کتێب

ڕانــان بـــۆ کـتـێـبـی (ئینانا، شاخاتوونی ژن ژیان ئازادی)

دەقی «ئینانا شاخاتوونی ئاسمان و زەوی؛ سەربوردە و سترانەکانی لە سۆمەر» بەرهەمی دوو پسۆڕی دێرین و نوێیە بە ناوەکانی ساموێل کرامەر و دایانە وڵکشتاین کە بە ڕیزبەند سۆمەرناس و فۆلکۆرناسی مۆدێرنن. دایانە خۆی سۆراخی مێخواکانی مانگی کردووە و لە دوای گەڕانی زۆر بەناو زۆر مێخوادا، ڕێی لە کارەکانی ساموێل هەڵدەکەوێت و بە ڕێکەوت ئینانا دەناسێت و ئاشقی سەربوردەکانی دەبێت؛ نەک تەنیا وەکوو مێخوای ئاسمان و مانگ، بەڵکە وەک بەهێزترین مێخوای هەموو مێژووی تۆمارکراو. ئەم بەدواداچوونە کە بە ئینانا کۆتایی دێت وای لێ دەکات پەیوەندی بە ساموێل کرامەرەوە بکات و پاش رێنماییەکانی ساموێل و پێناساندنی دەقەکانی تر سۆمەر، دیانا لەناو کۆدەقی سۆمەریدا ئەم دەقەی ئێستا گۆڵبژێر دەکات؛ بە شێوەی «ئینانا شاخاتوونی ئاسمان و زەوی؛ سەربوردە و سترانەکانی لە سۆمەر» بەردەست دەبێت. واتە خۆی لەناو کۆدەقی سۆمەردا بەم ڕیزبەندەی ئێستا نییە، دەقەکان لەبارەی ئیناناوە لە ڕاستیدا بە تەواوی نازانرێت چۆن بووە؛ هەزاران تاتەقوڕی سۆمەری ماوەتەوە و تا ئێستا چارەکی وەرگێڕدراوە بۆ سەر زمانی زیندوو؛ ئەمەش بە واتای ئەوە دێت بەشێکی زۆری ئەو میراتە هێشتا نەخوێندراوەتەوە.

 بەدەر لەم دیوەی کە پەیوەندی بە سۆمەرناسییەوە هەیە، دایانە بەهۆی پسپۆڕییەوە لە فۆلکۆری مۆدیرن و حەکایەت گێڕانەوەدا وەها جوان و ناواز پارچە دەقەکان(گەڕەکان)ـی مۆتناژ کردووە کە تەنانەت سۆمەرناسێکی وەکوو ساموێل کرامەر دەستخۆشی لێ دەکات و پێشەکی و پاشەکی بۆ دەنووسێت. لەم کتێبەدا تەنیا دەقە سۆمەرییەکەمان لە کتێبەکە پێکەوەکارییەکەی دایانە وڵکشتاین و ساموێل کرامەرەوە وەرگیراوە، پێشەکی و پاشکۆکانی وەرنەگێڕدراوە، جگە لە ڕوونکردنەوەی وێنەکان نەبێت؛ لەبەرئەوەی بۆ خوێنەری کوردیان بە پێویست نەزانی، لە جیاتی ئەوە نووسەر و وەرگێڕەکان خۆیان شرۆڤە و نووسینی تریان بە گوێرەی سیاقی خۆیان خستووتە تەکی کە تێگەیشتنی زیاتر و کاریگەرتر بۆ دەقەکە بەردەست دەکات.

پێیان وایە وەرگێڕانی خودی دەقەکە بە تەنیا یان تەنانەت بەو پاشکۆیانەی لە نوسخە ئینگلیزییەکەیدا لەگەڵیدایە، بۆ زمانی کوردی؛ لە زۆر ڕووەوە بۆ تێگەیشتن هێشتا دوور و نابەردەست دەبوو و خوێنەری کورد کەمترین تەماسی لەگەڵدا دروست دەکرد؛ ئەمەش بۆ سروشتی خودی «مانا» دەگەڕێتەوە کە بە توندی بە سیاقەوە  گرێدراوە کە دەشێت دەربڕینەکانی دەقێکی دیاریکراو، لە سیاقێکی دیاریکراودا هەمان مانای نەبێت کاتێک بۆ سیاقێکی تر دەگوازرێتەوە. هەروەتر پاشکۆکانی لە دەقە ئینگلیزییەکەیدا زیاتر ڕوونکردنەوەی دەرەکی بوون بۆ دەقەکە، جگە لە شرۆڤەیەکی کورتی دەقەکە نەبێت کە ئەوەی تێیدا گرنگ بووبێت، لەو شرۆڤەی بۆیان کردووە هەڵیان گرتووەتەوە و بەناو سەرچاوەی تردا زۆر زیاتریان بۆ نووسیوەتەوە. بە دەربڕینێکی تر خودی ئەو شرۆڤەیان وەکوو یەکێک لە سەرچاوەکانی شرۆڤەکە بەکارهێناوە و ئەوەی خاڵی سەرنجکێش و ڕوونکەرەوە بێت، بەکاریان هێناوەتەوە. جگە لەم دیوەی کە سەری لەناو سەرچاوە جیهانییەکانی سۆمەرناسیدا هەیە و سوودیان لێ بینیوە؛ هەندێ شرۆڤەی پەیوەست بە خۆیانەوە لە ڕێگەی ڕامان لە سروشتی زمانی کوردی، شێوە ژیان و ژیاری کوردی دێرین بۆ کردووە کە لە ئێستاشدا هەندێکی هەر ماوەتەوە.

کتێبی «ئینانا شاخاتوونی ژن ژیان ئازادی» لە دوو بەشی سەرەکیی پێک دێت، بە ناوەکانی «پەرتووکی یەکەم: ئینانا شاخاتوونی ئاسمان و زەوی؛ سەربوردە و سترانەکانی لە سۆمەر» و  «پەرتووکی دووەم: بیرکردنەوە لەگەڵ ئینانا». پەرتووکی یەکەم لە پێش‌وتەی وەرگێڕەکان، دەقەکەی ئینانا[وەرگێڕان]، ڕوونکردنەوەکانی وێنەکان[وەرگێڕان] پێک دێت. پەرتووکی دووەم بە ناوی «بیرکردنەوە لەگەڵ ئینانا» لە پێش‌وتەی وەرگێڕەکان، دەربارەی سۆمەر، شرۆڤەی دەقی ئینانا شاخاتوونی ئاسمان و زەوی. سەربوردە و سترانەکانی لە سۆمەر، بۆچی بۆ ئینانا بگەڕێینەوە، لە زەردەپەڕی ئیناناوە بۆ سپێدەی ماریا، ئاخێزی ئینانا، فەژینی ژن؛ ئارکۆلۆژیای مەرگی ژینا ئەمینی، نهێنیی ئیشتار یان گەڕان بۆ ئەڵلایەکی مێ؛ چەند سەرنجێکی ڕەخنەیی دەربارەی کتێبی ”نهێنیی ئیشتار”ـی فیراس سەواح پێک دێت کە بە مەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ ئینانا، شارستانییەتی سۆمەر و نیولیتیک نووسیویانە؛ هەروەها لە میانەی ئەم پەیڤانەوە بۆ شارستانییەتەکانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەڕاونەتەوە، هەوڵیان داوە هەر کام لەوانە، بەناو نرخاندندا بە گوێرەی ژیان لە شوێنی خۆیان دابنێنەوە، تاوەکوو باشتر لە ئێرە و ئێستامان تێبگەین.

پەرتووکی «بیرکردنەوە لەگەڵ ئینانا» تەرخان کراوە، بۆ تێگەیشتن لە شێوە ژیانی میزۆپۆتامیا بە گشتی و سۆمەر بە تایبەتی بەناو، کاراکتەر، ڕووداو، هێز و توانستەکانی کاریگەرترین و بەرجەستەترین مێخوای سۆمەر بە ناوی «ئینانا». هاوشێوەی شارستانییەتی سۆمەر، خودی ئیناناش لەناو نوسخەسازییە مێینەکانی گەلانی دواتردا بزر بووە و لەناو نوسخەسازییە نێرینەکانی ئیبراهیمیدا سڕدراوەتەوە. ئەم کتێبە (هەردوو پەرتووکی یەکەم و دووەم) هەوڵێکە بۆ دووبارە ناساندنەوەی ئینانا لە سۆمەردا، بۆ ئەم مەبەستەش خودی دەقە سۆمەرییەکان (پەرتووکی یەکەم) و هزرینەوەی دەقەکان (پەرتووکی دووەم) بەردەست کراوە.

ئەم کتێبە لە لایەن گۆڤاری فرەوە لە دووتوێی ٤٢٠ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە و هەنووکە لە کتێبخانەکانی کوردستاندا بەردەستە و دەتوانن خوێنەری بن.

Loading