چاوپێکەوتن

کۆنترۆڵ و صەیروورە

گفتوگۆى ئەنتۆنیۆ نێگرى لەگەڵ ژیل دۆلۆزدا

وەرگێڕان: هاوار محەمەد، زەردەشت نورەدین

“ئه‌نتۆنیۆ نێگری” (1933-2023) له‌ شاری “پادوا”ی ئیتالیا له‌ دایكبووه‌ و ئەمڕۆ واتە ١٦/١٢/٢٣ لە تەمەنی ٩٠ سالیدا لە پاریس کۆچی دوایی کرد. فه‌یله‌سوفێکى سیاسی و كۆمه‌ڵناسێكی به‌ناوبانگی ماركسیسته‌، له‌ ساڵی 1969 گروپی “هێزی كرێكاران”ی دامه‌زراندووه‌ و دواتر بۆته‌ ڕابه‌ری “كرێكارانی سه‌ربه‌خۆ” و خۆیشی سه‌ر به‌ ڕێبازی “ماركسیزمی سه‌ربه‌خۆ”یه‌. له‌و كاته‌یشه‌وه‌ وه‌ك كه‌سێكی سیاسی چه‌ندین چالاكيی ئەنجامداوە. چه‌ند به‌رهه‌مێكی سه‌ره‌كی به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ل “مایكڵ هارت”ى هاوڕێیدا نووسیوه‌، له‌وانه‌ “ئیمپراتۆریه‌ت”، “مه‌ڵتیتیود”، “سامانی هاوبه‌ش”. كارێكی دیكه‌ی به‌ ناوبانگی ئه‌و به‌رهه‌مه‌یه‌تی كه‌ له‌باره‌ی “سپینۆزا”وه‌ نووسیویه‌تی. هەندێ به‌رهه‌می دیكه‌ی نووسیوه‌، له‌وانه‌ “كاری دیۆنیزیۆس”، “ماركس له‌ودیوی ماركسه‌وه‌” و ..هتد. نێگری دژ به‌ ماركسیزمی ئه‌رسۆدۆكس و دۆگمایییه‌ و ده‌یه‌وێت پێداچوونه‌وه‌ به‌ ماركسیزمدا بكرێت تاوه‌كو له‌گه‌ڵ چه‌ند تیۆرێكی گرنگی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا تێهه‌ڵكێش بكرێت، له‌مه‌یشه‌وه‌ پێكهاته‌یه‌كی تازه‌ی لێ دروست ببێت كه‌ بتوانێت دۆخی ئه‌مڕۆی جیهان له‌ سه‌رده‌می جیهانگیریدا به‌ وردی دیاریی بكات و پاشانیش ئه‌گه‌ره‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و به‌ره‌نگای له‌م دۆخه‌دا ببینێت، له‌مه‌یشه‌وه‌ ستراتیژییه‌تێكی گشتی بۆ گۆڕان و ڕزگاری پێشنیار بكات.

نێگری: وا دەردەکەوێت کێشەى «سیاسەت» هەمیشە لە ژیانی رۆشنبیری و فیکریتدا ڕۆڵی بینووە. لەلایەک بەشدارییت لە چەندین بزوتنەوەى هەمەجۆردا کردووە (زیندانییەکان، هاوڕەگەزخوازان، سەربەخۆخوازە ئیتالییەکان، فەلەستینییەکان) و، لەلایەکی ترەوە بە بەردەوامى دەزگا و دامەزراوەکانت بە کێشەکردووە؛ لە بەرهەمى تۆدا، هەر لە کتێبەکەتەوە دەربارەى هیوم تائەمەیان کە دەربارەى فۆکۆ نووسیوتانە، ئەم دوو لایەنە بەدواى یەکتریدا دێن و لەگەڵ یەکتریدا کارلێک دەکەن. ڕیشەکانی ئەم دەرگیربوونە بەردەوامەت لەگەڵ پرسی سیاسەتدا چییە و بۆچی بەدرێژایی بەرەوپێشچوونی بەرهەمەکانت بەجێگیری ماوەتەوە؟ بۆچی هەمووکات پەیوەندی نێوان بزووتنەوە و دامەزراوە کێشەئامێز بووە؟

دۆلۆز: ئەوەی کە جێگەی بایەخى من بووە ئافراندنە دەستەجەمعییەکان بووە نەوەک نواندنەوەکان[i]. نەزمێکى گشتیى بزووتنەوە ]و جووڵە[ لەناو “دامەزراوەکان”دا هەیە کە لە یاسا و گرێبەست سەربەخۆیە. لە هیوم‌دا، بەر تێگەیەکی زۆر داهێنەرانەی دامەزراوەکان و یاسا کەوتم. لە سەرەتادا زیاتر بایەخم بە یاسا دەدا نەک بە سیاسەت. تەنانەت لە «مازۆخ» و «ساد»دا ئەو شتەی کە لەلام سەرنجڕاکێشبوو تێگەی پڕ گرێوگۆڵى گرێبەست بوو لە مازۆخ‌دا و تێگەی پڕ گرێوگۆڵى دامەزراوە بوو لە ساددا تا ئەو شوێنەی کە ئەم تێگانە پەیوەندیدییان بە سێکسواڵیتەوە هەیە. بۆ ئەمڕۆش پێموایە کارەکەى «فرانسوا ئێواڵد» لەمەڕ دووبارە بونیاتنانەوەی فەلسەفەی یاسا گرنگییەکى بنچینەیى هەیە. ئەوەى کە سەرنجی من ڕادەکێشێت نە یاسا یان یاساکانە[ii] (ئەوەی یەکەمیان بیرسای[iii]ـەکى بەتاڵە و ئەوەی دووەمیان بیرساگەلی ناڕەخنەیین) و نە تەنانەت یاسا یان مافەکانە، بەڵکو «فەلسەفەى ماف»[iv] ]یان فیقهى یاسادانان[ـە. ئەوە فەلسەفەى مافە کە یاسا دروستدەکات، بۆیە نابێت ئێمە ئەم مەعریفەیە ڕادەستی حاکم (دادوەر)ـەکان بکەین. دەبێت نووسەران راپۆرتە یاساییەکان زیاتر لە خودی یاسا مەدەنییەکان[v] بخوێننەوە. خەڵکی هەر لە ئیستاوە بیر لەوە دەکەنەوە کە سیستەمێکى یاسایی بۆ بایۆلۆژیای مۆدێرن داڕێژن؛ بەڵام هەرشتێک کە لە بایۆلۆژیای مۆدێرندا تێبینی دەکرێت و هەر دۆخێکی نوێ کە ئەم زانستە دروستیدەکات و هەموو ئەو زنجیرە ڕووداوانەی کە ئەم زانستە مومکینیان دەکات، هەر هەموویان بابەتی فەلسەفەى مافن. ئێمە پێوستمان بە کۆمیتەیەکى ئەخلاقی پێکهاتوو لە کەسانی بەحساب حەکیم و لێهاتوو نییە، بەڵکو ئەوەی پێویستمانە گروپەکانی بەکارهێنەرە[vi]. لێرەدایە کە لە یاساوە بەرەو سیاسەت دەجوڵێین. بەشبەحاڵى خۆم، لە دەوروبەری مانگی ئایارى ٦٨دا بەرەو سیاسەت ڕۆشتم و لەڕێگەی گواتاری، فۆکۆ و ئیلی سامبەرەوە پەرژامە سەر هەندێ کێشەی تایبەت. دژە-ئۆدیپ[vii] کتێبێکە کە هەر لە سەرەتاوە تا کۆتاییەکەی دەربارەی فەلسەفەی سیاسییە.

نێگری: تۆ رووداوەکانی ٦٨ـت وەک سەرکەوتنی پرسی ناوەخت[viii] و سپێدەی بە-ئەکچواڵبوونى پێچەوانە[ix] وەرگرت. تەنانەت ساڵەکانی پێش ٦٨ لە بەرهەمەکەتدا دەبارەی نیچە و کەمێک دواتر لە «ساردی و دڵرەقی»دا[x] مانایەکى نوێت بە سیاسەت بەخشیبوو وەکو: ئیمکان، ڕووداو و تاقانەیی[xi]. تۆ کۆمەڵێک رێگاى قەدبڕت[xii] دۆزییەوە کە لێیانەوە داهاتوو دزە دەکاتە نێو ئێستاوە، داهاتوویەک کە گۆڕان بەسەر دامەزراوەکاندا دەهێنێت؛ بەڵام پاش ٦٨ ئاراستەکەت کەمێک گۆڕا: هزرى کۆچەریی[xiii] بەبەردەوامی  لە فۆرمی کاتیی بە ئەکچواڵبوونى پێچەوانەى هەنووکەییدا دەردەکەوێت، کەچى بە تایبەتى تەنیا «بوونبە-کەمینە گەردوونییە». کەواتە دەبێت چۆن لەم گەردوونیبوونەى ناوەخت تێبگەین؟

دۆلۆز: مەسەلە ئەوە بوو من بەرە بەرە دەرکم بەوە کرد کە دەشێت لە نیوان بوونبە- ]صیرورە[[xiv] و مێژوودا جیاکاری بکرێت. ئەوە نیچە بوو وتی هیچ شتێکی گرنگ نییە کە بێبەری بێت لە «خەرمانەی نامێژوویی»[xv]. ئەمە بۆ ئەوە نییە ئەبەدیەت و مێژوویی، یان تێڕامان و چالاکی بکات بە دژیەک ]و لەبەرامبەر یەکتردا ڕایان بگرێت[: نیچە لەبارەی شێوەی ڕوودانی شتەکانەوە دەدوێت، لەبارەی خودی ڕووداوەکان یان صیرورەوە قسەدەکات. ئەوەی مێژوو لە ڕووداوێکەوە وەریدەگرێت، شێوەی ئەکچواڵبوونی ڕووداوەکەیە لە هەلومەرجێکی دیاریکراودا. ]بەڵام[ صیرورەی ڕووداو خۆى لەودیوو پانتایی مێژووەوەیە. مێژوو ئەزموونگەرییانە نییە[xvi]، بەڵکو تەنیا کۆمەڵێ پێشدۆخی کەمتازۆر نێگەتیڤە کە ڕێگەدەدات شتێک لەودیوو مێژووەوە ئەزموون بکەین. بەبێ مێژوو، ئەزمونکردن هەر وەک شتێکی دیارینەکراو دەمێنێتەوە و هەلومەرجی سەرەتایی نوقساندەبێت، بەڵام خودی ئەزمونکردنەکە مێژوویی نییە. پێگی[xvii] لە بەرهەمە گرنگەکەی خۆیدا بەناوی کلیۆ[xviii] دەڵێت بە دوو شێوە دەکرێت تەماشای ڕووداو بکرێت. یەکێکیان ئەوەیە ڕەوگەی ڕووداوەکە بگرینەبەر و بزانین لەڕووی مێژووییەوە چۆن ڕوویداوە، چۆن فەراهەمبووە و دواتر چۆن لە مێژوودا ڕەویوەتەوە، ڕێگەی دووەم ئەوەیە کە بگەڕێینەوە بۆ خودی ڕووداوەکە؛ خۆمان بخەینە ناو ڕووداوەکەوە، واتە ناو صیرورەوە؛ لەناویدا هاوکات هەم گەنجبینەوە و هەم پیربین، بەناو هەموو پێکهێنەرەکان یان تاقانەییەکانیدا گوزەر بکەین. صیرورە بەشێک نییە لە مێژوو. مێژوو تەنیا کۆمەڵە پێشدۆخێکە –ئەگەرچی تازەیش فەراهەم بووبن– کە دەبێت ئاراستەی هاتنەدی «صیرورە»، لێیان دەرباز ببێت تاوەکو شتێکى نوێ دابهێنێت.  ئەم شتە تەواو نوێیە ڕێک ئەوەیە کە نیچە بە «ناوەخت» ناوى دەبات. ئایارى ٦٨ دەرکەوتن و هەڵقوڵینی صیرورەیەک بوو لە دۆخە پەتییەکەیدا. ئەمڕۆ شتێکی باوە کە قێزەونییەکانى شۆڕش ئیدانە بکەن. ئەم قسانە تازە نییە، رۆمانتیسیزمی بەریتانی وەها سەیری کرۆموێڵ[xix] دەکات کە هەر دەڵێى شێوەى ڕوانینى خەڵکی ئەمرۆیە لە ستالین[xx]. ئەوان دەڵێن دەرەنجامی شۆڕشەکان خراپە. بەڵام ئەوان هەموو کات دوو شتی جیاواز تێکەڵدەکەن: ئەوەی کە شۆڕشەکان لە ڕووی مێژووییەوە چ سەرەنجامێکیان دەبێت تێکەڵی دەکەن لەگەڵ صیرورەی شۆڕشگێڕیى خەڵک‌دا. ئەم دوو شتە سەر بە دوو جۆری جیاوازی خەڵکن. خەڵک هیواى خۆیان تەنیا بە صیرورەی شۆڕش‌دا هەڵدەواسن: ئەوە تاکە ڕێگای قوتاربوونیانە لە نەنگى یان بەگژداچوونەوەى ئەوەیە کە قابیلی تەحەمولکردن نییە.

نێگری: کتێبی «هەزار ڕووتەخت» کە لە ڕوانگەی منەوە بەرهەمێکی مەزنى فەلسەفییە، هاوکات لە کەتەلۆگى کێشە شیکارنەکراوەکان دەچێت، بەتایبەت ]کێشە شیکارنەکراوەکان[ لە بواری فەلسەفەی سیاسی‌دا. ئەو جووت وشە دژانەی کە لەم کتێبەدا بەرچاودەکەون – وەکو پرۆسە و پرۆژە، تاقانەیی و سوبێکت، پێکهاتن و ڕیکخستن، هێڵەکانی هەڵهاتن و ئاپاراتوسەکان/ستراتیژییەکان، مایکرۆ و ماکرۆ و … هتد – هەموو ئەمانە نەک بۆ هەمیشە بە کراوەیى دەمێننەوە بەڵکو ]لاى ئێوە[ بە بەردەوامی بەهۆی ئیرادەیەکى ناوازەى تیۆریزەکردن و بەهۆى تووندوتیژییەکەوە کە لە جاڕدانەکانى ئارەزووى هەڵگەڕانەوەوە بەجێماوە، سەرلەنوێ ئاوەڵا دەکرێنەوە. من دژ بەم سەرەوژێرکردنەوە نیم، تەواو بەپێچەوانەوە… بەڵام هەندێ جار هەست دەکەم نەغمەیەکی تراژیک لەم دۆخەدا لە ئارادایە، واتە ئەو کاتانەی کە دیار نییە “ماشێنى جەنگ” بەرەو کوێ دەڕوات؟

دۆلۆز: ئەوەی کە باستکرد بزواندمى. پێم‌وایە من و فلیکس گواتاری هەردووکمان هەر مارکسی ماوینەتەوە، ڕەنگە بەدوو شێوەی جیاواز، بەڵام هەردووکمان هەر واین. دەزانی، ئێمە پێمان‌وایە دەبێت هەر فەلسەفەیەکی سیاسی بپەڕژێتەسەر شیکردنەوەی سەرمایەداری و چۆنییەتی ]و ڕێگاکانى[ گەشەکردنی. بەلاى ئێمەوە سەرنجڕاکێشترین شت لە مارکس‌دا ئەوەیە کە سەرمایەداری وەکو سیستەمێکی ناونشین[xxi] شیکار دەکات کە بەبەردەوامی سنورەکانی خۆی تێدەپەڕێنیت و پاشان لە پانتاییەکی فراوان‌تردا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، لەبەرئەوەی سنوری بنەڕەتی بریتییە لە سەرمایە خۆی. هەزار ڕووتەخت، بەرهەمێکە کە ئاراستەی جیاواز جیاواز دەگرێتەبەر بەڵام سێ ئاراستەی سەرەکی هەیە کە ئەمانەن: پێمان‌وایە کۆمەڵگاکان ئەوەندەی لەرێگەی هێڵەکانی هەڵهاتن[xxii]ـەوە پێناسە وەردەگرن، ئەوەندە لە ڕێگەی ناکۆکییەکانەوە پێناسە نابن. کۆمەڵگا بەهەموو شوێنێکدا هەڵدێت و زۆر سەرنجڕاکێشە هەوڵ بدەین ئەو هێڵانەی هەڵهاتن بگرینەبەر کە لە ساتێکى تایبەت‌دا یان لە لەحزەکانی تردا دروستدەبن. بۆ نمونە تەماشای ئەوروپای ئەمڕۆ بکە؛ سیاسییە رۆژئاواییەکان هەوڵی زۆریان بۆ سەرڕێگاخستنی ئەم ئەوروپا داوە، تەکنۆکراتەکان کۆششی زۆریان کردووە بۆئەوەی ]وڵاتە ئەوروپاییەکان[ حکومەت و یاسای یەکسانیان هەبێت، بەلام لەلایەکی ترەوە، هەندێ‌جار شتی سەرسورهێنەر لە فۆرمی ڕابوون و دەرچوونی گەنجان و ژنان ڕوودەدات کە تەنیا بەوبۆنەوە ئیمکانیان بۆ ڕەخساوە کە هەندێ لە سنورەکان لابراون (هەروەها، ئاکامى ئەو دەرەنجامانەیشن کە قابیلى بەتەکنۆکراتکردن نین). لەلایەکى ترەوە، مایەی پێکەنینە کەسێک بڵێت ئەم ئەوروپایە ]یەکێتى ئەوروپا[ هەر پێشئەوەی بە تەواوى سەرڕێگا بخرێت و دابمەزرێنرێت، لەبەریەک هەڵوەشاتەوە، لەژێر کاریگەری ئەو بزوتنەوانەدا هەڵوەشاتەوە کە لە ڕۆژهەڵاتەوە ]ڕۆژهەڵاتى ئەوروپا[ هاتوون. ئەوانە هێڵی سەرەکیی هەڵهاتنن. لە هەزار ڕووتەختدا ئاراستەیەکی تر هەیە کە نەک تەنیا هێڵی هەلهاتن‌ بەسەر ناکۆکی‌دا هەڵدەبژێرێت، بەڵکو کەمینەکان لە جیاتی چینەکان بە هەند وەردەگرێت. دواجار ئاراستەی سێیەم هەیە کە بریتییە لە دۆزینەوەى ئەدگارەکانی «ماشێنەکانى جەنگ» کە هیچ پەیوەندییەکیان بە جەنگەوە نییە، بەڵکو پەیوەندییان بە شێوەی تایبەتی دەستبەراگرتن، داگیرکردن، فەزا-کات یان ئافراندنی گەلێک فەزا-کاتی نوێوە  هەیە: بزوتنەوە شۆڕشگێڕییەکان (بۆ نمونە خەڵکی زۆرجار ئاگایان لەوە نییە کە چۆن «رێکخراوى ڕزگاریخوازیی فەلەستین» مەجبوور بووە فەزا-کاتی نوێ لە جیهانی عەرەب‌دا دابهێنێت) و بێگومان بزوتنەوە هونەرییەکانیش لەم مانایەدا ماشێنەکانى جەنگن.

تۆ دەڵێیت لە هەموو ئەمانەدا نەغمەیەکی تراژیک و مالیخۆلیایی هەیە. لاموایە دەزانم بۆ وەهایە. من لەو بڕگانەى پریمۆ لێڤی[xxiii]دا حەپەسام کە تێیاندا ئەوە ڕووندەکاتەوە چۆن کەمپەکانی ئەڵمانیای نازی واى لێ کردین “شەرم لە مرۆڤبوون” بکەین. ئەو دەڵێت مەبەست ئەوە نییە کە، وەک هەندێک پێیان وایە، هەموومان لە نازیزم بەرپرسین، بەڵکو ئەوەیە کە نازیزم هەموومانی لەکەدار کردوە؛ تەنانەت ئەوانەی لەو کەمپانە قوتارییان بووە، لانیکەم بۆئەوەی بەزیندوویی بمێننەوە، مەجبوربوون سازشیان بۆ بکەن. ئەوە شەرمەزارییە کە مرۆڤگەلێک هەن دەبنە نازی؛ هەروەها ئەوەش شەرمەزارییە کە ناتوانین و نازانین چۆن بەرییان پێبگرین؛ سازشکردنیش لەگەڵییان هەر شەرمەزارییە. هەموو ئەم شتانە ئەوانەن کە پریمۆ لێڤی ناویان لێ دەنێت «ناوچەی خۆڵەمێشی». هەروەها دەتوانین لە هەلومەرجی زۆر ئاساییشدا هەست بە شەرمەزاریى لە مرۆڤبوون بکەین، لەوانە: لەبەرانبەر بازاڕییکردنەوەى لەڕادەبەدەری فیکردا، لەبەرانبەر بەرنامە هەمەڕەنگ و تەرفیهییەکانی تی‌ڤی‌دا، لەبەرانبەر وتارى وەزیردا، لەبەرانبەر زۆربڵێیى “خەڵکى فشقیاتچى”دا. ئەمە یەکێکە لە بزوێنەرە بەهێزەکانى فەلسەفە و هەر ئەمەشە کە وا دەکات بە زەرورەت فەلسەفە سەرتاپا سیاسی بکەوێتەوە. لە سەرمایەدارییدا تەنیا یەک شت جیهانییە، ئەویش بریتییە لە بازاڕ. دەوڵەتی جیهانی لەئارادا نییە، لەبەرئەوەی تەنیا یەک بازاڕی جیهانی هەیە و دەوڵەتەکانیش سەنتەر و مارکێتەکانی ئەم بازاڕەن. بەڵام بازاڕ هاوجیهانى و چوونیەکسازی ناکات، بەڵکو بەرهەمێنەری زیادلەڕادەى سامان و بەدبەختییە. غەمی مافەکانی مرۆڤ نابێت ببێتە هۆی ئەوەی چێژ و خۆشییەکانی لیبراڵ‌-سەرمایەداری ستایش بکەین کە بەشێکی ئاوێزان ]و ناوەکی[ـى ئەم دیاردەن. هیچ دەوڵەتێکی دیموکراتی بوونی نییە کە بەدبەختی مرۆڤانەی نەخستبێتەوە و زیانی لە بنەرەتی خۆی نەدابێت. زۆر مایەی شەرمەزارییە کە هیچ ڕێگەیەکی مسۆگەرمان بۆ هێشتنەوەی صیرورەکان، یان بۆ زیاتر وروژاندنییان نییە، تەنانەت لەناو خۆیشماندا. ئەوەی گروپێک چێ لێدێت و چۆن دیسان دەکەوێتەوە نێو مێژوو، کەڵکەڵەی بەردەوامی ئێمەیە[xxiv]. چیدی وێنەیەکی لەوجۆرە بۆ پرۆلیتاریا لە ئارادا نەماوە کە تەنیا پێویستى بە هۆشیاربوونەوەیە.

نێگری: چۆن دەشێت بوونبەکەمینە ببێتە صیرورەیەکى بەهێز؟ چۆن دەکرێت بەرەنگاى ببێتە ڕاپەڕین. لە کاتى خوێندنەوەى تۆدا هەمیشە دەرهەق بە وەڵامى ئەم جۆرە پرسیارانە دەکەوتمە گومانەوە، ئەگەرچى هەمیشە لە بەرهەمەکانتاندا ئەو پاڵنەرە هەیە کە هانم دەدات ئەم جۆرە پرسیارانە لە ڕووى تیۆرى و پراکتیکییەوە فۆرمولە بکەمەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا، کاتێک لاپەڕەکانتان دەربارەى خەیاڵ یان فیکرى هاوبەش لاى سپینۆزا دەخوێنمەوە، یان کاتێک لە “وێنە-کات”ـدا لە وەسفەکەتان بۆ سەرهەڵدانى سینەماى شۆڕشگێڕى لە جیهانى سێیەمدا ورد دەبمەوە و، کاتێک لەگەڵتاندا لە تێپەڕین لە وێنە بۆ خەیاڵکردنەوە و بۆ پراکتیکى سیاسى تێدەگەم، ئەوا هەمیشە وا هەست دەکەم وەڵامێکم دۆزیوەتەوە.. وایە یان من هەڵەم؟ کەواتە ئاخۆ ڕێگایەک هەیە بەرەنگاریى چەوساوەکان بکاتە بەرەنگارییەکى کاریگەر و شتێکى وەها کە سرێنەوەى یەکجارەکى قبوڵ ناکات؟ ڕێگەیەک هەیە کۆى تاقانەییەکان و ئەتۆمەکان، کە هەموو ئێمەین، دەسەڵاتى دامەزرێنەر پیشان بدەنەوە، یان پتر پێویستە ئەو پارادۆکسە یاساییە قبوڵ بکەین کە دەسەڵاتى دامەزرێنەر تەنیا دەشێت لە ڕیگەى دەسەڵاتى دامەزرێنراوەوە دیاریى بکەین؟

دۆلۆز: کەمینەکان بە گوێرەى ژمارە لە زۆرینەکان جودا ناکرێنەوە. دەشێت کەمینەیەک لە ڕووى ژمارەوە ببێتە کەمینەیەکى لە زۆرینە زۆرتر. ئەوەى زۆرینە دیاریى دەکات مۆدێلێکە کە پێویستە  خۆت لێکجووت بکەیتەوە لەگەڵیدا. بۆ نموونە ئەوروپییەکى مامناوەندى نێرینەى دانیشتووى شار.. بەڵام کەمینە مۆدێل نییە، ]بەڵکو[ صیرورەیە، پرۆسێسە. دەکرێت بڵیین زۆرینە کەس نییە. هەمووان بە جۆرێک لە جۆرەکان، دەکەونە نێو صیرورەى کەمینەوە کە، ئەگەر بڕیار بدەن دواى بکەون، بەرەو ڕێگاى نادیار دەیانبات. هەر کاتێک کەمینەیەک مۆدێل بۆ خۆى دروست بکات، ئەوا ماناى وایە دەیەوێت ببێتە زۆرینە، ڕەنگە پێویستیش بێت وا بکات لە پێناو بەردەوامیدان بە خۆى و ڕزگاربوونیدا (بۆ نموونە بیەوێت دەوڵەتێکى هەبێت، دانى پێدابنرێت، یان خۆى بسەپێنێت). بەڵام هێزەکەى لەوێوە دێت کە توانیویەتى چى دابهێنێت، تا ئەندازەیەکیش بەنێو مۆدێلدا دەڕوات، بە بێ ئەوەى بە تەواوى شوێنکەوتەى بێت ]و تێیدا قەتیس ببێت[. خەڵک هەمیشە کەمینەیەکى داهێنراوە، هەر وایش دەمێنێتەوە تەنانەت ئەو کاتەیش کە زۆرینە لە خۆ دەگرێت: دەشێت هەر دووکیان پێکەوەبن، چونکە هەردوو لایەنەکە لەسەر هەمان ڕووتەخت ناژین. ئەوە هونەرمەندە هەرە مەزنەکانن (بە بێ ئەوەى هونەرمەندى پۆپۆلیستى بن) ژیانیان کردووە بە بەر خەڵکیدا و زانیویانە کە “پێویستیان بە خەڵکێکە”: مالارمێ، ڕامبۆ، کلى، بێرگ. لە سینەمایشدا برایانى شتراوب. هونەرمەندەکان تەنیا دەتوانن ژیان بکەن بە بەر خەڵکیدا، پێویستیان بە خەڵکێکە زۆر بە قووڵى بچێتە نێو ئەو شتەوە کە ئەوان دەیکەن. ئەوە ئیشى ئەوان نییە خەڵکێک دابهێنن، نایشتوانن ئەم کارە بکەن. هونەر بەرەنگارییە: هونەر بەرەنگاریى بە ڕووى مەرگ، کۆیلایەتى، دزێوى و نەنگیدا دەنوێنێت. بەڵام خەڵک ناتوانێت بایەخ بە هونەر بدات. چۆن دەکرێت خەڵکێک دابهێنرێت، لەنێو چ ئازار و ژانێکى سەختدا؟ کاتێک خەڵکێک دادەهێنرێت، ئەوا ئەمە لە ڕێگەى سەرچاوە تایبەتییەکانى خۆیەوە مەیسەر دەبێت، بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆ شتێک لە هونەر هەڵدەکشێت (گارێل دەڵێت کۆژانێکى سەخت لە مۆزەخانەى لۆڤەریشدا هەیە) یان بە جۆرێک لە جۆرەکان وا لە هونەر دەکات بزانێت چ شتێکى نوقسانە. یۆتۆپیا چەمکێکى باش نییە: زیاتر “خەیاڵکردن”ـى هاوبەش لەنێوان خەڵک و هونەردا هەیە. پێویستە ئەم چەمکە برگسۆنییەى خەیاڵکردن بهێنینەوە پێشێ و مانایەکى سیاسییانەى پێ بدەین.

نێگرى: لە کتێبەکەتاندا دەربارەى “فۆکۆ” و جارێکى دیکەیش لە گفتوگۆ تەلەفزیۆنییەکەى (I. N. A)ـیشتاندا[xxv] پێشنیارى قووڵکردنەوەى مومارەسەکانى سێ دەسەڵاتەکە دەکەن: دەسەڵاتى سەروەرى ]سۆڤەرین[، دەسەڵاتى دیسپلینکارى، پێش هەموو شتێکیش کۆنترۆڵى “پەیوەندیگیری”ـى کە لەمڕۆدا بەرەو ئەوە دەڕوات هەژموون بکات. ئەم سیناریۆیەى سێیەم لەلایەکەوە، پەیوەستە بە ئاستە هەرە تەواوەتییەکانى فۆڕمى هەژموونەوە، کە ئەوەندە بەفراوان دەبێت تەنانەت ئاخاوتن و خەیاڵکردنیش دەگرێتەوە، بەڵام لەلایەکى دیکەوە، هەر کەسێک، هەر کەمینەیەک، هەر تاقانەییەک، لەمڕۆدا لە هەر کاتێکى پێشتر زیاتر بە پۆتێنشیەڵ بۆى دەلوێت قسە بکات و لەگەڵیدا ئاستە بەرەکانى ئازاددى بەدەست بهێنێتەوە. لە یۆتۆپیاى “گرۆندریسە”ى مارکسیزمدا، کۆمۆنیزم وەها دەردەکەوێت ڕێک ئەو ڕێکخستنە پیشاندراوەى تاکەکەسانى ئازادە کە لەسەر بنچینەى تەکنیکیى وەها کە دەیکاتە شتێکى مومکین، بیناکراوە. ئایا کۆمۆنیزم هێشتایش بژاردەیەکە کارى کردە بێت؟ ]داخۆ[ پێدەچێت لە کۆمەڵگەى پەیوەندیگیریدا کۆمۆنیزم لەوە کەمتر یۆتۆپیى بێت کە پێشتر هەبوو؟

دۆلۆز: گومانى تیا نییە ئێمە دەچینە نێو کۆمەڵگە کۆنترۆڵییەکانەوە کە چیتر بە وردى دیسپلینکارى نییە. زۆرجار وەها سەیرى فۆکۆ کراوە کە بیرمەندى کۆمەڵگە دیسپلینکارییەکان و تەکنیکە سەرەکییەکانییەتى کە زیندانە (نەک تەنیا نەخۆشخانە و زیندان، بەڵکو قوتابخانە و کارگە و یەکەکانى نیشتەجێبوونیش). بەڵام لە ڕاستیدا ئەو یەکەمین کەس بوو لەوانەى وتیان کە وا کۆمەڵگە دیسپلینکارییەکان جێدەهێڵین و چیتر تێێدا ناژین. ئێمە وا دەچینە کۆمەڵگە کۆنترۆڵییەکانەوە کە تەنیا بە بە بەندکردن ئیش ناکات، بەڵکو لە ڕێگەى کۆنترۆڵى بەردەوام و پەیوەندیگیریى هەنووکەییەوە ئیش دەکات. “بۆرۆزس” یەکەمین کەس بوو ئەم کۆمەڵگایانەى پیشانداین. بێگومان قسە دەربارەى زیندان و قوتابخانە و نەخۆشخانە نەپچڕاوە: بەڵام ئەم دامەزراوانە لە دۆخى قەیراندان. لە قەیراندان چونکە کەوتوونەتە نێو جەنگێکەوە کە ]هەر لە سەرەتادا[ دۆڕاندوویانە. جۆرى نوێى سزا، پەروەردە، چاودێریى تەندروستى بە شاراوەیى دەهێنرێنە پێشێ. ماوەیەک دەبێت نەخۆشخانە کراوەکان و تیمەکانى چاودێریى تەندروستیى لە ماڵدا، سەریانهەڵداوە. دەتوانین پێشبینیى ئەوە بکەین پەروەردەیش هێدى هێدى لەوە دەکەوێت بوارێکى داخراوى جیا لە شوێنى کار بێت وەک بوارێکى داخراوى دیکە، بەڵکو پێویستە هەردووکیان هەڵبوەشێنەوە لە بەرژەوەندى ڕاهێنانێکى ترسناکى بەردەوام[xxvi]ى کرێکار-قوتابى یان بیرۆکرات-خوێندکار. ئەوان هەوڵدەدەن بە چاکسازیى لە سیستەمى قوتابخانەدا قەناعەتمان پێ بکەن، بەڵام لە هەموو دۆخێکدا ئەمە مەسەلەى پاڵفتەکردنە. لە سیستەمى کۆنترۆڵدا هەرگیز هیچ شتێک کۆتایى پێنایەت. ئێوە خۆتان سەردەمێکى زۆرە شیکاریى گۆڕانێکتان کردووە کە لە ئیتاڵیا بەسەر کاردا هاتووە، لە ڕێگەى فۆڕمەکانى کارى گەڕۆک یان لە کار لە ماڵدا، ئەوانە جۆرە کارێکن (لەگەڵیشیدا فۆڕمە نوێیەکانى گواستنەوە و دابەشکردنى بەرهەمەکان) کە لەو کاتەوە پشتیوانییان لێدەکرێت. بێگومان دەتوانین ببینین کە چۆن هەر جۆرە کۆمەڵگەیەک لەگەڵ جۆرە ماشێنێکى تایبەتیدا دەڕوات: ماشێنى سادە یان دینامیکیى کۆمەڵگە سەروەرییەکان، ماشێنى وزەى کۆمەڵگە دیسپلینکارییەکان، ماشێنە سایبەرنیتیکى و کۆمپیوتەرییەکانى کۆمەڵگەى کۆنترۆڵ. بەڵام ماشێنەکان هیچ شتێک تەفسیر ناکەن، بەڵکو پێویستە شیکاریى پێکهاتە دەستجەمعییەکان بکرێت کە ماشێنەکان تەنیا بەشێکیان پێکدەهێنێت. لە ڕووبەڕووبوونەوەى فۆڕمە داهاتووەکانى کۆنترۆڵ لەنێو بوارى کراوەدا، فۆڕمە هەرە تووندەکانى بەندکردن وەک ڕابردوویەکى خۆش و ئاسوودە دێتە بەرچاو. گەڕان بەدواى “یونیڤێرساڵەکان لە پەیوەندیگیرى”دا دەبێت وامان لێ بکات ڕابچەنین. ئەوەیش ڕاستە تەنانەت بەرلەوەى کۆمەڵگا کۆنترۆڵییەکان بە تەواوەتى جێکەوت ببن، فۆرمەکانى لادان و بەرەنگارى (کە دوو شتى جیاوازن) سەریانهەڵدا. بۆ نموونە چەتەیى ]ئەلیکترۆنى[ و ڤایرۆسى کۆمپیوتەر، کە قەرەبووى مانگرتنەکان و ئەو شتەیان کردەوە کە لە سەدەى نۆزدەدا پێیدەوترا “گێرشێوێنى” (“پەکخستن”ـى ماشێنەرى)[xxvii].  دەپرسن داخۆ بڵیى کۆمەڵگا کۆنترۆڵییەکان فۆڕمى ئەوتۆى بەرەنگارى زیندوونەکەنەوە کە بتوانن دووبارە هەل بە کۆمۆنیزم بدەن کە لەسەر بنەماى “ڕیکخستنى ئاسۆیى تاکەکەسە ئازادەکان” وێناکراوە. نازانم، ڕەنگە. بەڵام ئەوە لەسەر ئەو بنچینەیە نابێت کە کەمینەکان بتوانن قسە بەدەست بهێننەوە. ڕەنگە گەندەڵى دووچارى خودى قسە و پەیوەندیگیرییش ببێت. پارە بە تەواوەتى چۆتە نێوییانە، نەک بەشێوەیەکى ڕووکەش، بەڵکو بەشێوەیەکى سروشتى. پێویستە قسە بۆخۆمان بپچرێن. داهێنان هەمیشە شتێکى دیکەیە و جیایە لە پەیوەندیگیرى. ڕەنگە کارى کلیلى و سەرەکى داهێنانى کەلێنى ناپەیوەیدیخوازى و دابڕان بێت بۆ دەرچوون لە کۆنترۆڵ.

نێگرى: بەلاى منەوە لە کتێبى “فۆکۆ” و لە “لۆچ: لایبنیتز و بارۆک”ـیشدا، پرۆسێسەکانى بەسوبێکتکردن لە نزیکترەوە و وردتر لەوەى لە بەرهەمەکانى ترتدا کردووتە تاوتوێ کراوە. سوبێکت کەوشەنى جوڵەى بەردەوامى نێوان ناوەوە و دەرەوەیە. دەرەنجامە سیاسییەکانى ئەم تێگەیشتنە بۆ سوبیکت چین؟ ئەگەر سوبێکت بۆ ئەوە نەشێت لە هاوڵاتیى دەرەکیکراودا کورت بکرێتەوە، ئەى داخۆ دەکرێت هاوڵاتیبوون لە هێز و ژیاندا قەتیس ببێت؟ ئایا دەشێت ئەوە ئیمکانى پراگماتیزمێکى نوێى خەباتگێڕى بخاتە بەردەست کە لە یەک کاتدا هەم حزور بێت لە جیهاندا و هەمیش پێکهاتەیەکى زۆر ڕادیکاڵانە بێت؟ دەشێت چ سیاسەتێک بۆ بەردەوامیدان بە مێژووى شکۆمەندیى ڕووداوەکان و سوبێکتیڤیتى بگیرێتە بەر؟ چۆن دەشێت وێناى جڤاتێک بکەین کەهێزێکى ڕاستەقینەى هەیە کەچى هیچ بنچینەیەکى نییە، جڤاتێک کە، وەک لاى سپینۆزا دەیبینین، هیچ گشتگیرییەکى نییە بەڵام ڕەهایە؟دۆلۆز: لە ڕاستیدا دەکرێت لەو شێوازە هەمەجۆرانە بڕوانین کە تاکەکەسان و گروپەکان، لە ڕێگەى پرۆسێیەکانى حۆ-بەسوبێکتکردنەوە، خۆیانى وەک سوبێکتەکان پێدادەمەزرێنن: ئەم جۆرە پرۆسێسانە تەنیا ئەو کاتە بەهایان هەیە کە کاتێک پێکدێن، لە هەمان کاتدا لە زانینە پێکهاتووەکان و لە فۆرمەکانى دەسەڵاتە هەژمووندارەکان دەردەچن. تەنانەت ئەگەر دواتر لاى خۆیانەوە دەسەڵاتى نوێ بەرهەم بهێنن و ئاوێتەى فۆڕمە نوێیەکانى زانینیش ببن. بەڵام وێراى ئەمە ئەگەر بۆ ساتێکیش بێت خۆڕسکییەکى یاخیگەرانەیان هەیە. گەڕانەوەیەک بۆ “سوبێکت” لە گۆڕێدا نییە، واتە بۆ پێدراوێک کە ئەرکى هەیە و دەسەڵات و زانینیشى هەیە. لەبرى قسەکردن دەربارەى پرۆسێسەکانى بوسوبێکتبوون، دەکرێت بە هەمان مانا باس لە جۆرە نوێیەکانى ڕووداوەکان بکەین: ئەو ڕووداوانەى بەو هەلومەرجانەى بەرهەمیان هێناون و بۆیان دەگەڕێنرێنەوە تەفسیر ناکرێن. بۆ ساتێک سەردەکەون. ڕێک ئەو ساتەیش ئەوەیە کە گرنگە. ئەوە دەرفەتێکە پێویستە بە وردى چاومان لەسەرى بێت و ]بیقۆزینەوە[. یان دەکرێت زۆر بە سادەیى باس لە مێشک بکەین: ئەوە مێشکە کە بە وردى کەوشەنى ئەم جوڵە دوو لایەنەى نێوان ناوەوە و دەرەوەیە، ئەم پەردە ناسکەى نێوان هەردووکیانە. ڕێڕەوە نوێیەکانى مێشک و ڕێگا نوێیەکانى بیرکردنەوە ناکرێت بە میکرۆ-نەشتەرگەرى تەفسیر بکرێن. بەڵکو بە پێچەوانەوە، پێویستە زانست هەوڵبدات ئەوە کەشف بکات کە لەنێو مێشکدایە تاوەکو بەم جۆرە بکەوێتە نێو بیرکردنەوەوە. بەلاى منەوە بەسوبێکتببوون، ڕووداو، مێشک هەر کەمتازۆر یەک شتن. ئەوەى ئێمە زۆر پێویستمانە بڕواهێنانێکە بە جیهان. ئێمە بە تەواوەتى جیهانمان لەدەستداوە، جیهانمان لێ داماڵراوە. بڕواهێنان بە جیهان ئەوەیە ڕووداوگەلێک بهێنینە بوون کە، چەندە بچووکیش بێت، لە کۆنترۆڵ دەربچێت؛ یان ئەوەیە شوێنکاتى نوی دابهێنین تەنانەت ئەگەر ڕووبەرێکى کەم و سەنگێکى بچووکیشى هەبێت. ئەوە ئەو شتەیە کە تۆ پێیدەڵێیت “پیتاس”. پێویستە لەسەر ئاستەکانى هەموو جووڵەیەکمان تواناکانى خۆمان بۆ بەرەنگاربوونەوەى کۆنترۆڵ، یان ملکەچبوونمان بۆ کۆنترۆڵ، هەڵبسەنگێنین. ئێمە پێویستمان بە داهێنان و بە خەڵکیشە. 

Control and Becoming, Gilles Deleuze in conversation with Antonio Negri,

https://www.uib.no/sites/w3.uib.no/files/attachments/6._deleuze-control_and_becoming.pdf

المراقبة والصيرورة:حوار بين دولوز ونغري، ترجمة: كمال الزغباني، أکتوبر 2008،

https://www.alawan.org/2008/10/05/

ژیل دلوز: مهم «شدنِ انقلابی» است

http://tarjomaan.com/interview/7754/

مراقبت و شدن/ ژیل دلوز در گفتگو با آنتونیو نگری

http://mindmotor.biz/Mind/?p=99


[i] rep­resentations

[ii] La loi, les lois: “یاسا” و “یاساکان” لەگەڵ سیستەمێکى دادگەریى یاسا پۆزەتیڤەکاندا دەگونجێت کە لە یاسا شەرعییەکاندا دادەڕێژرێن (وەکو یاساى مەدەنى لە فەرەنسا). من “یاسا” بۆ وەرگێڕانى droit بەکاردەهێنم، وەک سیستەمێکى مافەکان (droits)، یاساى سروشتى، لاتینییەکەى Jus وەک لێکدى lex. (و. ئینگلیزى)

[iii] notion

[iv] jurisprudence

[v] Civil Code

[vi] user-groups

[vii] Anti-Oedipus

[viii] the Untimely

[ix]  Counteractualization: ئەم چەمکە لە “لۆژیکى هەستکردن”ـدا لەلایەن دۆلۆزەوە وەها دیاریکراوە کە “دژە چالاکی”ـى کۆدکرنى پاسیڤى هەر چالاکییەکە لە ڕۆڵێکى پێشتر دیاریکراودا، لە ڕێگەى ئەوەى کە لە ڕوودا پتر ئەکتەر لە ڕێگەى ڕۆڵگێڕانەوە هۆى دیاریى دەکات لەبرى هەر بەشێک کە لە دەرەوە دیاریى کرابێت. (و. ئینگلزى).

[x] Coldness and Cruelty

[xi] singularity

[xii] short-circuits

[xiii] nomadic thought

[xiv] becoming

[xv] “nonhistorical cloud

[xvi] L’histoire n’est pas I ‘experimentation: on the twin sense of “experience” and “experiment” in the last word, see “Breaking Things Open,” n. 13.

[xvii] Peguy

[xviii] Clio

[xix] Cromwell

[xx] دەتوانین ئەرگومێنتى ئەوە بهێنینەوە کە تێرامانەکان لە کرۆمۆێڵ، پتر بۆ ڕۆمانسیزمى فەرەنسى، نەک بەریتانى، سەنتراڵ بوو. -مێژووى لەدایکبوونى ڕۆمانسیزمى فەرەنسى وەک بزووتنەوەیەکى تایبەت، عادەتەن بە ڕێکەوتى بڵاوکردنەوەى کرۆموێلى ڤیکتۆر هۆگۆ لە ساڵى  1827دا لە قەڵەم دەدرێت-. (و. ئینگلیزى)

[xxi] an immanent system

[xxii] lines of flight

[xxiii] Primo Levi

[xxiv] Souci: a care, anxiety, worry—something one’s always having to think about.

[xxv] دامەزراوەیى نەتەوەیى ئاودیۆفیژواڵ، لە ساڵى 1975دا لەلایەن سەنتەرێک بۆ ڕاهێنان و لێکۆڵینەوە و گەشەپێدان لە بوارى میدیاى ئاودیۆفیژواڵدا دامەزرێنرا. (و. ئینگلیزى).

[xxvi] Controle continu حەرفییانە “کۆنترۆلى بەردەوام”، کە تێرمێکى دیکەى فەرەنسییە بۆ “هەڵسەنگاندنى بەردەوام” لە پەروەردەدا؛ (formation permanente) لێرەدا وەک “ڕاهێنانى بەردەوامانە” وەرگێڕدراوە، کە ئەمە تێرمە ستاندارەکەى “پەروەردەى بەردەوام”ـیشە. (و. ئینگلیزى).

[xxvii] A sabot was a worker’s wooden clog.

Loading