نووسین

کێشەکانی ڕوانینی ئەدەبی کوردی

زەردەشت نورەدین

تزڤێتان تۆدۆرۆڤ لە کتێبی «ئەدەب لە مەترسیدا» لە پاژی «سەرتر لە خوێندگە» باس لە ڕەوشی خوێندنی ئەدەب لە خوێندنگە و زانکۆکانی فەڕەنسادا دەکات و ڕەخنە و سەرنجەکانی لەو بارەوە دەخاتە ڕوو.[1] ڕەخنەکانی لە خوێندنی ئەدەب لە ناوەندی، ئامادەیی و زانکۆکانی فەڕەنسا تەواو جددی و بەجێن، هەروەها پێشنیارەکانی خۆی بۆ جێگرتنەوەی ئەو بەرنامە بێکەڵک و ناتەندروستانە لە شوێنی خۆیاندان. جگە لەوانەش ڕوانگەکانی بۆ وتنەوەی ئەدەب، لێکۆڵینەوەی ئەدەب و ڕوانین بۆ ئەدەب، سەرنجڕاکێش و هاوچەرخن کە دەشێت بە داڕشتنەوەیان لە هەموو شوێنێکی ئێستای جیهاندا کەڵکیان لێ وەربگیرێت. ئەم کورتە نووسینە هەوڵ دەدات هەندێ ئایدیای ناو ڕوانینەکانی تۆدۆرۆڤ پەیوەند بە کایەی ئەدەبی کوردییەوە بخاتە ڕوو، ئەویش بە مەبەستی وه‌ڵامدانەوە نا، بەڵکوو بە مەبەستی بەکێشەکردنی ڕوانگە هەبووەکان و زەمینەخۆشکردن بۆ هێنانەپێش و تۆخکردنەوەی ڕوانگەی نوێی ئەدەبی.

ڕاستییەکەی باسی وتنەوەی ئەدەب لە خوێندنگە و زانکۆکان لێرەدا ناکەم[2] هەرچەندە تۆدۆرۆڤ وەک ئاماژەم پێدا دەیکات. لە ڕاستیدا کۆلێژەکانی ئەدەبیاتی زانکۆکانی کوردستان، ڕوانگە و بەرنامەی تەقلیدی بۆ ئەدەب پەیڕەو دەکەن و میکانیزمی هەڵبژاردنی بەشی ئەدەب لە زانکۆکاندا بەگوێرەی خواستی ناوەکیی خوێندکاران نییە و بەگوێرەی کۆنمرەی پۆلی شەشی ئامادەییە؛ هەر بۆیەش قسە هەڵناگرێت، لەبەر ئەوەی هەر لە بنەڕەتەوە هەڵەیە. جگە لەوەش مامۆستای باشی ئەدەب، لە کۆلێژەکانی ئەدەبیاتی زانکۆکانی کوردستان، لە ژمارەی پەنجەکانی یەک دەست تێپەڕ ناکات؛ بەو ژمارە ئێجگار کەمە هیچ شتێک ڕوو نادات و هیچ گۆڕانکارییەك لە بەرنامە و ڕوانگەی وتنەوەی ئەدەب لە زانکۆکاندا ناگۆڕێت.

«زانکۆ جۆرێکە لە قوتابخانە، بەڵام قوتابخانەیەکی زۆر تایبەت. چونکە ئەرکی زانکۆ تەنیا فێرکردن نییە، بەڵکوو خوێندکار دەبێت چالاکانە بەشداری لە توێژینەوەدا بکات و لەم ئەزموونەوە دەبێت ئەو دیسپلین و پەروەردە ڕۆشنبیرییە بەدەست بهێنێت کە بە درێژایی ژیانی لەگەڵیدا دەمێنێتەوە. گەر نموونەییترین شێوەی وەربگرین ئەوەیە کە خوێندکار سەربەخۆ بیر بکاتەوە و بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە گوێ بگرێت و بەرپرسیار بێت بەرانبەر خۆی و هەروەها ئازاد بێت لە فێربوون. زانکۆ تاکە شوێنە کە بە قبووڵکردنی حکومەت و کۆمەڵگا دەتوانێت لە زەمەنێکی دیاریکراودا ڕوونترین خود-ئاگایی دروست بکات و فراوانتری بکات. جگە لە مامۆستا و خوێندکار، خەڵکانی تریش دەتوانن بە مەبەستی گەڕان بەدوای ڕاستییەکاندا، تێیدا کۆ ببنەوە. چونکە هەموو تاکێک ئەو مافەی هەیە شوێنێکی هەبێت بەبێ هیچ مەرجێک تا لەپێناو گەڕان بەدوای خودی هەقیقەتدا تێیدا کۆ ببێتەوە.»[3]

زانکۆ لە لای ئێمە بە هیچ شێوەیەک، شوناس و کارکردنی ناچێتەوە سەر ئەو پێناسەی سەرەوە کە کارل یاسپەرز بۆ زانکۆی دەکات، لە لای ئێمە زیاتر زانکۆ فەرمانگە یان کۆمپانیایەکە، کۆمەڵێک فەرمانبەری هەیە دەچن لەوێ دەوام دەکەن، مووچەی خۆیان وەردەگرن، ئەگەر توێژینەوەیەکیش بکەن یان کتێبێک بنووسن تەنیا بە مەبەستی بەرزکردنەوەی پلەی ئەکادیمی دەینووسن و ئەوەش لە خزمەتی بەرزبوونەوەی مووچەدایە؛ واتە خودی پلەی ئەکادیمی خوێندن وەکوو خۆی، لە لایان گرنگی نییە؛ تەنیا لەوێدا گرنگە کە دەستکاریی بڕی مووچەکەیان دەکات. بە دەربڕینێکی تر نووسینی توێژینەوه‌ و کتێبی مامۆستای زانکۆ بۆ ئەوە نییە ئەگەر ڕوانگەیەکی ئەدەبی هەبێت بەرگری لێ بکات یان ڕوونی بکاتەوە، یان بیەوێت بەشدارییەکی تیۆری لە ڕوانگەی ئەدەبیدا هەبێت، تەنیا و تەنیا بۆ مووچەیە. مووچەوەرگرتن خۆی لە خۆیدا کێشە نییە و مافی خۆیانە، نەک هەر مووچە، بەڵکوو شایستە داراییەکانی تریش وەرگرن و لە هەموو ماف و ئیمتیازەکانی خۆیان سوودمەند بن. کاتێک مووچە دەبێتە کێشە کە هەموو خەم و پرسی مامۆستای زانکۆی تێدا کورت ببێتەوە و لەوە زیاتر هیچ شتێکی مەعریفی لە لا گرنگ نەبێت.

ئەم حووکمە بەچی زیاتر دەسەلمێت، بەوەی کە مامۆستاکانی ئەدەب لە زانکۆکاندا، بەرهەمهێنەری مەعریفی نین و هیچ بەشدارییەکی دیاریان لەناو کایەی ئەدەبی کوردیدا نییە، جگە لەو ژمارەی پەنجەکانی دەستێک نەبێت، کە ئەویش بەبەراورد بە کۆی زانکۆکان لە ڕاستیدا ناکرێت ئەژماری گۆڕانسازی[4] بۆ بکرێت، ئەوانیش کە بەو کارە هەستاون لە هەناوی خودی زانکۆ، یان ڕوانگە و بەرنامەی زانکۆوە دەرنەکەوتوون. خۆیان توێژەر، وەرگێڕ و نووسەر بوون و دواتر بوون بە مامۆستای زانکۆ؛ نەوەک مامۆستای زانکۆ ئەوانی کردبێت بە لێکۆڵەر یان ڕەخنەگری ئەدەبی. هیچ شتێک لەسەر ڕوانگەی ئەدەبی لە زانکۆکاندا ناڵێم، لەبەر ئەوەی ڕوانگەی تێدا نییە کە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، ئەوەی لە کوردستاندا لەم بارەوە لە ئارادایە، دەرەوەی زانکۆیە کە دەشێت لەسەری هەڵوەستە بکرێت.

بەدەر لە قەڵەمڕەویی زانکۆ، تەنزە ئایرۆنییەکەی ئەم باسە لەوێدایە، کاتێک دەمانەوێت باسی ڕوانگە ئەدەبییەکانی ناو کایەی کوردی بکەین، هیچ ڕوانگەیەکی ئەدەبی بە شێوەیەکی ڕێک‌وپێک نەهاتووە و نوێنەری لێرە نییە؛ بۆ نموونە تۆدۆرۆڤ باس لە بونیادگەری، پاش‌بونیادگەری، فۆڕمالیزم و… هتد دەکات، هیچ کام لەوانە نە وەکوو قوتابخانەی ڕەخنەیی هاتوون و نە لە ناو کایەی ئەدەبی ئێمەدا بزوتنەوەی ئەدەبییان دروست کردووە. لە ڕاستیدا نەک ئەوانە، هیچ کام لە قوتابخانە، ڕێباز و بزووتنەوە ئەدەبییەکانی ڕۆژئاوا وەکوو خۆیان نەهاتوون بۆ ئێرە و لێرە بزوتنەوەی ئەدەبیی جۆراوجۆریان دروست نەکردووە. ئەمە بە مانای ئەوە نایەت ئەدەبی کوردی ئەدەبێکی داخراو بووە بەسەر خۆیدا و نەکەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئەدەبی ترەوە، بەڵکوو بە مانای ئەوە دێت قوتابخانەی دیاریکراوی ئەدەبی کە بزوتنەوەی ئەدەبی لەناو کایەی ئەدەبی کوردیدا دروست کردبێت، نوێنەرانی خۆی هەبێت و سیما دیارەکانی بە دەقەکانیانەوە بناسینەوە، لە ئارادا نەبووە و نییە.

با لەوەی پێی دەوترێت ”شیعری کلاسیکی” کوردی تێپەڕین کە هەندێجار بەگوێرەی هەندێ قوتابخانەی ئەدەبیی ڕۆژئاوا پۆلێن دەکرێن وەک ڕیالیزم، ڕۆمانتیسیزم، ناتورالیزم و… هتد کە بۆ خۆی ئەم پۆلێنکردنانە کێشەدار و نادەقیقن؛ ئەمە لێرەدا پرس نییە. ڕەنگە تاکە بزوتنەوەیەکی ئەدەبی (شیعری) لە سەدەی بیستدا بیناسینەوە؛ بریتی بێت لە دەرکەوتنی شیعری نوێی کوردی بەو مانایەی چیدی لەناو ”فۆڕمی کلاسیک”دا جێگەی نابێتەوە، کە شێخ نووری شێخ ساڵح، گۆران، سواره‌ی ئیلخانی‌زادەوە دەست پێدەکات و لە گرووپی ڕوانگە و شێرکۆ بێکەسدا دەگاتە ترۆپک. جگە لەم نوێبوونەوەیە، قورسە باس لە قوتابخانەی ئەدەبی یان ڕوانگەی ئەدەبی بەو مانایەی باسمان کرد لە ئارادا بێت. ئەدەبی مۆدێرنی کوردی لەناو کرمانجی ناوەڕاستدا، لە باشووری کوردستان و لەدوای راپەڕینەوە دەست پێدەکات و باشترین میدیۆم بۆ ناسینەوەی ئەم گۆڕانە، ژانری ڕۆمانە؛ ئەمە جگە لەوەی ڕۆمان خۆی ژانرێکی مۆدێرنە.

زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە بزاڤی ڕۆمانی کوردی دەرکەوتووە و لەو ماوەکەمەدا گەشەی باشی بە خۆیەوە بینیوە؛ بێگومان لەسەر دەستی چەند نووسەرێکی کەم. لەگەڵ ئەوەشدا دیسانەوە لەناو کایەی ڕۆماننوسیی کوردیدا، بزوتنەوەی ئەدەبیی وەکوو ڕیالیزم، مۆدێرنیزم، پۆستمۆدێرنیزم، ڕیالیزمی جادووی و… هتد لە ئارادا نییە، ڕاستە ڕۆماننووس هەیە هەوڵ دەدات کارەکانی مۆدێرنیستی یان پۆستمۆدێرنیستی بێت، بەڵام ئەمە لە ئاستی تاکەکەسیدا دەمێنێتەوە و بزوتنەوەی ئەدەبی بەرهەم ناهێنێت. هۆکارەکان زۆرن کە بۆ ئەمە ڕوو نادات و لێرەدا لەسەری ناوەستین. لە بەرانبەریشدا لەناو کایەی ڕەخنەی ئەدەبیدا هێشتا هیچ بزووتنەوەیەکی ڕەخنەی ئەدەبی دەرنەکەوتووە کە سیما دیارەکانی قوتابخانەیەکی هزری ئەدەبی هەڵگرێتەوە و کایەی ڕەخنەی ئەدەبی بەراورد بە کایەی ڕۆماننووسی کوردی زۆر زۆر لە دواوەیە. بۆیە لەم بارەیەشەوە دیسانەوە ناتوانین باس لە قوتابخانە یان بزاڤی ڕەخنەی ئەدەبی لە کوردستاندا بکەین. لەسەر ئاستی تاکەکەسی هەوڵ هەن بۆ دروستبوونی کایەی ڕەخنەی ئەدەبی، بەڵام زۆر لاواز و کێشەدارن.

ئەوەی گرنگە پەیوەند بەمەوە ئاماژەی پێ بدەین، بزوتنەوە، قوتابخانەی ئەدەبی نییە، تەنانەت ناکرێت بە شێوەیەکی بەرفراوان باسی ڕوانگەی ئەدەبیش بکەین، ڕەنگە هەموو ئەوەی بتوانین باسی بکەین، ڕوانینە بۆ ئەدەب یان ڕوانینی ئەدەبی. ڕوانگەی ئەدەبی ئەو ئەدیبانە هەیانە کە ئاگاداری ئەدەبی جیهانی، تیۆری ئەدەبی، ڕەخنەی ئەدەبی، فەلسەفە و… هتدن بە تەنیشت کارە ئەدەبییە گێڕانەوەییەکانیانەوە، خەریکی نووسینی ناگێڕانەوەییشن و بە شێوەیەکی ئاگامەندانە دەتوانن لەبارەی ئەدەب، فەلسەفە، کۆمەڵگا و تا کۆتایی، بنووسن و ڕوانگەی خۆیانی لەوبارەوە دەربڕن.  ئەو ئەدیبانە ڕوانینی ئەدەبییان هەیە کە تەنیا کاری گێڕانەوەییان هەیە و ئەگەر کاری ناگێڕانەوەییشیان هەبێت لە ئاستی پێویستدا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا لەناو بەرهەمە ئەدەبییەکانیاندا ڕوانینیان ئامادەیی هەیە و لەوێدا کاریان تێدا کردووە. ئەم دوو جۆرە لە ڕۆماننوس لە لای ئێمە ئێجگار کەمن؛ لە بەرانبەردا ئەوەی زۆرە، ئەو کەسانەن کە ڕۆمانەکانیان ئەگەرچی لەسەر بەرگەکە ناوی ڕۆمانی لێ نراوە، بەڵام وەکوو فۆڕم و ناوەڕۆک هەڵگری ئەدگارەکانی ژانری ڕۆمان نین، بە مانا مۆدێرنەکەی، بە زۆری گێڕانەوەی پێش فۆڕمی ‌ڕۆمانن. ئەوەی باسکرا، ئەو کێشانەی تۆدۆرۆڤ بۆ کایەی ئەدەبی فەڕەنسا و کایەی خوێندن لەوێ باسی دەکات، ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە کێشەکانی ئێمەوە نییە، بەڵام دەشێت بە شێوەی تر کەڵکی لێ وەربگرین.

ڕەنگە بە شێوەی جۆراوجۆر بشێت کێشەکانی کایەی ئەدەبی کوردی دەستنیشان بکەین؛ ئەوەی لێرەدا پێم باشە بیخەمە ڕوو، کێشەی ڕوانینە ئەدەبییەکانە، کە جۆرێک لە جۆرەکان بە کێشەکانی کایەی ئەدەبی فەڕەنسا و جیهانیشەوە ڕەبت دەبێتەوە، بەڵام نەک بە هەمان شێوەی ئەوان. لە ڕاستیدا کایەی ئەدەبی فەڕەنسی کێشەی دروستنەبوونی فۆڕمی نییە، واتە ڕۆماننووسی فەڕەنسی لەمێژە ئەو قۆناغەی جێهێشتووە کە بەرهەمەکەی ڕۆمان بێت یان نا، لەبەر ئەوەی لەوێ بیریاری ئەدەبی، فەیلەسووف، نەریت، دامەزراوە، کایە، بزوتنەوە و زانکۆ هەن، مامۆستای زانکۆ و هەموو ئەوانەش لە شوێنی خۆیان ئامادەییان هەیە، کەواتە زۆر ئاساییە کە ڕۆماننوس و ڕەخنەگریان کێشەی سەرەتایی بینابوونی فۆڕم، دەربڕین، داڕشتن، ناسینەوەی هێڵە جیاوازەکان، کارپێکردنی تێز و تیۆرەکانیان نەبێت، بەڵام لای ئێمە لەبەر ئەوەی هیچ کام لەوانەمان نەبووە، ئەوا هیچ شتێکمان لەو بارەوە لە شوێنی خۆیدا نییە، بۆیە دەشێت ڕۆماننووس هەبێت چەندان ڕۆمانی هەبن و هیچیان لە ڕاستیدا لە ڕووی فۆڕمەوە نەبووبن بە ڕۆمان؛ هەروەها دەشێت ڕەخنەگری ئەدەبیمان هەبێت، چەندان بەرهەمیشی هەبێت و لە دەربڕین، داڕشتن، ناسینەوەی هێڵە جیاوازەکان، کارپێکردنی تێز و تیۆرەکانیاندا کڵۆڵ بێت و لە بنەڕەتەوە لێیان تێنەگەیشتبێت یان بە هەڵە بەکاریان ببات. لە دۆخێکی وەهادا ئەستەمە ڕۆمان یان ڕەخنەی ئەدەبی گەشە بکات، وێڕای ئەوەی ڕۆمان و ڕەخنەی ئەدەبیش بڵاو ببێتەوە؛ لەبەر ئەوەی هیچ کامیان بە دروستی شکڵیان نەگرتووە و کاری خۆیان ناکەن تاوەکوو کەڵەکە بن، ڕەوت یان نەریت سەرپێ بخەن.

ئەگەر لە کێشەی زۆرینە، کە کێشەی دروستنەبوون و شکڵ‌نەگرتنیان هەیە بپەڕینەوە بۆ ئەو کەمینەیەی ئەم کێشانەیان نییە، بەر کێشەی ڕوانینە ئەدەبییەکان دەکەوین. تۆدۆرۆڤ باس لە سێ کێشەی زاڵی ئەدەبی فەڕەنسی بە تایبەتی و ڕۆژئاوایش بە گشتی دەکات، ئەوانیش بریتین لە: کێشەی فۆڕمالیزم، نیهیلیزم و سۆلیپسیزم کە لە پاژی «سەرتر لە قوتابخانە» باسی کردوون. لە لای ئێمەش هەر سێ کێشەکە لە ئارادان، بەڵام بە شێوەی خۆمان. دەربڕینی ناوەڕۆکی ئەو سێ کێشەیه‌ بە دوو شێوەی تر لە لای ئێمە دەرکەوتووە کە بریتین لە فۆڕمالیزم و واقیعنوێنی.

 کێشەی فۆڕمالیزم لە لای ئێمە خۆی لە خوولیای ئەو چیرۆکنووس و ڕۆماننوسانەدا دەبینێتەوە، کە گوایە حەز دەکەن بە فۆڕمە نوێکانی ئەدەب، لەوانە: مۆدێرنیستی یان پۆستمۆدێرنیستی بنووسن (ئەم مەیلە خۆی لە خۆیدا کێشە نییە). ئەگەرچی کاتێک دەیانەوێت ئەم حەزەی خۆیان پاساو بدەن، یەکسەر باس لە «نوێبوونەوە» یان «داهێنان»ـی فۆڕمی لەناو ئەدەبی کوردیدا دەکەن؛ واتە دواجار حەزەکە لە پانتایی شەخسییەوە بەرەو پانتایی گشتی کە خزمەتکردنە بە ئەدەبی کوردی ئاراستەی دەکەن. لە ڕاستیدا لە پانتایی شەخسیدا دانەران ئازادن چ فۆڕمێکی ئەدەبی هەڵدەبژێرن و چۆن کاری تێدا دەکەن؛ واتە لەم پانتاییەدا ئازادی ڕەهایان هەیە، بەڵام کاتێک باس لە ئەدەبی کوردی دەکرێت ئەم ئازادییە رەهایە بۆ هەڵبژاردنی فۆڕمی ئەدەبی سنووردار دەبێت و ئازاداییەکە لەناو ئاسۆیەکی دیاریکراودا کە ئەدەبی کوردییە، پێناسە دەبێتەوە و بەگوێرەی ئەو ئاسۆیە سنوورەکانی تۆخ دەبنەوە. ئەگەر هات و سنوورەکانی ئاسۆی ئەدەبی کوردی بەزاند، ئەوا ئەو کاتە بۆ ناو پانتایی شەخسی خۆی دەکشێت و بەگوێرەی ڕێژەی تێپەڕاندنەکە لە پانتایی ئەدەبی کوردی دوور دەکەوێتەوە.

 لێرەدا مەبەست لە فۆڕمالیست ئەو دانەرەیە، فۆڕمێکی ئەدەبی هەڵدەبژێرێت بەبێ ئەوەی گرنگی بە سیاقی ئەدەبی، پێشینەی ئەو فۆڕمە و واقیعی خۆی بدات. خۆسەرانە و لەڕێگەی خوێندنەوەی ئەدەبی ڕۆژاواوە یان هەر ناوچەیەکی تری جیهانەوە و کەوتنە ژێر ئەو کاریگەریانەوە تا ئاستی لاساییکردنەوەی ڕاستەوخۆ و بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە گەڕانەوەیەکی بۆ ژینگەی کولتووری، مەعریفی، ئەدەبی و واقیعی خۆی هەبێت، بەرهەمی ئەدەبی دەخاتەوە. دیارە لێرەدا پێناسەی فۆڕمالیزم جیاوازە لەوەی لە ڕۆژاوادا هەیە و لە ڕووسیاوە سەری هەڵداوە، ئەگەر دووپاتی بکەینەوە فۆڕمالیزم لەم نووسینەدا بە مانای هەڵبژاردنی فۆڕمێکی ئەدەبی دێت، جیا و دابڕاو لە هەموو شت، تەنانەت دابڕاو لە خودی کایەی ئەدەبی کوردی. هەر فۆڕمێکی ئەدەبی لە ڕۆژئاوادا پەیوەند بە فۆڕمی پێشخۆیەوە مانای هەیە؛ بە هەڵوێست وەرگرتن بەرانبەری، خۆی بینا دەکات لە ڕێگەی پچڕان، بەردەوامی یان هەردووکیانەوە. قسەکە لەسەر ئەوە نییە دانەر ناتوانێت لە دەرەوەی ڕۆژئاواوە مۆدێرنیستی یان پۆستمۆدێرنیستی بنووسێت و دەبێت چاوەڕێ بکات تا ئەو ڕێبازانە یەک بە دوای یەکدا لە لای ئەوانیش دەربکەون، ئەوکات دەتوانن شتێکی وا بنووسن. ئەم وێنا کاریکاتێرییە دوورە لە ڕاستییەوە، هەرگیز ئەو ڕیزبەندییەی ئەوێ لە شوێنێکی تر دووبارە نابێتەوە، تەنانەت جۆری گەشە و ئاستی گوژم و تینی ئەو قوتابخانە و ڕێبازە ئەدەبییانە لە خودی ڕۆژئاوادا لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تریان گۆڕاوە؛ بەڵام قسەکە لەسەر ئەوەیە وێڕای ئەو گۆڕاوییە لەوێ له‌ناو سیاقێکی تردا دروست بووەتەوە.

لەم پنتەوە، فۆڕمالیزم لە لای ئێمە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، کە ڕێباز یان فۆڕمێکی دیاریکراو ناتوانێت خۆی لەناو سیاقی ئێمەدا دروست بکاتەوە، ئاستی گەشەی تەکنیک و کەرەستەی ئەدەبی، زەمینە و هەلومەرجی کۆمەڵایەتی، ئەگەر لەبار نەبێت، ئەوە ڕوو نادات و ئەگەر ڕوو بدات بە شێوەیەکی ئەبستراکت ڕوو دەدات کە پەیوەندیی بە واقیع و حەقیقەتی ئێمەوە نابێت. دەشێت ڕۆمانە دیاریکراوەکە لە ئاستی ئەبستراکتدا، بەرهەمێکی جوان، ڕێکوپێک و بە وردی کار لەسەر فۆڕمی کرابێت، بەڵام دواجار ناتوانێت ڕایەڵەی بە واقیعی ئێمەوە بدۆزێتەوە و وەکوو بەرهەمێکی وەرگێڕراو دەمێنێتەوە. بەرهەمی وەرگێڕراو کاریگەریی لەسەر ڕەوتی ئەدەب دادەنێت، بەڵام خۆی نابێتە بەشێک لە ڕەوت یان مێژووی ئەدەبی و کایەی ئەدەبی. بە دەربڕینێکی تر فۆڕمالیزم بەو مانایەی باسکرا، هیچ پەیوەندییەکی بە واقیعی هەبووەوە، بە جیهان و ژیانی بەدیهاتووەوە نییە و دەست وەرناداتە ناو کێشە و پرسە هەبووەکان. ئەمەش لەگەڵ ئەو ڕوانینەدا یەک دەگرێتەوە کە تۆدۆرۆڤ بەم شێوەیە باسی دەکات: «لەمڕۆدا ڕوانینی باو ئەوەیە کە بەرهەمی ئەدەبی خاوەن سیستەمێکی خودبنیاتە کە لە هەلومەرجی هەبوو دابڕاوە و قەڵەمڕەوێکی سەربەخۆیە کە لە ڕێسا و لۆژیکی تایبەتی خۆیدا پەیڕەوی دەکات و پەیوەندی بە «جیهانی ئەزموونی» و «واقعیەت»ـەوە نییە (ئەو دەربڕینانەی کە لە‌مڕۆدا تەنیا لەناو دووکەوانەدا بەکاریان دەبەین). بە دەربڕینێکی تر، لەمڕۆدا بەرهەمی ئەدەبی وەکوو ئۆبێکتێکی زمانی داخراو، خوژێن و موتڵەق چاو لێ دەکەن.»

ئەوانەی لای ئێمە دەشێت وەکوو فۆڕمالیست، ناویان بهێنین؛ ئەوانەن کە کەڵکەڵەی سەرەکییان نوێکردنەوەی فۆڕمی ئەدەبی کوردییە و دەخوازنن نوێگەری لەناو ئەدەبی کوردیدا بکەن؛ پێیان وایە ڕاسپێردراون داهێنانی فۆڕمی لەناو ئەدەبی کوردیدا بکەن! ئەمە بە چی دەکرێت؟ لە ڕوانگەی خۆیانەوە لەڕێگەی بەکاربردنی تەکنیک و کەرەستە هونەرییە[5] ئاڵۆزە بەکارهاتووەکانی ناو ئەدەبی مۆدێرنیستی و پۆستمۆدێرنیستییەوە دەکرێت. پێشگریمانەی ئەم جۆرە روانینە ئەوەیە کە فۆڕم بە تەواوی سەربەخۆ و جودایە لە ناوەڕۆک و تەنانەت نا-مێژووییە؛ هەر ئەمەشە دەیانکات بە فۆڕمالیست، هەڵبەت بە جۆرێک لە جۆرەکان. لەم پێشگریمانەوە بەرەو ئەو دەرەنجامە دەڕۆن، بە تەنیا دەستکاریکردنی فۆڕم یان داهێنان لە فۆڕمدا، داهێنانی ئەدەبی دەخاتەوە. لە ڕاستیدا داهێنان و گۆڕانکاری لە ئەدەبی هەر گەلێکدا بەو جۆرە ڕوو نادات. هەر گۆڕانکارییەکی فۆڕم گرێدراوە بە گۆڕانکاریی ناوەڕۆکەوە و بە پێچەوانەوە و ئەم دووەش پەیوەست بە سیاقی ئەدەبی، کۆمەڵایەتی و مێژووییەوە. بە تەنیا بەکاربردنی فۆڕمێکی گێڕانەوەیی نوێ، بیناکردنی کارەکتەر، تێکشکاندنی کات یان هەڵپەساردنی گرێچن –کە دەستوەردانی فۆڕمین– ناتوانێت داهێنانی ئەدەبی دروست بکات.

کێشەی دووەم بریتییە لە واقیعنوێنی کە وا دەردەکەوێت پێچەوانەی فۆڕمالیزم بێت، لە ڕاستیدا وانییە و تەواوکەری یەکن. واقیعنوێنی یان نواندنەوەی واقیع وەکوو خۆی، بەدوورە لە ڕیالیزمەوە، تەنانەت پەیوەندی بە ڕیالیزمی سۆسیالیستی یان ناتورالیزمیشەوە نییە. واقیعنوێنی نووسەر لاسایی واقیع دەکاتەوە بەو جۆرەی هەیە، هەموو توخم و ڕەگەزەکانی ڕۆمانەکەی لە واقیعەوە بە شێوەیەکی واقیعی وەردەگرێت و دواتر لە کاتی داڕشتنەوەیاندا دەستکارییان ناکات و بە هەمان شێوە لە بینای نووسینەکەیدا بەکاریان دەباتەوە. بە دەربڕینێکی تر واقیع دەبێتە مۆدێلی و ئیشی ئەمیش دەبێتە لەبەرگرتنەوەی ئەو مۆدێلە. ئەمە تەنیا ئەو ڕۆمانانە ناگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ باس لە کێشە و گرفتە واقیعییەکانی کۆمەڵگا دەکەن، بۆ نموونە دامەزراوەکان، فەرمانگەکان، شەقامەکان و مرۆڤەکانی ئەم سەردەمەی وەکوو خۆی تێدایە بە هەموو کێشە و گرفتەکانیان وەک خۆی، بەڵکوو ئەوانەش دەگرێتەوە کە دەستکاریی ڕووکاری ئەوانە دەکەن و بە ناوی تر دەیانگۆڕن، بەڵام لە ناواخندا هەر هەمان شتن. کێشەی سەرەکیی واقیعنوێنی ئەوە نییە واقیع وەکوو خۆی تێیدا دەبینینەوە، کێشەکە ئەوەیە جگە لەوە هیچی تری تێدا نابینیتەوە؛ واتە بۆ هیچ شوێنێکی تر ناکشێت و بە هیچ پانتایی یان قەڵەمڕەوێکی دەرەوەی خۆیەوە پەیوەست نابێت، هەر بۆیە دەبێتە جیهانێکی داخراو بەسەر خۆیدا کە هیچ ڕەبتێکی بە واقیعی زیندووەوه‌ نەماوە. لە ڕووی ئایدیاشەوە سەر بە  بیر و هەستی باوە[6].

واقیعنوێنی تەنیا ڕواڵەتی دەرەوەی واقیع دەبینێت و لاسایی ئەوە دەکاتەوە. ڕواڵەتی دەرەوەی واقیع بە تەنیا، ڕووکارە فیزیکی و بەرجەستەکانی دەرەوە لەخۆ ناگرێت کە دەشێت ئەمانە دەستکاری بکات، بەڵکوو پانتایی هەستەکی و هۆشەکی زاڵ دەگرێتەوە کە ڕواڵەتی دەرەوە و ناوەوەیان بینا کردووە. ڕواڵەتی ناوەکی بە چاو نابینرێت، بەڵام هەستی پێ دەکرێت؛ لەم مانایەدا نابێت واقیعنوێنی بە دەرکەوتەی دەرەکییەوە سنووردار بکرێت، لەمە زیاتر دەڕوات. بە دەربڕینێکی تر ڕۆماننوسی واقیعنوێن، واقیع وەکوو خۆی بەو جۆرەی هەیە، دەنوێنێتەوە، ئەویش نەک بە تەنیا لە ڕووی ڕواڵەتی دەرەکی (کە کراوەیە بۆ گۆڕانکاری) بەڵکوو ڕواڵەتی ناوەکیش کە سوبێکتیڤە (ناتوانێت گۆڕانکاری تێدا بکات). واقیعنوێن لە ڕێگەی لاساییکردنەوەی دەقاودەقی واقیعی سوبێکتیڤ، هەمان واقیعی دەرەکی ویڕای ئەوەی دەستکاری ڕواڵەتی کردووە، بە هەمان شێوە بەرهەم دەهێنێتەوە. دانەری واقیعنوێن وێڕای یاخیبوونە ڕواڵەتییەکانی، بەرانبەر دۆخی هەبوو و سیستەمی باڵادەست هەمان شت بەرهەم دەهێنتەوە و کوڕی شەرعی هەمان واقیعە کە دەخوازێت ڕووبەڕووی بێتەوە. هەر بۆیەش هەموو شەڕەکەی تا چ ئاستێک بڕوات، دواجار هەمان وەک خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە؛ چونکە ڕوانگە و کەرەستە پێویستەکانی دەرچوونی لەو واقیعە پێ نییە، هەر بۆیە بەبێ ئەوەی خۆی بزانێت دەبێتە واقیعنوێن.

فۆڕمالیزم و واقیعنوێنی هەردووکیان پەیوەندییان بە واقیعی زیندووەوە نییە و بۆ خۆیان واقیعی داخراویان دروست کردووە کە ڕەنگە لە ڕووکاردا لە واقیعی زیندوو بچن، بەڵام لە هەناویدا، دوورە لێوەی و بە شێوەیەکی ئایدۆلۆژیانە دەینوێنێتەوە؛ هەر بۆیەش خوێنەر کاتێک ئەو ڕۆمانانە دەخوێنێتەوە، هیچ گۆڕانکارییەک، هەرچەندە کەمیش بێت تێیاندا دروست ناکات، واتە ڕۆمانەکە هیچ شتێک لە پانتایی هۆشەکی یان هەستەکییاندا دەستکاری ناکات، وەک خۆی بەدەست لێنەدراوی دەیهێڵێتەوە. هەر بۆیە خوێنەر پاش خوێندنەوەی، هەست بە ئاسوودەیی دەکات، بەو مانایه‌ی هیچ گرژییەکی لە هیچ ئاستێکدا، تێدا دروست نەکردووە و بگرە ئەو گرژیانەی واقیع تێیدا دروستی کردوون، خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانە خاویان دەکاتەوە؛ لەبەر ئەوەی ئەو دڵنیاییەی دەداتێ کە گرژییەکان سروشتین. نووسەری واش هەیە کاتێک قسە دەکات وەکوو کەسێک دەردەکەوێت کە جیاواز لە بیر و هەستی باو بیر بکاتەوە و بیەوێت کار بکات، بەڵام کاتێک بەرهەمەکەی دەخوێنێتەوە، جگە لە واقیعنوێنێک هیچی تر نییە. ڕەنگە ئارەزووی ئەوەی هەبێت بەرهەمێکی باش بخوڵقێنێت کە ئەو کێشەی نەبێت و خۆیشی وەها ببینێت، بەڵام کاتێک بەرهەمەکەی دەخوێنینەوە بۆمان دەردەکەوێت، بەو جۆرە نییە، هەمان کێشە و گرفتی هەیە.


[1]– خوێنەر دەتوانێت بۆ تێروانینی خودی تۆدۆرۆڤ بۆ پاژی «باڵاتر لە خوێندگە» بگەڕێتەوە کە کردوومە بە کوردی و لە سایتی فرەدا بڵاو بووه‌تەوە؛ بۆیە لەم وتارەدا پێویست بە دووبارەکردنەوەی ناکات.

[2]– پێشتر بە کورتی لە وتاری وتنەوەی ئەدەب باسم کردووە و لە سایتی چاوی کورد بڵاو بووەتەوە و خوێنەر دەتوانێت بۆی بگەڕێتەوە.

[3]– ئایدیای زانکۆ، کارل یاسپەرز، وەرگێڕانی محەمەد نورەدین.

[4]– significant

[5]– device

[6] – common sense

Loading