یەکەمینەکان لە مێژوودا
نووسین: ساموێل نوح کرامەر
وه‌رگێڕانی: هێمن عـوسمان عه‌بدوڵڵا
به‌شی یه‌ك؛ په‌روه‌رده
یه‌كه‌مین قوتابخانه‌كان
قوتابخانه‌ی سۆمه‌رییه‌كان ده‌رئه‌نجامی ڕاسته‌وخۆی داهێنان و گه‌شه‌كردنی نووسینی مێخی بوو، ئه‌وه‌ش بووه دیارترین به‌شداریی سۆمه‌ر له شارستانییه‌تدا، یه‌كه‌م به‌ڵگه‌نامه‌ی سۆمه‌ری له شارێك به‌ناوی ئوروک[1] دۆزرایه‌وه. زیاتر له هه‌زار تابلۆی گڵینی وێنه‌یی پێكهاتبوون و پارچه یاداشتنامه‌ی كارگێڕی و ئابووری بوون، به‌ڵام له نێویاندا چه‌ند تابلۆیه‌كی تێدا بوون و وشه‌كانیان ئاماژه‌ی خوێندن و پراكتیزه‌كردنی ده‌دا، واته له 3000 ساڵی پێش زایینه‌وه هه‌ندێك له نووسه‌ران بیریان له فێركردن و فێربوون كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام پێشكه‌وتن له سه‌ده‌كانی دواتر كه‌متر بوویه‌وه. له ناوه‌ڕاستی هه‌زارەی سێیه‌مدا، له سه‌رانسه‌ری سۆمه‌ردا ژماره‌یه‌ك قوتابخانه هه‌بوون کە نووسینیان به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ده‌خوێندرایه‌وه. له شاری شورپاك-ی[2] كۆن ئه‌و شاره‌ی زێدی “نوح” بوو له ساڵانی (1903-1903) ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له “كتێبی خوێندن”ی قوتابخانه‌كان هه‌ڵكه‌ندران و مێژووه‌كه‌یان ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ نزیكه‌ی 2500 پ.ز، به‌ڵام له نیوه‌ی كۆتایی هه‌زارەی سێیه‌مدا بوو سیسته‌می قوتابخانه‌ی سۆمه‌ری گه‌شه‌ی سه‌ند، له‌م قۆناغه‌وه ده‌یان هه‌زار تابلۆی گڵین هه‌ڵكه‌ندران و گومانی تێدا نییه سه‌دان هه‌زاری دیكه‌یش چاوه‌ڕێی كاری ههڵكهندنكاری ده‌كه‌ن له داهاتوودا، زۆرینه‌ی تابلۆكانیش له ڕووی تایبه‌تمه‌ندێتییه‌وه كارگێڕین و هه‌موو قۆناغه‌كانی ژیانی ئابووری سۆمه‌ری ده‌گرێته‌وه. ئه‌وه‌ی لێیانه‌وه فێر ده‌بین؛ ژماره‌ی ئه‌و نووسه‌رانه‌ن كه نزیكه‌ی هه‌زار كه‌س ده‌بن، ساڵانه پیشه‌كانیان پراكتیزه كردووه، نووسه‌رانی بچووك و باڵا، نووسه‌رانی شاهانه و په‌رستگاكان، نووسه‌رانێك پسپۆڕ بوون بۆ گرووپه تایبه‌ته‌كانی چالاكییه كارگێڕییه‌كان و نووسه‌رانێك بوونه پێشه‌نگ له به‌رپرسیارێتیی دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانی میریدا، بۆیه هۆكارگه‌لێكی زۆر هەن بۆ ئه‌وه‌ی وای دابنێین ژماره‌یه‌كی زۆر له قوتابخانه‌ی نووسه‌ران، قه‌باره و گرنگییه‌كی به‌رچاویان هه‌بووه له گه‌شه‌سەندن و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی خاكه‌كه‌یان.
به‌ڵام هیچ كام له‌م تابلۆ گڵینانه‌ی پێشووتر ڕاسته‌وخۆ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سیسته‌می قوتابخانه‌ی سۆمه‌ر و ڕێكخستنی شێوازی كاركردنیان ناكه‌ن، بۆ ده‌ستخستنی ئه‌م زانیارییه ده‌بێت بچینه‌وه بۆ نیوه‌ی یه‌كه‌می هه‌زاره‌ی پێش زایین. له پاش ئه‌م قۆناغه سه‌دان تابلۆی گڵین هه‌ڵكه‌ندراون و دۆزراوه‌ته‌وه، کە پڕن له هه‌موو جۆره ڕاهێنانێك، ئه‌وه‌ش ڕاسته‌وخۆ له لایه‌ن قوتابییه‌كانه‌وه ئاماده كراون، وه‌ك به‌شێك له كاری چالاكیی ڕۆژانه‌ی قۆتابخانهكهیان، ڕه‌شنووسی قوتابییه‌كان له خراپه‌كارییه دڵته‌زێنه‌كانی قوتابیانی پۆلی یه‌كه‌مه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات تا ده‌گاته نیشانه نووسراوه‌كانی قوتابیانی پێشكه‌وتوو، تا ده‌رچووی قوتابخانه‌ی سۆمه‌ری، سه‌باره‌ت به سرووشتی پڕۆگرامی قوتابخانه‌كان؛ خۆشبه‌ختانه مامۆستایانی سۆمه‌ری كۆن ئاره‌زوویان له نووسین له‌سه‌ر ژیانی قوتابخانه هه‌بووه و چەندان وتاریان له‌م باره‌وه نووسیوه و به‌شێكیان ساغ كراونه‌ته‌وه. له هه‌موو ئه‌م سه‌رچاوانه‌وه وێنه‌یه‌كمان ده‌ست ده‌كه‌وێت، ئه‌ویش قوتابخانه‌ی سۆمه‌ری، ئامانجی قوتابی و مامۆستاكانی پرۆگرام و ته‌كنیكه‌كانی وانه‌وتنه‌وه‌یه، ئه‌مه بۆ قۆناغێكی ئاوا سه‌ره‌تایی له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ناوازه‌یه.
ئامانجی ڕه‌سه‌نی قوتابخانه‌ی سۆمه‌رییه‌كان ئه‌وه بووە كه ئێمه پێی ده‌ڵێین “پیشه‌ییبوون” واتا، سه‌ره‌تا به مه‌به‌ستی ڕاهێنان له‌سه‌ر نووسین و ئه‌و نووسه‌رانه دامه‌زرا کە پێویست بوون بۆ تێركردنی پێداویستییه ئابووری و كارگێڕییه‌كان له پێناو خاكه‌كه‌دا، ئه‌مه‌ش به درێژایی چه‌ندان ساڵ ئامانجی سه‌ره‌كیی قۆتابخانه‌ی سۆمه‌رییه‌كان بوو، به تایبه‌ت له ڕه‌وتی گه‌شه‌پێكردن و به‌ره‌وپێشبردنی پرۆگرامی خوێندن. قوتابخانه‌كان بوون به ناوه‌ندی ڕۆشنبیری و فێربوون له سۆمه‌ردا، له قوتابخانه‌كاندا زانا دروستبوو، گه‌شه‌ی كرد و هه‌ر كه‌سێك له سه‌رده‌می خۆیدا زانیارییه‌كی هه‌بووایه له بواره‌كانی؛ تیۆلۆژیا، ڕووهكناسی، ئاژه‌ڵناسی، كانزا، جیۆگرافی، بیركاری، ڕێزمان و زمانه‌وانی، ده‌یخوێنده‌وه و خه‌رمانێكی بۆ سه‌ر ئه‌و زانسته زیاد ده‌كرد. جگه له‌وه‌ش تا ئه‌ندازه‌یه‌ك به پێچه‌وانه‌ی دامه‌زراوه فێركارییه‌كانی ئێستاوه قوتابخانه‌كانی سۆمه‌ر ئه‌و ناوه‌نده بوون پێێ بڵێین؛ ناوه‌ندی نووسینی داهێنه‌رانه، لێره‌وه بوو به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی ساڵانی ڕابردوو لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر كرا و له به‌ریان گیرانەوە، له‌و ناوه‌نده یه‌كێك هه‌بوو پێده‌چێ هێنده به دیسپلین بووبێ و به‌رپرسیار بووبێ له ڕێژه‌ی ئاماده‌بووانی قوتابییه‌كان ناوی لێ نراوه به “پیاوێك به‌رپرسی قامچییهكانه”. ئێمه هیچ ده‌رباره‌ی كارمه‌ندانی قوتابخانه‌كان نازانین، تەنیا ئه‌وه نه‌بێ به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه “باوكی قوتابخانه” بووه و هیچ شتێكیش ده‌رباره‌ی داهاتیان نازانین، ڕه‌نگه له لایه‌ن “باوكی قوتابخانه”ـه‌وه كرێی خوێندن له قوتابییه‌كان وه‌رگیرابێ و خه‌رجی قوتابخانه‌كانی لێ درابێت، سه‌باره‌ت به پڕۆگرامی خوێندنی قوتابخانه‌كان؛ داتایه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند له به‌رده‌ستماندایه كه به ڕاستی له مێژووی مرۆڤی سه‌ره‌تاییدا ناوازه‌یه، له‌م دۆخه‌دا پێویست ناكات پشت به‌و لێدوانانه ببه‌ستین كه‌سانی پێشوو داویانه و به‌رده‌وامیش لێدوان ده‌درێت یان بڵاوبوونه‌وه‌ی زانیاریی په‌رشوبڵاو، چونكه ئێمه به‌رهه‌می نووسراوی خودی قوتابی قوتابخانه‌كانمان هه‌یه، له یه‌كه‌مین هه‌وڵه سه‌ره‌تاییه‌كانی قوتابییه‌وه تا ده‌گاته تابلۆ گڵینه لهبهرگیراوهكانی قوتابییه پێشكه‌وتووه‌كان، ئه‌وه‌نده باش كاره‌كانیان ڕاپه‌ڕاندووه و ئاماده‌یان كردوون له كاری خودی پرۆفیسۆر و شاره‌زاكانیان جیا نه‌ده‌كرانه‌وه. له به‌رهه‌می قوتابخانه‌كانه‌وه تێده‌گه‌ین پرۆگرامی قوتابخانه‌ی سۆمه‌ری له دوو گرووپی سه‌ره‌تایی پێكهاتبوو؛ یه‌كه‌م، نیمچه‌زانستی و دووه‌م ئه‌ده‌بی و داهێنه‌ر، له گرووپی یه‌كه‌م یان نیمچه زانستیدا گرنگه جه‌خت له‌وه بكه‌ینه‌وه بابهتهكان له شتێكه‌وه سه‌رچاوه‌یان نه‌گرتووه پێی بڵێین ئاره‌زووی زانستی یان گه‌ڕان به‌دوای ڕاستی له پێناو ڕاستیدا، به‌ڵكووو ئامانجی سه‌ره‌كیی قوتابخانه‌كه گه‌شه‌پێدان بوو به نووسین، چۆن قوتابی بتوانێت به زمانی سۆمه‌ری بنووسێت بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌م پێداویستییه پێداگۆجییه، مامۆستایانی سۆمه‌ری سیسته‌مێكی فێركارییان داڕشت به پله‌ی یه‌كه‌م له پۆلێنكردنی زمانه‌وانی پێكهاتبوو؛ واتا زمانی سۆمه‌رییان پۆلێن كرد بۆ كۆمه‌ڵێك وشه و ده‌سته‌واژه‌ی په‌وه‌ندیدار كه له به‌ری بگیرێته‌وه و دووباره بنووسرێته‌وه تا به ئاسانی دووباره بینووسنه‌وه، له هه‌زاره‌ی سێیه‌می پێش زایین‌دا كتێبه‌كانی خوێندن تا ده‌هات تهواوكارتر ده‌بوون، ورده ورده گه‌شه‌یان كرد و ستاندارد بوون بۆ هه‌موو قوتابخانه‌كانی سۆمه‌ر، له‌ناو ئه‌و كتێبانه‌دا لیستی درێژی ناوی دار و كانیاوه‌كان، هه‌موو جۆره ئاژه‌ڵێك به مێروو و باڵنده‌وه، وڵات و شار و گونده‌كان، به‌رد و كانزاكان ده‌بینین. ئه‌م كۆكردنه‌وه‌یه به‌رچاوڕوونیمان ده‌داتێ كه ده‌توانین پێی بڵێین؛ زانستی ڕووهكی، ئاژه‌ڵناسی، جیۆگرافی و كانزاناسی، ئه‌وه‌ش ڕاستییه‌كه ئێستا مێژوونووسانی زانست هه‌وڵ ده‌ده‌ن توێژینه‌وه‌ی له‌باره‌وه بكه‌ن.
هه‌روه‌ها قوتابیانی قوتابخانه‌ی سۆمه‌ر خشته‌ی جۆراوجۆریان ئاماده ده‌كرد و كێشه بیركارییهكانیان پێ لێك ده‌دایه‌وه، له بواری زمانه‌وانیشدا؛ لێكۆڵینه‌وه له‌نێو تابلۆ گڵینه‌كانی قوتابخانه‌كان ده‌نووسران، ژماره‌یه‌ك به لیستی درێژ و ئاڵۆزه‌وه فۆڕمه‌كانی زار ده‌نووسران، ئه‌وه‌ش ئاماژه بوو بۆ ڕێبازێكی ڕێزمانی زۆر ئاڵۆز. دواتر له لایه‌ن داگیركاری ئهكهدییه سامییه‌كانه‌وه له چاره‌كی كۆتایی هه‌زاره‌ی سێیه‌می پێش زایین‌دا، پرۆفیسۆره‌كانی سۆمه‌ر كۆنترین “فه‌رهه‌نگ”یان ئاماده كرد و تا ئێستا یه‌كه‌م فه‌رهه‌نگه مرۆڤ پێی ئاشنا بووه، داگیركه‌رانی سامی نه‌ك هه‌ر قه‌رزیان له ڕێنووسی سۆمه‌ر کردووە، به‌ڵكوو به‌رهه‌مه ئهدهبییهكانیشیان زۆر به‌نرخ ده‌زانن، دوای ئه‌وه‌ی زمانی قسه‌كردنی سۆمه‌ر له‌ناوچوو، لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌باره‌وه كردووه و دووباره لاساییان كردوونه‌ته‌وه، لێره‌وه پێویستی پێداگۆجی بۆ فه‌رهه‌نگه‌كان سه‌ری هه‌ڵدا و تێیدا وشه و ده‌سته‌واژه سۆمه‌رییه‌كان وه‌رگێڕدرانه سه‌ر زمانی ئه‌كه‌دی. سه‌باره‌ت به لایه‌نه ئه‌ده‌بی و داهێنه‌ره‌كانی پرۆگرامی سۆمه‌ری، به پله‌ی یه‌كه‌م له خوێندن و له‌به‌رگرتنه‌وه و لاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه گه‌وره و هه‌مه‌چه‌شنانه‌ی به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كان پێكهاتبوو كه له نیوه‌ی كۆتایی هه‌زارەی سێیه‌می پێش زایینەوە سه‌رچاوه‌یان گرتووه و گه‌شه‌یان كردووه، ئه‌م به‌رهه‌مه دێرینانه ده‌چنه ناو سه‌دان به‌رهه‌می داهێنه‌رانه‌وه كه هه‌موویان له فۆڕمدا شیعری بوون كه‌مترینیان له په‌نجا دێڕه‌وه ده‌ستی پێده‌كرد هه‌تا هه‌زار دێڕ، ئه‌وانه‌ی تا ئێستا دۆزراونه‌ته‌وه؛ به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌م ژانرانهن؛ ئه‌فسانه و چیرۆكی داستانئامێز، له شێوه‌ی شیعری گێڕانه‌وه‌دا له ئاهه‌نگه‌كان ده‌خوێندرانه‌وه بۆ خواوه‌ند و پاڵه‌وانه‌كانی سۆمه‌ری؛ سروود بۆ خواوه‌ند و پاشا‌كان، ماته‌م و شیوه‌ن و گریانی له‌ناوچوونی شاره‌كانی سۆمه‌ر، نووسینه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی حیكمه‌ت له‌وانه‌ش په‌ند، ئه‌فسانه، وتار، له چه‌ند هه‌زار تابلۆی گڵینی پارچه‌ی ئه‌ده‌بی كه له وێرانه‌كانی سۆمه‌ره‌وه دۆزراونه‌ته‌وه، كه‌مێكیان نه‌بێ به ده‌ستی قوتابییه تازهپێگهیشتووهكانهوه نووسراون و ئه‌وانی دیكه قوتابی پێگه‌یشتوو و پێشكه‌وتوو نووسیونی.
تا ئیستا شتێكی كه‌م زانراوه ده‌رباره‌ی شێواز و ته‌كنیكه‌كانی وانه‌وتنه‌وه و پراكتیزه‌كردن له قوتابخانه‌كانی سۆمه‌ردا، به‌یانیان له‌گه‌ڵ گه‌یشتن به قوتابخانه، قوتابی ئه‌و ده‌رسه‌ی ده‌خوێند كه ڕۆژێك پێشتر ئاماده‌ی كردبوو، پاشان “براگه‌وره” واته یاریده‌ده‌ری پرۆفیسۆر تابلۆیه‌كی گڵینی ئاماده ده‌كرد و قوتابی به‌رده‌وام ده‌بوو له خوێندنه‌وه و له‌به‌رگرتنه‌وه‌ی، چونكه له‌بیرچوونه‌وه ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی دیوه له كاره‌كانی قوتابیاندا، ڕه‌نگه هه‌ردوو “براگه‌وره و باوكی قوتابخانه” به‌راورد و پێداچوونه‌وه‌یان كردبێ به تابلۆ گڵینهكاندا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مامۆستایان و یاریده‌ده‌ره‌كان به زاره‌كی ڕوونكردنه‌وه‌ی به‌رچاویان دابێ بۆ لیست و خشته و ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كان تا ته‌واویان كردوون، تا قوتابییه‌كه له‌به‌ری گرتووه‌ته‌وه و خوێندویه‌تییه‌وه، به‌ڵام ئه‌م قوتابیانه ده‌بوو بۆ تێگه‌یشتنمان له بیری زانستی و ئایینی و ئه‌ده‌بی سۆمه‌ری، به‌نرخیی خۆیان بسه‌لمێنن، به هه‌موو ئه‌گه‌رێك هه‌رگیز نه‌نووسراون و لێره‌وه به هه‌میشه‌یی بۆ ئێمه به نادیاری ده‌مێننه‌وه. ڕاستییه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت؛ قوتابخانه‌ی سۆمه‌ری هیچ كام له تایبه‌تمه‌ندێتیی په‌روه‌رده‌ی ئه‌وه‌ی پێوه دیار نه‌بووه كه ئێمه ئێستا پێی ده‌ڵێین په‌روه‌رده‌ی پێشكه‌وتنخوازانه، له بابه‌تی دیسپلیندا هیچ كه‌سێك چه‌قۆكه‌ی خۆی نه‌به‌خشیوه له كاتێكدا ڕه‌نگه مامۆستایان به ستایش هانی قوتابییه‌كانیان دابێت بۆ ئه‌وه‌ی كاری باشتر بكه‌ن، به‌ڵام به پله‌ی یه‌كه‌م پشتیان به چه‌قۆ به‌ستبوو بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه و ناته‌واوییه‌كانی قوتابیان، قوتابی كاتی زیاده‌ی نه‌بوو، ڕۆژانه له خۆرهه‌ڵاتنه‌وه تا خۆرئاوا له قوتابخانه بوون، ده‌بێ له ساڵی خوێندنیدا هه‌ندێك پشووی هه‌بووبێت، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌مه هیچ زانیارییه‌كمان نییه. قوتابی ساڵانێكی زۆری ته‌مه‌نی بۆ خوێندن ته‌رخانكردووه، له سه‌ره‌تای ته‌مه‌نییه‌وه تا گه‌نجێتی له قوتابخانه بووه، سه‌رنجڕاكێش ده‌بێت بزانین ئایا چاوه‌ڕوان ده‌كرا قوتابیان پسپۆڕ بن له توێژینه‌وه‌یه‌كدا، كه‌ی و تا چه‌ند؟ به‌ڵام ده‌رباره‌ی ئه‌مه وه‌ك زۆرێك له زانیارییه‌كانی دیكه‌مان كه په‌یوه‌ندی به چالاكی قوتابخانه‌كانه‌وه هه‌یه سه‌رچاوه‌كانمان شكستمان پێده‌هێنن.
قوتابخانه كۆنه‌كانی سۆمه‌ر چۆن بوون؟ له چه‌ندان ههڵكهندنكاری میزۆپۆتامیا؛ ئه‌و بینایانه‌ی ده‌ركه‌وتوون له نیپور، سیپار و ئور، به هه‌ر هۆكارێك بێت زۆرینه‌ی وه‌ك قوتابخانه ده‌ستنیشان كراون و پشتڕاست كراونه‌ته‌وه، به‌ڵام جگه له‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر له تابلۆ گڵینه‌كان له ژووره‌كاندا دۆزراونه‌ته‌وه، ده‌رئه‌نجامی ئه‌مه ده‌ری ده‌خات شتێكی كه‌م هه‌بێت جیایان بكاته‌وه له ژووره ئاساییه‌كانی ماڵ، ڕه‌نگه ناسینهوهكهش هه‌ڵه بێت. له زستانی ساڵانی (1934-1935) فه‌ڕه‌نسییه‌كان له هه‌ڵكه‌ندنی ماری كۆن له ڕۆژئاوای نیپور كاری ههڵكهندنكاریان كرد و دوو ژووریان دۆزییه‌وه كه به دڵنیاییه‌وه تایبه‌تمه‌ندێتیی ژووری قوتابخانه‌ی پیشان ده‌دا، پێده‌چێت پۆلی قوتابخانه بووبێت، به تایبه‌ت كاتێك چه‌ندان ڕیز كورسیان تێدابوو کە له خشت دروستكرابوون و توانای دانیشتنی یه‌ك، دوو تا چوار كه‌سی هه‌بوو، سه‌یر له‌وه‌دایه هیچ تابلۆیه‌كی گڵین له‌ناو ئه‌و پۆله‌دا نه‌دۆزرایه‌وه، ئەمەش وایكرد شوناسی تا ئه‌ندازه‌یه‌ك به نادیاری بمێنێته‌وه. ته‌نیا قوتابیان خۆیان ده‌زانن چۆن هه‌ستێكیان هه‌بووه له‌گه‌ڵ ئه‌و سیسته‌مه په‌روه‌رده‌ییه؟ بۆ وه‌ڵامێكی به‌شه‌كی، له به‌شی دووه‌مدا ڕوو له وتارێكی سۆمه‌ری ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ژیانی قوتابخانه كه نزیكه‌ی چوار هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نووسراوه و به‌م دواییه به‌ش به‌ش كراوه و وه‌رگێڕراوه، به تایبه‌تی زانیاری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی مامۆستا و قوتابییه‌كان هه‌یه، یهكهمییهكی ناوازه له مێژووی په‌روه‌رده‌دا به‌رده‌ست ده‌خات.
به‌شی دوو: ڕۆژانی قوتابخانه
یه‌كه‌م حاڵه‌تی دەمچەورکردنی[3] مامۆستا
یه‌كێك له‌و به‌ڵگه مرۆییانه‌ی تا ئێستا له ڕۆژهه‌ڵاتی نزیكدا هه‌ڵكه‌ندراوه، وتارێكی سۆمه‌رییه، باس له چالاكیی ڕۆژانه‌ی كوڕێكی قوتابخانه ده‌كات، ئه‌وه‌ش له لایه‌ن مامۆستایه‌كی بێناوه‌وه ئاماده كراوه و مێژووه‌كه‌ی نزیكه‌ی له 2000 پێش زایین‌دا ژیاوه، وشه ساده و ڕاسته‌قینه‌كانی ئه‌و وتاره ئاشكرای ده‌كه‌ن به درێژایی هه‌زاره‌كان سرووشتی مرۆڤ چه‌ند گۆڕاوه، له‌م وتاره كۆنه‌دا؛ ده‌رده‌كه‌وێت كوڕێكی قوتابخانه جیاواز نییه له هاوتا مۆدێرنه‌كه‌ی و ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌گه‌ر دره‌نگ بچێته قوتابخانه “مامۆستاكه‌ی به چه‌قۆ لێی بدات” به‌یانیان كاتی له خه‌و هه‌ستان داوا له دایكی ده‌كات به‌په‌له نانی نیوه‌ڕۆی بۆ ئاماده بكات، هه‌ر كاتێك له قوتابخانه ڕه‌فتارێكی خراپ بكات ئه‌وا له لایه‌ن مامۆستا و یاریدهدهرهكانهوه به چه‌قۆ لێی ده‌درێت، ئێمه به ته‌واوی له‌وه دڵنیاین چونكه ئاماژه‌كانی سۆمه‌ر بۆ لێدان ده‌ریده‌خه‌ن له دار و گۆشت پێكهاتووه، سه‌باره‌ت به مامۆستایان؛ پێده‌چێت مووچه‌ی مانگانه‌یان كه‌م بووبێت، بۆیه دڵخۆش ده‌بوون كاتێك فشار له قوتابی بکەن بۆ ئه‌وه‌ی زیاده‌یه‌كی داهات له دایك و باوكی قوتابییه‌كه وەربگرن.
له ڕووی پێكهاته‌ییه‌وه؛ بێگومان یه‌كێك له “پرۆفیسۆره‌كان” له ماڵی گڵین-دا هه‌بووه، به‌رده‌وام و ڕاسته‌وخۆ پرسیارێكی ئاراسته‌ی قوتابییه‌كانی ده‌كرد و ده‌یپرسی: كوڕی قوتابخانه، سه‌ره‌تای ڕۆژ بۆ كوێ چوویت؟ كوڕه‌كه وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه: چوومه قوتابخانه. پاشان نووسه‌ر ده‌پرسێت: له قوتابخانه چیت كردووه؟ پاشان وه‌ڵامی قوتابییه‌كه به‌دوایدا دێت و ده‌ڵێت: “تابلۆ گڵینهكهی خۆمم خوێنده‌وه، نانی نیوه‌ڕۆم خوارد، تابلۆیه‌كی نوێی گڵینم ئاماده كرد، نووسیم، ته‌واوم كرد، پاشان كاری زارهكیم بۆ دانا و پاشنیوه‌ڕۆ كاری نووسراویان بۆ دانام” زیاتر له نیوه‌ی به‌ڵگه‌نامه دۆزراوه‌كان پێکهاتوون له‌م شێوازی پرسیار و وهڵامانەی پرۆفیسۆر و قوتابی؛ دواتر قوتابییه‌كه ده‌نووسێت “كاتێك له قوتابخانه دهنێردراینهوه، چوومه‌وه ماڵه‌وه، باوكمم بینی دانیشتبوو، كاره نووسراوه‌كانم بۆ باوكم گێڕایه‌وه و پاشان تابلۆ گڵینهكهم بۆ خوێنده‌وه و باوكم زۆر دڵخۆش بوو، ڕۆژی دواتر به‌یانی له خه‌و هه‌ستام به دایكمم گوت نانی نیوه‌ڕۆم بداتێ و له‌گه‌ڵ خۆم بیبه‌م و بچمە قوتابخانه، دایكم دوو پارووه نانی لووله‌ی پێدام، منیش به‌ڕێكه‌وتم و چوومه قوتابخانه، چاودێری قوتابخانه پێی وتم: بۆچی دواكهوتوویت؟ به ترس و دڵهكوتێوه له به‌رده‌م مامۆستاكهمدا چوومه ژووره‌وه و خۆ نوشتاندنهوهیهكی ڕێزدارانهم بۆ كرد و سڵاوم لێ كرد (ئه‌گه‌ر به ڕێزه‌وه خۆی نوشتاندبێتهوه و سڵاوی كردبێت یان نا، پێده‌چێت ڕۆژێكی خراپ بووبێت بۆ ئه‌م قوتابییه) دواتر مامۆستاكه چه‌قۆی هه‌ڵكه‌ندنی تابلۆ گڵینه‌كانی له قوتابییه‌كان وه‌رگرت و له هه‌مووی خراپتر به قوتابییه‌كه‌ی گوت: “ده‌ستی تۆ بۆ له‌به‌رگرتنه‌وه‌ی تابلۆكان نابێت” و به چه‌قۆ لێی دا. كوڕه قوتابییه‌كه به‌مه زۆر زویر ده‌بێت و پێشنیاز بۆ باوكی ده‌كات ڕه‌نگه بیرۆكه‌یه‌كی باش بێت مامۆستاكه بانگهێشتی ماڵه‌وه بكات و به هه‌ندێك دیاری دڵی نه‌رم بكات. به هه‌موو ئه‌گه‌رێك ئه‌مه یه‌كه‌م دۆخی تۆماركراوی “ڕازیكردنی مامۆستایه” له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا.
نووسینه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه به‌رده‌وامه؛ بۆ ئه‌و ڕووداوه‌ی كوڕه‌كه لای باوكی گێڕایه‌وه؛ باوكیشی به ئاگا هاته‌وه، مامۆستاكه له قوتابخانه‌وه بانگهێشتی ماڵه‌وه كرا و له‌سه‌ر كورسی شه‌ره‌ف دانیشت، كوڕه‌كه خزمه‌تی مامۆستاكه‌ی ده‌كرد، هه‌رچی فێری بووبوو، له هونه‌ری نووسین له‌سه‌ر تابلۆی گڵین، له به‌رچاوی باوكی و مامۆستاكه‌ی دووباره‌ی كرده‌وه، پاشان باوكه‌كه شه‌رابی ده‌خوارده‌وه و مامۆستاكهیش نانی ده‌خوارد، ده‌ستێك جلی نوێیان له‌به‌ر كرد و ههڵقهیهكیان كرده ده‌ستی”مامۆستاكه به‌و به‌خشنده‌ییه دڵی گه‌رم بوویه‌وه به وشه‌ی شیعری نووسه‌ری ئاواتخواز كه قوتابییه‌كه‌یه، دڵنیای ده‌كاته‌وه وه‌ك ستایش به‌شێك له شیعره‌كه‌ی بۆ خوێنده‌وه” كوڕی گه‌نج، چونكه وشهكانمت پشتگوێ نه‌خست، ده‌ستبه‌ردار نه‌بوویت، بگه‌یته لووتكه‌ی هونه‌ری نووسینه‌وه… بگه‌یته لووتكه‌ی هونه‌ری نووسینه‌وه… بگه‌یته ته‌واوی فێربوون، له‌نێو براكانت پێشه‌نگیان بیت، له‌نێو هاوڕێكانت سه‌رۆكیان بیت، به‌رزترین پله‌ی ناو كوڕانی قوتابخانه‌ت هه‌بێت، چالاكییه‌كانی قوتابخانه‌ت به باشی ئه‌نجام داوه و بوویت به پیاوی فێربوون” به‌م قسه پڕ له جۆش‌وخرۆش و گه‌شبینانه وتاره‌كه‌ی “ڕۆژانی قوتابخانه” كۆتایی دێت، خه‌ونی ئه‌وه‌ی نەدیبوو وردهنهخشه ئه‌ده‌بییه‌كه‌ی لەبارەی ژیانی قوتابخانهوە، وه‌ك خۆی نزیكه‌ی چوار هه‌زار ساڵ دواتر له لایه‌ن مامۆستایه‌كی سه‌ده‌ی بیسته‌مەوە له زانكۆیه‌كی ئه‌مریكی زیندوو بكرێته‌وه و نۆژه‌ن بكرێته‌وه.
خۆشبەختانه له سه‌رده‌می كۆندا ئه‌وه وتارێكی به‌ناوبانگ بووە، وا ده‌رده‌كه‌وێت بیستویه‌ك دانه‌ی له‌و جۆره دۆزرابێتنەوە و پارێزرابن، سیانزه دانه‌یان له مۆزه‌خانه‌ی زانكۆی فیلادلفیان و حه‌وت دانه‌یان له مۆزه‌خانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كۆن له ئه‌سته‌نبووڵ و یه‌كێكیان له مۆزه‌خانه‌ی لۆڤه‌ره له پاریس، چیرۆكی پله‌به‌ندی پارچه دۆزراوه‌كان به‌م جۆره‌یه: له ساڵی 1919دا یه‌كه‌م به‌ڵگه‌نامه‌ی “ڕۆژانی قوتابخانه” له لایه‌ن گه‌نجێكی مێخ-سازه‌وه به ناوی “هۆگۆ ڕاداو” له‌به‌ری گیرایه‌وه و پوخته‌یه‌كی وه‌رگێڕا و بڵاوی كرده‌وه، نه‌یتوانی به ته‌واوی له هه‌مووی تێبگات و نه‌یده‌زانی له‌سه‌ر چییه. له بیستوپێنج ساڵی داهاتووتری 1919دا به‌شه‌كانی دیكه له لایه‌ن ڕۆژهه‌ڵاتناسه به‌ناوبانگه كۆچكردووه‌كانی وه‌ك “ستیڤن لانگدۆن، ئێدوارد چیێرا و هێنری دی جێنۆیلاك”ـه‌وه بڵاو كرانه‌وه، به‌ڵام هێشتا كه‌ره‌سته‌یه‌كی وا له‌به‌رده‌ستدا نه‌بوو گرنگیی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌قه‌كه‌مان بۆ كۆ بكاته‌وه، له ساڵی دا1938 له كاتی مانه‌وه‌م بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له ئه‌سته‌نبووڵ سه‌ركه‌وتوو بووم له ده‌ستنیشانكردنی پێنج پارچه‌ی دیكه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كان، یه‌كێك له‌وانه تابلۆیه‌كی چوار ستوونی بوو تا ئه‌ندازه‌یه‌كی باش پارێزراو بوو، له بنه‌ڕه‌تدا ته‌واوی ده‌قه‌كه به باشی داڕ‌ێژرابوو، ئه‌مه وایكرد پارچه‌كانی دیكه له شوێنی خۆیان دابنێم. له‌و كاته‌ی پارچه‌ی زیاده له مۆزه‌خانه‌كه‌دا ده‌ستنیشان كراون، درێژی هه‌ر تابلۆیه‌كی گڵین له چوار ستوونی به باشی پارێزراوه و تا ده‌گاته پارچه‌ی بچووكتر، ئه‌وانیش چه‌ند هێڵێكی كه‌میان درزی بردووه و زۆر نه‌شكاون، له ده‌رئه‌نجامدا؛ جگه له چه‌ند هێمایه‌كی شكاو، به كرده‌یی ته‌واوی ده‌قی به‌ڵگه‌نامه پارچهپارچهكراوهكان نۆژه‌ن کرانەوە.
به‌ڵام ئه‌مه یه‌كه‌م به‌ربه‌ست بوو له پڕۆسه‌ی زانستیدا بۆ ئه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی به‌ڵگه‌نامه كۆنه‌كان بخرێته به‌رده‌ستی جیهان به گشتی، وه‌رگێڕانێكی متمانه‌پێكراو گرنگه و له هه‌مان كاتیش‌دا زۆر گرانه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ند به‌شێكی به‌ڵگه‌نامه‌كان له لایه‌ن زانایانی شاره‌زای سۆمه‌ر “تۆركیڵد جاكۆبسن- له په‌یمانگای ڕۆژهه‌ڵاتی زانكۆی شیكاگۆ و ئاده‌م فالكنشتاین- له زانكۆی هایدلبێرگ” به سه‌ركه‌وتوویی وه‌رگێڕدراون، ئه‌م وه‌رگێڕانانه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك پێشنیازی “بێنۆ لاندسبێرگهر” كه پێشتر خه‌ڵكی لایپزیگ و ئه‌نقه‌ره بووه و ئێستا له په‌یمانگای ڕۆژهه‌ڵاتی زانكۆی شیگاگۆیه، له ئاماده‌كردنی یه‌كه‌م وه‌رگێڕانی ته‌واوی به‌ڵگه‌نامه‌كان، كه‌ڵكیان لێ وه‌رگیراوه. ئه‌مانه له ساڵی 1949دا له گۆڤاری كۆمه‌ڵه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌مریكیدا بڵاو کرانەوە، پێویست ناكات بڵێین كه‌مێك له وشه و ده‌سته‌واژه سۆمه‌رییه‌كان له وتاره كۆنه‌كاندا هێشتا دڵنیا و ناڕوون نین. بێگومان هه‌ندێك پرۆفیسۆر له داهاتوودا سه‌ركه‌وتوو ده‌بن له وه‌رگێڕانێكی ورد و بێگرێ، ڕه‌نگه پێیان باشبێت دان به‌وه‌دا نه‌نێین، به‌ڵام ئه‌وه پرۆفیسۆر و شاعیران نین جیهان به‌ڕێوه ده‌به‌ن، به‌ڵكوو ده‌وڵه‌تمه‌دار و سیاسه‌تمه‌دار و سه‌ربازه‌كانن، بۆیه یه‌كه‌مینی داهاتوومان له به‌شی سێیه‌مدا باس له سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌واكانی سۆمه‌ری پێنج هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌كه‌ین كه توانیویانه ڕووداوه سیاسییه‌كان به سه‌ركه‌توویی به‌ڕێوه ببه‌ن.
سه‌رچاوه؛
Kramer, Samuel Noah, 1897–1990 History begins at Sumer. Third edition 1981 University of Pennsylvania Press, Published by University of Pennsylvania Press Philadelphia.
[1] ئوروک (بە سۆمەری : ئۆنۆگ، لە کتێبی پیرۆزدا: ئێرێچ، یۆنانی: ئورخۆیە، بە عەرەبی: وارکا یان ئوروک) یەکێک بووە لە شارە کۆنەکانی سۆمەر و دواتر بابل لە ناوچەی ڕووباری ناوەڕاست (باشووری عێراق ئەمڕۆ). ئەم شارە سەرەکیترین شارە کە لە چیرۆکی بەسەرھاتی گلگامێشدا ناوی براوە.
[2] شوروپاک بە سۆمەری ŠuruppagKI شوێنی چاکبوونەوە، تێل فارای مۆدێرن، شارێکی کۆنی سۆمەری بووە کە نزیکەی ٥٥ کیلۆمەتر (٣٥ میل) لە باشووری نیپور و ٣٠ کیلۆمەتر لە باکووری ئوروکی کۆن لە کەناری فورات لە عێراق هەڵکەوتووە -پارێزگاری قادسییە. شوروپاک تایبەت بوو بە نینلیل کە پێی دەوترێت سوود، خوداوەندی دانەوێڵە و هەوا.
[3] (Apple-polishing) ئیدۆمێكه به واتای سێوی بریقه‌دار دێت، نه‌ریتی قوتابخانه كۆنه‌كانه، كاتێك قوتابییه‌ك سێوێكی بریقه‌دار یان هەر دیارییەکی تری ده‌هێنا بۆ مامۆستاكه‌ی وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ نیشاندانی نیازپاكی یاخود ڕه‌زامه‌ندی مامۆستاكه‌ی. لە کوردی‌دا ئیدیۆمێکی نزیک لەمە ”دەمچەورکردنە”. خوێندکار دیارییەک بۆ مامۆستاکەی دەبات تاوەکوو دەمی چەور بکات و ئەویش بە چاوێکی ترەوە سەیری بکات و نمرەی باشی بداتێ.