چاوپێکەوتن

بوون بە ژن

  • چاوپێکەوتنی گیلیان هۆی لەگەڵ لوس ئیریگارە
  • وەرگێڕانی: حەمەی مەلا

بەنەفشە ڕێنجی: ئەم گفتوگۆیەی خوارەوە پێشەکییەکە بۆ بیرکردنەوەی لوس ئیریگاری (Luce Irigary). ئیریگاری، لە ساڵی ١٩٣٢ لە بەلجیکا لەدایک بووە، فەیلەسووف، زمانزان و تیۆریستێکی دیاری بواری ژنانە. هەروەها بەرهەمەکانی بریتین لە نووسینەکانی دەربارەی دەروونشیکاری و کۆمەڵناسی.

ڕیپۆرتەرەکە، گیلیان هۆی (Gillian Howie)، کە لەم دواییانەدا و لە ڕێکەوتی (٢٧ی ئازاری ٢٠١٣) کۆچی دوایی کرد، مامۆستای فەلسەفەی زانکۆی لیڤەرپوڵ و سەرۆکی پەیمانگای تیۆری و لێکۆڵینەوەی فێمینیستی بوو.

لەم گفتوگۆیەی خوارەوەدا ئیریگاری ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی نایەوێت پێی بڵێین فێمینیست. هەروەها باس لە ناکۆکییەکانی لەگەڵ سیمۆن دی بۆڤوار و ژیل دۆلۆزدا دەکات و وەڵامی ئەو ئیدیعایانە دەداتەوە کە پێیان وایە بیرکردنەوەی جەوهەرگەراییە. لەم گفتوگۆیەدا ئیریگاری باس لە دووانەبوون و جیهانی دووسوبێکتیی دەکات، کە بۆ ئەوەی بگەین بەوە، دەبێت لە جیهانی تاک‌سوبێکتی ئەمڕۆ تێپەڕین.

گیلیان هۆی: پێتوایە مێتافۆری “شەپۆل” بتوانێت یارمەتیدەرمان بێت بۆ تێگەیشتن لە قۆناغەکانی تیۆری فێمینیستی و بزوتنەوەی ژنان؟

لوس ئیریگاری: ئایا بە ڕاستی ئەمە مێتافۆرێکە یان وێنەیەکە هەوڵ دەدات ئاماژە بە پەیوەندی و نزیکایەتیی ژنان لەگەڵ ئاو و شلەمەنی و دەریادا بکات؟ ئەگەر قۆناغەکانی بزوتنەوەی فێمینیستی هاوشێوەی شەپۆلەکان بێت، دەتوانێ ئاماژە بێت بۆ بزوتنەوەیەکی بەردەوام کە هەرگیز بونیادەکەی ناگۆڕێت، بونیادێک کە پشتیوانی لەم بزوتنەوەیە دەکات. هەروەها ئەم بزوتنەوەیە جگە لە خۆی بەهۆی شتگەلێکی ترەوە دروستبووە، شتانێکی دەرەکی بە ڕێزگرتنەوە لە خۆی، ئەستێرەیەک لە دەرەوە و سەرزەمینێک کە ڕوداو تێیدا ڕوو دەدات. بەم پێیە، مەسەلەکە پەیوەندی بە بزوتنەوەیەکی بەردەوام بەڵام ناسەقامگیر و ناسەربەخۆوە هەیە کە هیچ کاتێک ناتوانێت فۆرمێک یان مانایەکی ڕوون و ئاشکرا وەربگرێت. شەپۆل تا ڕادەیەک ئاماژەیە بۆ کاتێکی ئوستوورەیی نەک کاتێکی مێژوویی. ئێمە چۆن دەتوانین کاتی ئوستوورەیی بە کاتی مێژووییەوە ببەستینەوە؟ بە دڵنیاییەوە، ئەمە پرسیارێکە لە هاتنەناوەوەی ژنانەوە بۆ ناو کولتووری ڕۆژئاوا سەرچاوە دەگرێت. گرفتی لەجیاتی دانان شوێنگۆڕکێیەکی کاتی نییە، بەڵکوو زاڵبوونە بەسەر ئەم دژییەکی و دوالیزمەدا.

تۆ تا ئێستا ڕەتت کردووەتەوە سەر بە هیچ چین و توێژێک بیت لە بزوتنەوەی ژناندا، بەڵام هێشتا خۆت بە فێمینیست دەزانیت. دەتوانیت ڕوونی بکەیتەوە بۆچی بە لای تۆوە گرنگە فێمینیست بیت تا پۆست فێمینیست؟

لە کوێ بینیوتە من بە خۆم بڵێم فێمینیست؟ بە پێچەوانەوە زۆر جار ناڕەزایەتیم دەربڕیوە لەوەی پێم بڵێن فێمینیست. زۆر جار دووبارەم کردۆتەوە کە نامەوێت سەر بە هیچ “یزمێک” بم، چ فێمینیزم یان پۆست فێمینیزم یان پۆست مۆدێرنیزم و ….هتد، بێت. ئەوانی دیکە من بە فێمینیست دەزانن، بەڵام خۆم نا. ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت کە ئەو وشانەی بە “یزم” کۆتاییان دێت، ئاماژە بن بۆ شتێکی نەگۆڕ و ناجێگیر. پەیوەندیی نێوان بونیاد و شێوازی دەربڕین پەیوەندییەک نییە من ڕازی بکات. دەمەوێت ئەوەتان بیر بخەمەوە کە من کار بۆ ئازادیی ژنان و ئازادیی مرۆڤ بە گشتی دەکەم. ئەمەش پێویستی بەوەیە کە ئێمە لایەنگری تاکگەرایی بین، لەگەڵ ڕێزدا بۆ هەموو کۆمەڵ-گەراکان، کە بە دیدی من پێشگریمانەی ئەو وشانەیە کە بە یزم کۆتاییان دێت.

پێدەچێت کۆتایی گرێبەستەکەت لەگەڵ زانکۆی وێسن پەیوەندیی بە ناوەڕۆکی کتێبەکەت (سپیکولوم، ئاوێنەی ژنێکی دیکە)ـەوە هەبووبێت، پێت وایە هێشتا فێمینیستەکان لە زانکۆدا ڕووبەڕووی ئەو جۆرە تەحەددایانە دەبنەوە؟

بۆ من قورسە وەڵامی ئەم پرسیارەت بدەمەوە، من فێمینیستێک نیم لە زانکۆیەکدا. پێم وایە کاردانەوەکان تێکەڵاو و ناڕوونن، ئەمڕۆ ژنان لە دۆخێکی پەرەسەندوودان کە بە ڕەچاوکردنی ڕێزگرتن لە ڕێوڕەسمی زانکۆیی و نەریتی کولتووری دەمێننەوە. ئەمڕۆ دەستڕاگەیشتنی ژنێک بە ئەکادیمیا، بە پێشکەوتنێکی گرنگ هەژمار دەکرێت و بەو کارەی گۆڕانکارییە پێویستەکانی نەریتی کولتووری لەبیر دەکات. زۆر زەحمەتە بۆ ئەو لە یەک کاتدا لە دوو هەڵوێست تێبگات: چوونە ناو جیهانی ئەکادیمییەوە و چاکسازیکردن تێیدا. لە ڕاستیدا ڕەنگە وابێت ژنان زیاتر لە پیاوان بە ڕەچاوکردنی دابونەریت ببنە خوێندکاری زانکۆیی، چونکە ژنان لە ئەکادیمیادا دەمێننەوە بەبێ ئەوەی بەشداری لەو کولتوورەدا بکەن کە لەوێدا دروست دەبێت.جەختکردنەوە لەسەر باوەڕ بە پاراستنی ڕواڵەت و چوارچێوە باوەکان لە کۆی بابەتەکاندا، دەتوانێت ڕێگەی ئەوان بێت بۆ ئەوەی پەیوەست بن بە ئەکادیمیاوە. کێشەکان کاتێک دەست پێدەکەن کە لەم شوێنەدا ژنێک تەحەدای شێوازی تیۆری و پراکتیکی ئەکادیمیا دەکات. ئەمە هەمان ئەو دۆخە بوو کە ڕووبەڕووی سپیکولوم بوویەوە.

ئێوە بەرهەمەکانتان بەسەر سێ قۆناغی جیاوازدا دابەش کردووە: ڕەخنە لە شوناسی سوبێکتی پیاوانە، گرفتی پێناسەکردنی شوناسی سوبێکتی ژنانە و کێشەی پێناسەکردنی پەیوەندیی نێوان ئەم دوو سوبێکتە “سوبێکتیڤیتەی دووانێتی”. ئایا پێت وایە ئەم قۆناغەی کۆتایی تۆ لە “فەیلەسووفانی دیکەی جیاوازی”ی جیا دەکاتەوە؟

لە سەرەتادا دەمەوێت ئەوە دەستنیشان بکەم کە قۆناغی یەکەم بە نزیکەیی ڕەخنەگرتنە لە کولتووری ڕۆژئاوا، کە لە لایەن یەک سوبێکتەوە دامەزراوە. سوبێکتێک کە بانگەشەی ئەوە دەکات، بێلایەن و نالایەنگر بۆ هەمووانە، لە کاتێکدا لە واقیعدا پیاوانەیە. ئەوەی من ویستم لە “سپیکولوم”دا دروستی بکەم، کولتوورێکە بۆ دوو سوبێکتی جیاواز و ئەوەی لەنێوانیاندایە. هەر لە سەرەتاوە کارەکانم تایبەت بووە بەوەی جیاوازی بە ڕەگەز بکەم. هەوڵ دەدەم جیاوازییەک بەرەوپێش ببەم کە ئەو جیاوازییە نییە لە ئێستادا لە گوتاری زۆرینەی بیرمەندانی ڕۆژئاوایی و زۆرینەی ئێمەدا هەیە. بە گشتی جیاوازیی وەک چەندایەتیلێکدراوەتەوە نەک وەک چۆنایەتی. بێگومان چەندایەتی دەتوانێت ماناگەلێکی جیاوازی هەبێت. جیاوازی لە بەرهەمەکانی هیگڵ و مارکسدا ئاماژەیە بۆ پەیوەندییەک لەگەڵ چەندایەتی کە بە گشتی هاوشێوەی کولتووری تاک‌سوبێکتە.

ژنان و پیاوان کورت ناکرێنەوە بۆ یەکتری. ناتوانن بچنە جێگای یەکتری، نەک لەبەر چەندایەتی – بۆ نموونە یەکێکیان لەوەی دیکەیان باشترە، یەکەمیان لە پێشترە و ئەوی دیکەیان لە دواترە- بەڵکوو بەهۆی جیاوازیی بوون و هەبوونیانەوە کە جیاوازییەکی چۆنایەتییە. ڕازیبوون بەم شتە و خستنەبواری جێبەجێکردنەوە ناچارمان دەکات بچینە ناو لۆژیکێکی جیاوازەوە. بەبێ تێگەیشتن لەم زەروورەتە، ئیمکانی نزیکبوونەوە لە کارەکانی من کاری نەکردەیە.

لە کارەکانی مندا “نەفی” لە پێوەندیدا لەگەڵ نەریتی ئێمەدا مانایەکی تر و بەکارهێنانێکی دیکەی وەرگرتووە. لە کاری هیگڵدا نەفی ئەوەیە کە هەموو کورت بکرێتەوە بۆ یەک. بە پێچەوانەوە من نەفی بەکار دەهێنم بۆ نیشاندانی دووانێتیی سوبێکتیڤیتە. ئەمە دەتوانێت لە هەر کاتێکدا لە دوو سوبێکتەوە – ژن و پیاو -وە دەست پێبکات، دوو سوبێکت کە سەر بە دوو جیهانی جیاوازن. ئەو جیاوازییەی کە من لە بیرکردنەوەمدا بەکاری دەهێنم، ناتوانێت لەنێوان یەکێک و چەند کەسێکی تردا بێت، وەک چۆن لە بیرکردنەوەی ڕۆژئاوادا هەیە. ئەم جیاوازییە ئاماژەیە بۆ جیاوازییەکی ڕاستەقینە و بابەتیی نێوان دوو سوبێکت، جیاوازییەکی ڕاستەقینە کە دەتوانرێت بە وردی دروست بووبێت بەبێ ئەوەی ئەو دووانە و جیاوازیی نێوان ئەو دووانە لەناو بەرێت. بە پێچەوانەی “فەیلەسووفانی جیاوازی”ی دیکەوە، من لە جیاوازییەکی واقیعی و بابەتییەوە دەست پێدەکەم، کە پرسێکی یونیڤێرساڵییە و بەبێ لەناوبردنی خودی یونیڤێرساڵیزم ناتوانێت سەربکەوێت.

پێشتر باست لەوە کردووە، هەرچەندە تۆ و سیمۆن دی بۆڤوار هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ژنان “ڕەگەزی دووەم”ن، بەڵام دی بۆڤووار بە قبووڵنەکردنی ئەوەی ئەویتر یان دووەم بێت، کاردانەوەی بەرانبەر ئەم بابەتە نیشاندا، لە کاتێکدا تۆ جیاوازییەکەت لە باوەش گرت تا پەیوەندییەکە بگۆڕیت. چۆن دەتوانرێت ئەم پەیوەندییە بگۆڕدرێت؟

من پێم باشە بڵێم بەپێی نەریتی ڕۆژئاوایی، “ژن” نوێنەرایەتیی سەرهەڵدانی “ئەویدی” دەکات. هەڵبژاردنی ئەویدییەکی لەم چەشنە وەک “ڕەگەزی دووەم” مەترسیی کورتکردنەوەی جیاوازی بۆ ڕەگەز بەبێ ڕەچاوکردنی شوناسی گەردوونی دەخوڵقێنێت. من زیاتر باس لە “بەڕەگەزکردنی جیاوازی” دەکەم تا “جیاوازیی ڕەگەزی”. هەروەها، من وشەی “ئەویتر” “the Other”بۆ ژن بەکار ناهێنم. پێم وایە گرنگە جیاکاری لەنێوان ترانسێندنتاڵی ئاسۆیی و ستوونیدا بپارێزرێت و پیتی گەورە بهێڵرێتەوە( مەبەست لە پیتیOـیە لە وشەی (Other/ ئەویدی)دا، تا ترانسێندنتاڵی ستوونی دەستنیشان بکرێت. شیکاریی من بۆ ژن وەک ئەویدی جیاوازە لە سیمۆن دی بۆڤووار، لە ڕوانگەی ئەوەوە ژن لە پەیوەندیدا لەگەڵ پیاو، ڕەگەزی دووەمە. سیمۆن دی بۆڤووار لە کولتوورێکی تاک‌سوبێکتدا دەمێنێتەوە کە تێیدا ئەوانی دیکە بە شێوەی چەندایەتی جیاوازن. ڕوانگەی من بۆ ئەویدی ڕادیکاڵترە، لە ڕوانگەی منەوە جیاوازی چۆنایەتییە و نەفیش بۆ بەراوردکردنی دوو سوبێکت بەکار ناهێنرێت، بەڵکوو دووانێتی سوبێکتەکان و جیهانەکانیان دەپارێزێت. بە هەمان شێوە کە لە “سپێکولوم”دا دەڵێم، ئەمەش پێویستی بە چوونە ناو لۆژیکێکی دیکەوە هەیە. تێنەگەیشتن و بەدحاڵیبوونەکان سەبارەت بە کارەکانم شایەتی گرفتەکانی تەواو نەبوونیانن، کە پەڕینەوەن لە لۆژیکێکەوە بۆ لۆژیکێکی دیکە.

ئایا جیاوازی ڕەگەزی وەک مۆدێلێک بۆ تێگەیشتن و ناسینی جیاوازییەکانی تر کار دەکات؟

ئەمە پرسی بوون بە مۆدێل نییە. جیاوازیی ڕەگەزی بنەڕەتیترین و گشتگیرترین جیاوازییە. هەروەها ئەو جیاوازییەیە کە لە هەر کاتێکدا وەک پەیوەندیی نێوان سروشت و کولتوور بۆ هەمووان کار دەکات، یان دەبێت کار بکات. ئەم پەیوەندییە زیاتر تایبەتە بە کچان و ژنان وەک لە کوڕان و پیاوان. سوبێکتی ژنانە لەگەڵ خۆی و ئەویدی و ئەوانی دیکە و جیهاندا وەک سوبێکتێکی پیاوانە پەیوەندی نییە. بەو جۆرەی کە زۆر کەس بیری لێ دەکەنەوە، ئەمە تەنیا پەیوەندی بە مۆرفۆلۆژیای فیزیکی و پێکهاتەی جەستە یان کڵێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە نییە. بەڵکوو ئەمە پرسی شوناسی پەیوەندییەکە کە بە وردی پەیوەندیی سەرەکیی نێوان جەستە و کولتوور بەدی دەهێنێت. بەداخەوەم کە ئەوانەی بانگەشەی ماتریالیستبوون دەکەن، ناتوانن لەگەڵ ڕۆڵی بنەڕەتیی جەستەی سێکسواڵیتەی ئێمەدا، لە بونیادنانی جیهانی کولتووریدا هاوڕا بن. ئەمەش هەمان خۆشەویستی لەگەڵ خۆت یان لەگەڵ دەرەوەی خۆتدا نییە، وەچەخستنەوە لەناو خۆتدا یان لەناو ئەویتردا نییە. پرسی لە دایکبوونیش بە ڕەگەزێکی وەک خۆیەوە یان وەک ئەویترەوە نییە  و نە توانین یان توانینی سکپڕبوونیش نییە بەو شێوەیەی کە دایکی سکپڕ بوو. ئەم بنەما دڵنیا و پێدراوانەی شوناسی دەروونی و کولتووری تایبەت بە هەر ڕەگەزێک هەموو ئەو شتانە دیاری دەکەن کە لەنێوان ژن و پیاودا جیاوازن.

ئاماژەت بەوە دا، کە فێمینیستەکان مەیلیان هەیە لە وتنی “من”دا ون ببن، لە کاتێکدا تۆ دەتەوێت دیاری بکەیت کە ئەم “من”ـە، هەم سوبێکت و هەم ئۆبێکتە. دەتوانیت بڵێیت لێرەدا مەبەستت لە ئۆبێکت چییە؟

من باش لە پرسیارەکەت تێناگەم. بێگومان ئەگەر فێمینیزم یان فێمینیستەکان بە هەمان شێوە سوود لە “من” وەر بگرن کە لە نەریتی ئێمەدا هەیە، ناتوانن سوبێکت یان جیهانێک دابهێنن کە جیاواز بێت لەوەی تا ئێستا پیاوان برەویان پێ داوە. سوبێکت و جیهانێکی لەو شێوەیە دەتوانێت ببێتە هۆی ئازادیی ژنان؟ بە ڕای من، هەرچەندە لە لایەن ژنان خۆیانەوە گریمانە کراوە، بەڵام زیاتر یارمەتیدەرە بۆ سەرکوتکردنی ژنان. لێرەدا گرنگە ئەوەی من دەربارەی لاسایی و هاوڕەنگکردنەوە وەک ستراتیژێک نووسیومە و ئەوەی دەربارەی لایەنگری گریمانەکراوی من لە لاساییکردنەوە وتراوە، ڕوون بکەمەوە. بابەتەکە ئەوەیە: چۆن دەتوانین بهێڵین کولتوورێکی تاک سوبێکتی بچێتە ناو کولتوورێکەوە کە دوو سوبێکتی جیاوازی هەبێت؟ لە هەندێک شیکارییەکاندا پێشنیار دەکەم کە بۆ هەر سوبێکتێک نیشانەیەک دیاری بکرێت، کە ڕەگەزەکەیان دەردەخات. ئەگەر ئەم نیشانەیە ئاماژە بۆ ئۆبێکتیڤیتەیەک لە سوبێکت – پیاو یان ژن، پیاوانە یان ژنانە – بکات، ناکاتە ئەوەی کورتکردنەوەی ئەو سوبێکتە بێت بۆ ئۆبێکت.

لە ” I love to you “خۆشەویستیم بۆ تۆ” دا دەنووسیت وەک ئەوە نییە کە سیمۆن دی بۆڤوار وتوویەتی “مرۆڤ بە ژن لەدایک نابێت، بەڵکوو لە لایەن کولتوورەوە دەکرێت بە ژن”، بەڵکوو بەو جۆرەیە کە: من بە ژنی لەدایک دەبم، بەڵام هێشتا دەبێت ببمە ژنێک  کە لە لایەن سروشتەوە هەم. دەتوانن ڕوونی بکەنەوە کە چۆن ئەمە ناتوانێت ئیدیعایەکی جەوهەرگەرایانە بێت؟

بۆ سیمۆن دی بۆڤوار بوون بە ژن یەکسانە بە ملکەچبوون بەو کڵێشە کۆمەڵایەتی و کولتووریانەی کە پەیوەندییان بە ژنانەوە هەیە. لای ئەو هیچ بوونبەیەکی ئەرێنی لە مێینەییدا نییە و چوونە ناو جیهانی کولتوورییەوە مانای قبووڵکردنی ئەو کولتوورە پیاوسالارییەیە کە بۆ چەندان سەدەیە نەریتی ئێمەیە. خۆپەروەردەکردن بۆ ژنێک تا ڕادەیەکی دیاریکراو واتای بوون بە پیاوێکی پەروەردەکراوە. بۆیە ئەم ژنە بۆ وابەستەبوونی ژنانە و پیاوانە دابەش دەبێت. جگە لەوەش، بە چوونە ناو کولتووری نەریتی ئێمەوە ژنان بەها و چییەتییەکانی ئەو کولتورە هاوبەشی پێدەکەن. ئەم چییەتیانە لە کولتوورێکی تاک‌سوبێکتدا دەمێننەوە، هەر ستراتیژییەکی ناڕوون و زۆر بۆ لەکارخستنیان دەتوانێت ببێتە هۆی نیهیلیزمێکی خراپتر.

پێم وایە باشترە ژن خۆی بە شێوازێکی ژنانە پەروەردە بکات، کە بریتییە لە پەروەردەکردنی پەیوەندییە ژنانەییەکانی بە بەهای ژنانەوە. بێگومان بۆ ئەمەش پێویستە فەرهەنگی ڕابردوومان کە کولتوورێکی تاک‌سوبێکتە، وەلا بنێین، بۆ ئەوەی بچینە ناو کولتوورێکی تەواو جیاوازەوە، کولتوورێک کە لەسەر بنەمای پەیوەندیی نێوان دوو سوبێکت دامەزراوە و هیچ کامیان ستەم لەوەی دیکەیان ناکەن. بە بۆچوون و کاری من، ئەو شێوازەی کە ئەم سوبێکتانە پێناسە دەکرێن پەیوەندیدارە و هەر لە سەرەتاوە جەستە و ڕۆح بەبێ ئەوەی لە یەکتر جیایان بکاتەوە لە بەرچاو دەگرێت. بۆیە ئەو کەلێنەی نێوان ژن و شوناسیی ژن چیتر بوونی نییە. هەروەها پەیوەندیی نێوان ئەم دوو سوبێکتە لە چەندان ڕێگەی جیاوازی ئەوانەوە لە پەیوەندیدا بە خۆیان و ئەوانی دیکە و جیهانەوە پەیدا بووە. پاشان ئەم دوو سوبێکتە ڕێگری لە بوونی بەهاکان و چییەتییە نەگۆڕەکان دەکەن کە دەتوانن لە لایەن مرۆڤەکانەوە هاوبەشییان پێ بکرێت. زیاتر لە جاران هەر سوبێکتێک، تەنانەت ئەگەر تایبەتیش بێت، بەهۆی پەیوەندیی لەگەڵ سوبێکتێکی دیکەدا لە هەر کاتێکدا دەگۆڕێت، واتە دەگۆڕێت بۆ سوبێکتێکی دیکە کە لە جیهان و بەها هاوشێوەکاندا بەشدار نییە.

دەوترێت تۆ پشتگیری لە جەوهەرگەرایی ستراتیژی دەکەیت، بە تایبەت لە کارەکانی وەک “ڕەگەزێک کە یەک ڕەگەز نییە”. ئایا تۆ لەگەڵ ئەمەدایت؟ ئەگەر هاوڕایت لەگەڵیدا، ئایا هێشتا پێشنیاری ئەمە دەکەیت؟

سەرم سووڕ دەمێنێت کاتێک دەبیستم بە چ جۆرێک لە کارەکانم دەڕوانن. ئایا ئەوە تێنەگەیشتنە کە ڕێگە بە خەڵک دەدات هەر شتێک لەسەر بیرکردنەوەم بڵێن؟ دەگەڕێمەوە سەر پرسیارەکەت. لە “سپێکولۆم”دا وتم کە بڕیارە باسی کولتوورێکی دوو سوبێکتی بکەم، بەڵام ئەمە پێویستی بە دروستکردنی ئامرازێک بوو بۆ دروستکردنی کولتوورێکی ژنانە. “ڕەگەزێک کە یەک ڕەگەز نییە” پەیوەندی بە دوو قۆناغ لە کارەکانی منەوە هەیە، قۆناغی یەکەم کە قۆناغی ڕەخنەیە و قۆناغێکە بۆ گەڕان بەدوای ڕێگاگەلێکی تایبەتدا بۆ پەرەپێدانی شوناسی ژنانە. ئایا ئەمە ئەو شتەیە کە خەڵک لەگەڵ جەوهەرگەراییدا تێکەڵیان کردووە؟ ئەم پرسە بۆ گەیشتن بە ئەگەری دووانێتی بوون، بەدی هات.

میشێل فۆکۆ بە شێوازی دۆڵۆز ئەم سەدەیە باس دەکات؛ هەم تۆ و هەم ژیل دۆڵۆز دەربارەی “بوون بە ژن” وەک ڕێگایەک بۆ تێپەڕاندی شوناسی سوبێکتی پیاوانە، دەدوێن. دەتوانی بڵێی جیاوازی نێوان تۆ و دۆڵۆز لە چیدایە؟

ئەوەندەی من بزانم “بوون بە ژن” یان “بوون بە ژنێک” بریتییە لە پەرەپێدانی شوناسی خۆم و ئەو ناسنامەیەی کە لە لەدایکبوونەوە هی من بووە. بۆ دۆڵۆز پەیوەندی بە “بوون بە”یەکەوە هەیە کە لە لەدایکبوونەوە نییە. ئەگەر بمەوێت بۆ سروشت و جەستە بگەڕێمەوە، کە لە لایەن کولتووری ڕۆژئاوایی ئێمەوە بە بێزراو هەژمار کراون، دۆڵۆز بە ئاراستەی پێچەوانە کار دەکات. بەپێی ئەوەی دۆڵۆز دەیڵێت، ئەمە گونجاو و شایستەیە کە ببیت بە کەسێک یان شتێک کە پەیوەندیی بە بنەڕەت و پەیوەندییە جەستەییەکانەوە نییە. چۆن شتێکی لەم شێوەیە لە پەیوەست بە بوون بە ژنەوە لە لایەن پیاوێکەوە دەکرێت؟ لەبەرکردنی هەموو ئەو کڵێشە چەقبەستووانەی کە پەیوەندییان بە ژنێتییەوە هەیە؟ دۆڵۆز دەیەوێت ئەو ژنە بێت کە سیمۆن دی بۆڤوار نەیدەویست ببێت؟ سەرنجڕاکێشە ئەگەر بتوانرێت دیالۆگێک لەنێوان شوناسی پیاوانەی سیمۆن دی بۆڤوار و شوناسی ژنانەی دۆڵۆزدا دروست بکرێت! هەڵبەت دەتوانم پێشبینی ئەوە بکەم کە بۆچی دۆڵۆز دەیویست ببێتە ژنێک و هەروەها ببێتە ئاژەڵێک، بۆ ئەوەی شوناسی پیاوانەی نەریتیی خۆی هەڵبوەشێنێت. بەڵام دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە ئەو لە سەردەمی سەرکەوتنی ڕزگاریی ژناندا بۆچوونێکی لەو شێوەیەی دەربڕی. بەم پێیە من گومانم لە نیاز و ویستی ئەم ژنانەبوونە هەیە. ئایا ئەمە بۆ قۆستنەوەی ئەو سەرکەوتنانە نییە کە ژنان بەدەستیان هێناوە؟ ئەمە ژێستێک نییە کە پیاوان هەمیشە بە درێژایی کۆی نەریتی ئێمە هەیانبووە؟ بۆچی لەم کاتەدا ژمارەیەک بیرمەندی دیار لەناکاو ویستیان ببنە ژن یان فێمینیست؟ لە جیاتی ئەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی شوناسێکی نە بێلایەن و نە سەرتاپاگیر بدەن، بەڵکوو پیاوانە هەوڵ بدەن؟ لانیکەم، دەوانین بڵێین ئەوان سەرلێشێواوییەکی زۆریان سەبارەت بە کولتوورێکی ژنانەی تازەپێگەیشتوو دروست کرد. ئەم ڕێزگرتنە لە هەوڵی ژنان ناکاتە ئەوەی خۆیان لە هەژموونی کولتوورێکی پیاوانە ڕزگاریان بووبێت.

لە وتارە کاریگەرەکەتدا “ژنی خودایی” کە لە “چییەتیی مەسیحییەت”ی فۆیەرباخەوە ئیلهامی وەرگرتووە، بەڵگەی ئەوە دەهێنیتەوە کە  تا ژن ئەو خودایەتییەی نەبێت، کە لەسەر بنەمای وێنەی ئەو دروست بووە، ناتوانێت سوبێکتیڤیتەی خۆی بنیات بنێت. ئایا دەکرێت یان پێویستە خودا بە ڕێگەیەک بۆ نواندنەوەی سوبێکتی ئایدیاڵی ژنانە و پیاوانە بزانین؟

لە زۆرێک لە نەریتەکاندا، خوداکان و مرۆڤەکان تایبەتمەندیی سێکسواڵیتەیان هەیە و یارمەتیدەرن بۆ بوون بە مرۆڤ لە قۆناغە جیاوازەکاندا. یەکتاپەرستی دەیەوێت بچێتە ناو بوارێکی ترەوە. بەڵام ئەگەر یەکتاپەرستی نوێنەرایەتیی کامڵبوونی مرۆڤ بکات، ئەوا تا ڕادەیەکی زۆر دەتوانێت لەگەڵ قۆناغەکانی دیکەدا لە ڕێگەی بوون بە خوداوە هەڵبکات. بەداخەوەم کە زۆر کەس وا خۆیان نیشان دەدەن کە یەکتاپەرستی بەدەست دەهێنن بەبێ پۆشینی قۆناغەکانی دیکە کە دەبنە هۆی دروستبوونی خودایەتی. کەواتە ئەوان ئەویترێتیی گەورەی خودا بە ئەویترێتیی ئەویدی بە تایبەت ئەویترێکی بەڕەگەزکراو، بەراورد دەکەن. واتە بەراوردکردنی بابەتێکی ترانسێندنتاڵی ستوونی لەگەڵ بابەتێکی ترانسێندنتاڵی ئاسۆییدا. من بە زەحمەت ڕێگەیەکی لەو شێوەیە قبووڵ دەکەم کە بۆ دەرهێنانی ژنان لەژێر دەسەڵاتی پیاواندا بەکار هاتووە. گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە خودا لە پاڵ لایەنە پیاوانەکانی تردا، ناونراوە باوک. وەک ئەوەی لە “تثلیث” سێینەکێشاندا دەوترێت. کەواتە خودا لە یەکتاپەرستیشدا هەڵگری دۆخی ڕەگەزییە. ئایا دەکرێت ژنان ئەوەی سەبارەت بە پیاو هەستی پێدەکەن، بیگوازنەوە بۆ خودا، چونکە ژن ناتوانێت پیاو وەک ئەویدی گەورە بناسێت و پیاو ناتوانێت پێگەی خۆی وەک ئەویدی بپارێزێت؟

تۆ داوای “بەڕۆحانیکردنی جەستەکان” دەکەیت لە بەرهەمەکانی وەک “خۆشەویستیم بۆ تۆ”دا. ئایا دەتوانیت ڕوونی بکەیتەوە کە ئەمە مانای چییە و چ پەیوەندییەکی بە بیرۆکەی تۆوە لەبارەی “ترانسێندنتاڵی هەستپێکراو”ـەوە هەیە؟

لەبری سەرکوتکردنی ڕۆح لە جەستەدا کە لە نەریتی ئێمەدا باوە، گۆڕینی جەستە لە ئۆبێکتی ژیانەوە بۆ ئۆبێکتی ڕۆحانی بە باشتر دەزانم. لە کولتوورە ئاینییەکانی ئێمەدا هەندێک دیاردە هەن کە دەتوانن شتانێک بەرهەم بهێنن کە من هەوڵ دەدەم بیانڵێم، بۆ نموونە بارگۆڕانی مەسیح. بەڵام ئەم دیاردانە وەک دیاردەگەلی هەڵاوێرد وەرگیراون نەک وەک شێوازێکی باو بۆ پێدانی مەعنەوییەت و ڕۆحانییەت. کولتوورەکانی ڕۆژهەڵات ڕێگایەکی دیکەیان بۆ کردمەوە. چیتر ئەمە پرسی جیاکردنەوەی ڕۆح و جەستە و ئەوەی کە یەکێک لەوان ڕێسا بۆ ئەوی دیکەیان دابنێت، نییە. بەڵکوو پرسی گۆڕینی وزەیەکی ژیانییە بۆ وزەیەکی ڕۆحی کە خزمەت بە هەناسەدان و خۆشەویستی و گوێگرتن و قسەکردن و بیرکردنەوە دەکات. ئەم پڕۆسەیە کە دەتوانین بڵێین گۆڕینی فۆرم یان گۆڕینی چییەتییە، وردە وردە جەوهەری فیزیکیمان دەگۆڕێت بۆ جەستەیەکی بەڕۆحانی کراو. هەروەک پێشتر بە تایبەت  “لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا”دا وتم، سەفەرێکی ڕۆحیی لەو جۆرە بە پێگەیشتووتر بوون و ئاییندارتر بوون دەزانم. دابڕانی نێوان ڕۆح و جەستە، دەرئەنجامی لۆژیکیی فەلسەفی ڕۆژئاواییە، کە بە تایبەت ئایینیش نییە. گۆڕانکاری یان گۆڕانی چییەتی، ئیمکانی بوونی ترانسێندنتاڵی هەستپێکراو دەخوڵقێنێت، لە کاتێکدا جیابوونەوەی جەستە و ڕۆح وا دەکات مەحاڵ بێت، چونکە هاوتایە لەگەڵ سڕینەوەی هەست و تێگەیشتندا.

پێت وایە تێڕوانینێکی فێمینیستی بۆ خودا چۆن دەتوانێت یارمەتیمان بدات لە فێندەمێنتاڵیزمی ئایینی ئیسلامی و مەسیحی و یەهوودی تێپەڕین و ئاشتی بەدەست بهێنین؟

پێم وایە بۆ تێپەڕاندنی فێندمێنتاڵیزمی ئایینی، کولتوورێک کە دوو سوبێکتی جیاوازی هەبێت پێویستە، کولتوورێک کە تێیدا دەبێت لە فرەیی و جیاوازییەکاندا پێکەوە بژین و قبووڵی بکەین کە بەهاکانی ئێمە تاکە بەها نین. خراپترین ململانێ لەنێوان ئەو کەسانەدا ڕوو دەدات کە وەک یەکن و لەسەر بەهاکانیان شەڕ دەکەن و هەریەکەشیان بانگەشەی سەرکەوتن دەکات. لەناو هەموو سیستەم و گروپەکانی “یزم”دا، بە فێمینیزمیشەوە، کە تەنیا یزم نییە و لە نێو هەموو گروپ و سیستەمەکانی “یزم”دا، ئاشتی بە مەحاڵ دەمێنێتەوە. بە پێچەوانەی ئەوەی کە ڕەنگە مرۆڤەکان بیری لێ بکەنەوە، هاوشێوەیی، یەکسانی، شوناس و هتد، نابنە هۆی ئاشتی، بەڵکوو ناکۆکییان لێ دەکەوێتەوە، چونکە مرۆڤەکان لە ڕوانگەیەکی چەندێتیدا دەمێننەوە. جیاوازییەک کە پلەبەندی و هیرارشی یان چەندایەتی نەبێت، زیاتر توانای ئەوەی هەیە ڕێگای ئاشتی خۆش بکات. هەروەها ڕێگەمان پێدەدات خۆمان لە فێندەمێنتاڵیزم بەدوور بگرین و ئاسۆی حەقیقەت بە حەقیقەتی ئایینیشەوە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە. فرەیی یاخود جیاوازی، بەو شێوەیەی کە من هەوڵی پراکتیزەکردن و بەرەوپێشبردنی دەدەم، ئامرازێکە بۆ هەر کاتێک و بۆ ڕێزگرتن لە ئەویترێتی ئەوانی دیکە. ئەم فرەییە ئەوەیە کە ئاشتی و پێکەوەژیان لەگەڵ هەمووان دابین دەکات. لە ڕاستیدا ئەم جیاوازییە ڕێکخەرێکی باشە بۆ پاراستنی ڕەفتاری دیموکراسی.

چ وەڵامێک بە مامەڵەی پرسیارئامێزتان لە جەختکردنەوەتان لەسەر جیاوازیی ڕەگەزی دەدەیتەوە، کە وەک کلیلێک قوفڵی جیاوازییەکان دەکاتەوە و ئاڵۆزییەکانی جیهانی سیاسیی هاوچەرخی ئێمە وەک پرسی نەژاد، سێکسواڵیتە و کولتوور سادە دەکاتەوە؟

شێوازی من بۆ بەدەستهێنانی جیاوازیی ڕەگەزی بە ڕاستی تێگەیشتن و جێبەجێکردنی قورسە، چونکە جیاوازە لەوەی کە لە نەریتی ئێمەدا هەیە. ئەم ڕێگایە پێویستی بەوەیە کە بیرکردنەوە و خووی کرداریمان بگۆڕین. زۆر کەس کە ئارەزووی ئەم ڕێگایە دەکەن، بەبێ ئەوەی بنەمای ئەو جۆرە بیرکردنەوە لە بەرچاو بگرن، تەنیا هەندێک لە توخمەکانی تێدەگەن. ئەمەش دەبێتە هۆی بەدحاڵیبوونێکی زۆر، تەنانەت لەنێو ئەو کەسانەیشدا کە بانگەشەی هاوبۆچوونییەکی لەو شێوەیە دەکەن. یەکێک لەو بەدحاڵیبوونانە بەراوردکردنی شێوازی تێگەیشتنی منە لە بیرکردنەوە و مامەڵەکردنم لەگەڵ جیاوازیی ڕەگەزیدا لەگەڵ ئەو شێوازەدا کە هەڕەشە لە جیاوازیی ڕەگەزی، کولتووری، وەچەیی و هتد دەکات. دەزانم لەم سەردەمەدا باو و ئاساییە کە پرسی جیاوازیی ڕەگەزی و پرسی جیاوازیی نەژادی و کولتووری و وەچەیی و هتد جیا بکرێتەوە و جەخت لەوە بکەینەوە کە جیاوازیی یەکەم پەیوەندی بە ژیانی تایبەتییەوە هەیە و دووەمیان پەیوەندی بە جیهانی سیاسییەوە هەیە. من لەگەڵ ئەم جیابوونەوەیەدا نیم، وەک لە کتێبی “دیموکراسی لەنێوان دوو سوبێکتەوە دەست پێدەکات” و “ڕێگایەک بەرەو ئەویدی” و “بێکێت لە دوای بێکێت”دا ڕوونی دەکەمەوە. دەترسم ئەم ناکۆکییە ببێتە هۆی کەمتر سەرنجدان و هەوڵدان بۆ گۆڕینی داب و نەریت و خووەکانی پەیوەست بە جیاوازی ڕەگەزییەوە. ئێستا، ڕەفتاری ئێمە لە پەیوەندیدا لەگەڵ جیاوازیی نەژادی، کولتووری، وەچەیی و هتددا، بە زۆری لە ئەنجامی نەبوونی پەروەردەکردنی غەریزە سێکسییەکانمانەوەیە، کە سەرەکیترین غەریزەمانە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا. بابەتێکی تر ئەوەیە کە بەشێکی ئێجگار گەورە لە کولتوور و نەریتەکان لەسەر بنەمای جیاوازی ڕەگەزی لەسەر ئاستی نەسەبناسی و هاوسەرگیری و یەکگرتن بنیات نراوە. چۆن دەکرێت کولتوورێک کە پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێگەی جیاوازیی مامەڵەکردنی لەگەڵ ڕەگەز یان سێکسواڵیتەکانیدا بناسین؟ ئایا بابەتەکانی پەیوەست بە جلوبەرگی ئیسلامییەوە بابەتی سێکسواڵیتە نین؟ ئایا بەگوێرەی بانگەشەی ئەو ژنانەی لە ساڵانی شەست و حەفتاکاندا بۆ ڕزگاریی ژنان هەوڵیان دەدا، جیابوونەوەی ژیانی تایبەت و گشتی ناتوانێت ببێتە هۆی چەوساندنەوەی ژنان؟

پێت وایە گرنگترین تەحەدا کە ئێستا لەگەڵیدا ڕووبەڕووین چییە؟

گرنگترین تەحەدای بەردەممان پەیوەندی بە پەرەسەندنی مرۆڤەوە هەیە. بە ڕای من ئیتر قسە لەسەر سەلماندنی توانای ئێمە بۆ زاڵبوون بەسەر جیهاندا، چوون بۆ سەر مانگ، یان دواهەمین پارچەی کات، نییە. بەڵکوو پرسیارکردنە لەوەی کە چ کەسێک یان چ شتێک بوونی مرۆییە و گەڕانە بۆ گەیشتن و هەبوون و بە ئەنجامگەیاندنی مرۆڤبوونمان. تا ئێستا مرۆڤ لە دەرەوەی خۆی و لە ڕێگەی زاڵبوون بەسەر جیهان و بنیاتنانی جیهانی خۆیاندا بەدوای ئەمانەدا گەڕاون. کاتی ئەوە هاتووە بگەڕێینەوە بۆ خۆمان و گەشتێک بەرەو ناوەوە ئەنجام بدەین. بۆ ئەوەش دەبێت واز له “ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆدا” بێنین که لۆژیکی نواندنەوە و گوتار و پراکتیکی ئێمەی سنووردار کردووە. پێم وایە ناسینی ئەویدی وەک ئەویدی و گەڕان بەدوای ڕووبەڕووبوونەوە و پێکەوەژیان، بە ڕێزگرتن لە جیاوازییەکانمان، دەتوانێت بۆ گەیشتن بە قۆناغێکی دیکەی مرۆڤبوونمان، ڕێنما و ڕێنوێنمان بێت.

بۆ خوێندنەوە و زانیاریی زیاتر بڕوانە:

Howie, Gillian, with Stace and Rebecca Munford (eds), Third Wave Feminism (expanded 2nd edn; Basingstoke: Palgrave Macmillan, 2007)

Irigaray, Luce, Speculum: Of the Other Woman (trans. By Gillian Gill; Ithaca, NY: Cornell University Press, 1985)

This Sex Which Is Not One (trans. By Catherine Porter with Carolyn Btuke; Itchaca, NY: Cornell University Press,1985)

‘Divine Women’, in Sexes and Genealogies (trans. By Gillian C. Gill; New York: Columbia University Press, 1993, pp.55-72

I Love to You: Sketch for a felicity Within History (trans. By Alison Martin; London and New York: Routledge1996)

Democracy Begins Between Two (trans. From the Italian by Kristeen Anderson; New York: Routledge, 2000)

Between East and West: from Singularity to Community (trans. By Stephen Pluhacek; New York: Columbia University Press, 2001)

The path Towards the Other’, in Beckett after Becket (eds Stan Gontarski and Anthony Uhlmann; University Press of Florida, 2006), pp. 39-51

Luce Irigaray: Teaching (London and New York: Continuum, 2008)

◄ ڕوونکردنەوەی وەرگێڕ: بەشی یەکەمی کورتەی ئەم بەشە کە چۆنییەتیی یەکترناسین و کاری پێکەوەیی لوس ئیریگاری و گیلیان هۆی لەخۆ دەگرێت، وەرنەگێڕدراوە.

سەرچاوە: Irigaray, 2008. Becoming Woman, each One and Together. In: Conversations. Lonodn: Continuum, pp.

Loading