه‌نه‌وه.
م ت: ده‌توانین بڵێین كه ژووانی ئه‌م ده‌قه له‌گه‌ڵ مێژوو، واته وه‌ك بنیامین خۆی ده‌ڵێ، چركه‌ی خوێنرانه‌وه- ئه‌گه‌ر زاراوه‌كه‌ی بنیامین خۆی به‌كار بهێنین- له ئەمریكای لاتین هاتووه‌ته دی؟
م ل: ناڵێم ته‌نیا یه‌ك چركه‌ی خوێنراوه هه‌یه. به پێچه‌وانه‌وه، لام وایه كه له هه‌ر چركه‌یه‌كی مێژوویی‌دا ئه‌گه‌رێكی هاوتایی له‌گه‌ڵ ده‌قدا هه‌یه. بۆ خوێندنه‌وه‌كه‌ی من ئه‌وه ئه‌مریكای لاتینه، به‌ڵام بۆ كه‌سانی دیكه ده‌كرێ بۆ نموونه كوردستان بێت.
م ت: ئه‌وه‌نده‌ی ئاگادار بم، یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی له بیری بنیامیندا ماوه‌ته‌وه و پێویستی به په‌ره‌دانه به‌و مانایه‌ی وتمان، ڕامانهكهیهتی له‌سه‌ر سێ جۆری توندوتیژی كه له وتارێكیدا به ناوی سه‌باره‌ت به توندوتیژی سێ جۆر توندوتیژیی ڕووخێنه‌رانه، دامه‌زرێنه‌رانه و خودایی لێك جودا ده‌كاته‌وه. چۆن له‌و توندوتیژییه تێبگه‌ین كه بنیامین پێی ده‌ڵێ توندوتیژیی خودایی؟
م ل: ئه‌وه‌ی بنیامین پێی ده‌ڵێ توندوتیژیی خودایی، له ڕاستیدا نهێنی و ڕازاوە ماوه‌ته‌وه، بۆ منیش ته‌نانه‌ت. من له ڕه‌خنه‌كه‌ی ئه‌و له توندوتیژیی دامه‌زراوه‌یی، واته قانوونی، تێده‌گه‌م. به‌ڵام ئیده‌ی توندوتیژیی خودایی لام لێڵ ماوه‌ته‌وه و له‌و نموونه تهوراتییانه تێناگه‌م كه بنیامین بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئیده‌كه‌ی ئاماژه‌یان بۆ ده‌كات. به پێچه‌وانه‌وه، له خاڵێكی دیاریكراودا بنیامین ڕێگه ده‌دات وا تێبگه‌ین كه فۆڕمی سیاسیی توندوتیژیی خودایی، فۆڕمی مانگرتنی سه‌راسه‌ریی ئاناركۆ-سه‌ندیكالیستی هه‌یه. لێره‌دا ده‌توانم تێبگه‌م. واته باسه‌كه لێره‌دا ئاماژه‌یه بۆ ئیده‌ی مانگرتنی گشتیی ژۆرژ سۆرێل به‌و جۆره‌ی كه ئاناركۆ-سهندیكالیستهكان باسیان ده‌كرد: ئه‌م مانگرتنه مه‌رج نییه توندوتیژانە بێت، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌یه كه هه‌موو شتێك ڕاده‌گرین و هه‌موو شتێك ده‌كه‌وێت، کەپیتالیزم ده‌كه‌وێت. بۆ بنیامین لێره‌دا جۆرێك ده‌ركه‌وته‌ی دنیایی و ماددیی و توندتیژیی خودایی ئه‌زموون ده‌كه‌ین. لام وایه ده‌بێ پەیوەندیی نێوان توندوتیژیی خودایی و مانگرتنی گشتی وه‌ك پەیوەندییه‌كی هاوتایی (correspondance)، به مانای بۆدلێری بیری لێ بكرێته‌وه. له تێزه‌كاندا سه‌باره‌ت به چه‌مكی مێژوو، هاوتاییه‌ك له‌نێوان پچڕانی مسیانیكیی مێژوو و شۆڕشدا هه‌یه، وەک چۆن له‌نێوان توندوتیژیی خودایی و مانگرتنی ئاناركۆ-سهندیكالیستدا هاوتاییه‌ك هه‌یه.
م ت: رێك، هه‌ر وه‌ك ئێوه ئاماژه‌تان به گرنگایه‌تیی ئیده‌ی تیۆلۆژیك له كاری بنیامیندا كرد، وه‌ك میسامنیسم یان توندوتیژیی خودایی، ده‌كرێ زیاتر باسی پەیوەندیی نێوان بیری بنیامین و تیۆلۆژیامان بۆ بكه‌ن؟ بۆچی بنیامین هێند گرنگی به تیۆلۆژیا ده‌دات؟
م ل: بنیامین هه‌ر له لاوییه‌وه سه‌رسام بووه به تیۆلۆژیا. یه‌كه‌م ده‌قه‌كانی له لایه‌نێكه‌وه ده‌قی تیۆلۆژیكن، به ده‌قی توندوتیژیشه‌وه كه باسمان كرد. ڕه‌نگه پێویست بێت ئه‌م سه‌رسامییه له زه‌مینه‌یه‌كی فراوانتردا ببینین. له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا زۆر بیرمه‌ندی جوو، به تایبه‌ت له ئه‌ورووپای ناوه‌ندیدا، سه‌رله‌نوێ گرنگی به ئایین ده‌ده‌نه‌وه. به‌ڵام نه به شێوه‌ی توند و وشكی ئاییندار و ڕه‌به‌نه‌كان و، نه به شێوه‌ی نه‌وه‌ی پێش خۆیان كه نه‌وه‌یه‌كی لیبراڵ و ئاسیمیله بوو. ئه‌وه‌ی ئه‌م بیرمه‌نده گه‌نجانه له ئاییندا بۆی ده‌گه‌ڕێن چركه‌ی ڕۆمانتیكه، چركه‌ی وه‌رچه‌رخێنه‌ر: چركه‌ی بارگاوی به ته‌قینه‌وه، چركەی مسیانیك و ئاخرزه‌مانی و شۆڕشگێڕانه‌كان. كه‌وابوو ئه‌مان تیۆلۆژیا به‌م جۆره سیاسی و ڕادیكاڵه ته‌فسیر ده‌كه‌ن كه ڕێگه‌یان پێ بدات خۆیان له نموونه پۆزهتیڤیستی و زۆر ئێكۆنۆمیستییهكانی مارکسیزم ڕزگار بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئاراسته‌یه‌كی دیكه‌ی پێ بده‌ن.
م ت: له هه‌مان وتاری سه‌باره‌ت به توندتیژیدا بنیامین باسی جۆرێكی دیكه‌ی توندوتیژی ده‌كات كه دامه‌زرێنه‌رانه‌یه، واته هی ده‌وڵه‌ته. با بپرسین شوێنی ده‌وڵه‌ت له بیری بنیامیندا چییه؟ ڕه‌خنه‌كانی له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت چه‌نده له ئێسته‌دا بره‌ویان هه‌یه؟
م ل: لای بنیامین چركه‌یه‌كی ئەنارشیستیی ئازادیخوازانه هه‌یه كه زۆر دژه ده‌وڵه‌تییه. په‌روه‌رده‌ی گه‌نجیی ئه‌و، هه‌ر وه‌ك هی گێرشۆلم شۆلێم، ئەنارشیستییه. ئه‌و نووسه‌رانه‌ی ده‌وری سه‌رچاوه‌ی بۆ ده‌گێڕن ژۆرژ سۆرێل و گۆستاڤ لهندۆرن. بنیامین كاتێ کۆمۆنیزم ده‌دۆزێته‌وه، واز له ئەنارشیزم ناهێنێت: به پێچه‌وانه‌وه، هه‌وڵ ده‌دات هه‌ردووكیان تێك هه‌ڵبكێشێت.
له ده‌قێكی ساڵی ١٩٢٩دا سه‌باره‌ت به سووریالیزم، بنیامین ئه‌وه پشتڕاست ده‌كاته‌وه كه له كاتی ئەنارشیزمی باكۆنینهوه، ئه‌ورووپا ئیده‌یه‌كی ڕادیكاڵی له ئازادی نه‌بووه و، سووریالیستهكان ئه‌و ئیدهیان هه‌یه. بۆ بنیامین، شۆڕش پێویستی به ئیده‌یه‌كی ڕادیكاڵ له ئازادی و هه‌ڵچوون و سه‌رخۆشیی هه‌یه: پێویستی به چركه‌ی ئەنارشیستییه. به‌ڵام ئه‌مه ته‌واوكه‌ر نییه، به‌ڵكوو چركه‌ی ڕێكخستن و دیسیپلینیش پێویسته، كه هی مارکسیزم و كۆمۆنیزمن. هه‌ردوو لایه‌نه‌كه هاوكات پێویستن. ئه‌م ئیده‌یه لای من زۆر سه‌رنجڕاكێشه. له‌گه‌ڵ ئۆلیڤیه بێزانسهنی هاوڕێم كتێبێكمان نووسیوه به ناوی L’affinité révolutionnaire بۆ نیشاندانی ئه‌وه‌ی كه له‌نێوان مارکسیزم و ئەنارشیزمدا خاڵی پێكگه‌یشتن هه‌یه. كه‌وابوو ڕه‌خنه‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ مارکسیزمیش گرنگه.
ئێسته ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه ده‌توانین به ڕۆژێك ده‌وڵه‌ت لا ببه‌ین، به‌ڵام پێویسته ئه‌مه زیاتر وه‌ك پڕۆسه‌یه‌ك ببینین. هه‌روه‌ها ئه‌مه به‌و مانایه‌ش نییه كه ده‌توانین له سیاسه‌ت و هه‌روه‌ها له ڕێكخستنی سیاسی تێپه‌ڕێنین. بیركردنه‌وه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه لای من وه‌همه. بۆ نموونه، كۆمۆنی پاریسی ١٨٧١. كاتێ ماركس باسی كۆمۆن ده‌كات ڕێك ده‌ڵێ كه كۆمۆن چیدی ده‌وڵه‌ت نییه، شتێكی دیكه‌یه، فۆڕمێكی دیمۆكراتیی ڕێكخستنی كرێكارانه. نموونه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێشی دیكه ده‌كرێ «كۆنفێدرالیزمی دیمۆكراتی»ی ڕۆژئاوا بێت. له لایه‌كی دیكه‌وه یه‌كێك له سه‌رچاوه‌كانی ئیلهامی كۆنفێدرالیزمی موورای بووكچینی ئەنارشیسته. من هه‌ندێ ناکۆکیم له‌گه‌ڵ بووكچین هه‌یه، به‌ڵام لام وایه زۆر سه‌رنجڕاكێشه. هیچ چاره‌سه‌رێكی پڕ و ته‌واوه‌تی ئاماده نییه. پێویسته بیر له ئهڵتهرناتیڤهكانی بونیادی ده‌وڵه‌تی به‌و جۆره‌ی كه هه‌یه بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه كه ده‌توانین ڕێكخستنی سیاسی، دیمۆكراسی و مشتومڕی دیمۆكراتی بسڕینه‌وه.
م ت: ئێوه ڕۆژئاوا چۆن ده‌بینن؟ ناکۆکیتان له‌گه‌ڵ بووكچین چییه؟
م ل: لای من لایه‌نی سه‌رنجڕاكێشی كاری بووكچین ئه‌وه‌یه زۆر زوو له گرنگی ئێكۆلۆژی بۆ هه‌ر بیركردنه‌وه‌یه‌كی سۆسیالیستی تێگەیشتووه. له‌مه‌دا ئه‌و به ڕاستی پێشڕه‌و بووه. وه‌كوو تر، ئیده‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی لهناوهندخراو، ئه‌وه‌ی خۆی پێی ده‌ڵێ «کۆنفیدرالیزمی مۆنیسیپالیست» سه‌رنجڕاكێشه. بۆ من ئیده‌ی پێویستیی لهناوهندخستنی ده‌سه‌ڵات و به‌خشینی ئه‌وپه‌ڕی بڕیار به كۆمۆنه خۆجێییه‌كان زۆر شیاوی سه‌رنجه. به‌ڵام له هه‌ندێ چركه‌دا ده‌بێ بتوانی هه‌ندێ بڕیار بده‌یت كه پەیوەندی به دانیشتووانی ناوچه، ده‌وڵه‌ت یان بگره كیشوه‌رێكه‌وه هه‌یه. له‌م كاته‌دا، وه‌ها بڕیارێك ناكرێ به ساده‌یی له ڕێگه‌ی هاوئاهه‌نگییه‌كی نێوان مۆنیسیپالیتییهكانهوه بڕیار بدرێت، ئه‌وه هه‌موو جه‌ماوه‌ری ناوچه، ده‌وڵه‌ت یان كیشوهرێكن كه ده‌بێ به شێوه‌ی دیمۆكراتی بڕیار بده‌ن. ئه‌گه‌ر بۆ نموونه فهڕهنسایهكی شۆڕشگێڕمان هه‌بێ، ناتوانین ته‌نیا كۆمیته‌یه‌كمان له‌نێوان لیۆن، پاریس و سه‌ن-سیرك-لاپۆپی، له‌نێوان شاره‌كان و گونده‌كاندا هه‌بێ بۆ لێك كۆبوونه‌وه و مشت‌ومڕ و هاوئاهه‌نگی… نا، پێویسته هه‌موو جه‌ماوه‌ری وڵاته‌كه بتوانن بڕیار بده‌ن و بڵێن بۆ نموونه ئاخۆ وزه‌ی ناڤۆكیمان ده‌وێ یان نا، ئاخۆ ده‌مانه‌وێ هاتوچۆی گشتی بكه‌ین به خۆڕایی یان نا. ئه‌مانه هه‌ندێ بڕیارن كه پەیوەندیان به هه‌مووانه‌وه هه‌یه. كه‌وابوو لام وایه كه پێویسته بتوانین خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی مۆنیسیپاڵ و پێویستیی بڕیاڕگهلێكی دیمۆكراتی له ئاستی ناوچه، ده‌وڵه‌ت و هه‌ندێ جار كیشوه‌رێكدا پێكه‌وه بگونجێنین. پرسیارێكی دیكه كه من تێیدا له‌گه‌ڵ بووكچین هاوڕا نیم گه‌شبینیی تەکنەلۆژییە، كه باسێكی دیكه‌یه.
ئه‌وه‌نده‌ی پەیوەندی به ئه‌زموونی کۆنفیدرالیزمی دیمۆكراتی له ڕۆژئاواوە هه‌بێت، ده‌ڵێم زۆر بۆم سه‌رنجڕاكێشه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئیلهامی له بووكچین و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی ناوچه‌یی و شوورا كۆمۆناڵهكان و هی تریش وه‌رگرتبێت، هه‌موو ئه‌مانه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتێكی دیمۆكراتی هه‌موو ناوچه‌كه هه‌یه، كه ئێسته ناوه‌كه‌ی کۆنفیدرالیزمی دیمۆكراتیی باكووری سووریا و ڕۆژئاوایه. پێویسته ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه شوورایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بێت، ئه‌نجوومه‌نێك كه بڕیاره‌كان و هتد بدات، دهمودهزگایهكی دیمۆكراتیی ده‌سه‌ڵات پێویسته كه كۆی ئه‌م یه‌كه سیاسی و فه‌رهه‌نگی و … ده‌رده‌بڕێت. كه‌وابوو لام وایه ئه‌وان له ڕۆژئاوا توانیویانه هاوكاتی ئیلهام وه‌رگرتن له بووكچین، چاره‌سه‌رێكی ناوازه بدۆزنه‌وه كه هاوكاتی وه‌رگرتنی ئیلهام له بووكچین بتوانێ لێیشی تێپه‌ڕێنێت. من زیاتر له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا هاوڕام، تاكوو له‌گه‌ڵ دامهزراندنێكی كرده‌وه‌یی ئۆرتۆدۆكسی بووكچیندا!
م ت: باسی ده‌سه‌ڵاتی دیمۆكراتیتان كرد. لە وه‌ها كاتێكدا زۆربه‌ی جار باسی «خه‌ڵك» دێته ئاراوه. ئه‌م چه‌مكه له ئێسته‌دا زۆر ده‌گه‌ڕێته‌وه نێو سیاسه‌ت، چ له چه‌پ و چ له ڕاستدا، له باتی پڕۆلیتاریا، چین، ململانێی چینایه‌تی و هتد ئه‌م چه‌مكه دێت… ئێوه چۆن بیر له‌م چه‌مكه ده‌كه‌نه‌وه؟
م ل: ئه‌مه چه‌مكێكه پێویسته به وریاییه‌وه كاری پێ بكرێت. ئه‌گه‌ر خه‌ڵك له‌گه‌ڵ هه‌موو نه‌ته‌وەکان یه‌ك بگرن، له ڕاستیدا به ساده‌یی چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان سڕیوه‌ته‌وه. «خه‌ڵكی فه‌ڕه‌نسی» هه‌موو كه‌سێكه: پینۆ، مۆڵتی ملیۆنه‌ری فه‌ڕه‌نسی، به‌شێكه له خه‌ڵك. كه‌وابوو له‌م ئاسته‌دا پێشتر ئه‌مه حه‌كایه‌ته، هه‌ر وه‌ك نه‌ته‌وه. ئه‌مه به زۆری جۆرێك له‌خشته‌بردنه. گوتاری بۆرژوایی ده‌ڵێ كه هه‌موومان به‌شێكین له خه‌ڵكی فه‌ره‌نسی، كه هه‌موومان هه‌مان به‌رژه‌وه‌ندیمان هه‌یه. ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه. ویست بۆ سڕینه‌وه‌ی چینه كۆمه‌لایه‌تییه‌كان فێڵه. هاوكاتیش، ناتوانین چینه چه‌وساوه و بندهستكراوهكان ته‌نیا له چینی كرێكاردا كورت بكه‌ینه‌وه، وه‌ك زۆربه‌ی جار ماركسیسته‌كان كردوویانه: چینی كرێكارمان هه‌یه، كرێكارانی كارخانه، هه‌رچی دیكه هه‌یه نیوه-بۆرژوان. پێویسته ڕوانگه‌یه‌كی فراوانتر بگرینه به‌ر كه بتوانێ هه‌موو ئه‌وانه له‌خۆ بگرێت كه کەپیتالیزم ده‌یان چه‌وسێنێته‌وه. ئه‌مه كرێكاران، كارمه‌ندان، كرێكارانی فیكری، بێكاران، ژنانی ماڵ و خوێندكاران و گه‌نجان ده‌گرێته‌وه. چه‌مكێكی فراوانتر له چینی كرێكار پێویسته. ده‌توانین به ساده‌یی بڵێین پڕۆلیتاریا. پڕۆلیتاریاش به‌شێكه گرێ‌دراو به چینی كرێكاره‌وه، بۆیه ئه‌مه‌ش مه‌ترسیی كورتهێنانی له‌گه‌ڵه، به‌ڵام هێشتا باشتره. گرامشی باسی چینه بنده‌سته‌كانی ده‌كرد، ئه‌مه چه‌مكێكی سه‌رنجڕاكێشه. هه‌ندێ جار باسی چینه جه‌ماوه‌رییه‌كان ده‌كرێت. ئه‌مه له «خه‌ڵك» باشتره. چینه جه‌ماوه‌رییه‌كان هه‌موو ئه‌وانه له‌خۆ ده‌گرێت كه له خواره‌وه‌ی ڕیزی زاڵیهتیدان. باسكردنی خه‌ڵك به ساده‌یی، وه‌ك وتم، مه‌ترسیی ئه‌وه‌ی هه‌یه خێرا بكرێت به فێڵ، چونكە چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌سڕێته‌وه و وه‌همی ئه‌وه دروست ده‌كات كه هه‌موو نه‌ته‌وه هه‌مان چاره‌نووسیان هه‌یه. ئه‌مه‌ش ناڕاسته. هه‌ر بۆیه من خۆم له چه‌مكی خه‌ڵك دوور ده‌گرم، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌ڵێم كه پێویستمان به چه‌مكگه‌لی فراوانتر له چینی كرێكار هه‌یه. چه‌مكی دیكه هه‌ن كه مشتومڕیان له‌سه‌ر ده‌كرێت: تۆنی نێگری باسی مۆڵتیتیوود ده‌كات. له ئەمریكای لاتین چه‌مكێك هه‌یه كه من زۆر حه‌زی لێ ده‌كه‌م: ئه‌وان باسی pauvrétariat ده‌كه‌ن، ههژارێتاریا. ئه‌مه هه‌موو هه‌ژاران، كرێكاران، جووتیاران ده‌گرێته‌وه و هه‌موو ئه‌وانه‌ش كه هیچ نین، كه له‌سه‌ر جاده خه‌ریكی ده‌ستفرۆشین، دزیی بچووك ده‌كه‌ن، هۆشبه‌ر ده‌فرۆشن… ئه‌مه ئاپۆره‌یه‌كی فراوانه، زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ره، ئه‌مه ههژارێتاریایه.
م ل: له‌نێو ئه‌و نووسه‌رانه‌دا كه بۆ ئێوه گرنگن، فرانتز كافكا، واڵتەر بنیامین و بێ گومان رۆزا لوگزهمبوورگ هه‌ن، به‌ڵام چێ گیڤاراش هه‌یه. بۆ زۆر كه‌س گوتاری شۆڕشگێڕانه‌ی چی گیڤارا چیدی مۆدێل نییه: هه‌ڵگرتنی چه‌ك، به توندوتیژی داده‌نرێت. من نموونه‌یه‌كم بیره له شارێكی خۆمان له كوردستان. هه‌ندێ جار به‌هۆی سیاسییه‌وه كه‌سێك له سێداره ده‌درا. ئێواره‌كه‌ی خه‌باتكاران ده‌چوون و تۆڵه‌یان له‌و دادوه‌ره ده‌كرده‌وه كه فه‌رمانی سێداره‌كه‌ی دابوو. بۆ ئێمه بكوژه‌كان قاره‌مان بوون، بۆ ده‌وڵه‌ت تیرۆرست بوون. بۆ گوتاری مافه‌كانی مرۆڤیش ئه‌م كه‌سانه تیرۆریست بوون. ئێوه ئه‌م كێشه‌یه‌ی توندوتیژی چۆن ده‌بینن؟
م ل: چێ گیڤارا، یان لوگزهمبوورگ، كه من زۆر گرنگی پێ ده‌ده‌م، به‌سه‌ر توندوتیژیدا هه‌ڵناده‌ن، به‌ڵام دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه له هه‌ندێ دۆخدا ده‌بێ به‌كاری بهێنیت و، توندوتیژی له خواره‌وه هه‌مان ئه‌وه نییه كه له سه‌ره‌وه دێت. بنیامین هه‌مان شت ده‌ڵێت. ئه‌و توندوتیژییه‌ی ئه‌و وه‌ك ماف ده‌یناسێته‌وه نیشانه‌كه‌ی دیاره. تیرۆریزم ئه‌و كاته‌یه بۆمبێك له‌نێو فرۆشگایه‌كدا ده‌نێنه‌وه. به‌ڵام كاتێ، بۆ نموونه، تێزاری ڕووسیا یان سه‌رۆكێكی پۆلیس ده‌كه‌وێته به‌ر هێرش، ئه‌وه ترۆریزم نییه، به‌ڵكوو به‌شێكه له خه‌باتی ڕزگاریکەر. له سه‌رده‌می به‌رگریدا له فەڕەنسا، دادوه‌ره‌كان حووكمی مه‌رگی بهرخۆدێرانیان ده‌دا، به‌ڵام به‌رخۆدێری دیكه نه‌یانده‌هێشت و دادوه‌ره‌كانیان ده‌كوشت. ئه‌وڕۆكه كه‌س ڕه‌خنه‌ی ئه‌مه ناكات.
بێ گومان من نامه‌وێ بڵێم كه ده‌بێ دیسان توندوتیژی به‌كار بهێنرێت، دیاره هه‌ندێ بارودۆخ هه‌ن كه تێیاندا توندوتیژی ڕه‌وا نییه. كاتێ لانیكهمێكی ئازادییه دیمۆكراتییهكان هه‌یه، توندوتیژیی ده‌توانێ له ئاستی هێمایی و ڕه‌مزیدا بمێنێته‌وه. بۆ نموونه له فه‌ڕه‌نسای ئه‌مڕۆكه‌دا كه‌س پێشنیاری ئه‌وه ناكات بچی فڵان و فڵان سیاسه‌تمه‌دار بكوژیت. با ڕ‌قیشمان له كاستنێر[ی سه‌رۆك وه‌زیران] بێت، به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی لێ ناكه‌ین. به‌ڵام توندوتیژیی هێمایی بهكاردێنین، جامخانه‌ی بانكێك ده‌شكێنین. ئه‌مه مه‌رج نییه به حه‌تمی ئیده‌یه‌كی باش بێت، به‌ڵام بۆچی نا… ئه‌مه به ساده‌یی توندوتیژییه‌كی ڕه‌مزییه.
چێ گیڤارا كه‌سێك بوو هاوكاتی ئه‌وه‌ی كه ده‌یزانی توندوتیژی پێویست بوو و دهشیكرد، كه‌چی ڕێزی زۆری بۆ ژیان هه‌بوو. بۆ نموونه ده‌یگوت كه هیچ كات نابێ دیل و زیندانی بكوژیت و گه‌ر بریندار بوون ده‌بێ تیمار بكرێن. ده‌بێ له پێویستی جار جاره‌ی توندوتیژی تێ بگه‌یت، به‌ڵام هاوكاتی هێشتنه‌وه‌ی ڕوانگه‌یه‌كی مرۆیی و نه‌كه‌وتنه نێو توندوتیژییه‌كی كوێر و نامرۆییه‌وه گرنگە.
م ت: ئێوه بۆچی به تایبه‌ت ئه‌م نووسهرانهتان بۆ گرنگه؟ چ شتێك چێ گیڤارا، لوگزهمبوورگ، بنیامین و كافكا پێكه‌وه گرێ ده‌دات؟
م ل: ئه‌م نووسه‌رانه هه‌موویان رۆحی ره‌خنه‌ییان هه‌یه، ڕۆحی هه‌ڵته‌كێنه‌ر دژی سیستم، کەپیتالیزم، زاڵیه‌تی و ده‌سه‌ڵات. كافكا هۆگری بۆ ئەنارشیزم هه‌بوو، وه‌ك من له كتێبه‌كه‌مدا ئه‌مه‌م نیشان داوه. زۆربه‌شیان له ئیده‌ی شۆڕشدا هاوبه‌شن و له‌وه‌شدا كه كه وه‌رچه‌رخانێكی شۆڕشگێڕانه پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی دیكه مومكین بێت. ئیده‌ی ئه‌وه‌ی كه هه‌ندێ ڕیفۆرم داد نادات و وه‌رچه‌رخانی قووڵ و ڕیشه‌یی پێویسته لای هه‌موویان هه‌یه. بۆ ئه‌م وه‌رچه‌رخانه ڕیشه‌یی و ڕادیكاڵهش پێویسته ده‌ست بۆ ڕیشه‌ی كێشه‌كه ببه‌یت و، ڕیشه‌ی كێشه‌كه‌ش کەپیتالیزم و زاڵیه‌تییه. ئه‌م بیرمه‌ندانه له بیری رادیكاڵدا پێكه‌وه هاوبه‌شن و له ڕەخنهی زاڵییه‌تی و سیستمدا. هه‌موویان هه‌ستیارییه‌كی شۆڕشگێڕانه‌یان هه‌یه. بێ گومان زۆر له یه‌كتر جیاوازن، به‌ڵام له‌مه‌دا هاوبه‌شن.
م ت: ئه‌گه‌ر بیر له‌و فەیلەسووفه هاوچه‌رخانه بكه‌ینه‌وه كه كاریگهریین له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی داناوه، به‌ر هه‌ندێ چه‌مكی دیاریكه‌ر كه‌وین، هه‌ندێ چه‌مك کە ده‌كرێ ناویان بنێیین «ڕزگاریکەر». بۆ نموونه، لای ئاله‌ن بادیۆ چه‌مكه‌كه «ڕووداو»ه و لای ڕانسییه‌ر «یه‌كسانیی وریاییه‌كان، یه‌ك وریایی و ڕزگاری به یه‌كسانی» و هتد. له بیركردنه‌وه‌ی ئێوه‌دا كام چه‌مك ئه‌م ده‌ورە ده‌گێڕێت؟
م ل: من زیاتر وه‌ك بنیامین بیر ده‌كه‌مه‌وه تا بادیۆ. بنیامین ده‌ڵێ: هه‌ر چركه‌یه‌ك درگایه‌كی بچووكه لێیه‌وه مه‌سیحا ده‌توانێ بێت. كه‌واته له هه‌ر چركه‌یه‌كدا، نابێ چاوه‌ڕێی ڕووداوێك بكه‌ین كه له ئاسمانه‌وه داده‌به‌زێت، چونكە له هه‌ر چركه‌یه‌كدا ده‌توانین شتێك بكه‌ین كه ده‌توانێ هاتنی شۆڕش پێش بخات.