گۆڤار

کورتەیەک دەربارەی هێلین سیکسۆ

ئامادەکردنی: فرە

هێلین سیکسۆ شاعیر، ئەدیب، ڕۆماننووس، فەیلەسووف، تیۆریزانی ئەدەبی و فێمینیستی پاش-بونیادگەرییە. سیکسۆ و لوس ئیریگارە و کریستێڤا بە فێمینیستانی فەڕەنسی دادەنرێن لەبەر ئەوە نا کە بە ڕەچەڵەک فەڕەنسی بن، بەڵکوو لەبەر ئەوەی لەسەر هەمان ڕێچکەی هەڵوەشاندنەوەی سیستمی لۆگۆس-تەوەرین[1] و ئەوەی لە ١٩٦٠ـەکاندا ژنە فێمینیستەکان لەژێر کاریگەریی ژاک درێدا، ژاک لاکان و میشێل فۆکۆدا و پەیوەند بە پاش-بونیادگەری و دەروونشیکارییەوە پێشنیاریان کرد. ڕاستییەکەی، ئەوەی سیکسۆ دەکات بە یەکێک لە فێمینیستەکانی پاش-بونیادگەری[2] پەیوەندی بە هەڵوەشاندنەوە[3] و تێپەڕاندنی سیستمی دوانەیی لۆگۆس-چووک تەوەرییەوە[4] هەیە. بە واتایەک سیکسۆ کار لەسەر بیناکردنی سیستمێک و فۆڕمێک لە ژیان دەکات کە لە دەرەوەی چوارچێوە تەقلیدییەکانی چووک-تەوەر[5] و لۆگۆس-تەوەرە و هەروەتر جیهانێکی تری مێینە و ژیاندۆستانەتر هەڵدەبژێرێت، سەرەتا لەڕێی دروستکردنی چەمکی ژن-نووسین[6] و زمانی مێینە، دواتر لەڕێی پێشنیارکردنی مۆدێلی جووتڕەگەزخوازی کە دواتر دێینەوە سەری.

بەدەر لەوەی هاوڕێی نزیکی درێدا بووە، هاوکات لەژێر کاریگەریی هەڵوەشاندنگەرایی درێداییدا بووە. لەوێدا درێدای هەڵگرتۆتەوە تاوەکوو ڕەخنەی چەمکی دووانەیی[7] و ئەو بونیادەی زمان و واتا و لێکدانەوەکانیان بکات کە لە خزمەت پەراوێزخستن و دەستەمۆکردنی ژندان. ڕاستییەکەی، چەپاندن و پەراوێزخستنەکە تەنیا لە زماندا نامێنێتەوە، بەڵکوو دادەبەزێتە سەر ئاستی بیرۆکە و زەینییەتێک لە دژی ژن و دواجار لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە ڕێ خۆش دەکات بۆ زاڵکردنی پیاو و دەستەمۆکردنی ژن.

سیکسۆ گوتاری ڕۆژاوا شی دەکاتەوە و دەڵێت گوایە دووانە دژیەکەکان لە هەموو شوێنێکی کۆمەڵگەی باوکسالاردا هەن. لە بنەڕەتدا هیرارشییەتی دووانەیی، توندوتیژی دەخاتەوە و هەردەم گوتار و دەنگی مێینە و ڕاستییەکەی هەموو دەنگێکی ئەویتر دەکوژێت و سەرکوت دەکات. بۆیە پێشنیاری دەنگ و زمانی مێینە دەکات چونکە پێی وایە مێینە هەرگیز لە کۆمەڵگەی چووک-تەوەر و لۆگۆس-تەوەردا بوونی نەبووە و هەمیشە پەراوێز خراوە، تەنانەت ئۆبێکتیش نەبووە. بەو پێیەی کۆمەڵگەی لۆگۆس-سەنتەر بنەچەی هەموو شت دەباتەوە سەر چووک و جا بۆیە ژیان و داهێنان و هەموو شت دەگەڕێنرێتەوە بۆ باوک و نێرینەی زاڵ [دەسەڵاتدار]. بەم شێوەیە ژن کە شوێنێکی لە سیستمی باوکسالاردا نەبووبێت، دواجار دەشێت سیستمی جێگرەوە بۆ توندوتیژیی باوکسالاری، تەنیا و تەنیا لە لایەن ئەویتری پەراوێزخراوەوە، واتە ژنەوە بێت.

لای ئەم، کڕۆکی چەپاندنی ژن لە ناوجەرگەی نووسین و زماندایە -بەو پێیەی نووسین و ساتەوەختی نووسینەوەی مێژوو، هاوکات بوون لەگەڵ سڕینەوەی جەستە و سڕینەوەی مێ لە کۆمەڵگەدا- نووسین و زمان لەسەر ئابوورییەکی لیبیدۆیی و کولتوورییە، واتە سیاسی و نێرینەییە و لەسەر بنەمای دژیەکێکە کە نێر تێیدا نۆرمە و مێ نەرێنی و هەڵگەڕاوەیە و بە واتایەکی دیکە، نوقسان و پێچەوانەی پیاوە. هەر بۆیە دەبێت لەڕێی هەڵوەشاندنەوەی زمانی زارەکی و نووسینەوە ئەو چەپاندنە لەناو ببرێت. هەر بۆیە دواجار سیکسۆ چەمکی ژن-نووسین دادەتاشێت و لە زمان و نووسینەوە چەپاندنەکە هەڵدەتەکێنێت.

بە گشتی بنچینەی ژن-نووسین بریتییە لە ڕەتکردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی لۆژیکێکی دووانەیی وەها سەرکوتکەری: نێوان پیاو\ژن، تیۆری\داهێنەری، کولتوور\سرووشت، نەزم\ئەزەڵئاژاوە، ڕووناکی\تاریکی، چاکە\خراپە، دەرەوە\ناوەوە و دواجار هەڵوەشاندنەوەی ئەو هەقیقەتە ڕەهایەی لۆژیکە سەرکوتکەرەکە پێشکەشی دەکات. ژن-نووسین دژی زاڵکردنی یەک و ڕەسەنە [کولتووری هەمانێتی و چونییەکی] و دژی سڕینەوە و پەراوێزخستنی جیاوازییەکانە [فرەیی]. بە پێچەوانەوە ژن-نووسین فرەیی و جیاوازییەکان قبووڵ دەکات و ڕێ بۆ گوتاری فرە-دەنگ و تەنانەت خوێندنەوەی فرە-لێکدانەوە خۆش دەکات. ئەم چەمکە سیکسۆ خۆی دای دەتاشێت [تا ڕادەیەک لێکچوونی هەیە لەگەڵ چەمکی جیاوازیی درێدا] و لە ڕووی فۆڕمەوە زیاتر شیعری\ئەدەبییە و ڕێ بە خەیاڵسازی دەدات لە بەرانبەر لۆژیک و بەڵگەی ڕەقوتەقی زمانی باوکسالاریدا. لە ڕووی ناوەڕۆکەوە جەخت لە جەستە و سێکسواڵیتەی ژن دەکاتەوە و بانگی هەموو دووانە پەراوێزخراوەکان دەکات دەربکەونەوە، بە دەربڕینێکی تر، ڕێ بۆ نەست، هەست، خەیاڵ و سرووشت دەدات بێنەوە ناو نووسین.

ژن دەتوانێت لە ژن-نووسیندا شووناسی خۆی لە دەرەوەی ستایلە تەقلیدی و پیاو-تەوەرەکانی نووسین کە دژی شەپۆل و جووڵەی خۆڕسکی ئارەزوون و لەپێناو سەقامگیری و هاوچوونییەکیدان، بینا بکات و دواجار پێی وایە لەڕێی گەڕانەوەی جەستە و بە تایبەت جەستەی ژن بۆ ناو نووسین دەشێت ئەو جۆرە ڕوانگە چووک-تەوەرانە هەڵبوەشێنەوە. گرنگیی جەستە لەوێدا دەردەکەوێت کە دەزانین پیاو و چینی دەسەڵاتدار لەڕێی سڕینەوەی جەستە و بەرزڕاگرتنی ڕۆحەوە توانیویانە دەست بەسەر سرووشت و بوونەوەرەکانیدا بگرن و لەو ڕێیەوە توندوتیژی لە زەویدا بخەنەوە. نووسینی ژن تەواو لە نووسینی پیاو جیاوازە بەو پێیەی نووسینی پیاو لەسەر پەراوێزخستن و دەرکردن بەندە؛ پەراوێزخستنی ژن، چینی نزم، سرووشت، هەست و هەموو ئەویترێکی سیستم کە لە دەرەوەی یەکی زاڵە، تەنانەت بە نێری ناو چینە نزمەکانیشەوە.

ژن-نووسین تایبەتمەندیی ژنانە لەخۆ دەگرێت، هەروەکوو وەستان لە ناوەڕاست و هەڵپەهەڵپی نووسین، ڕەگەزدۆزی[8] و بێدەنگیی بەمەبەست. دەربڕینی ناو نووسینی درکپێنەکراو و هەندێکجار حاڵی نەبوون، وێنە و دیمەنی پچڕ پچڕ و شێواندنی نامۆی خاڵبەندی، بۆشایی، بێدەنگی و یاریکردن بە وشەی تێدایە. خزان، ڕستەسازیی پچڕاو و یاریکردنی تەواو بە وشە و گوتاری فرە-دەنگ و فرە-کارەکتەر لە نووسینەکەیدا ئامادەیی هەیە. تۆنی ئیستاتیک و ئاهەنگێڕی تێدایە، لە شیعرییەتەوە بیگرە تاوەکوو ئەوپەڕی تیۆری، هەروەها هەر لە بەکاربردنی وشەی بازاڕی و عەوامەکانەوە بیگرە تاکووو دەربڕینە ڕەوانبێژانە ئاڵۆزە نوخبەییەکان. وەکوو خۆی ناوی دەبات، ئەم جۆرە “فڕینە لەناو زماندا و فڕینی زمانە”. بەم شێوەیە زمانی داهێنەری شیعری و گوتاری ئەکادیمی\تیۆری جیا ناکرێنەوە و هەردووک لەناو یەکدا دەبن و زمانی شیعر تێکەڵ بە زمانی فەلسەفە و گوتارە هەرە تیۆرییەکان دەبێت. سیکسۆ بۆیە جیایان ناکاتەوە، بەو پێیەی جیاکردنەوەیان بە واتای دانانیانە لە دوو بەرەی دژیەکدا و ئەمەش دووبارە سیستمی دووانەیی بەرهەم دەهێنێتەوە. هەر بۆیە نامۆ نییە کە دەبینین مەعریفەی فەڕەنسی بەم دواییە لە نووسینی ژانرە جیاوازەکان و بوارە جیاوازەکانی فەلسەفە و ئەدەبدا تێکەڵبوون و لێکدانەبڕانێکی سەیر لەخۆ دەگرێت کە لە خوێندنەوەی دەقێکدا ناتوانیت یەک بواری بۆ دیاری بکەیت و وا دیارە هەردووکیان بێت لە هەمان کاتدا.

بەم شێوەیە پێناسەی ژن-نووسین دەکات: ڕیزپەڕە، درکپێنەکراو و نالێکچووە و دواجار ئاڵۆزیی تێگەیشتن لێی پەیوەندی بە چەپاندنی چەند سەدەیی دەنگی ژنەوە هەیە کە ئێستا زمانی خۆی نەماوە و بە زمانێکی قەرزکراو دەدوێت. ئەم زمانە دەشێت لەو دەمەی منداڵ تازە لەدایک دەبێت لە دایکییەوە لە قۆناغی پەیوەندیی دایک-منداڵدا هەڵی بگرێتەوە، پێش ئەوەی منداڵ زمانی نێر-تەوەر هەڵ بگرێتەوە؛ جا ئەم ماتە-ئەگەرە پێش-زمانەوانی و نائاگایە لە دەقگەلێکی ئەدەبیدا دەردەکەوێتەوە کە هەموو جۆرە چەپاندنێک لەبار دەبات و هەموو ئەوەی زەق کراوەتەوە و لۆژیک و داخرانی زمانی چووک-تەوەریش ڕەت دەکاتەوە و بوار بە لێکدانەوەی ئازاد و فرەواتا دەدات. سیکسۆ ئەم گەڕانەوەیە بۆ پەیوەندی دایک\منداڵ لە پارادیمەکەی لاکانەوە وەر دەگرێت کە گوایە منداڵ بۆ ئەوەی بچێتە ناو جیهانی ڕەمزییەوە (زمان) دەبێت لە جەستەی دایکی (ڕیاڵ) جودا بێتەوە. بەم پێیە بێت، ئەوا جەستەی دایک بەشێک نییە لە زمان واتە بەشێک نییە لە سیستمی لۆگۆس-تەوەری. دواتریش تەنیا لەسەر جەستەی دایک نامێنێتەوە بەڵکوو دەگوازرێتەوە بۆ جەستەی مێینە بە گشتی و سێکسواڵیتەی مێینە، چێژی مێینە و ژویسانسی مێینە. بەم جۆرە ڕوونە کە کارەکەی سیکسۆ پەیوەند بەو تیۆریانەی لاکان و فرۆیدە کە لەسەر زمانن و گوایە لەناو جیهانی ڕەمزیدا تەنیا چووک هەیە و دواجار پەیوەند بەوەی گوایە ژن نوقسانە، بەو پێیەی چووکی نییە. سیکسۆ پێی وایە ئەم زەینەتە لە نوقسانکردنی ژن، ژنی کردۆتە پێگەی ئەویترەوە و بەشی زۆری ئەم دەرکردنەش لە زمانی چووک-تەوەردا ڕوو دەدات.

سیکسۆ خۆی لەناو فیکشن، ڕۆمان، پەخشان و شیعرەکانیدا ئەم زمانە داهێنەرانەیە بەکار دەبات و هەر چۆنێکی پێ خۆشە و دڵی دەخوازێت وا دەنووسێت. هەروەها پێی وایە لەم ڕێیەوە ژنان دەتوانن ئازاد بن لەو کۆت و بەندانەی (ڕێسا و یاسایانە) کە زمانی باووکسالارانە بۆیان دروست دەکات و ناهێڵێت بنووسن و لە هەموو شوێنێکدا شتیان بۆ ڕاست دەکاتەوە. جا بەم شێوەیە، گەر زمان جیاواز بەکار بەرن لەو ڕاستکردنەوانەش دەرباز دەبن. لای سیکسۆ ئەو جۆرە زمانە ژنانەیە شۆڕشگێڕانەیە بە هەمان شێوەی شۆڕشی ١٩٦٨ی فەڕەنسا. لەم سۆنگەوە دواجار نووسین تەنیا نووسین نییە، بەڵکوو دادەشۆرێتە ناو پرسە گەورەکانی وەکوو کۆمەڵگە، ئایین، باوکسالاری، مانا و هەقیقەت.

بە دەربڕینێکی تر لای سیکسۆ ژن-نووسین تەنیا بۆ ڕزگاریی ژن نییە، گەرچی ڕوونە کە لەڕێی ڕزگاریی ژنەوە -چونکە یەکەمین و چەپێندراوترینی نێو پەراوێزخراوەکانە- ئیمکان بە ڕووی ڕزگاری هەموو ئۆبێکت (نێر یاخود مێ) و ئەویترە پەراوێزخراوەکان (ئەویتری جیاواز لە ڕووی ئیتنیک، ڕەگەز، سیاسی، ئایدۆلۆژی، ڕەنگ، کۆمەڵایەتی و ئایینی و هتد) دەکاتەوە. هەر بۆیە ژن-نووسین بریتییە لە خود-دۆزینەوە و تێیدا خۆشەویستی و قبووڵکردنی ئەویترێتیی ئەویتر بە هەموو جیاوازییەکانییەوە هەیە – ئەویتری مێینە، جەستە و نەستی مرۆڤ. بەم شێوەیە ئەم جۆرە لە بوونی خود لەگەڵ ئەوانیتر، بوار بۆ ئاسۆی وجوودی و ئۆنتۆلۆژیی نوێ دەکاتەوە. دەقەکانی سیکسۆ وەکوو جەستەیەک وان کە خەریکە خۆیان کەشف دەکەن.[9] نووسین بریتییە لە خۆدۆزینەوە و جا بۆیە لە کاتی نووسیندا پێویستت بە میوان و گوێگر نییە، خۆت بەپێی پێوەرەکانیان بسازێنیت، چۆن قسەیان بۆ بکەیت، بەڵکوو لەڕێی نووسینەوە خۆت دەدۆزیتەوە. سیکسۆ دەڵێت “بە نووسین… جوانییەکانی بۆ دەگەڕێتەوە…. چێژەکانی، ئەندامەکانی، بەشە بێشوومارەکانی جەستەی….”[10] 

لای سیکسۆ ڕەنگە لەڕێی گەڕانەوەوە بۆ دۆخی پێش-ئۆدیپی، ئەم لۆژیکی ڕەمزە هەڵبوەشێندرێتەوە؛ واتە گەڕانەوە بۆ جووتڕەگەزخوازی و دواجار ئەزموونکردنی ژویسانس لە جووتڕەگەزیی ئەویتردا. هەروەتر لای سیکسۆ، جووتڕەگەزخوازی، واتە تەقلیدییەکەی هەڵناگرێت، بەڵکوو واتا شکاندنی شووناسی یەک ڕەگەزی، بە دەربڕینێکی تر سیکسۆ پێی وایە هیچ ڕەگەزێک نییە تەواو پوخت و پاک، بەس نێر یاخود مێ بێت، بەڵکوو هەموو مرۆڤێک هەردووک ڕەگەزە و ئەویترە لە هەمان کاتدا.

جووتڕەگەزخوازی بە واتای دەرنەکردن و پاراستنی هەردووک ڕەگەزە لەناو بوونێکدا، بەم شێوەیە مرۆڤ ئارەزوو و چێژی جەستەشی دوو هێندە دەبێتەوە. ئەو هێزەی هەموو لیبیدۆ جیاوازەکانی ناو جەستە، لە چووک-تەوەری دەرباز دەکات. بەم شێوەیە پیاو لەدەست ترسی خەساندن ڕزگاری دەبێت و ژنیش لەدەست ترسی سەربڕین. سیکسۆ بۆیە بەرەو جووتڕەگەزی دەڕوات، چونکە پێی وایە وشەکانی نێرینێتی و مێینێتی هیچ پەیوەندیان بە نێر و مێوە نییە و گەر وەها مامەڵە بکەین دیسانەوە دەکەوینەوە ناو سیستمێکی دووانەیی تر کە تێیدا مێینەیەتی بەر دەدرێت و نێرینێتی سنووردار دەکرێت و ئەمەش دووبارە مانەوەیە لە هەمان پارادایمدا، تەنیا بە پێچەوانەکردنەوەی ڕۆڵەکان. وەلێ سیکسۆ پێشنیاری جووتڕەگەزخوازی دەکات، بەو پێیەی تێیدا بوار دەدات هەموو تاکەکان خۆیان دەرببڕن لە دەرەوەی بەربەست و چوارچێوە کۆمەڵایەتییەکان کە بۆ وزە لیبیدۆییەکانیان کراون.

ژنان دەبێت وەکوو خۆیان بنووسن، خۆیان بنووسنەوە، ئەزموونەکانی خۆیان، جەستەی خۆیان و هەرچییەک وەکوو ئەوەی خۆیان درکی پێ دەکەن، نەک لە چوارچێوەی ئەو قاڵبە بیرکردنەوانەی کە سیستمی لۆگۆس-تەوەر بینای کردووە. جا ئەم نووسینە دەبێت ئەزموونی واقیعیی ژیانی مێینە بێت نەک وەکوو بوونی بایۆلۆژی. ئەمە هەقیقەتی مێینە خۆیەتی و لەناو جیهانێکدا دەژی و بەشێکیشە لێی. بەم شێوەیە گرنگی بە ڕوانگەی کەسی یەکەم خۆی دەدرێت، لەبری ئەوەی بۆ پێوەرگەلێکی بەناو سرووشتی و دروستکراو بگەڕێینەوە. هەروەها نووسین بریتییە لە ڕەهەندە کولتووری و دەروون-جەستەییەکانی دەنگی مرۆڤ و دەنگیش هاویارە لەگەڵ وێنەکێشان و مۆسیقادا. هەر بۆیە هەمیشە جەخت لە نووسینی ئەدەبی دەکاتەوە و دەڵێت خۆزگە توانیبام وەکوو وێنەکێشێک بنووسم.

 بە گشتی ژن-نووسین دەبێت هاوشێوەی لیبیدۆی ژن گەردوونی و فرە بێت. لیبیدۆی مێینە بە لیبیدۆیەکی گەردوونی ناو دەبات، واتە دەچێتە ئەودیو زەینییەتی چووک\لۆگۆس-تەوەریی یەکبینەوە. وەک چۆن ژن لە ئەزموونکردنی چێژی جەستە و سێکسواڵیدا تەنیا بە یەک ئەندامەوە (زێ) نەبەستراوەتەوە، لە کاتێکدا پیاو تەنیا بە یەک ئەندام (چووک) ـەوە بەستراوەتەوە. هەروەها پێی وایە ئەو زمانە شیعری و ژیاندۆستانەیەی ئەم دەیخوازێت لەناو شوێنە چەپێندراو و داپۆشراوەکانی مێینەدا – لەناو ژویسانسدا- هەیە، لەناو خەون، نەست و ئوستوورەدا هەیە.

پەیوەند بە پێکەنین و کردە نائاگاییەکان و نەستەوە، سیکسۆ پێی وایە جەستەی ژن خۆی لۆژیکی ڕەقوتەق ڕەت دەکاتەوە و ڕێ بە نەست و غەریزەکانی دەدات چۆنی دەوێت دەربکەوێت. هەر خۆیشی خودی ژن، بە تەواوی بەشێک نییە لە کۆمەڵگەی چەپاندن و پەراوێزخراو، هەر بۆیە ئاسانترە ڕێ بە نائاگایی بدات دەربکەوێتەوە. هەروەها پەیوەست بە پێکەنینەوە و بەو پێیەی پێکەنین شتێکی کۆنتڕۆڵنەکراوە، ئەوا دەتوانێت هەقیقەتی ڕەها بشکێنێت. نیچە لە لەدایکبوونی تراژیدیادا دەڵێت پێکەنین دەتوانێت “هەموو ئاسوودەییە میتافیزیکییەکان بۆ شەیتانەکان هەڵبوەشێنێتەوە”. هەردەم لە بەردەم ڕەقوتەقیی سیستمی چووک-تەوەردا پێکەنینی مێدوساکان شووناسێکی دەسەجەمی بووە؛ واتە ژنان هەمیشە گریاون، بەڵام کاتێک فرمێسکەکانیان وشک دەبێتەوە، لە جێیاندا، پێکەنینی بێ کۆتا دێتە بوون.

سیکسۆ گریمانەی جیاوازییەکی ڕەگەزی دەکات کە لەسەر بنەمای دەرکردن و هیرارشییەت نییە، بەڵکوو مۆدێلێکە لە سەبجێکتیڤیتی کە بە ڕووی ئەویتردا کراوەیە، نەک بیسڕێتەوە. جا بۆیە دەڵێت دەبێت لەم جیاوازییە ڕەگەزییە وەکوو خاوەندارێتیکردن یاخود نەبوونی فالوس\چووک تێنەگەین بەڵکوو لە ئاستی ژویسانسدا وەری بگرین.

سەرجەم دژیەکە دووانییەکانی وەکوو چالاکبوون\ناچالاکبوون، ڕۆژ\شەو، کولتوور\سرووشت، قسەکردن\نووسین، لۆگۆس\پاتۆس و هتد بەڕەگەزکراون. گوتاری باوکسالار چەمکە دەرەکی و نامۆکەی، بە مێینەی نوقسان داناوە و چەپاندوویەتی. لە بنەڕەتدا، باووکسالاری دەستاودەستکردنە بە ژن وەکوو موڵکێک لە باوکەوە بۆ پیاوێکی تر و لەو نێوەندەدا دەستکەوتێک دەبێت. لەم پەیوەندیەدا پیاو دەسەڵات، هێز و چێژ لەناو ئابووری خاوەندارێتی و ئاڵوگۆڕکردندا وەردەگرێت، لە کاتێکدا خودی دەسکەوتەکە هیچی نادرێت بە کچەکە و تەنانەت لە هەمووی ترسناکتر ئەوەیە ئەم داگیرکردنە دێتە ناو نووسینیشەوە و نووسین بۆ نێر و دژیەکی ڕەگەزی قۆرغ دەکرێت. بەو پێیەی ژنان لە باوکسالاریدا زۆرترینیان لەدەست داوە، هەر بۆیە لە شکاندنیدا زۆرترین بەدەست دێننەوە. هەروەها ئەم پەراوێزخستنەی مێینە لە نووسینی پیاودا، هیرارشییەتی جیاوازیی ڕەگەزی لەناو زمان و گوتاردا بینا کردووە. ڕاستییەکەی، مێژووی نووسین لە ڕۆژاوا هاوکاتە لەگەڵ دەرکردن و سڕینەوەی جەستە لەناو نووسین و دەقدا، زاڵکردنی لۆگۆس و ژیری، بەسەر هەست و خەیاڵدا.

هەروەتر پەیوەند بە فرەیی و فرە-گوتارییەوە، سیکسۆ لە “پێکەنینی مێدوسا”دا دەڵێت کە هیچ ژنێکی گشت نییە و تەنانەت هیچ ژنێکیش نموونە و ستاندەرد نییە. ناتوانیت باس لە یەک سێکسواڵیتەی مێینە بۆ هەموو ژنێک بکەیت کە هاوچوونییەک و یەکپۆش بێت و بتوانرێت لە چەند کۆدێدکدا پۆلێن بکرێت. سیکسۆ پێی وایە لەمەدا هیچ ئاڵۆزییەک نییە، بۆیە لەڕێی کەرەستەی جووتڕەگەزخوازییەوە داوا دەکات گوێ لە چیرۆکی هەمووان بگرین [نەک تەنیا لە یەکی زاڵ]. تاک-کولتووری چووک دەربارەی هاوشێوەیی و سنووردارکردنە بەو هاوشێوەێتییەوە. لەم سۆنگەوە سیکسۆ توانای داهێنەرانەی “جیاوازی” کە لەناو جووتڕەگەزخوازیدا هەیە، وەک کولتووری نوێی زمان ڕادەگەیەنێت. لەم پێوەندەدا ئەوەی سەرنجکێشە، ئەوەیە کە سیکسۆ دەچێتە ئەودیو پۆلێنبەندیی ژنیشەوە و دواجار فێمینیزمیش تێدەپەڕێنێت و تیۆری فێمینیزم دەباتە ئەودیو سیاسەتی شووناسییەوە. بەو پێیەی گەر بێت و ئەزموونی ژن بەسەر ئەزموونەکانی تردا زاڵ بکەین، ئەوا هەمان سڕینەوە و هاوچوونییەکی و هەمانێتی بەرهەم دەهێنینەوە کە دواجار لە کولتووری لۆگۆس-تەوەر جیاواز نییە (لە بنەڕەتدا شەپۆلی سێیەمی فێمینیزم، ڕەخنەی ئەمە دەکات)، جا بۆیە بۆ نەکەوتنە ئەم داوەوە، سیکسۆ جیهانێکی تەواو نوێ دەئافرێنێت کە جیهانی جیاوازی و فرەییەکانە.

بە گشتی پێشنیارە تیۆرییەکەی سیکسۆ دوودیوییە. دیوی یەکەمیان هەڵوەشاندنەوەی گوتاری چووک-لۆگۆس-تەوەر لەناو فەلسەفە و دەروونشیکاریدا و لە بەرانبەردا ئابوورییەکی لیبیدۆیی جێگرەوە لەسەر بنەمای ژویسانس کە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی-کولتوورییە لەپێناو ئەویتر، پێشنیار دەکات وەکوو لە سەرەوە باس کرا. هەروەتر سیکسۆ بە توندی “تیۆری چێژەنیگا”ی سێکسواڵیتەی فرۆید و لاکان ڕەخنە دەکات، بەو پێیەی هەموو شت بۆ دووانەی پلەبەند کورت دەکاتەوە – واتە هەبوون\نەبوونی چووک (فالوس). جا ئەم تیۆرە مرۆڤ-تەوەرانە، ئەوەی بینراوە بە هەبووی دادەنێن و لەوێوە زاڵی دەکەن بەسەر شوناسی ڕەگەزیی مێینەدا وەکوو هەرێمێکی تاریکی “نوقسانی” و “نەبوون”. هەروەتر دیوی دووەمیان بریتییە لەوەی سیکسۆ تەنیا چەمکە دووانەییەکان پێچەوانە ناکاتەوە، وەکوو وتمان گەر وابێت دەچێتەوە ناو هەمان چوارچێوەی پێشوو، بەڵکوو سیستمە جێگرەوەکە دەبەستێتەوە بە جووتڕەگەزخوازییەوە.

 دواجار سیکسۆ شوێنپێی لۆگۆس-چووک-تەوەریی دەگەڕێنێتەوە بۆ دیالەکتیکی هیگڵی سەروەر\کۆیلە کە تێیدا ئارەزووکردنی ئەویتر لەڕێی قووتدان و داگیرکردنی تەواوەتیی کۆیلەوەیە. لە کاتێکدا لەو سیستمە مێینەیەی پێشنیاری دەکات ئارەزووی مێینە “دیاری” خۆشەویستی بەویتر دەبەخشێت. لەناو هەرێمی فالووسی خاوەندارێتیکردندا (موڵک، خاوەندارێتی، داگیرکردن و هەموو ئەو وشە نێرینانەی کە بۆ پۆلێنکردن، بەسیستەمکردن و پلەبەندکردنن) “دیاری” وەکوو نایەکسانی (جیاوازی) سەیر دەکرێت کە جێی مەترسییە و نایەکسانی لە هێزدا دروست دەکات. بۆیە کردەی پێدان، وەکوو جۆرێک لە توندوتیژی لێ دێت و ئەویتر دەخاتە بەر مەترسی زاڵێتیی یەک. لە کاتێکدا لە دیاریی مێینەدا، تاک شتەکان قبووڵ دەکات و جۆرێک لە ئاڵوگۆڕ دروست دەبێت کە هەردووک دەتوانن بە جیاوازییەکانیانەوە هەبن.


[1] logocentrism: درێدا دەڵێت گوایە میتافیزیکی ڕۆژاوایی جەخت لەسەر لۆگۆس، لۆژیک و وشەی دەربڕاو وەکوو گەرەنتی هەبوون و شووناس دەکاتەوە. نموونە بۆ ئەم لۆگۆس-تەوەرییە لە تەوراتدا لە ئایەتی پەیدابووندایە “لە سەرەتادا لۆگۆس هەبوو”. هەر بۆیە تێیدا قسەکردن فۆڕمی ڕەسەنی زمانە و هێزی قسەکردن بەستراوەتەوە بە ئاگایی، خودگەری و بیرکردنەوەی ئەقڵانییەوە. ڕەخنەی لاکان دەکات بەوەی جیهانی سیمبۆلی بە ناوی چووکەوە ناو ناوە و کردوویەتی بە سەرچاوەی زمان و ئاماژەبۆکراوی باڵانشین.

خوێندنەوە و شیکردنەوەی دەقە بە جۆرێک کە واتا ڕاستەوخۆ و ڕووکەشییەکە دەخرێتە ژێر گومانەوە و هەر لەم پەیوەندەدایە کە هەقیقەتی زاڵ، یەکی زاڵ، نێری زاڵ و لۆژیکی چووک-لۆگۆس-تەوەر هەڵدەوەشێنێتەوە و دەهێڵێت سیستمێکی بیرکردنەوە بینا بێت لە دەرەوەی چەمکە ڕەسەن و زاڵکراوەکان.

[3] Deconstruction: تیۆرییەکی ئەدەبییە کە پەیوەندیی نێوان دەق و واتاکەی هەڵدەوەشێنێتەوە و ژاک درێدا ناساندوویەتی.

[4]  phallogocentrism تێکەڵەی نێوان هەردووک سیستمی بیرکردنەوەی چووک-تەوەر و لۆگۆس-تەوەرە و سیکسۆ و ئیریگارە بەکاریان بردووە.

[5] phallocentrism

[6] écriture feminine

[7] binary

[8]  Pun: ڕەگەزدۆزی و یاریکردن بە وشە؛ وشەیەک زیاتر لە یەک واتا و لێکدانەوەی هەبێت.

[9]  Tara Puri, ‘Hélène Cixous and the Play of Language’, The Edinburgh Companion to Poststructuralism, Porter, Robert, Mackenzie, Iain, M., Dillet, Benoit, Edinburgh University Press, Edinburgh, 2013, pp 282.

[10] Cixous, Hélène, ‘The Laugh of the Medusa’, trans Coben, Keith and Cohen, Paula, Signs, Vol. 1, No. 4 (Summer, 1976), p 875-893, The University of Chicago Press.

Loading