نووسین

کیم: بەڵێنی بەدیهاتنی تەواوەتیی چێژ

مەنسوور تەیفووری

پاش ئه‌وه‌ی میدیای زاڵ ناچار بوو ڕووی دووربینه‌كانیان به‌ره‌و كۆبانێ بسووڕێنن، ڕۆژی سیانزه‌ی ئۆكتۆبری ٢٠١٤ ڕۆژنامه‌ی لۆ پاریزیه‌ن ڕاپۆرتێكی به‌م سه‌ردێڕه‌وه‌ بڵاو كرده‌وه‌ : ‌” نالین، ئه‌و فه‌ره‌مانده‌یه‌ی به‌ره‌نگاری‌ جیهادییه‌كان ده‌بێته‌وه‌[1] .‌ ئه‌وه‌‌ یه‌كێك بوو له‌و چه‌ند ڕاپۆرته‌ی له‌سه‌ر فه‌رمانده‌یه‌كی یه‌كینه‌كانی پاراستنی ژن به‌ ناوی نالین عه‌فرین بڵاو ده‌بوونه‌وه‌، كه‌ ئه‌وكات‌‌ بۆ ماوه‌یه‌ك فه‌رمانده‌یی به‌شێكی به‌رخۆدانی كۆبانێی ده‌كرد. ڕاپۆرته‌كان وێنه‌ی جیاوازیان له‌ نالین بڵاو ده‌كرده‌وه‌، كه‌چی دواتر ده‌ركه‌وت هیچیان‌ وێنه‌ی ئه‌و‌ نه‌بوون و له‌ كۆتاییدا شوان محه‌مه‌د، نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وانی كورد، وێنه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه. ئه‌وه‌ی كه‌ گه‌ڕان بۆ وێنه‌ی نالین ببووه‌ باسی گه‌لێ میدیای دنیا،‌ ته‌نیا ڕوویه‌كی به‌سه‌رهاته‌كه‌یه‌. ئه‌و ده‌بوو زوو بدۆزرێته‌وه‌ و وێنه‌ی بگیرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و وه‌حشه‌ته‌‌ دزه‌ نه‌كاته‌ نێو سیاسه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و دەی نوانده‌وه‌، ترس له‌وه‌ی توخمێك بێته‌ نێو كایه‌ی سیاسه‌تی دنیاوه‌ كه‌ ته‌سلیمی سیاسه‌تی وێنه‌ و هه‌واڵ نه‌بێت، مل كه‌چ نه‌كات بۆ بانگه‌واز و ناوبانگ و به‌وه‌ نه‌خڵه‌تێت كه‌ ده‌یكه‌ن به‌ تیتری یه‌كه‌م. ترس له‌ ئه‌و و گه‌ڕان بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی بگیرێت، هه‌مان ترسی یه‌كه‌مین ئوستوره‌ بوو له‌  شتی‌ نه‌ناسراو و نوێ، له‌ هه‌ر شتێك كه‌ ته‌سلیمی ده‌زگای چه‌مكی و هیمایینی زاڵ نه‌بێت. له‌ نموونه‌ی نالیندا، باسه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ جۆرێك بكه‌ری سیاسیی ژن هاتبووه‌ نێو جه‌نگی سیاسه‌ته‌وه‌‌ كه‌ شه‌یدای دووربین نه‌بوون، بۆ ئه‌وه‌ی ببینرێن و دواتر بینراوێتیی بگۆڕن بۆ ده‌سكه‌وتی ماددی‌. ئه‌وان نوێنه‌رایه‌تیی بێسیمایی و سیاسه‌تی بێته‌ماحیان ده‌كرد، سیاسه‌تێك له‌ولای ناونیشان و شانۆگێڕییه‌وه‌. به‌ڵام ته‌وسه‌كه‌ له‌ جێگه‌یه‌كی دیكه‌دایه‌.

بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی ته‌م ترسه‌ ئوستوره‌ییه له‌ شتی نوێ‌، چه‌ند مانگێک پاش ئازادیی كۆبانێ، كاتێ باسی به‌هاری كوردیی شتێكی هه‌ڵه‌ نه‌بوو، تازه‌ حه‌سه‌كه‌ ئازاد كرابوو و ئابڵۆقه‌ی سه‌ر كۆبانێ شكابوو و كورد له‌ باكوور ٨٣ كورسیی په‌رله‌مانی توركیای مسۆگه‌ر كردبوو،  مانگی ژووییه‌ی ٢٠١٥ له‌ گۆشه‌ی ڕاستی لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می مانگنامه‌ی لۆمۆند دییپلۆماتیكدا تیترێكی سه‌رنجڕاكێش ده‌بینرا: ‌”خه‌باته‌كه‌ی دیكه‌ی ژنانی كورد له‌ ئێراق‌.[2]” ڕاپۆرتی ئه‌مجاره‌‌‌ وه‌ك نموونه‌ی ‌”خه‌باته‌كه‌‌ی دیكه‌‌”‌ باسی ئه‌ستێره‌یه‌كی كوردی ده‌كرد. ئه‌گه‌ر نالین ڕێگه‌ی نه‌دا بیگۆڕن بۆ ئه‌ستێره‌، ئه‌وه‌ میدیاكان و تۆڕه‌كانی گۆڕینی سیاسه‌ت بۆ كاروكاسبی، قاره‌مانه‌كه‌ی خۆیان دۆزیبۆوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌م جۆره‌ وێنه‌ی ژنی یه‌كه‌می بێسیما دابپۆشن، ئه‌وان ده‌ستیان دایه‌ به‌رهه‌مهێنانی زڕه‌پاڵه‌وان- هه‌مان پاڵه‌وانه ئاشنا و‌ میدیازاده هه‌میشه‌ییه‌‌كه‌ی خۆیان‌. ڕاپۆرته‌كه‌ی لۆمۆند‌ باسی جله‌كان، ته‌كان و جووڵه‌ و بازن و … ی پاڵه‌وانی هه‌ندێك كلیپی ده‌كرد و ئه‌مانه‌‌‌ نیشانه‌ی ‌”خه‌با‌ته‌كه‌‌ی دیكه‌‌” بوون. ئه‌مه ‌به‌ڵگه‌یه‌ك بوو له‌سه‌ر هه‌وڵ بۆ ده‌ستكاریی سیاسه‌ت به‌ وێنه‌ی ئه‌ستێره‌كان، كه‌‌ بێگومان سه‌ره‌تای نه‌بوو و پێشتر له‌ كۆنسێرت و بەرنامە ته‌له‌فزیۆنییه‌كاندا، وه‌ك به‌شێك له‌ پرۆژه‌ی كۆپیكاریی كولتووری بینرابوو، وه‌ك به‌شێك له‌ گۆڕینی كولتوور بۆ شانۆگێڕی[3] و نواندن هه‌بوون. ‌

جیاوازیی ناوه‌ڕۆكی ئه‌م دوو ڕاپۆرته‌ و ڕۆڵی وێنه‌ له‌ هه‌ر یه‌كێكیاندا ڕێگه‌ ده‌دا دوو جۆر وێنه‌سازی بەرانبەر یه‌كتر بكه‌ینه‌وه‌: وێنه‌ی‌ پاڵه‌وانی بێناونیشان بەرانبەر به‌ پاڵه‌وانی میدیایی كه‌ زاده‌ی ماشینی ئه‌ستێره‌سازییه‌. پاڵه‌وانی میدیایی، چه‌شنێكه‌ له‌ دووربینه‌كانه‌وه‌ ده‌زێت، له‌ میدیاكانه‌وه‌ به‌ر‌هه‌م ده‌هێنرێته‌وه‌ و دووپات ده‌بێته‌وه‌. سه‌ره‌تای ئه‌م پیشه‌سازییه‌ بۆ سه‌رده‌می ستار- سیستم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كاتێ له‌ سینه‌ماوه‌ شتێك ده‌خزێته‌ نێو واقیعه‌وه‌ كه‌ دواتر ده‌بێته‌‌ پێوه‌ری زاڵ له‌ سینه‌ما خۆیشیدا[4]، تا ئاستێك كه‌ چیدی ئه‌وه‌ بۆ بینینی ئه‌ستێره‌كانه‌ كه‌ ده‌چن بۆ سینه‌ما نه‌ك بۆ ژیان له‌نێو چیرۆكێكدا. وه‌ك به‌رزه‌نموونه‌ و ناوی گشتی، كیم كارداشیان ده‌كرێ نموونه‌ی سه‌ره‌كی یان ناوی ئه‌عزه‌می ئه‌م چه‌شنه‌ بێت‌‌- با تازه‌ یان ده‌گمه‌نیش‌ نه‌بێت‌. ئه‌گه‌رچی به‌پێی زه‌مینه‌ی مێژوویی ناوه‌كانی كارداشیان ده‌كرێ له‌ هه‌ر كوێ بگۆڕێت و له‌ هه‌ر شارێك ده‌ركه‌وته‌ یان ته‌جه‌لییه‌كی هه‌بێت، به‌ڵام به‌ زۆری ده‌ركه‌وته‌كانی خاوه‌ن بونیادێكی هاو‌به‌شن و ڕوویان له‌ كۆمه‌ڵێك مه‌به‌ستی دیاریكراویی هاوبه‌شه‌. له‌م بونیاده‌ هاوبه‌شه‌دا، له‌م فه‌زا ئاسمانییه‌ مه‌له‌كووتییه‌دا، پۆپ ستاره‌كان و ئایینوانانی شه‌یدای دووربین و نواندن، ده‌ركه‌وته‌ و‌ ته‌جه‌لییه‌كانی هه‌مان ناون.

به‌ڵام له‌گه‌ڵ كیمدا وه‌رچه‌رخانێكی نوێ هه‌یه‌، ئه‌و چیدی (ته‌نیا) بۆ فرۆشتن نه‌هاتووه‌، كاره‌كه‌ی زیاتره‌ له‌ فرۆشتن، كورتكردنه‌وه‌ی شیكاریی ئه‌م مه‌له‌كووته‌ تازه‌یە بۆ كاروكاسبی، سه‌ره‌تاییترین به‌شی باسه‌كه‌یه‌ و داخزانه‌ بۆ نێو شیكاریی ساده‌بینی سه‌رخان و ژێرخان‌. كیم و لفه‌كانی كارێكی دیاریكراو ناكه‌ن، هیچ به‌رهه‌م ناهێنن، كه‌چی به‌رده‌وام چێژ ده‌بینن و ڕه‌حه‌تن. ئه‌مه‌یه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌و خاڵه‌ی ده‌بێ لێیه‌وه‌ ده‌ست پێ بكرێت. بینینی ئه‌وان كه‌س به‌خته‌وه‌ر ناكات، به‌ڵام ئاواتێك تێر ده‌كات، ڕێگه‌ به‌ جۆرێك به‌یه‌كبوون و هاوشوناسی ده‌دات، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌یكاته‌ به‌ڵێنێك. گرنگ تێگه‌یشتنه‌ له‌ كاری ئه‌م به‌ڵێنه‌ و ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌موو ده‌ركه‌وته‌كانی كیم به‌ڵێنی چی ده‌ده‌ن؟ ئه‌و به‌ڵێنه‌ بونیاد و سترۆكتۆره‌كه‌یانه‌.

 كیم نموونه‌ی چه‌شنێكه‌‌ كه له‌ودیوی‌ جه‌سته‌ی داڕێژراوییه‌وه وه‌ك‌ جه‌سته‌ی ئایدیاڵ‌، به‌ڵێنی به‌دیهاتنی ته‌واوه‌تیی چێژ ده‌دات‌. ئه‌و چێژه‌ به‌ ڕه‌به‌قی، چێژی ڕه‌به‌قه‌ كه‌‌ ده‌ست و پێی لێ ڕواوه‌‌، دۆناودۆنی كۆتایی به‌ڵێنی كاپیتالیستیی چێژه‌‌‌، كه‌ تێیدا ده‌ستڕاگه‌یشتنی سانا و بێزه‌حمه‌ت به‌ كاڵاكان له‌ جێگه‌ی به‌خته‌وه‌ری دانراوه‌ و، به‌م جۆره‌ ده‌ستكاریی وێنه‌ی بنچینه‌یی مرۆڤیش ده‌كرێت: ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌ره‌ستوو مرۆڤ تاقه‌ گیاندارێكه‌ مه‌سه‌له‌ و كێشه‌ی ژیانی بریتییه‌ له‌ به‌خته‌وه‌ری و به‌خته‌وه‌ریش شتێكه‌ له‌ولای تێركردنی پێداویستییه‌ هاوبه‌شه‌كانی له‌گه‌ڵ حه‌یوان، ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ نوێیه‌ میدیازاده‌ نوێنه‌ری لێدانه‌ له‌ چه‌مكی به‌خته‌وه‌ری و دانانی كاڵاپه‌رستی له‌ جێگه‌ی.

ئه‌مه‌یه‌ ئه‌و وه‌رچه‌رخانه‌ی ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ تازه‌ له‌ ڕێگه‌ی میدیاوه‌ ده‌توانێ بیهێنێته‌ دی. له‌م مه‌له‌كووته‌دا ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ مۆدێلی به‌خته‌وه‌ری به‌بێ هیچ كارێكی زه‌یینی یان فیزیكی. ئه‌گه‌ر بۆ ماركس ڕزگاری واته‌ ڕزگاریی كاری مرۆیی له‌ جه‌بری سرووشت، ئه‌مانه‌ نموونه‌ی بێكارین، له‌ كه‌وڵی‌ جۆراوجۆریشدا، چ ژن بن یان پیاو،‌ به‌ڵێنی ڕزگاری و به‌دیهاتنی به‌خته‌وه‌ریی فه‌ردیین به‌ كاڵا، به‌م جۆره‌ش له‌قه‌یه‌كن له‌ وێنه‌ی هه‌ر چه‌شنه‌ ڕزگارییه‌كی به‌كۆمه‌ڵ، ئه‌گه‌رچی لەنێو هه‌موو زینده‌وه‌راندا ته‌نیا مرۆڤه‌ كه‌ بنچینه‌ی سیاسه‌ت و شاره‌كانی له‌سه‌ر وێنه‌ی ڕزگاریی به‌كۆمه‌ڵ داده‌نێ.

 ئه‌م جێگۆڕكێیە نیشانی ده‌دات‌ كه‌ چۆن میدیا و سه‌رمایه‌ و دەرهێنه‌ره‌كان ( چاره‌نووسی به‌همه‌نی قوبادی یان له‌دایكبوونی نه‌وید زه‌ردیمان له‌ بیره‌)‌ ده‌توانن فیگووری‌”دیكه‌‌” دروست بكه‌ن و سیاسه‌ت بكه‌ن به‌ قوڕگی ئاشی سه‌رمایه‌دا، ئاشێك كه‌ له‌وسه‌ریه‌وه‌ كیم وه‌ك ئیلاهه‌یه‌ك هه‌مووان بانگ ده‌كات له‌و بچن یان خۆیان به‌ پێی  ئه‌و ڕێك بخه‌ن، له‌ هاوڕایی له‌گه‌ڵی یان له‌ لاساییكردنه‌وه‌یدا به‌ كه‌ره‌سته‌ی دیكه‌ و به‌ هه‌مان لۆژیكی ئه‌و. كیم كارداشیان له‌گه‌ڵ خۆی نموونه‌یه‌ك ده‌هێنێت كه‌ تێیدا هیچ ئازایه‌تی، داهێنان، هونه‌رمه‌ندی، خستنه‌كاری وریایی، شه‌ونه‌خه‌ونی، تێكۆشان و كارێك بۆ ‌”سه‌ركه‌وتن‌” پێویست نییه‌، به‌ڵكووو ته‌نیا شتی پێویست بریتییه‌ له‌ قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت، ناسینی كونه‌كانی ده‌ستڕاگه‌ییشتن به‌ سه‌رمایه‌ و هاوكات ئیمان هێنانیش به‌م سه‌ربه‌نده‌ گێلۆكانه‌یه‌ی كه‌‌ ”‌ ئه‌گه‌ر هه‌ژاران برسین ئه‌وه‌ خه‌تای خۆیانه‌ كه‌ به‌قه‌د پێویست زیره‌ك نین.‌”

له‌م ‌”زیره‌ك‌”ییه‌ تازه‌یه‌دا وریایی و زیره‌كیو مانای توانای دانانی كاریگه‌ری و كۆنتڕۆڵه‌،‌ به‌ڵام ئه‌مجاره‌ به‌ كه‌ره‌سته‌ی دیكه‌ و له‌ ڕێگه‌ی وێنه‌ و شانۆگێڕییه‌وه‌‌، ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌ وه‌رچه‌رخانێكی بنچینه‌یی له‌ كۆنتڕۆڵكردنی ژیاندا، كه‌ تێیدا ژیان-سیاسه‌ت ده‌گۆڕێت بۆ شانۆگێڕیی-سیاسه‌ت. ئه‌م پیشه‌سازییه‌ی ئه‌ستێره‌،‌ ده‌ست له‌ هه‌ر شتێك بدات، ده‌یگۆڕێت بۆ كاڵا و نموونه‌ی به‌دیهاتنی هێزه‌ جادووییه‌كه‌ی پاره‌یه‌ كه‌‌ ماركس له‌ زمانی شكسیپره‌وه‌ ناسیبوویه‌وه‌ :«ئه‌و سۆزانییه‌ زه‌رده‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتێك ئاوا ده‌كات و ده‌سه‌ڵاتێك وێران». به‌ڵام ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ چیتر ته‌نیا به‌ كڕین یان كوشتن قایل نییه‌، ئێسته‌ ئه‌و له‌ باتی كوشتن ده‌توانێ به‌ ئه‌ستێره‌كانی خۆی ده‌ستكاریی وێنه‌ی به‌خته‌وه‌ری بكات و به‌خته‌وه‌ری و ڕه‌حه‌تبوون بگۆڕێت بۆ‌ یه‌كتر، مرۆڤ و حه‌یوان، مرۆیی و حه‌یوانی، زمان و ده‌نگ بخزێنێته‌ نێو یه‌كتره‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی چه‌شنێكی نوێی لێ دروست بكات، بوونه‌وه‌رێك كه‌ ته‌نیا به‌ نمایش ده‌ژی. 

وەک چۆن كیم زاده‌ی ڤیدیۆیه‌كی پۆرنه‌ كه‌ به‌ناوبانگی كردووه، نموونه‌ و لفه‌كانی زاده‌ی ده‌ستكاریكردنی جوانین له‌ ڕێگه‌ی پۆرنه‌وه‌، هاوكاتیش نیشانه‌ی پێكه‌وه‌گرێدراوی پاره‌-بێكاره‌یی- جوانین، به‌م جۆره‌ جوان, هیچ شتێكی نامێنێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی بانگه‌شه‌ و مۆدێله‌كانی ئه‌وانه‌وه‌- مۆدێلێكی بڕاو و داتاشراو. كیم جوان نییه‌، به‌ڵكووو هاتووه‌ دیاریی بكات چی جوان بێت و چی نه‌بێت، پێوه‌ریش خۆیه‌تی و لفه‌كانی. كیم وه‌ك ئیلاهه‌ی چێژ و بێكاره‌یی، خاڵی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ مۆدێله‌كان و میراتبه‌رانی سیاسه‌تی ڕه‌سمی‌ زۆره‌. وێنه‌ی مه‌عسووم و وه‌ك هێلكه‌ پاككراوی نه‌وه‌كانی بنه‌ماڵه‌كان كه‌ ئاماده‌ ده‌كرێن دواتر ببنه‌ كارداشیانه‌كانی دنیای سیاسه‌ت، دیسان نموونه‌ی ڕه‌های چێژ و به‌خته‌وه‌ریی به‌تاڵ له‌ لێهاتوویی ده‌نوێننه‌وه‌.‌ كیم له‌ بنه‌ماڵه‌ی كارداشیان و تێلێریالیتیدا له‌ دایك ده‌بێ و ده‌بێته‌ نموونه‌ی چێژ بۆ ملیۆنان. كۆڕانی بنه‌ماڵه له‌ میدیادا له‌ دایك ده‌بن و ده‌بنه‌ نموونه‌ی به‌خته‌وه‌ری و چێژ. له‌م به‌ستێنه‌دایه‌ ده‌توانین له‌ شه‌پۆلی ملیۆنیی لایك و فا‌ن و لایه‌نگری منداڵانی بنه‌ماڵه‌كان تێبگه‌ین و بزانین چۆنه‌ فڵانه‌‌ شێخزاده‌ ده‌توانێ هه‌زاران لایه‌نگری هه‌بێ: ئه‌وان وه‌ك كارداشیان نوێنه‌ره‌وه‌ی جۆرێكی نوێی ده‌ستڕاگه‌ییشتنن به‌ چێژ و خۆشی كه‌ به‌ هیچبووندا تێده‌په‌ڕێت، ئه‌وان نوێنه‌ره‌وه‌ی گۆڕانی بنچینه‌یین له‌ وێنادا بۆ ژیانی به‌خته‌وه‌رانه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌واندا وێنه‌ی ڕه‌نجده‌ری جیهانوه‌ته‌ن ده‌گۆڕێت بۆ لووسی بێ هونه‌ر و بێكه‌ڵكی به‌خته‌وه‌ر. شه‌پۆلی بازرگانه‌كانی نێو فه‌زای سۆسیال میدیا و كۆمپانیاكانی ڕیكلام‌، وێنه‌ی داسه‌پاوی ژنی جوان وه‌ك كه‌سێك كه‌ حه‌تمه‌ن چه‌ند به‌شی له‌ش یان سیمای خۆی ده‌ستكاری كردووه‌ و ته‌نیا ئه‌و كاته‌یه‌ ده‌توانێ ببێته‌ ڕیكلامكار یان مودیری كۆمپانیا و كه‌ناڵی ئه‌نستاگرام و هتد، له‌م به‌ستێنه‌دا ده‌كرێ بخوێنرێته‌وه‌: دابڕاندنی به‌خته‌وه‌ری نه‌ك هه‌ر له‌‌ چه‌مكی كار و ماندوویه‌تی، به‌ڵكووو له‌ وریایی و ئازایه‌تی و هه‌ر شتێك كه‌ ڕۆژێك به‌هادار بووبێت. ئه‌مان به‌ها ده‌گۆڕن‌ بۆ‌ ئه‌و شته‌ی تێیدا شاردراوه‌ته‌وه‌، واته‌ بۆ قیمه‌ت و نرخ‌‌. ئه‌وان ده‌توانن شته‌كان به‌هادار بكه‌ن، به‌ڵام به‌ مانای قیمه‌ت و نرخ.

 ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌، له‌ كاردانه‌وه‌ بەرانبەر كارداشیاندا، نه‌سته‌كی بێت یان هه‌سته‌كی، هێزه‌ ئایینییه‌كانیش، برایانی یه‌كگرتوو ( فرۆید و یه‌كیه‌تیی برایانی سه‌ره‌تایی كه‌ داوای به‌شه‌چێژ له‌ باوك ده‌كه‌ن؟) و‌ كه‌رنه‌ڤاڵی خۆیان له‌ شێوه‌ی كچانی باڵاپۆشدا ڕێك ده‌خه‌ن و نیشانی ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌وانیش كیمی خۆیان هه‌یه‌، به‌م جیاوازییه‌وه‌ كه‌ كیم ده‌رده‌خات و ئه‌مان به‌ داپۆشین ده‌نوێنن‌‌‌، ئه‌ما‌ن به‌ شاردنه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن. له‌م یارییه‌دا ده‌یان لایه‌ن به ‌یه‌ك  قیبله‌وه پێكه‌وه‌ن‌، به‌دیهاتنی ڕه‌به‌قی چێژ: به‌ڕێوەبه‌رانی ڕیكلامه‌كان، كوڕانی بنه‌ماڵه‌كان، باڵاپۆشان و كارداشیان هێڵێكی هاوبه‌شیان‌ هه‌یه‌ كه گاڵته‌كردنه‌ به‌وه‌ی لای وابێت به‌خته‌وه‌ری شتێكه‌ له‌ودیوی چێژ و توانای كڕینه‌وه‌، یان له‌ودیوی مه‌نعی چێژه‌وه‌.

ڕه‌خنه‌ی كارداشیان و هاوتاكانی، له‌ كۆمپانیاكانی ڕیكلامه‌وه‌ بگره‌ تا كۆنسێرته‌كانی پاره‌ سپیكردنه‌وه‌ به‌ گۆرانیبژی زه‌رد و كۆمپانیاكانی ئه‌ستێره‌سازی له‌ كوردستان و هه‌ر كوێ (كردنی منداڵه‌ بۆرژواكان بەرانبەر پاره‌ به‌ ئه‌سێره‌ی پۆپ) مه‌ترسییه‌كی له‌گه‌ڵه‌: هێزه‌ پاشكه‌وتنخوازه‌كان كه مێیه‌تی به‌ ڕووخێنه‌ری خۆیان ده‌زانن، قاچاخچیی خێرای هه‌ر چه‌شنه‌ ڕه‌خنه‌یه‌كن له‌ كارداشیان و نموونه‌كانی له‌ كایه‌ی سه‌رمایه‌دا. به‌ڵام ئه‌وان بیریان نییه‌ كه‌ ده‌روونشیكاریی پێمان ده‌ڵێت ئه‌وانه‌ی به‌ ناوی نه‌ریت و حه‌رامه‌وه‌ دژایه‌تیی ئه‌م ئیلاهه‌یه‌ی چێژ ده‌كه‌ن، خۆیان به‌ نهێنی ئاره‌زووی ده‌كه‌ن و، تا زیاتریش جه‌خت بكه‌نه‌وه‌، ئێمه‌ زیاتر ده‌زانین چه‌نده‌ وه‌ك تاك و گرووپ‌‌ شه‌یدای كارداشیان و وێنه‌ جۆراجۆره‌كانین، ئه‌وان بیریان نییه‌ كه‌ چ پێوه‌ندییه‌كی دووتوێ و ئاڵۆزیان له‌گه‌ڵ كارداشیاندا هه‌یه‌: تێكه‌ڵه‌یه‌ك له‌ نه‌فره‌ت و شه‌یدایی نهێنی بۆی. جانتاكه‌ی ده‌ستی ئامینه‌ ئه‌ردۆغان، سه‌عاته‌كه‌ی ده‌ستی ئه‌لبه‌غدادی و چه‌ند ژنه‌یی عه‌بدوله‌تیف سه‌له‌فی، ته‌نیا نموونه‌یه‌كی ئه‌م نه‌فره‌ت-شه‌یداییه‌ی پاشكه‌وتنخوازانن بۆ كارداشیان. هه‌ر‌ بۆیه‌،‌ هه‌ر چه‌شنه‌ ڕه‌خنه‌یه‌كی كولتوور‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ په‌رچه‌كرداره‌ پاشكه‌وتنخوازە‌كان بەرانبەر به‌م ئیلاهه‌ تازه‌یه‌ و كۆی دنیای مۆدێرن، وه‌ك به‌شێك له‌ شه‌یدایی نهێنی بۆ ئه‌و دنیا ببینێت. ناسینه‌وه‌ی شوێنپێی كیم وه‌ك مۆدێل و ئاركیتاپی به‌رهه‌مهێنراوی تێكه‌ڵه‌ی سه‌رمایه‌ و ده‌سه‌ڵات له‌ دنیای ئێسته‌دا، پێویستی به‌ زه‌برێكه‌ به‌ ده‌ستی چه‌پ، زه‌برێك كه‌ به‌ وێنه‌ ناخه‌ڵه‌تێت.


[1]https://www.leparisien.fr/archives/nalin-la-chef-de-guerre-qui-defie-les-jihadistes-13-10-2014-4208437.php

[2] https://www.monde-diplomatique.fr/2015/07/MAUCOURANT/53188]

[3] بوونی ئه‌م راپۆرته‌ ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌شه‌ كه‌ چۆن بانده‌كانی كڕینی میدیا و بڵاوكردنه‌وه‌ی درۆ، ده‌توانن تا قووڵایی هه‌ر كوێ بچن و‌ ئه‌و له‌شكره‌ ته‌وه‌زه‌له‌ی قاتله‌به‌رانی میدیازاد له‌ فه‌ره‌نسا كه‌ نووسینگه‌كانی مافیا-حكوومه‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، چۆن كاریان نه‌ك گه‌نده‌ڵكاریی له‌ كوردستان به‌ڵكوو له‌ هه‌ر جێگه‌یه‌كه‌ پێی لێ دابنێن. چیرۆكی ئه‌م كڕینانه‌ درێژه‌، له‌ ئه‌نستیتۆتی كورده‌وه‌ تا ئه‌وانه‌ی به‌ پاره‌ی دزراوی خه‌ڵكی كوردستان ڕووی ره‌شی ده‌سه‌ڵات سپی ده‌كه‌نه‌وه‌ و …هتد.

[4] بۆ شیكارییه‌كی ئه‌م باسه‌ بڕوانه‌ بۆ وتارێكی ….

Loading