وەرگێڕان

گرفتەکانی مێژوونووسیی کوردی

  • نووسینی مێهرداد ئێزەدی
  • وەرگێڕان: دەشتی مەحمود

کۆکردنەوە و ڕێکخستنی مێژووی کورد ئەرکێکە و کاتێکی زۆر دەخایەنێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی دڵخۆشییه،‌ ئه‌مه‌یه‌ كه‌ هۆکاری قورسی ئه‌م ئه‌ركه ‌نه‌ك نه‌بوونی سه‌رچاوه‌، به‌ڵكوو قەبارەی زۆری سەرچاوە سەرەکییەکانە. مادام کوردستان له‌ دڵی جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مەزندا هه‌ڵكه‌وتووه‌ و بەشێکی زۆری سەرچاوە سروشتی و مرۆییەکانی ئه‌م ناو‌چه‌یه‌ لەخۆ دەگرێت، باوانی کورد- وێڕای ویستی خۆیان- له‌و‌ یه‌كه‌م هه‌وڵانه‌دا تۆمار كراون كه‌ مرۆڤ بۆ نووسین داونی‌. دواجار، کورد ڕابردووی خۆی لەگەڵ هەموو گەلانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا – کە کۆنترین کۆمەڵگا خوێندەوارەکانی ئەم هەسارەیەن- ده‌به‌شێته‌وه‌.

تەنانەت ئەگەر کوردەکان بیرۆکەی تۆمارکردنی مێژووی خۆیان بە هۆشیارییه‌وه‌ ڕەت كردبێته‌وه‌، ئەوا نەیانتوانیوە خۆیان له‌وه‌ بدزنه‌وه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن گه‌لانی خوێندەواری میزۆپۆتامیا و هاوسێکانیانه‌‌وه‌، کە كورده‌كان له‌گه‌ڵیان لە پەیوەندی و کارلێکی بەردەوامدا ژیاون، تۆمار بكرێن. خۆشبەختانە کورد نە خۆی لە نووسینی مێژوو دوور گرتووە و نە لە لایەن مێژوونووسان و ئه‌و تۆمارکەرانه‌ی مێژووی کولتووریشه‌وە، كه‌ دراوسێی كورده‌كان بوون، پشتگوێ خراوە. بە سادەیی، ڕیشەی دۆخی پەرەنەسەندووی مێژووی کورد، نەبوونی توێژینەوەیە نەک نەبوونی سەرچاوەی توێژینەوە. تۆماركراوه‌ بازرگانی و سه‌ربازییه‌كانی ئه‌م دانوستانه‌ هه‌رێمایه‌تیانه‌ له‌سه‌ر تاته‌قوڕه‌كان به‌ڵگه‌یه‌كی دیكه‌ن له‌سه‌ر ده‌وڵه‌مدنی و بایه‌خی ئه‌و به‌سه‌رهات و مێژووه‌ كلاسیك و ناڤینانه‌ی كه‌ به‌شێكن له‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ی كه‌  مێژووی كورد پێكده‌هێنێت. لەم سەرچاوانەدا، مێژووی کورد پێشتر بە وردی تۆمار کراوە و هەر ئێستا دەتوانرێت لە هەموو زانکۆ و کتێبخانە گشتییەکانی جیهاندا، لە شوێنی خۆی بدۆزرێتەوە. لەوانەیە مرۆڤ بە دروستی بپرسێت، بۆچی مێژووی کورد پێویستی بە کۆکردنەوە و نووسینەوە هەیە، ئەگەر ئەم مێژووە پێش ئێسته‌ هه‌بووه‌؟

لە هەموو ئەم سەرچاوە پێش ـ مۆدێرنانەدا، مێژووی کورد – کە بەشێک لەو ئەزموونە مرۆییە مەزنەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێک هێناوە – تۆمار کراوە و نووسراوە. لەو ناوچە شارستانییە سەرەتاییانەی جیهاندا، مێژوو به‌ ده‌گمه‌ن به مه‌به‌ستی گەورە یان بچووککردنەوەی کۆمەڵە ئێتنیک ـ زمانییە جۆراوجۆرەکان خانه‌به‌ندی و دابەش كراوه‌. تەنیا کاتێک کە کۆمەڵێکی نوێی خەڵک لە نادیاریدا دەرکەوتن و بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زاڵ بوون، (وەک عەرەبەکانی سەدەی ٧ یان مەغۆلەکان لە سەدەی ١٣دا)، بۆ ماوه‌یه‌كی كورت ئەم ڕەوتە لە مێژوودا سەری هەڵدا. لەبەر ئەوە گەمژانه‌یه‌‌ گەر تێگەیشتنه‌ سیاسی ـ کۆمەڵایەتییه‌ هاوچەرخه‌كان کە به‌ گه‌لانه‌وه‌ په‌یوه‌ستن، بۆ‌ کۆمەڵگا پێش‌مۆدێرنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش به‌كار بهێنین. لای گه‌له‌ دێرینه‌كان، باوەڕی ئایینی و دواتر شێوه‌ ژیانی ئابووری، هۆكاری سه‌ره‌كیی پێکهێنانی هەستی کۆمەڵەکه‌یانن. توخمی زمان، کە زیاتر بە لای ئەورووپییەکانەوە گرنگ بوون (لە یۆنانی کۆنەوە بۆ فەڕەنسای هاوچەرخ) زۆربه‌ی جاران لای ڕۆژهەڵاتییە پێش‌مۆدێرنه‌كان ده‌ورێكی نه‌بینیوه‌‌. ئه‌گه‌رچی، به ‌جۆرێكی پارادۆکسیکاڵ، ئەورووپییە مۆدێرنەکان پێناسەی نیشتەجێی ئێتنیکیان لەسەر ئەم تاکە فاکتەرە داهێناوە و ئێسته‌ لە جیهانیشدا قبووڵ کراوە.

ئەوەی ڕاستی بێت، گوڵبژێرکردنی ئەو سەرچاوانەی بەشێکن لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و میراتی مرۆڤایەتی كه‌ پەیوەندییه‌كی تایبه‌تیان بە زمانی کوردییەوە هەیە، (هەردوو جۆری [کوردی] هیندوئەورووپی ئێستا و  [کوردی] هۆریی کۆن)، ئەرکێکی هێراکڵیسییە. وه‌ها ئەرکێک زیاتر بۆ دەزگایەک كه‌ ده‌وڵه‌تی له‌ پشت بێت گونجاوه،‌ تاكوو ئه‌وه‌ی تاکەکەسێک یان کۆمەڵەیەک له‌ ئه‌ستۆی بگرن. ئاشکرایه‌، هەوڵ و کۆششی پشتیوانی-دەوڵەتیی وای کردووە کۆمەڵە ئێتنیک-زمانییه‌کانی تر کە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆن لە ناوچەکەدا مێژووی ئێتنیکی خۆیان کۆ بکەنەوە و بینووسنەوە. لە ڕێگەی دروستكردنی ئەكادیمیای ده‌وڵه‌تیی و ته‌رخانكردنی پاره‌ بۆی و هه‌روه‌ها  بەخشینی پارە بە بەشەکانی لیبراڵ-ئارت له‌ زانكۆكان کە تایبەتن بەم ئەرکە، کەرتی ئێتنیک-ته‌وه‌ریی مێژوو دامەزراون و برەویان پێ دراوە.

لەگەڵ سەرهەڵدانی «نەتەوە-دەوڵەتگەرایی» لە سەدەی نۆزدەیەمی ئەورووپادا، بیرۆکەیەک هاته‌ ئاراوه‌ كه‌ زمانی كرد به‌ بنچینه‌ی ئێتنیک و به‌ پێی هه‌مان بیرۆكه‌ش دەستکرا بە نووسینەوەی مێژوو لەسەر بنەمای ئێتنیک بۆ پاڵپشتی ڕەوایەتیی سنووربەندی دەوڵەت-نەتەوەکان لە ڕووی زمانەوە. ئەمانە بوون بە مەرجی بنچینەیی لە گرنگترین پرسەکانی حکوومەتە «نەتەوەییە» نوێیەکاندا بۆ ڕەوایەتیدان بە ڕەسەنایەتیی ئێتنیکی خۆیان و بە یاساییکردنی داخوازییەکانیان  بۆ ئەو ناوچەیەی بە نیشتیمانی ئێتنیکی خۆیان ناوزەدیان دەکرد. مێژووە گشتییە کۆنەکان بۆ زانیاری لەسەر کۆمەڵە ئێتنیک-زمانێكی دیاریکراو پوخت کرابوون، بەڵام به‌شه‌ ونبووه‌كه‌ له‌ ڕێگه‌ی دەستێوەردان، قەبڵاندن یان بە شێوەیەکی سادە بە هەڵبەستن پڕ کرایەوە. بێرنارد لوویس نموونەی چاو-ئەبڵەقبوونیمان پێشکەش دەکات کە چۆن دەوڵەتانی «نەتەوەیی» ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمەیان بەدەست هێنا، لە کتێبەکەیدا کە ناونیشانێکی بەجێی لێناوە: مێژوو: وەبیرهێنراوه‌، گه‌ڕێندراوه‌، داهێنراو.

له‌ کێماسی هێزی دەزگای دەوڵەت و پاڵپشتیی دارایی، یان له‌ نەبوونی چینێکی خێرخوازی ڕێکخراوی ناحکوومیدا، هێشتا مێژووی «ئێتنیکی» کوردی بێدەوڵەت دەبێت لە کۆی سەرچاوە جیاکانەوە کۆ بکرێتەوە. جیهان چیدی بە گێڕانەوەی دەستکەوتە گشتی و دەستەجەمعییەکانی خەڵک ڕازی نییە. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ڕووی به‌هاپێدان و ئاره‌زووی دنیا له‌ تایبه‌تمه‌ندێتیی مێژووی دابه‌شكراو و به‌شینه‌وه‌ی ده‌سكه‌وته‌ مرۆییه‌كانه‌ له‌نێوان به‌شداربووانی مێژوودا: ئەوانەی ناتوانن پشکی دیاریکراوی خۆیان دیاری بکەن، لە ڕووی مێژووییەوە بە پەراوێزخراو دادەنرێن و کولتوورەکەیان بە سەرەتایی دەبینرێت، تەنانەت بانگەشەیان بۆ نیشتمانەکەیان بە هەند وەرناگیرێت. بەم شێوەیە لە ڕیزی خوارەوەن، کەلەپووری هەر گەلێکی لەم جۆرە لە مۆزەخانەکانی مێژووی سروشتیدا نمایش دەکرێت نەک مۆزەخانەی هونەری یان شوێنەوارناسی. مێژوو و ئەزموونی مرۆییان دەبێتە بابەتی خوێندنی مرۆڤناسان، نەک هی کۆمەڵناسان و مێژووناسان. ئەوان ئەو ناوچە خۆڵەمێشیانە داگیر دەکەن كه‌ سروشتی خاو لە شارستانی جیا دەکەنەوە، شوێنێک کە ئێستا وەک «کولتووری سەرەتایی» ناوزەد کراوە، هەروەها لە مۆزەخانەکانی مێژووی سروشتی لە ڕیزی کانزا، ڕووەک و ئاژەڵەکاندا پیشان دەدرێت. بە هەمان شێوە، بانگەشەی ئەم نەتەوەیە بۆ خۆبەڕێوەبەریش ڕەد دەکرێتەوە، ئه‌ویش بۆ بەرژەوەندیی هاوپەیمانە “ڕۆشنگەرە”ـەکەی، فەرمانڕەوایی ئیمپراتۆری یاخود لکاندنی خاکی ئەم نەتەوەیە بە دەوڵەتێکی مۆدێرنی “دامەزراو”ه‌وه‌ وەک پەرژینێک لە دژی “ناسەقامگیری”. خەمڵاندنی-پلەداری کە لە نەزانیی خەمڵاندنەوە لەدایک بووە، نەک هەر تەنیا کولتووری کورد به‌ڵكوو زۆر کولتووری بەناوبانگی ڕابردووی مه‌حكووم  بە پەراوێزخراوی کردووە. شارستانییەتی پڕشنگداری میسۆ-ئەمریکا هێشتا لە تێکۆشاندایە بۆ ئەوەی وێنەی “سەرەتاییبوون” لە كۆڵی خۆی بكاته‌وه‌. ماییایەکان و ئینکاکان، هه‌ر وه‌ك نموونه‌ی کورد، بێپارەیی داکۆکیکاران و لۆبییه‌ ئەکادیمییه‌كانیان، وای لێ کردوون نەتوانن بەرگری لە میراته‌ دەوڵەمەنده‌ کولتوورییه‌كه‌یان بکەن.

له‌ نەبوونی کتێبی خوێندنی ئامادە و بەردەست لەسەر کەلەپووری ئه‌م گه‌لانه‌، ئه‌وان تەنانەت ناتوانن نەوەکانی خۆیان بە بەهاداریی کەلەپوورەکانیان ڕازی بكه‌ن، چ بگات بە پیشەگەرە تەمبەڵە بێگانەکان. هاوشێوەی کوردەکان، کولتوورەکانی ئینکا، مایا و ئەزتەک هێشتاش لە مۆزەخانەکانی مێژووی سروشتیدا نمایش و لە لایەن مرۆڤناسانەوە پێناسە دەکرێن.

سه‌باره‌ت به‌ هۆرییه‌كان، كه‌ باوانی كوردن، هه‌مان خەمڵاندنی-پلەبەندی كاری پێ كراوه‌. جی ویلهێلم، لە نووسینێكیدا دەربارەی هۆرییەکان ئەم تێبینییە نالۆژیکییە دەنووسێت و هەوڵ دەدات سەرچاوەکەی دیاری بکات.

«ئه‌گه‌ر چی یه‌كێكه‌ له‌ شارستانییەتەکانی ڕۆژهەڵات، وێڕای ئه‌مه‌ش زانیاریی زمانەوانی و مێژوویی و کولتووریی زۆر کەمترمان دەربارەی [هۆرییەکان] لە بەردەستدایە، به‌راورد به‌‌وه‌ی له‌سه‌ر سۆمەرییەکان، بابلییەکان، ئاشوورییەکان، هیتییەکان یان (تەنانەت) کەنعانییەکانیش بەرده‌سته‌.” پاشان جی ویلهێلم شیوەن دەگێڕێت و دەڵێت، “ئەو ناکۆکییەی کە لەنێوان گرنگیی ئاشکرای ڕۆڵی هورییەکان لە جیهانی ڕۆژهەڵاتی کۆن و بەڵگەپەرتەوازەکان دەربارەی ئەواندا هه‌یه، بووەتە هۆی سەرهەڵدانی هەڵسەنگاندنی جۆراوجۆر و تەنانەت خەمڵاندنی پلەبەندیش.”

سەیر ئەوەیە کە ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە دەبێت بگوترێت دەربارەی دۆخی هەوڵ و کۆششە زانستییەکان کە تەرخان کراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕۆڵی مێژوویی و بەشداریی کولتووریی نەوەکانی هورییەکان: کورد. لە ڕاستیدا ”خەمڵاندنی پلەبەندی” قێزەون له‌سه‌ر کورد بە تەواوەتی لە کاردایە. وێنەی کورد وەک “ڕەوەندی خێڵەکیی سادە” (ئەگەر باس لە ڕاوچی و چەتە و بەربەرییەکان نەکرێت) له‌ لاوه،‌ لەنێو مێژوو و تەوژمی کولتوورییدا شاردراوەتەوە، [ئەم تێگەیشتنە] تەنانەت لە لایەن ئەوانەشه‌وه‌ کە کوردناسییان بە تیشکۆی زانستییان وەرگرتووە، داکۆکی لێ دەکرێت و قبووڵ کراوە.

لە ساڵی ١٩٦٥دا تۆماس بۆواس، بەشداربووی پاژی “کورد” لە چاپی دووەمی ئینسکلۆپدیای ئیسلامدا، کتێبێکی گشتی زۆر باشی لەسەر کورد نووسیوە، کە ناوی ناوە: ناسینی کوردەکان. ئەم کتێبە ساڵی دواتر بە ناونیشانی کوردەکان وەرگێڕدرایە سەر زمانی ئینگلیزی. بۆواس لە پێشەکیی کتێبەکەیدا، گێڕانەوەکەی ڤلادیمێر مینۆرسکی دووبارە دەکاتەوە لەسەر بوونی شوێنەواری کورد و پەیوەندیی بەهێزیان لە میزۆپۆتامیا- گێڕانەوەیەک کە لە بنەڕەتدا لە چاپی یەکەمی ئینسکلۆپدیا لە ساڵی ١٩١٣دا بڵاو کرابووەوە. دووبارەبوونەوەی گێڕانەوەکە، بەڵام پەی بە کاره‌ پێشەنگه‌كه‌ی مینۆرسکی نەبردبوو، مرۆڤ بە ڕەنجی زۆریش ناتوانێت ئاوەڵناوی ئەوەندە سوکایەتیپێکەر و داشکێنەرانە بدۆزێتەوە کە لە لایەن بۆواسەوە هەڵبژێردرابوون بۆ وێناکردنی کۆمەڵگا و شارستانییەتی کوردستان، کە بەهۆیەوە دەیخواست خوێنەری پێ ئاشنا بکات.

بۆواس خوێنەرانی ئاگادار دەکاتەوە، «لە کاتێکدا (پاشای ئاشووری) سەنحاریب خەریکی ڕێکخستنی هەرێمەکانی بابل بوو، میدییەکان و کوێستاننشینەکانی زاگرۆس، کە تا ئەو کاتە تەنیا یەکێک بوون لە چەندان هۆزی شاخاویی دڕندە کە ژیانێکی کۆچەریان هەبوو یاخود لە گوندە وێرانەکانیاندا جێگیر بووبوون…» بە دڵنیاییەوە خوێنەر هەرگیز لە لایەن بۆواسەوە لەو سەرچاوە یان سەرچاوانەوە ئاگادار ناکرێتەوە کە وایان لێ کردووە بڕیار لەسەر سروشتی «دڕندە»ی خێڵە شاخاوییەکانی کوردستان یان ڕەوشی «وێرانە»ی گوندەکانیان بدات. هەروەها، بیرمان نەچێت، ئەمە لە لایەن دۆستێکی کورد و ”کوردناس”ێکی بەناوبانگەوە گوتراوە.

ئەوە شتێکی نوێ نییە کە مرۆڤ بە سروشتی خۆی چه‌نده‌ کەمتر له‌سه‌ر شتێک بزانێت كه‌متر‌ گرنگیی پێ ده‌دات. مرۆڤ سەرسەخترین ئاژەڵە ئامادە نییە دەستبەرداری ئەو ئاسودەییە بێت کە لە شتە زانراوەکان وەری دەگرێت و هەوڵ بۆ فێربوون و زانینی  شتە نەزانراوەکان بدات، تەنانەت ئەگەر شتە زانراوەکان بە ئاشکراش هەڵە بن. لە ڕێگەی وردبوونەوە لە دەرئەنجامەکان لە کنەکردنی شوێنەواری گردە دێرینەکەی گۆدین لە ڕۆژهەڵاتی دینەوەر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئێران، من تێروته‌سه‌لی لەسەر دەرکەوتەکانی ئەم هەڵوێستە کەمتەرخەمانەیه‌م بۆ ڕای گشتی کورد نووسیوە. لەوێدا، شوێنەوارناسەکە کۆنترین بەڵگەی ماددی هەبوونی شەرابی ترێ و بیرەی جۆی دۆزیوەتەوە. ئه‌ی داهێنەرەکانی کێ بوون؟

چاوپۆشیکردن لەو ڕاستییەی کە ترێ و جۆ، هەردوو، میوە و دانەوێڵەی ڕەسەنی چیای زاگرۆس- تۆرۆسن و سەرەتا لەوێ خۆماڵی کراون؛ ئەمەی کە ترێ لە زۆنگاوە گەرمەکان و خاکەسوێرەکانی دەشتی میزۆپۆتامیای باشوور لە ئێراق گەشە ناکات، ئەو شوێنەوارناسەی بەشداری لە کنەکردنی گۆدین کردووە، کولتوورە ڕەسەنەکانی چیاکانی کوردیان پشتگوێ خستووە و ڕاستی داهێنانی هەردوو شمەکەکەیان داوەتە پاڵ سۆمەرییەکانی باشووری ئێراق! لە گۆدین مەرکانەی بیرە لە ژوورێک کە پڕ بووە لە تۆپی قوڕ- کە وا دەردەکەوێت بۆ قۆچەقانی سەربازی بەکار هاتوون- دۆزراوەتەوە. مێژوونووسانی کلاسیکی یۆنانی – هەمیشە ڕۆمانی ئەم شێوە لە شەڕیان بۆ گەلانی زاگرۆس گەڕاندووەتەوە، بە تایبەتی ئەوانەی کە پێیان گوتوون کورتییەکان، بە واتایەکی تر کوردەکان. چۆن تۆپی قۆچەقانی دەتوانێت باوەڕی مێژوویی بگۆڕێت کاتێک تەنانەت ڕاستییە نکۆڵی‌نەکراوەکانی جوگرافیا و ڕووەکناسیش نەتوانێت بیگۆڕێت؟ چۆن هۆرییەکان، باوباپیرانی کورد، دەتوانن شانازییان پێ بدرێت بەرانبەر به‌ ئه‌و شته‌ی بۆ یەکەمین جار لە هەر شوێنێکی تری دونیادا لە شارە کۆنەکانی خۆیاندا دەدۆزرێتەوە، بێ نیگەرانکردنی جی ویلهێلم و ئەمەی ئەو لە ئێستادا بە شیاوی پێی دەڵێت “خەمڵاندنی ـ پلەبەندی”؟ لە توێژینەوەیەکدا کە بۆ کۆمەڵەی مرۆڤناسیی ئەمریکی لە کانوونی یەکەمی ١٩٩٤دا خوێندرایەوە، دکتۆر ڤێرجینیا بەدلەر، مامۆستای زانکۆی تۆرۆنتۆ، کە لە ئێستادا سەرپەرشتی لە کنەکردنی گردی گۆدین‌دا دەکات، کێشمەکێشمی هێشتنەوەی بارودۆخی هەنووکەیی دەکات لە ڕێگەی دوورخستنەوەی بەڵگە ماددییەکان کە [تێگەیشتنەکانی] بە درۆ دەخاتەوە. بەم شێوەیە، ڤێرجینیا بوونی تۆپە قۆچەقانییەکان وەک ”بەڵگەیەکی” تر ڕوون دەکاتەوە کە سۆمەرییەکان داهێنەری بیرە و شەراب بوون. بۆ بەهێزکردنی ئەم فێڵە ئاشکرایەی، ڤێرجینیا دەڵێت کە «لەو کاتەدا، تۆپە قوڕە قۆچەقانییەکان لە هەموو شوێنێک چەکی شەڕ بوون.» بە دڵنیاییەوە، ئێمە هەرگیز ئاگاداری سەلماندنی ئەو ڕاپۆرته‌ی “هەندێک” لەم هەرێمانە نابین، هەروەها ئەم ڕاپۆرتانە چۆن بەراورد دەکرێن لەگەڵ ڕاپۆرتە باوەکان لە سەرچاوە کۆن و کلاسیکەکاندا کە [ ده‌ڵێن] قۆچەقانی چەکی هەڵبژاردەی کورد بوون.

بۆ دڵخۆشی هەستی گشتی و کوردەکان، لە چوار ساڵی ڕابردوودا، چەند گردێکی شوێنەواریی دیکە لە کوردستان، وەکوو حاجی فەیروز لە باکووری ڕۆژئاوای مەهاباد و تیتریس لە باشووری ڕۆژئاوای سەمسوور، بەڵگەی زیاتریان له‌سه‌ر داهێنانی شەرابی ترێ لە کوردستان فەراهەم کردووە، کە [ئه‌مجاره‌] مێژووەکەیان بۆ ٢٥٠٠ ساڵ پێش گردی گۆدین دەگەڕێتەوە. مرۆڤ سه‌رسام ده‌بێت کە چۆن بەڵگەکانی ئاسه‌وارێكی وه‌ك حاجی فەیروز و تیتریس لە لایەن دەمارگرژێکی وەک ڤێرجینا بەدلەرەوە وەلاوە دەنرێن.

خۆدزینه‌وه‌ی زانایانی مێژووی کۆن له‌ داننان به‌و ده‌وره‌ بنچیه‌نییه‌دا كه‌  هۆرییەکان لە پەرەسەندن و دەوڵەمەندکردنی شارستانییەتی ڕۆژهەڵات و دەریای ناوەڕاستدا ‌هه‌یانبووه‌، بە ڕوونی هه‌ر ئه‌و نکۆڵییه‌یه‌ كه‌ له‌ پێشکەوتن و بونیادنانەوەی تەواوی مێژووی کورد دەکرێت، لە سەردەمی هۆرییەکانەوە تاوەکوو سەرەتای سەدەی بیست. لە هیچ کام لەم نموونانه‌دا نەبوونی سەرچاوەی بەردەست کێشە نەبووە، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی ده‌یبینین ترسه‌ له‌ ده‌مكردنه‌وه‌ی سندووقه‌ سامناكه‌كه‌ی پاندۆرا. ئەم ده‌مكردنه‌وه‌یه‌، وەک له‌ نموونه‌ی مێژووی هۆریدا دەستی پێ کردووە، پێویستی به‌ پێداچوونەوەیەکی بنچینه‌ییه‌ به‌ هه‌ند‌ێ ده‌ق و بڕوادا: ئه‌و دەقانه‌ی كه‌ ئێستا‌ به‌  پەسەندکراو ده‌زانرێن؛‌ بەرنامەی خوێندن لەسەر پەرەسەندنی مێژوویی و کولتووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی دەریای ناوەڕاستدا. ده‌مكردنه‌وه‌ی [ئه‌م سندووقه‌] پێویستی به‌ پلەبەندییە ده‌باره‌ی نەریتی بەشداربووانی ئەم مێژووەیه‌.

وەلانانی ئەو سنوورانەی خەمڵاندنی پلەبەندی به‌ پێی ئه‌وان دامەزراوه، مرۆڤ دەتوانێت پرسیارێکی شیاو بکات: «بەڵام ئایا کورد هیچ بەشدارییەکی هەبووە شایەنی گەڕاندنەوە یان گێڕانەوە بێت؟» با جارێکی تر لۆژیکی سارد بەکار بهێنینەوە. لەسەر بنەمای ڕاستی ناوەندبوونی جوگرافی کورد لە نیشتیمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مەزن – ئەو ڕۆژهەڵاتەی کۆنترین شارستانییەتی بەردەوامی هەبووە لەسەر زەوی – هەر دەبێت کورد بەشداریی لە پێکهاتن و بڵاوبوونەوەی ئەم شارستانییەتە لە ئاستێکی باڵادا هەبووبێت. کەواتە چۆن مرۆڤ لە ڕووی ئەم لۆژیکەوە دەتوانێت ڕوونی بکاتەوە لە ئێستادا هیچ مۆزەخانەیەکی شوێنەوارناسی لە جیهاندا بەرهەمێکی دەستکرد لەژێر ناوی کوردیدا پیشان نادات؟ وەڵامەکە پەیوەندی بە ناسینه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست به ‌هه‌ڵه‌دا براوه‌؛ هەروەها ئەم وەلانانە تەنیا بە بەرهەمی دەستکرد ناگرێته‌وه‌. با باسی نموونەیەک بکەین.

     ئەمساڵ یادی هەزار و سەد ساڵەی یەکێک لە گەورەترین ئەقڵەکانی مێژووی کورد و شارستانییەتی ئیسلامی، ئەبوو حەنیفە ئەحمەد دینەوەرییە. لە چاپی یەکەمی ئینسکلۆپیدیای ئیسلامی ساڵی ١٩١٣دا، ئەبوو حەنیفە لە لایەن سی برۆکێلمان بە “زمانەوان و زانای عەرەبی” ناسێنراوە. ئینجا، “عەرەبی” لە بازنە ئەکادیمییەکاندا بە واتای ئەو کەسە دێت کە کارەکانی بە زمانی عەرەبی دەنووسێتەوە و بەم شێوەیە دەدرێتە پاڵ نەریتی زمانی عەرەبی. ئەم چەواشەکارییە وەک ئەوە وایە کە هەموو ئەو کەسانەی ئەمڕۆ کارەکانی خۆیان بە ئینگلیزی دەنووسن بە “بەریتانی” بناسێندرێن، پاشان چاوەڕوانی لە خوێنەران بکەیت کە پەیوەندیی نەتەوەیی و ئێتنیکی هەڵە لەم واژەوە هەڵنەهێنجن. بەڵام، ئەوەی ڕاستی بێت، ئەو سەرگەردانییە لەنێوان ئەو دووانەدا زیاتر هیواخوازی بووە نەک ترس، وەک ئەوەی لە ئێستادا دەبینرێت.

لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، دەستکرا بە نووسینەوەی مێژووی ئێتنیکە جۆراوجۆرەکان، کۆمەڵە ئێتنیکەکان هەراوهوریان بوو بۆ گونجاندنی مێژوو و کەلەپووری خۆیان لە ڕێگەی هەر شتێکه‌وه‌ کە بە شیاویان زانیبا. لەم ڕووەوە، ئینسکلۆپدیاکان زیاتر یارمەتی ئەو پێڤاژۆیەیان دەدا. بەڵام، ئەگەر قسەیەکی گاڵتەجاڕی و پێچوپەنا لە ناساندنی ئەبووحەنیفە بە “عەرەب”، لە ساڵی ١٩١٣دا هەبووبێت، ئەوا کاتێک چاپی دووەمی ئینسکلۆپیدیا لە ساڵی ١٩٦٨ دەرچوو، ئەم زمانبازییە نەما. بی. لیوین لەم چاپە نوێیەدا، لە دەستپێکی ژیاننامەی ئەبوو حەنیفەدا ڕاشکاوانە بە “زانایەکی عەرەبی سەدەی ٣/٩” ناوی دەبات. ئەم بانگه‌ بێپه‌رده‌یه‌ی بی. لیوه‌ن سه‌باره‌ت به‌ گرێدراویی ئه‌تنیی ئەبوو حەنیفە هاوكاتی خۆنه‌بانكردنییه‌تی له‌م ڕاستییه‌ی كه‌ خۆی دواتر هه‌وڵ ده‌دات هه‌موو نه‌ریته‌كان به‌ پێی كه‌سایه‌تیی به‌هێزی ئێرانی و ئه‌و هه‌ستانه‌وه‌ بگێڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌بوو حه‌نیفه‌دا ده‌رده‌كه‌ون -– لەو سەردەمەدا، ئەو ڕوانگەیەی لیوین، جیهانی عەرەبیی تووڕه‌ كرد.

لیوین ئەو ڕاستییە دەگێڕێتەوە کە ئەبوو حەنیفە خوێنی عەرەب لە ئەژدادیدا نەبووە، هەروەها وەنەندە-ی باپیرەی ئه‌وكاته‌ هێشتا موسوڵمان نەبووە و ئەبو حەنیفە لە دینەوەری باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە و هەر لەوێشدا کۆچی دوایی کردووە، ئینجا… سەرەڕای زانین و پەیوەستبوونی هەموو ئەمانە، لای سەیر نییە کە بێشەرمانە ئەبوو حەنیفە بە “زانایەکی عەرەبی سەدەی ٣/٩” ناو ببات! ئەم جۆرە چەواشەکارییە زەقە، لە لایەن ئامادەکارەکانی ئینسکلۆپیدیای ئیسلامەوە ڕەت ناکرێتەوە، بە سادەیی چونکە بۆ ئەوان هەموو موسڵمانان عەرەبن، مه‌گه‌ر هەتاکوو پێچەوانەکەی بسەلمێت. ئاساییه‌ مرۆڤ چاوەڕوانی ئه‌وه‌ له‌‌ نووسه‌رانی ئینسكلۆپیدیایەک كه‌ له‌ هۆله‌ندا چاپ بووبێ و نووسه‌ره‌كانی‌ زانكۆدیتوو و زانا بن نه‌كات كه نه‌ته‌وایه‌تیی كه‌سایه‌تییه‌كانیان بۆ گرنگ بێت و باسی بكه‌ن، ئاساییه‌ ئه‌مان واز له‌ پرسی نه‌ته‌وایه‌تیی ناوداران بهێنن‌. به‌ڵام مادام پرسی نەتەوایه‌تیی لە لایەن دانه‌رانی ئینسكلۆپیدیاكه‌وه‌ بە کەم دا‌نه‌نراوه‌، كه‌واته‌ پێویسته‌ له‌و باسه‌دا بابه‌تی و بێلایه‌ن بن. ئه‌م‌ ڕاستییه‌ی كه‌ لەناو بن هەزاران لاپەڕەی ئەو ئینسکلۆپیدیایەدا هەرگیز تاکە زانایەک بە کورد ناو نه‌براوه‌، لە کاتێکدا گه‌لێ زانای ناعەرەبی وەک ئەبوو حەنیفە بە ئاشکرا بە عەرەب ناو دەبرێن، بەڵگەن بۆ ئەوەی: ١) پرسی نەتەوەیی لای دانه‌رانی ئینسکلۆپیدیای ئیسلام بێبایه‌خ نییه‌ و ٢) عەرەب ئێتنیکی هه‌ڵبژێردراوی ئەوانە. منداڵانەیە؟ بەڵێ. بەڵام ڕاستیشە.

بەڵام تەنیا ئەوە عەرەب و لایەنگرانی نین کە لە کورد وەردەگرن. ئەوەتا، دەستپێکی پاژی ئەبوو حەنیفە لە ئینسکلۆپدیای نوێی ئێرانیکادا بەم شێوەیە دەست پێ دەکات: “ئەبوو حەنیفەی دینەوەری، ڕێزمانناس، فەرهەنگدانەر، ئەستێرەناس، بیرکاریناس و نەریتخوازی ئیسلامیی بە ڕەچەڵەک فارس…”. کورد تا ئێستا بیری لەوە نەکردووتەوە کە میراتی ڕۆڵە ناودارەکانی خۆی بەدەست بهێنێتەوە، کەچی عەرەب و فارسەکان قاووقیژیانە لەسەر خاوەنداریکردن لە ئەبوو حەنیفە. بە دڵنیاییەوە، ئەم دزییە ئاشکرایە به‌ڵگه‌یه‌كی دیاره‌ له‌سه‌ر پێگەی باڵای زانستیی ئەبوو حەنیفەیە کە زۆر خەڵکی خۆیان تووشی كه‌شه‌ و هه‌ڵلا ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بیكه‌ن به‌ كه‌له‌پووری خۆیان.

لەبەر ئەوەی هێشتا هیچ پشکێکی ڕوونی كه‌له‌پووری مێژوویی و کولتووریی هاوبەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گەلی کورد نەبڕاوە، دانه‌رانی ئینسکلۆپیدیای ئیسلام و ئینسکلۆپیدیای ئێرانیکا، وەک زۆربەی نووسەرە مۆدێرنەکان، خۆ له‌ به‌خشینی ئه‌و شته‌ نه‌بان ده‌كه‌ن كه‌ تا ئێستا کورد خۆی داوای نەکردووە. بۆچی کەشتی سەقامگیری دۆخی هەنووکەیی بلەرزێنی، مادام تاکە لایەنی زیانلێکەوتوو هێشتا سه‌ری له‌ژێر به‌فردایه‌‌؟ لە کاتێکدا تەنانەت کوردە زیندووەکانی ئێستا دەبێت “بیسەلمێنن” کوردن، چۆن دەکرێت زانایەک و مێژووناسێکی پلە یەکی ١١٠٠ ساڵە بە کورد بناسرێت؟ به‌ ئه‌قڵ و حیكمه‌تی بێسنووری دانەرانی چاپی نوێی ئینسکلۆیدیای ئیسلام، مادام ئەبوو حەنیفە بە عەرەبی نووسیویەتی و موسڵمان بووە، دەبێت به‌ ئێتنیک عەرەب بێت. بە هەمان شێوە، لەبەر ئەوەی دینەوەری لە سنووری سیاسیی ئێرانی مۆدێرندا ژیاوە، لە مێشکی دانه‌رانی ئینسکلۆپیدیای ئێرانیکادا ده‌بێ فارس بێت. ئینجا، با بەراوردێک بکەین لەنێوان گرنگی و نەناسراویی ئەبوو حەنیفە، لەگەڵ هیچی و بەڵام بەناوبانگیی گەشتیاری تورک ئەولیا چەلەبیدا، بۆ ئەوەی لەم میکانیزمه‌ی بنیاتنانی شانازیکردن بە مێژوو و کولتووری نەتەوەییه‌وه‌ تێبگەین.

ئەولیا چەلەبی سەدەی حەڤدەیەم، کە هه‌موو ده‌سكه‌وتی ژیانی بریتییه له‌ پاراستنی بیرەوەری‌نامەیەکی زۆر باش، ئێستا وەک پاڵەوانێکی جیهانی مەعریفە ستایش دەکرێت. ئەم ستایشە چەندەی لە ئەنقەرە هەیە، ئەوەندەش لە ئەمریکا و هۆڵەندا هەیە. چەلەبی وەک ئەقڵێکی زۆر ژیر گرژ کراوەتەوە؛ هەر بەشێک لە بیرەوەری‌نامە گەشتیارییەکەی بووە بە بابەتی تێزی دکتۆرا، وەرگێڕان و ڕاڤەی ورد و چڕ، ئینجا لە چاپی ڕەنگاوڕەنگدا بڵاو کراونەتەوە، هەموو ئەمە بە گوێرەی شایستەی بیرەوەری‌نامەی “هاتم، بینیم، نووسیم”. وەک ئەوەی کە ئەمە بەس نەبێت، ئێستا لە زانکۆیەکی بەناوبانگی ویلایەتە یەکگرتووەکان دامەزراوەیەک تەرخان کراوە بۆ ئەولیا چەلەبی. هەموو عاشقانی مەعریفە دەبێت دڵشاد بن لە کارەکانی چەلەبی بە هۆی ئەم دەستبڵاوییە زۆرەی بەسەر تەنیا گەشتیارێکدا هەڵڕژێندراوە، هەروەها دەبێت ئومێدخواز بن کە هەتا زیاتر بەسەر پیاوانی مەزن و وردبینی وەکوو ئەبو حەنیفەدا تەخشان بکرێت.

بەڵام ئەگەری ڕوودانی شتێكی وه‌ها بۆ ئه‌بوو حه‌نیفه‌ نییە. هۆکارەکەی چییە؟ ئەم پێداهەڵگووتن و ڕێزلێنانانە پەیوەندییەکی کەمیان بە دەستکەوتەکانی ئەولیا چەلەبییەوە هەیە. ئەمە گەل و مێژووی تورکیان کە ناڤدار دەکرێن و پلەی یەکەمیان پێ دەدرێت، پێدانی پلەی یەکه‌م بە ئەولیا چەلەبی پێدانی پلەیه‌ بە کولتووری تورکی. بە بەراورد، ئەبوو حەنیفە ئەحمەد دینەوەری کورد، یەکێک لە ئەستێرەکانی شارستانییەتی ئیسلامی و جیهانی لە یادی ١١٠٠ ساڵەیدا لە تاریکیدا دەژاکێت، چونکە کورد، ئه‌و نه‌ته‌وه‌ی كه‌ ده‌بووا پارێزگاری له‌ ئەبوو حەنیفە كردبا، بە نەتەوەیەکی کەم و پلە دوو پلەبەندیی بۆ کراوە.

ئه‌م به‌ کەم زانینه‌ی ئێستا ده‌وری مێژوویی کوردیی پێ سه‌یر ده‌كرێت، دزەی کردووەتە نێو خودی کوردی ئەم سەردەمەشه‌وه‌. گه‌ر وا نه‌بووایە کوردەکان هەوڵیان دەدا ئەم تێگەیشتنە [ی كه‌ كورد به‌ كه‌م ده‌زانێت] بگۆڕن. بە دڵنیاییەوە ئه‌مه‌ هۆکاری هەیە، ئەویش کێماسی پەروەردەیی کوردە سه‌باره‌ت به‌ مێژووی کورد.  کوردەکان لە خوێندنی پەروەردەییاندا،  لەگەڵ ئەو کتێبە هەڵبەستراوە زۆر سیاسی و مێژووییانەی په‌روه‌رده‌ گه‌وره‌ ده‌بن كه‌ ده‌سكردی وەزارەتەکانی پەروەردەی ئه‌و دەوڵەتانەن لەناویاندا دەژین؛ له‌م په‌روه‌رده‌دا هیچ بە شیاوی نازانن دوور و نزیک فێری مێژووی ڕابردوو و ئێستای کورد بن.

کوردەکان، زۆر و کەم بە هەمان تینوگوڕی فارس و تورک یان عەرەبەوە بە شانازیکردن بە گەورەیی کورشی فارس، سلێمانی عوسمانی و جەمال عەبدولناسری عەرەبییه‌وه‌ گەورە دەبن. کوردەکان بە هەمان شێوەی ئەم گەلانەی تر گۆش کراون؛ هەمان کتێب دەخوێننەوە؛ گوێ لە هەمان پەخش و بڵاوکردنەوەکان دەگرن؛ هەروەها، هەمان تەختە‌ئاگاداری پڕوپاگەندە دەبینن. بەناو هەموو ئەمانەدا دەڕۆن، بۆ هەمان تینوگوڕیان نەبێت؟ ئینجا، کاتێک ئینسکلۆپیدیای بەناوبانگی ئیسلام بە ئاشکرا ئەبوو حەنیفە بە عەرەب دەناسێنێت، لە کاتێکدا ئینسکلۆپیدیای ئێرانیکا بە فارس ناوی دەبات، کوردێک چۆن دەتوانێت بە هی خۆی بزانێت، چ بگات بەوەی  ساڵوەگەڕی بۆ بگرێت؟ هێشتا “ئینسکلۆپیدیای کورد” نییە تاوەکوو له‌م دۆخه‌ تێپه‌ڕێنێت.

ڕێگریلێکراو لە خوێندنی مێژوو و کەلەپووری خۆیان لە قوتابخانەدا وەک خوێندکار، کوردەکان بە شێوەیەکی سروشتی تەنیا چەند کەسایەتییەکی سیاسی لە دەوروبەری خۆیان دەدۆزنەوە، شانازیی ئەوان وەردەگرن بۆ یەکانگیرکردن و بەهێزکردنی نیشتمانپەروەریی هەڕەشەلێکراویان. لە ئاکامدا، ڕۆشنبیرانی هاوچەرخی کورد بە کەسایەتیی سیاسی گوماناوی و سەرۆکهۆزی کۆچکردووی وەکوو سمکۆ و یەزدانشێر دەنازن، لەبری ئەوەی شانازی زۆر، کە بە ڕاستی دەتوانن بیشیکەن، بە کەسانی وەک ئەبوو حەنیفە دینەوەرییه‌وه‌ بکەن. ئەگەر کورد توانیبای وەکوو چۆن تورک مامەڵە لەگەڵ ئەولیا چەلەبی دەکەن، ئاوا مامەڵەیان لەگەڵ ئەبوو حەنیفە کردبا، پاڵەوانێکی نەتەوەیی کوردی شکۆدار لەسەر ئاستی جیهانیدا لەدایک دەبوو.

[لەم جۆرە مامەڵەکردنەدا] ئەبوو حەنیفە تەنیا نابێت. هەموو ساڵێک ساڵوەگەڕی ژیان و دەستکەوتەکانی چەندان ڕۆشنبیر و ناوداری ڕابردووی کورده. ساڵی ڕابردوو یادی ٣٠٠ ساڵەی نووسینی داستانی نەتەوەیی مەم و زینی ئەحمەدی خانی بوو؛ ئەمساڵ یادی ١١٠٠ ساڵەی ئەبوو حەنیفە بوو؛ ساڵی ١٩٩٧ یادی ٤٠٠ ساڵەی نووسینی شەرەفنامە ـ یەکەمین زانراوی مێژووی پان‌ـ‌ کوردیی شەرەفەدین بەتلیسی ـ بوو. هەروەها، ساڵی ١٩٩٨، یادی ١٨٠٠ یەمین ساڵیادی لووسیان، یەکێک لە مەزنترین مەعریفەناس، ڕەوانبێژان و تەنزنووسی جیهانی یۆنانی- ڕۆمانی بوو.

یەکێک لە ئەستێرەکانی ئەدەبی کلاسیکی یۆنانی، لووسیان، کوردە؟ لووسیان لە سەمیسادی باشووری ڕۆژهەڵاتی سەمسووری باکووری کوردستان لەدایک بووە، لووسیان لە نووسینەکانیدا شانازی بە توانای ئاخافتن و دووان بە زاراوە جۆراوجۆرەکانی یۆنانییه‌وه‌ ده‌كات. ئەو دەگێڕێتەوە كه‌ ئەوەندە باش زاراوە یۆنانییەکانی زانیوە، کە لە ئەنتاکیا بە ئایۆنییان زانیوە؛ لە ئەسیناش وەک ئەنتاکیایی. لووسیان گاڵتەی دێت بەوەی کە هیچ کەسێک گومانی لێ نەکردووە کە یۆنانی زمانی ڕەسەنی ئەو نییە و ئەمەی کە لە ڕاستیدا ئەو کوردێکی سۆرانی بووە. لووسیان کاتێک وەک کوڕێک بەکرێ گیراوە بۆ ئەنجامدانی کاروباری ڕۆژانەی ناوماڵی دەسەڵاتدارێکی ڕۆمانی ئەو ناوچەیە کە لەناو ماڵەکەیدا بە زمانی یۆنانی قسەیان کردووە، زمانی یۆنانی فێر بووە. لووسیان وەک کوردێکی ڕاستەقینە، زۆر جار لە نووسینەکانیدا دەربارەی ئەوە دەنووسێت کە نیشتمانە شاخاوییەکەی کوردستانی پێ خۆشتر بووە لە دەشتە فراوانەکانی ئەوانی تر.

بە هیوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٨دا پەرۆشیی زیاتری کورد هەبێت بۆ یادکردنەوەی ١٨٠٠ ساڵەی لووسیان وەک لەوەی لە ساڵی ١٩٩٠ پێشکەش کرا، کاتێک شارۆچکە خۆشەویست و پڕ-ئاهەنگەکەی سەمیساد و کەلەپوورە شوێنەوارییەکانی لەژێر پاشەکەوتی بەنداوی ئەتاتورکدا نووقم کرا.

خشتەی ساڵوەگەری یادکردنەوەی میراتی کولتوور و مێژووی کورد بەردەوامی هەیە؛ دەوڵەمەندی ئەو میراتە هەرگیز لە خۆوە نییە. ئەگەر نەتەوەیەک خاوەنی مێژوویەکی دوورودرێژ و پڕبایەخ بێت، ئەوا بێ گومان دەبێت بتوانێت ساڵانە گەلێک ساڵوەگەر بەرهەم بهێنێت. ئەو ڕاستییەی کە کورد دەتوانێت بە ڕاستی هەموو ساڵێک چەند بۆنەیەکی لەم جۆرە یاد بکاتەوە، پێودانگێکی باشە کە بەپێی ئەوە دەوڵەمەندیی کەلەپووری خۆی بپێوێت.

هەموو ئەو تاک و ڕێکخراوانەی کە هەوڵ دەدەن چارەسەری ئەم کەمبەهایی و بە مەبەست سوککردنه‌ی کەلەپووری کورد بکەن، بێ گومان  لە ماوەی کارکردنیاندا ڕووبەڕووی جیهانێکی دوژمنکارانە دەبنەوە، ئەم دوژمنکارییە هاوشێوەی نەیاریی هۆڵەکانی ئەکادیمیا و گۆڕەپانی سیاسییە. بە دڵنیاییەوە دەبێت چاوەڕوانی ئەمە بکرێت، چونکە هەر بانگەشەیەکی نوێ بۆ بەشێک لە کەلەپووری مرۆڤ دەبێت لەسەر تێچوونی هەندێک لە بانگەشەکانی کۆمەڵەکانی تردا بێت. ئەبوو حەنیفە دینەوەری پێشتر لە لایەن عەرەبەکانەوە بە عەرەب دانراوە (چونکە بە عەرەبی نووسیویەتی) و فارسەکان (چونکە دینەوەر لە ئێران/ پارسیایە) بە فارس دانراوە. بانگەشەی کورد بۆ ڕۆڵە ڕەسەنەکەی خۆی دەبێت لە جڤاتی فارس و عەرەبی داببڕێت و بۆ کوردی بگەڕێنێتەوە. ئینجا، ئەم لەدەستدانە بەبێ تێکۆشان هیچ کەسێک ڕێگەی پێنادات. لەبەر ئەمە، هەر هەوڵێکی پێشەنگانە بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنی مێژووی کورد لە یەک شوێندا، مسۆگەر دژمنایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و مشتومڕ دروست دەکات، بێ گوێدان بە وردبوونی توێژینەوەکە یان  لێکدانەوە یان دڵسۆزیی مەبەستەکەی.

بەڵام بۆچی مێژووە نەتەوەییەکان ئەوەندە گرفتاوین؟ بۆچی خەڵک شەڕ لەسەر دابەشکردن، فرۆشتن یان بە پێچەوانەوە، زەوتکردنی ئەدەبی دەکەن؟ هەروەها، بۆچی ڕۆشنکەرەوە مەزنەکان لە یەکتری دەدزن؟

کڕینی مێژوو ئابووریترین شێوازی کڕینی پەسەندیی نێودەوڵەتی و ڕەوایی یاسا و خۆبەخاوەندانانی خاکێکە، با ئەم خۆبەخاوەندانانەش سەیر دیار بن. لە ئاکامدا، هیچ لقێکی تری زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان هێنده‌ی مێژوو له‌گه‌ڵ سیاسەت و پرسیارەکانی ڕەوایەتی و خۆبەخاوەندانانی خاک لێک نەئاڵاون. کورد تەنیا هەنووکە گرنگیی مێژوو بە باشترین شت دەبینێت بەرانبەر هەر بانگەشەیەکی تر بۆ نیشتمانەکەی خۆی. هەروەها ئەمەش لە ساتەوەختێکی زۆر لەباردایە. ئایا لێرەدا پێویست دەکات ئاماژە بەوە بکەین کە چۆن داواکردنی زایۆن لە لایەن ئیسرائیلەوە پشتی به‌و خاکە به‌ستبوو كه‌ له‌ پەرتووکی پیرۆزدا درابووە پاڵی؟ گرنگ نییە ئەگەر پەرتووکی پیرۆز وەها شتێکی تێدابێت؛ ئەو ڕاستییەی کە مێژوو وەک تاپۆی خاک لە لایەن ئەم دەوڵەتەوە بەکار هێنراوە، ڕێک ئەو شتەیە کە هەموو دەوڵەتان و هیواخوازانی دەوڵەتدارێتی هانداوە سوپایەک لە مێژوونووسان دابمەزرێنن.

نووسینی مێژووی نەتەوەیی، پێویستی بە پشتیوانییەکی بەرچاو و بەردەوامی گشتی و تایبەتی هەیە. بێ گومان، کاری گەورەی وەها، پێویستی بە کەلوپەلی ئەکادیمیایەکی تایبەت و کوردناسی بەڕەوشت و ڕەسەن هەیە کە هێشتا ژمارەیەکی زۆر کەم کوردناسی لەم شێوەیە بوونیان هەیە. ئالنگارییه‌كەی ئەم کوردناسانه‌ دۆخی هه‌نووكه‌یی و زاڵه‌ كه‌ گۆڕینی سانا نییه‌، دۆخێك كه‌ تێیدا میراتی نەتەوەیی کورد به‌ کولتووری کۆچبەرە پەراوێزخراوەکان داده‌نرێت، له‌م بانگه‌ زاڵه‌دا کورد هێشتاش جیاواز نییە لە “هۆزە شاخاوییە دڕندەکان و نیشته‌جێی گونده‌ وێرانەکان”. هه‌ر چۆن کە “کوردناس” تۆماس بۆواس باوباپیرانی کورد به‌م جۆره ‌ناو ده‌بات و، شێخی کوردناسانی هاوچه‌رخی ڕۆژئاوایی، مارتین ڤان برۆنسنیش، لە دڵەوە لەگەڵ ئەم تێگەیشتنەی بۆواس هاوڕایه‌. لە ٧٠ ساڵی ڕابردوودا، ئەم نێوزڕاندنە زۆر کاری کردووە بۆ شپرزەکردنی خەڵکی ئاسایی و ڕۆشنبیرانی کورد. بەشێکی زۆری ئەم سوکایەتییە بە ڕێکەوت و تەنانەت بەرهەمێکی ناتەواوی ئەقڵیەتی بازاڕیی زانایانی بواری خوێندن نییە کە بۆ بوارەکەی خۆیان پڕ دەدەنە ئەو شتەی کە لە بەردەستدایە. مامەڵەی نابه‌جێی ئینسکلۆپیدیای ئیسلام و ئینسکلۆپیدیای ئێرانیکا له‌گه‌ڵ‌ پرسی نەتەوایه‌تی ئەو زانایانەی کە باسیان دەکەن، پێشتر بینراوه‌؛ هیچ “رێكه‌وت”ێک نەدۆزرایەوە کە هۆكاری ساخته‌كارییه‌ عەرەب-چی و فارس-چییه‌كانی مێژوو بێت. ئەمەش لە ڕۆژئاوایەکدا ڕوو دەدات کە لافی “بێلایەنی”ی لێ دەدات.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نابێلایەندا، ئۆرگانەکانی دەوڵەت بە ئه‌نقه‌ست کەلەپووری کورد پشتگوێ دەخەن، کاریش دەکەن بۆ کەمکردنه‌وه‌ی هۆگریی کورد بۆ تایبه‌تمه‌ندییه‌ نەتەوەییه‌كانی و شانازیکردن به‌ شوناسی خۆیه‌وه‌. تەنانەت، گه‌ر کوردێک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێ بهێڵێ و بچێته‌ ڕۆژئاوا بۆ خوێندن، لە گفتوگۆ لەگەڵ زانایانی ڕۆژئاوادا داوای لێ دەکرێت “بیسەلمێنێت” کە نەتەوەی کورد یان تەنانەت کۆمەڵێكی ئێتنیكی بە ناوی کورد هەیە. کەچی هیچ کۆمەڵەیەکی تر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هیچ شوێنێکی تری جیهان، کاتێ دەچن بۆ ڕۆژئاوا داوایان لێ ناکرێت ناسنامەی خۆیان “بسەلمێنن”. کورد و هەموو ئەوانەی لەسەر پرسی کورد دەخوێنن، بە شێوەیەکی ئاسایی لەسەریان پێویست کراوە شتێک لەسەر “ناسیۆنالیزمی کوردی” بنووسن، بابەتێک کە هەموو کتێبخانەیەکی کۆلێژ و زانکۆکان چەند ناونیشانێکی پەڕپووتیان تێدایە بۆ پێشکەشکردن بە خوێندکارانی زانستە سیاسییەکان و کوردانی بەپەرۆش. کوردەکە وەک کەسێکی باشی “خێڵەکی” ڕەنگە تەنانەت داوای لێ بکرێت کە توێژینەوە یان تێزەکەی لەسەر سەرۆکهۆزێکی کورد و ناکۆکیی نێوان هۆزەکان، ناکۆکییەکی سیاسیی بچووک یان ئەوەی کە لەناو هۆزێکی کورددا کێ هاوسەرگیری لەگەڵ کێدا دەکات، بنووسێت. هەرگیز داوایان لێ ناکرێت لەسەر مێژوو بنووسن، چ بگات بە مێژووی کۆن، کلاسیکی یان سەدەکانی ناوەڕاستی کورد.

سەرلێشێواو، ڕق‌هەڵساو و هەراسان بەهۆی هەلومەرجی خراپی ئابووری و کولتووری هەنووکەیی خۆیانه‌وه‌، زۆرێک لە کوردەکان دەبنە ئامرازی نەستی ئەم بەکەمزانینەی خۆیان. بەم شێوەیە، لە ساڵی ١٩٢١دا، ویلیام ڕۆپەرت های دەنووسێت:

“کورد خوویه‌كی سەیر و سەمەرەی هەیە لە سوککردنی خۆی و براکانیدا، ئەمەش بێ گومان لە لایەن تورکەکانەوە خراوەتە مێشکیانەوە، کاتێ بڕیار بوو بكرێن بە عوسمانی و لە هەموو هەستێکی نەتەوەیی به‌تاڵ بكرێنه‌وه‌. کوردەکە بە بەردەوامی خۆی بە “ڕووكه‌شبین”، كه‌سێك کە تەنیا دیوی دەرەوەی شتەکان دەبینێت، “تەماحکار” یان  چاوچنۆک و “وەحشی” ” دەبینی.”

پوختە و ئەنجام

سەرچاوەی سەرەکیی زانیاری لەسەر مێژووی کورد، لە سه‌رده‌می کۆنەوە تا سه‌رده‌می هاوچه‌رخ، لە هەموو کتێبخانە گەورەکانی جیهاندا زۆرن و بە ئاسانی بەردەستن. ئەوەی کە ڕێگر بووە لە کۆکردنەوەی مێژووی کورد، کەمیی توێژینەوە بووە نەک كه‌میی سەرچاوەی توێژینەوە. پەرەسەندنی مێژووناسیی کورد ئەوەندەی به‌هۆی نه‌بوونی پاڵپشتیی دەوڵەتییه‌وه‌ تووشی بەربەست بووە، ئەوەندەش به‌هۆی نه‌بوونی هەوڵ بووه‌ له‌ لایه‌ن کورد خۆیه‌وه‌. نەبوونی قوتابخانە و لقی ئەکادیمی کوردیی تایبەت بە توێژینەوە و کۆکردنەوەی مێژووه‌ نەتەوەییه‌كه‌ی، هۆكاری ئەو دۆخه‌ سه‌یره‌یه‌ کە ئێستا هه‌وڵ بۆ دیاریكردنی به‌شی كورد لە مێژوو و شارستانییەتی مرۆڤایەتیدا دەدرێ.

جێگای دڵخۆشییە ده‌بینی کوردەکان، لە نیشتیمان و له‌ تاراوگە، گرنگیی  پەروەردەی مێژووییان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، بۆ ئه‌وه‌ی بیكه‌ن به‌ جێگرەوەی ئەو كه‌شه‌ هیوابڕه‌ی ئێستا کە کورد و پشکی کورد لە شارستانییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتیدا كه‌م ده‌بینن. کوردەکان ئێسته‌ له‌ شتێك ئاگادار بوونه‌ته‌وه‌: پێویستیی گەڕاندنەوەی ڕابردووی خۆیان و پاراستنی کولتووری خۆیان بەبێ ئەوەی گوێ بە ڕەزامەندی بێگانە بدەن. بۆ نموونە، پێناچێت ئامادەکەرانی ئینسکلۆپیدیای ئیسلام یان ئینسکلۆپیدیای ئێرانیکا به‌م پێشکەوتنە دڵخۆش بن، چونکە ئه‌م كاره‌ له‌ دواییدا ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ناچار بن بەشێکی زۆر لە بەرهەمە نوقسانه‌كانی خۆیان سه‌رله‌نوێ بنووسنەوە، بۆ ئەوەی شوێنێك بۆ به‌شی کورد لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بكه‌نه‌وه‌.

پێویستە یەکەم جار مێژووی کورد لە لایەن مێژوونووسانی کوردەوە بنووسرێت، ئەگەر بە هیوای ئەوە بن لە زەمینەی مێژوونووسینەوەدا لەگەڵ دراوسێکانیاندا هاوتا بن. نووسەرانی ڕۆژئاوا تا ئێستا سەلماندوویانە کە نە توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ و نە حەز ده‌كه‌ن مامەڵەیه‌كی دڵسۆزانه‌ و بێلایەن و دادپەروه‌رانه‌ له‌گه‌ڵ مێژووی كورددا بكه‌ن. هەروەتر، بەهۆی نەبوونی خه‌ڵات و پاداشتی ماددییه‌وه‌، نووسینه‌وه‌ی مێژووی کورد تەنیا سەرنجی مێژوونووسی پلەدوو یان سێی ڕۆژئاوایی و نامێژووناسانی (وەک مرۆڤناس یان زانای سیاسی) ڕاکێشاوە بۆ بەرهەمهێنانی گێڕانەوەی ڕووکەشی و زۆر جار لایەنگرانە لەسەر ڕابردووی کورد.

هەر کاتێک مێژووی کورد نووسرایەوە، ئەو کاتە پێویست دەکات بە هەموو لایەکدا بڵاو بکرێتەوە. پێویستە هەموو نەتەوەکان بە گێڕانی ئاهەنگی جەماوەری و ئەو شانازییەی لەم یادکردنەوەنەدا هەیە، پەیوەندییان بە ڕابردوویانەوە ببەستنەوە. پاڵەوانانی نەتەوەیی و مێژوویی شانازییان له‌ ڕێگه‌ی نواندنه‌وه‌ و گێڕانەوەیانه‌وه‌ بۆ جەماوەری زۆر دروست ده‌بن. كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ تا چ ئەندازەیەک ڕۆشنبیرانی کوردی وەک ئەبوو حەنیفە ئەحمەد دینەوەری گرنگن و لە ئینسکلۆپیدیا تۆز لەسەر نیشتووەکاندا چەند بە باشی باس دەکرێن. گرنگ ئەوەیە کە چۆن ئەو کەسایەتیانە پەیوەندییان بە کەلەپووری نەتەوەیی کوردەوە هەیە و لە لایەن مرۆڤی ئاسایی کوردەوە چۆن دەبینرێن. پێویستە پاڵەوانە مێژووییە نەتەوەییەکان، تەنانەت لەسەر شەقامەکانیشدا کەڕه‌نایان بۆ لێ بدرێت. بەبێ کەڕەنا هیچ پاڵەوانێک نابێت. ئەمە بە شێوەیەکی ئاشکرا دیارە، وه‌ك لە نموونەی ئەولیا چەلەبی لە تورکیا- وەک لە سەرەوە باسمان كرد.

کورد لەمەدا بەختەوەرە کە بۆ نووسینی مێژووی نەتەوەیی خۆی و خوێندنی دەستکەوتە دیاریکراوەکانی، پێویستی بە هیچ جۆرە بانگەشەیەکی هەڵبەستراو و سەیروسەمەرە نییە. کورد پێویستی بە کڕینی مێژوو نییە. کاری کورد ئەوەیە کە تێ بکۆشن بۆ زیندووکردنەوە و بەناوبانگکردنی ڕابردوویان و بەشدارییان لە شارستانییەتدا. بۆ نووسینەوەی مێژووی کورد، سەرچاوەی سەرەکیی زەوەندی بەڵگەنامە مێژووییە سەرەتاییەکان و بەڵگە شوێنەوارییەکان تەنیا کات دەخوازێت، نەک خەمڵاندن. ئەو کاتەی مێژوونووسێکی کورد بەسەر ترسی شڵەژاندنی دۆخی هەنووکەییدا زاڵ بوو و لە ڕەدکردنەوە یان دوژمنکاری چاوەڕوانکراوی مێژوونووسانی نەریتی و لایەنگرانی کۆمەڵەی ئێتنیکی هاوسێکانی ڕزگاری بوو، مێژوو و میراتی مرۆیی کورد بە شێوەیەکی شیاو پێی دەزانرێت و پلەبەندی دەکرێت.

سەرچاوە:

Loading