بیركردنه‌وه له بزووتنه‌وه‌ی ژینا
- نـــووسین: ژانـێـت بــیــیـــــهل
- ڕاسپاردن و وەرگیڕان: شیلان فواد
- (تایبەت بە گۆڤاری فرە)
مانگی سێپته‌مبەری ٢٠٢٢، ژینا ئه‌مینی، ژنێكی كورد، له گرتووخانه‌ی «پۆلیسی ئه‌خلاق»ی ئێران‌دا كوژرا. مردنی ئه‌و گڕێك بوو به‌ر گڕاڵك كه‌وت و ئاگره‌كه تەشەنەی سەند. خه‌ڵك له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و هه‌موو ئێران هاتنه سه‌ر جاده‌كان و درووشمی كوردیی «ژن، ژیان، ئازادی»یان وته‌وه. ناڕه‌زایه‌تییه‌كه‌یان سه‌رسووڕمانی خه‌ڵكی ده‌وروپشتی ڕ‌اكێشا و هیوای ئه‌وه‌ی پێ به‌خشین كه خه‌ڵكی ڕهنجكێشاوی ئێران له دواییدا زنجیره‌كانیان بپسێنن.
ناڕەزاییهكان تا ئه‌مڕۆ به‌رده‌وامن، سه‌ره‌ڕای ده‌سه‌ڵاتێك كه ده‌گرێ، ده‌بڕێ، لاقه ده‌كات و شه‌لم كوێرم ده‌كوژێ، ئه‌ویش به تایبه‌ت له ژنان، به تایبه‌ت له گرووپه كه‌مینه‌كان و به تایبه‌تتریش كورده‌كان. بزووتنه‌وه‌كه پته‌و و ڕیشه‌داره، چونكوو نادادی له كۆمه‌ڵگای ئێرانی‌دا ڕیشه‌داره و هه‌موو ڕۆژێك به ئاشكرا له هه‌موو لایه‌نێكی ژیاندا هه‌ستی پێ ده‌كرێت. له‌ژێر حوكمی مه‌لاكاندا، ژیانی ژنان گه‌لێ سنووری بۆ دانراوه. ئازادییه ئایینییه‌كان سنووردار كراون. مافی مرۆڤ و مافی كه‌مینه ئه‌تنیكییه‌كان، به كورده‌كان و كهمنیهكانی دیكه‌شه‌وه، بێ‌وچان پێشێل ده‌كرێت. له‌به‌ر ئه‌مه‌ش، جەختی بزووتنه‌وه‌ی ژینا له‌سه‌ر زه‌بروزه‌نگی پۆلیس نییه. به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌مه بزووتنه‌وه‌یه‌كی ژنانهیە كه داوای مافه‌كانیان و مافی كورده‌كان ده‌كه‌ن، هه‌ر وه‌ك كه‌مینه‌كانی دیكه‌ش داوای مافه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن. داوا بۆ مافه‌كان بووه‌ته داوایه‌كی مه‌ده‌نیی هه‌مه‌گیر. ته‌نانه‌ت توێژه هه‌ره نه‌ریتییه‌كانی كۆمه‌ڵگاش، سیاسیی بوونه‌تەوه و چوونه پاڵ ئه‌و پلاتفۆرمه‌ی هه‌موو وڵاته‌كه‌ی گرتبۆوه و به‌گژ ڕژێمدا چوونه‌وه.
بێ گومان ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه، كه كورده‌كان دانه‌ر و ده‌سپێكه‌ری بوون، ده‌خوازێ مه‌لاكان له‌سه‌ر حوكمه ڕه‌هاكه‌یان لا ببات. به‌ڵام به داواكردنی مافه‌كانی مرۆڤ، بزووتنه‌وه‌كه خودی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت تووشی ته‌نگژه ده‌كات. چونكوو مافه‌كانی مروڤ بۆ هه‌مووان ناتوانێ له‌نێو بونیادی هه‌نووكه‌یی ده‌وڵه‌تدا هه‌بێ؛ گۆڕینی ڕێبه‌رێكی ده‌سه‌ڵاتخواز به یه‌كێكی دیكه هیچ شتێك ناگۆڕێت. هیچ دهسهڵاتخوازێك، به جه‌وهه‌ری خۆی، ڕێگه به ده‌ستڕاگه‌ییشتنی هه‌مووان به مافه‌كانی مرۆڤ نادات؛ هیچ تیۆكراسییهكی ئایینی ڕێگه به شتێكی وه‌ها نادات. ئه‌و سیستمه‌ی ئێسته له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته له‌گه‌ڵ مافه‌كانی مرۆڤدا یه‌ك ناگرێته‌وه.
بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كان، دیمۆكراسی پێویستە، له‌به‌ر ئه‌وه، بزووتنه‌وه‌ی ژینا له جه‌وهه‌ری خۆیدا شۆڕشگێڕانه‌یه. بۆ دڵنیایی له دابینكردنی مافه‌كانی كه‌مینه نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كان، ئه‌وان دەبێت بەشێک بن لە دیموکراسییەتەکە. بۆ دڵنیایی له‌وه‌ی ژنان هه‌مان ده‌رفه‌تی ژیانیان هه‌بێت كه پیاوان هه‌یانه، پێویسته ببنه به‌شێك له دیموکراسییەتەکە. بۆ دڵنیایی له یه‌كسانی له به‌رانبه‌ر یاسادا، كۆمه‌ڵگا ده‌بێ دیمۆكراسی بێت. كه‌واته، بۆ گه‌ییشتن به ئازادی، خه‌ڵكی ئێران پێویستی به دیمۆكراسییه. ئایدۆلۆژیای كۆنفێدرالیسمی دیمۆكراتیك ئه‌م ڕاستییه حاشاهه‌ڵنه‌گره ده‌ناسێته‌وه و ده‌یناسێنێت. له‌م مۆدێله‌دا، وه‌ك عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان پێشنیاری كردووه، به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگا ده‌سه‌ڵاتی خۆی نه‌ك له حكوومه‌ت، به‌ڵكوو له به‌هاكان و له به‌شداریی هه‌موو خه‌ڵكانه‌وه وه‌رده‌گرێت، كه‌وابوو خۆ-به‌ڕێوه‌به‌ره. كۆنفێدرالیسمی دیمۆكراتیك پێشنیار ده‌كات كه كۆمه‌ڵگا وه‌ك دیمۆكراسییه‌كی خۆ-به‌ڕێوه‌به‌ر ڕێك بخرێت.
كۆنفێدرالیسمی دیمۆكراتیك مۆدێلێكی فراوانه و هه‌مه‌گیره: ته‌نیا بۆ كورده‌كان كورت نه‌بووه‌ته‌وه، به‌ڵكوو هه‌موو ئه‌تنیسیته، ئایین و جهندهرهكان له‌خۆ ده‌گرێت كه خه‌میان گه‌یشتنه به بوونێكی پێكه‌وه‌یی دیمۆكراتیك. ئه‌م ئایدۆلۆژیا یه‌كخه‌ره داوا ده‌كات كه خه‌ڵك له خواره‌وه‌ڕا ئه‌م دیمۆكراسییه خۆ-به‌ڕێوه‌به‌ره بخولقێنێت. عه‌بدوڵڵا ئۆجالان، بۆ په‌ره‌دانی كۆنفێدرالیسمی دیمۆكراتیك، كاریگه‌ریی نووسینه‌كانی موورای بووكچینی هاوژینی پێشووی منی به‌سه‌ره‌وه بوو. ئه‌م دوو بیرمه‌نده كۆنهماركسیسته، هه‌ردووكیان له ئامانجی دیمۆكراسیی شووراییدا هاوبه‌شن كه له خه‌ڵكه‌وه دێت و له‌به‌رانبه‌ر ده‌وڵه‌تی سه‌ركوتكاردا كۆنفێدراسیۆنهكان پێكدێنێت.
بیرمه بوكچین كاتێ زیندوو بوو و سه‌باره‌ت به‌م باسه ده‌ینووسی و ده‌دوا، لای وابوو كه ده‌وڵه‌تی سه‌ركوتكار سیستمی حكوومه‌ته نوێنه‌رایه‌تییه هاوبه‌شه‌كان بوو له خۆرئاوا. ئه‌و لای وابوو پێویسته خه‌ڵك خۆیان وه‌ك هاوڵاتی له شووراكاندا، خۆیان بەڕێوە بەرن. نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بده‌ن به ده‌ستی نوێنه‌رانی ههڵبژێدراوهوه، كه ده‌گوێزنه‌وه بۆ پایته‌خته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی به ناوی خه‌ڵكه‌وه) بڕیار بده‌ن. ئه‌و هاوڵاتیانی هان ده‌دا- له هه‌موو كه‌مینه‌كان و به ژنانیشه‌وه- كه داوای ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بكه‌ن و خۆیان به‌كۆمه‌ڵ بڕیار بده‌ن.
بووكچین خه‌یاڵی لای ئه‌و ڕژێمه ده‌سه‌ڵاتخوازه توندوتیژانەی وه‌ك ڕژێمی مه‌لاكانی ئێران نه‌بوو. ئه‌و هه‌وڵی ده‌دا فۆڕمێكی تۆكمه‌تری دیمۆكراسی بخولقێنێت. هەرگیز پێی وانەبووە ڕۆژێک دێت بیرۆکەکانی بە جۆرێک ناڕاستەوخۆ لە ئێران‌دا کار بکەن، بەڵام دواجار بێئەندازە ئاسوودە دەبێت گەر کاری پێ بکرێت لەوێ. بووکچین لە هەڵگیرساندنی شۆڕشێکی وەها لە ڕۆژاوا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام ئەوەتا نووسینەکانی دۆخێکی وەرچەرخانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژاڤا خستووەتەوە. لە ڕۆژاڤا، لەوێ، كاتێ شه‌ڕی نێوخۆی سووریا له ساڵی ٢٠١١دا ته‌قییه‌وه، بزووتنه‌وه‌ی كورد-رێبه‌ر ملی به‌وه نه‌دا كه له‌نێوان دیكتاتۆرێك و ئیسلامیسته توندڕه‌وه‌كاندا یەکیان هەڵبژێرێت؛ ئه‌وان «هێڵی سێیه‌م»یان ده‌ویست و خۆ-حوكمدارییهكیان ڕۆنا كه لەسەر بنەمای كۆنفێدرالیسمی دیمۆكراتیكه‌وه وه‌رگرتبوو. ئه‌وڕۆكه ئه‌م سه‌ركه‌وتنه گه‌شه‌ی شۆڕشی ڕۆژاوا ده‌ری ده‌خات چی له خۆرهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و له‌ولای ئه‌ویشه‌وه، مومكینه بكرێت.
ڕاستییه‌كی بنچینه‌یی له سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ڕۆژاوادا ئاماده‌كاریی پێشوه‌خته بوو. بۆ گه‌یشتن به هه‌ر سه‌ركه‌وتنێك، ڕێكخستن پێویست و زه‌روورییه. هه‌ر له سه‌ره‌تاكانی ٢٠٠٥ یان ٢٠٠٦ه‌وه كورده‌كان له باكووری سووریا بڕیارێكی ئایدۆلۆژییان دا و ده‌ستیان كرد به دامه‌زراندنی ده‌زگا كۆنفێدرالیسته دیمۆكراتییهكان، كۆمیته‌كان و ڕێكخراوه‌كان و شووراكان. ئه‌وان له‌ژێر مه‌ترسیی زیندان و ئه‌شكه‌نجه و دەسەڵاتی خراپترین دیكتاتۆریی ئه‌سه‌ددا، ئه‌م كاره‌یان كرد. ئه‌وان به‌پارێز و وریا بوون. به هێواشی و ئارامییەوە كاریان كرد. به‌ڵام كۆڵیان نه‌دا. دواتر ده‌رفه‌ته گه‌وره‌كه له هاوینی ٢٠١٢دا ڕه‌خسا، كاتێ ڕژێمی ئه‌سه‌د له ڕۆژاوا كشایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له باشووری وڵاته‌كه شه‌ڕی ئیسلامییه‌كان بكات. ئه‌وان له‌و كاته‌دا ئاماده‌بوون. ئه‌و ده‌زگا دیمۆكراتییانهی كه پێشتر دامه‌زرابوون، هاتنە دەرەوە و خۆیان دەرخست. كاتێكیش هه‌تاویان به‌ركه‌وت، داموده‌زگای دیمۆكراتیی دیكه گه‌شه‌یان كرد و بڵاو بوونه‌وه.
لام وایه كورده‌كان و هاوپه‌یمانه‌كانیان له ڕۆژهه‌ڵات و ئێران له پێویستیی ئاماده‌كاری تێده‌گه‌ن. كاتێ ڕۆژاوا به ده‌زگا دیمۆكراتییەكانییهوه دامه‌زرێنرا، كۆمه‌ڵگا نوێیه‌كه ده‌سته‌ویه‌خه‌ی گه‌لێك ئاڵەنگاری بوو، وه‌ك من له دوو سه‌فه‌ری ٢٠١٤ و ٢٠١٥دا شایه‌تی بووم. یه‌كێك له ئاڵه‌نگارییه گه‌وره‌كان ئه‌وه بوو، بۆ هەموو ئه‌تنیسیته و ئایینییه‌كانی بسه‌لمێنن كه سیستمی نوێ خۆشحاڵه به به‌شدارییان. دیكتاتۆری چەندان ده‌یه خه‌ریكی چاندنی بێ متمانه‌یی بوو له‌نێوان گرووپه تهنییهكاندا، به‌پێی هه‌مان ستراتیژیی په‌رت بكه و زاڵ به، په‌یامی دیكتاتۆری بۆ عه‌ره‌به‌كان ئه‌وه بوو كه ئه‌گه‌ر بێت و كورده‌كان ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست، هه‌ر ئه‌و خراپه‌تان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن كه ئێمه له‌گه‌ڵمان كردوون. كه‌وابوو كه‌له‌پوورێك له بێ متمانه‌یی و گومان و ڕاسیسم هه‌بوو و، كۆمه‌ڵگای نوێ ده‌بووایه به‌سه‌ریدا سه‌ركه‌وێت.
به‌ڵام ئه‌وان ده‌بوو چی بكه‌ن؟ یه‌كه‌م، ڕێبه‌رانی كۆمه‌ڵگای نوێ وشیارانه و ڕاشكاوانه خۆیان له تۆڵه‌كردنه‌وه دوور گرت. خه‌ڵكیان له‌م ئاكادیمیا و له‌و ئاكادیمیادا په‌روه‌رده كرد كه دژی تۆڵه بن. ئهتنیسیتهكانی دیكه ئه‌م ڕه‌فتاره ئاشیخوازانه و دهستپارێزانهیان بینی. خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری بانگی كردن كه به‌شدار بن و كاتێ ئه‌وان پێكه‌وه به‌شدار بوون، متمانه‌یان دروست كرد و ههمهگیرییان بۆ ئاستێكی دیكه هه‌ڵكشاند. له‌م ڕێگه‌وه، خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری توانی سووڕی تۆڵه بوه‌ستێنێت. دواتریش كاتێ هاته سه‌روه‌ختی به‌رگریی له ڕۆژاوا دژی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، خه‌ڵكی ڕۆژاوا، به عهرهبهكانیشهوه، زانییان كه داهاتوویان پێكه‌وه گرێدراوه. شه‌ڕڤانانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی ژنان و یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل، تێگه‌یشتن كه له جه‌نگه‌ی خه‌باتدا هه‌مووان پێكه‌وه گرێدراون. مۆدێلی له‌خۆگرتنی ئه‌تنیكی مۆدێلێكه كه هه‌موو دنیا ده‌بێ بیناسێ و گرنگیی پێ بدات.
ئاڵه‌نگارییه‌كی دیكه‌ی به‌رده‌م شۆڕشی ڕۆژاوا ئه‌وه بوو كه زه‌ینییه‌تی ده‌سه‌ڵاتخوازانه لا ببات. له هاوینی ٢٠١٢دا، گه‌لێ كه‌س له‌وێ ته‌نیا ئه‌زموونی دیكتاتۆرییان ده‌ناسی؛ ئه‌وان هیچیان له شێوه‌ژیان، كولتوور و ڕێكخراو و ده‌زگای دیمۆكراتی نه‌ده‌زانی. كاتێ ساڵی ٢٠١٤ سه‌ردانی ڕۆژاوام كرد، پێیان ده‌گوتم كه كێشه گه‌وره‌كه‌یان ئه‌وه بوو كه «دیكتاتۆری ناخ» و زه‌ینییه‌تی ده‌سه‌ڵاتخوازانه بسڕنه‌وه و خه‌ڵك فێر بكه‌ن كه چۆن متمانه و هاوكاری بكه‌ن، كاتێ پێكه‌وه بڕیار ده‌ده‌ن. ئه‌مه ئاسان نییه- خه‌ڵك هه‌میشه هاوڕا نین، به‌ڵام دیمۆكراسی پێویستی به هه‌ندێ خۆ-ڕاهێنانه. دیمۆكراسی كولتووره، هه‌ر چۆن كۆمه‌ڵێك داموده‌زگایه. دامه‌زراندنی دیمۆكراسی پێویستی به گه‌لێ كاری به‌رده‌وامه، به‌ڵام كاتێ دووباره ساڵی ٢٠١٩ سه‌ردانی ڕۆژاوام كرده‌وه، بینیم خه‌ڵكی ڕۆژاوا زیاتر له‌سه‌ر دیمۆكراسی په‌روه‌رده كراون، وەک چۆن خه‌ڵكانی دیكه‌شیان قبووڵ كردبوو. من تێگه‌یشتم كه په‌یامه‌كان و په‌روه‌رده بنچینه‌یین. لام وایه كه ئاكادیمییهكان پێویسته زۆر زیاتر له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ی كولتووری دیمۆكراتیك كار بكه‌ن.
لام وایه كه خه‌ڵك له شۆڕشی ژیناوە له ڕۆژهه‌ڵات، باش دیمۆكراسی ده‌ناسن و له‌ژێر هه‌لومه‌رجی دژوار‌دا بۆ پێكهێنانی كۆنفیدرالیسمی دیمۆكراتیك، ئه‌وه‌ی پێیان ده‌كرێ ده‌یكه‌ن. كاتێ چركه‌ی ئازادیی هاتە پێش، لام وایه ئێوه‌ش ئه‌مه له‌نێو خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی بزووتنهوهكهتاندا ده‌بینن، ده‌بینن زەینییەتیان نووساوه به «دیكتاتۆریی نێوه‌وه» كه خه‌ڵكی ڕۆژاوا ده‌سته‌ویه‌خه‌ی ببوون. ده‌بێ ئه‌م زه‌ینییه‌ته به سه‌بره‌وه په‌روه‌رده بكرێت و متمانەش دروست بكرێت، هه‌ر وه‌ك له ڕۆژاوا كرا. هه‌موو ڕۆژێك خه‌ڵك له ئێران ده‌سته‌ویه‌خه‌ی ئه‌و گرفته‌ن كه گه‌ر بێت و له‌سه‌ر بروای خۆیان ده‌ست بده‌نه كرده‌وه، ده‌بێ مه‌ترسی زیندان و گیران قبووڵ بكه‌ن. هه‌موو ڕۆژێك ده‌بێ هه‌ڵبژێریت ئاخۆ به پێی بڕوای خۆت كار بكه‌یت یان خۆت بپارێزیت و سه‌لامه‌ت ده‌ربچیت. من ده‌سته‌ویه‌خه‌ی ئه‌م كێشه‌یه نیم و هه‌ر له به‌ر ئه‌مه‌شە ناتوانم بڵێم ئێوه چ کارێ بكه‌ن باشه.
به‌ڵام بروام به‌وه‌یه كه بزووتنه‌وه‌ی ژینا بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌هێزه و له هه‌موو ئێرانه‌وه پشتگیری دەکرێت، به تایبه‌ت له شاره‌كاندا، له دواییشدا دژی مه‌لاكان سه‌ر ده‌كه‌وێت. ناڕه‌زاییه‌كان به‌هێزن، به‌ڵام گۆڕانی شۆڕشگێڕانه‌ش پێویستی به درزێكه له سیستمی زاڵدا، وه‌ك له ڕۆژاوا ڕووی دا. وه‌لیی فه‌قی وه‌ك دیاره توخمی سه‌ره‌كیی ڕاگرتنی هاوكێشەی نێو ڕژێمه و ئه‌و ده‌رفه‌ته ده‌شێ كاتی مردنی ئه‌و ڕوو بدات. له‌وانه‌یه دواتر ته‌نگژه نێوهكییهكانی ڕژێم بته‌قنه‌وه و درزه‌كان زۆر به‌هێزه‌وه دەربکەون و ڕژێم تووشی چركه‌یه‌ك له لاوازی ببێت كه ببێته هۆی نه‌مانی، كاتێ به‌رخۆدان هه‌له‌كه‌ی قۆسته‌وه.
چركه‌ی ئه‌وه ده‌گاتێ. مه‌لاكان ناتوانن تاهه‌تایه حوكم بكه‌ن. كاتێ لاوازییه‌كه ده‌ركه‌وێت، هه‌له‌كه‌ی ئێوه‌ش ده‌گاتێ. تكایه بزانن كه هه‌موو خه‌ڵكانی ڕۆشنبیر و به‌په‌روه‌رده، له هه‌موو دنیادا پشتگیریی بزووتنه‌وه دیمۆكراتیكهكهی ئێوه دەکەن. ئێمه تامه‌زرۆین ئه‌و گۆڕانگارییه ببینین كه ئێوه كاتی ئازادبوون له ڕۆهه‌ڵات و ئێران‌دا بەدیی دەهێنن. كاتێ ئێوه ئازاد بوون، ئێمه تامه‌زرۆین گه‌شه و نه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگا دیمۆكراتیكهكهتان ببینین. بهتاسهوهین ببینین كه چۆن خه‌ڵكی ئێوه له سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردن، له په‌روه‌رده و كولتوور، له پزیشكی و زانست و ته‌كنۆلۆژیا و هتددا ده‌سكه‌وتی سه‌یری ده‌بێت. ده‌زانم كۆمه‌ڵگاكه‌ی ئێوه، دنیا به گه‌شیی خۆی سه‌رسام ده‌كات و، ده‌زانم ئێمه‌ش سه‌رسام ده‌بین. مه‌راقمه زووتر ئه‌مه ببینم.
– ژا‌نێت بییهل نووسه‌ری كتێبی ئیكۆلۆژیی كاره‌سات: ژیانی مۆرای بووكچین (٢٠١٥). له‌سه‌ر ڕۆژاوا كتێبی شۆڕش له ڕۆژاوا: خۆسه‌ریی دیمۆكراتیك و ئازادیی ژنان له كوردستانی سووریادا (٢٠١٦)ی له ئەڵمانییه‌وه كردووه به ئینگلیزی. دوایین به‌رهه‌می له‌سه‌ر ڕۆژاوا بریتییه له یاده‌وه‌ریی گرافیكێك به ناوی ئه‌وان خوێنیان تێكه‌ڵ بوو: ڕۆژاوای شۆڕشگێڕ و شه‌ڕ دژی داعش (٢٠٢٢).