نووسین

بەهەشت لەنێوان دوو ژندا

شارا تاهیر

ژنۆلۆژی وەک زانستی ناسینی ژن، پێداگری لە سەر ئەوە دەکات کە وێنای ژن کەوتۆتە ژێر خۆل و داروپەردووی مێژوویەکی قووڵی پیاوگەراییەوە، کە تیایدا ڕاستی و حەقیقەتی ژن دیزەبەدەرخۆنە کراوە و ئەوەی هەیە سروشتی ژنی ڕاستەقینە نییە، بەڵکو ئەم ژنەی لە  ئێستادا بوونی هەیە زادەی پاچکاری و تێکشاندن و لێسەندنەوەی ڕۆح و هزر و ئەقڵی ئەو ژنەیە کە پێشتر وەک دایکەخوداوەند بوونی هەبووە. بە ڕای ئاپۆ بۆ ئەوەی لە بوونی ژن و وێنای ژن تێبگەین و بتوانین پێناسەیەکی ووردی بۆ بکەین ئەوا گرنگە مێژووی ژن لە ڕووی ئارکۆلۆژییەوە هەڵکۆڵێن و لێیبکۆڵینەوە. بۆ ئەم کارەیش پێویستە بە مێژوویەکی دووری نۆ هەزار ساڵەییدا ڕۆبچینە خوارەوە و ژن لە نۆ قۆناغی جیاواز دا بخوێنینەوە و شیکاریی بۆ بکەین. گرنگی ئەم گەڕانەیش بە ناو مێژوودا هەم ناسینی وێنای ژنە و هەمیش ئاشنابوونە بەو مێژووەی کە لەسەر سڕینەوەی وێنای ژن لە ڕووی هزر و ئەقڵ و جەستەوە دروستبووە.
 ئەم مێژووی تێکشاندن و وێرانکارییەی ژن کە سەرەتا بە میتۆدۆلۆژیا دەستپێدەکات و دواتر بە ئایین، فەلسەفە و زانست تەواو دەبێت، هەر هەموویان لە سەر یەک بنەما کاریانکردووە ئەویش پیشاندانی ژنە وەک بوونەوەرێکی کەموکورت، بە مانایەکی دیکە، ئەویتری کەمتر لە پیاو. (ئەوەی کە شتێک یان خەسڵەتێک یان ئۆرگانێکت کەمترە لە ئەوی تر). تۆی ژن (ناقص العقل)یت بە مانا دینیەکەی، تۆی ژن (مێنیەیەکی بێ فالوس)یت بە مانا فرۆیدیەکەی، تۆی ژن خاوەن ئابووری خۆت نیت و لە سێبەری ئەویتری پیاودا دەژیت بە مانا مارکسییەکەی. روونتر بڵێین هیچ کام لە ئایین و فەلسەفە و تا دەیشگاتە زانست، کە لە سەر دادپەروەری و ئازادی مرۆڤدا هاتونەتە دەنگ نەیانتوانیوە جگە لە پیاو ئیدیاڵێکی دیکە بۆ مرۆڤبوون بدۆزنەوە کە شایستە بەوە بێت بوونەوەرەکانی تر خۆیانی پێبەراورد بکەن وەک بەهادارترین هێز و سیمبولی دەسەڵاتدارێتی.
 تیزەی سەرەکی ژنۆلۆژی بە پشتبەستن بە ئاماژە و وتەکانی ئاپۆ ئەوەیە کە ئێمە لە ڕیی ژنۆلۆژیەوە وەک زانستی ناسینی ژن دەتوانین پێناسەیەکی ووردی ژن بکەین، ئەویش بە گەڕانەوە پاشا و پاش بە ناو قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا کە تیایدا ژن و وێنای ژن شێوێنراوە. دۆزینەوەی ئەو ژنە و دەرهێنانی لە ژێر داروپەردووی ئەو مێژووە شاراوەیەدا و جارێکی تر پێناسەکردنەوەی، یەکێکە لە وەڵامەکان بۆ هەموو ئەو توندوتیژی و قاتوقڕییەی  لە لایەن دەسەڵاتی تاکڕەهەندی پیاوگەراییەوە بە سەر بوون و وێنای ژندا سەپێنراوە.
گەر ئاوڕێکی خێرا بە ناو ئەو مێژووەدا بدەینەوە ئەوا چەندین ناووناتۆرە و پێناسەی نەشیاو بەرچاو دەکەوێت کە بوونەتە بەرگ و بە باڵای ژندا کراون، ئەم بەرگە هێندە توند و قایم بە بەریدا کراوە کە ناتوانێت لە پێستی جیابکەیتەوە و دایماڵیت، ئەگەر پێشوەخت ئەڵتەرناتیڤ و بەدیڵێکی ترمان نەبێت بۆی. هەندێک لەو ناو و ناتۆرانەی کە بوونەتە بەشێک لە شوناسی ژن و ئەستەمە لە خۆی بکاتەوە، بریتیین لە:” شەیتان، جادوگەر، عفریت، لە پەراسووی پیاو خوڵقاوە، ئەژدیهای حەوتسەر، ژن پیاوێکە کە ناکامڵ خوڵقاوە، ئەو کێڵگەیەی پیاوان کەی بیانەوێ دەیکێڵن، هتد..”
 
بە یەکدادانی ژنەکان لەگەڵ یەکدا، چاندنی تۆی دووبەرەکی و فیتنەیی و ئیرەیی لە نێوان ژنەکاندا مێژوویەکی قووڵ و درێژی هەیە، گەر لێرەدا ئێمە بە تەواوی ئەو مێژووەشدا نەچینەوە ئەوا بۆ من گرنگە باس لە بوونی یەکەمین ژن بکەین  کە لە مێژوو و ئەدەبیاتی ئێمەدا و بە تایبەت لە ئاینی ئیسلام دا شاردراوەتەوە و باسی لێوە ناکرێت، ئەو ژنەیش (لیلث)ە، کە بە پێی ئەفسانەکان، ئاینی مەسیحی و جولەکەیش، یەکەم ژنی ئادەمە و پێش حەوا هاتۆتە بوون. هەڵبەت  وێنای لیلث و حەوا کاریگەرییان وەک ژنەکانی ناو بەهەشت جێگەیەکی بەرچاویان هەیە و بوونەتە جێی سەرنجی زۆرێک لە فێمێنیست و دەرونشیکارەکان. بەو پێیەی کە ئەم دوو ژنە تا ئێستاش مۆرکی خۆیان لە سەر وێنای ژن بە جێهێشتووە یان ووردتر بڵێین ئەو ژنەی کە هەیە درێژکراوەی ئەو وێنا سەرەتاییەی لیلث و حەوایە.
 
هەر سێ ئایینە یەکتاپەرستییەکان لە سەر ئەوە کۆکن کە خودا حەوای لە پەراسوی ئادەم خوڵقاندووە. لە کاتیکدا لە ئاینی ئیسلامدا حەوا تاکە ژنی ئادەمە و پێش ئەویش ئادەم هیچ ژنێکی تری نەبووە، ئەوا لە دوو ئاینەکەی تردا خودا بەر لە حەوا، لیلث وەک یەکەم ژن دروستدەکات. لە ئینجیلدا لیلیث بە جەند شێوەیەک دەردەکەوێت بەڵام گرنگترینیان لە پەیوەندیەتی بە ئادەم و حەواوە. بە گوێرەی قوتابخانە عیبرییەکان لە کتێبی پیرۆزدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئادەم پێش حەوا ژنێکی تری هەبووە ئەو ژنەیش لیلیثە. لە کتێبی پیرۆزدا هاتووە( کە خودا پیاوی لەسەر وێنای خۆی دروستکرد، لە وێنای خودا پیاوی خوڵقاند، نیر و مێی دروستکرد.(Genesis 1:27-28)).
گەر ئێمەش ئەم سەرچاوەی دروستبوونە بە هەند وەربگرین، ئەوا دەڵێین ئەو ژنەی کە خودا یەکەم جار دروستیکردووە لەسەر وێنای خۆی حەوا نییە، بەڵکو لیلیثە. بەو پێیەی کە حەوا بە پێی هەر سێ ئاینەکە و بە تایبەتی لە ئاینی ئیسلامدا جەختی لێکراوەتەوە لە پەراسوی ئادەم دروستبووە نەک لەسەر وێنای خۆدا خۆی. بە پێی ئەفسانەکان، خودا لیلیث لە بەهەشت دەردەکات چونکە لیلیث گوێڕایەڵی فەرمانەکانی خودا نابێت کاتێک داوای لێدەکات ببێتە خزمەتکار و پاشکۆی ئادەم. لە کتێبی (دەروازەیەک بۆ ژنۆلۆژی)دا بوون و قۆناغی لیلیث بە چینی چوارەم لە هیرارکی نۆ قۆناغە مێژووییەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە و بەم جۆرەیش باسی لێوەکراوە: (لیلیت بۆ یەکەمین جار لە داستانی گلگامشدا بینرا، ڕۆحێکی خراپی سەردەستی شەو و دونیای ژێر زەوییە. لە میتۆلۆژیای سۆمەر، بابل و پەرسدا باوەڕیان وابووە ژنە ڤامپیر “خوێنمژ”، کۆتایی هەموو جەستەکان، کوندەپەپویەکە دەخوێنێ، سەگ و مارە. بەپێی باوەڕی سۆمەریەکان لیلیت لە قۆناغی بەراییدا دەستی چەپی ئینانا بوو، ئەرکەکەی هێنانی پیاوان بووە بۆ پەرستگەی خوداوەندەکان. دواتر لیلیت لە میتۆلۆژیای سۆمەریەکاندا دەگۆڕێ بۆ الماشتو. دەبێتە عیفریتێکی پەڕ و باڵدار و مەخلوقێکی ترسناکە. دەبێتە هۆکاری مردنی ئەو کۆرپانەی کە تازە لە دایک دەبن و لەبارچوونی ژنانی دووگیان، خوێنی پیاوان دەخواتەوە و گۆشتەکەیان دەخوات. جانەوەرێکە کە لە ڕەگی داری هولوپوی ماڵەکەی ئینانا دروستیکردووە، ناوەکەی تری ئەو عیفریتە لیالکەیە، گلگامش دەست لەو دۆخەی ئەو وەردەدات. لە ساڵی ٢٤٠٠ پ.ز لە نێو گەلانی میزۆپۆتامیادا وەک خوداوەندی لیل-ی با و گێژەلوکەی ڕوخێنەر، لای بابلییەکان وەک ڕۆحی با و پاڵنەری ڕەمەک دەناسرێت).
 
گەڕانەوە بۆ ئەم مێژووە ئاینییە و قسەکردن لە سەر وێنای لیلیث و حەوا لەوەدا گرنگە کە ئەم دوو ژنە هەردووکیان لە لایەن خوداوە فڕێدەدرێنە دەرەوەی بەهەشت بەو پێیەی کە هەردووکیان گوێڕایەڵی فەرمان و ڕێساکانی خودا(باوک) نەبوون.
لە کاتێکدا لیلیث فەرمانی خودا ڕەتدەکاتەوە چونکە بانگەشەی یەکسانبوون و هاومافبوونی خۆی لەگەڵ ئادەمدا دەکات، بەو پێیەی کە ئەویش وەک ئادەم لەسەر وێنای خودا دروستبووە. بە گوێرەی باوەڕی جولەکە و کریستیانیش لیلیث یەکەمین ژنە کە لەگەڵ ئادەم بە شێوەیەکی یەکسان خولقێنراوە. لیلیث مێینەیەکی یاخییە لەبەرئەوەی بانگەشەی کردووە کە لەگەڵ ئادەم یەکسانە، بۆ ئەوەش خزمەتی ئەوەی ڕەتکردۆتەوە یان لە بەهەشت دەرکراوە. ژنێک کە ڕازی نەبوو مل بۆ خودا و ئادەمەکەی خودا کەچبکات، باجی ئەم ملکەچنەبوونەیشی ئەوە بوو کە درایە پاڵ شەیتان و بەهەشتی لێ حەرامکرا. بە پێی گێڕانەوە و ئەفسانەکان بێت  خودا لەسەر داوای ئادەم جارێکی تر بانگهێشتی لیلیث بۆ بەهەشت دەکاتەوە، هەڕەشەی ئەوەیشی لێدەکات گەر ئەو داوایە ڕەتبکاتەوە ئەوا مناڵەکانی دەکوژرێت. بەڵام لیلیث دەست لە کەلەڕەقی خۆی بەرنادات و ئەمجارەیش فەرمایشتی خودا بەجێناهێنێت و ناگەڕیتەوە بۆ بەهەشت تا دڵی خودا و ئادەم  لە خۆی ڕازیبکات.  هەر بۆیەش سزای خودا هەر بە کوشتنی مناڵەکانی لیلیثەوە نەوەستا، بەڵکو ژنێکی دیکەی بە ناوی حەوا بۆ ئادەم خوڵقاند. بە دروستکردنی حەوا لە پەراسوی ئادەم خۆی، خودا بە دیوێکدا تەنیایی ئادەمی پڕکردەوە بە دیوەکەی تریشدا هەڵەکەی خۆیشی ڕاستکردەوە بەوەی کە ژن تەواو لە خاسیەت و سیفەتی خوداوەندی داببڕێت  و تەواو  بیکات بە پاشکۆ و بەشێک لە ئادەم. بەو نیازەی کە حەوا وەک پاشکۆ و بەشێک لە ئادەم ملکەچی فەرمان و ڕیساکانی خودا دەبێت. ئەوەی جێی سەرنجە لە گێڕانەوەی لیلیث و دروستبوونی حەواش دوا بە دوای ئەو، پاسیڤی ئادەمە کە هەمیشە پاشکۆ و نەکردەیە.  شەڕەکەیش لە نێوان  ئادەم و لیلیث نییە، بەڵکو لە نێوان لیلیث و خودا(یاسای باوک) دایە. ئادەم خۆی هەڵگری هیچ پۆتنسیالێک نییە و هیچیشی لە باردا نییە لە هەردوو ڤێرژنەکەدا، جا ئەوەی کە لە قوڕ دروستکراوە یان ئەوەی لەسەر وێنای خودا خوڵقاوە وەک نێرێکی پاسیڤ، گوێڕایەڵ و ملکەچ دەردەکەوێت.
رۆحی تۆڵەکردنەوە لە لیلیثدا دوای ئەوەی کە دەزانێت حەوا جێی گرتۆتەوە زیاتر برەودەسێنێت، جا بۆ تۆڵەکردنەوە لە خودا جارێکی دیکە لەسەر شێوەی مارێک خۆی دەکاتەوە بە بەهەشتدا و فریوی حەوا دەدات تا لە داری مەعریفە(میوەی ڕێپێنەدراو) بخوات، بۆ ئەوەش خودا دەست و پێی دەبڕێتەوە. تۆڵەی لیلیت کۆتایی نایەت، منداڵەکانی ئادەم و حەوا دەخوات، زیان بە ژنانی زەیستان دەگەیەنێت. لەملایشەوە گەر لیلیث وەک لە تێکستە ئاینی و ئەفسانەکاندا ئاماژەی پێکراوە لەسەر وێنای خودا دورستبووبێت وەک بوونێکی هاوکەماڵ  لە گەڵ ئادەمی هاوژینی، بەڵام سەرەڕای ئەم کەماڵبوونەیش هەر وەک فەسادکەرێک یاساکانی خودا(باوک) ڕەتدەکاتەوە و نایەوێت لە بەهەشتی بەریندا بمێنێتەوە.  فرۆید دەڵێت ناوزەندکردنی لیلیث بەوەی کە مناڵدز بووە و بۆتە هۆی لە ناوبردنی مناڵەکان لە سکی دایکیاندا شتێک نییە لە خۆیەوە هاتبێت و زادەی هەل و فرسەتەکان بێت. بە ڕای فرۆید دزینی مناڵ لە ژنەکان واتە لێسەندنەوەی ئەو فرستەیە کە ببنە خاوەنی فالوسی خۆیان. لیلیث خۆی ژنێکە کە نەتوانراوە بخەسێنرێت بەڵام بوون و نەبوونی دەبێتە هەڕەشە بۆ ئەگەری خەساندنی ژنەکانی تر. 
 
ئەوەی کە حەوا جیادەکاتەوە لە لیلیث ئەوەیە کە حەوا توانای بەرگەگرتنی فریوەکانی نییە، ئەگەر چی لە دۆخی حەودا فریوەکە دوورە لە فریوی سێکسییەوە و زیاتر فریوێکی مەعریفییە. چونکە خواردنی لە داری مەعریفە واتا وەرگرتنی مەعریفەی زیاتر، شتێک کە پێشتر حەوا نەیبووە، خوداش نەیبەخشیوە. ئەگەرچی حەوا لە ناو بەهەشتی بەریندا بووە هەموو خۆشی و شادییەک لە ژێر پێیەکانیدا بووە بەڵام هێشتا بۆ حەوا بەس نەبووە و هەموو کەماڵی بەهەشت بە ئادەمیشەوە نەیتوانیوە پڕی  بکاتەوە و جڵەوی بکات، شتێکی نوقسان بووە ئەویش مەعریفە و زانین بووە. کەواتە گەر بەهەشت بە نەزمی سیمبولێک دابنێن لە ژێر سایەی یاسای باوکدا، ئەوا حەوا یەکەمینە کە لەم نەزمە هەڵدێت و ڕەتیدەکاتەوە بە زمانە دەرونشیکارییەکە. بەو مانایەی گەر نەزمێکی سیمبولی بیخەوشیش هەبێت لە جۆری بەهەشت ئەوا بۆ ژن نییە و ژن ناتوانێت تیایدا بحەوێتەوە. ژن هیچ کات بەوە ڕازی نییە کە هەیەتی گەر ئەو هەبوونە بەهەشتیش بێت. ئەم وێنایە بۆ ژنی خەتاکار و گوناهبار زیاتر لە وێنای ژنی ئێستاوە نزیکە. ژولیا کرێستیڤا لە پەیوەندی نێوان ئینجیل و ئابجێکشندا باس لەوە دەکات کە سوبێکت بە هۆی ئابجێکشن لە یەک دەترازێت و لەتدەبێت، هەربۆیەش پێویستە بژاردەیەکی تر بدۆزێتەوە تا بتوانێت لە نەزمی سیمبولیکدا بەشدار بێت. کرێستیڤا لە شێکارەکەیدا دوورتر دەڕوات و دەڵێت؛ کە گرێی سەرچاوەی گوناهەکان لە ئاینی مەسیحییدا لە ڕێی زایەکردنی جەستەی مەسیحەوە دەکرێتەوە، بەو مانایەی ئەو گوناهەی کە ژنێك کردی و بووە هۆی دەرکردن و بێبەشبوونی ئادەم (مرۆڤایەتی) لە بەهەشت لە ڕیی ئەشکنجەدانی جەستەی پیاوێکەوە هەڵدەگیرێتەوە.
 
 پرسیارەکە لێرەدا ئەوە نییە کە ئایا ئادەم یەک ژنی هەبووە یان دوو؟ بەڵکو پرسیارەکە بۆ من زیاتر ئەوەیە کە ئایا ژن بۆ یەکەم جار چۆن دروستبووە؟ ئایا ژن لەسەر وێنای خودا دروستبووە وەک لە فیگەری لیلیثدا باسی لێدەکرێت، یان ژن لە پەراسوی پیاوەوە دروستبووە وەک لە فیگەری حەودا بیستوومانە؟ کام گێرانەوەیە دەتوانێت زیاتر بەرجەستەی وێنای ژن بکات بە مانا دەرونشیکارییەکە. چونکە گەر ئێمە باوەڕ بەوە بکەین کە ژن لە پەراسوی پیاو دروستبووە و پیاویش لەسەر وێنای خودا، ئەوا حەوا وێنای ئەو سوبێکتی مێینەییەیە کە بەشێکی خەسێنراوە، بەو پێیەی لە پەراسوی پیاو دروستبووە نەک لەسەر وێنای خودا خۆی و هاوکەماڵی ئادەم، دواتریش وەک فریودراوێک بەوەی کە لە دەرەوەی بەهەشت بوونی هەیە کە مەعریفە و زانینە.
کەواتە گەر لیلیث ئەو ژنەیە کە بوونی نییە بە تایبەتی بە پیی ڤێژنە ئیسلامیەکە، ئەوا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ژن بوونی نییە لە نەزمی سیمبولیکدا بە مانا لاکانیەکەی، چونکە ژن بە سروشتی خۆی ناتوانێت لەناو نەزمە فالیکیەکەدا جێی بێتەوە و دروست ببێت. کەواتە ئەوەی بوونی هەیە حەوایە. حەوا وەک پاشکۆی پیاو، حەوا وەک بەشێک و وەک پەراسوی پیاو، حەوا وەک مێینەیەکی خەسێنراو بەو پێیەی کە لە پەراسوی ئادەم دروستبووە، بە مانایەکی دیکە، ئادەم بەشێک لە خۆی دەداتە حەوا، بە بێ بەخشینی ئەو بەشەی خۆی(فالوس) بە حەوا، ئەو ناتوانێت بێتە بوون، بوونێک کە تەنها بۆ ئەوە و لە بەر خاتری ئەوە. واتە مەرجی پێشوەخت بۆ دروستبوونی ئادەم وەک نێرینەیەک دروستبوونی حەوایە وەک مێینەیەک بەڵام بە بەشێک لە ئادەم. دیسان ئەم بەخشینە شتێک نییە لە خۆیەوە هاتبێت و خۆبەخشی بێت، بەڵکو بە فەرمانی خودایە. خودا ئادەم لەسەر وێنای خۆی دروستدەکات، بەڵام هەر خۆیشی بەشێک لە ئادەم دەبەخشێت تا حەوای بۆ بخوڵقێنێت، ڕوونتر بڵێین خەساندنەکە هەر لەوێوە دەستپێدەکات وەک چۆن نکوڵیکردنیش لە خەساندن هەر لەوێوەوە دەستپێدەکات. ئەوەی کە لاکان دەڵێت ژن سیمپتومی پیاوە، دەتوانین لێرەوە سەرچاوەکەی بدۆزینەوە، بەو مانایەی بوونی ژن نکوڵیکردنە لە خەساندن. گەر ئێمە ئەم سەرجاوەی دروستبوونەی ئادەم و حەوامان قبوڵ بێت کە ژن پەراسوی پیاوە و دەگەڕێتەوە بۆ پیاو، ئەوا دەڵێین فالوسی ئادەم لە دەستنەچووە بەڵکو لە حەوادایە وەک ئۆبێکتی بچووکی ئەی، بە زمانە لاکانییەکە. حەوا وەک پاشکۆی ئادەم و هەڵگری بەشێکی ئەو، هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی ئەوەدایە کە ئەو بەشەی (فالوس)ەی لێبسەنرێتەوە کە لە سەرەتاوە ئادەم بە بێ ویستی خۆی بە فەرمانی خودا پێی بەخشیوە.
با بیرمان نەچێت کە بە ڕای لاکان  هەڵەیەکی گەورەیە بۆ سوبێکتی نێرینە کە پێیوابێت ئۆبێکتی بچووکی ئەی، لەناو کەسێکی تردایە، بەو مانایەی کە دەتوانێت جارێکی تر وەریبگرێتەوە و بە دەستیبهێنێتەوە بۆ خۆی.

Loading