ڕانان بۆ كتێبى (سەراب)
مانگى ڕابردوو كتێبى “سەراب” بەرهەمى نووسەر و وەرگێڕ “هاوار محەمەد”، لە دووتوێى 322 لاپەڕەدا، لە ڕێوڕەسمێكدا لە لایەن “ڕێكخراوى ئازادبوون”ـەوە بڵاوكرایەوە. ناونیشانى لاوەكیى كتێبەكە “وەهم لە فەلسەفە و ئەدەبیاتدا”یە كە ئەمەیش لەوێوە هاتووە نووسەر لەبرى چەمكى “حەقیقەت”ى نێو مێژووى فەلسەفە، چەمكى “وەهم” دەكات بە بابەتى لێكۆڵینەوە. ئایا وەهم چەمكێكە لەنێو فەلسەفەدا یان چەمكێكە لە دەرەوە و هیچ پەیوەندییەكى بە فەلسەفەوە نییە؟ وەك لە بەرهەمەكەدا پیشان دراوە، هەر لە ئەفلاتوونەوە تاوەكوو سەردەمى مۆدێرنە وەهم لە چەمكى “زڕەوێنە”دا بە پاڵ چەمكى حەقیقەتەوە هەبووە؛ زڕەوێنەش پۆلى پێچەوانەى چەمكى “ئەسڵ”ـە؛ ئەسڵ وەك بنەڕەت، بنچینە، ڕەچەڵەك، ڕەسەنێتى. بۆیە دەتوانین ئەم بەرهەمە وەك هەوڵێك ببینین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئەسڵخوازى، كە لە سەلەفییەت و ڕەسەنگەرایى و كۆنەپارێزیدا خۆى بەرجەستە دەكات.
لە كتێبەكەدا كار لەسەر كۆمەڵێك ئایدیا و تیۆرى فەلسەفی كراوە كە بۆ نێو پرس و باسە ڕۆشنبیرییەكانى ئێمە، تا ڕادەیەك نامۆن، بەڵام بۆ كۆمەڵگەكەمان بێئەندازە گرنگن؛ بە تایبەتیش لە ڕووى فۆڕم و زمانەكەیانەوە دەتوانن لە پێشخستنى كولتوورى نووسینى تیۆریدا بەشدار بن كە بۆ كۆمەڵگەى كوردى پێویستییەكى حاشاهەڵنەگرە. لە ڕێگەى شرۆڤە، شیكاری، ڕەخنە، بەیەكگەیاندن، ترازاندن و لادانەوە، تۆڕێكى فراوانى چەمك و ئایدیا و تیۆرە پێكهێنراوە كە وەك تەون لێك چنراون. بۆ شرۆڤە و لێكدانەوەى سەرچاوە تیۆرییەكانیش، نووسەر پشتى بە میتۆدێك بەستووە كە بە سوودوەرگرتن لە میشێل فۆكۆ ناوى ناوە هێرمینۆتیكاى دەرەكى.
بە گشتی كتێبەكە لە پێنج وتارى مامناوەند و درێژ پێكهاتووە، لە یەكەمیاندا ڕەخنەى ئایدیاى ئەسڵ كراوە، بە تایبەت لە تیۆرى ئەفلاتوونیدا، كە چەمكى زڕەوێنە لە سەردەمى مۆدێرنەدا هەڵى دەوەشێنێتەوە، لەم وتارەدا پشت بە بەرهەمەكانى فەیلەسووفانى وەكو دێریدا، دۆلۆز، بۆدریار، گى دیبوور بەستراوە. دووەمیان ڕەخنەى ئایدیاى نێرینەیـە لە فەلسەفەدا وەك هەژموونى حەقیقەت و فالووس لەسەر سێبەر و مێینە؛ كە شیكارییەكى ئەدەبیى فەلسەفییە بۆ چەمكى سەراب و لەوێوە نووسەر ئەم چەمكە لە ئەدەبیاتى مەحوى و نالیدا بەسەر دەكاتەوە و پاشان شیكارییەكەى بە ڕوانگە نا-باوەكانى نیچە پەرە پێ دەدات، تاوەكوو دەگاتە پنتێك كە سەراب وەك مێینەیەكى جادووگەر حەقیقەتى نێرانەى پیاو، كە دووالیزمى فالووس-خەساندا دەنوێنێتەوە، تێدەپەڕێنێت. سێیەمیان تەرخانكراوە بۆ ڕەخنەى ئایدیاى حەقیقەت كە لە نیهیلیزمدا دەكەوێتە هەلاكەت و سەرچاوەكانى ئەم وتارەیش نیچە، دۆلۆز، دێریدان. چوارەمیان ڕەخنەى مانایە وەك پێگەیەكى سەروو-جیهانى و گێڕانەوەیەتى بۆ نێو جیهانێكى پاش-نیهیلیستى كە پشت بە ڕوانگەکانى فەیلەسووفى هاوچەرخى فەڕەنسى ژان-لوك نانسى بەستراوە. پێنجەم، كە درێژترین بەشى كتێبەكەیە، تەرخانكراوە بۆ ڕەخنەى باوكـە لە دەروونشیكاریدا كە كوڕ لەسەر هێڵى هەڵهاتن لێى جیا دەبێتەوە؛ بۆ ئەمەش كۆى تێزە سەرەكییەكانى كتێبەكە لەم دوا بەشەدا، وەك شێوازێكى خوێندنەوەى تێكست، پراكتیزە كراوە؛ وتارەكەش ڕەخنەى ئەدەبى-فەلسەفى-سیاسییە لە سێ ڕۆمانى كوردی، حەسار و سەگەكانى باوكم (شێرزاد حەسەن)، ئافاتەكانى بنەماڵەى مێخەك (عەتا محەمەد) و داگیركردنى تاریكى (بەختیار عەلى). وەك وتمان سەرجەمى كارەكان لە “ئەسڵخوازى”، و هاوماناكانى وەکوو بنەڕەتخوازى، بناژۆخوازى، سەلەفییەت، یەكایەتى، باوكایەتى، لە ئاستە فەلسەفییەكەیدا. واتە پێش هەموو شتێك هەڵوەشاندنەوەى فەندەمێنتاڵیزمە لەنێو فەلسەفەدا و ئینجا لە كایەكانى تردا، لەوانە: ئەدەبیات.
دەربارەى ناونیشانى كتێبەكە نووسەر لە پێشەكییەكەدا دەڵێت:
«ئێمە چەمكى “سەراب”مان وەك هاومانایەكى زڕەوێنە لەوپەڕى وەهمیبوونیدا بەكارهێناوە، ئەمەیش بە دوو ئامانج: یەكەمیان پیشاندانى مێینەیى “زڕەوێنە”یە كە لە واتاى وشەى سەرابدا بە زەقى دیارە: واتا ئیتیمۆلۆژییەكەى وشەى Fata Morgana لە زمانى لاتینى و فەڕەنسى و ئەڵمانیشدا “ئەو مێینەیەى كە لەسەر ئاوى دەریا لەدایك بووە” و دواجار ناوى “خوادابانووى چارەنووس”ى لێ نراوە. كەواتە لەم بارەدا، واتا بنەڕەتییەكەى سەراب لە ئوستوورەیەكى ژنانەوە وەرگیراوە: ئەو پەرییە شۆخ و شەنگەى كە وەك لەسەر ڕووى ئاو بێت، دەردەكەوێت و چارەنووسى موسافیران دیاری دەكات؛ پەرییەك كە دواتر وێنەى جادووگەر وەردەگرێت. دووەمیان نزیككردنەوەى ماناى زڕەوێنەیە لە ئەدەبیاتى كوردییەوە، بە تایبەتى لە شیعرى كلاسیكیمان و دیارترین نموونەیش شیعرەكەى مەحوییە، كە لێرە و لەوێ ناوى “سەرابستان”ى لێ نراوە: دنیا وەك سەرابێكى بەبریقوباق بۆ ڕێبوارە كاتییەكانى، ئینجا ئەرێكردنى ئەم دنیا سەرابییە لاى نالى».