نووسین

ژن دەنگێكى ون

نووسینى: محەمەد عەبدولكەریم

 (بەشی یەکەم)

وەڵامدانەوەی پرسیاری ژن چییە؟ وەڵامێکی فرەلایەنە. گەر بڵێین ژن مرۆڤە، ئەوە وەڵامێکی گونجاومان دەربارەی تایبەتمەندییەکانی نەداوەتەوە و دامان ماڵیوە لە گشت جۆرە ڕەمزاندنێک، واتە گشت جۆرە دەربڕین و وتراوێک لەسەر ژنمان فڕێداوە. سەرباری ئەوەی ڕوانینی بیرمەندان لە مێژوو، هەروەها گوتار و ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان بۆ چەمکی مرۆڤ وەکوو یەک نین. مرۆڤ بۆ خۆشی چەمکێکی گشتی (کلی) یە. ئەم چەمکە گونجاو نییە بکرێتە پێناسەیەکی تەواو بۆ ژن. چەمکی مرۆڤ، چەمکێکی گشتی پڕاوپڕە (کلی متواطی) بەسەر پیاو و ژنەوە؛ خودی چەمکەکە ڕێگرە لە پیشاندانی تایبەتمەندی و لایەنە بەشەکییەکانی ژن و پیاو. مرۆڤ چەمکێکە لەسەر ئاستی وردبوونەوە شتێکی ئەوتۆ ناگەیەنێت؛ مرۆڤ بەخشراوێکی گشتییە لە لایەن میسداقییەتی مرۆڤەوە، بە مەرجێک چەمکی مرۆڤ نەخەینە پێش میسداقییەتی مرۆڤەوە. لەناو چەمکی گشتی مرۆڤ هەموو تایبەتمەندییەکان هەر لە جۆری باوەڕ و ڕەنگی پێست و شوێنی لەدایکبوون و … هتد، بوونی نییە؛ بە مانایەکی تر چەمکی مرۆڤ ماوەی گوشراوەکانی میسداقییەتی مرۆڤە. مانا ئەرستۆییەکە پێمان دەڵێت: “مرۆڤ زیندەوەرێکە بیر دەکاتەوە “ژن زیندەوەرێکە و خاوەنی بیرکردنەوەیە، دیسان شتێکی ئەوتۆمان لێوەی دەست ناکەوێت. چەمکی مرۆڤ توانای دەرخستنی جیاوازییە بایۆلۆجی و نابایۆلۆجییەکانی نییە. بۆیە دەبێت هەوڵ بدەین لە چەمکی مرۆڤ دوورکەوینەوە. بە دوورکەوتنەوە لە چەمکی مرۆڤ دێینە ناو تایبەتمەندییە جۆراوجۆرەکانی مرۆڤ. ژن سەرباری ئەوەی مرۆڤە وەک پیاو، بەڵام لەناو پانتاییە کۆمەڵایەتییەکە بە شێوازی جۆراوجۆر ڕەمزاوە. ژن پێگەی جۆراوجۆری وەرگرتووە، هەروەک سیمۆندوبوڤوار دەڵێت: “ژن بتە، خوایە، دایکە، جادووگەرە، پەرییە، بەڵام خۆی نییە”[1] ژن وەک هەموو شتێک ڕەمزێنراوە بێجگە لە ژن! ژن پێگەی جۆراوجۆری وەرگرتووە، بەڵام وەک ژن نا! دەشێت گومان بخەینە سەر ئەم دەربڕینە، ئایا ژن وەک ژن باسکردن واتای چییە؟ ئایا پێگە وەرگرتن، ژن لە ژنێتی دەخات؟!

خودی وشەی ژن شۆخی یان جددی، لەناو مقۆمقۆی خەڵکی ئاسایی ڕیشەکەی دەبرێتەوە بۆ ژان یان ژیان. وەک کارەکتەرێک لەناو دەربڕینە کۆمەڵایەتییەکەش (فیتنە، بێئەقڵ، خۆش، ژان، ژیان، ناسک، ماڵ واتە ژن، ژن پیاو دەکاتە پیاو، ژن نەبێت ژیانیش نابێت…) ڕەمزێنراوە. زۆر بوار و کایەی جیاواز هەن لە شیعرەوە بگرە تا گۆرانی یان پانتاییە کۆمەڵایەتییەکە، دەربڕینی سەیر و جۆراوجۆر دەبیسترێن، لە یەکێک لە گۆرانییەکانی ئەحمەد شەماڵدا، ژن هێندە ناسک کراوەتەوە بە بای باوەشێن سەر کوڵمی پڕ دەبێت لە خوێن؛ لە لایەکی ترەوە زۆر جار کۆڕ و کۆبوونەوەی گەنجان، باسکردنی ڕەگەزی مێینە دەربڕینی ئەدەبی و سەیروسەمەرەی تێدایە؛ هێندە ناسکە میزکات دەگری، یان دەڵێن ئەیقرتێنێت، بە لێو ئەخورێت! ئاوها ڕوانین بۆ ژن و باسکردنی دەگەڕێتەوە بۆ زیاد لە هۆکارێک نەوەک هۆکارێکی دیاریکراو. ئایا ژن خۆی هۆکاربووە وا لێی بڕوانن، یاخود تەنیا بەهۆی تەسەوراتەکانی پیاوەوە وا پیشان دراون؟ پێدەچێت، بەهۆی پەیوەندییەکی دیالێکتیکیانەوە درووست بووبێت؛ بەو مانایەی هەردوو (ژن و پیاو) هۆکار بن بۆ ئەم جۆرە تەسەوراتانە، دەشێت لە جێی تر کۆڵینەوەی لەسەر کرێت؛ چاوی ئەوی تر لەسەر ژن چییە؟ پێگە جیاوازەکانی وەک کچ و ژن و بێوەژن چین؟ چۆن پانتاییە کۆمەڵایەتییەکە بە دەربڕینی جۆراوجۆر باسی لێوەیان کردووە.

ژن لای ئێمە و ئێستاشی بێتە سەر، لەڕێی گریان و هاوارکردنەوە توانای بانگکردنی نەریت و فەرهەنگی هەیە. ژن لە کۆنتێکستی ئێمە بە چەند شێوەی جیاواز ناوی لێنراوە. یەکێ لە ناوە دیارەکانی (زەعیفە) بوونە. کاتێک لە شوێنێکی گشتی ژن و پیاوێک دەکەونە کێشەوە، ژن بۆ ئەوەی قەرەبووی هێز بکاتەوە، لەڕێی دەنگ بەرزکردنەوە و گریانەوە بانگی نەریت و ئەقڵییەتی درێژخایەن دەکات. سوود لەو ڕوانینە دەبینێت کۆمەڵگە پێی بەخشیوە، وەک “ناسکێتی و زەعیفەیی” بوون، هەر بۆیە کاتێک پیاوان کۆ دەبنەوە و دێن بە هانای ژنەکەوە، بێ ئەوەی بزانن خەتای کێیە، پێدەچێت پەلامار یان  سەرزەنشتی بکرێت، تۆ پیاویت! عەیبە پیاو لەگەڵ ژن شەڕکات یاخود تۆ پیاویت نابێت دەمخەیتە دەمی ژنانەوە. باوە دەڵێن پیاو نابێت دەست لە ژن بەرز بکاتەوە یان لەبارێکی نەرێنی دەڵێن ئەوە کەی پیاوە لە ژن ئەدات. بۆیە ژن وەک زەعیفەیەک تەماشه کراوە و پیاویش وەک مەخلوقێکی بەهێز. هەندێک جار کاتێکی کێشەی کچ و کوڕێک، کوڕە هەوڵ دەدات کچەکە هێور بکاتەوە، گوایە حەیایان دەچێت، بەڵام کچەکە زیاتر دەنگ بەرز دەکاتەوە و هاوار دەکات. پیاوەکە ناتوانێت هێزی خۆی تاقی بکاتەوە لەسەر کچە (مەخلوقە ناسکۆڵە)کە و دەزانێت نەریت و ئەقڵییەتی باو بە هانایەوە نایەن، بۆیە ناچار شەڕەنگێزییەکەی ببڕێت و وەریگەڕێنێتە سەر فۆڕمێک، کچە هێور دەکاتەوە و چیتر بانگی نوێنەرەکانی نەریت و ئەقڵییەت باو ناکات. پیاوەکە دەزانێت نەریت و ئەقڵییەتی باو لەو بەهێزترن، تا ڕادەیەک ترس و شەرم بەرۆکی دەگرن. ژنان بە پێچەوانەوە سوود لەو نیگایە وەردەگرن هەڵچنراوە لەسەریان، دەنگ بەرز دەکاتەوە و دەگری، با نەریت و ئەقڵییەت بێت؛ بۆیە دەشێت بڵێین لەم دۆخانە خاڵی بەهێزی ژن لاوازییەکەیەتی و خاڵی لاوازی پیاو بەهێزییەکەیەتی. ئەقڵییەت و نەریت لە هەندێک شوێن قەرەبووی لاوازیی ژنیان کردووەتەوە. لە جیهانی مۆدێرندا هەوڵ دراوە ئەم کۆمەکە کولتووری و نەریتییە لەسەر ژن هەڵبگیرێت، پیاویش چیتر لە نەریت و کولتوور نەتۆقێت. پێدەچێت سەرەتاکانی دەرچوون لە کۆمەڵگەی سونەتی وابکات کوڕ بە کچێک بڵێ بگری دەنگ بەرز کەرەوە، بە خەیاڵما نایەت، چی دەبێ با ببێت! واتە بانگی کولتوور نەریت بکە، چیتر ناترسم چونکە نوێنەرە دڵسۆزەکانی کولتوور و نەریت مردوون؛ کچیش وردە وردە بیر دەکاتەوە بۆ ململانێکان پێویستە بگەڕێتەوە بۆ خۆی. لەگەڵ درووستبوونی کۆمەڵگەی مۆدێرن و کەوتنی بەها و نەریتەکان، لاوازکردنی نەریتی باو و ئەقڵییەتی درێژخایەن، یاسا هەوڵێکی زۆری هەیە دەسەڵات لە کولتوور و نەریتە سونەتییەکان بسەنێتەوە. کۆمەڵگەی مۆدێرن بە تایبەتیش ڕۆژئاوا و ئەمریکا یاسایان بە جۆرێک داڕشتووە، ببێتەوە پەناگەیەک بۆ ژنان.

بە شێوەیەكى گشتى مێژووى ئێمەى كورد و خۆرهەڵاتى ناوەڕاست مێژوویەك نییە دابڕاوبێت لەو مێژووەى سەرلەبەرى مرۆڤایەتى پێیدا تێپەڕیوە. كاریگەریی فەیلەسووفانى یۆنانى بەسەر ڕەوتى مێژووەوە زۆرتر لە ئەفلاتوون و ئەرستۆوەیە، هەر ئەفلاتوون و ئەرستۆشن دووهەزار ساڵ زیاتر مرۆڤایەتى دەخەنە ژێر كاریگەریی خۆیانەوە. کاریگەریشیان درووست کردووە لەسەر فەیلەسووفانی ئیسلامی و شارستانییەتی ئیسلامی بە شێوەیەکی گشتی. ئەگەرچی دوالیزم بەر لە ئەفلاتوونیش هەر هەبووە، بەڵام ئەفلاتوون وەک فیگەرێکی فەلسەفی پشكى بەهێزى هەیە لە هێزدان بە چەسپاندنى دوالیزم لەڕێى فەلسەفەكەیەوە. ئەو جیهانى دابەش كرد بۆ جیهانى ئایدیاكان و جیهانى هەستەكان. جیهانى ئایدیاكان جیهانێكى دوورەدەست و نەگۆڕ و حەقیقییە، كەچى ئەو جیهانەى تێیدا دەژین جیهانی بەردەست “هەستپێكراو” و گۆڕاو و سێبەرن “ناحەقیقەت”ن. وێناى ئەفلاتوون دەربارەى جیهان وەك وتمان وێنایەكى تۆكمە و یەكگرتوو نییە، بەڵكوو وێنایەكى دوولەت و دووكەرتە. ئایدیاكان جێگیر و نەبڕاوەن و جیهانى ئەزموونى ئاسایش جیهانى وەهم و كاتییە. ڕووداوەكانى لە جیهانى جیسمانیدا واتە لە چوارچێوەى دیاردەكان”fenomeno” دا نەك واقعیەتدا ڕوو دەدەن. هەردوو مەملەكەتەكە بە جۆرێك وەسف كراون  ئەزەلى و ئەبەدین، جیهانى بینراو “سێبەر”[2]  نەزم و ڕێكخستنى خۆى لە جیهانى ئایدیاكانەوە وەردەگرێت. جیهانى ئایدیاكان جیهانى جێگیر و نەگۆڕە، جیهانەكەى ئێمە لەوەوە لەبەر گیراوەتەوە. ئایدیاكان جیهانى كەماڵ و بێكەموكورتین، هەر لەوێدا مانا و پێناسەى شتەكانیان تێدا هەڵدەگیرێت. جیهانى مادى و هەستەكى لە جیهانى ئایدیاكانەوە وەردەگرێت، كەچى تواناى پاراستنى ئایدیا نەگۆڕەكانى نییە، ماوەیەکی كەم سوودمەند دەبێت لە جیهانى ئایدیاكان. چارەنووس و قەدەرى دنیاى مادى نەزمى كاتیبوونى خۆى لە جیهانى ئایدیاكانەوە دەپچڕێت، هەر بۆیەشە بە شێوەیەكى حەتمى بەر گۆڕانكارى دەكەوێت[3].  پەراوێزخستنى ئەو جیهانە حەقیقییەى لە ناویدا دەژین بۆ جیهانێكى نەبینراو “ئایدیاكان” لە لایەن ئەفلاتوونەوە هۆكارى پەراوێزخستنى جیهانى هەستپێكراو بووە لە لایەن تەواوى مرۆڤایەتییەوە. ئەم پەراوێز و وەلانانە، كایە فەلسەفییەكەى بڕیوە و گشتى بووەتەوە لەنێو خەڵكیدا. دەتوانین ئەم پەراوێزخستنە لە تەواوى كایەكاندا ببینینەوە. هەڵبەتە باوەڕى درێدا وابوو کولتووری ڕۆژئاوا بە تەواوى لەژێركاریگەرى ئەم دوالیزمەدا بووە. بیركردنەوەى میتافیزكى هەوڵێك بووە بۆ ئەوەى حزوور لە بەرانبەر غیاب، حەقیقەت بەرانبەر مەجاز، سوبێكت بەرانبەر ئۆبێكت و ڕۆح بەرانبەر لەش، فەرهەنگ بەرانبەر سرووشت، ژن بەرانبەر پیاو و قسە (گوتە) بەرانبەر نووسین دابنێت. زۆربەى كات یەكێك لەم چەمكانە نەفیكردنى ئەو چەمكە بووە كە كەوتووەتە بەرانبەرییەوە. یەكێكیان بەسەر ئەوى ترا زاڵ كردووە. هەمیشە دوالیزم شوێنی یەكلاییكەرەوە و شوێنی سەپاندنى لایەك بووە بەسەر لایەكى تردا. بۆ نموونە لە كۆمەڵگەیەكى باوكسالارانەدا، پیاو بنچینەیە و ژن نابنچینە تەماشاى دەكرێت [4]. درێدا بە تۆنێكى فرۆیدیانەوە دەربارەى پیشاندانى یەكێك لەو زاڵێتیانە دەڵێت: ” قسە هەمیشە نووسینى سەركوت كردووە”[5]، بەڵێ ئەفلاتوون و شتراوس و ڕۆسۆ و سووسێر “نووسینیان بە منداڵی قسە (گوتە)” تەماشا کردووە، نووسین لای ئەمان دوای گوتە (قسە) درووستبووە. درێدا گومان دەخاتە ناو دڵنیایی ئەم جۆرە تێڕوانینەوە، کێ دەڵێت یەکەمین جار لە لایەن مرۆڤەوە سوود لە نووسین وەرنەگیراوە، بۆ نا، ڕەنگە سەرەتا بەهۆی نووسینەوە مرۆڤ لە پەیوەندیدا بووبێت. نووسینی هێرۆگڵۆفی وێنە کێشراوەکانی ئەشکەوتەکان نیشانی دەدەن ناتوانین لە ڕووی مێژووییەوە (گوتە – قسە) لە پێش نووسین) ـەوە دابنێین. ئەو ئەگەرەش دادەنێت درێدا، با وایدانێین قسە پێش نووسین کەوتووە، بە شێوەیەکی دی “نووسین پاشکۆی گوتە” بێت. ڕاستییەکەی گەورەترین تایبەتمەندیی نووسین هەمان پاشکۆبوونییەتی، چونکە شوێنی سەرهەڵدانە بۆ قسە. بە جۆرێک قسە بەهۆی نووسینەوە پەیدا دەبێت. بە باوەڕی درێدا نووسین ئەو پاشکۆیەیە، وەک پاشکۆیەک نامێنێتەوە، پەراوێزێکە بە پەراوێزی نامێنێتەوە، بەڵکوو بە جۆرێک دەبێتە بنچینە و بنەوان، قسە دەچێتە ژێر ڕکێفییەوە[6]. درێدا پێی وایە نووسین مەرجی زانستییەتیی زانستە، گەر نووسین نەبێت زانست درووست نابێت، نەک بەهۆی ئەوەوە نووسین تەنیا ئامرازی زانست،ە بەڵکوو بەهۆی درووستبوونی پرسیارێکی بنچینەییەوە، گەر نووسین نەبووایە فەلسەفە و زانستی بیرکاری و نووسینی بەرنامەی کۆمپیوتەری دەمایەوە؟ درێدا جەخت دەکاتەوە زانستییەتی زانست بەهۆی زاتی نووسینەوەیە. هەمان نیگای پێشوو هەست پێدەکرێت لەم قسانەی درێدادا، هەر ئەوەی فەیلەسووفانی پێشوو کاتێک قسەیان کردبووە چەق و تەوەر و نووسینیش وەک پەراوێزخراوێک بە دەوریدا دەچەرخێت. تۆنی قسەکردنی درێدا بۆنی بە بنچینەییکردنی نووسین و پەراوێزخستنی قسەی لێوە دێت. ڕاستە درێدا نووسین بە لایەوە گرنگترە، بەڵام ئەو چەمکێکی دی دێنێتە پێشێ بە ناوی “ڕەت” واتە ‘trace”. درێدا چەمکی ڕەت لە جێی نیشانەناسی بەکار دەهێنێت، ڕەت تەفسیرێکی تازەیە لە نیشانە بە دەربڕینی درێدا. جیاوازیی ڕەت لەگەڵ نیشانەی سووسێریدا لەوێوە دەردەکەوێت؛ کاتێک تەماشای نیشانەی سووسێری دەکەین، دەبینین دال پێی لە خاڵێکی بونیادیندا داکوتاوە بە ناوی مەدلوول. پەیوەندیی نێوان دال و مەدلوول بە جۆرێک پەیوەندیی هۆ و دەرەنجامە، کەچی ڕەت لای درێدا لە ڕووی ئۆنتۆلۆجییەوە شتێکە کە خۆی نییە، کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ ڕابردووی ڕەت بە شتێک کۆتایی نایەت، کاتێکیش بەرەو ئاییندە دەچین، ڕەتێک لە پشتی ڕەتێکی ترەوە دەبینین. سەرەنجام ڕەت نیشانەیەکە نە شوێنی سەرهەڵدانی هەیە و نە غایەت، دەقی درێدایش لە هەمان ئەو ڕەتانە پێکهاتووە. ڕەت ئەو شوێنەیە کە هەمووان هەن؛ نووسین بەسەر گوتە (قسە)دا و قسە بەسەر نووسیندا فەرز ناکرێت و ئەولەویەتی پێ نابەخشرێت، ناشتوانین پەیوەندییەکی زەرووری لە نێوان ڕەت و بەرهەمهێنانە تازەکەی، واتە ڕەتەکانی تردا پەیدا بکەین، ڕەت شوێنی سەرهەڵدانی میتافیزیک نییە. وا دێتە پێشچاو کە درێدا بەهۆی چەمکی ڕەتەوە  تێپەڕێت لە چەمکی  قسە/ نووسین، بۆ ئەوەی بە شوێنێک بگات کە پێش حزوور و غیابە؛ ئەو شوێنەی حزوور و غیاب لە تەنیشت یەکەوەن. ئەم لێکدانەوە وا لە ئێمە دەکات نەڵێین درێدا نووسین‌تەوەر بووە، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین نکووڵی ئەوە بکەین کە درێدا مەیلی بۆ نووسین زیاتر بووە تا قسە.[7] درێدا هەوڵێکە بۆ تێکشکاندنی دوالیزمە مێژووییەکە. ڕەتکردنەوەی دروستکردنی جیهانی پەراوێز بەهۆی سەنتەرێکەوە. بۆیە کاتێک تەماشای پاش ئەفلاتوون دەکەین، هەمیشە شوێنێك هەیە بۆ پەراوێزخستن و سڕینەوە. هەمیشە بینینێك بینینێكى دى لەناو دەبات. بینینێك لە جێى بینینێكى دى دەبینێت، دەنگێك بەهۆى دەنگێكى دیکەوە دەشارێتەوە. دەنگێك لەبرى دەنگێكى تر قسە دەكات. فەلسەفەی زەین یەکێک لە کارکردەکانی زەینی مرۆڤ ڕوونکردنەوەی کاروبارەکان، دوالیزم‌سازییە، ئەم دوالیزمانە نەک تەنیا چییەتیی بیرکردنەوەمان درووست دەکەن، بەڵکوو یەکێک لەم لایەنانە بەسەر لایەنەکەی تری دوالیزمەکەدا زاڵ دەبێت، دەخاتە ژێر فەرمانی خۆیەوە بە جۆرێک هەمیشە کۆمەڵێکی سەر بە لا‌ دوالیزمەکە باڵادەست دەبێت بەسەر ئەو کۆمەڵەی دەکەوێتە لا دوالیزمەکەی تر. گەر ئەم دوالیزمە تەبەقەبەندی بکەین بەسەر دوانەیی “difference و differance ” دا ئەوا حزوور و ناسین و حەقیقەت و فەرهەنگ و پیاو دەچنە بازنەی دیفرێنسەوە، غیاب و سرووشت و ژن دەچنە ناو چوارچێوەی دیفرانسەوە[8]. ڕوونە کە ئەو شوێنانەى كۆمەڵگە کە دەسەڵاتى نێر تێیاندا بەهێزترە، دەنگى ژنان بە كەمى دەبیسترێ یان ئەوەتا لەڕێى پیاوەوە دەبنە خاوەن دەنگ. مێژووى ئەدەبیاتى ئێمە پڕە لە دەربڕینى پیاوانە. ژن بێ ئەوەى حەرفێك لە دەمى بێتە دەرەوە دەنگى دەبیسترێت. مەحوى دەڵێت:

شەوێ لەیلا بە مەجنوونى دەوت بنواڕە حاڵى خۆت

بەخۆڕایى كە چۆنت دا بە با عەڵ و كەماڵى خۆت

جوابى دایەوە مەجنوون ئەگەر گاقت ببێ له حڤێ

لەناو ئاوێنەدا بڕوانە حوسن و جەماڵى خۆت

فەنتازیا هەرچەند فەنتازیایەكى تایبەت بێت، فەنتازیایەكى نێو سوبێكتییە. ونى و بێباكىی غەم و ئازارەكانى لەیلا لەم شیعرەى مەحویدا، بەرهەمى فەنتازیایەكى نێوسوبێكتییە و بەرهەمى كۆى فەنتازیاى پیاوە نەك تەنیا مەحوى و بەس. مەحوى لە پیشاندانى فانتازیاى پیاو لێرەدا ڕۆڵى درز و كەلێن دەگێڕێت؛ بەو مانایەی لە کەللەسەری زۆربەی پیاواندا بوونی هەیە  کانت و دیکارت و لایبینیتیز سوژەی فەردی دەخەنە بەر باس  سوژەی فەردی واتە یەک من. هیگڵ باوەڕی وایە من ناتوانم دەربارەی خۆم قسە بکەم، دەربارەی ئێمە قسە دەکەم. سوژەی هیگڵ سوژەی فەردی نییە بەو شێوەیەی لای لایبینیتز و کانت و دیکارت دەیبینین، سوژە سوژەی کۆییە. گەر دیدە هیگڵییەکە بخەینەوە سەر شیعر و ئەدەبی کوردی لەو قۆناغانەی خۆیاندا، هەڵقوڵاوی ئەو سەردەمە بووە. مەحوی سوژەیەکی فەردی نییە، سوژەیەکی کۆییە. فەنتازیای ئەویش فەنتازیایەکی نێوسوبێکتییە. تێنەگەیشتنى لەیلا لە داغداری و ئازارەكانى مەجنوون، شتێك نییە تەنیا لە خودى لەیلاوە وەك ژن سەرچاوەى گرتبێت، بەڵكوو فەنتازیاى پیاویش دەستی هەیە تێیدا، بەو جۆرەی کە ویستوویانە فەنتازیایان لەسەر ژنان هەڵچنیوە. ئەوەى لێرەدا دەبینرێت ڕاستیی چیرۆكەكە بەهۆى بوونى فەنتازیاى “مەحوى ـ پیاوە”وە شێوێنراوە. دەنگى لەیلا بووەتە قوربانى فانتازیایەكى پیاوانە. پیاو هەمیشە لە مێژوودا نموونەى خۆبەختكردن و سووتان و ئازار بووە. ژنیش بوونەوەرێكى بێباك و بێدەرد و ئازار، بوونەوەرێك هەرگیز نابێتە قوربانى. ژن لە ڕاستیدا لە شیعرى كوردیدا بە جۆرێك دەنگە ونبووەكەى ناو شیعرى كوردییە. دەنگێكە لەڕێى قوڕگى پیاوەوە دەنگى هەڵدەبڕێت. ڕوانینى ژن لەڕێى چاوى پیاوەوەیە نەك چاوى ژن خۆى. حاشاهەڵنەگرە بە دەگمەن لە دنیاى شیعرى ئێمەدا پیاو توانیویەتى دەنگى ژن هەڵبڕێت. ڕاستییەكەى دەنگى پیاو هەڵبڕینى دەنگ و بۆچوونەكانى خۆیەتى لەڕێى كارەكتەرى ژنەوە. ئەوەى لەم شیعرەى مەحویدا دەیبینین وەك هەمیشە مەجنوون شەیداى لەیلایە و ئەقڵى بە بادا چووە كەچى لەیلا بە مەجنوون دەڵێت: ” بەخۆڕایى ئەقڵى خۆت بە با داوە و شێت بوویت! ” بەخۆڕایىە كە چۆنت بە با دا ئەقڵ و كەماڵى خۆت” ئەم دێڕە شیعرە بە تەواوى دەرخەرى فەنتازیاى پیاوە، گەرچى لەڕێى زمانى لەیلاوە خراوەتە ڕوو، كەچى گومان لەوەدا نییە دێڕێكى تەواو پیاوانەیە و سەر بە جیهانى فەنتازیاى پیاوە. پیاوە كە فەنتازیا بەوەوە دەكات ژن بێباكە و ئەو هیچ ناسووتێت. ژن وەك پیاو نییە، گۆشت و خوێن نییە تەعبیر لە برینەكانى بكات. بە دەربڕینێكى تر گۆشت و خوێن و هەستى ژن لەڕێى فەنتازیاى پیاوەوە كەوڵ دەكرێت. ژن لەم شیعرەى مەحویدا وەک خانووە ڕەشەکە وایە ئارەزووەکانی خۆی تێدا دەتەقێنێتەوە. خانووە ڕەشەکە[9] لەو چیرۆکەدا بە باوەڕی ژیژەک ڕۆڵی پەردەیەکی فەنتازی دەگێڕێت، کە خەڵکی دەیانتوانی لەڕێیەوە ڕەنگدانەوەی ئارەزووە نۆستالۆژییەکانی خۆیانی تێدا ببیننەوە ..[10]

تەفسیرى شیعرەكەى مەحوى: ” لەیلا داواى ئەوە دەكات لە مەجنوون سەیرێكى بارودۆخى خۆى بكات. مەجنوون تێبگات لەوەى بەخۆڕایی ئەقڵى خۆى بە با داوە. مەجنوونیش بۆ ئەوەى لەیلا دركى بكات، پێى دەڵێت تەماشایەكى ناو ئاوێنە بكە، سا ئەو وەختە دەزانیت بەخۆڕایی ئەقڵم بە با نەچووە. مەجنوون دەیەوێت بە لەیلا بڵێت: “ڕووى تۆ وەك خۆر وایە، ئەقڵى من وەك شەونم، ئاشكرایە خۆر كە دەیدات لە شەونم دەبێتە هەڵم و دەچێت بە حەوادا، بۆیە كاتێك من سەیرى ڕووخسارى خۆرینى تۆ دەكەم چونكە ئەقڵى منیش وەك شەونم وایە دەچێت بەهەوادا و دەبێتە هەڵم و شێت دەبم “ئەقڵم لەسەرا نامێنێت”، بۆیە مەجنوون داوا لە لەیلا دەکات تەماشایەكى ئاوێنە بكات، هەتاكوو ڕووخسارى خۆرینى خۆى ببینێت، خۆرى ڕووخسارى خۆى دەیدا لە ئەقڵى وەك لەیلا  كە وەك شەونم وایە و دەبێتە هەڵم و دەچێت بە بادا “واتە لەیلاش شێت ئەبێت و درك بە مەجنوون دەكات، چونكە ئەقڵى لەیلاش هەر وەك ئەقڵى مەجنوون وەك شەونم وایە و بەهۆى ڕووخسارى خۆرینى لەیلا و خۆیەوە دەچێت بە هەوادا و شێت دەبێت”. گەر وردتر بینەوە لەم شیعرە ئەوە ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە مەجنوون بە لەیلا دەڵێت لێى تێبگات و دەركى بكات، بە دەربڕینێكى دى مەجنوون دەڵێت هاوشوناسم بەرەوە. واتە لەیلا تەماشاى ئاوێنەكە بكە هەتاكوو بێیتە شوێنى من، هاوشوناسى وەرگرتنى پێگەیەكى مەجازییە نەك كتومت بوون بە شتێك. مەجنوون دەیەوێت لەڕێى ئاوێنەوە لەیلا هەڵبداتە ناو پێگەكەى خۆیەوە، لەڕێى ئاوێنەوە هاوشوناسی بكاتەوە لەگەڵ خۆى، دركى مەینەت و ئازارەكانى بكات و شێتێتییەكەى بچێژێت. ئەوەى لێرەدا سەرنجڕایكێشە ئەوەیە مەینەت و زەجركێشانەكانى مەجنوون بەهۆى لاكردنەوەوە نییە لە لایەنى دەروونى ژن “لەیلا”ـوە، ڕاستییەكەى ئەوەیە بوونى ئەكت و ئەخلاق و لێهاتوویى لەیلا مەجنوونى نەپڕوكاندووە، بەڵكوو ڕێك بە پێچەوانەوە، ئەوەى مەجنوونى خستووەتە حاڵتى حەلوەلاوە ڕوخسارى لەیلایە. لەیلاش بۆ ئەوەى دركى ئازارەكەى مەجنوون بكات و تێبگات لە پەژمووردەیى و بەشمەینەتییەكەى مەجنوون، دەبێت خۆى هەڵبداتە شوێنى مەجنوونەوە، ئۆبێكتە بێدەروونەكەى خۆى تەماشا بكات و بفامێت مەجنوون بۆ داخدارە؛ بە دەربڕینێكى تر، ژن بۆ ئەوەى خەم بچەژێت و برینى تێبێت، پێویستى بە وەرگرتنى پێگەى پیاوە. چونكە ژن لە فانتازیاى باودا زۆر جار وەك بێباكێكى بێزام دەمێنێتەوە. مەحوى هەوڵى ئەوەى داوە لەڕێى ئاوێنەوە لەیلا هەڵبداتە شوێنى مەجنوون و پێى هاوشوناس ببێتەوە، هەر ئەمەش ڕێگەیەكە بۆ تێگەیشتن لە برین لە لایەن لەیلاوە. ڕوویەكى ترى شیعرەكەى مەحوى چەمكى “واخۆدەرخستن” لەخۆ دەگرێت. مەحوى وەكوو شاعیر دەیەوێت وا پیشانى بدات لەیلا چەشنى مەخلوقێكى بێزام بمێنێتەوە. بەڵام گەر مەحوى لە شیعرەكە بكەینە دەرەوە، خودى دەقەكە ببینین وەك واقیعێكى ناو ژیانە ئاساییەكە تەماشاى بكەین، دەبینین لەیلا خۆى وا دەردەخات داخدار و خەستە نییە. واخۆدەرخستنى ژنانیش لە خودى واقیعدا كە وەك سوبێكتى بێباك دەردەكەون، بەرهەمى ئەو ڕوانینە مێژووییەیە كە ژنى وەك بێباك تەماشا كردووە. ژنیش هەمیشە ئەم نمایشە دووبارە و دووبارە دەكاتەوە، ژنێكى سەرتاپا لەناوەوە داوەشاو، بەهۆى ڕەقى ڕوانینە كولتوورییەكەوە هەمیشە خۆى بەو جۆرە دەردەخات کە چاوى ئەوى تر لێى ویستووە. چەمكى واخۆدەرخستن هەمیشە لەسەر شاردنەوەى حەقیقەتێك ئیش دەكات و ناتوانێت بەبێ شاردنەوەى بوونی شتێك خۆى مانیفێست بكات. بۆیە لەیلا بۆ ئەوەى وا خۆى پیشان بدات، پێویستى بە شاردنەوەى مەینەتییەكانى ناوەوەیەتى، پێویستى بەوەیە ئازارەكانى لە ڕووخسار و هەڵسوكەوتەكانى دوور بخاتەوە.

 فەنتازیا لێرەدا پیشاندانى خودى واقیعەكە نییە، بەڵكوو ڕێك بە پێچەوانەوە، دووركەوتنەوە و دروستكردنى واقیعێكى ترە. واقیعى ژنان لەم شیعرەى مەحویدا بێزمانە و نووستووە، بە جۆرێك بەهۆى پەردەیەكى فانتازییەوە شاردراوەتەوە. هەر ئەوەى خەڵكانێك چیرۆكى سەیروسەمەرە و خورافى هەڵدەچنن لەسەر ماڵێكى وێرانەى كۆنى وازلێهێنراو، گوایە پڕ لە جنۆكە و ڕۆحى مردووەكانە، ئەمە بۆ خۆى فەنتازیایە، بەڵام ڕاستی “واقع”كەى ئەوەیە ئەو ماڵە تەنیا ماڵێكى وێرانى كۆنى بەجێهێڵدراوە. تەواوى ئەو چیرۆكانەى لەسەر ئەو ماڵە هەڵچنراون، فانتازیای كۆمەڵێك لە خەڵكییە. فەنتازیایە لەو ڕووەوە كە چیرۆكى ڕاستەقینەى خانووەكە لەڕێى قسە و قسەڵۆك و چیرۆكى خورافییەوە بەلاڕێدا براوە. لە چوارینەكەى مەحوىدا دەنگى لەیلا و دەنگى كچێكى عاشق نییە كە ئەویش گۆشت و خوێنە و وەك مەجنوون ئازار دەكێشێت، بەڵكوو بە پێچەوانەوە، دەنگى لەیلا دەنگی پیاوە دەنگى ئەو فەنتازیایە كە پیاو هەڵی چنیوە لەسەر كچان، گوایا كچان بێباكن و وەك پیاوان ناسووتێن. هەر ئەوە بەسە بۆ ئەوەى چیرۆكە ڕاست و پڕ لە ئازارەكەى مەجنوون و لەیلا بخوێنینەوە و بۆمان دەركەوێت لەیلاش قوربانییەكى بەدبەخت و ڕەنجەڕۆیە، یاخود هەر بە گۆشت و خوێن سەیرکردنی ژنان، دەزانین لەیلاش خاوەن هەست و سۆزە و خۆیشی هەم ئازار دەچێژێت. بەڵێ لەیلایش ئازاركێشە بە پێچەوانەى ویستى خۆیەوە دەدرێت بە كەسێكى تر و لە مەجنوونى دادەبڕن. بە دەربڕینێكى تر فەنتازیاى مەحوى كە فەنتازیاییكى پیاوانە “نێوسوبێكت”ییە كە دەبێت “ژن بێباك بێت و زەجر نەكێشێت، بەڵام پیاو داغدار و ئازاركێش بێت”. كەچی واقیع ئەمەیە؛ ژنیش وەك پیاو لەكاتى عاشقایەتیدا بێباك نییە و ئازار دەكێشێت. كورت‌وكرمانجى ئەوانیش گۆشت و خوێنن.  پێدەچێت لەگەڵ كەمبوونەوەى دەسەڵاتى پیاو و تێكشاندى ئەو دوالیزمەى كە یەكێكیان ئەوى تریان سەركوت دەكات، دەنگى ژن بێتە سەرەوە و ئەم جۆرە فەنتازیایەى پیاو تووشى جۆرێك لە هەرەس بێتەوە. پێموابێت لاكردنەوە لە دەنگى ناوەوەى ژن لاى هەندێك لە شاعیرانى كوردى وەك شێركۆ بێكەسەوە، بانگكردنەوەى دەنگە ونبوو و سەركوتكراوەكەى ژنە. كەژاڵ ئەحمەد هێنانەوەى دەنگە كپكراوەكەى ژنە لە دنیای شیعری کوردیدا؛ توانیویەتی دەربڕینێکی ژنانە بنووسێتەوە و دەنگی پانتاییە پەراوێزەکە بهێنێتە سەرەوە. بە شێوەیەكى ئۆبجەكتیڤانە بیسەلمێنێت ژن مەخلوقێكە هەر وەك پیاو. وەک چۆن لە چیرۆکی خانووە ڕەشەکەدا، خەڵکانێکی زۆر کۆمەڵێک چیرۆکی خورافیان درووستکردبوو گوایە ماڵەکە تارمایی و شتی لەو جۆرەی لێیە، ئاوەها شاعیرانی پێشوو ئەو خورافەیان هەڵچینییەوە لەسەر ژنان و کچان، گوایا ئەوان بێباکن و ئازار ناچێژن. شاعیرانی وەک شێرکۆ بێکەس و کەژاڵ ئەحمەد دەچنە ناو دڵی ژنانەوە چیرۆکی ڕاستەقینەی ژنان و کچان دەگێڕنەوە کە ئەوان بێباک نین. شێرکۆ و کەژاڵ ئەحمەد جیاوازی نێوان “واقع و فەزای فەنتازی) لەناو دەبەن”[11] پیاو مەحروم دەکەن لەو ڕوانینە باوەی کە ژنیان وەک بێباک تێیدا تەماشا کردووە. ئەوان هەوڵی ئەوەیان داوە ئەو چێژ و ئازارانەى بوون بە ژێر فەنتازیاى دێرینە و باوی پیاوەوە، بهێننەوە سەرێ و ئەوە بسەلمێنن ژنانیش كاتێك عاشق دەبن ئازار دەكێشن و بێباك نین، هەروەها  چڵێسن و تاسەى شاراوەیان هەیە بەرانبەر پیاوان. ئەوەش پیشان بدەن کە ئەوانیش بە جۆرێك لە جۆرەكان قوربانى بوون، بەڵام لەڕێى فەنتازیایەكى پیاوانەوە دەنگە ڕاستەقینەكەیان خنكێنراوە و ئازار و مەینەتییەكانیان وەرگەڕاوە بۆ جۆرێك لە بێباكى و گوێنەدان. شاعیرانێكى وەك شێركۆ بێكەس و كەژاڵ ئەحمەد … هتد هەن كە دەستدرێژیان كردووەتە سەر ئەو جۆرە فەنتازیایەى ئارەزووى پیاوى تیا دەبریسکاوە. ئەو فەنتازیایەى مەخلوقێكى وەك ژن دەكاتە بوونەوەرێكى بێهەست و هۆش، هەر بۆیەشە ئەم شاعیرانە ئەو جیاوازییە لەناو دەبەن کە دەكەوێتە نێوان “واقیع و فەزاى فەنتازی” یە کۆنەكەوە. بێ مەڵامەت نییە دەنگێك لە غەرب دیمەنى زاڵێتیى پیاو بەرانبەر بە ژن دەكێشێت. ئەو دەنگەش هێلین سێكسۆیە، ئەو لەو باوەڕەدایە “لە نیزامى “گوتە[12] تەوەرى” غەربدا، لە فەلسەفەوە بگرە تا دەگات بە ئەدەبیات، پیاو دەسەڵاتێكى زۆرترى هەبووە، مێژووى ئەدەبیات سەرانسەر بە پیاو، ئازارى پیاو، بە ئیشتیاقی ئەو بۆ شوێنى سەرهەڵدان دەگەڕێتەوە. گەڕانەوە بۆ باوك” .[13]هێلین سێكسۆ[14]  ئەوەى دەیخاتە ڕوو دەربارەى “فەرهەنگى باوكسالارانە، بە بۆچوونى ئەو سەرانسەرى كایە مرۆڤییەكانى “زانستە مرۆڤایەتییەکان”ی گرتووەتەوە، لەوانەش ئەدەبیات و لێكۆڵینەوە  ئەدەبییەكانیش. لێرەوە سێكسۆ ڕوانینێكى هەڵوەشانەوەگەراییانەى بۆ سیستمى “دووانە دژەكان” هەبووە. وای دەبینێت ئەم دژ و بەرانبەرانە هەموویان لەسەر بنەماى “پیاو/ژن”ـن. ئاماژەى ڕاستەوخۆ و دەلیلى سێكسۆ دەربارەى كۆمەڵێك تەعبیر و دەربڕینى وەك “لۆگۆس تەوەری- عەقڵ تەوەرى” و “نێر تەوەرى” هیچ گومانێكى لەوەدا نەهێشتووەتەوە كە لە ڕاستیدا، هەوڵى ئەو لە نیشاندانى خوێندنەوەى درێدایى لە سونەتى فەلسەفى یا فەرهەنگىدا زاڵبووە” . [15]

کەواتە كێشەى ونبوونى دەنگى ژن هەر كێشەیەكى خۆرهەڵاتى نییە، بەڵكوو كێشەیەكى غەربیش بووە هەروەک لە قسەکەی هێلین سیسکۆسەوە دەردەکەوێت. لە لایەکی دیکەوە ڕوانینی درێداشمان خستەڕوو، بەو پێیەی باوەڕی بە سەرکوتی یەکێک لە لاکانی دوالیزمەکە هەبوو لە لایەن لاکەی ترەوە. بۆیەش دەبینین فەلسەفەش پشکی هەبووە لە درووستکردنی ئەم دوالیزمەدا، هەروەک چۆن دۆڵۆز باوەڕی وایە ئەفلاتوون ژیانی ڕاستەقینەی کردە ئەفسانە؛ بەرائەت تەماشاکردنی فەیلەسووفان لە لاوازکردنی یەکێک لە لاکانی دوالیزمەکە، شتێکی هەڵەیە. شەپۆلى ئەو دوالیزمە هێزى لە ئەقڵە گەورەكانى فەلسەفەشەوە وەرگرتووە. هەروەك وتمان دوالیزم لە مێژوودا، ناهاوسەنگییەت بەشێك بووە لە تایبەتمەندییەكانى. ئەم دابەشكارییە “دوالیزم-دوولایەن”ـەییە لە غەرب لە لایەن “هەڵوەشانەوە گەراكان”ـى وەك درێداوە ڕووبەڕووى ڕەخنەى توند دەبێتەوە. ئەم ڕوانینیە دوالیستییە لەسەر بچوككردنەوە و كوشتنى ئەوى تر درووستبووە، هەروەك چۆن دەیبینین لە بەرهەمە شیعرییەكاندا دەنگێكى كوژراو هەمیشە هەستی پێدەكرێت، دەنگێك بە ناوى ئەوى ترەوە قسە دەكات كە لە ڕاستیدا تەنیا وەك كارەكتەر و قابڵۆخێك دەنگى ئەویترە نەك وەك دەنگێكى ڕاستەقینە. هەر ئەوەى لە شیعرەكەى مەحویدا بینیمان ئەوەى لەیلا دەیڵێت بەرانبەر مەجنوون، بۆچوونى لەیلا نییە، بەڵكوو فەنتازیاى پیاوە بە زمانى ئەوەوە دەربڕاوە.

داخت بۆ یەكێ ئەویش داخدار بێ

خەم خۆر و دڵسۆز هەتا سەر یار بێ

خۆشە دڵدارى لە هەردو سەر بێ

نەك تۆ بسوتێى ئەو بێ خەبەر بێ

نەك بە وێنەى ((شەم)) ترسى خواى نەبێ

لە پەروانەكەى هیچ ئاگاى نەبێ

دەربەستى ئێش و ئازارى نەبێ

ئاگاى لە ناڵە و هاوارى نەبێ[16]

وەلى دێوانە و شەم بەهۆى ناكۆكیى نێوان بنەماڵەكەیانەوە پەیوەندییەكەیان كۆتایى پێدێت. لە شیعری “دڵ بریان بێ” لاى وەلى دێوانە هەرەوەك مەحوى تووشى جۆرێك لە فەنتازیاى پیاوانە دەبینەوە. كچێكى بێباك سەرباری ئەوەش گۆشەیەك لە خەیاڵى شەم وێنەى وەلى تێدا نییە و بێخەبەرە و لە خوا ناترسێت! ئەوەى ئازار دەكێشێت وەلی دیوانەیە، ئەوەى داخدار و ماڵوێرانە وەلى دێوانەیە. سەربارى ئەوەى شەم هیچ دەسەڵاتێكى نییە لەو دابڕانەى كەوتووەتە نێوان ئەو و وەلى دێوانەى خۆشەویستییەوە، كەچى دەنگى وەلى دێوانە دەبێتە بڵندگۆ بۆ قسەكانى دڵى شەم. ئەوەى لە شەم ماوەتەوە هیچ نییە جگە لەو حوكمانەى وەلی دێوانە دەیدات بەسەر شەمدا. ئەو فانتازییەى وەلى دێوانە هەڵی چنیوە لەسەر شەم، ڕاستییەكەى دوور و نزیك پەیوەندى بە شەمەوە نییە. وەلى دێوانە لە فەنتازیایەكى باوى پیاوانەوە دەڕوانێتە شەم. چوارچێوەى فەنتازى هەوڵێكە بۆ درووستكردنى واقیع. هەر ئەوەى جۆرێك واقیع لە چوارچێوەیەكى فەنتازییەوە هێنراوەتە ئاراوە. ئەوەى ڕاستى بێت شەمیش كەسێكى ئازاركێش و كۆڵەوارە، بەڵام بەهۆى فەنتازیاى وەلی دێوانەوە كە فەنتازیاى پیاوە، نەك هەر سەركوتى دەنگى شەم دەكرێت، بەڵكوو كۆمەڵێك قسەشى بۆ هەڵدەبەسترێت كە لە شەمدا بوونیان نییە، بە دەربڕینێكى باشتر وەلى دێوانە مەودایەكى نەرێنى لە نێوان خود و ئەوى تر “لەیل”دا وەردەگرێت، ئەویش سەزەنشتكردنى شەمی یارەکەیەتی بەهۆى هەڵبەستنى تۆمەت و بوختانەوە.  ونكردنى دەنگى شەم ونكردنەوەى دەنگى ژنە. جارجار هەوڵدراوە لە جیهانبینى و ڕوانینى هەندێك لە شاعیرانى ئێمەدا، هێرشێك بۆ سەر فەنتازیاى باوى پیاو بكرێت. ئەو دەنگە ڕەفز بكاتەوە واقیع دەشێوێنیت. ئەو خورافاتە ڕیشەكێش بكات پێی وایە ماڵەكە پڕە لە جنۆكە و ڕۆحى مردووەكان. شێركۆ بێكەس لە دنیاى ئێمەدا هەمیشە بەشوێن هێنانەوەى دەنگە ونبووەكانى ژنەوەبووە. ئەو هێرشێكى مەترسیدارە لەسەر فەنتازیا درێژخایەنەكەى پیاو. شێركۆ بە ناوى ژنەوە باشتر قسە دەكات لە خودى ژن. ئەو وەك شاعیرانى پێشوو نییە فەنتازیاى پیاوانە بپارێزێت. شێركۆ هاوار دەكات ماڵەكە نە جنۆكەى تیایە نە ڕۆحى مردوو، ئەوەى هەیە ماڵێكى كۆنى وێرانە و جێهێڵراوە. ئەو دەیەوێت فەنتازیای پیاوەكان ڕووبەڕووى هەرەس بكاتەوە. هەر ئەوەى كە شێركۆ زۆر جار وەك دەنگى ژن دەناسرێت، بەو مانایەیە ئەو دەنگێك دەنووسێتەوە دەنگى پیاو نییە. ئەو ئازارێك گۆ دەكات ئازارى خودى ژنە. ئەو ژن دەخاتەوە ئەو دۆخەى كە تواناى تەعبیركردنى لە خۆى هەبێت. بۆ نموونە شێركۆ بێكەس لە شیعرى ” فڕینە كوژراوەكانى ژندا” دەڵێت:

ئاخر تۆ ژن بووی ژن

بویه‌ جۆگه‌یه‌ك به‌ ته‌نها بۆ ئه‌وەی لێت بخۆنه‌وه‌

دۆشه‌كێك بۆ ئه‌وه‌ به‌ ته‌نها له‌سه‌رت پاڵ بكه‌ون

په‌ڕۆیه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌نها پاك بكه‌یته‌وه‌

كولانه‌یك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر تێی بخه‌وی

جه‌سته‌یه‌كیش بۆ ئه‌وه‌ی له‌ وه‌خت و

 ناوه‌ختا ببیته‌ سفره‌یه‌كی هه‌میشه‌ ڕاخراو بۆ ئه‌وان

ئەم دێڕانە ڕاستییەكەى وەسفى بێدەنگیی ژنن، بێدەنگیى ژن لەو ڕووەوە كە كراونەتە میدیۆمێك لە نێوان ئارەزووەكانى پیاو و بەدەستهێنانى چێژدا. بە ژن دەڵێت: “بووى بە جۆگەیەك بە تەنیا بۆ ئەوەى لێت بخۆنەوە” ژن لێرەدا جۆگەیەك ئاوە، پیاو لێى دەخواتەوە بۆ ئەوەى تینوێتى بشكێت. جۆگە كەوتووەتە نێوان پیاو و شكاندنى تینوێتییەوە، بە دەربڕینێكى دى ژن كەوتووەتە نێوان پیاو و هەدەفى پیاوەوە. هەدەف تێركردنى ئارەزووى پیاوە. سەرانسەرى ئەم دێڕانە بەهۆى كردنى ژن بە میدیۆمێك، باشتر بڵێین بە ئامرازێك و دەنگى بووە بەژێر ئارەزووەكانى پیاوەوە. شێركۆ بێكەس پاش وەسفكردنى دۆخى ژنان وەك مەخلوقێكى بێدەنگ و بەئامرازكراو. دەیەوێت دەنگە نووستووەكەى ئەویتر “ژن” بهێنێتە قسە. دەنگە نێژراوەكانى ژن لە شیعرى ئێمەدا زیندوو بكاتەوە دەڵێت:

وا وه‌ره‌ كه‌ ئیتر مێینه‌ی خۆت بیت

جه‌سته‌ی خۆت بیت، ڕۆحی خۆت بیت

مێینەى خۆت بە ماناى ئەوە دێت مێینەى ئەوى تر مەبە. جەستەى خۆت بە و ڕۆحى خۆت بە واتە جەستە و ڕۆحى ئەوى تر مەبە. ئەم دوو دێڕە بانگكردنەوەى دەنگە خنكاو و شاراوەكەى ژنە. ئەمە بانگكردنى دەنگى ژنە لەڕێى سەندنەوەى مێینە بوون و ڕزگاركردنى جەستە و ڕۆحى خۆیەوەیە.

بۆچوونى من هەر لەگەڵ بۆچوونە باوەكەدایە كە پێی وایە ژن لە شیعرى كلاسیكدا و ئەوانەى دیدى كلاسیكیانەیان هەیە، زۆرتر لاكردنەوە بووە لە ڕووخسارى ژن، ئەویش لەڕێى بوونەوەرێكى خاوەن دەروونى وەك پیاوەوە. زۆر جار کە تەماشای ئەدەبی کودری کلاسیک دەکەم، خێرا بەنێو وێنەگەلی بێشووماردا تێدەپەڕم، ئەدەبێک ڕووبەرێکی فراوان لە وێنە داگیری کردووە. بینین بەشێکی گەورەی ناو ئەدەبی ئێمە پێک دێنێت، بە تایبەت کاتێک بەر وێنە دڵداری و سرووشتییەکان دەکەوین. پێدەچێت هەڵە نەبین وەک “ئەدەبی چاو یان بینین” وەسفی شیعری کلاسیک بکەین، بە تایبەتیش کاتێک بەر شیعری سرووشت و دڵداری دەکەوین. کاتێک گۆران و تەنانەت شێخ نووری شێخ ساڵح وەک نوێگەر دێنە پێشەوە، بەشێک لەو کاریگەرییە زۆرەی ئەدەبی کۆن لە زەینی ئێمەدا هەڵی کۆڵیووە، دووبارە دەکەنەوە کە پەیوەندی بە دروستکردنی وێنەوە هەیە، جا وێنەی سرووشت بێت یان وێنەی ژن بە تایبەتی. کاتێک گۆران بووە بە شاعیرێکی کاریگەر لە ناوماندا، زۆرتر بەهۆی کێشانی وێنە شیعرییەکانییەوەیە (هەستی بینینەوە). ئەمە بەو مانا نایەت کە شاعیرەکانی تری وەک شێرکۆ و بەختیار عەلی و… وێنە لە شیعرەکانیانا نییە، جیاوازییەکە لەویایە مەحاڵە وەک ئەدەبی پێشووی خۆیان ئەو ناوەیان بەسەرا ببڕین، چونکە شێرکۆ و بەختیار عەلی، دیوێکی ناوێنەیی ڕووبەری شیعری ئەوانی داگیر کردووە، ڕۆ دەچن بە ناوەوەی مرۆڤ و بەڵا و موسیبەتەکانا. کە شێرکۆ دەخوێنیتەوە، لەگەڵ وێنەشا بەر دیوی ناوەوەی ژن دەکەویت. بەر ناوەوەی ژیانی ژن و خوولیاکان و ئازارەکانی دەکەویت. لە شیعرى كلاسیكى كوردیدا، ژن كەمتر بوونەوەرێكى خاوەن دەروونە، هەتا گەر خاوەن دەروونیش بێت، دەروونێكە پیاو پێى بەخشیووە، یان دەروونێکە لەڕێی ڕووخسارەوە هەڵ دەگیرێت. زۆر جار دەروونێكى ئەرێنی نییە و نەرێنیشە، بۆ نموونە كچان و ژنان ئازار ناكێشن، بەدبەخت نابن، بێباكن یان ژنان بێ پەیمانن، حەزەکانیان، خۆشی و لەزەتەکانیان.. هتد. هەروەك نالى دەڵێت:

لە ئەشكەنجەی شكەنجى زوڵفى ئەو بێوەعدە مورغى دڵ

دەناڵێنێ وەكوو بولبول لە صبحى كاذبى شەو دا [17]

پێدەچێت یارێكى بێوەفاش لە ئارادا نەبێت، تەنیا فەنتازیایەكى پیاوانە بێت كە فەنتازیایەكى تەواو سوبێكتى نییە تەنیا لە نالیدا قەتیس بخوات، هەر وەك دەستكەوتێكى نالى بێ و بەس، بە پێچەوانەوە فەنتازیایەكى نێوسوبێكتییە، لە لایەكى تریشەوە پیشاندانى دیمەنێكى زەلیلانەی پیاوە بەرانبەر بەخشینى دەروونێكى نەرێنیانە بە ژن، بۆ درووستكردنى هەستى بەزەییە كە شیعرى كۆن لێوانلێوە لەم جۆرە دیمەنانە. هەڵچنینى فەنتازیاى پیاو لەسەر ژنان بەو شێوەى خۆیان ئارەزووی دەكەن، تەماشاى دەكەن، پەیوەست نییە بە هەبوونى یارێكى واقیعى، تەنانەت لە غیابى هەبوونى یارێكیشدا ئەم جۆرە لە تەماشاكردنى ژنان و كچان بوونیان هەیە. مەندى[18]  شاعیریش لەم پارچە شیعرەى درێژكراوەى نیگا و ڕوانینەكانى شاعیرەكانى پێشوو، ئەوەى لاى نالى و مەحوى و شاعیرانى تریش دەیبینین لاى مەندى شاعیریش جارێكى دى خۆیمان پیشان دەداتەوە و دەڵێت:

ئەگەرچى نەیبوو خۆ دولبەر، لە ئێشى ڕێشى من باكى

بە ناڵەم داى لە خەندەى لێو، لە من وا بۆ صەفا بوو چووم

نە مەیلى بوو عیلاجمكا، نە ئاگاى ما لە زارینم

چۆن پەروانە بۆ شەم سووت، بە سوتن چووم كەچى هەر چووم

فەنتازیای پیاو لە ئەدەبی شیعری کۆنی ئێمەدا بە جۆرێک لە جۆرەکان، فەنتازیایەکە پێشوەختە وەک “نێوسوبێکتێک” بوونی هەیە. بە دڵنیاییەوە “فەنتازیایەکی ویستراوە” ویستراوە لەو ڕووەوە کە پێیان وابووە، دەبێت هەموو ژنێک یان کچێکی جوان ببێتە مەینەت و داخ، لە دڵی پیاواندا. لای مەندی شاعیر ئەم جۆرە فەنتازیایە بە شێوەیەکی قەشەنگ هەڵدەماڵرێت و دەڵێت: “دەبێت وابێ نیگاری گەر پەریزادێ لە حۆری بێ/ هەزاران دڵ بتۆرێنێ، بە نیگایەک لەناو سینە”. مەندی شاعیر پێیوایە گەر یار لە جنسی حۆری بێت، دەبێت توانای ئەوەی تێدا بێت بە یەک نیگا دڵ لە دڵی دڵداران بدزێت. تۆراندن لێرەدا بە مانای پێچانەوەی باروبنەی دڵ “هۆش و گۆش” ی دڵدار بۆ لای کچی وەک حۆریە. ئەمەش درێژکراوەی فەنتازیا لە مێژینەییە کەیە.

بەشێكى زۆرى ونبوونى دەنگى ژن، نەبوونى برین و موعاناتى ژن دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى ژنان خۆیان خاوەن شیعر و نووسین نەبوون ئەگەر خاوەنیشى بووایەن پێدەچوو بەهۆى كاریگەریی ئەو دابەشكارییە دووانەییەوە کە پێش ئەفلاتوونیش هەر هەبووە و جارێکی تریش لە ئەفلاتوونەوە هێزى پێ دەدرێت تا دەنگى ژنان و كچان بە شاراوەیى بمێنێتەوە. ئەم دابەشكارییە وای كردووە شتێكى ڕاستەقینە هەبێت و خاوەن سێبەر بێت. هەمیشە جیهانێك هەیە نرخى لە جیهانێكى تر كەمترە، نیگایەك بەقیمەتترە لە نیگایەكى تر. هەموو بڵندگۆیەك پڕە لە دەنگى ترساو و شاراوە. پڕە لەوى تر كە دەنگى نابیسترێت. هەروەك وتمان فانتازیا هەڵچنین لەسەر ماڵەكە ئەوە بوو ماڵەكە خاوەن جنۆكە و ڕۆحى مردووە. ئەم باوەڕە بووە بە جۆرێك لە حەقیقەت و لە هەموو جێیەك بڵاو بووەتەوە وەك “واقیع” ڕاستەقینەیەك دەجوێنرێتەوە لە لایەن خەڵكییەوە. ئەو كەسەى دەچێتە ناو ماڵەكە و دەگەڕێتەوە، دەبێتە خاوەنى چیرۆكێكى تر لە هى خەڵكى ناچێت و سەر بە فەنتازیاى خەڵكى نییە. چیرۆكی دەنگێكى ترە، دەنگى ڕاستەقینە “واقع”ـى ماڵەكە، دەنگێكە پێمان دەڵێت ئەم ماڵە وێرانە هى ئەوە نییە مرۆڤ تێیدا بژى و كۆنە و داڕزاوە. هەر بە ڕاستى هیچ جنۆكەیەكى تێدا ناژى. ڕۆحى مردووەكان لەناو فانتازیاى خەڵكەكەدایە نەك ماڵەكە کە ئارەزووى خەڵكەكەى تێدا دەنوێنرێتەوە. ئەوانەى بە ڕاستى دەچنە ناو دەروونى ژنەوە، دەبینن ئەوانیش مەخلوقێكن كاتێك لە خۆشەویستەكانیان دادەبڕێنن، ئازار دەكێشن و بێباك نین. ژنانیش تێدەگەن لەوەى كە  مەجنوون بە خۆڕایى ئەقڵى خۆى بە با نەداوە، چونكە هەر بە ڕاستى خۆشیان ئەقڵیان بە با چووە و شێت بوون، بە مانایەكى ڕوونتر لە فەنتازیاى مەحویدا كە هەمان فەنتازیاى باوى پیاوە مەجنوون هەناسەسەرد و خەمگینەکەیە، كەچى لەیلا بێمێشكێكە تێناگات لەوەى بۆ وا مەجنوون دەردەدار بووە! گەر سەرێك بەین لە دڵى كچان، واتە ماڵەكە، ئەوا دەبینین ئەوانیش ئازار دەكێشن و خەمگین دەبن. گەر فەنتازیاكەى پیاو پارچەپارچە بكەین، شڕ و شیتاڵى لە یەك بكەینەوە، دەبینین لەیلاش شێتە و مەجنوونە، بەڵام چونكە ئەو دەنگی ئەویترە و دەنگێكە سەر بەو لا وەلكراوەى دوالیزمەكەیە و هەناسەى ناو پەراوێزەكانە و دەنگێكى خنكاو لە فانتازیایەكى چەندان هەزار ساڵەى پیاودا، ئەو وەك ئۆبێكتەكان “شمەك و كەلوپەلەكان” یان وەک مرۆڤێکە دەروونی ئازار هەڵناگرێت  تا ببێتە مەخلوقێکی خاوەن ئازار؛ دەربڕینێكى باشتر بۆ ئەم حاڵەتە، ژن زۆر جار مەخلوقێكە وەك پیاو ناتوانرێت كارتێكراوى دەروونى هەبێت. پێم وابێت بێباكیی ژن لە بەرانبەر هەرەس و دابڕانى لەگەڵ خۆشەویستەكەیدا لە ڕووانگەى شاعیران و نووسەرانەوە، زۆر دیوى تریشى هەیە، لەوانە هەستی بەزەیی پێداهاتنەوە لە لایەن ئەوانی ترەوە. ژن بێباك پیشان دەدرێت تا شاعیر قووڵتر برین و ئازارەكانى خۆى پێ وێنا بكات. واتە شاعیر دەنگى ژن دەخنكێنێت تا داماوى و دەنگى ئازارەكانى زیاتر بچن بە ئاسماندا و هەستى بەزەیی پێداهاتنەوە بخوڵقێنێت. هەتا دەنگى ئەوى تر كە ژنە ونتر بێت، شاعیر وەك نێرینەیەك باشتر تەعبیر لە ئازارەکانی دەکات. لاى وەلى دێوانەش گەرچى ئەویش بەش‌مەینەتێكى ترى جیهانى ئێمەیە، كەچى هاتووە سەربارى ئەوەى دەنگى خاتوو شەمسە “شەم”ـى ونكردووە، تەعبیر لە بەدبەختییەكانى یارە بێدەسەڵاتەكەى ناكات. حەسرەت و مەینەت و بێدەسەڵاتییەكانى یارەكەى ناخاتە ڕوو، بەهۆى كۆمەڵگەى ئەوكاتەوە. هاتووە دەست دەكات بە تۆمەت هەڵبەستن و دەڵێت ئەو داخدار نییە و بێباك و خوانەناسە. ئەوێكى ترى درووست كردووە، بەس ئەو نییە، بەڵكوو فانتازیاكەى خۆیەتى. نابێت فریوى ئازارەكانى وەلى دێوانە بخۆین، زۆر جار لە كاتى شیعر و توڕەییدا قسە لە كەس وەرناگیرێت. ڕاستییەكەى ئەم تۆمەتانەى وەلى دێوانە بۆ خاتوو شەمى یارەكەى هەڵی دەبەستێت  دوو شتە: یان ئەوەتا بۆ ئەوەى برینەكەى خۆى قووڵتر نیشان بدات، هەر بۆیەشە یارەكەى بێباك پیشان دەدات، خوانەناس، بێهەست و ئیحساس! بە دەربڕینێكى دى وەلى دێوانە وا خۆى دەردەخات کە قوربانییە و واش دەری دەخات شەم بێباكە، ئەم وادەرخستنەی ژن “شەم”؛ ئەم ئەویتر دەرخستنە مانایەکی دی هەر سەر بە چەمكى فەنتازیا باوەكەى پیاوە، یان ئەوەتا وەلى دێوانە هەر بە ڕاستى تووشى پچڕانى ئاگایی هاتووە، تواناى بینینى ئەو حەقیقەتەى نەماوە شەمى تێكەوتووە و بەبێ ویستى خۆى دەدرێتە كەسێكى دى. بە ڕاستى پیاو زیرەكە لە گوێزانەوەی دیمەنێكى تراژیدى، لەو ڕووەوە سەختە و قورسترە بەرانبەر بێباك و بێهەستێك زەلیل بیت. تۆ تەماشاكە لە مێشكى ئێمەى كورددا بۆ وێنەى ئەنفال و هەڵەبجە هێندە قووڵە؟ لەبەر ئەوەى وێنە و كارەساتەكە كۆمەڵێك بەعسى فاشیست درووستیان كردووە كە وێنەى بێباكێك بەرانبەر بێگوناهێكە. وێناى بێباكێك كاریگەرترە لە وێنەى كەسێك كەمێك باكى هەیە بەرانبەر بێگوناهێك. سوودوەرگرتن لە چەمكى بێباكى بەرانبەر بە ژن لە ئەدەبى پیاوانەدا سوودوەرگرتنێكى بێویژدانانەیە، گەرچى بۆ گوێزانەوە و باشتر گەیاندنى خەمەكانى شاعیریش بێت. ژن سەربارى ئەوەى دەنگى كوژراوە، كەچى تۆمەتیشى بۆ هەڵدەبەسترێت و كۆمەڵێك قسە دەدرێتە پاڵى لە لایەن ئازیزانییەوە كە لە ڕاستیا وا نین، هەر وەك ئەوەى وەلى دیوانە دەیداتە پاڵ شەمسە خان “شەم” ى بێتاوانى بێدەسەڵات. وەلی دێوانە زۆر بە باشى زانیوویەتی شەم لە كۆمەڵگەیەكدایە كچ تێیدا ئازاد نییە، سەربارى ئەو ناكۆكى و دوژمنایەتییەى كەوتووەتە نێوان هەردوو بنەماڵەكەیانەوە “بنەماڵەى شەم و وەلى دێوانە” كەچى گلەیی دەكات دەڵێت:

تۆ جارێ نایەیت بۆ سەر وەختى من

گوێ نادەیت بە ئاه زامى سەختى من

ناپرسیت ئاخۆ من بۆ تۆ چۆنم

بێ باكى لەتین قرچەى دەروونم

بێ مروەتیت كرد هەى شەم دەربارەم

من بۆ تۆ قەیسی سیاه ستارەم

هەواى كوێستانت وا بۆ بووەوە

حەیفت كرد منت لەبیر چووەوە [19]

شەمى بەدبەخت لە وەلى دێوانەى دەستگیرانى دەكرێت، بەهۆى تێكچوون و دووژمنایەتى بنەماڵەكەیانەوە. پاشان دەدرێت بە شوو. شەم بە نابەدڵى شوو دەكات. پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە ئەى بۆ وەلى دێوانە خۆى ناچێت بەسەر وەختى شەمەوە. ئەو لە كوێوە دەزانێت شەم گوێ نادات بە زامى سەختى وەلى دێوانە؟ چۆن زانیت تۆى لە بیرچووەتەوە؟ زانینەكەى وەلی دێوانە زانینێكى ناو فەنتازیا باوە درێژەكەیە. وەلى دێوانە دەزانێت ماڵەكە جنۆكەى تێدایە بێ ئەوەى چووبێتە ناو ماڵەكەوە!  پاش ئەوەى ناكۆكى لە نێوان بنەماڵەكانیان درووست دەبێت، وەلى دێوانە شەم نابینێتەوە، بەڵام دڵنیایە لە بێباكى شەم! دڵنیابوونەوەى وەلی دێوانە لە بێباكى شەم، بەرهەمى فەنتازیا پیاوانە درێژخایەنەكەی جیهانى ئێمەیە و لە لایەكى ترەوە بەرهەمى جیاوازییەكى پەتیى نێوان ژن و پیاوە لەناو مێژوودا. ڕاستییەكەى ئەوەیە وەلى دێوانە لەو كەسە دەچێت كە ماڵەكەشى بینیوە كەچى قەوانەكەى پێشوو لێدەداتەوە. هەمان ئەو چیرۆكە دەگێڕێتەوە كە خەڵكى تر دەیگێڕنەوە! وەلى دێوانە لەو كۆمەڵگەدا ژیاوە و گۆش بووە و زانیویەتى، بار و زرووفى كۆمەڵگە بە جۆرێكە كە ژنان تەنانەت ناتوانن بە ئاشكرا دوو دڵۆپ  فرمێسك بڕژن بۆ مەعشووقەكانیان، سەربارى ئەوەش دەڵێت شەم بێباكە و سەرێك نادا لە حاڵى ئەو! وەلى دێوانە لەناو ماڵەكەشدایە كەچى هەر چیرۆكى هەڵبەسترا و خورافى لەسەر ماڵەكە دەگێڕێتەوە !

 دووبارە سوودوەرگرتن لە چەمكى بێباكیى ژن، ژن وەك بێباك تەماشاكردن. خراپ نییە چەمكى بێباك لە دیدى ئەرستۆوە ڕوون بكەینەوە، بۆ ئەوەی بزانین چەند چەمکێکی قێزەونە كە بۆ هەندێك بووەتە جێى شانازى و لە ژیانى ڕۆژانەماندا شانازى پێوە دەكرێت. خەڵكانێكی زۆر هەن وەک جۆرێک لە میکانیزمی بەرگری، هەوڵ دەدەن سوود لە چەمكی بێباکبوون وەربگرن یان وەک جۆرێک فەنتازیا هەڵیدەدەنە سەر ئەوی تر. ئەرستۆ لە كتێبە هەرە زەریف و جوانەكەى دا بە ناوى “ئەخلاق”ـەوە پێناسەى فەزیلەتمان بۆ دەكات و ڕستێك فەزیلەتى ئەخلاقی و ئەقڵانیمان بۆ شی دەكاتەوە، کە یەكێك لەو فەزیلەتە ئەخلاقیانە ئازایەتییە. فەزیلەت بە بۆچوونى ئەرستۆ “حد وسط-ناوەندێتی” ـیە دەكەوێتە نێوان دوو “افراط- زیادەڕەوی” و “تفریط- کەمڕەوی” ـەوە. زیادەڕەوی: زیادەڕەوىكردنە بەرەو سەرەوە، کەمڕەوی: زیادەڕەوییە بەرەو خوارەوە. بۆ نموونە دەستبڵاوى زیادەڕەوییە بەرەو سەرەوە و ڕەزیلى زادەڕەوییە بەرەو خوارەوە، بەڵام سەخییەتى دەكەوێتە نێوان دەستبڵاوى و ڕەزیلییەوە. بۆیە سەخییەتى لاى ئەرستۆ دەبێتە فەزیلەت، بەڵام دەستبڵاوى و ڕەزیلى دەبنە “زیادەڕەوى و كەمڕەوى”[20] .  بچینەوە سەر چەمكى بێباكى لاى ئەرستۆ. سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین لاى ئەرستۆ چەمكى ئازایەتى دەكەوێتە نێوان چەمكى بێباكى و چەمكى ترسنۆكییەوە. بەم شێوەیەى لێدێت. “بێباكى ـ ئازایەتى ـ ترسنۆكى” ئازایەتى پەسەندكراوە لاى ئەرستۆ، بەو پێیەى كەوتووەتە نێوەندەوە، هەر بۆیە چەمكى ئازایەتى دەبێتە فەزیلەت لاى ئەرستۆ. ئازایەتى لاى ئەرستۆ ئەوە نییە تۆ گوێ نەدەیتە هیچ شتێک و لە هیچ شتێك نەترسى، بەڵكوو ڕێك بە پێچەوانەوە لاى ئەرستۆ ئازایەتى ئەوەیە كە لە كات و شوێنی خۆیدا ئازایەتى خۆت نیشان بدەیت، بەپێى گونجاوى لە كات و شوێنى خۆشیدا بترسى.  واتە ئەمە ئازایەتى نییە پێت بڵین ئەم ئیشە مەكە چونكە دەبێتە هۆى كوشتنى منداڵ و ژنەكەت، بەڵام تۆ گوێ نەدەیت  و هەر بیكەیت. لاى ئەرستۆ ئازایەتى لە كاتى خۆى و شوێنى خۆیدا خۆى دەردەخات، بەڵام بێباكى زیادەڕەوییە، ئەرستۆ وا تەعبیرى دەكات مەگەر كەسێك شێت بێت گوێ نەدات بە هیچ بێباک بێت. بۆ نموونە بڵێن وڵاتەكەت وێران ئەبێت شەڕ مەكە كەچى تۆ گوێ نەدەیت هەر شەڕ بكەیت، ئەمە ئازایەتى نییە، بەڵكوو بێباكییە. بە بۆچوونى ئەرستۆ بێباكیش زیادەڕەوىكردنە و نەخوازراو و ناپەسەندە. كاتێك شیعرەكەى مەحوى دەخوێنینەوە بەبێ ئەوەى ناوى بێباكى بهێنێت، بە شاراوەى دەریدەخات كە لەیلا بێباكە وەكوو مەجنوون داخدار نییە، بەڵام ئەم بێباكییەى لەیلا زیادەڕەوییەك نییە ناوەڕاستەكەى ئازایەتى بێت و كەمڕەوییەكەى ترسنۆكى بێت. ئەم بێباكییەى لەیلا وەك مەعشووق زیادەڕەوییەكە ناوەڕاستەكەى “حەدى وەسەتەكەى دەبێتە دانبەخۆدا گرتن” و كەمڕەوییەكەشى دەبێتە “ڕسوا بوون-زەلیل بوون” بە دەربڕینێكى دى بە قیاس لەسەر دەربڕینە ئەرستۆییەكەى بۆ زانینى فەزیلەت ئاوەهاى لێدێت “بێباكى ـ دانبەخۆ داگرتن ـ ڕسوابوون یان زەلیلبوون” لێرەدا ئەوەى دەیبینین بێباكى ناپەسەند و نەخوازراوە، چونكە زیادەڕەوىكردنە، لە لایەكى ترەوە زەلیلبوونیش هەر ناپەسەند و نەخوازراوە، بەڵام دانبەخۆداگرتن كە دەبێتە حەدى خۆى، فەزیلەتە چونكە دەكەوێتە نێوان زیادەڕەوى و كەمڕەوییەوە. شیعرەكەى مەحوى بێباكى بڕیوە بە باڵاى لەیلادا كە بە مانا ئەرستۆییەكەى نەخوازراو و ناپەسەندە و بێباكێك نییە گوێ نەدات بە هیچ پرەنسیب و بنەمایەك، هەروەك مەجنوون كە كەوتووەتە حاڵەتى شكاندنى كەسایەتى و زەلیلبوونەوە. مەجنوون کە بێباکییەکیش بووبێتە پشکی بەهۆی ئەوەوە نییە کە هەر لە سەرەتاوە بێباک بووە وەک لەیلا، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، ئەو وەک مەخلوقێکی خاوەن هەست و سۆز و کارتێکراو چووەتە دۆخێکەوە بێباک بەرانبەر چاوی ئەوی تر “کۆمەڵگە”، بەڵام داڕزاو و داوەشا و لە ناوەوە و لە بەرچاوی ئەوی تر. بە مانا فرۆیدییەكەى ئیدى بەرەڵا بووە، واقیع هێزى نەماوە غەریزە و ئارەزووەكانى ببڕێت، نەست بە تەواوى من “ئیگۆ”ـی قوتداوە و تووشى پچڕان هاتووە لەگەڵ واقیعدا. بێباكییەكەى لەیلا بێباكییەكە هەست و ئارەزوو تێیدا هەناسە نادات، ئەو كارتێكراو نییە و هیچ ئاسەوارێكى عاشقانەى تێدا نابینرێت. گەر فەنتازیا باوە پیاوانەكەى پیاو هەڵبگرین، ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت لەیلاش هەر وەك مەجنوون لە دۆخى “زەلیلبوون”دایە هەروەك مەجنوونە، بەڵام واقیع بەسەر ژنانەوە زۆر ئەستوورترە بەهۆى بوونی كۆمەڵگەی پیاوسالارییەوە، ئەم واقیعە ڕەق و ئەستوورە لەیلاى خزاندووەتە ناو ماڵەوە و نەكەوتووەتە سارا [21]. لەیلا واقیعە بەهێزە بێبەزەییەكەیە، وا دەریدەخات لەیلا بێباکە “بە شێوەیەكى گشتى واقیع ئەستوورە پیاوسالارییەكە، ژنان بە شێوەیەكى گشتى وەك مەخلوقێكى بێباک پیشان دەدات”، بەڵام ڕاستییەكەى ئەوەیە ئەو بە شێوەیەكى دەروونى لە ناخەوە كەوتووەتە سارا بەهۆى ژنبوونەكەیەوە. لاى وەلى دێوانەش بە هەمان شێوەیە، چەمكى بێباكى دەسەپێنێت بەسەر خاتوو شەمدا. وەك بڵێى شەم شتێک بێت یان شێت بێت، هیچ هەستێكى نەبێت و گوێش نەدات بەو ئازارەى خۆشەویستەكەى دەیچەژێت. ونبوونى دەنگى ژن لە شیعر و ئەدەب و تەنانەت فەلسەفەشدا، تەنیا ونبوونێكى ڕووت و ئاسایی نیییە گوێى لێ بخەوێنین، ڕێك بە پێچەوانەوە ونبوونێكە لەڕێى فەنتازیاى پیاوەوە ئیشى لەسەر كراوە. ونبوونێكە بەرەنجامى دابەشكارییە دوالیزمییەكەیە كە لایەك لایەكى دى دەبێتە سێبەرى. زۆربەى ئەو قسانەى دەردەبڕێن بەدەم ژنەوە، قسەى ژن نین. ئەو هەستەى بە ناوى ژنەوە دەردەبڕێت لە چوارچێوەى فەنتازیاى پیاوەوەیە، فەنتازیاش هەمیشە واقیع دەگرێتە چوارچێوەوە. ونێتیی ژن وەك ئایكۆنێكى بەرجەستەى ئازاد وای كردووە زۆر تۆمەتیشى بەسەردا ساخ بێتەوە. بە گەڕانەوە بۆ دەرەوەى شیعرەكە گەڕان بەشوێن كونج و كەلەبەرەكانى ژیان و ڕووداوە ڕاستەقینەكاندا و فەرهەنگ و كولتوورى زاڵ و دنیابینى ئەو سەردەمە، دەتوانین دەنگى ئازارەكانى ژن بۆ پیاو بدۆزینەوە. گەر تەنیا ژن بە خاوەن دەروون بزانین، باوەڕمان بێت ئەویش كارتێكراوە وەك پیاو، دەگەینە ئەو باوەڕەى ئەویش ئازار دەكێشێت، خەم بۆ ئەو كەسە دەخوات كە لەدەستی داوە، بێباك نییە.

وەلى دێوانە ئەوە نابینێت كە شەم بە پێچەوانەى ویستى خۆیەوە دەدرێت بە شوو. كوێرە لە ئاست بێدەسەڵاتى ژن “شەم”ـى یارەكەى. بە قوڕگێكى تەواو نادادپەروەرانەوە دەكەوێتە وێزەى شەم و لێشاوێك تۆمەت دەبەخشێتەوە بەسەر شەمدا. ئەوەى ئێمە نایبینین ئەوەیە كەسێك بە نەفەسێكى بەرگریانەوە بێت و بێدەسەڵاتییەكانى شەم بهۆنێتەوە. خەمەكانى ئەو لە دوورى وەلى دێوانە بنووسێتەوە. وەلى دێوانە و شەم هەردووكیان دوو كەسى گیان‌فیدان، دوو زامى گەورەن هەر وەك مەم و زین. گەر زین و شەم شاعیر دەبوون و واقیع تەنک بووایە بەسەریانەوە، ئەوكات دەنگێكیان لێوە دەهات. پێدەچوو كولتوورى ئێمە هەر ئەمە نەبێت كە مەحوى دەڵێت:

بەجێ نایێ دەبێ ڕوو بكەینە سارا / حەقى ئادابى مەجنوون وا لە شارا .

گەر قوڕگێكى ژنانەى بەهێز هەبووایە، ژنانیش تواناى یاخیبوونیان هەبووایە، ئەوانیش دەكەوتنە سارا، یان هەر نەبا گەر شاعیر بووایەن دەیانتوانى تەعبیرى عاشق بوون بكەن بە مانەوە لە ماڵ و زەجركێشان، هەروەك خاتوو زین و خاتوو لەیلا و شەم نەكەوتنە كێوان و سەحرا “بیابان” كەچى عاشقیش بوون. زۆر جار دەبینین تەعبیرى ئازارى عەشق لاى شاعیرە پیاوەكان بە كەوتنە سەحرا دەردەبڕێت هەروەك كەمالى دەڵێت:

دەردى عەشقت وێڵى دەشت و هردەوو سەحرام ئەكا

توشى سەد بەدناوى یو دوچارى سەد سوادم ئەكا..

یان هەروەك شاعیر كۆماسى (1798 ـ 1878) دەڵێت:

تو بردن وە خاك سیاى تەنگى تار

من مام پەى ئازار جەفاى ڕووزگار

هەر ڕۆ چون مەجنوون خاتر جەم غەم كەیل

هەر لەیل لەیلمەن نە هەردەى دوجەیل

كۆماسیش لەو ڕۆژەوەى یارەكەى مردووە، هەروەك ئادابى مەجنوون كەوتووەتە سەحرا و بیابان، سەرگەردان بووە لە دەشتى دوجەیلدا .[22]

هەروەها سەیدی (1784 ـ 1854)  دەڵێت:

ئەز مەجنوون و وێڵى تۆ

شێت و ئەراگێل و تەنۆ[23]


[1]  اوکوتاویوپاز، ترجمە خشایار دیهیمی، ص ١٣، ناوی سایت

[2] ئەم جیهانەى ئێستا  مرۆڤ تێیدا دەژى.

[3]    ریچارد پاپكین و اروم استرول، كلیات فلسفە، ترجمە سید جلال الدین مجتبوى، انتشارات دانشگاە تهران، چاپ پنجم، سال 1581، ص 168 ـ 169

[4] دكتر محمد اصغرى، درامدى بر فلسفە معاصر غرب ( از هسرل تا رورتى)،  چاپ و صحافى سفیر اردهال، چاپ اول 1399، ص 344

[5]    دكتر محمد اصغرى، فلسفە معاصر ص 337

[6]زیبایی شناسی زدایی رویکرد ساختارزدایانە بە زیبایی شناسی، دکتر مهدی خبازی کناری و دکتر وصبا سبطی، چاپ و صحافی ندا، چاپ اول، سال ١٣٩٦، ص ٤٣-٤٤

[7]  هەمان سەرچاوە ص ٤٦- ٤٧

[8]  زیبایی شناسی زدایی رویکرد ساختارزدایانە بە زیبایی شناسی، ص ٤٢

[9] چیرۆکی خانووە ڕەشەکە، چیرۆکی کوڕێکی گەنجە کە دەچێتە شارۆچکەیەکی بچووک لە ئەمریکا، دەچێتە ناو مەیخانەیەکەوە و لەوێ کۆمەڵێ دەربارەی ڕووداوگەلێکی سەردەمی گەنجیان لەسەر خانوویەکی ڕەش قسە دەکەن، کەچی تێیدا ڕوویداوە. خانوویەکی ڕەشی وێران، بەڵام لە باوەڕی ئەواندا شوێنی تارمایی یان شێتێکی مرۆڤ کوژ یان بەدزاتێکی تێدا دەژی. گەنجەکە دەیەوێت دڵنیابێتەوە لە ڕاستی و ناڕاستی قسەکانیان، هەر بۆیە بڕیار دەدات خانووە ڕەشەکە ببینێت. گەنجەکە بۆی دەردەکەوێت خانوویەکی وێرانی بێمەترسییە. گەنجەکە خەڵکی ئاگادار دەکاتەوە لەوەی خانووەکە هیچ شتێکی خراپی وەک تارمایی و بەدزات یاخود پیاوکوژێکی تیا نییە. خەڵکەکە قەڵس دەبن بە هەواڵی گەنجەکە، یەکێک لە ناو خەڵکەکە پەلاماری دەدا و بە مەرگی گەنجەکەش کۆتایی دێت.

[10] تونی مایرز، اسلاوی ژیژک، ترجمە احسان نوروزی، سال ١٣٨٥، نشر مرکز، لاپەڕەی ١٥٦

[11] ،تۆنی مایرز لاپەڕە ١٥٦

[12]  قسە تەوەری

[13]  دكتر محمد اصغرى،  فلسفە معاصر، ص 344

[14]  هێلن سێكسۆس ژنە فەیلەسوف و ڕەخنەگرى ئەدەبى و نمایشنامە نوسى فەڕەنسییە، ساڵى 1937 لە داك بووە و هێشتا دەژى

[15]   تدوبن و ترجمە ى پیام یزدانجو، بەسوى پسامدرن، پساساختارگرایى در مطالعات ادبى، نشر مركز، چاپ چهارم 1394، ص 149

[16] دیوانى وەلى دێوانە (سۆرانى و هەورامى)، وەرگێڕاوى ڕازى، لاپەڕە 19

[17] دیوانى نالى، لێكۆڵینەوە و لێكدانەوەى مەلا عەبدولكەریمى مودەڕیس و فاتیح عبدولكەریم، پیاچوونەوەى محەمەدى مەلا عەبدولكەریم، ص 88

[18]    شوان مەندى یەكێكە لەو شاعیرانەى لەسەر هێڵە كلاسیكییەكە درێژە بە شیعرەكانى دەدا. سەر بە ئاخروئۆخرى دنیاى شیعرى كلاسیكە.

[19] وەلى دێوانە، لاپەڕە 62 ـ 63

 [20] “افراط” مان بە “زیادەڕەوى”، وەرگێڕاوە كە زیادەڕەوییە بەرەو سەرەوە، “تفریط” مان بە “كەمڕەوى” وەرگێڕاوە كە زیادەڕەوییە بەرەو خوارەوە. “حد وسط” بە “میانڕەوى، نێوەند، ئاستى نێوەند، حەدى خۆى، حەدى خۆى، یان هەر حەدی وەسەت بە ڕێنووسی کوردی” لە زمانى ئێمەدا ئاماژەیە بۆ ئەوەى نە زیادەڕەوى تێداكراوە نە كەمڕەوى تیداكراوە. لە كوردیی خۆشماندا زۆر جار دەڵێین “نە ئا بەم شێوە نە ئا بەو شێوە” واتە هەردوو شێوەكە ناپەسەندە چونكە زیادەڕەوى و كەمڕەوى تێدایە هەروەها پەسەندكردنى حاڵەتى نێوەندى لێوە هەڵدەهێنجرێت گەرچى ئاماژەشى بۆ نەكرابێت. یان دەوترێت: نە دەستبڵاوى و نە ڕەزیلى كەواتە دەستبڵاوى ناپەسەندە و نەخوازراوە و ڕەزیلیش ناپەسەند و نەخوازراوە، ئەى كەوایە چى پەسەندە؟ ئاستى مامناوەند، حەدى خۆى كە دەكاتە سەخییەتى.

[21] سارا واتە بیابان. بیابان لە شیعرى كوردیدا بە شێوەیەكى بەربڵاو بەكار دەهێنرێت. بیابان لە مێژووى شیعرى كوردیدا شوێنی ئەو نێرینانەیە كە بەهۆى پچڕان و دابڕان لە یارەكانیانەوە بۆ تەعبیركردن لە حاڵەتی خۆیان بەكاریان هێناوە.

[22] دكتۆر مارف خەزنەدار، مێژووى ئەدەبى كوردى، بەرگى سێییەم، چاپخانەى ئاراس، هەولێر لاپەڕە 407

[23] دكتۆر مارف خەزنەدار، مێژووى ئەدەبى كوردى  بەرگى سێیەم، لاپەڕەى 349

Loading