نووسین

چەند سەرنجێک لەسەر پێشانگای ”فیگەراتیڤ ئارت”

نووسین: زەردەشت نورەدین

بۆ ئەوەی سەرنجەکانم لەسەر پێشانگای ”فیگەراتیڤ ئارت” بخەمە ڕوو، پێویستم بە پێشەکییەکی کورتی تیۆرییە، کە چوارچێوەی گشتی بۆ سەرنجەکانم بەردەست بکات، تاوەکوو دواجار خوێنەران لە میانەی ئەو چەمکناسییە[1] هونەرییەی لەناو تیۆرێکی دیاریکراودا دەیخەمە ڕوو، لە حوکم، بانگەشە و ڕوونکردنەوەکانم تێبگەن. بۆ ئەم ئەرکەش بە پێویستی دەزانم لە هەندێ پێناسەی سەرەتاییەوە دەست پێ بکەم و وردە وردە سەرەتایەک بۆ باسەکەم خۆش بکەم.

دەشێت ئەم پرسیارە ڕێنوێنمان بکات بۆ چوونە ناو باسەکەوە: ئایا هەر بەرهەمێکی هونەری لە پێشانگایەکی هونەریدا پیشان درا، دەشێت ناوی کاری هونەری لێ بنێین و وەکوو هونەر لێی بڕوانین؟ بۆ نموونە پێشانگایەکی هونەری کراوەتەوە، کۆمەڵێک تابلۆی تێدایە، هەندێکی تابلۆی بەناوبانگی جیهانییە کێشراوەتەوە، هەندێکی تری دیمەنی سروشتە، هەندێ پۆرترەیت، هەندێ وێنەی ئاژەڵ، هەندێ قەباغی فیشەک، هەندێ میرۆ. هەندێ دار و… هتد کە بە ستایل، ڕێباز و کەرەستە و تەکنیکی جۆراوجۆر کێشراون. ئایا دەتوانین لێرە بڕیار لەسەر ئەو تابلۆیانە بدەین کە کاری هونەرین یان نا؟ بێگومان نەخێر، دەبێت سەردانی پێشانگاکە بکەین و یەک بە یەک تەماشای تابلۆکان بکەین، ئەوکات دەتوانین بڕیار بدەین کە کاری هونەرین یان نا. واتە ئەوە بابەت[2]، ناوەڕۆک[3]، ستایل، ڕێباز، کەرەستە، تەکنیک و… نین کە دیاری دەکەن ئەو تابلویانە کاری هونەرین یان نا، بەڵکوو ئەوە داهێنانی فۆڕمە، بە فۆڕمکردنی ناوەڕۆکە و بەناوەڕۆککردنی فۆڕمە.

ئەوە ڕوونە کاری هونەری لە فۆڕم و ناوەڕۆک پێک دێت و هەردوو چەمکی فۆڕم و ناوەڕۆک بە ڕاست و ناڕاست و بە پێویست و ناپێویست، بەسەر زاردا دێن و لە نووسیندا بەکار دێن. زۆر جار لە ئاخاوتن و تەنانەت نووسینیشدا ئەم چەمکانە وەکوو وشەی ئاسایی بەکار دێن و لە زۆربەی بەکارهێنانەکاندا دوورە لە ناواخنی چەمکی خۆیانەوە. لێرەدا دەمەوێت ناواخنی چەمکی خۆیان لە پانتایی هونەردا زۆر بە کورتی بخەمە ڕوو تاوەکوو خوێنەری ئەم وتارە لەو پاشاگەردانییە ماناییەی بۆیان دروست کردووە، دوور بکەوێتەوە.

فۆڕم و ناوەڕۆک لە کاری هونەریدا دوواین ئاستی کارەکە نیشان دەدەن، واتە ئەو کاتەی کارە هونەرییەکە تەواو بوو و خۆی وەکوو بەرهەمێکی ئامادە بۆ بینین خستە ڕوو؛ ئەوکاتە دەتوانین باس لە فۆڕم و ناوەڕۆکی کارە هونەرییەکە بکەین. فۆڕم و ناوەڕۆک خۆیان لە چەند ئاستی بەراییتر دروست دەبن کە هەر کامیان لایەن و ئاستێکی کارە هونەرییەکە ڕوون دەکەنەوە. لێرەدا چەمکی فۆڕم و ناوەڕۆک لە کایەی هونەر و پەیوەند بە شێوەکارییەوە بەکار دەبەین.

پرسیاری ئەوەی ئایا دەشێت فۆڕم و ناوەڕۆک لە یەکتری جیا بکەینەوە یان نا، پرسیارێکە هەردەم خۆی قوت دەکاتەوە و لە جەمسەرێکدا خۆی قەتیس ناکات؛ هەر بۆیە دەشێت هەردوو وەڵامەکە لەخۆ بگرێت، هەم بەڵێ و هەم نەخێر. بە شێوەیەکی هزری لە پڕۆسەی بیرکردنەوەدا دەتوانین لە یەکتریان جیا بکەینەوە؛ واتە لە ڕێگەی بیرکردنەوەی ئەبستراکتەوە دەتوانین بە جیا لە هەر کامیان بدوێین و هەر کامیان بۆ پێکهێنەرەکانیان ورد بکەینەوە و لەبارەیانەوە بدوێین و بە جیا لەسەر هەر لایەن و پێکهێنەرێکیان بوەستین و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین. لە بەرانبەردا بە شێوەیەکی کۆنکرێتی و لە واقیعدا، نەخێر ناتوانین لە یەکتریان جیا بکەینەوە. واتە کاتێک سەیری تابلۆیەک دەکەین ناتوانین بڵێین ئەم بەشەی تابلۆکە فۆڕمە و بەشەکەی تری ناوەڕۆکە، لەبەر ئەوەی تابلۆکە بە شێوەیەکی ئۆبێکتیڤ هەموو بەشێکی لە فۆڕم و ناوەڕۆک پێک هاتووە. هەر بۆیەش ناکرێت بە شێوەیەکی واقیعی لەسەر تابلۆکە لە یەکتری جودا بکرێنەوە.

پەیوەندیی نێوان فۆڕم و ناوەڕۆک پەیوەندییەکی ڕاستەوانە، پێچەوانە، هێڵی و سادە نییە کە بشێت بە ئاسانی فۆڕمولە بکرێت: یان بۆ کڵێشەیەک کورت بکرێتەوە، ئەمەش بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە پەیوەندییەکەیان شتێکی ڕازئامێز و نەزانراوە، بەڵکوو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پەیوەندیی نێوان فۆڕم و ناوەڕۆک پەیوەندییەکی کۆنکرێتی، بەشەکی[4] و تاکێتییە[5] کە بەگوێرەی تابلۆکان گۆڕانی بەسەردا دێت. هەموو ئەوەی لەم بارەوە دەکرێت ئەنجامی بدەین، تەنیا دیاریکردنی هەندێک سنوور و پانتایی چەمکییە کە پەیوەند بە فۆڕم و ناوەڕۆکەوە کار دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا جێگیر و نەگۆڕ نین و بەگوێرەی کارە هونەرییەکان دەگۆڕێن. کاری هونەری لە فۆڕم و ناوەڕۆک پێک دێت – هەندێک کاری هونەری هەن هەر ناوەڕۆکیان نییە، یان ئەوەتا ناوەڕۆکی باو و ئاساییان نییە، وەکوو کارە نانواندنەوەگەرا[6] و نائۆبێکتیڤەکان[7] – ئەم دووانەش خۆیان لە چەند ڕەگەز و ئاستی تر پێک دێن کە دەتوانین هەر کامیان بە جیا بۆ ڕەگەزی بەرایی ناپەیوەست بە یەکترەوە بگەڕێنینەوە.

دەشێت تێما[8] وەکوو بەراییترین ڕەگەزی ناوەڕۆک دەستنیشان بکەین کە لەم ئاستەدا هیچ جۆرە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ناوەڕۆکەوە نییە و خۆی نەک وەکوو ڕەگەزێکی فۆڕم یان ناوەڕۆک، بەڵکوو خۆی وەکوو بیرسایەکی[9] سەربەخۆ قوت دەکاتەوە. گەر لەم ئاستەی خۆیدا بمێنێتەوە ئەوا لە پێگەی بیرسایەکی سەربەخۆدا دەمێنێتەوە کە بەدوورە لە ناوەڕۆکەوە. واتە ناکرێت تێما بەگوێرەی ناوەڕۆک پێناسە بکرێت یان وەکوو ئاستێکی تێپەڕی ناوەڕۆک تەماشا بکرێت. تێما وەکوو بوونێک لە خۆیدا[10] وەک هەر بوونێکی تر لە خۆیدا بە تەنیشت بوونە لە خۆکانی تردا سەربەخۆیانە خۆی خستووەتە ڕوو. دەشێت ئاماژە بە تێماکانی وەکوو جەنگ، ئەشق، مردن، خیانەت، هاوڕێیەتی و… هتد بکەین. هەر کام لەم تێمایانە بەدوور لە ناوەڕۆک یان کاری هونەری تا ئەو کاتەی لەناو خۆیدایە سەربەخۆ لە ئارادایە و خاوەنی خۆیەتی، کە دیکەیەتی[11] لە خۆی دەرکردووە و لە غیابیدا لەگەڵ خۆی پەیوەندی دروست کردووە و لەگەڵ خۆی لە فەزای خۆیدا داسەکاوە.

کاتێک فەزای تێما دەگۆڕێت – لێرەدا دەخرێتە ناو فەزایەکی هونەرییەوە؛ وردتر دەخرێتە ناو فەزای شێوەکارییەوە- دیکەیەتی دزە دەکاتە ناو خەڵوەتی ساتە بەردەوامەکانییەوە. لە ئەنجامدا، تێما لە خۆیدا هەست بە نائارامی دەکات و ڕووبەڕووی دیکەیەتی دەبێتەوە بە بۆنەی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەوە لە خۆی دێتە دەر و سنوورەکانی خۆی تێدەپەڕێنێت و بۆ دەرەوە دەکشێت و لەگەڵ فەزا نوێیەکەدا خۆی ڕێک دەخاتەوە. بەم بۆنەوە لە خۆی دەترازێت و لەگەڵ خۆی جیاواز دەبێت و بوون لە خۆکەیدا دەگۆڕێت بۆ بوون بۆ ئەویتر[12]؛ لەم ئاستەدا ئایدیا دێتە کایەوە. ئایدیا تێمایە لە فەزایەکی تردا. بە دەربڕینێکی تر، کاتێک تێما لەگەڵ ڕەگەزی تر کۆ دەبێتەوە، تاقمێکی[13] تر دروست دەبێت کە پێی دەوترێت ئایدیا[14].

ئایدیا چیدی یەکسان نییە بە تێما و تێما لە خۆیدا نابێتە ئایدیا. دەکرێت لە ئایدیاوە تێما دەربهێنرێت و دەشێت تێما بگۆڕرێت بۆ ئایدیا؛ بەڵام مەرج نییە لە تێمای گۆڕاو بۆ ئایدیا هەمان تێما دەربهێنرێتەوە واتە پەیوەندییەکە زەرورەت نییە، بەڵکوو ڕێکەوتە. هەر جارەو تێما دەگەڕێتەوە یان لە خۆی دێتە دەرەوە، ئایدیایەکی جیاواز لەوەی پێشوو دەخاتەوە – جۆرێک لە دووبارەبوونەوەی جیاوازی دێتە کایەوە. هەر بۆیە ئایدیا جگە لەوەی لە تێما جیاوازە، لە ئایدیایەکی تریش جیاوازە کە لە هەمان تێماوە پەیدا بووە.

بە مانایەک دەتوانین بڵێین ئایدیا، تێمایەکە کە هەڵگری خەسڵەتی[15] زیاتر و جگە لە خۆی پەیوەندی بەوانیتریشەوە هەیە و لەناو فەزایەکی تردا وەها خۆی ڕێک خستووە کە بۆ قەوارەیەکی[16] نوێ وەرگەڕاوە؛ ئەم قەوارە نوێیە کە ناوی ئایدیایە لە گوزەردایە لە ناوەوە بۆ دەرەوەی خۆی، هەر بۆیەش بوون لە خۆ-دای زۆر لەرزۆکە کە هاوکات خۆی، خۆی تێدەپەڕێنێت بەرەو فەزایەکی تر. بۆ نموونە گەر تێماکە «ئەشق» بێت ئەوا ئایدیاکە دەشێت: ئەشقێکی لەناکاوی نێوان دوو کەس بێت. ئایدیا بەراورد بە تێما خەسڵەتی زیاتر وەرگرتووە، دیاریکراوتر بووە و هەنگاوێک زیاتر لە واقیعی کۆنکرێتی نزیک بووەتەوە کە دەشێت بەشێکی ژیان بێت. ئایدیا هێشتا پەرش و بڵاوە و نەیتوانیوە هەیکەلێکی[17] بەرایی سوبێکتیڤ بۆ خۆی پەیدا بکات. دەخوازێت لە ڕێگەی هەیکەلی ئەندێشەیی[18] ئەبستراکتەوە خۆی کۆ بکاتەوە و زیاتر لە ئایدیا، ناواخن بگوازێتەوە. ئەمەش وادەکات ئایدیا لە پانتایی خۆی زیاتر بکێشێت و بڕواتە ناو پانتاییەکی ترەوە تاوەکوو تاقمێکی تر دروست بکات؛ بەم بۆنەوە دەڕژێتە ناو دیکەیەتی بابەتەوە؛ لە بابەتدا هەیکەلی ئەندێشەیی ئەبستراکت وەردەگرێت.

لەم ئاستەدا ئایدیا وەکوو خۆی نامێنێتەوە و خۆی تێدەپەڕێنێت و بۆ بابەت وەردەگەڕێت. بابەت بریتییە لەو ئایدیایەی هەیکەلی ئەندێشەی ئەبستراکتی وەرگرتووە: ئایدیا بابەتێکی بێ هەیکەلە. بۆ نموونە گەر تێماکە «ئەشق» بێت و ئایدیاکە ئەشقی لەناکاوی نێوان دوو کەس بێت، ئەوا بابەتەکە دەبێتە ئەشقی لەناکاوی نێوان ژنێکی بەتەمەن و پیاوێکی بەتەمەن لە خانەی بەساڵاچوواندا. بابەت لە ئایدیا زیاتر خەسڵەتی وەرگرتووە و لە واقیعدا کۆنکرێتیتر نزیک بووەتەوە و بۆ یەکەم جار بووە بە خاوەنی فیگەری خۆی. ئەم سێ پێکهێنەرە لەم ئاستەدا بەجێ دەهێڵین و دەچینە لای فۆڕم.

وێڕای ئەوەی ناوەڕۆک و ئاستە بەراییەکانی ناوەڕۆک بەشێکن لە فۆڕم و بە هەمان شێوە فۆڕم و ئاستە بەراییەکانی بەشێکن لە ناوەڕۆک و لێرەدا بە شێوەی ئەندێشەیی لە یەکتریان جیا دەکەینەوە. لە گەڕانەوەدا بۆ پنتی بەرایی فۆڕم دەتوانین تا ئاستی ماتریاڵ بۆ دواوە بگەڕێینەوە کە دەشێت لەم باسەی ئێمەدا بریتی بێت لە ڕەنگ، کانڤاس و کەرەستە پەیوەندیدارەکانی تر. ماتریاڵ وەک خۆی کۆمەڵێک کەرەستەی سەربەخۆیە کە لە بەردەم هەموو ئیمکانێکدا کراوەتەوە و هێشتا هیچ خەسڵەتێکی لە دەرەوەی خۆی وەرنەگرتووە و لە خۆیدا سەری ناوەتەوە. ماتریاڵ خۆبەخۆ ناتوانێت خۆی تێپەڕێنێت، لە چاوەڕوانیی تەکنیکدا دەمێنێتەوە. تەکنیک ئەو شێواز و لێهاتووییانە لەخۆ دەگرێت کە هونەرمەندان لە ڕێگەیەوە کەرەستە و ماتریاڵەکانیان بۆ دەربڕینی مەبەستداری خۆیان بەکار دەهێنن. تەکنیک زانینێکی بەدەستهاتووە، لە خۆیدا بە شێویەکی ئەندێشەیی دەمێنێتەوە، تا ئەو ساتەی ڕووبەڕووی تەکنیک دەبێتەوە؛ لە بەرانبەر تەکنیکدا، لە خۆی دێتە دەرەوە، بوونە ئەندێشەییەکەی تێدەپەڕێنێت و دەڕژێتە ناو ماتریاڵەوە. تەکنیک کاتێک لەگەڵ ماتریاڵ کارلێک دەکات، گۆڕان بەسەر ماتریاڵدا دەهێنێت و ماتریاڵیش تەکنیک ئاراستە دەکات. بە دەربڕینێکی تر تەکنیک ماتریاڵ سنووردار دەکات، دەستنیشانی دەکات و خەسڵەتی نوێ دەخاتە سەری؛ بە هەمان شێوە ماتریاڵ تەکنیک سنووردار دەکات، دەستنیشانی دەکات و بەگوێرەی پێوستیی کارەکە، لەگەڵیدا کارلێک دەکات. لە هەناوی ئەم کارلێکەوە تاقمێکی نوێ دروست دەبێت کە پێی دەوترێت شکڵ[19]. تەکنیک بەبێ ماتریاڵ کۆمەڵێک شێواز و لێهاتوویی ئەبستراکتە کە بەسەر خۆیدا داخراوە و لە چاوەڕوانی وەگەڕکەوتندا سەری ناوەتەوە.

تێما، ئایدیا و بابەت پێکەوە ماک[20](مادە) پێک دەهێنن. ماک تاقمێکی نوێیە کە هەر سێکیان تێیدا خەسڵەت و کارکردی نوێیان وەرگرتووە و بۆ قەوارەی جیاواز لەوەی پێشووییان وەرگەڕاون و خۆشیان پێکەوە قەوارەیەکی جیاوازیان پێک هێناوە کە پێی دەوترێت ماک. تا ئێرە ماک دوایین ئاستی گۆڕانی تێما بووە: بە هەمان شێوە شکڵیش دوایین ئاستی گۆڕانی ماتریاڵە.

ماک و شکڵ پەیوەندییەکەیان هاوشێوەی پەیوەندیی فۆڕم و ناوەڕۆکە. شکڵ ئاستی پێش فۆڕمە و ماک ئاستی پێش ناوەڕۆکە. بۆ یەکەم جار لە پڕۆسەی کاری هونەریدا بەرهەمی هونەر لە قەوارەی ماک و شکڵدا سەربەخۆیی ڕێژەیی خۆی بەدەست دەهێنێت و دەشێت خۆی وەکوو بەرهەمی هونەر بخاتە ڕوو، بەڵام هێشتا نەبووە بە کاری هونەری. بە دەربڕینێکی تر، هەر کام لە تێما، ئایدیا، بابەت، ماتریاڵ، تەکنیک و… هتد لە شکڵ و ماکدا ئەو پانتاییەیان دەست دەکەوێت کە تێیدا خۆیان بە شێوەیەکی واقیعی و کۆنکرێتی بەدی بهێنن و خۆیان وەکوو بەرهەمێک بخەنە ڕوو. لەم ئاستەدا بە بەرهەمی هونەری دەوترێت میناکی[21] هونەری کە خاوەنی شکڵ و ماکی سەربەخۆی خۆیەتی. لە بەرانبەر میناکی هونەریدا، کاری هونەری هەیە کە خاوەنی فۆڕم و ناوەڕۆکە.

فۆڕم چنین یان ڕێکخستنی داهێنەرانەی هەموو ڕەگەز، پێکهاتە و ئاستە ئۆبێکتیڤ و سوبێکتیڤە دەرکەوتووەکانی بەرهەمە هونەریەکەیە کە تاقانەیی خۆی بەدەست هێناوە و لە ئاستی ماک و شکڵ گوزەراوە. ناوەڕۆک بریتیە لە دەربڕین، واتای ناوەکی، ئاماژە یان بەهای ئێستاتیکی بەرهەمێکی هونەری کە تاقانەیی خۆی پاساو داوە، شکڵ و ماکی گرتووە؛ هەروەها ئاستی شکڵ و ماکیشی تێپەڕاندووە و بووە بە ناوەڕۆک. ناوەڕۆک و فۆڕم پێکەوە قەوارەیەکی نوێ و جیاواز لە میناکی هونەری دروست دەکەن بە ناوی کاری هونەری.

قورسترین چرکەساتی هونەری ئەو ساتەیە کە هونەرمەند تێیدا میناکی هونەری دەگۆڕێت بۆ کاری هونەری. میناکی هونەری خۆی وەکوو بەرهەمی هونەری دەردەخات و هاوکات دەشێت نمایش بکرێت و بفرۆشرێت و پێشانگای بۆ بکرێتەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا نەبووە بە کاری هونەری، لەبەر ئەوەی فۆڕم و ناوەڕۆکی تاقانەیی خۆی بەدەست نەهێناوە و ئاستی ماک و شکڵی تێنەپەڕاندووە. زۆرجار میناکی هونەری و کاری هونەری تێکەڵ دەکرێن و هەندێک جار جیاکردنەوەیان ئاسان نییە.

«جەدەلیەتی فۆڕم و نێوکۆ» تابلۆیەکی هونەرمەند بەهرۆز جەزایە کە لە گەلەری ئێستا و لە پڕۆژەی هونەری فیگەراتیڤ پیشاندراوە، تابلۆکە قەبارەی (٩٠٠*٢٨٠ سم)‌ـە و بە ڕەنگی زەیتی لەسەر کانڤاس کێشراوە. تابلۆکە ڕوخساری پیاوێک لەسەر لا دەنوێنێتەوە کە ڕاستەوخۆ سەیری بینەر دەکات. لە یەکەم نیگاوە دەردەکەوێت کە تابلۆکە سەر بە ژانری وێنەکێشانی هایپەرڕیالیزم (زێدەواقیعی)ـە. ژانری هایپەرڕیالیزم هەر لەناوەکەیەوە دیارە کە بە مانای زێدەواقیعی دێت. زێدەواقیعی لە واقیعەوە هاتووە کە بە مانای زیاتر لە واقیع یان واقیع‌ـی زۆر واقیعیتر لە واقیع دێت. خودی ژانری هایپەرڕیالیزم کار لەسەر وردەکاری ئێجگار ورد دەکات؛ بە جۆرێک ئەو وردەکارییانە دەینوێنێتەوە کە زۆرجار لەگەڵ واقیع جیا ناکرێتەوە. بە دەربڕینێکی تر هایپەرڕیالیزم لە هەر ژانرێکی تری هونەری زیاتر لە واقیعەوە نزیکە وەک نواندنەوەی ڕووکار وەکوو خۆی و ئەمەش دەبێتە سەرەکیترین خەسڵەتی ناسەرەوەی کە شوناسی ژانرەکە پێک دەهێنێت. لێرەوە کاتێک تەماشای کارێکی هونەری هایپەرڕیالیزم دەکەین خۆبەخۆ ئەوە نابێتە جێگەی سەرنج یان بەهای هونەری کە وردەکاری ئێجگار وردی کێشاوەتەوە یان ئەوەی وێنە کێشراوەکە، تەواو واقیعییە، لەبەر ئەوەی خودی ژانری هایپەرڕیالیزم شێوازی کارکردنی بەو جۆرەیە. ئەوەی لەم بارەوە گرنگە، ئەوەیە بەرهەمەکە لە کوێدا بەهای هونەری هەڵگرتووە و بووە بە هونەر.

لەم سۆنگەوە کاتێک تەماشای تابلۆی «جەدەلیەتی فۆڕم و نێوکۆ»ـی بەهرۆز جەزا دەکەین، پاش ئەوەی لێی دەڕوانین و تابلۆکە خۆی بە ڕووماندا دەکاتەوە و خۆیمان بۆ دەردەخات بەر هیچ ناکەوین جگە لە نواندنەوەی ژانری هایپەرڕیالیزم لە تابلۆیەکدا. بە واتایەکی تر بەرهەمەکە نەیتوانیوە جگە لە شێوازی کارکردنی خودی ژانرە هونەرییەکە کە لە هەموو بەرهەمێکیدا هاوبەشە بیگوازێتەوە. ئەم هاوبەشێتییە گشتییە بە تەنیا ناتوانێت بەرهەمی هونەری دروست بکات؛ تەنیا دەتوانێت «میناکی هونەری»ـی ژانرێکی دیاریکراو بەردەست بکات. میناکی هونەری ناکرێت وەکوو بەرهەمی هونەری تەماشای بکەین، ئەگەرچی هاوشێوەی بەرهەمی هونەرییە و ڕووکارەکانی هەڵدەگرێتەوە و لە نیگای یەکەمدا خۆی وەکوو بەرهەمی هونەری دەردەخات، بەڵام هەر زوو دەردەکەوێت کە بەو جۆرە نییە. میناکی هونەری دەشێت کێشانەوەی تابلۆیەکی هونەری دیاریکراو بێت بەبێ هیچ دەستکاریکردن و دەستوەردانێک – دەشێت دەستوەردانیشی تێدا بێت، بەڵام دەستوەردانەکە دەرەکی بێت و پاساوی هەنەری نەبێت – یان بەرهەمهێنانەوەی میکانیکی تابلۆیەکی هونەری بێت لە ڕێگەی کەرەستە تەکنۆلۆژییەکانەوە، یان ئەوەتا دەشێت کێشانی تابلۆیەک بێت کە نەڕواتە ناو پانتایی هونەرەوە و نەبێتە بەرهەمی هونەری وەکوو تابلۆی «جەدەلیەتی فۆڕم و نێوکۆ».

ئەوە شتێکی ئاساییە کە هونەرمەند هاوشێوەی بیریار، ڕەخنەگر یان لێکۆڵەری هونەری لە ڕووی تیۆرییەوە چەمکەکانی کایەی هونەر و ئەوانەی پەیوەندیدارن بە وردییەوە نەناسێتەوە  و جیاوازییان نەکات؛ لەوەش ئاساییتر ئەوەیە کە تیۆریزەی هونەر یان بەرهەمی هونەری نەکات و بە زمانی بیریار، لێکۆڵەر و ڕەخنەگری هونەری لەسەر هونەر نەدوێت؛ لەبەر ئەوەی هەر لە بنەوەڕا کاری هونەرمەند قسەکردن و نووسین لەسەر هونەر یان تیۆریزەکردن و هزراندنی هونەر نییە، بەڵکوو ئافراندنی بەرهەمی هونەرییە. هونەرمەند بەبێ ئەوەی هەمان ئاگایی تیۆری لێکۆلەر و ڕەخنەگری هونەری هەبێت – لەو ئاستەدا پێویستی پێی نییە – بەرهەمی هونەری دەئافرێنێت کە خودی بەرهەمەکە لەناو خۆیدا پێشوەخت لە پێگەی کەرەستەی خاوی ڕاماندا، هەموو ئیمکانەکانی هزرین و تیۆریزەکردنی هەڵگرتووە کە دەرفەت بە بیریار، ڕەخنەگر و لێکۆڵەری هونەر دەدات لەسەری بنووسێت یان لەبارەیەوە بدوێت. هەرگیز شێوازی قسەکردنی بیریار، ڕەخنەگر و لێکۆڵەری هونەر هاوشێوەی هونەرمەند نییە لەسەر بەرهەمی هونەری. ئەمە بە مانای ئەوە نییە هونەرمەند ناتوانێت یان نابێت ئاگاداری تیۆری هونەر بێت، یان ئەوەی بۆی نەبێت بە شێوەی تیۆری لەسەر هونەر قسە بکات یان بنووسێت؛ ئەمە شتێکی ڕەوایە و هەندێ لە هونەرمەندان ئەو کارەیان کردووە؛ بەڵام نووسینیان بە شێوەیەکی تیۆری لەسەر هونەر و بەرهەمی هونەری فریای هونەرەکەیان نەکەوتووە، کارە هونەرییەکانیانی بەرزتر و هونەریتر نەکردووە؛ ئەگەر خودی کارە هونەرییەکەیان بەرز نەبووبێت. کارە تیۆرییەکانیان لەسەر هونەر وەکوو کاری تیۆری هونەری بە تەنیشت بەرهەمە هونەرییەکانیانەوە وەستاون و ڕاستەوخۆ کاڵوکرچی یان کەموکوڕیی بەرهەمە هونەرییەکانیانی پڕ نەکردووەتەوە. هەردووکیان لە دوو پانتایی جیاوازدا ئیشی خۆیان کردووە و گرنگیی خۆیان بەدەست هێناوە.

ڕاستی کاتێک هونەرمەند بیەوێت لە ڕێگەی نووسینی تیۆرییەوە، کەموکوڕی یان کاڵوکرچی بەرهەمە هونەرییەکی داپۆشێت، نەک هەر ئەو ئامانجە ناپێکێت بەڵکوو نووسینە تیۆرییەکەشی لەسەر بەرهەمە هونەرییەکەی بێبایەخ دەبێت ئەگەر تەنانەت نووسێنێکی باشیش بێت. لەم بارە شڕتر ئەوەیە هونەرمەندێک بیەوێت بەرهەمە هونەرییەکەی کە لەڕاستیدا میناکی هونەرییە لە ڕێگەی ئاخاوتن یان نووسینی شێوە-تیۆرییەوە وەکوو بەرهەمێکی هونەری بەرز بناسێنێت، لە کاتێکدا نووسینە تیۆرییەکەشی لەسەر هونەر بە ئەندازەی بەرهەمە هونەرییەکەی کۆڵەوار بێت. لێرەدا بۆ تابلۆی «جەدەلیەتی فۆڕم و نێوکۆ» دەگەڕێینەوە کە نووسینەکەی تەنیشتی (ستەیتمێنت [وابێژی[22]])ـی هونەرمەندەکە دوو هێندەی ئاستی میناکە هونەرییەکە دادەبەزێنێت. پێم خۆشە لێرەدا وابێژی هونەرمەندەکە لەسەر تابلۆکە وەک خۆی دابنێمەوە:

«گەر لە شێوازی کارکردنە هونەرییەکان بدوێین باڵابڕ بە ڕۆژگاری ئەم ڕۆ زۆرن ئەو ستایلانەی ئەگیرێنەبەر بۆ هێنانە کایەی کارێکی نوێ ، کارکردن بە پرۆژە لە نێو کایەی هونەریدا خاوەن پرینسیپ و ماهیەتی خۆیەتی بە تایبەت کاتێک هەڵوێستە لەسەر بابەتێکی نوێ ئەکرێت یان جوڵە پێکردنی پرسیارێک کە وەڵام دانەوەو  یان وەرگرتنەوەی وەڵامەکەی فرە ڕەهەند بێت . بۆیە ئەم پرۆژەیە لە ناوەڕۆکدا ئەوەندەی ڕوکەشێکی بینراوە ئەوەندە خودی بابەت ئامادەگی نییە ئەمەش کورت ڕەوکردنی تێکست لەم concept دا بەدوای خۆیدا کەمەند کێش ئەکات ،بەبینینێکی تر ئەوەندەی مامەڵەکردنە لەگەڵ تەکنیک و لێهاتوویی skill ، توانستی بەرجەستەی فۆڕم لە سیاقی نیگارکێشاندا و هاوشانکردنییەتی بە هەنگاوی گورج ڕەوی هونەری ئەم ڕۆژگارە، بە بارتەقای ئەمانە بە تیۆریزەکردن ئامادەگی نییە ، بەئاوایەکی دی هێندەی وێنەکێشانە بە پرەنسیپ و تیۆرەکانی میتۆدی ڕەخنەیی وەسفی و ئەکادیمی ، ئەوەندە هاوئاهەنگ نییە بەبەستنەوە بە ئایدۆلۆژیایەک یان بابەت و تەوەرێکی کۆنکرێت ئاسا .» (تێبینی ئەم وابێژییە ڕێنووس و خاڵبەندی هونەرمەندەکەیە لێرەدا بەبێ دەستکاری وەکوو خۆی گواستراوەتەوە؛ لەسەر  هەڵە و کەموکوڕییەکانی ئەم لایەنە ڕاناوەستین؛ لەبەرئەوەی ئیدیتۆرێک دەیتوانی ئەو کێشەیە چارەسەر بکات…)

ئەم وابێژییە سێ گرفتی سەرەکی هەیە: یەکەم: گرفتی داڕشتنی بیرۆکە ڕۆکراوەکەی هەیە بە زمانی کوردی. ناتوانم گریمانەی ئەوە بکەم نووسەری وابێژییەکە نەزانێت بە داڕشتنێکی کوردیی دروست، بیرۆکەکەی بنووسێت، لەبەر ئەوەی پێم وایە هەر کەسێک بە زمانی کوردی خوێندبێتی، تەنانەت ئەگەر خوێنەر و نووسەرێکی باشیش نەبێت، دەتوانێت بیرۆکە چەند دێڕییەکەی خۆی، بە کوردییەکی وەها دابڕیژێت، ئەو خوێنەرە گشتییەی دەیخوێنێتەوە، تێی بگات. ڕاستە دەشێت نووسەری بوارێکی دیاریکراو، بیرۆکەیەک لە کۆدێڕێکدا دابڕێژێت، خوێنەری گشتی بەهۆی نەبوونی پێشزەمینە و ئاگاداریی چەمکناسی[23] بواری دیاریکراوەوە لە کۆدێڕەکە تێنەگات؛ ئەمە بارێکی ئاساییە. هەندێ جاری تر دەشێت خوێنەری هەمان بواری دیاریکراو کە پێشزەمینە و ئاشنایەتی بە چەمکناسیی بواری ناوبراو هەیە، بەڵام دیسانەوە لە کۆدێڕەکە تێنەگات، ئەمەیان بۆ ئاستی خوێنەرە دیاریکراوەکە لەو بوارەدا و بۆ ئاستی کۆدێڕەکە دەگەڕێتەوە کە بیرۆکەکەی پێ نووسراوە، ئەگەر مەودای نێوان ئەو دوو ئاستە زۆر بێت، ئەوا دیسان کێشەی تێگەیشتن دروست دەبێت. بۆ نموونە خوێنەرێکی سەرەتایی فەلسەفە کە پێشزەمینە و ئاشنایەتی بە چەمکناسیی فەلسەفە بە گشتی هەیە، مەرج نییە لە کتێبی ئاستبەرزی فەلسەفی وەکوو کتێبی «زانستی لۆژیک»ـی هیگڵ تێبگات. وێڕای ئەم ڕوونکردنەوانە، ناتوانین ناڕوونیی داڕشتنی وابێژییەکەی تەک تابلۆی «جەدەلیەتی فۆڕم و نێوکۆ» لەناو هیچ کام لەم بارانەی تێنەگەیشتندا جێ بکەینەوە. ئەم جێنەبوونەوەش لە گرفتی دووەم و سێیەمدا زیاتر ڕوون دەبێتەوە.

 دووەم: گرفتی داڕشتنی بیرۆکە گۆکراوەکەی هەیە لەناو چەمکناسیی تیۆری هونەریدا. وابێژییەکە دەیەوێت ئەوە نیشان بدات، کە هونەرمەندەکە جگە لە پراکتیکی وێنەکێشان، ئاگاداری تیۆری هونەر و ئێستاتیکایە و ئاشنایەتیی تەواوی لەگەڵ چەمکناسیی ناوبراودا هەیە و دەتوانێت لە هەناوی ئەو زانینییە تیۆرییە هونەرییەوە وابێژییەکەی لەسەر تابلۆکە بخاتە ڕوو، کەچی کاتێک لێی ورد دەبینەوە، دەبینین چەمکەکان بە هەڵە بەکار دەبات. نووسەری وابێژییەکە کە هونەرمەندەیەکە، ناتوانێت جیاوازی لە نێوان بابەت[24] و ناوەڕۆکدا[25] بکات؛ لە ڕاستیدا بە پێچەوانەی بانگەشەی خۆیەوە، تابلۆکەی بابەتی هەیە و بریتییە لە ڕوخساری پیاوێک لەسەر لا، بەڵام ناوەڕۆکی نییە؛ هونەری فیگەراتیڤ ناتوانێت بابەتی نەبێت، لەبەر ئەوەی فیگەر-تەوەرە. هەروەها دواتر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تیۆریزەکردن ئامادەگی نییە لەبەر ئەوەی لەسەر ڕووکەش، تەکنیک، لێهاتوویی و فۆڕم کاری کردووە. ئەم بانگەشەیەش دیسانەوە لە هەڵەتێگەیشتن لە چەمک و کارکردی «تیۆریزەکردن»ـەوە سەرچاوەی گرتووە. کاری هونەر و بەرهەمی هونەری بە هیچ جۆرێک تیۆریزەکردن نییە، تیۆریزەکردن سەر بە کایەیەکی تیۆرییە کە لە پانتایی هۆشەکی و بەناو چەمکاندن و کارکردن بە چەمک ڕوو دەدات. هونەر و بەرهەمی هونەری، تیۆریزە ناکات، بەڵکوو خۆی تیۆریزە دەکرێت.

 سێیەم: گرفتی نەبوونی پەیوەندیی بە تابلۆ پیشاندراوەکەوە هەیە. بانگەشەی وابێژییەکە کە خۆی نازانێت بە شێوەیەکی دروست دەریبڕێت، ئەوەیە کە گوایە کاری لەسەر  تەکنیک و فۆڕم کردووە و زەقی کردووەتەوە، هەر بۆیە ناوەڕۆکی وەلاوە ناوە و بۆی گرنگ نەبووە. با بزانین تا چەند ئەم بانگەشەیەی پەیوەندی بە تابلۆکەیەوە هەیە، تا چەند لە هەناوی تابلۆکەیەوە هاتووەتە دەرێ و قسەیەکی دەرەکی نییە کە خرابێتە سەری. ئەوە شتێکی ئاساییە هەندێ هونەرمەند بە ئەنقەست ناوەڕۆک وەلاوە دەنێن و زیاتر کار لەسەر فۆڕم دەکەن و تابلۆکانیان فۆڕم-تەوەر دەبێت؛ لەم بارەدا دەکرێت تابلۆکە تەنیا فۆڕم و بابەتی فیگەراتیڤی هەبێت و ناوەڕۆکی نەبێت، هەروەها دەشێت تەنیا فۆڕمی هەبێت لەگەڵ بابەتی نا-فیگەراتیڤ کە بێگومان ئەمەی دوایینیان لە هونەری هایپەرڕیالیزمدا ڕوو نادات. کارکردن لەسەر فۆڕم کارێکی ئاسان نییە و ڕاستەوخۆ ونکردن یان کاڵکردنەوەی ناوەرۆک یان وەلاوەنانی خۆبەخۆی فۆڕم بەرجەستە ناکات و نابێتە کارکردن لەسەر فۆڕم. بۆ ئەوەی هونەرمەندێک بتوانێت بە شێوەیەکی داهێنەرانە کار لەسەر فۆڕم بکات، دەبێت فۆڕمی نوێی پەیوەند بە کارەکەی خۆیەوە بەرهەم بهێنێت.

کاتێک هونەرمەندێکی هایپەرڕیالیست دەخوازێت داهێنان لە فۆڕمدا بکات یان لە کارێکیدا فۆڕم زەق بکاتەوە و بیکات بە تەوەر، ئەوا دەبێت لە تابلۆکەیدا ئەوە نیشان بدات؛ ئەویش بە ئافراندنی فۆڕمێکی نوێ بۆ ئەو بابەتەی لە تابلۆکەیدا کێشاویەتی؛ واتە ناکرێت دووبارەکردنەوەی فۆڕمی ئەوانیتر بێت. بۆ نموونە هونەرمەندی هایپەرڕیالیست «ڤۆیت کیەڤیچ»[26] لە کارەکانیدا، میوە بابەتی سەرەکییە، ئەویش بە قاژکراوی. ئەوە دەزانین بە درێژایی مێژووی وێنەکێشان، بەناو ڕێبازە جۆراوجۆرەکاندا میوە یەکێک بووە لە بابەتەکانی وێنەکێشان و فۆڕمی جۆراوجۆری لێ بەرهەم هاتووە. ئەگەر هونەرمەندێک بیەوێت دیسانەوە وەکوو فۆڕم میوە بکاتەوە بە بابەتی وێنەکێشان، ئەوا دەبێت فۆڕمەکانی پێشوو دووبارە نەکاتەوە. لەم سۆنگەوە داهێنانی فۆڕم بۆ بابەتی میوە لە کارە هونەرییەکانی ڤۆیت کیەڤیچ‌دا دەبینین. خوێنەر دەتوانێت تەماشای تابلۆکانی بکات و تەماشای تابلۆی میوەی تر بکات و بە ئاسانی هەست بە داهێنانە فۆڕمییەکەی بکات. هەروەها دەتوانین ئاماژە بە «کارۆل فیورمەن»[27]ـی پەیکەرساز بدەین کە ئەویش بە هەمان شێوە داهێنانی لە فۆڕمی پەیکەرسازیدا کردووە و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پەیکەرسازی هایپەرڕیالیزم و خوێنەر دەتوانێت تەماشای کارە هونەرییەکانی بکات و هەست بە جیاوازی فۆڕمی پەیکەرسازییەکەی بکات.

ئێستا ئەوە ڕوون بووەوە کە بانگەشەکەی بەهرۆز جەزا لەبارەی داهێنانی فۆڕمەوە بۆ بابەتی ڕوخسار کە یەکێکە لە بابەتەکانی وێنەکێشان، بانگەشەیەکی بەتاڵە؛ لەبەر ئەوەی هەر وەکوو هەزاران تابلۆی بەردەست لەسەر ئینتەرنێت، ڕوخسارێکی کێشاوەتەوە و هیچ جۆرە تاقانەیی و داهێنەرییەکی تێدا نییە؛ هەر بۆیەش تابلۆکەی لە ڕاستیدا فۆڕمی تایبەت بە خۆی نییە، بەڵکوو شکڵی تایبەت بە خۆی هەیە و فۆڕمی گشتی وێنەکردنی ڕوخساری بەکارهێناوەتەوە. نووسینی وابێژییەکی لەو جۆرە بۆ تابلۆکەی، لە بنەڕەتدا بۆ شاردنەوەی کەموکوڕی و کاڵوکرچییەکانی تابلۆکەی بووە، بۆ ئەوەی خودی تابلۆکە نا، بەڵکە لەڕێی قسەکانییەوە لەسەر تابلۆکەی، ئەوە بە بینەر پیشان بدات کە کاری لەسەر فۆڕم کردووە، لە کاتێکدا نەیکردووە. هەموو ئەوەی کردوویەتی لە ڕێگەی تەکنیکەکانی هایپەرڕیالیزمەوە، تابلۆیەکی ڕوخساری کێشاوەتەوە.

٢- «کاردانەوە ناوەکییەکان لە ڕێی ئاماژەی دەستەوە»

تابلۆی «کاردانەوە ناوەکییەکان لە ڕێی ئاماژەی دەستەوە»ـی نەوشیروان عەلی بە ڕەنگی زەیت لەسەر کانڤاس بە قەبارەی (١٨٠*٢٤٠ سم) کێشراوە و لە پێشانگای فیگەراتیڤ ئارت لە گەلەری ئێستا پیشان دراوە. ئەم تابلۆیەش هاوشێوەی تابلۆی پێشوو، کێشەی نەبوونی پەیوەندیی وابێژی بە تابلۆکەوە هەیە. تابلۆکە شتێکە و وابێژییەکە شتێکی ترە. لە ڕاستیدا ئەو پرسەی لە وابێژییەکەدا نووسراوە، زیاتر دەشێت لە پانتایی زانستی کۆنگنەتیڤ و سایکۆلۆژیادا بخرێتە ڕوو نەوەک لە پانتایی هونەردا؛ شێوازی پرسیاری وەها بۆ هونەر ناگونجێت و هونەر هەرگیز نە دەتوانێت بیخاتە ڕوو و نە دەتوانێت هیچ شتێک لەبارەیەوە گەڵاڵە بکات. هەروەها هونەر ناتوانێت لەبارەی پرسێکەوە بە گشتی دەربڕ بێت، وەک ئەوەی لە وابێژییەکەدا هاتووە «…ئەم بەرهەمە کاری لەسەر دەرهاویشتەی ناوەکی و جووڵە جەستەییەکان کردووە، هێمای جۆراوجۆری دەرخستووە…»[28] . هونەر لە پانتایی تاقانە و تاکێتیدا کار دەکات و ناتوانێت بە گشتی لەسەر هیچ شتێک بدوێت. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە وابێژی تەنیشت تابلۆکە، پەیوەندیی بە تابلۆکەوە نییە و ناوەڕۆکەکەی لە زیهنێکی هونەرییەوە نەهاتووەتە دەرێ.

تابلۆی «کاردانەوە ناوەکیەکان لەڕێی ئاماژەی دەستەوە» ی نەوشیروان عەلی نەبووە بە کاری هونەری و فۆڕم و ناوەڕۆکی شێوەی نەگرتووە؛ لەجیاتی ئەوە خاوەنی ماک و شکڵی خۆیەتی. هەر بۆیەش دەشێت بە میناکی هونەری ناوی ببیەن. کاتیک سەیری تابلۆکە دەکەین وا هەست دەکەین بەر فێرکاری کێشانی دەست دەکەوین وەک ئەوەی لە پەڕتووکە فێرکارییە هونەرییەکاندا زۆر ئەو وێنانە بەرچاو دەکەوێت کە زۆر فیگەری دەستی تێدایە و لە گۆشەی جیاوازەوە وێنە کێشراون تاوەکوو فێرخوازەکانی هونەر لێوەی فێر بن. ئەو وێنانەش هاوشێوەی تابلۆی ناوبراو، میناکی هونەرین و بۆ مەبەستی فێرکاری لە پەڕتووکە فێرکاریەکەدا دانراون.

دەستەکانی ناو تابلۆکە جگە لە نواندنەوەی خۆیان خەیاڵی بینەر بۆ هیچ لایەکی تر ڕاناکێشن و هیچ جۆرە ئەزموونێکی هەستەکی جیاواز لە بینەردا دروست ناکەن. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە فۆڕم و ناوەڕۆکی شێوەی نەگرتووە و هەر لە ئاستی ماک و شکڵدا ماوەتەوە. دەستەکان بۆ ئەوەی بتوانن ئاستی شکڵ و ماک تێبپەڕێنن و ئەزموونی هەستەکی جیاواز بۆ بینەر دروست بکەن، دەبێت بتوانن شتێک بگوازنەوە کە لەگەڵ بینەردا کارلێک بکات واتە تێکەڵ بە هەست و سۆزەکانی بینەر ببێت، دەست وەر بداتە ناو پانتایی هەستەکی، بۆ ساتێک ڕای بگرێت: نەوەک دەست ببینێت لە دۆخی جیاوازدا کە لە گۆشەی جیاوازەوە وێنەی کێشراوە.

٣- تابلۆی «دوو پۆرترەیتی حەمە و موبارەک»

تابلۆی « دوو پۆرترەیتی حەمە و موبارەک »ـی ئەسمەر ڕەفیق، بە ڕەنگی زەیتی لەسەر کانڤاس بە قەبارەی ١٠٨x ١٨٠ و ١٠٠x٧٧سم کێشراوە. تابلۆکە وەک لە ناوەکەیدا هاتووە پۆرترەیتی دوو مرۆڤی پەراوێزی و بەجۆرێک لە جۆرەکان دەرکراوی کۆمەڵگان کە بەشێوازی هایپەرڕیالیزم کێشراون. لە وابێژی تابلۆکەدا هاتووە: «کۆنسێپتی کارەکە بریتیە لە بەهادان بەو چینەی لە کۆمەڵگادا بە “بەخشراو” ناو دەبرێن. ئەم چینەش لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا دەشێت بە بێبەها سەیر بکرێن و لەلایەن کۆمەڵگاوە پەراوێز بخرێن. لەڕێی ئەم کارەوە ویستوومە بەها بدەم بەو کەسانە ئەوەش لەڕێی نمایش و وردەکاری ناو کارەکە وەک کارێکی هونەری و میدیایی کارکردن».

سەرەتا با بزانین بەرهەمە هونەرییەکە بووە بە کاری هونەری یان هەر  وەکوو میناکی هونەری ماوەتەوە. لەبەرئەوەی فیگەرەکانی هەردووک پۆرترەیتەکە مرۆڤی واقیعی ناو کۆمەڵگایەکی دیاریکراون، هەر بۆیە کاتێک بینەر تەماشای دەکات پەیوەندی لەگەڵ دروست دەکات وەکچۆن ئەگەر فۆتۆی ئەو دوو کەسەی بینیبێت، پەیوەندی لەگەڵ دروست دەکات؛ تەنانەت ئەگەر فۆتۆیەکی ئاسایی و بەدوور لە هەر جۆرە دەستواردانێکی هونەی بێت؛ واتە تابلۆکە لە فۆتۆیەکی ئاسایی ناتوانێت زیاتر نیشان بدات. ڕەنگە کەسێک بڵێت لەبەرئەوەی بەشێوازی هایپەرڕیاڵیزم دوو پۆرترەیتەکە کێشراوە؛ بۆیە لە فۆتۆ دەچێت و بڵێت هەر ژانری هایپەرڕیاڵیزم خۆی بۆ ئەوەیە وەک فۆتۆ وردەکارییەکان بنوێنێتەوە و هەر ئاڵنگارییەکەی لەوەدایە. ئەم بۆچوونە ڕاستی تێدایە بەڵام کێشەکەی ئەوەیە تەنیا تا ئاستی ماک و شکڵ بڕ دەکات و ناتوانێت لەسەر فۆڕم و ناوەڕۆک هیچ بڵێت. کێشە لەوەدا نییە هاوشێوەی فۆتۆ واقیعییە، کێشە لەوەدایە دوو پۆرترەیتەکە لەڕووی هونەرییەوە لە ئاستی فۆتۆیەکی باشیشدا نییە: هەموو ئەوەی لەو دوو تابلۆدا هەیە ئەوەیە کە وێنەی دوو فیگەری پەراوێزی کێشراوەتەوە و هەر ئەوەندە و بەس. دەکرێت دوو فۆتۆی ئاسایی ئەو دوو فیگەرە بگیرێت و دواتر بە کواڵیتی بەرز بە قەبارەی گەورە چاپ بکرێت: ئەو کاتە جیاوازی ئەو دوو فۆتۆیە لەگەڵ ئەو دوو تابلۆیەدا چییە؟ تەنیا جیاوازی ئەوەیە وێنەکان بەدەست کێشراون و فۆتۆکە بە کامێرا گیراوە. هەر بۆیە بەر فۆڕم و ناوەڕۆک ناکەوین و هەست ناکەین بەرانبەر کارێکی هونەری وەستاوین و بەرهەمەکە لە ئاستی میناکی هونەریدا ماوەتەوە. بینەر دەتوانێت بۆ پۆرترێتەکانی هونەرمەندی هایپەرڕیالستی سەردەم بەناوی گۆتفرید هێلنوێن[29] بگەڕێتەوە، کە لە پانتایی ڕووبەری پۆرترێتدا تا چ ڕادەیەک هەست و سۆزە جیاوازەکان بەشێوەیەکی کارا دەردەبڕێت و لە یەکەم نیگاوە بینەر ڕادەگرێت و ئەزموونێکی هەستەکی جیاوازی بۆ بەردەست دەکات.

ئێستا با بزانین بانگەشەی هونەرمەندەکە لە وابێژییەکەیدا تا چەند ڕاستە کە دەڵێت ویستوویەتی بەها بەو چینە بدات کە لە کۆمەڵگادا بەخشراوە. تابلۆکان پۆرترەیتن واتە تەنیا ڕووخساری فیگەرەکان دەنوێنرێتەوە: هونەرمەند تەنیا ڕووبەری ڕووخساری لەبەردەستدایە کە کاری تێدا بکات و دەبێت لەو ڕووبەرە بەرتەسکەدا بتوانێت ئەوەی خۆی دەیەوێت بە هونەر دەریببڕێت. کاتێک تەماشای پۆرترەیتی کێشراوی حەمە و موبارەک دەکەین دوو ڕووخساری خاڵی لە هەر جۆرە هەستێکی دیاریکراو دەبینین کە هیچ جۆرە بارێکی تایبەت یان دیاریکراوی ئەو فیگەرانە نابینین جگە لەوەی بینەر لە دەرەوەی تابلۆکەوە خۆی لەبارەیانەوە دەیزانێت و هەستی پێ کردووە: واتە تابلۆکان لەناو خۆیاندا وەکوو پانتایی هونەر ناتوانن هیچ جۆرە بارێکی هەستی دیاریکراو بۆ بینەر بگوازنەوە بە جۆرێک کە کار بکاتە سەر بینەر و بیان هەژێنێت؛ یان تووشی ڕامانیان بکات و ئەوەی دەستکاری هەستیان بکات گەر بۆ ساتێکیش بێت بە جۆرێکی تر جیاواز لە ڕوانگەی خۆیان لەو جۆرە فیگەرانە بڕوانن. تابلۆکان تەواو بێ دەست و زمانن لەڕووی هەستەوە، ناتوانن بچووکترین کاریگەری دیدەکی لە بینەردا دروست بکەن.

لە بەرانبەردا ئەوەی بینەر هەستی پێ دەکات وردەکاری ئێجگار وردی ڕووخسار و لێهاتوویی تەکنیکی هونەرمەندەکەیە. لێرەدا موبارەک و حەمە دەبن بە ئۆبێکتی تەکنیک و لێهاتوویی هونەرمەندەکە و دەچنە خزمەت نیشادانی تواناکانییەوە لەپەیوەند بە تەکنیکەوە. لەجیاتی ئەوەی هونەرمەندەکە شارەزایی و لێهاتوویی هونەری خۆی بخاتە خزمەت نیشاندانی دۆخی تایبەتی موبارەک و حەمەوە، ئەوا ئەو دووانە دەکات بە میدیۆم و ئۆبێکتی نیشاندانی توانا هونەرییەکانی خۆی. ئەمەش بەپێچەوانەی بانگەشەی خۆیەوە لەجیاتی ئەوەی بەهایان بداتێ لە بەهایان دەدات و دواجار بێڕێزیان پێ دەکات و بۆ شت کورتیان دەکاتەوە. لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە هونەرمەندی هایپەرڕیالسیتی سەردەم بەناوی تۆماس ئەرڤید بدەین کە تەنیا کار لەسەر نواندنەوەی بچووکترین وردەکارییەکان ئۆبێکتە کێشراوەکانی لە ڕێگەی تەکنیکە نوێکانەوە دەکات و بەناو ئەم کارەدا ئەوپەڕی لێهاوتووی و شارەزایی هونەری خۆی بەدیار دەخات؛ هونەرمەندەکە باش ئەوە دەزانێت گەر بیەوێت وردەکاری ئێجگار وردی ئۆبێکتەکەی بنوێنێتەوە، ناتوانێت هەموو بابەتێک هەڵبژێرێت لەبەرئەوەی هەندێ بابەت لەخۆیدا قورسایی ئەوەندە زۆرە ناکرێت تەنیا لە چوارچێوەی دەرخستنی توانایی تەکنیکیدا بەکار بهێنرێت، هەربۆیە تۆماس ئەرڤید نواندنەوەی بتڵ، پەیمانەی شەرب و بابەتە پەیوەندیدارەکانی تر دەکات بە ئۆبێکتی نواندنەوە کە دەکرێت تەنیا وەکوو پانتایی درخستنی توانایی تەکنیک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. دوو تابلۆی تری هونەرمەند ئەسمەر ڕەفیق بە هەمان شێوەی ئەو دوو تابلۆیەی پێشوو میناکی هونەرین و نەبوون بە کاری هونەری، لەبەر درێژنەبوونەوەی نووسینەکە لێرەدا شی ناکەینەوە و هەمان گرفتەکانی دوو تابلۆکەی تری هەیە، بەشێوەی خۆیان.

تابلۆ پشاندراوەکانی هەر کام لە هونەرمەندان خەیری ئادەم و حەسەن موڕاد لە پێشانگای فیگەرەتیڤ ئاڕت هەمان کێشە و گرفتەکانی هونەرمەندە بەرباسەکانی پێشوویان بەشێوەی خۆیان هەیە؛ بەمبۆنەوە، لەبەر درێژنەبوونەوەی نووسینەکە، ناچینە ناو باسکردنەکانیان و ئەوانیش بەهەمان شێوە تەنیا میناکی هونەرین و نەبوون بە کاری هونەری و بەرهەمە هونەریەکانیان ئەوانەی لە پێشانگاکەدا پیشاندراون فۆڕم و ناوەڕۆکیان وەرنەگرتووە و لە ئاستی ماک و شکڵدا ماونەتەوە.

٤- «پەراوێز»

کۆمەڵە تابلۆی هەردی سەباح بە ناونیشانی پەراوێز کە لە پێشانگای «فیگەرەتیڤ ئاڕت» پیشان دراوە، تاکە بەرهەمی هونەرین کە دەشێت وەکوو کاری هونەری لاواز تەماشا بکرێن؛ بەو مانایەی توانیبێتیان ئاستی ماک و شکڵ تێبپەڕێنن و ببنە خاوەن فۆڕم و ناوەڕۆکی کێشەدار. خاڵی بەهێزی بەرهەمە هونەرییەکە ئەوەیە گەرچی بەلاوازیش بێت بەڵام فۆڕم و ناوەڕۆکی هەیە و بووە بە کارێکی هونەری.

گەر لە ناوەڕۆکی کارەکە ورد ببینەوە دەتوانین ئەوە ببینین لەوەدا سەرکەوتووە تێمای بەرهەمەکەی کە جەستەیە بکات بە ئایدیا و دواتر لە بابەتێکدا بەرجەستەیان بکات کە فیگەری پیاوە ڕووتەکانی ناو تابلۆکانیەتی. واتە بە ئەندازەیەکی باش بەسەر ڕێکخستنی ئاستەکانی پێش ناوەڕۆکدا سەرکەوتوو بووە؛ تەنانەت تا ئاستی ماک و شکڵ باش هێناویەتی. لە ئاستی ماک و شکڵەوە گرفتی سەرەکی تابلۆکانی دەردەکەوێت، هەر لێرەشەوە تابلۆکانی ناتوانن ببنە خاوەن فۆڕم و ناوەڕۆکی تۆکمە. ماک و شکڵ کە لە فیگەرەکاندا دەرکەوتووە دەربڕی هەست و سۆز و خەیاڵە نیمچە دیاریکراوەکان لە ئاستی گشتیەوە بۆ ئاستی بەشەکی پەڕیونەتەوە بەڵام هێشتا نەگەیشتوون بە تاکێتی و تاقانەیی کە فۆڕم و ناوەڕۆک دەیخەنەوە و ئەگەر ئەوە ڕووبدات پێی دەگەن. کاتێک سەیری تابلۆکانی دەکەین دەبینین جەستە تێیدا کراوە بە چەق و هونەرمەند توانیوێتی سەرنج و نیگای بینەر بخاتە سەری و توانیوێتی کاریگەری دیدەکی لەسەر بینەر دروست بکات: بەڵام نەیتوانیوە ئەو کارە بەشێوەیەکی دروست و تۆکمە بکات لەبەرئەوەی کێشەی فۆڕم و ناوەڕۆکی هەیە کە ئەویش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە جەستەی بە شکڵ و ماکی نەگونجاو گۆڕیوە بۆ فۆڕم و ناوەڕۆک.

بە دەربڕینێکی تر ئەوە ڕاستە جەستە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەراوێز و تەنانەت بە توندترین شێوە سەرکوت کراوە و کارکردن لەسەر ئەمە زۆر گرنگە بەڵام ڕووتی فیگەرە ڕووتەکانی ناو تابلۆکانی، ڕووتی ڕووخسارە ڕۆژهەڵاتییەکان نییە. شێوازی ڕووتی و پۆزیشنی ڕووتی فیگەرەکان سەر بە ڕۆژاوان و هی کۆمەڵگای ئێمە نین. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هونەرمەندەکە ئەوەندەی کاریگەری ڕووتی لەناو تابلۆکانی ڕۆژاوادا لەسەریەتی نیو هێندە کاریگەری ڕووتی ڕاستەقینەی مرۆڤەکانی ڕۆژهەڵاتی لەسەر نییە. لەڕاستیدا، هێشتا کۆمەڵگای ئێمە ئەوەندە مۆدێرن نەبووە تاوەکوو تاکەکانی ئێمە تەنیایی وەهایان هەبێت کە بەو شێوە ئەزموونی ڕووتی بکەن، بەپێچەوانەوە لەلای ئێمە ژورێک، قەلەمڕەوێک بۆ ڕووتبوونەوە لەئارادا نییە. تەنانەت ئەو کەمینەیەشی کە بەتەنیا دەژین ناتوانن ئەو جۆرە لە ڕووتی ئەزموون بکەن. لەبەرەوەی ئەو جۆرە لە ڕووتی ئەزموونی ڕووتی و ڕووتبوونەوەی هەزاران کاژێری جەستەیە بەڕووتی لەگەڵ خۆیدا و لەگەڵ ئەویتردا لە ژوورەکان، قەڵەمڕەوەکانی تەنیایی و تەنانەت شوێنە گشتییەکانی وەکوو کەناری دەریا. ئەو کاتە کارە هونەریەکەی فۆڕم و ناوەڕۆکی دروستی بەدەست دەهێنا کە جەستەی ڕووت یان جەستە و ڕووتی لە هەناوی شێوە ژیانی خۆمانەوە دەربهێنایە و لە کارە هونەریەکەیدا بەکاری ببردایە.

فۆڕم و ناوەڕۆکی هونەری بەتەنیا خوێندن، فێربوون و تەمرینکردنی تەکنیکە دیاریکراوەکانی وێنەکشیان دروستی ناکات؛ ئەوانە تەنیا دواتنن ماک و شکڵ بەرهەمبێنن. داهێنانی فۆڕم، بەفۆڕمکردنی ناوەڕۆک و بەناوەڕۆککردنی فۆڕم کە دواجار کاری هونەی لێ دەکەوێتەوە، هەروا بە ئاسانی نایەتەبەرهەم ئەگەر کەسی وێنەکێش هەموو تەکنیکە پەیوەندیدارەکانیش بزانێت و تەنانەت مامۆستای وتنەوەی ئەو وانانەش بێت. لەبەرئەوەی پرسی کاری هونەری کە پەیوەستە بە فۆڕمەوە بەشێوەیەکی میکانیکی بەدەست نایەت و گرێدراوی سیاق و ناواخنی مێژوویی، کۆمەڵایەتی، کەلتوری، ئایینی و… هتدە. ئەمەش بەمانای ئەوە دێت خودی فۆڕم، قەوارەیەکی مێژووییە و سەر بە دۆخە دیاریکراوە کۆنکرێتییەکانە.  


[1]– terminology

[2]– subject

[3]– content

[4]– particular

[5]– individuality

[6]– nonrepresentational

[7]– nonobjective

[8]– theme

[9]– notion

[10]– being-in-itself

[11]– alterity

[12]– being-for-other

[13]– assemblage

[14]– idea

[15]– determination

[16]– entity

[17]– anatomy

[18]– putative

[19]– shape

[20]– matter

[21]– میناک لە زمانی کوردیدا بەمانای هاوشێوە، نموونە و هاوتا دێت. لەم نووسینەدا هەر سێ ماناکەی لەبەرچاو گیراوە.

[22]– statement

[23]– terminology

[24]– subject

[25]– content

[26]– Dennis Wojtkiewic

[27]– Carole Feuerman

[28] لاپەڕە ١٧

[29]– Gottfried Helnwein

Loading