فیگەری ژمارە ١ ( مێخە گڵینەی هۆری)
مێخەگڵینە[1] یان گوڵمێخی بناغەی هۆری[2] کە بە شێرەکانی ئورکێشیش ناسراوە، دوو مێخەگڵینەی مسیین کە لە شێوە شێردان و لە شاری ئورکێشی هۆرییەکان (گردی مۆزان)ـی ڕۆژئاوای کوردستان دۆزراونەتەوە. بەپێی ئەو نووسراوەی لەسەر یەکێک لە مێخەگڵینەکان هەڵکۆڵراوە، لە بناغەی پەرستگای نێرگڵ لە شاری ئورکێش دفن کراوە کە تایبەت بووە بە پەرستنی نێرگڵی خوای بنجیهان، یاخود خوای کێوەکان (نێرگڵ بە خوای ‘کور’یش ناسراوە؛ لە زمانی سۆمەریدا بە هەردوو واتای بنجیهان و کێو هاتووە). نوسراوی سەر ئەم مێخەگڵینە سەرەتاییترین بەڵگەنامەی زانراوی زمانی هۆرییە. ئێستا یەکێک لە شێرەکان لەگەڵ بەردەگەچێکدا کە نووسینی هۆری لەسەرە، لە مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریسدایە، هەروەتر، شێرێکی تری هاوشێوەش لە مۆزەخانەی هونەری میترۆپۆلیتانە لە نیویۆرک.
مێژووی ئەم دەستسازە هونەریانە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی ئەکەدییەکان (٢٣٠٠ پێش زایین ٢١٥٩ پێش زایین) دەگەڕێتەوە. بێ گومان، دوای سەدەی یەکەمی هەزارەی دووەم و لەناوچوونی دەسەڵاتی ئەکەدییەکان بە دەست گەلانی زاگرۆس، قۆناغێک لە میزۆپۆتامیا دێتە کایەوە کە هێزە خۆجێیەکانی میزۆپۆتامیای ژووروو، دەسەڵاتی خۆجێیی لە تەواوی میزۆپۆتامیا دادەمەزرێنن؛ لەناو ئەم دەسەڵاتانەدا، لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی ئەکەدییەکان، هەتاوەکوو هەزارەی یەکەمی پێش زایین، هۆرییەکان بەهێزترین دەبن؛ واتە نزیکەی ١٤ سەدە لە میزۆپۆتامیای ژوور و بەشێکی ئەنەتۆڵیا و خوارووی ڕۆژئاوای کوردستانیان هەتا سنووری دەسەڵاتی میسرییەکان لە جڵەودا دەبێت. ئەم مێخەگڵینانە لە بناغەی ئاواکردنی پەرستگای نێرگڵدا دانراون و بۆ پاراستن و هێشتنەوەی پەرستگاکە و دەسەڵاتی فەرمانڕەوا و شازادەی هۆری تیشاتال بووە.
لە بەشی سەرەوەی گوڵمیخەکەدا، شێرێکی نەڕەکەر نیشان دەدات کە چنگەکانی بەرەو پێشەوە درێژ کردووە و بەشی خوارەوەش مێخەگڵینەیەکی بەردەگەچ هەیە کە یەکەمین نوسراوی زمانی هۆری لەسەرە، لەنێوانیاندا قەڵغانێکی لە مس دروستکراو هەیە کە چنگی شێرەکەی لەسەرە. هەردوو بەشەکە بە جیا دروستکراون، واتە بەیەکەوە نەنوسێندراون و شێرەکە لە مس دروستکراوە و بە بزمار نووسێندراوە بە بەردەگەچەکەوە. شایەنی ئاماژە پێکردنە کە لە میزۆپۆتامیای کۆن، باو بووە کە پەیکەری شێری لەم جۆرە بۆ پاراستن بەکار بهێنرێت، بەڵام شازی و تایبەتمەندیی شێرەکانی ئورکێش لەوەدایە کە وەک بناغەی بینای پەرستگا بەکار هێنراون.
ئەم شێرەی لە مۆزەخانەی لۆڤەرە، 12.2 بە ٨.٥ سانتیمەتر درێژە و قەڵغانەکەش 8.5 سانتیمەتر پانە. نووسراوی سەر قەڵغانەکە تا ڕادەیەکی زۆر سڕاوەتەوە، بەڵام بەشە خوێنەرەوەکانی، پشتڕاستی دەکەنەوە کە هەمان نووسراوی سەر بەردەگەچەکەیە. هەروەتر، بەردەگەچە سپییەکەش، 10 بە 9 سانتیمەترە کە لە ڕێگەی قەڵغانەکەوە نووسێندراوە بە شێرەکەوە، لەسەر بەردەگەچەکە ئەم نووسراوە دەخوێنینەوە:
“تیشاتال، پاشای ئورکێش، پەرستگایەکی بۆ نێرگال دروست کرد. سا خوا نوباداگ ئەم پەرستگایە بپارێزێت. جا ئەوەی هەوڵی لەناوبردنی [پەرستگاکە] دەدات، دەبا خوا نوباداگ لەناوی ببات. دەسا خوای ئەم کەسە گوێ لە نزاکانی نەگرێت. یاخوا خاتوون ناگار، [مێخوای خۆر] شیمیگا و خوای زریان، 10,000 جار نەفرەت لەم کەسە بکات کە هەوڵی لەناوبردنی ئەم پەرستگایە دەدات.”
هەروەها، هەندێ لە شارەزایان باوەڕیان وایە کە ناوی نێرگڵ لەبری، یاخود نوێنەرایەتی خوای هۆرییەکان، کومباری یان ئەشتابی دەکات، بەڵام بەڵگەی ئەوەش هەیە کە نێرگڵ لە لایەن هورییەکانەوە بە ناوی خۆیەوە وەک یەکێک لە خواکانی میزۆپۆتامیا بە گرنگ دانراوە و خراوەتە ناو جڤاتی خواکانی هۆرییەوە.
[1] clay nails
[2] Hurrian foundation pegs