نووسین

کەوتنی فرەیی

زەردەشت نورەدین

نیچە بۆ ڕەخنەی کولتووری ئەفلاتوونی-مەسیحی، دەگەڕێتەوە بۆ کولتووری یۆنان و لە هەناوی ئەو کولتوورەوە دوو فیگەری ئوستوورەیی-هونەری دەهێنێتەوە و دەیکات بە گژیاندا، بە ناوەکانی دیۆنیسۆس و ئاپۆلۆن. ڕای زاڵی ئوستوورەناسی لەبارەی زاگەی ئەو دوو خوا یوناییە، ئەوەیە کە لە بنەڕەتدا یۆنانی نین و لە ڕۆژئاوای میزۆپۆتامیای ژوورووەوە بۆ یۆنان پەڕیونەتەوە. لانیکەم بە سیما، ڕەمز، سرووت و ڕێورەسمەکانیانیاندا دەتوانی بنەڕەتە سۆمەری و میسرییەکانیان بناسیتەوە؛ دیونیسۆس تەنیا دەتوانێت لە گەنجینەی ئوستوورەیی سۆمەرەوە زاگەی گرتبێت و ئاپۆلۆن لە هی مسیرەوە. وێڕای ئەم دەرەکیبوونەیان کەچی یۆنانییەکان وەها خۆماڵیان دەکەن کە کاریگەری لەسەر کولتووری یۆنانی و ئەورووپی بەجێ دەهێڵێت. نیچە دوو ئاراستەی پێک‌ناکۆک لەم دوو فیگەرە یەزدانییەدا، لەناو کولتوور و هزری یۆناندا دەناسێتەوە و بە دووروودرێژی لە کتێبی «لەدایکبوونی تراژیدیا  لە ڕۆحی مۆسیقاوە» دەیانخاتە ڕوو.

بۆ نیچە هەردووک فیگەری دیۆنیسۆس و ئاپۆلۆن دوو ئاراستەی پێک‌ناکۆک، کەچی پێویست لەناو کولتوور و ژیانی یۆنانییەکانی پێش سۆقرات ڕۆ دەنێن و ئەم ڕۆنانانەش لە فۆڕمی هونەری-ئوستوورەیی «تراژیدی»دا خۆیان دەبیننەوە. لەم سۆنگەوە لە بایەخی چەمکی تراژیک لە لای نیچە تێدەگەین. ئاپۆلۆن لە ئوستوورەی یۆناندا خوای ڕووناهی، جوانی، نەزم، ڕێسا و شێوەبەخشین، وەهم، خەون، تاکگەراییە. «ئاپۆلۆن نوێنەری توانستی نەزم، بەدیارکەوتن، ڕێژە و هارمۆنی فۆڕمییە لەگەڵ ڕۆحی یۆنانیدا. ئەم هێزە لە پەیکەرتاشی و هونەری شێوەکاریی یۆناندا بە لووتکەی یەزدانی خۆی دەگات؛ لەگەڵ ئەوەشدا خۆی لە مەیلە نەریتییەکەدا کە وەکوو بەرهەمی هونەری مامەڵە لەگەڵ تاکدا دەکات، کەسایەتییەکی بەهێزی قۆز دەنوێنێتەوە. لەم پنتەوە ئاپۆلۆن نوێنەری وێنەی یەزدانی تاکەکەسییە: کەسایەتییەکی خۆش سیما کە جیایە لە ئاپۆڕەی خەڵک.»[1] لە بەرانبەردا دیۆنیسۆس لە ئوستوورەی یۆناندا خوای شەراب، مەستی و ڕەزە. خەڵکی یۆنانی فێری ڕەزداری و شەرابسازی کردووە. هەروەها نوێنەری شادی، خۆشی، سنوربەزاندن و لە خۆدەرچوونە. «دیۆنیسۆس  نوێنەری جۆرێک لە وزەی ئاژاوەگێڕ و سەرمەستیهێنە کە مەترسییە بۆ سەر یەکپارچەیی هەر چەشنە بونیادێکی فۆڕمی. پەرستەی دیۆنیسۆس  ستایشی سێکسواڵیتی، شەهوەتی شاراوە و نائەخلاقیبوونی هێزە سروشتییەکان دەکات و سۆراخی لەناوبردنی تاکگەرایی تاکەکەسی تەریککەوتوو دەکات، تاوەکوو دووبارە لەگەڵ ناوکی سروشتدا تەبا بێتەوە.»[2]

بە جیا لەم ڕوانگە گشتییە ئوستوورەناسییە بۆ هەردوو خوای یۆنانی؛ نیچە وەکوو دوو هێزی بنەڕەتی کولتووری و هونەری یۆنانی پێش سوقرات لێیان دەڕوانێت. بۆ نیچە شێوەگۆڕانی هونەر گرێدراوە بە دوو هێزی پێک‌ناکۆکەوە: ئاپۆلۆیی و دیونیسۆسی. دیۆنیسۆس ئاماژە بەو پاڵنەرە هونەریانە دەدات کە ڕەگیان لە ئەزەلئاژاوە[3]، هەست و سۆز و ئەزموونی دەستەجەمیدا داکوتیوە لەگەڵ ئەوەشدا خۆبەخۆ فۆڕم وەرناگرن و وەکوو پاڵنەر دەمێننەوە و ئەوە تەنیا لە ڕێگەی ئاپۆلۆوەیە کە فۆڕم وەردەگرن و بەدیار دەکەون. لە بەرانبەردا ئاپۆلۆ ئاماژە بە دیوی شکڵ، شێوەی دەرەوە، ڕوخسار و فۆڕمە بینراوە هەستەکییەکان دەدات کە بەبێ فۆڕم بوونیان نییە و بەرجەستە نابن. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە ئەم دوو هێزە هونەرییە بەبێ یەکتری شکڵی تراژیدی وەرناگرن و کولتووری تراژیک ڕۆ نانێن. زاڵبوونی هەر کامیان بەسەر ئەویتریاندا جۆرێک لە کولتووری تری لێ دەکەوێتەوە. بۆ نموونە لە لای نیچە کولتووری تراژیک بەهۆی زاڵبوونی هێزیی ئاپۆلۆیی سۆقراتەوە دەمرێت؛ چونکە هێزی دیۆنیسۆسی پاشەکشەی کردووە.

سۆقرات لە ڕێگەی دیالەکتیکی گەشبینانەوە مرۆڤی ئەخلاقی-زانینمەند ڕۆ دەنێت و لە ئەنجامی ئەم ڕۆنانەوە کولتووری هونەرتەوەری تراژیک دەپووکێنێتەوە. نیچە چەمکی «پیاوی تیۆری» بۆ مرۆڤی سوقراتی پێشنیار دەکات؛ بە دەربڕینێکی وردتر «پیاوی تیۆری» سوبێکتی فەلسەفەیە هەر لە ئەفلاتوونەوە تا سەر خودی نیچە و لەگەڵ نیچە ئەم سوبێکتە لەناو فەلسەفەدا دەکەوێتەوە قەیرانی ڕادیکاڵەوە. پیاوی تیۆری دەخوازێت لە ڕێگەی تیۆر(زانین)ـەوە تا بنج‌وبنەوانی هەموو شت بڕوات و هەموو شت بهێنێنتە ناو پانتایی فەهمەوە و لە ڕێگەی چەمکمەندکردنەوە لێی تێبگات. شەهوەتی زانین بەهێزترین پاڵنەری پیاوی تیۆرییەوە هەر بۆیەش لە ڕێگەی زانین یان بە دەربڕینی مۆدێرن لە ڕێگەی زانستەوە پاساوی بوونی مرۆڤ و گەردوون بداتەوە و دواجار هەر لە ڕێگەی زانینەوە ئەخلاق بینا بکات. پیاوی تیۆری ناتوانێت لە جیهانی تراژیک تێبگات، لەبەر ئەوەی ناتوانێت لەوە تێبگات کە خودی ڕاستی لە دووتوێی وەهمدا مانای هەیە و وەهم بەشێکی بونیادی ڕاستییە و ناکرێت ئەو دووە لە یەک جیا بکرێتەوە؛ ئەو کارەی پیاوی تیۆری دەیکات و لە ئەنجامدا بە دڕاندنی پەردەی وەهم مرۆڤ بە ڕاستی ناگات، بەڵکوو بە هیچێتی دەگات و دەکەوێتە ناو بۆشاییەوە. نیچە لە چەندان شوێندا ئەم بیرۆکەیە دووبارە دەکاتەوە؛ لە پشت دەمامکەکەوە دەمامکێکی تر هەیە نەوەک ڕوخسار؛ بە دەربڕینێکی تر دەمامک خۆی ڕوخساری خۆیەتی. بۆ نیچە کولتووری زانست‌تەوەری مۆدێرن درێژکراوەی جیهانبینیی سوقراتییە بە تایبەت ڕەهەندە زاڵە پۆزەتیڤیستییەکەی. زانست هاوشێوەی فیگەری پیاوی تیۆری دەخوازێت خۆی وەڵامی هەموو شتێک بداتەوە و هەر شتێک لە دەرەوەی خۆی بێت وەکوو وەهم یان ناڕاستی و هەڵیت‌وپەڵیت لێی بڕوانێت.

بە بڕوای نیچە کێشەی هەرە گەورەی کولتووری سوقراتی ئەوەیە کە پیاوی تیۆریی ئەخلاقمەند ڕۆ دەنێت، مرۆڤێکی گەشبین کە لە ڕێگەی زانینەوە دەخوازێت لە هەموو شت تێبگات و بەناو زانیندا هەموو شتێک پراکتیک بکات و ئەمەش بە تێکشکاندنی کولتووری تراژیکی یۆنانی پێش خۆی بەدی دەهێنێت. ڕاستە یۆنانییەکان ڕەشبین بوون، بەڵام ڕەشبینییەکەیان وەهای لێ نەکردبوون بۆ نیهیلیست و دژەژیان وەرگەڕێن، بەڵکوو بە پێچەوانەوە  لە ڕێگەی کولتووری هونەرتەوەرەوە بەرگەی ژیانیان گرتبوو؛ لە ڕێگەی داهێنانی تراژیدیاوە سامناکی بوونیان لەناو ژیاندا بەرگەگیراو کردبوو. لێرەدا دەشێت بپرسین ئایا ئەم شیکردنەوەیەی نیچە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ڕاستە؟ دەتوانین بڵێین کولتووری سوقراتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نەخۆش خستووە؟ هەر لە بنەڕەتەوە ئەم شیکردنەوەی نیچە بۆ کولتووری تراژیک دەشێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئیش بکات یان تەنیا دەتوانین وەکوو شیکردنەوەیەکی سەرنجکێش تایبەت بە ئەورووپا  بیخوێنینەوە و بڵێین لەو شوێنەدا پەیوەندی بە دونیای مۆدێرن و سوبێکتی مۆدێرنەوە هەیە، ئێمەش دەگرێتەوە و تێزەکانی ڕاستە و ئەویتری دوورە لە ئێمەوە!

پێم باشە لێرەدا بۆ چرکەساتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێمەوە کە لە چەند شوێنێکی تریشدا بۆی گەڕاومەتەوە؛ ئەویش ئوستوورەیەکی چاخوڵقێنی ئێجگار کاریگەرە، کە ناچارین هەردەم بۆی بگەڕێینەوە و هەر جارەو لە ڕوانگەی نوێوە بیبینین و لێی ورد ببینەوە؛ بە هیوای ئەوەی بتوانین لۆچێکی تری بکەینەوە: ئەویش بریتییە لە ئوستوورەی شکاندنی بتەکان لەسەر دەستی ئیبراهیم. چیرۆکە پاروودییە یەزدانناسییەکە بەم جۆرەیە: «ڕۆژێک لە ڕۆژان کە شار چۆڵ بوو، ئیبراهیم تەورەکەی هەڵگرت و چوو بۆ جڤاتی خواکان و لەوێ کەوتە وێزەی پەیکەرەکان و هەموو پەیکەری خواکانی جگە لە خوایەکی گەورەتر، وردوخاش کرد…» ئیبراهیم لە پاش ئەم ڕووداوەوە، دەبێتە شکێنەری بتەکان و جێگیرکەری یەک[خوا]پەرستی. تا ئێستا بە شێوەیەکی  جیددی و ڕادیکاڵ ئەم چیرۆکە بە ئاراستەی پرسسازکردندا بە هەند وەرنەگیراوە و شیی نەکراوەتەوە. لە بەرانبەردا وەکوو کردەیەکی سروشتی-خوایی لێی ڕوانراوە و بۆ ناو دەربڕینە ڕۆژانەییەکانی ژیانی زەمینی خەڵکیش گواستراوەتەوە. دەربڕینی «بت شکاندن» وەکوو کردەیەکی شۆڕشگێڕانە و یاخیگەرانە لێی دەڕوانرێت و بەشێکی زۆری زیهنیەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داگیر کردووە و هەروەها لە ئەدەبیشدا بە شێوەی جۆراوجۆر بەگەڕ خراوە و ڕەنگی داوەتەوە. تەنانەت زۆرجار ئەو دەربڕینە گوتراوە کە پێویستمان بە ئیبراهیمێکی ترە بتەکان بشکێنێت ئیدی بتی سیاسی بێت یان هەر جۆرە بتێکی تر[4]؛ لەمەش واوەتر زۆرجار ستەمکار و چەوسێنەرەکان بە بت چوێنراون و شۆڕشگێڕ یان یاخیبووان بە ئیبراهیم. هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە ئوستوورەی شکاندنی بتەکانی ئیبراهیم جگە لەوەی ئایینی ئیبراهیمی (یەهوودی، مەسیحی و ئیسلام) جێگیر کردووە، بووە بە بەشێكی جیانەبووەی کولتوور، نەریت و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک تەنانەت کاروبارە نائایینیەکانیشی گرتووەتەوە. لەم نووسینەدا لە کاریگەرییە پەیوەندیدارەکانی بە یەزدانناسییەوە نادوێین، بەڵکوو شۆڕبوونەوەی بۆ ناو پانتاییەکانی تر.

ئەم گۆڕانگارییە ئێجگار زەبەلاحەی کە کاریگەرییەکی بێ گەڕانەوە لەسەر هەموو پانتاییە هەستەکییەکانی ژیان و تەواوی کایە عەقڵانییەکانی مرۆڤ دادەنێت و  پێش خۆی و پاش خۆی دوولەت دەکات لەژێر ناوی گۆڕان، شێوەگۆڕین، بەدگۆڕان، وەرگەڕان و تەنانەت وەرچەرخانیش ناکرێت پۆلێن بکرێت؛ لەبەر ئەوەی هەرکام لەو دەستەواژانە پانتایی گۆڕانکارییەکەی هێندە فراوان نییە کە بتوانێت بە تەواوی ئەو ڕووداوە ڕووماڵ بکات؛ لێرەدا چەمکی «زاگەوەرگەڕان»ـی بۆ پێشنیار دەکەم. زاگەوەرگەڕان یان وەرگەڕانی‌-زاگەیی بۆ ئەو وەرگەڕانە بنەڕەتییە بەکاری دەبەم کە وردەوردە هەلومەرجی ڕوودانی بەگوێرەی سەدەکان ساز دەبێت و لە بڕگەیەکی دیاریکراوی زەمەنیدا ڕوو دەدات و چەندان سەدەی پێدەچێت تا جێ دەگرێت؛ لە دوای ئەم جێگرتنەوەوە، بە شێوەی ڕووداوێکی تاقانە و بێپێشینە کە لە چرکەساتێکی دیاریکراویی مێژوویدا ڕوویداوە، ڕووداوەکە فۆڕموڵە دەکرێت و ڕادەگەیەنرێت. پاش ئەم ڕاگەیاندە هەموو شوێنپێکان و پێشینەکانی پێشووی دەسڕدرێتەوە و وەکوو ئافراندنێک تەماشا دەکرێت و بەو شێوەیە دەڕواتە ناو کایە مەعریفی و ژیانییەکانی مرۆڤەکانی پاش جێگیربوونی ڕاگەیاندنەکەوە. زاگەوەرگەڕانی ئیبراهیم کە دواجار  ئایینی ئیبراهیمییەکانی لێ دەکەوێتەوە بەم شێوەیە سەرپێ کەوتووە. ئەمەش وا دەکات هیچ هێز و کایەیەکی مەعریفی، کۆمەڵایەتی و مرۆیی نەتوانێت پرسیاری لێ بکات و زاگەوەرگەڕانەکە بە شتێکی تەواو سروشتی و حەقیقی دەبینرێت. دەتوانین ژیرمرۆڤ (هۆمۆساپیەن) بە نموونەی زاگەوەرگەڕان بهێنینەوە؛ ئەوەی ژیرمرۆڤ هەیە، خۆی بەو شێوەیە بینیوە، بۆیە بۆ ژیرمرۆڤ بۆچییەتی پێکهاتە نابێتە پرسیار. واتە ژیرمرۆڤ ئەو پرسیارە لە خۆی ناکات بۆ هەر دەستێک لە جیاتی پێنج پەنجە، پانزە پەنجەی نییە. لەبەر ئەوەی گۆڕانکارییەکە زاگەییە و لە زاگەی دەرکەوتنی جۆرەکەوە هەیە.

بۆ چوونە ناو باسی ئەم زاگەوەرگەڕانە دەبێت پرسیار لە زاڵبوونی «یەک» و هاوپەیوەستەکانی بکەین لە پانتاییە جۆراوجۆرەکاندا، لەوانە: «یەکایەتی»، «یەکێتی»، «گشت»، «سەرجەمێتی»، «هەمووێتی»، «لێکچوون»، «هاوشێوەیی»، «وەک‌یەکی»، «هەمانێتی»، «ئەسڵ»، «ڕەسەن»، «ملکەچێتی»، «گواستنەوە» و… هتد. لە بەرانبەردا پرسیار لە کەوتنی «فرەیی»، «زۆرێتی»، «کۆیەتی»، «جۆراوجۆری»، «فرەچەشنی»، «رەنگاڵەیی»، «جیاوازی»، «جودایی»، «نوسخەمەندی»، «سەربەخۆیی»، «گێڕانەوەیی»، «پەرشوبڵاوێتی»، «پارچەپارچەیی»، «تاقانەیی» و… هتد. هەرکام لەم وشانە تەنیا وشەی ڕووت و بێگەرد نین کە هەر پۆڵێکیان لە ژیانماندا بەگەڕ کەوت، هەمان کاریگەری هەبێت و تەنیا جۆری هەڵبژاردن بۆ سەلیقە بگەڕێتەوە. تەواو بە پێچەوانەوە،  هەڵبژاردن و زاڵکردنی هەرکام لەو پۆلانە جۆرێک لە بەرهەمهێنانی شێوەژیان دەڕەخسێنێت. بێ گومان بەو جۆرەی کە وەکوو وشە ڕیزکراوە، هیچ مانایەکی بەرچاو ناگەیەنێت بەڵام لەناو ئیپستم و مۆدێلە تیۆرییەکانی بیرکردنەوە و هەستکردن و کارپێکردنەکانیان نەک هەر مانادار دەبێت، بەڵکوو جیهانێکی جیاواز دەئافرێنێت.

دەبێت پرسیارێک لە کردەی شکاندنی پەیکەری خواکان لە لایەن ئیبراهیمەوە ساز بکەین: «ئیبراهیم خەریکە چی لەناو دەبات؟ هاوکات چی دروست دەکات؟» ئەم پرسیارە دەشێت بە شێوەی جۆراوجۆر و لە بواری جیاوازەوە وەڵامی جیاواز وەرگرێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا گریمانەی ئەوە دەکەم کە دەشێت وەڵامە جیاوازەکانی بوارە جیاکان، بە پنتێکدا هاوگوزەر بن، ئەو پنتە ئەگەر بۆ گوزارەیەک وەربگێڕین، بەم جۆرەی لێ دێت: «ئیبراهیم فرەیی لەناو دەبات و یەکایەتی دروست دەکات». لە هەناوی ئەم گوزارەوە شیکردنەوەکانی نیچە پەیوەندیداری بە باسەکەوە بۆ دەڕەخسێت و بەشێک لە تێزەکانی کتێبی «لەدایکبوونی تراژیدیا لە ڕۆحی مۆسیقا»وە دەرچەی دەرەکی بە ئاراستەی پرسە باسکراوەکانی ئەم نووسینەدا دەدۆزێتەوە و لە ئەنجامی ئەم تێڕژانەدا، تێزەکانی نیچە بەو شێوەیەی کە خۆی نووسیونی لە یەکتری دەترازێن و دەپچڕێن؛ لە سیاقێکی نوێدا سەرلەنوێ بەگوێرەی پرسەکانی ئێمە جیاواز شێوە دەگرنەوە. دواجار ئەوە تەنیا تێزەکان نین دەرفەتی گۆڕان و نوێبوونەوەیان بۆ دەرەخسێت لەگەڵ ئەوەشدا پرسە وروژێنراوەکان ڕەهەندی نوێیان کەشف دەبێت.

لە شیکردنەوەی نیچەدا دەزانین سۆقرات؛ لە ڕێگەی سستکردنی کولتووری تراژیکەوە پیاوی تیۆری (سوبێکتی زانست) پەرە پێ دەدات. پاشەکشە بە دووانە پاڵنەری هونەریی دیۆنیسۆس-ئاپۆلۆن دەکات. کەواتە ئیبراهیم پاشەکشە بە چ کولتوورێک دەکات و چ سوبێکتێک بینا دەکات؟ ئەورووپا  میراتگری ژیاری یۆنانە کە ڕۆم و مەسیحییەت دوو نوسخەی جیاواز و دژی هەمان سەرچاوەن. ژیاری ڕۆم بە زۆری میراتگری بەشە پێش سوقراتییەکەی یۆنانە و مەسیحییەت میراتگری بەشە سوقراتییەکەی یۆنانە. ژیاری پێش ئیبراهیمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ڕێگەخۆشکەری نەبێت لە جیاتی ژیارێک چەند دانەیەکە و ئەوانیش بریتین لە ژیاری سۆمەری، هۆری، ئیلامی و میسری. هەر کام لەم ژیارانە نزیکایەتیان لەگەڵ یەکتری هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازن و دەشێت بە ژیاری فرەگەرا ناو ببرێن. لە بەرانبەر ئەمانەدا هەر کام لە ژیاری ئەکەدی، ئاشووری، بابلی، ئێرانی، ژیاری پرۆتۆ-ئیبراهیمین کە دەشێت بە ژیاری سامی-ئاریانی یەکخواز ناو ببرێت.

ئیبراهیم سوبێکتی «نێری خوا» بنیات دەنێت کە بەرانبەر «پیاوی تیۆری» سوقرات دەوەستێت. ئایا دەکرا لە جیاتی «نێری خوا»، «مرۆڤی خوا» یان «پیاوی خوا» دابنرێت؟ لە ڕاستیدا ئەو دوو زاراوەی تر بە ئەندازەی زاراوەی یەکەم ناتوانێت کردەکەی ئیبراهیم ڕوون بکاتەوە، لەبەر ئەوەی ئیبراهیم جیهانی «یەک‌ڕەگەز»ـی بینا دەکات؛ بۆیە زاراوەی مرۆڤ بەو مانایەی کە هەڵگری هەردووک ڕەگەز بێت بۆ ئەم پرسە کار ناکات. دەتوانین ئەمەش لە ڕێگەی  تاقیکردنەوەیەکی زمانییەوە پشان بدەین، لە ڕێگەی  دروستکردنی زاراوەی «ژنی خوا» یان «مێی خوا» کە دەستەواژەی تەواو نامۆ و بێ واتایە بۆ وشەدانی[5] ئیبراهیمی؛ کەچی زاراوەی «پیاوی خوا» کە خۆی لە وشەدانی ئیبراهیمیدا هەیە، پڕ مانایە و ئەمەش جارێکی تر ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە، «خوا» و «کاروباری خوا» لە ئایینی ئیبراهیمیدا هەر لە بنەڕەتەوە پیاوانەیە؛ پۆشاکێکە پڕ بە بەری ڕەگەزی نێر دووراوە. لە زاراوەی «نێری خوا» بە ڕوونی سڕینەوەی مێ و مرۆڤ دەبینرێت.

ئیبراهیم نێرێک (ئیسماعیل بەپێی قورئان، ئیسحاق بەپێی پەیمانی کۆن) بۆ قوربانیکردن بۆ خوا هەڵ دەبژێرێت. لە ڕاستیدا هەڵبژاردنەکە هی ئیبراهیم نییە، بەڵکوو هی خوای ئیبراهیمە کە کوڕی بە ئیبراهیم بەخشیوە، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت نێر بۆ قوربانیکردنی خوا دەشێت: لەناو نێریشدا ئەوەی نێر دەکات بە نێر، ئەوە شایەنی پێشکەشکردنە وەک قوربانی خودا؛ ئەویش چووکی نێرە. خەتەنەکردنی تاکی ئیبراهیمی دووبارەکردنەوەی قوربانیکردنی ئیسحاق/ئیسماعیلە کە ئیبراهیم لە خۆیدا لە ڕێگەی خەتەنەکردنی خۆیەوە بەرجەستەی دەکات و پاش ئەو کردەوە خوا ناوی لە ئابرامەوە بۆ ئیبراهیم دەگۆڕێت کە بە مانای «باوکی گەلان» دێت. دیارە باوکی گەلان لێرەدا بە مانای ئەوە دێت ئیبراهیم دەبێتە باوکی چەندان گەلی ئایینی جیاواز. منداڵی کوڕ بۆ باوکی ئیبراهیمی هەمان دەرەکیبوونەوەی چووکێتییە و ئەمەش لە کردەی قوربانیکردنی ئیبراهیمدا بە ڕوونی دەردەکەوێت. هەموو تاکێکی ئیبراهیمی دەبێت بە هەمان ڕێوڕەسمدا بڕۆن و هەر نێرێک میراتگرەکەی کە کوڕەکەیەتی و لە چووکیدا ڕەمزیی بووەتەوە، بەشێکی پێشکەشی خودا بکات. ئەگەر هابیل و قابیل بەروبوومی خۆیان پێشکەشی خوا دەکرد، لە ئیبراهیمەوە دەبێت ئازیزترین، بەنرخترین و جەوهەریترین پارچەی ناو جیهانی ئیبراهیمی کە تێكڕا جیهانەکەی لەسەر بنیات نراوە پێشکەشی بکات، کە ئەویش بەشێکە لە چووکی.

هۆکارەکە سادەیە، چونکە تەنیا نێر لە جیهانی ئیبراهیمیدا وەکوو «منداڵ-کۆیلە»ـی خوا هەڵگیراوەتەوە. ژن دەشێت وەک «منداڵ-کۆیلە»ی پیاو تەماشا بکرێت کە هەڵی گرتووەتەوە. لە هیچ شوێنێکدا وەک چیرۆکی خەلقی ئیبراهیمی ئەم بۆچوونە بە ڕاشکاوی گۆ نەکراوە: خوا لە ڕۆحی خۆی بە بەری ئادەم (نێر)دا دەکات و لە پیاو/نێر (ئادەم)ـەوە حەوا (مێ) دروست دەکرێت. بە دەربڕینێکی تر هەر لە چیرۆکی خەلقەوە پەیوەندی نێوان خوا-نێر-مێ بینا دەبێت و پەیوەندییەکە بەم جۆرەیە: «خوا[هەموو]- نێر[هیچ]» و «نێر[هەموو]-مێ[هیچ]» و ئەگەر هەر سێکیان بخەینە ناو یەک پەیوەندییەوە بەم جۆرەی لێ دێت: «خوا[هەموو]-نێر[ناچیز]-مێ[نەبوو]». جیهانی ئایینی ئیبراهیمی جیهانێکی تەواو نێرانەیە و مێ بە هیچ جۆرێک ڕاستەوخۆ ناتوانێت لەگەڵ پرسی یەزدانیدا پەیوەندی ببەستێت، تەنیا دەشێت لە ڕێگەی  نێرەوە دەستی بە پرسی یەزدانی و خوا ڕابگات. ئەمەش دەقاودەق لە سیستەمی ئایینی «خوا-نێر»دا ڕەنگی داوەتەوە؛ پێگەی پێغەمبەرایەتی و پێگەی ئایینی بۆ پیاوان تەرخانکراوە و مێ تەنیا دەتوانێت لە ڕێگەی  نێرەوە دەستی بە خوا بگات: پێغەمبەران، حاخامەکان، قەشەکان و مەلاکان نێرن. لە جیهانی ئیبراهیمدا یەک ئەسڵ هەیە، ئەویش نێری خوایە، هەموو ئەوانیتر دەبێت هەمانێتیان لەگەڵیدا هەبێت. مێ دەبێت هاوشێوەیەکی نێر بێت بە نوقسانی، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ملکەچێتیی خۆی بۆ نێری خوا دووبارە بکاتەوە.

سوبێکتی «نێری خوا» لە ڕێگەی  خواوە هەموو شت پاساو دەدات و پێشوەخت وەڵامی هەموو پرسیارێک لە لای خوایە و ئەوەی پێویستە خوا لە ڕێگەی  نێرەکانییەوە، بۆ نێرەکانی ناردووە و ئەوانیش دەتوانن بە نێرەکانی تری بڵێن و ئەوانیش ئەوەی پێویست بێت بە مێیەکانی دەڵێن کە لە ڕاستیدا «نێری نوقسان»ـن. ئەگەر سوبێکتی «پیاوی تیۆری» نیچە بە زانستخوازی و سەردەمی مۆدێرن دەگات و مۆدێرنیتەی پۆزەتیڤیستی ڕۆ دەنێت، ئەوا سوبێکتی «نێری خوا» بە جیهانی یەک‌ڕەگەزیی هاوباوەڕی هاوڕای[6] ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی دێت. جیهانی یەک‌ڕەگەزی یان بە دەربڕینێکی وردتر جیهانی نێرانە، جیهانی ئیبراهیمییە کە تەنیا یەک ڕەگەزی نێر دەناسێت و بە گوێرەی ئەو ڕەگەزە سەرلەبەری جیهان دادەڕێژێتەوە؛ ئەسڵی ژیان و حەقیقەتی جیهان دەبێت بە نێر و مێ دەبێت بە نێرێکی نوقسان. هەر نێرێک لە نێرایەتی لا بدات، وەردەگەڕێت بۆ نێرێکی نوقسان؛ واتە دەبێت بە مێ. هەر بۆیەش دەربڕینی هەی لە ژن کەمتر ئەوپەڕی سوکایەتییە کە بە نێرێک بوترێت. لەگەڵ دامەزراندنی جیهانی نێرانە، هاوباوەڕی (نێرباوەڕی) دەبێتە باوەڕی حەقیقی و لادان لێی دەبێتە گۆمڕایی و سەرلێشێوان. ئەوەش ڕوونە ئایینی ئیبراهیمی (یەهوودی، مەسیحی و موسڵمان) لەسەر هاوباوەڕی بونیات نراوە؛ بۆ نموونە یەهوودی وێڕای ئەوەی مەسیحی و ئیسلام هەر دووکیان ئیبراهیمین، بەڵام هیچیانی قبووڵ نییە، ئەمە بۆ ئەو دووانەی تریش ڕاستە و هەمان هەڵوێستیان بەرانبەر بە یەکتری هەیە، لەبەر ئەوەی باوەڕیان بە ئەسڵی هاوباوەڕی هەیە و هەموو جۆرە جیاباوەڕییەک ڕەت دەکەنەوە. هەروەها لەناو هەر کام لە لقەکانیدا تەنیا هاوڕایی ڕێگەپێدراوە، لە ئیسلامدا شیعە، سوننەی قبووڵ نییە و سوننەش بە هەمان شێوە شیعەی قبووڵ نییە و هەر کام لەوانەش بۆ چەند بنباوەڕی تر دابەش دەبن کە ئەوانیش هیچیان ڕای ئەوانتریان قبووڵ نییە، لەبەر ئەوەی وێڕای هاوباوەڕییەکەیان، هاوڕان و جیاڕایی لە لایان ڕەتکراوە و ناپەسەندە.

بۆ سوبێکتی ئیبراهیمی زانست بۆ زانست پرس نییە (زانستە سروشتییەکان)، هەروەها زانست بۆ ئێمە (زانستە مرۆییەکان) پرس نییە، بەڵکوو زانست بۆ خوا پرسە؛ پرسیاری سەرەکیی لەبارەی زاستەوە بەم جۆرەیە: «زانست دەشێت چۆن خزمەت بە خودا بکات؟ بە دەربڕینێکی تر سوبێکتی زانست دەبێتە خودی خوا خۆی و زانست دەبێتە کەرەستەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و قاڵبوونەوە لە خوادا. ئیبراهیم خوا لە پانتایی هونەر (هەستەکێتی) هەڵدەکەنێت و دەیگوازێتەوە بۆ پانتایی زانست (ناهەستەکی)، لە سوبێکتی هونەرەوە دەیگۆڕێت بۆ سوبێکتی زانست. جیاکردنەوەی هونەر لە ئایین و نووساندنی ئایین بە زانستەوە؛ پانتایی هونەری بە تەواوی سەرکوت دەکات و پانتایی زانستیش بۆ خودا قورخ دەکات کە لە ڕاستیدا چیدی ئەوەی دەمێنێتەوە زانست نییە، بەڵکوو «خوازانی»ـە. دەبێت لێرەدا جیاوازی نێوان یەزدانناسی (تیۆلۆژیا) و خوازانی بکەین. دەشێت هەر ئایینێک لقێکی هەبێت بە ناوی یەزدانناسی کە لێکۆڵینەوەیە لە خودا لەناو پانتایی ئاییندا، پەیوەند بە باوەڕدارەکانی ئایینەکەوە دەکات و زیاتر دەپڕژێتە سەر باوەڕمەندکردنی خودا لەناو پانتایی ئاییندا وەکوو تێگەیەکی ڕۆحی. بە دەربڕینێکی تر لە یەزدانناسیدا مەعریفەی ئایینی دەخرێتە خزمەت لێکۆڵینەوە لە پرسی یەزدانی و دواجاریش لە هەمان پانتاییدا وەکوو لێکۆڵینەوە دەرناچێت. لە بەرانبەردا خودازانی لقێک نییە لە ئایین کە لە پانتایی ئایینیدا لە خودا بکۆڵێتەوە، بەڵکوو تەواوی زانستەکان (سروشتییەکان و مرۆییەکان) و هەموو کایەکانی تر (هونەر، ئەدەب ئەگەر نۆزەیەکیان تێدا مابێت) دەبنە بەشێک لێی و دوائامانجی هەرکامیان پاساودانی خودا و کاروباری خودا، خزمەتکردنە بە خودا.

ئەمەش دەرەنجامی گواستنەوەی پرسی یەزدانییە لە پانتایی هەستەکێتییەوە بۆ پانتایی ناهەستەکێتیی عەقڵی؛ خوا لە جیهانی دەرکەوتە ئۆغر دەکات و بەرەو جیهانی نا-دەرکەوتەیی عەقڵی دەڕوات. خوا لە چەقی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە هەڵدەکەنرێت، لە پانتایی پێنج هەستە مرۆییەکە دەردەکرێت و لە پانتایی عەقڵی پیاوی ئایینیدا نیشتەجێ دەکرێت. لە ئەنجامی ئەم لەجێچوونەوەیەوە، پیاوی ئایینی پانتایی هەستەکێتیی ڕۆژانەی خەڵک داگیر دەکات؛ ئەویش نەک لە ڕێگەی دەرکەوتەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی وشەکانی خواوە. هەر لە سەرەتای فەلسەفەوە ئەفلاتوون ئەم لەجێچوونە بەدی دەهێنێت بەوەی باڵاترین پرس بۆ پانتایی ناهەستەکیی عەقڵی دەگوازێتەوە کە تەنیا لە ڕێگەی عەقڵەوە هەستی پێ دەکرێت و لە بەرانبەردا هەستەکان نەوی دەکرێن و بۆ نزمترین ئاست دادەبەزێنرێن. بێ گومان پێگەی فەلسەفە و ئایین زۆر جودایە لەناو کۆمەڵگادا بۆیە، ئەفلاتوون بە ئەندازەی ئیبراهیم کاریگەر نەبووە. هەرچەندە دواتر بۆ تۆکمەکردنی خۆیان ئایینی ئیبراهیمی ئەوپەڕی سوود لە فەلسەفەی ئەفلاتوون وەردەگرن. بە دەربڕینێکی تر ئەفلاتوون جیهانی ئیبراهیمی دەفەلسەفێنێت و لەناو فەلسەفەدا بینای دەکات.

ئیبراهیم گوتاری «یەکگەرایی پاوانخوازیی هاوڕا» لەناو ئاییندا دادەمەزرێنێت کە تێیدا یەک‌خودا، یەک‌ئایین، یەک‌دەق و یەک‌پەیام ڕاستە و لە دەرەوەی «یەک» هەر چییەک هەبێت ناڕاستە. یەکگەرایی پاوانخوازی هاوڕا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنیا لەناو ئاییندا لە ئارادا نییە، بەڵکوو لەناو سەرجەم کایە جیاوازەکاندا بوونی هەیە. کاتێک یەکتاپەرستی یان بە دەربڕینێکی وردتر یەک‌پەرستی (یەکگەرایی پاوانخواز) لەناو سیستەمی ئاییندا جێ دەکەوێت، فرەخودایی پاشەکشە دەکات. پاشەکشەکردنی فرەخودایی تەنیا بە مانای وەلانانی چەند خودایەک نایەت، بەڵکوو بە مانای ئاوابوونی شێوە ژیانێکی دیاریکراو بە هەموو کایە جیاوازەکانییەوە دێت و نەریتی گێڕانەوەی چییەتی و چۆنییەتیی خوداکان، حەکایەتی درووستبوون و خەلقەکانیان، خستنەڕووی شەڕ و پێکدادانەکانیان لەگەڵ خۆیان و مرۆڤەکان لە پەیوەند بە خوداوە لە ئارادا نامێنێت و لەجێچوونی بنچینەیی لە گێڕانەوەی خوداکاندا ڕوو دەدات. فرەخودایی لەسەر بنچینەی جیاباوەڕی-جیاڕایی بنیات نراوە و هەر لە بنەوەڕا هاوباوەڕی-هاوڕایی تێیدا جێگەی نابێتەوە؛ جیهانێکە کە لە هەموو ئاستەکاندا فرەیی لەخۆ گرتووە. لە فرەخوداییدا لە «جڤاتی خواکان»[7]ـەوە بۆ جڤاتێکی تری خواکان، گۆڕان بەسەر گێڕانەوەی هەمان خودادا دەهات و فرەنوسخەیی لەمەڕ خوداکان لە ئارادا بوو کە ئەمەش ڕێگەی بە بێشومار گێڕانەوەی جیاواز دەدا: ئەمەش لەسەر بنەڕەتی جیاڕایی ڕۆنڕابوو کە خودی جیاڕایش بۆ لەپێشترێتی جیاوازی دەگەڕێتەوە. پاش پەراوێزکەوتنی فرەخودایی، بەسەرهاتی خوداکان کەوڵ دەگۆڕێت و وەردەچەرخێتە سەر سەرگوزەشتەی پاڵەوانەکان و لەم وەرچەرخانەوە داستان[8] پەیدا دەبێت. داستان شەڕنامەی خوداکانە کاتێک شێوەگۆڕانی بەسەردا دێت و دەبێتە قارەماننامەی پاڵەوانە مرۆییەکان. داستانەکان سەرگوزەشتەی پاڵەوانەکانە کە هێشتا خودا یان خوداکان حزووری تۆخیان تێدایە، وەکوو چاودێر یان دەستوەردەر، بەڵام بەسەرهاتی خودی خوداکان نییە.  

لە دوای پاشەکشەی فرەخوداییەوە، کە چیدی ئوستوورەی نوسخەمەند نامێنێت، داستان سەرپێ دەکەوێت. فۆڕمی داستان لە سیاقە ئایینیەکەیدا دەرفەت بۆ بە خوابوونی مرۆڤ دەڕەخسێنێت؛ ڕێگە بۆ مرۆڤێکی نوێ دەکاتەوە لەگەڵ ئەوەی مرۆڤە، بەڵام پیرۆز و سەرومرۆییە؛ باشترین دەرکەوتەی ئەمە پێغمبەرەکان و هاوەڵەکانیان کە جۆرێک لە داستانی پیرۆز دەچنن. دەستبردن بۆ جیاکاری ڕیشەیی لەنێوان مرۆڤێکی پیرۆز و مرۆڤێکی ناپیرۆزدا، زەمینە بۆ نێری خودا خۆش دەکات بە ناوی خوداوە هەموو شتێک بکات، وەک ئەوەی لە جیهانی ئیبراهیمیدا دەیبینین. ئەمەش بە هەموو شێوەیەک ڕێ دەگرێت لە سەرهەڵدانی هەر جۆرە باوەڕێکی تر و ڕایەکی تر؛ جیاباوەڕی و جیاڕایی[9] سزای قورسیان بۆ دادەنرێت. ئەوەی یەکەم بە ئاسانی سزای دەبێتە مردن و ئەوەی دووەم لە هەندێ باردا کوشتنی ئاسایی دەبێت.

ئایینگۆڕین بە جۆرێک لە جۆرەکان و بە شێوەیەکی  دیاریکراو بەشێکە لە جیاباوەڕی. جیاباوەڕی بەرانبەر ڕەوتی زاڵی هزر و بیروباوەڕ دەوەستێتەوە، قبووڵی ناکات و زۆر جار ڕەتی دەکاتەوە و هەندێ جار بە دەنگی بەرز ڕەتی دەکاتەوە. جیاباوەڕی لە پانتاییە جیاوازەکانی وەکوو ئایین، فەلسەفە، بیروباوەڕ، کولتوور و دابوونەریت و… هتد قبووڵکراو نەبووە و بە شێوەی جۆراوجۆر مامەڵە لەگەڵ کەسانی جیاباوەڕدا کراوە و بە زۆر شێوە سزا دراون، لە زیندانیکردن و دورخستنەوەوە بیگرە تا کوشتن. لە لای میسرییە کۆنەکان، سۆمەرییەکان، لە لای هۆرییەکان، جیاباوەڕی قبووڵ کراوە. بە گشتی لە ئوستوورەی میزۆپۆتامیای ژوورو و خواروی پێش زاڵبوونی کولتووری هیندوئێرانی و سامییەکان، جیاباوەڕی بەرگەگیراو و قبووڵکراو بوو و دوای هاتنی ئەوان دەستکرا بە نوسخەسازی زاڵی یەزدانناسی و سەپاندنی بەسەر هەموو ناوچەکانی ژێر فەرمانڕەوایەتیاندا. لە دوای ئەو زاگەوەرگەڕانەوە، ئیدی وردەوردە جیاباوەڕی ڕووبەڕووی سزا بووەوە. لە ئایینە ئیبراهیمییەکانی وەکوو (یەهوودی، مەسیحی و ئیسلامدا) بە هیچ جۆرێک قبووڵ نەکرا و کوشتن و کوشتاری لێ کەوتووەتەوە. جیاباوەڕی لە سەردەمی مۆدێرندا جارێکی تر دەردەکەوێتەوە و لە چوارچێوەی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤدا لە بەندی هەژدەدا بەم جۆرە دێت: «هەموو مرۆڤێک مافی ئازادیی بیر، ویژدان و ئایینی ھەیە. واتە مرۆڤ ئازادە لە گۆڕینی ئایین و گۆڕینی باوەڕ، ھەروەھا دەربڕین لە ئایین و باوەڕ بە تاک یان بەکۆمەڵ، ئاشکرا یان نھێنی، لە ڕێی خوێندنەوە، پەرستنەوە، پەیڕەوی و ڕێزگرتنی ڕێوڕەسمەوە.» کەچی هێشتا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جیاباوەڕی قبووڵکراو نییە. جیاباوەڕی تەنیا پەیوەندی بە ئایینەوە نییە، بەڵکوو هەر جۆرە لادانێک لە ڕەوتی زاڵ دەگرێتەوە، بۆ نموونە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ڕەگەزگۆڕەکان، هاوڕەگەزخوازەکان، ژنە مۆدێلەکان، بێباوەڕەکان، کەمایەتییە ئایینییەکان، لەشفرۆشەکان و هەموو ئەوانەی کولتووری زاڵی ئیسلامی-خێڵەکی بوونیان ڕەت دەکاتەوە و وەک خۆیان قبووڵیان ناکات، دەبنە فۆڕمێک لە جیاباوەڕی.

کۆمەڵگای پێش-ئیبراهیمی لە ژیارەکانی سۆمەر، ئیلام، هۆری و میسر[10]دا دەشێت بە کۆمەڵگای فرەمەند، یەزدانناسی نوسخەساز، ڕای گشتی ڕسکاو لەسەر جیاڕایی و قبووڵکردنی جیاباوەڕی، هەبوونی دیالۆگ لەنێوان جڤاتی خواکان و لەئارابوونی هەر دووک ڕەگەز لە کاروبارە جۆراوجۆرەکاندا. تەنانەت لە جەنگە سەرەتاییەکانی نێوان ژیارە جیاوازەکاندا، هیچ جۆرە شکاندنێکی خواوەندەکانی یەکتری لە ئارادا نەبووە، بە پێچەوانەوە زۆر جار خواکانی جڤاتی خوایەکی گەلێک براوە وەک دەستکەوتی جەنگ و جڤاتی خواکانی خۆیانیانی پێ دەوڵەمەند کردوون. جگە لەوەش لەناو هەر کام لەو ژیارانە لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر گێڕانەوەی خواکان نوسخەی جیاوازتری بە خۆیە دەبینی. مەرکزی ئایینی بۆ ستانداردکردنی بیروباوەر یان دەقی ئایینی لە ئارادا نەبووە. فرەیی و نوسخەسازییەکی بێوێنە لەنێوان جڤاتی خواکاندا لە ئارادا بووە. قسەکردن لەسەر ئەوەی کەسێک لەسەر جیاباوەڕی سزا بدرێت، شتێکی بێ ڕەبت و بێمانا بووە. جەنگی ئایینی و مەزهەبی بە هیچ جۆرێک لە گۆڕێ نەبووە. جگە لەمانەش تێڕوانینان بۆ ژیان، جەستە، ڕەگەز و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان زۆر جیاوازتر و ژیاندۆستانەتر بووە. نیچە باس لە کولتووری گرنگی یۆنانی پێش سوقرات دەکات، جیاکەرەوەی سەرەکی دەکات بە تراژیدی و پێکهێنەری کولتووری تراژیک لە ڕێگەی دیۆنیسۆس و ئاپۆلۆ دەخوێنێتەوە.

لەگەڵ جێگیربوونی ئایینی ئیبراهیمیدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یەکگەرایی پاوانخوازیی هاوڕا دەسەپێنرێت؛ گوتارێک کە لەسەر «یەکایەتی»، «یەکێتی»، «گشت»، «لێکچوون»، «هاوشێوەیی»، «وەک‌یەکی»، «هەمانێتی»، «ئەسڵ»، «ڕەسەن»، «ملکەچێتی»، «گواستنەوە» و… بینا بووە. لە جیهانبینیی ئیبراهیمیدا «گشت»ـێک یان بە دەربڕینێکی وردتر، یەک «گشت»ـی ناسراو لە ئارادایە و ئەم گشتەش لە «بەش»ـەکانی پێک دێت، دەشێت هەر بەشێک بۆ خۆی گشتێک بێت و بۆ چەند بەشێک دابەش ببێت و ئەویش بۆ بەشی تر… ئەوەی لێرەدا گرنگە یەکێتی و ناکۆکیی دیالەکتیکی نێوان بەشەکانە و هەروەها سەرجەمێتیی نێوان گشتەکانە کە دواجار لە یەک گشتدا یەک دەگرنەوە؛ ڕاستە جیاوازی لەنێوان بەشەکاندا لە ئارادایە، بەڵام جیاوازییەکە لە هاوشوناسی یان هەمانێتییەوە سەرچاوە دەگرێت؛ هەر بۆیەش هاوشوناسی تێیدا بنەڕەتە. باشترین مانیفێستی ئەم جیهانبینییە لەناو فەلسەفەدا ئەفلاتوون-هیگڵە. بە ڕوونی ئەم جیهانبینییە لە ئایینی ئیبراهیمیدا دەبینرێت؛ بۆ ئێمە لقی ئیسلام لێرە زاڵە کە بە هەمان شێوە لە هەموو شت دەڕوانێت. هەر لە بنەڕەتەوە ئەم ڕوانگەیە ڕێگە بە جیاوازی و فرەیی نادات و لەبەر ئەوەی لەسەر یەک (گشت) و هاوشوناسی (هەمانێتی) بینا بووە.

لە کۆتاییدا بە زانینی ئەوەی کە سیستەمە فەلسەفییەکان و مۆدێلە تیۆرییەکان هەرکامیان بەرهەمهاتووی ژین-جیهانێکی دیاریکراون و خزمەت بە هەمان ژین-جیهان دەکەن، دەبێت ئەو پرسیارە بکرێت ئایا لە ڕێگەی فەلسەفە ئیبراهیمییەکانەوە (مەبەستم لە فەلسەفەی ئایینی نییە، بەڵکوو مەبەستم لەو فەلسەفانەیە کە هەڵگری جیهانبینی ئیبراهیمین و هەمان جیهان بەرهەم دەهێننەوە) دەتوانین خوێندنەوەی جیاواز بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئیبراهیمی بکەین؟ دەشێت لە ڕێگەی مۆدێلی تیۆری ئیبراهیمییەوە کە خودی جیهانەکەی لەسەر بینا بووە، گۆڕانکاری لە جیهانە ئیبراهیمییەکەدا بکەین؟ بۆ ئێمەی نووقمی ناو جیهانی ئیبراهیمی، فەلسەفە ئیبراهیمییەکان دەشێت چ مانایەکیان هەبێت؟


[1]– اسپینکز، لی. ١٣٨٨: ٣٩. فریدریش نیچه، ترجمه رضا ولی‌یاری، تهران: مرکز.

[2]– هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە  ٣٩

[3] chaos

[4]– هیچ سەیر نییە یەکێک لە رابەرانی زانینی مۆدێرن فرانس بایکۆن باس لە تیۆری بتە زیهنییەکان دەکات کە بەربەستن لەبەردەم تێگەیشتنی مرۆڤدا. راستە بایکۆن باس لە بتی پەیوەستدا بە یەزدانناسییەوە ناکات و زیاتر دەڕواتە ناو فەلسفەی زانستەوە بەڵام لە دوو لاوە روون کەرەوەیە؛ یەکەم ئەوەی دەربڕینی بتی بەکاربردووە وەک بەربەرست لەبەردەم زانیندا، دووەم ئەوەی بایکۆن خۆی فیگەری پانتایی زانینە هانای بۆ ئەو دەربڕینە بردووە.

[5]  lexicon

[6]– هاوباوەڕی(orthodoxy) و هاوڕایی(consensus).

[7] Pantheon

[8] Epic

[9]– جیاباوەڕی(heterodoxy)، جیاڕایی (dissensus)

[10]– بێگومان هەرکام لەم ژیارانە بە چەندان چاخی جیاوازدا ڕۆیشتوون؛ بۆ نموونە ئێمە مەبەستمان لە سۆمەر سەرەتای سۆمەرە و بۆ میسریس هەر مەبەستمان سەرەتای میسرە کە دواتر گۆانکاری گەورەیان تێدا ڕوو دەدات.

Loading