نووسین

پۆڕنۆگرافیای هەڵبژاردن

نووسین: شارا تاهیر

دیوە پۆرنۆگرافییەکەی دیموکراسی

کات، کاتی هەڵبژاردنە: هەموو ئەو دروشم و وێنا و کلیپانەی کە رۆژانە دەیبینین و دەیبیستین جا چ لە ڕێی ووروژمی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە بێت؛ کە بەلاماندا فیچقە دەکەن و هەراسانمان دەکەن، یان لە ڕێی خۆ سەپاندنی پاڵێوراوەکانەوە بێت بۆ ناو فەزای تایبەتی ئێمە لە ماڵەکانی خۆماندا، یاخود لە سەر شەقام. ئەم هاژوهوژ و تەپوتۆزە کە بە ناوی هەڵبژاردنەوە دەکرێت، ئەوەمان بە بیر دەهێننەوە کە بۆشاییەک و نوقسانییەک هەیە لە ژیانی ئێمەدا، ئەمان وەک پاڵێوراو دەتوانن و لە توانایاندا هەیە، بۆمان پڕبکەنەوە. بەرزکردنەوەی دروشمی بریقەدار و پرشنگدار بۆ بە بیرهێنانەوەی ئێمە کە لە ئێستادا شتێکمان لە دەستچووە  و نییە، ئەوا تەنها بە هەڵبژاردنی ئەم کەسانە؛ جا ئەمانە کەسان و پیاوی دەسەڵات بن یان فیگەر و کەسایەتی تازە بن، بەڵام لە ڕێی دەنگەکانی خۆمانەوە وەک جەماوەر و دەنگدەری ڕاستەقینەی ئەم پارتە سیاسییانە بە تازە و کۆنەوە، دەتوانن بۆمان بگەڕێننەوە. ئەم دروشمە تەلیسماویانە دنەدانی ئێمەیە بەوەی لە دونیادا ناژین و نازانین چی لە دەورمان دەگوزەرێت. ئێمە خاوەنی ئێستای خۆمان  نین و وەکچۆنیش ڕابردوومان لێوانڵیوە لە شکست، شکستی ئەوانەی کە هەر خۆمان هەڵمانبژاردن تا نوێنەرایەتیمان بکەن.  ئەم نمایش و خۆدەرخستە لە ڕێی وێنای جیاواز جیاوازەوە خۆی کۆمیدیایە، لێ کۆمیدیا لە ڕێی گەمەکردن بە تراژیدیاوە: تراژیدیا وەک دیوە کارەساتبار و شکستخواردووەکەی دەسەڵات. تراژیدیا  وەک گوزارشتکردن لە حەقیقەت بەڵام حەقیقەتێک کە پەیوەندی بە ڕابردووەوە هەیە  نەک  بە ئێستامانەوە بە مانا لاکانییەکەی. ئەو حەقیقەتیش سوتاندن و لە بارچوونی دەنگەکەکانی ئێمەیە کە دامان بە کاندیدەکانی پێشووی پەرلەمان.  وەک بڵێیت شتیک هەبوو دەکرا بکرێت بەڵام نەکراوە، وەلێ ئەمجارە لە ڕێی ئەم پاڵیوراوە نوێیانەوە دەگەینەوە بە ترۆپکی دەسەڵات، ئەویش لە ڕێی دەنگەکانی خۆمانەوە. بە مانایەکی دیکە، ئەوە دەنگەکانی خۆمانە کە لە فۆڕمی دەسەڵات و کاندیدکردنی ئەم  تازە پاڵێوراوەنەوە بە دەستی  دەهێنینەوە، ئەو دەنگانەی کە لە کابینەکانی پێشووی پەرلەماندا لە دەستماندا و لە کیسمان چوون.

دەسەڵات هەر چوار ساڵ جارێک پێویستی بە نمایشێکی نوێ، بە جۆرێک لە کۆمیدیای دیکە هەیە، تا لە ڕێیەوە خۆی توند و تۆکمە بکاتەوە. کۆمیدیا بە پێچەوانەی تراژیدیاوە نمایش و گوزارشتە بۆ ئەوەی کە لە ئێستادا دەگوزەرێت و هەیە بە مانا دەروونشیکارییەکەی. کۆمیدیا وەک  بەرجەستەکردنی دیوە قۆشمە و گاڵتەجاڕییەکەی دەسەڵات، وەک فەزایەک بۆ نمایشکردن، چونکە تەنها لە رێێ ئەو نمایش و خۆ دەرخەستنەوە دەسەڵات دەتوانێت خۆی جارێکیتر نمایشبکاتەوە وەک فالوس؛ بەڵام فالوسێکی گریمانەیی و دوورەدەست کە تەنها بە  دەنگی ئێمە دەبێتە حەقیقەت.

گەر ئێمە ئەو پێناسە هۆبزیەمان بۆ چەمکی دەسەڵات قبوڵ بێت، کە دەسەڵات لە ساناترین پێناسەیدا برییتیە لە و هێزەی کە تۆ بە قەرز لەو خەڵکانە وەریدەگریت کە دواتر دەسەڵاتت هەیە  بە سەریاندا، ئەوا خەڵک دەسەڵاتی خۆی لە ڕێی دەنگەکانیانەوە  بە قەرز دەدەن بە تۆ، تاوەکو تۆیش وەک پیاوی دەسەڵات ئیش بۆ بە جێبەجێکردنی ئەو دروشمانە بکەیت کە خۆی لە پێدانی مووچە، بودجەی شەفاف، خۆشگوزەرانی، سەقامگیری و یەک ڕیزی …هتد دەبینێتەوە بۆ ئەوان. ئەوەی لە پێناسەکەی هۆبزدا گرنگە ئەوەیە کە خەڵك دەسەڵاتی خۆی بۆ تۆ جێدەهێڵێت و ڕادەستی تۆی دەکات. گەر تۆیش وەک خاوەن دەسەڵات لە خزمەتی خەڵکیدا نەبیت، ئەو کارانە نەکەیت کە بانگەشەت بۆ کردووە و بە هۆیەوە کاندید کراویت، ئەوا خەڵک بێدەنگ دەمێننەوە و تۆیش وەک دەسەڵات دەبیتە دیکتاتۆر. کێشەی ئەم دەسەڵاتە ئەوەیە کە نایەوێت باوەڕبکات کە ئەو دەنگەی  لە سەرەتاوە بە قەرز لە تۆ وەریگرتووە نەیداوەتەوە پێت، لە فۆڕمی خۆشگوزەرانی و مافی هاونیشتمانبوون و هەموو ئەو دروشمە بریقەدارانەی دیکە کە ئێستا و لە کاتی خۆشیدا داویانە بە گوێماندا. بە مانایەکی تر، ئەو دەنگەی کە هەمان بوو هێشتا هەر لای ئەوانە ئێمە وەرمان نەگرتۆتەوە تا جارێکی تر پێیان بدەینەوە. داوای شتێکمان لێدەکەن کە نیمانە لای خۆیان ماوەتەوە. ئەم گەمەکردنە بە دروشم و پێکدادانی بەهاکان تەنها لە ناو درۆیەکی گەورەدا جێی دەبێتەوە کە ناوی  دیموکراسییە، پرۆسەی دانگدانیش بەشێکە لەم درۆیە.

   ئالان بادیۆ باس لەم  سەردەمەدا دەکات بە سەردەمێکی پۆرنۆگرافی ناویدەبات و دەڵێت: دیوە گاڵتەجارێیەکەی دەسەڵات خودی دیموکراسی خۆیەتی. بادیۆ بۆ قووڵبونەوە لە سەر ووشەی دیموکراسی نمونەی شانۆ کۆمیدییەکەی جان جانێت دەهێنێتەوە بەناوی (بالکۆنەکە). بە ڕای بادێو ئەم کۆمیدیایەی جان جانێت ئیشکردنە لە سەر پەیوەندی نێوان وێنا و نادڵنیایی، تەنانەت ئەوەیش کە نابینرێت لەم سەردەمەدا کە دەسەڵاتی ڕووتە.  جوانی ئەم کۆمیدیایە نیشادانی ئەو ڕاستییەیە کە لە ژێر دروشمە پڕشنگدارەکانەوە هێز و دەسەڵاتێکی ڕووت و ڕەجاڵ خۆی مەڵاسداوە کە ناتوانێت کەموکورتی و پووچیەکانی خۆی تا سەر بشارێتەوە. کێشەکە ئەوەیە ئەو دەسەڵاتە ڕووتەی کە خۆی دەشارێتەوە لە پشت وێنا فریودەر و پلاستیکییەکانی دیموکراسی و جیهانی سەرمایەدارییەوە، خۆی لە ڕاستیدا هیچ وێنایەکی نییە، بەڵکو بە تەواوی ڕووتە و  بوێری ئەوەی نییە خۆی دەرخات و هیچ وێنایەکی ڕاستەقینە بدات بە ئێمە. دەسەڵاتی ڕاستەقینە ئەو دەسەڵاتە داپڵۆسێنەر و وێرانکەرەیە کەلە ئێستادا هەیە، ژیانی لە هەموو ئاستەکاندا بەرەو بنبەست بردووە، بەڵام هێشتا هەر ناتوانین وەک خۆی وێنای بکەین؛ چونکە زۆر بە ئاسانی خۆی لە ژێر ماسک و و دروشمی دیموکراسیدا شاردۆتەوە.

هەڵبژاردنی ئەم شانۆیەی جانێت (بالكۆن) لە لایەن بادیۆوە، بۆ ئەوەی لە ڕێیەوە باس لە دیموکراسی بکات، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئەم شانۆیە ئەو دژبەیەکی و بەیەکداچوونەی وێناکانمان بۆ  بەرجەستە دەکات. شانۆکە بە ماڵی سۆزانیەکان دەست پێدەکات. ئەم ماڵە لە ژێر ڕکێف و هەژمونی دەسەڵاتی یەک کارەکتەردایە بە ناوی (ئیرما)، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوەی ئەم ماڵە دەبات بەڕێوە خەیاڵ و وێناکانە. ماڵی سۆزانیەکان ئەو شوێنە شانۆییەیە کە تیایدا وێناکان دەچن بە گژیەکدا و ئەوەمان بۆ نمایش دەکات کە ئۆبێکتێکی ئارەزوو هەیە، تۆ دەتوانێت داوای بکەیت و بیگۆڕیتەوە بە پارە.

 بادیۆ دەڵێت: ((جانێت لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا ئەوەی بینیوە کە لە ئەمڕۆدا تەواو دیار و ئاشکرایە، ئەوەشی دیوە کە ئەوەی ئەم کەموکورت و نوقسانییەی دەسەڵات دەشارێتەوە بەربەرەڵایی و وەحشتناکیی وێناکانە لە سەر هەموو ئاستەکان، لەوانەیش ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی.  واتە بەیەکدادان و بە گژداچوونی هەموو وێناکان لە ناو یەک شوێندا کە ماڵی سۆزانیەکانە، ئەمەیش تەنها لە ڕێی دنەدانی ئارەزووی مرۆڤەکانەوە دەکرێت بە بەکارهێنانی پرۆپاگەندەی بازاڕی. ماڵی سۆزانییەکان لە شانۆکەی جانێتدا؛ بازاڕی وێناکانە کە تیایدا تەواوی چێژ دەخەمڵێنرێت و دەگۆڕدرێتەوە بە پارە. لە کاتێکدا  لە دەرەوەی ئەم ماڵە  شۆڕشی کرێکارە ڕووت و ڕەجاڵەکان بەردەوامە، هەروەک چۆن لە  ئێستادا لە دەرەوەی ئەو قەحبەخانەیەی خۆرئاوا، بە هەزارەها کرێکار لە باکوری ئەفەریقا خەریکی هەڵگرتنەوەی مینەکانن(ئەلغامەکانن)، بە هەزارەها کرێکار لە چین شۆڕش دەکەن، یان شۆرش و خوێنگەرمی خەڵک کە لە سەرەتای بەهاری عەرەبیدا بینیمان. ئەوەی لە دەرەوەی ماڵی سۆزانییەکانە خودی ژیانە، ئەوەیە کە پێیدەڵێن واقیع…)).

بە ڕای بادیۆ بۆ ئەوەی وەڵامێکی ڕاست و دروست بدەینەوە، دەبێت پرسیارەکە بەم شێوەیە بکەین: ئەو فالوسە فیتشییەی ئەم سەردەمەی ئێمە چییە؟ وەڵامەکەشی بێ دوودڵی ئەوەیە: دروشمە بریقەدارەکەی ئەم سەردەمە، فیتشی ئەم سەردەمە؛ وێنایەکی هەڵخەڵەتێنەری دەسەڵاتێکی ڕووتە کە وێناناکرێت ئەویش خودی وشەی دیموکراسییە. ئەو دەسەڵاتە ڕووتەی کە هەموومانی داغانکردووە و دایڕماندووین، لە ساتێکدا شیرین دەبێت و تەنانەت خۆشیشدەویسترێت کە بە وشە بریقەداری دیموکراسی خۆی دادەپۆشێت.

ئەو درۆودەلەسانەی کە بەناوی درووشمەکانی دیموکراسییەوە دەکرێت، کە گوایە دەسەڵات بۆ هەمووانە لە پێناوی هەمووانە، خودی ئەم درۆیە ئەوەیە کە ناهێڵێت دیموکراسی وەک خۆی ببینین. ئەفلاتوون دەڵێت: (ئەوەی  دیموکراسی هێشتۆتەوە و بەردەوامی  پێدەدات؛ ئەوەیە کە هەرگیز ناگەیت بەوەی کە  خۆی بانگەشەی بۆ دەکات، دەسەڵات بۆ هەمووان و لە پێناوی هەموواندا خۆی مەحاڵەکەی دیموکراسییە.)

 دیموکراسی فیتشی ئێمەیە بۆ دەسەڵات، بەدەستهێنانەوەی دەنگی خۆمانە کە یەکەم جار وەک کوردێک_تاکێک لە ژێر ناوی دیموکراسیدا بە قەرز دامان بە پیاوانی دەسەڵات، ئیتر لەو کاتەوە وەرماننەگرتەوە. هەموو بانگەشە و درووشمەکانی هەڵبژاردن ئەوەمان بە دیوێکدا بۆ دووپاتدەکاتەوە کە ئەمجارەیش وەک هەموو جارەکانی تر هیچ ڕوونادات، بەڵام ناشتوانین باوەڕ بکەین کە هیچ ڕوونادات. دیموکراسی وەک فیتش هەم نکوڵیکردنە لەوەی کە ئێمە وەک دەنگ و دەسەڵات خەسێنراوین، هەم ڕازیبوونە بەوەی کە لە ڕێی دەنگدانەوە (وەک قەرەبوویەک بۆ ئەوەی کە یەکەم جار لە دەستمان چووە) وەریدەگرینەوە. ئەگەر ئێمە وە ک جەماوەر_خەڵک جارێکی تر باوەش نەکەینەوە بۆ ئەم دەسەڵاتە ڕووتە، ئەوا بە خۆفرۆش، کوردفرۆش و نا دیموکرات و دژ بە دەنگ و دەسەڵاتی خەڵک و چەندین ناووناتۆرەی دیکە ناوزەد دەکرێین. وەلێ گرنگە بۆ ئـێمە ڕەخنەی جدی خودی دیموکراسی بکەین تا ئەو کەسانەیش کە بانگەشەی بۆ دەکەن، بخەینە ژیر پرسیارەوە. گەر ئەمە نەکەین ئەوا زۆر ئاساییە ئەم گەمەیەی دەسەڵات بەردەوام بێت.

هەڵبژاردن وەک شانۆی پۆرنۆگرافی بۆ دیموکراسی

گەر ئێمە باس لەوە بکەین کە لە ئێستادا و لە سەروبەندی ئەم هەڵبژاردنەدا، دەسەڵاتی سیاسی کورد لە ڕوونترین و بێئابڕووترین فۆڕمەرکانی خۆیدایە، کە خودی دەسەڵات بووە بە نمایشێکی بێئابڕوو بۆ هێزی خۆدەرخستن ئەوا حەقە بپریسن و بڵێین کە  چۆن شتێک هەیە بە ناوی پۆرنۆگرافی دیموکراسی کاتێک کە هەموو شتێک خۆی ڕووتوقووت بێت؟ پۆرنۆگرافی چ ڕۆڵێک و پەیوەندییەکی لە گەڵ دیموکراسییدا هەیە، کاتێک هەموو شتێک لەوێدا کەوتووە تا بە چاوی خۆمان بیبینین، کاتێک هەمووان بێ هیچ گوێدان بە پرەنسیپی ئازادی  بێ شەرمانە خۆیان نمایش دەکەن، تا ئەویتر بیانکرێت و بەهایان پێ بدات وەک هێزێکی ڕووت. هەر بۆیە پرسیارەکە بۆ بادیۆش هەر ئەوەیە کە ئێمە چ پیویستمان بە پۆرنۆگرافییە کاتێک سەردەمەکە خۆی سەردەمێکی پۆرنۆگرافییە؟ بادیۆ لەمبارەیەوە دەڵێت: (سەردەمێک کە دەرگا و دەروازەی ماڵی سۆزانیەکانی لە سەر پشتە، ئیتر مرۆڤایەتی بۆ خۆی دەکەوێتە بەهەشتەوە، ئەو بەهەشتەی کە تیایدا هەموو شتەکان و کەسەکان هاوتای یەک دەبن، خودا و مرۆڤ، سەرۆکی پۆلیس، پیاوی دەسەڵات و سۆزانی، هیچ جیاوازیان نامێنێت). لێرەدا  بە گەڕانەوە بۆ شانۆکەی جانێت کە هەوێنی تێزەکەی بادیۆیە، ماڵی سۆزانیەکان بۆ خۆی جۆرێکە لە کاتیگۆری کە بۆ بادیۆ لەم ماڵەدا هەموو شتەکان یان هەموو پەیوەندییەکان تەواو لێکئاڵاو و ئاڵۆزن. بادیۆ ئاماژە بە  ماڵی سۆزانییەکان  وەک تێکەڵبوون یان پەیوەندیی تەواوی وروژاندنی ئارەزوو لەگەڵ پووچیی پڕوپاگەندەی بازرگانیدا دەکات. ماڵی لەشفرۆشەکان شوێنی شانۆیی و نمایشی ئەم تێکەڵبوونەیە بە پلەی نایاب. هەڵبەت تێزەی سەرەکی بادیۆ و جەختکردوەی لە سەر ماڵی سۆزانییەکان وەک فەزایەک بۆ تێکەڵبوونی ڕووداوەکان و پەیوەندییەکان، یان ڕوونتر بڵێین پێکدادانی وێناکان، هەر بۆ ئەوەیە کە پێمان بڵیت ئێمە لە سەردەمێکی پۆرۆنگرافییدا دەژین بەو مانایەی ئەم سەردەمە خۆی سەردەمی وێناکانە و دروستبوونی وێنای ساختەیە، کە پارە و پول پۆخڵی کردووە، هەموو شتێک بۆ پارە و لە پێناوی پارەدایە. بەم مانایەش بێت؛ کەواتە پۆرنۆگرافی وەزیفەیەکی سەرەکی و دانەبڕاوی بە پەیوەندی ئێمەوە هەیە لەگەڵ بابەتە گرنگەکانی خودی ئەم سەردەمەدا لەوانەیش: هونەر، سیاسەت، هێز و دەسەڵاتی فالیکی. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە بادیۆ تەواوی سەردەمەکە بە پۆرنۆگرافی پێناسە دەکات و تەوای تێزەکەیشی لە هەناوی شانۆیەکەوە دەرهێناوە کە خۆی بەو پەڕی ئاگاییەوە ئەم کارەی بە یارمەتی تیۆرەی دەرونشیکاریی کردووە، هەمدیسان دەپرسین پۆرنۆگرافی چ پەیوەندییەکی بە دیموکراسیەوە هەیە؟

بۆ ئەوەی سەرەتا باس لە پەیوەندی نێوان پۆرۆگرافی و دیموکراسی بکەین پێویستە گەر بە کورتیش بێت ئاماژە بەوە بکەین کە پۆرنۆگرافی بە تەنها بەدەستهێنانی چێژ نییە لە بەرامبەر پارە و پوڵدا، ئەویش لە ڕێی بەکارهێنانی وێنا و فانتازیا بە وێناوە. بەڵکو پۆرنۆگرافی شتێک لە ئاشکرابوونی هێز لە هەناوی خۆیدا هەڵدەگرێت، خودی ئەم هێزەیش تەواو جێندەرییە. پۆرنۆگرافی واتە بوونی پەیوەندییەک لە نێوان وێنە و وروژاندنی جەستەیی/هەستەکی بۆ وێنایەک یان شتێک. بەم مانایەش بێت پۆرنۆگرافیا بریتیە لە نمایشێکی ئاشکرا و کرداری وێنایەک کە لە دەوری کردارێک داڕێژراوە کە بۆ قۆستنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دروستکراوە. واتە کاتێک دەڵێین پۆرنۆگرافی شتێک، کە لێرەدا مەبەستمان لە پۆرۆگرافی دیموکراسییە (بۆ بابەتەکەی ئێمە بریتیە لە پۆرۆگرافی هەڵبژاردن)، ئەوا پۆرۆگرافی دەبێتەوە بە  نمایشێکی ئاشکرا و کرداریی وێنایەک (پیاوی دەسەڵات) کە لە دەوری کردارێک (هەڵمەتی هەڵبژاردن) داڕێژراوە کە ئەمیش بۆ خۆی هەم لە لایەک بۆ چەوساندنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانە (دەنگدەرەکان)، هەم بۆ بەکار‌هێنانیان وەک ئامراز دروستکراوە. خودی ئەم کردارەیش ئیشکردنە بۆ بەرهەمهێنانی کاردانەوەیەکی سۆزداری/جەستەیی لەلایەن بینەرەوە کە بەشێوەیەک لە شێوەکان وەک سازشکراو دەبینرێت: بەم مانایەش بێت پۆرۆگرافی دیموکراسی لە جیهانی ئێمەدا بەم شێوەیە دەردەکەوێت و خۆی نمایش دەکات، کە هیچ  جیاوازییەکی ئەوتۆی لە گەڵ  پۆرنۆگرافیای سێکس، پۆرنۆگرافیای توندوتیژی، پۆرنۆگرافی وێرانکەرانە و….هتد نییە.

ئەگەرچی لە ڕووی ئەنۆلۆژییەوە ئەم دوو چەمکە: دیموکراسی و پۆرنۆگرافی پەیوەندییان لە گەڵ یەکدا نییە، هەر یەکەیان سەر بە کایەیەکی جیاوازن، لێ لە ڕووی کرداری و نمایشگەراییەوە پەیوەندییەکی پتەو لە نێوانیاندا هەیە، بۆ نمونە ئەوەی دیموکراسی لەگەڵ وێنا و فانتازیا بە وێنای دەسەڵاتەوە لە ڕووی کردارییەوە دەیکات؛ هەمان ئەو کارەیە کە پۆرنۆگرافی لەگەڵ وێنا و فانتازیا بە سێکسەوە دەیکات، کەواتە دیموکراسی و پۆرنۆگرافی لە ڕووی کاتیگۆرییەوە وەک یەکن. چونکە دیموکراسی وەک دەسەڵات بە تایبەتی لە سات و ئانی هەڵبژاردندا وەک هێزێکی ڕووتی پاک خۆی دەگۆڕێت، وەک ڕووداو و وەک بوون خۆی نمایش دەکات، دەسەڵات وەک هێزێکی فالیکی بە لابردنی ماسک و کۆستیمەکەی بەری، خۆی نمایش دەکات، تا هەموو هەست و ئارەزووەکانمان  بە لای خۆیدا ڕابکێشێت و  سەرسامان بکات بە نەبوونی خۆی؛ وەک وێنای ڕاستی و حەقیقی بۆ دەسەڵات. هەر وەک چۆن پۆرنۆگرافی نمایشێکە لە دەوری وەهمی سێکسدا دەخوڵیتەوە، ئەوا دیموکراسیش لەم دۆخەیدا لە دەوری وەهمی دەسەڵات دەخولێتەوە. نمایشی دەسەڵاتی فالیکی جا ئەگەر بە ئاگاوە بێت یان نا-ئاگا هەر یەک شتە؛ ئەویش گەیشتنە بە دەسەڵاتی ڕووت، پارادۆکسەکەیش ئەوەیە کە وەزیفەی فالیکی دەسەڵاتی ڕووت بەتاڵی و هیچیی ڕووداوەکە نییە، بەڵکو خۆی نوقسانییەکەیە، واتە دەسەڵاتی فالیکی خۆی مەرجی پێشوەختی دەسەڵاتی رووتە. هەڕاجکردن و هەرزانفرۆشکردنی دیموکراسییە لە ڕێی بازرگانیکردن بە دروشمەکانییەوە؛ بەو مانایەی کە دیموکراسیش وەک پۆرنۆگرافی پشت بە وێنای ئارەزوو و چێژ دەبەستێت، ئارەزوو وەک ئەو شتەی دوورە دەستەو بەدینایەت، ئەو شتەی کە ئێمە وەک دەنگدەر دەستمان ناکەوێتەوە، کە ئەویش دەنگەکانی خۆمانە کە لە دەستمان چووە و وەرمان نەگرتۆتەوە.

هەر بۆیە لە ئێستادا کاتێک تەماشای هەڵمەتی هەڵبژاردن دەکەین، هەڵبژاردن وەک سپەیس و فەزایەکی گشتی بۆ نمایشی دروشمەکانی دیموکراسی، ئەوە لە جێی خۆیدایە بپرسین بڵێین ئەم دیموکراسیە کە زیاتر لە نمایشێکی شکستخواردووی هێستری دەچێت کام دیموکراسییە؟

بۆ وەڵامێکی لەمجۆرەیش دەکرێت گوێ بۆ ئامۆژگاری بادیۆ بگرین کاتێک پێمان دەڵێت؛ پێویستە بگەڕێینەوە بۆ دواوە بۆ ساتە وەختێک کە لە ناو فەلسەفەدا، ئەو کاتەی کە خودی  دیموکراسی وەک دروشم بۆ یەکەمجار لادرا. بادیۆ ئاماژە بەوە دەکات کە لە کتێبی هەشتەمی کۆماری ئەفلاتووندا، چەمکی دیموکراتیا لە لایەن ئەفلاتوونەوە وەک شێواز و ڕێگەیەک بۆ ڕێکخستنی کاروباری دەوڵتشار بەکارهێنراوە، دیموکراتیا وەک جۆرێک لە دامەزاروە. نزیک لەم مشتومڕە دەتوانین ئاماژەیەکیش بە وتە گرنگەکەی کۆمەڵناسی عێراقی د. عەلی وەردی بکەین کە دەڵێت: لە یۆنانی کۆندا کە خۆیان داهێنەری دیموکراسین، نەیاندەهێشت کۆیلەکان بەشداری دەنگدان بکەن، چونکە دەیانزانی کۆیلە هەر خاوەنەکەی هەڵدەبژێرێتەوە، ئەگەرچی دەشزانێت دەیچەوسێنێتەوە.

وەلێ لێرەدا با بگەڕێینەوە بۆ بادیۆ کە دەڵێت پاشتریش لینین هەر هەمان شتی گوتووە کە دیموکراسی هیچ نییە جگە لە جۆرێکی تایبەت لە دەوڵەت. بەم مانایەش بێت هەردوویان، ئەفلاتوون و لینینیش زیاتر بایەخیان بە کاریگەری سوبژێکتیڤانەی دەوڵەت داوە و زۆر لە سەر دیوە بابەتی و ئۆبجێکتیڤەکەی نەوەستاون. کەواتە جەخت زیاتر لە سەر چوارچێوەی یاسایی دروشم دەکرێتەوە یان لە بری دیموکراسی جەخت لە کەسی دیموکراتخواز دەکرێتەوە. هەر بۆیەش توانا و هێزی دروشمی دیموکراتخواز بۆ زەبر و زیان گەیاندن لە خودی دیموکراسی دەکەوێتە سەر ئەو بابەت گەلەی کە دروشمەکەی لێوەهاتووە، ئەمەیش تەنها کەمکردنەوەی دروشمەکان نییە بۆ وشەی بریقەدار و تەلیسماوی، چونکە خەسڵەتە سەرەکییەکانی کەسی دیمۆکراتخواز بۆ خۆی ئیگۆیزم و خۆپەرستانەیە، ئارەزووە بۆ چێژوەرگرتن؛ تەنانەت ئەگەر بۆ شتی بچوک و هیچیش بێت.

بادیۆ لە درێژەی باسەکەیدا لە سەر دیموکراسی ئاماژە بە دوو تێزەی سەرەکی ئەفلاتوون دەکات کە ئێمەیش دەتوانیین لێرەدا  سوودیان  لێ وەربگرین، تا بتوانین ئەو گوتارە هێستیریانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی دونیای سیاسی ئەمرۆمانی پی بخوێنینەوە.

یەکەم: جیهانی دیموکراتیک لە ڕاستییدا بۆ خۆی جیهان نییە.

دووەم: تاکە شتێک کە سوبێکتی دیموکراتخوازی لێپێکهاتووە بریتییە لە چێژ، یاخود زۆر بە ووردی بڵێین بریتیە لە ڕەوشت و ڕەفتاری گەڕان و عەوداڵبوون بە دوای چێژدا.

پرسیاری جەوهەری بۆ ئێمە و بادیۆیش هەر ئەوەیە کە دیموکراسی لە چ روویەکەوە و بە چ شیوازێک ڕێگە بە سوبێکتی دیمۆکراتخواز دەدات، تا بە دوای چێژدا بگەڕێت و هەموو شتێکی تر؛ لەوانەیش خودی دیموکراسی خۆی وەلابنێت و لە خۆی دوورخاتەوە. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەیش دیسان بادیۆ ئاماژە بە ئەفلاتوون دەکات کە وەسفی  دوو شێوە لە سوبێکتی دیموکراتخواز و  پەیوەندی بە چێژەوە  لە  جیهانی ناجیهانی دیموکراسییدا دەکات.

یەکەمیان: پەرۆشی گەنجانەی دایۆنیسیسییە(Dionysiac) بۆ چێژ.

دووەمیان: کەمتەرخەمی و خەمساردی پیرانە بۆ جۆرەکانی چێژ.

ئەفلاتوون زۆر بە ڕوونی سەیری دونیای ساختە و درۆی دیموکراسی دەکات. بۆ ئەو دونیای دیموکراسی لە لایەک لە کار و کردەوەیدا  ناچارە بە بتکردن و قەبەکردنی وێنای گەنجێتی و لاف و گەزاف لێدان بەم وێنایەوە، لە کاتێکدا خۆیشی متمانە بە پەرۆشی گەنجانە ناکات. لە ڕاستیدا شتێکی بنەڕەتی هەرزەکارانە هەیە دەربارەی دیموکراسی کە ئەویش هەمیشە مەیلمان بە لای قۆناغی جیهانی منداڵی و دەسەڵاتدا ڕادەکێشێت، گەڕانەوە بۆ ئەو قۆناغە منداڵی و هەرزەکارییەی سیاسەت مەیلێکە لای پیران و بەساڵاچووانی پیاوی سیاسەت بۆ جڵەوکردنی نەزم و ڕیتمی خۆیان.  وەک ئەفلاتوون دەڵیت: لە جیهانێکی  ئاوا هەڵە و سەیروسەمەرەی لەو جۆرەدا بەساڵاچووان و پیرەکان کە هەر  خۆیان سووکایەتی بە گەنج و توانای گەنج دەکەن، کەچی لە ترسی ئەوەی کە ماندوونەناس و پڕئەزموون و لووتبەرز دەربکەون بەڵێن بەگەنجان دەدەن، لەملایشەوە بۆ کۆکردنەوەی قازانجی گومانەکانی خۆیان دەکەونە دروشمی  گاڵتەجاڕی خۆیان کە بە ناوی دیموکراتییەوە دەیفرۆشن و وانیشانی دەدەن کە ئەوان بۆیە شەڕی گەنجان و داهاتوو دەکەن بۆ زیاتر هێنانی “مۆدێرنیتە” و “گۆڕانی زیاتر” و نەرمی و میانڕەوی زیاترە.

ئەمەیش هەر ئەوەیە کە لە ئێستادا بە ناوی هەڵبژرادنەوە لە دونیای ئێمەدا دەگوزەرێت. گوتارێکی دووفاقی هێستری لە نێوان ئەوەی ڕوویداوە و ئەوەی کە لە داهاتوودا ڕوودەدات و لەسەر دەنگی خۆمان وەستاوە. جۆرێک لە ئاژاوەی سیاسی کە ئەگەر ورد و بە دیقەت نەبین لە مامەڵەکردن لە گەڵیدا کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە. ئاژاوەی سیاسی بە مانای ئەوەی لە سەر حسابی دیموکراسی بتەوێت مانا و بەها بدەیت بە شتێک کە خۆی بەهای نییە. دروستبوونی جیهانێک لە ئاماژە و گوتاری پووچ کە هیچ نییە جگە لە نمایشی پیاوانی دەسەڵات بۆ دروستکردنی دوو جیهان، جیهانی ڕابردوو و جیهانی داهاتوو؛ کە هەردووکیشیان بە ئێمە و دەنگی ئێمە دروستبووە و دروست دەبێت. لێ پارادۆکسەکە ئەوەیە کە پیاوانی دەسەڵات لە ڕیی بەکارهێنانی دروشمی دیموکراسییەوە گەمە بە ئەقڵ و ویژدانی ئێمە دەکەن بەوەی  کە ئەوان هەر خۆیان شۆڕشگێڕ و چارەنوسازی جیهانە نوێیەکەشن و بە هاژوهوژی هەڵبژرادن دەیانەوێت ئەو وەهمە بکەنە حەقیقەت، کە ئەوەی هەبووە وەک دەسەڵات، کە هەر لای خۆیان بووە، دەسەڵات نەبووە و لە خزمەتی خەڵکدا نەبووە، بۆیە ئەمجارە بە یارمەتی دەنگەکانی خۆمان، ئەوان وەک چارەنوساز و شۆڕشگێری خەونەکانی ئێمە، دەسەڵات دەکەن بە حەقیقەت!

سەرچاوە:

1- Alain Badiou (Democracy in What state ?), Columbia University Press 2011.

2- Alain Badiou, (The pornographic age), Bloomsbury Academic 2020.

Loading