وەرگێڕان

کوردەکانی سووریا لە جوگرافیای ڕامیاریی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بوون بە جێگای بایەخ؛ لەبەر ئەم هۆکارە

نووسەر: کامەران مەتین

وەرگێڕان: سیما ئاکۆ

دواجار پلانە هەڵسووڕێنەرە جەنگییەکانی ترەمپ لە دژی کۆمەڵەی ناوبراو بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ڕوون بوونەوە. هەروەها وا دیارە حوکوومەتە تازەلاوەکەی بڕیاری داوە کە یەکەم جار کێ وەک هاوپەیمانێک بۆ خۆی هەڵببژێرێت: کوردەکانی سووریا.

لە ٢٤ی شوباتدا، فەرماندەی سەرەکیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ژەنەراڵ جۆزێف ڤۆتێل، سەردانی شارێکی کوردیی سووریا دەکات بە ناوی کۆبانێوە و، بەڵێنی زیادکردنی پشتگیریی سەربازیی دەدات بە هێزە پێشڕەوە کوردییەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، هاوکات لەگەڵ هاودەستیکردنی ڕاستەوخۆی ئەمریکا خۆیدا. دوابەدوای سەردانییەکەی ئەو ژەنەراڵە، پێنتاگۆن ستراتیژییەتی پوختەکراوی خۆی دەخاتە بەرباس، ئەویش تێکشکاندنی داعشە لە سووریا، کە لە لایەن دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی ترەمپەوە ڕێگای پێ دراوە. تێیدا پلانەکە ئەوەیە شاری ڕەقەی پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی کە هێشتا لەژێر دەستی ئەواندایە، داگیر بکرێتەوە، هەڵبەت ئەمە بە پشتبەستن بە پاڵپشتییە ستراتیژی و داراییەکانی ئەمریکا بۆ هێزە کورد و سوورییەکانی ناوچەکە.

پلانەکەیان دەگاتە ئەوەی کە ئایا ئەمریکا کوێ بە هاوپەیمان هەڵدەبژێرێت، دواتر پێشنیار دەچێتە سەر کوردەکان لەبەر ئەوەی هێشتا پاڵپشتیی درێژخایەنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ شەڕی سووریا وەر دەگرن. هەروەها ئاماژەی ئەوە لە کایەدایە کە دەشێت هاوپەیمانیی جوگرافیای ڕامیاریی نوێ دروست ببێت. کەواتە چی بووە هۆکاری ئەوەی ئەمریکا پشتگیری لە بەرەی کوردی بکات؟

دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی ترەمپ بەراورد بە ڕژێمەکانی پێش خۆی، پەیوەندییەکی تەواو ناڕوونی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و دەزگای هەواڵگریی ناوەندیدا (سی ئای ئەی) هەیە، کە هەردووکیان پێشتر هەمیشە دوو سەرچاوەی وەڵامدەرەوە بوون بۆ نیگەرانییەکانی تورکیا لە بارەی کوردەکانی سووریاوە. ترەمپ خۆی پشتگیریی پیاوانی سەربازی و بیرۆکەکانیان دەکات. متمانەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا بە دەسەڵاتی سەرکردایەتیی تورکیا کەمی کردووە، بە تایبەت لە دوای ئەو پاکسازییەی کە لەو دواییانەدا کردبوویان و فەرماندەگەلێکی تورک کە پشتگیریی ئەمریکایان کردبوو بەو هۆیەوە دەستبەسەر کرابوون، لە کارەکانیان دوور خرابوونەوە یان هەڵهاتبوون. ئەم بێمتمانەییە زیاتر تەشەنە دەسێنێت، بێ گومان بەهۆی پەیوەندییە ناوبەناوەکانی توركیا لەگەڵ ڕووسیادا و جەختکردنەوە بەردەوامەکانی ئەنقەرە لەسەر ئەوەی کە ئەگەر واشینگتن پشتگیریی کوردەکانی سووریا بکات و ڕەدی بکاتەوە «فەتحوڵڵا گوڵەن» بنێرێتەوە، کە پیاوێکی ئایینخوازی تورکییە و تۆمەتبارە بە ڕێکخستنی هەوڵی کودەتاکەی ساڵی ٢٠١٦، کە شکستی هێنا و پەنای بۆ ئەمریکا برد، ئەوا دەبێت خۆرهەڵات بەجێ بهێڵێت. تورکیا وەکوو کایەیەکی بەرە دژ بە بەرە لەمەی دەڕوانی و وا دیارە دەسەڵاتی ترەمپیش لە کایەکەدا بەرەیەکی هەڵبژاردووە.

لە هەمووی سەرسووڕهێنتر ئەوەیە کە ئێستا واشینگتن پشتگیریی کوردەکان دەکات، هاوپێچ لەگەڵ دوو دوژمنی دژەبەرەی تری تورکیادا، کە ئەوانیش ڕووسیا و ئێرانن.

 هاودەستە ناجێگیرەکان

تورکیا، ڕووسیا و ئێران بە شێوەیەکی ڕەسمی هاودەستی یەکن لە پرسی ئاشتیی سووریادا، کە بە پڕۆسەی ئاستانە ناسراوە، بەڵام زۆر جار تورکیا بە لاوازترین بەستەری ناو پەیوەندییە سیانەییەکە دادەنرێت. گەرچی ئێستاکە بە فەرمی لەگەڵ ڕووسیا کۆکە، بەڵام لەم دواییانەدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران ناسەقامگیرتر بوون. هەندێک جار هەردوو وڵاتەکە لە ئامانجدا کۆک دەبن، بەڵام لە ڕکابەریی ماوەدرێژدان بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆیان زاڵ بکەن؛ هەردووکیشیان ئەو ڕاستییەیان دەرك کردووە کە تەنیا یەکێکیان دەتوانێت ببێت بە خاوەنی.

لێرەدا دیسان پرسیارە کوردییەکە دێتەوە بەرباس. ئاشکرایە ئێران بە جۆرێک لە جۆرەکان لە دژی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی کوردەکانی سووریا نییە، بێ گومان ئەمەش دەبێت بە بەربەستێکی دیار لە بەردەم خواستەکانی هەرێمایەتیی تورکیادا، کوردەکانی سووریا بەر بە هەموو کاریگەرییەک دەگرن کە کوردە پاڵپشتەکانی تورکیا دەیانەوێت لە ئێراقدا دایبنێن.

لە هەمان کاتدا ڕووسیا هەوڵ دەدات سنوور بۆ تورکیا دابنێت، ئەویش بە پشتگیرییەکی گونجاو و دروستی کوردەکانی سووریا لە خواستی خۆبەڕێوەبەری و بیرۆکەی دامەزراندندنی دەوڵەتی فیدراڵی. هەڵوێستی پاڵپشتیکارانەی مۆسکۆ ڕەنگە هاوکار بێت بۆ پاڵەپەستۆخستنەسەر حوکوومەتەکەی ئەسەد، بۆ ئەوەی گەر پێویستی کرد ملکەچ ببێت، وەک چۆن لەم دواییانەدا و لە سەروەختی کێشەی خۆرهەڵاتی حەلەبدا ناچار بوو وا بکات.

ئامانجی کۆتایی ڕووسیا ئەوەیە کە کوردانی سووریا وەک بەرەیەکی دژەئیسلامی بە جیهان بناسێنێت، بە هێزێکی عەلمانی کە دەیەوێت لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا دانوستان بکات و دەست تێکەڵ بکات لە دژی دەوڵەتی ئیسلامیی داعش و لایەنە توندڕەوەکانی دیکە. ئەگەر ئەم کارە بکرابا، ئەوا نەک هەر بنکەنکردنی ڕەوایەتیی یاسایی کۆمەڵە سوننییە هەڤدژەکانی سووریاش ئاسانتر دەبوو، بەڵکە لەگەڵیدا گورز بەر هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژی بەشار ئەسەد دەکەوت، کە لەناو سوپای ئازادی سووریادا بوون.

هاوکات مۆسکۆ پلانی ئەوەی هەیە کە لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریادا ناوچەی بەربەست (بێلایەن) دابمەزرێنێت، بۆ ئەوەی هێزە هەڵگەڕاوەکانی تورک و سووریا، لە هەسەدە و هێزە حوکوومییەکان جیا بکاتەوە. تورکیا بۆ ماوەیەکی کاتی پێشوازیی لەم بۆچوونە کرد، بەڵام چەند نیشانەیەک دەری دەخەن بارودۆخەکە لەوە ئاڵۆزترە کە دەر دەکەوێت، بۆ نموونە هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا پاسەوانیی ناوچەکە دەکەن. وێڕای ئەوەی بە ئاشکرا ڕەدیان کردووەتەوە کە ئاگایان لەو مامەڵەیە بێت یان دەستیان هەبێت تیایدا.

جا ئەم خاڵی بەیەکگەیشتنەی نێوان ڕووسیا، سووریا و ئێران هەرچەندە گریمانەیی و لەرزۆک بێت، هێشتا تورکیا دەخاتە بەندێکی ستراتیژی و کردارییەوە. ئەمە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی سەرۆک ئەردۆغاندا بۆ ڕیفراندۆمێکی دەستووری، کە بە ئەگەری زۆرەوە تێیدا پێگەی سەرۆک وەر دەگرێت و دەسەڵاتی فراوان دەبێت. خۆ ئەگەر بیەوێت ئەو دەنگە بباتەوە، دەبێت هێزە ناسیۆنالیستە تورکەکان بخاتە بەرەی خۆی و پشکی دەستتێوەردانە دژەکوردییەکان لە خاکی سووریادا زیاتر هەڵبکشێنێت.

بەڵام لە کاتێکدا کە ڕەنگە تورکیا یاریچییەکی ناجێگیر بێت و بژاردەکانیشی خراپ بن، هێشتا هەر خەریکی پێکهێنانی دەسەڵاتێکی جددیە و پلانەکانیشی یەکلایی دەکاتەوە. ئەوانەی کە سەر بە سوپای ئازادی سووریان و تورکیا پاڵپشتییان دەکات، پشتیوانی لە چەند هێرشێکی جاروبارەی ئەو ناوچانە دەکەن کە لە دەوروبەری شاری ئەلباب لەژێر کۆنترۆڵی تورکیادان، بەم هۆیەشەوە ئەگەری هەیە ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و هەسەدە چڕتر ببنەوە. لە کاتێکدا ئێستا ئەمریکا پاڵپشتی لە بەرەی کوردی دەکات، کەواتە دۆخەکە زیاتر لە بەردەم مەترسیی تەقینەوەدایە.

هەرچی دەربارەی داهاتووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستێکی فراوانترە، ئاشکرا دیارە هەموو شتێک بە چواردەوری هەڵسوکەوتە جوگرافی–ڕامیارییەکانی کوردانی سووریادا دەخولێتەوە. یان لە ڕێگای سیاسەتی کردارەکییەوە، یانیش بە هەڵكەوتێكی ڕەها، ئەوان دەبنە کەسانی دەسەڵاتڕۆیشتوو. لە کاتێکدا دەسەڵاتی سێ زلهێز بەسەریانەوە دەسووڕێتەوە، هێشتا هێزی ئەوەیان لە بەردایە کە دووبارە و یەکلاییانە هێڵکاریی جوگرافیای ڕامیاریی نەک تەنیا سووریا، بەڵکە سەرانسەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ پێک بهێننەوە.

Loading