
بازنه‌ی نه‌زۆك: ماشینی كه‌مپ-ده‌وڵه‌ت له غه‌ززه
نووسین: مەنسوور تەیفووری
ڕوانینێك كه له مێژوودا به‌دوای دابڕانهكاندا بگه‌ڕێت، له پێشدا ئاماده‌یی جۆرێك دووباره‌بوونه‌وه یان مۆدێلی له مێژوودا به گریمانە گرتووه؛ مۆدێل یان پارادایمگهلێك، كه وێڕای ده‌ركه‌وته‌ی جیاواز، قابیلی ناسینهوهن و خۆشیان ڕێگه به ماناداریی ڕووداوه مێژووییه به ڕواڵه‌ت لێكدووره‌كان ده‌ده‌ن. فرۆید له كتێبی تەوتەم و تابوودا به جۆرێك خه‌ریكی گه‌ڕانه بۆ ئه‌گه‌ری بوونی وه‌ها مۆدێل یان پارادایمێك له كۆمه‌ڵگا مرۆییه‌كاندا. فرۆید له‌و كتێبه و له كتێبی مووسا و یه‌كتاپه‌رستیدا، بە پشتبەستن به ده‌سكه‌وته‌كانی ئوستووره‌ناسی و مرۆڤناسی تا سه‌رده‌می خۆی، وێنای جۆرێك مۆدێل له كۆمه‌ڵگای سه‌ره‌تاییدا ده‌كات، كه به‌م جۆره كورت ده‌بێته‌وه: له خێڵه سه‌ره‌تاییه‌كاندا ده‌كرێ وێنای باوكێك بكرێ كه له سه‌ره‌تای مێژوودا ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو سامان و ژنه‌كاندا گرتووه؛ ئه‌و كوڕانه‌ش كه بیانه‌وێ هه‌ڕه‌شه له ئاره‌زووی باوك بكه‌ن و ئیره‌یی باوك بجووڵێنن، ده‌رده‌كرێن یان ده‌خه‌سێنرێن؛ پاش چه‌ندان ڕاپه‌ڕین، جارێك كوڕانی ده‌ركراو ده‌توانن باوك بكوژن. پاش ئه‌م قۆناغه، سه‌ره‌تایه‌ك له سه‌رده‌می دایكسالاری ده‌ست پێده‌كات. پاشان، به‌هۆی قه‌یرانی نه‌زمه‌وه، كۆمه‌ڵگه تووشی قه‌یران ده‌بێت و كوڕان، له باتی باوك و بۆ ئاشتبوونه‌وه له‌گه‌ڵی، تەوتەمێکی لێ دروست ده‌كه‌ن و ده‌یپه‌رستن، به به‌رگرتن له ڕوودانه‌وه‌ی بێنهزمییش، یه‌كه‌م یاسای مه‌نعی جوتبوون له‌گه‌ڵ مه‌حره‌مه‌كاندا داده‌نێن؛ به‌م جۆره‌ش یه‌كه‌م «ڕێكخستنی كۆمه‌ڵایه‌تی» و یه‌كه‌م «په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی» داده‌مه‌زرێت. ده‌توانین له‌م كورتهیهدا، مۆدێلێك له كۆمه‌ڵگا مرۆییه‌كاندا وێنا بكه‌ین، ئه‌م نموونه یان پارادایمه، ته‌عبیر نه‌ك له ڕاستییه‌كی مێژوویی، به‌ڵكوو له پارادایمێك ده‌كات، كه ڕێگه ده‌دات بتوانین له ڕستێك ڕووداوی مێژوویی جۆراوجۆر تێبگه‌ین. هێنانه‌وه‌ی ئه‌م نموونه‌یه بۆ ئه‌وه بوو بتوانین بپرسین ئایا ده‌توانین له دۆخی ده‌سه‌ڵات و شۆڕشه‌كانی كۆمه‌ڵگا موسوڵمانه‌كاندا مۆدێل یان نموونه‌یه‌ك وێنا بكه‌ین؟ به ڕیسكێكهوه كه بێگومان كێشه‌كانی هه‌ر ڕوانگه‌یه‌كی گشتی له‌گه‌ڵه، ده‌كرێ هه‌وڵ بده‌ین بپرسین كه ئاخۆ له مێژووی هاوچه‌رخی ده‌سه‌ڵات له‌م كۆمه‌ڵگایانه‌دا مۆدێلێك هه‌یه؟ ڕوانینێك بۆ شۆڕشه‌كان و كۆتایی خه‌مباریی هه‌موویان، ده‌توانێ جۆرێك لێكچوون و دووپاتبوونەوەمان نیشان بدات: سووڕێك كه ده‌كرێ ناوه‌كه‌ی «له مورسییه‌وه بۆ سی. سی» بێت، له دیكتاتۆرێكی سه‌ربازییه‌وه بۆ دیكتاتۆرێكی ئایینی و به پێچەوانه‌وه: شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران دیكتاتۆریی سه‌ربازیی شای ڕووخاند، پاشان ده‌سه‌ڵات كه‌وته ده‌ستی ئایینییه‌كان؛ له ئێراقدا ده‌سه‌ڵات به‌پێی «نه‌سه‌بی هاشمی» ڕۆ ده‌نرێت، دواتر كوده‌تایه‌ك ده‌كرێ و سه‌ربازییه‌كان ده‌بنه ده‌سه‌ڵات، پاش ڕووخانی به‌عسیش دیسان ده‌سه‌ڵات به‌پێی مه‌زهه‌ب دابه‌ش ده‌كرێته‌وه؛ له به‌هاری عه‌ره‌بیدا، موباره‌ك ده‌كه‌وێت و مۆرسیی ئیخوان دێته جێگه‌كه‌ی، بۆ ئه‌وه‌ی دیسان سه‌ربازییه‌كان ده‌سه‌ڵات بگرنه‌وه ده‌ست و ئه‌لسیسی ببێ به سه‌رۆك؛ له لیبیا ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازیی ده‌كه‌وێت و یه‌كه‌م هێز ئیخوانییهكانن كه په‌لاماری ده‌سه‌ڵات ده‌ده‌ن؛ له سووریا دیكتاتۆریی سه‌ربازیی بهشارهكان بۆ ماوه‌یه‌ك جێگه بۆ داعش و ئیسلامییه‌كان چۆڵ ده‌كات، دواتر هه‌مان ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی، جێگه‌یان پێ له‌ق ده‌كاته‌وه؛ له توركیا سه‌ربازییه‌كان پاش زنجیره‌یه‌ك كوده‌تا ده‌سه‌ڵات به ئیخوانییه‌كان ده‌دۆڕێنن بۆ ئه‌وه‌ی ئوردوغان بێتە سەر ده‌سه‌ڵات. به‌م جۆره ده‌توانین وێنای سووڕێكی نه‌زۆك بكه‌ین كه خۆی دووپات ده‌كاته‌وه، سووڕێك به دوو جه‌مسه‌ره‌وه: جه‌مسه‌رێكیان سه‌ربازییه‌كان و جه‌مسه‌رێكیان ئایینییه‌كان، كه دوو جه‌مسه‌ره‌كه‌ی ئاوارته‌ی حاكم ڕۆ ده‌نێن. له‌م نێوه‌دا ده‌توانین ده‌سه‌ڵاتێكیش ببینین كه هاوكات ده‌یه‌وێ هه‌ردوو جه‌مسه‌ره‌كه بێنێته‌وه یه‌ك: كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌وڵ ده‌دات به فیگەری وه‌ك فه‌رمانده‌كانی سوپا، ده‌ستدرێژی له هه‌موو ناوچه‌كه‌دا و دابه‌زاندنی سیاسه‌ت بۆ ئاسایش، كاری هه‌ردوو لایه‌نه‌كه بكات؛ سه‌دام پاش شه‌ڕی خه‌لیج ساڵی ١٩٩٣ ده‌ست ده‌داته «حه‌مله‌ی ئیمانی» و وڵاته‌كه ده‌كات به ئایینی؛ ئوردۆغان له توركیا هه‌وڵ ده‌دات هه‌م سه‌ربازی بێت و هه‌م «سه‌ره ڕمی فتووحات»، وه‌ك باپیرانی ئالی عوسمان. ئه‌مه‌یه ئه‌و شووره نه‌زۆكه‌ی كه هه‌موو شتێك تێیدا له دوو جه‌مسه‌ردایه.
تاقه كه‌ڵكی گریمانەكردنی وه‌ها سووڕ یان بونیادێك، ئه‌گه‌ری پێشنیاركردنی ئه‌و توانایانه‌یه كه ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وی ئه‌م سووڕه‌وه، واته گرنگتر له باسی بازنه‌كه و ئه‌وه‌ی تێیدا ڕوو ده‌دات، پرسیاره له‌وه‌ی چی ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌یه‌وه؟
والتێر بنیامین، له كاتی ده‌سه‌ڵاتی فاشیزمدا، نزیكەی سهدهیەك پێش ئێسته، له تێزی هه‌شته‌می تێزه‌كانی چه‌مكی مێژوودا پێشنیاری ده‌كرد كه بۆ تێگه‌یشتن له فاشیزم پێویسته ئاماده‌یی جۆرێك له «دۆخی ئاوارته‌ی هه‌میشه‌یی» له مێژوودا بناسینه‌وه، ههروەک چۆن به‌كارهێنانی چه‌مكی «نه‌ریت» بۆ ناسینه‌وه‌ی مێژووی «چه‌وساوه‌كان»یش ده‌كرێ وه‌ك هه‌وڵێك بێت بۆ ناسینه‌وه‌ی «بونیاد»ێك، هه‌ر چۆن له یادداشته‌كانی سه‌رمایه‌داریی وه‌ك ئاییندا بنیامین داوا ده‌كات كه «بونیادێك» ئایینی له سه‌رمایه‌داریدا بناسرێته‌وه، بونیادێك كه «نائومێدیی» ده‌كاته دۆخێكی گه‌ردوونی و هه‌مووان تێیدا گیرۆده‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌و ڕاهیبانهش كه ته‌ركی دنیا ده‌كه‌ن ناتوانن لێی ده‌رباز بن. له‌و تێزه‌دا بنیامین ده‌یه‌وێ له ڕێگه‌ی تێگه‌یشتنی له مێژووی چه‌وساوه‌كانه‌وه وه‌ك نه‌ریت و بینینی فاشیزم «دۆخێكی ئاوارته» كه نه‌ك كاتی به‌ڵكوو «هه‌میشه‌یی»، بزانێ چی لە ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م بونیادهوهیه و پێشنیاری ئه‌وه ده‌كات كه رێگەچارهكه ڕاگه‌یاندنی «دۆخی ئاوارته‌ی حه‌قیقی»یه.
گریمان كردنی وه‌ها بونیاد یان سووڕێك یارمه‌تی ئێمه‌ش ده‌دات بپرسین كه چی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سووڕه نهزۆكهوهیه كه له مۆدێلی ده‌سه‌ڵاتی دنیای ئیسلامی‌دا زاڵه؟
نموونه‌یه‌ك له سووریا ده‌توانێ بۆ ئه‌م ده‌ربازه ڕوونكه‌ره‌وه بێت، دۆخێك كه تایبه‌تمه‌ندیی هاوبه‌شی كۆی هێزه زاڵه‌كانی ناوچه‌كه‌ی تێدایه. پاش دامه‌زرانی «پشتێنی سه‌وز» له ده‌یه‌ی ١٩٦٠دا، دوو گرووپی كۆمه‌ڵایه‌تیی نا-مافناسانه و بێ‌ماف له سووریا دروست ده‌بن. پاش سه‌رژمێرییه‌كانی پڕۆژه‌ی «پشتێنی سه‌وز» له ناوچه سنووری و نهوتدارهكانی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریادا، كه به زۆری ڕۆژاوای كوردستان ده‌گرێته‌وه، به‌شێكی زۆر له دانیشتووان ناسنامه‌ی سووری‌یان لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه و كارتێكی سووریا‌ن پێ ده‌درێت كه ده‌یانكات به «ئه‌جانیب» و له هەموو مافێكی مه‌ده‌نی، له موڵكدارییه‌وه تا خوێندن و كار بۆ ده‌وڵه‌ت بێبه‌ش ده‌كرێن. ماڵ و موڵكی «ئه‌جانب» حه‌ڵاڵ ده‌كرێ و مافه‌كانیان لێ حه‌رام ده‌كرێت. زه‌وییه‌كانیان به‌بێ قه‌ره‌بوو ده‌درێته ئه‌و عەشیرەتانەی كه ده‌وڵه‌ت ده‌یانهێنێته شوێنی ئه‌وان. به‌م جۆره‌یه كه ته‌نانه‌ت جلی «ئه‌جانب» ده‌بێته نیشانه‌ی كرێكارانی بێ‌ماف و ناشارەزا و، هه‌ڕاج بۆ چهوساندنەوه. ده‌ستڕه‌نگینیی ڕۆژاواییهكان بۆ دروستكردنی خواردن هۆكاری مێژوویی هه‌یه، نه‌ك به‌هره‌یه‌كی سروشتی بێت تێیاندا.
نه‌وه‌ی دووه‌می «ئەجانب»، كه‌سێك كه دایك یان باوكی «ئه‌جانب» بێت، دیسان له مافه مه‌ده‌نییه‌كان بێبه‌شه، ئه‌م گرووپه ناویان «مه‌كتووم ئهلقهید»ـه. به ڕێكهوتیش ئه‌وه‌ی ئێمه وه‌ك شۆڕشی ڕۆژاوای كوردستان ده‌یناسین، زیاتر به‌رهه‌می ئاماده‌یی ئه‌م دوو گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه. سه‌رنجڕاكێشیشه بزانین سیستمی ڕۆژاوا بۆ خۆی ئه‌مانه‌ی به ڕه‌سمی ناسییه‌وه. ساڵی ٢٠١٨ له زرگان له نزیكی سه‌رێكانی كه هه‌مان ساڵ توركیا داگیری كرد و هێزه ئیسلامییه‌كانی تێدا نیشته‌جێ كرد، هه‌ر وه‌ك عەفرین كه سپێردرایه ئیسلامییه‌كان، له یه‌كێك له ناوه‌نده دیمۆكراتییە جه‌ماوه‌رییه‌كاندا به‌شداریی وتووێژێك بوو له‌نێوان دوو كه‌سی خه‌ڵكی شارۆچكه‌كه‌دا.
لایه‌نێكی وتووێژه‌كه، كه‌سێك بوو كه زه‌وی و ماڵه‌كه‌ی پاش كێشانی پڕۆژه‌ی پشتێنی سه‌وز داگیر كرابوو و درابوو به بنه‌ماڵه‌یه‌كی عه‌ره‌ب. ئه‌م كه‌سه گله‌یی ده‌كرد كه چه‌ندان جاره دێت و هێشتا خۆسه‌ری، چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ی نه‌كردووه، ئیتر سه‌بری نه‌ماوه و خۆی چاره‌سه‌ری ده‌كات، ده‌یگوت كه كه‌سی نیشته‌جێی نێو موڵكه‌كانی پێی ده‌ڵێ كه ئه‌وه باوكی بووه داگیری كردووه، بۆیه نه قه‌ره‌بوو و نه تاوانه‌كه له ئه‌ستۆی ئه‌م نییه. ده‌یگوت كه خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری له جێگه‌ی دیكه زه‌وییان بۆ پێشنیار كردووه و ئه‌میش ده‌یگوت «دوای ئه‌و هه‌موو ئاواره‌ییه هاتوومهتەوه و نامه‌وێ بچم بۆ جێگه‌یه‌كی دیكه.» ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌م «ئه‌جانب»ـه قسه‌ی بۆ ده‌كرد، پیاوێكی ته‌مه‌ن نزیكی حه‌فتا ساڵان بوو، كه هه‌وڵی ده‌دا ئارامی بكاته‌وه و ده‌یگوت ئێمه چیدی پێكه‌وه له سیستمی «كۆنفیدراڵیزمی دیمۆكراتیك»دا ده‌ژین. به‌ڵام كه‌سه مهغدوورهكه ده‌یگوت كه من زهوییهكانمم پێویسته. پێشنیاری قه‌ره‌بوو، پێدانی زه‌وی له شوێنی دیكه، یان به‌شكردنی ئه‌و زه‌ویانه‌ی دەکرد کە هەبوون. كێشه‌ی قه‌ره‌بوو و گه‌ڕانه‌وە بۆ سه‌ر موڵكه‌كانی خۆیان، یه‌كێك بوو و یه‌كێكه له كێشه‌كانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی، كه هه‌زاران نموونه‌ی هه‌یه و ئه‌گه‌ر شه‌ڕ ده‌رفه‌تی بدایه‌تێ، ده‌یتوانی نموونه‌یه‌كی له ئاستی زۆر فراواندا به ده‌سته‌وه بدات. ڕوانینێكیش ده‌توانێ نیشانی بدات كه زیاد له هه‌مووان ئه‌وه «ئه‌جانب» و «مكتوم القید»ـه‌كان بوون كه ده‌یانتوانی ناوه‌ڕۆكی ڕاسته‌قینه‌ی شۆڕشه‌كه دیاری بكه‌ن، ههروەک چۆن زۆرترین به‌شی خۆڕاگریش له‌وانه‌یه هه‌ر له‌سه‌ر شانی ئه‌وان بووبێت، كه زیاد له هه‌مووان پێویستیان به گۆڕانه.
چاره‌نووسی ئه‌م وتووێژه‌ی نێوان ئه‌م دوو كه‌سه نازانم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بكرێ بڵێی ئه‌وه‌یه ئه‌م وتووێژه هه‌وڵێك بوو بۆ نه‌گه‌ڕانه‌وه بۆ هه‌مان بازنه و سووڕی زاڵ و باو. چیتر ئهجانبهكان، كورده‌كان، چیدی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی زه‌وییه‌كانیان ده‌ستیان نه‌دایه زۆرکردن و چه‌ك، هه‌مان كاری داگیركه‌رانی خۆیان نه‌كرده‌وه، به‌ڵكوو دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگایه‌كی نوێ ببووه وێنایه‌كی گشتی. هه‌ڵبه‌ت شه‌ڕ له دژی رۆژاواش ده‌كرێ هه‌ر له‌م زهمیهنهیهدا بیری لێ بكرێته‌وه: ڕێگرتن له ده‌رچوون له دوو جه‌مسه‌رییه زاڵه‌كه.
ئه‌م نموونه‌یه، هاوكات ئه‌گه‌ری «دۆخی ئاوارته‌ی حه‌قیقی»شی له دڵی خۆیدا هه‌ڵگرتووه. ئه‌م دۆخه، وه‌ك بنیامین گوتبووی، مه‌رج نییه به مانای وێرانكردنی هه‌موو شتێك بێت، به‌ڵكوو ڕاگرتنی ئه‌و مێژووه‌یه كه خۆی وه‌ك «چاره‌نووس» سه‌پاندووه، به‌م جۆره‌ش شۆڕش ته‌قاندنه‌وه‌ی ڕه‌وتی مێژووه و «ئازادكردنی شته‌كانه له كۆیلایه‌تیی» ئوستووره و دووپاتبوونه‌وه، شۆڕش گۆڕانێكی بچووكه، «جێگۆڕكێ»یه‌كی بچووكه له دنیادا كه هه‌یه. به ڕێكه‌وت ئه‌م ده‌رچوونه له دوو جه‌مسه‌ره ئوستوورهییهكه، له «دۆخی ئاوارته‌ی هه‌میشه‌یی» و وه‌ستاندنی سووڕی ئوستووره‌یی بازنه‌كه له دڵی شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران‌دا له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ڕووی دا: دروستکردنی شووراكان و نموونه‌ی بچووكی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی گوند و شاره‌كان له‌و جێگه‌یه‌ی كه چاوه‌ڕێی نه‌ده‌كرا، دهربازێك بوو له دووانه‌ی شا یان خومه‌ینی. ده‌كرێ هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه له دوژمنایه‌تیی توندی كۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ كوردستان له دوای ١٩٧٩ تێبگه‌ین، مادام ئاگامبێن گوته‌نی ده‌زانین كه ده‌وڵه‌ت ده‌توانێ له دڵی خۆیدا ده‌سه‌ڵاتی دیكه و بگره ده‌وڵه‌تی دیكه‌ش قبووڵ بكات، به‌ڵام ڕێگه به هیچ فۆڕمێكی ناده‌وڵه‌تی نادات، چونكوو ته‌نیا ئه‌مه هه‌ڕه‌شه ڕاسته‌قینه‌كه‌یه. ده‌وڵه‌تی هاوبه‌شی مافیاكان مومكینه، به‌ڵام هیچ یه‌كه‌یه‌كی ناده‌وڵه‌تی ناتوانێ ببێت.
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه خه‌باته ڕزگاریدهرهكانیش ده‌كرێ سه‌رله‌نوێ ببینرێنه‌وه و بزانین كه تاقه به‌ختی ڕاسته‌قینه‌ی «نه‌ریتی چه‌وساوه‌كان» نه‌ك دووپاتكردنه‌وه‌ی یه‌كێك له جه‌مسه‌ره‌كان، به‌ڵكوو ڕۆنانی دۆخێكی ئاوارته‌ی حه‌قیقییه. ده‌توانین ڕیسكی ئه‌وه‌ش بكه‌ین و هه‌وڵ بده‌ین پەیوه‌ندیی فه‌ڵه‌ستین و حه‌ماس و هه‌روه‌ها شه‌ڕی هه‌نووكه‌یی له غه‌ززه‌ش له‌م ڕوانگه‌یه‌وه بخوێنینه‌وه.
به‌ڵام پێش ئه‌و هه‌وڵه پێویسته په‌رده له‌سه‌ر فێڵێك لا بدرێت. ئه‌مه ته‌نیا شه‌ڕی حه‌ماس و ئیسرائیل نییه. جگه له جیاوازیی ته‌واوه‌تیی ناوه‌ڕۆكی سیاسیی ئه‌و هێزانه‌ی كه له ساڵانی ١٩٧٩دا به‌رگرییان له كوردستان ده‌كرد، له ناوه‌ڕۆكی سیاسی و ئایدۆلۆژیكی حه‌ماس، ده‌توانین ئاماژه به فێڵێكی خومه‌ینی و ڕۆشنبیره‌كانی بكه‌ین كه له غه‌ززه دووپات ده‌بێته‌وه و، ئیسرائیل و لایه‌نگرانی حه‌ماسیش كه ده‌یانه‌وێ شه‌ڕه‌كه بكه‌ن به شه‌ڕی مه‌زهه‌بی بڕه‌وی پێ ده‌ده‌ن. له‌سه‌ر دیواره‌كانی كوردستانی داگیركراوی پاش ١٩٨٠ هێشتا ڕسته‌یه‌كی خومیه‌نی ماوه‌ته‌وه كه ده‌ڵێ :« ئێمه له‌گه‌ڵ كوفر ده‌جه‌نگین نه‌ك له‌گه‌ڵ كورد.» خومه‌ینی له ڕێگەی وه‌ها درومێكهوه ده‌یویست درز و دابڕانێكی ژین-سیاسی به‌پێی دین له‌نێو یه‌ك خه‌ڵكدا دروست بكات و كێشه‌كه بكات به كێشه‌ی ئایینی و دووانه‌یی كوفر و ئیمان دروست بكات. هه‌وڵ بۆ دابه‌زاندنی كۆی كێشه‌ی فه‌ڵه‌ستینیش بۆ حه‌ماس و چوونه پشتی وه‌ها تێزێك بدات، به جۆرێك هه‌مان فێڵ، خومه‌ینی و داپۆشینی بنچینه‌ی كێشه‌كه‌ی له خۆیدا هه‌ڵگرتووه.
ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلیش، سه‌باره‌ت به كێشه‌ی فه‌ڵه‌ستین تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو جه‌مسه‌ره‌كه‌ی له‌گه‌ڵه و گوتنی ئه‌مه‌ش شتێكی تازه نییه. ڕۆنانی ئه‌جانب و ئه‌مجاره‌یان ئابڵۆقه‌دانیان له كه‌مپ-ده‌وڵه‌ت ێكی وه‌ك غه‌ززه‌دا نموونه‌یه‌كه له فۆڕمی باوی ده‌وڵه‌ت له‌م ناوچه‌یه‌دا كه به‌پێی پارادایمی كه‌مپ به‌ڕێوه ده‌برێت. گومانی هه‌میشه‌یی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه له هه‌موو هاوڵاتیان، ده‌وڵه‌ته‌كان ده‌خاته دۆخی هه‌میشه‌یی «پێشگیریی» له «مه‌ترسی هێزهكیی» به‌شێك له دانیشتووان و، ده‌شزانین یه‌كێك له كاركرده سه‌ره‌كییه‌كانی كه‌مپه‌كان «پێش‌گرتن prevention » ه، پێش ئه‌وه‌ی شته‌كه ڕووبدات. له‌م دۆخه‌شدایه كه هه‌ر هاوڵاتییه‌ك بۆ پۆلیس ده‌بێته «تیرۆریستێكی هێزهكیی». به‌ڵام شكاندنی كه‌مپه‌كان پێویستی به دروستكردن و اگه‌یاندنی دۆخێكی دیكه‌یه له‌نێو خودی كه‌مپه‌كاندا، «له‌كارخستنی» پارادایمی «كه‌مپ-ده‌وڵه‌ت» و شكاندنی سووڕه نهزۆكهكهیه. چۆنیه‌تیی دروستكردنی ئه‌م دابڕان و وه‌ستاندنه له هه‌ر شوێنێك بۆ خه‌باتكاره‌كانی ئه‌و شوێنه ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له دووره‌وه و له‌سه‌ر ئایدیای فه‌ڵه‌ستین، دوور له پێچانه‌وه‌ی نوسخه‌ی تیۆری یان نه‌فره‌تی ئایدۆلۆژی، دەکرێ بڵێین کە پشتگیریی له‌م كێشه‌یه ڕێگه‌كه‌ی نه دروستكردنی دوو جه‌مسه‌ریی نوێیه و نه كردنیه‌تی به شه‌ڕی ناسیۆنالیستی یان ئایینی، وه‌ك به‌شێك له هاوده‌نگانی فه‌ڵه‌ستین به فێڵ خه‌ریكن ده‌یكه‌ن. وه‌ها ڕوانگه‌یه‌ك، له ئاستێكدا ڕێكخراو و له ئاستێكدا زاده‌ی تووڕه‌یی و تاسه‌ی جه‌نگ، له باتی خوێندنه‌وه‌ی كێشه‌ی فه‌ڵه‌ستین له دڵی مێژووی خۆیدا، به دابه‌زاندنی كێشه‌كه بۆ به‌ریه‌ككه‌وتنی ساده‌ی سه‌ربازیی و پشیگیریی له «هه‌ر هێزێك كه بتوانێ به‌ره‌نگاریی بكات»، به پشت به‌ستن به «تۆڵه» و داوا بۆ تۆڵه، دیسان هه‌ر له چوارچێوه‌ی كه‌مپه‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه و داوایهكیشه بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كه له هه‌مان دوو جه‌مسه‌ردا بمێنێته‌وه، له هه‌مان ئه‌و بونیاده‌دا كه دۆخه‌كه‌ی به ئێسته گه‌یاندووه. كێشه‌ی فه‌ڵه‌ستین، به ڕێكه‌وت پێشه‌كییه‌كه بۆ خوێندنه‌وه و توێژینه‌وه سه‌باره‌ت به «ئایدیا ڕزگاریده‌ره خیانهتلێكراوهكان»، له‌سه‌ر ده‌ستی هه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له ده‌ره‌وه و به ڕوانینی ڕۆژهه‌ڵاتناسانه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن نێوه‌وه‌ی كه‌مپه‌كان چۆنن، به سه‌ر كه‌مپه‌كاندا ههڵدەدهن، وه‌ك ئه‌وه‌ی چما دانیشتووانی كه‌مپه‌كان ئاشقی ئه‌و جۆره ژیانه‌ن. ئه‌م هه‌ڵچووانه داوای تۆڵه و مانه‌وه‌ی شێوه‌ی كه‌مپه‌كان ده‌كه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن كه تۆڵه ناتوانێ سیاسه‌ت دروست بكات. دۆخی غه‌ززه، وه‌ك سهمپتۆمێكه له مۆدێڵی زاڵی حوكمداریی له ناوچه‌كه‌دا، هه‌ر چۆن ده‌رفه‌تێكیش بوو كه به ڕێكه‌وت دەكرا شتێكی دیكه و جۆرێكی دیكه‌ی ژیانی تێدا له‌دایك ببێت، ئه‌گه‌رێك كه خودی حه‌ماس یه‌كێك بوو له ڕێگره‌كانی. دۆخی غه‌ززه وه‌ك كه‌مپێكی گه‌وره هاوكات هه‌ڵگری دۆخێكی ئاوارته‌ی حه‌قیقی بوو بۆ گۆڕینی كه‌مپ بۆ فه‌زایه‌كی ژیانیی دیكه، بۆ گۆڕینی كه‌مپ بۆ ئاوارته‌یه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی دوو جهمسهرییهكه و شكاندنی، ئیمكانێك كه دیسان دێته‌وه.

دەربارەی ئایدیای زانکۆ

سەرتر لە خوێندنگە
You May Also Like

لە خۆڵەمێشی فریشتەوە: میراتی قەدەغەکراوی گەلی دەرکراو
كانونی دووه‌م 15, 2024
کەوتنی فرەیی/ نووسین: زەردەشت نورەدین
كانونی دووه‌م 23, 2024