وەرگێڕان

چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ لوس ئیریگارە

وەرگێڕان: دییە ڕوها

لەڕێی ئەو پرسیارانەی خوارەوە هەوڵمان داوە دیالۆگێکیی فەلسەفیی بەپێز لەگەڵ لوس ئیریگارەدا بکەین، کە یەکێکە لە ناودارترین فەیلەسووفە فەڕەنسییەکانی سەردەمەکەمان،  ئیریگارە زیاتر لەڕێی ڕەخنەکردنی کەسایەتییە ناودارەکانی[1] نەریتی دەروونشیکاری و فەلسەفەی ڕۆژئاوا ناوی دەرکردووە، بە تایبەت لە بەرهەمەکانیدا: «زێپشکنەر[2]ی ژنەکەی تر» و «ئەو ڕەگەزەی یەک/ڕەگەز نییە[3].» هەروەها بە فەلسەفە و ئیتیکی جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکان[4] ناسراوە کە جەخت دەکاتەوە لەسەر بنیاتنانی کولتوورێکی هەمەچەشن و تێیدا سوبێکتە مێ و نێرەکان لە ڕێگەی قبووڵکردنی ئەویترێتی ئەویترەوە لە کۆتاییدا پێکەوە دەژین. مەیلمان بۆ پرسی دووەمیان کە چۆن ئەم جۆرە کولتوورەی جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکان بینا دەکرێت، وای کردووە پرسیارەکانمان لەو پێوەندەدا دابڕێژینەوە و زیاتر سەرنجمان لەسەر بەرهەمە نوێیەکانی ئیریگارە بێت وەکوو «من خۆشەویستیم بۆ تۆ هەیە»، «سکێچێک بۆ شادومانی لەناو مێژوودا»،» ڕێگای خۆشەویستی» و «بەشکردنی جیهان».

ڕاستییەکەی، بیرۆکەی سازدانی چاوپێکەوتنێک لەگەڵ لوس ئیریگارەدا بەهۆی ئەو وانەوتارەوە سەری هەڵدا کە لە کۆڕ و سیمینارە نێودەوڵەتییەکەی ٢٠١٢دا لە زانکۆی بریستۆڵ پێشکەشی کرد. ماوەی چەند ساڵێکە  ئیریگارە خەریکی ڕێکخستنی ئەم زنجیرە سیمینارە نێودەوڵەتییانەیە، بەمەش هیواخوازە خوێندکارانی دکتۆرا لە سەرانسەری جیهاندا کۆ بکاتەوە و لەبارەی بەرهەمەکانییەوە پێکەوە دیالۆگ بکەن و ئاڵنگاریان بکات، تاکوو ڕوانگەی خۆیان لەسەر پراکتیزەی فەلسەفە بە گشتی دەربڕن. کرۆکی وانەوتارە گشتییەکەی زانکۆی بریستۆڵی مانگی شەشی ٢٠١٢ بریتی بوو لە دیوە گفتوگۆئامێزەکەی، هەم لەوێدا باسی لە دۆخی ئەم دواییانەی ئەکادیمیاش کرد. بە بۆچوونی ئیریگارە، بەم دواییانە کۆمەڵەی ئەکادیمیا چیتر بایەخ نادەن بە -یاخود هەرگیز بە جددی گوێیان نەداوە- بە بەها و گرنگیی دیالۆگی نێوسوبێکتیڤ و ڕێزدار. ڕاستییەکەی، بەهای گفتوگۆی دیالۆگگەرا و ئیستیغلالنەکردوو لەنێوان سوبێکتە جیاوازەکاندا لە کولتووری ئەکادیمیا و بە گشتی لە کولتووری ڕۆژاوادا ماڵاوایی کردووە، وەک چۆن بوونی جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکان پشتگوێ خراوە.

١. بۆچوونت دەربارەی دۆخی ئەم دواییەی ئەکادیمیا بە گشتی چییە؟ هیچ سەرنجێکت هەیە لەمەڕ مەرجەکانی بارودۆخی کۆمەڵەی ئەکادیمیا لە بەریتانیا، بەو پێیەی زۆرینەی سیمینارە نێودەوڵەتییەکانی ئەم دواییەت لە زانکۆکانی ئەوێ بوون؟

لوس  ئیریگارە: ئەوەندەی من ئاگاداربم، بە گشتی ئەکادیمیا لە قەیراندایە، بە لایەنی کەمەوە لە ڕۆژاوا؛ تووشی کەڵەکەبوونی مەعریفەی زانستیی هاتووە، هەروەها کولتوور و خوێندکارگەلێکی وا هەمەچەشنی لەخۆ گرتووە کە مەحاڵە بتوانێت لە چوارچێوەی ڕێکخستن و وانەوتنەوەکەی جارانیدا بەردەوام بێت. سەرەڕای ئەمەش هەنگاونان بۆ پێشەوە کارێکی وا ئاسان نییە، چونکە تا دێت زۆرینەی بەهاکانمان بۆ دیاریکردنی هەقیقەت و ئیتیک گومانیان دەچێتە سەر. زۆربەی جار دەبینین بەرەوپێشچوون بە مەبەستی ڕەخنەگرتن لە سەردەمی ڕابردوو بەکار دەبرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە هێشتا نەگەیشتووینەتە قۆناغێکی تری کولتووری و سیستەمێکی تری پەروەردەیی. ڕاستییەکەی، ئەوە  ڕوانگەی گشتییە و دەبێت هەڵبسەنگێندرێتەوە، کە دواتر لەڕێی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتانەوە هەوڵ دەدەم ڕوونی بکەمەوە.

پێشنیارەکانم بۆ وانەوتنەوە، زیاتر لە بەریتانیا، تا لە وڵاتانی تر پەسەند کران. بەو پێیەی ئینگلیز لە بەردەم گۆڕاندا کراوەترن؛ زیاتر پراگماتیکین و ئایدۆلۆژیست نین. لە سەرەتادا بیرۆکە و پلانەکانی ئەم سیمینارە نۆساڵییەم لە بەریتانیا بۆ ستافی ئەکادیمیای زانکۆی نۆتینگهام پێشکەش کرد و ئەوانیش پێگەی پرۆفیسۆری تایبەتیان بۆم پێشنیار کرد. ڕاستییەکەی ڕوونکردنەوەی مەبەستەکانم هێندە ئاسان نەهاتووە بە دەستەوە، بەڵام ئەوەبوو سیمینارە نێودەوڵەتییەکەی کارەکانم تایبەت بەو لێکۆڵەرە گەنجانەی تازە دکتۆرایان تەواو دەکرد، هەرچۆنێک بێت لە زۆربەی زانکۆ ئینگلیزییە جیاوازەکاندا پێشوازییەکی چاکی لێ کرا. بەس ئەوەیە سیمینارەکە لە بنکڕ و پەراوێزی ساڵانی زانکۆدا پێشکەش دەکرێت، واتە لە دوای تەواوکردنی ساڵانی ئەکادیمی، هەر بۆیە بواری ئەوە نابێت تا ئەکادیمیای ئینگلیزی بەرەوپێش بخات. لەگەڵ ئەمەشدا، دەتوانم بڵێم لە بەریتانیا هەندێک دەستخۆشی دکتۆرای فەخریم پێ گەیشتووە، هەروەها خوێندکارە ئینگلیزەکان خۆیان بانگهێشتیان کردووم تا وتار بدەم. سەرجەم ئەمانە دەرخەری ئەوەن ئەکادیمیای ئینگلیزی توانای بەرکەوتنی بە ئاسۆی کولتووری نوێ هەیە کە لە وردەکاریدا جەخت لەسەر پەرەسەندنی سەبجێکتیڤی پەیوەست بە جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکان دەکاتەوە.

٢. پەیوەند بەم قەیرانانەی لەم دواییەدا تووشی خوێندنی باڵای بەریتانیا و وڵاتانی تری ئەورووپی هاتوون، ئامۆژگاریت چییە بۆ ئەو لێکۆڵەرە مێیە گەنجانەی دوودڵی داهاتوویانن؟

 ئیریگارە: پێشنیارم ئەوەیە یەک بگرن و بیسەلمێنن دەتوانن ڕوانگەیەکی تر بهێننە ئەکادیمیاوە کە کولتوور بەرەوپێش ببات، بە تایبەت کولتوورێکی جیهانی. زۆرجار ژنان لەبری ئەوەی هەموویان بەیەکەوە بەها و توانا ڕێژەییەکانیان بە باشی بەکار بەرن، زیاتر پێشبرکێ لەگەڵ یەکتردا دەکەن لەژێر ناوی بەها پیاوانەکاندا و چاویان لەسەر پیشەی نەریتییە لە سیاقی ئەکادیمیی چەقبەستوودا. ئەوان دۆخەکە هەرچۆنێک بێت پێی ڕازین بەس ئەوەندەی شوێنێکیان لە ئەکادیمیادا دەست بکەوێت. بۆ نموونە، ئەو ژنانەی خاوەنی هەمان پیشەی منن، کێشەیان نییە پەیوەندی پیشەییان لەگەڵ من ڕابگرن، بەس بۆ ئەوەی دژایەتی تەقالیدە کۆنەپارێزەکانی ئەکادیمیا نەکەن. بۆ من ئەمە دژیەکییەکی گرنگی کولتوورییە کە هیچ شتێک دەرهەق بە دانپێدانان بە توانا ژیرییەکانی ژن پێشکەش ناکات. هەروەتر، ئەمە بە هەمان شێوەی نەریتیی پیاوانە، ژیان و هەست لە ئەکادیمیا و کولتوور دەردەکات بۆ دەرەوە.

٣. گەر بە ڕاستی ئەکادیمیا لەم ساتەدا لە دۆخێکی بنبەستدایە؛ دیالۆگ بوونی نییە و جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکان لە کولتووری ئەکادیمیای ئیمڕۆدا ناخوێندرێن، کەواتە چۆن دەتوانین کولتووری ئەکادیمیا بگۆڕین بۆ ئەوەی ژیان بەش بکەین، یاخود جیهان بەش بکەین؟ ئایا دەکرێ بڵێیت کە  مەبەستت لەو دەربڕینە چییە، “بەشکردنی جیهان” وەکوو چۆن لە کتێبی بەشکردنی جیهاندا بەکاری دەبەیت؟

 ئیریگارە: گۆڕینی کولتوور لەسەر ئەو ژنانە وەستاوەتەوە کە لە زانکۆکان وانە دەڵێنەوە. بۆ نموونە دەتوانن داوا بکەن بەشی ڕاڤەیی و بنیاتنەریی کارەکەم – نەک تەنیا  بەشە گرنگەکەی- بۆ بەرنامەی خوێندن زیاد بکرێت، سەرباری ئەوەش دەتوانن لە وانەوتنەوەیان و شێوازی مامەڵەیاندا ئاماژەی پێ بکەن و بەکاری بەرن. دەتوانن جیاوازییەک لەنێوانی جیهانی پیاوانە و جیهانی بە ڕووکەش ژنانە دروست بکەن و هەندێک کات بۆ ڕێکخستنی دیالۆگ لەنێوانی دوو جیهانەکەدا تەرخان بکەن، وەکوو ئەوەی من لەگەڵ منداڵ و هەرزەکارە ئیتاڵییەکاندا کردم (بۆ نموونە بگەڕێرەوە بۆ «لوس  ئیریگارە: نووسینە سەرەکییەکان ٢٠٠٤» و پاژی “فێرکاریی چۆنییەتیی بەیەکگەیشتنی جیاوازییەکان” لە کتێبی « لوس  ئیریگارە، فێرکاری ٢٠٠٨». هەروەها دەتوانن پێشنیاری بابەت بۆ وتار، تێز و تەنانەت دکتۆراکان بکەن کە چۆن جیاوازییەکان لە هەموو ئاستەکاندا بەش بکەن و لە بنچینەییترین و گەردوونیترینیانەوە دەست پێ بکەن؛ جیاوازیی نێوان ڕەگەزەکان. بەداخەوە هێشتا ژنان تێنەگەیشتوون کە جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکان چییە، نەک تەنیا جیاوازییە سروشتییەکە، بەڵکوو کولتووریەکەش و نازانن چ سەرچاوەگەلێک لەناو کڕۆکی پەیوەندییەکاندا بە ڕەچاوکردنی جیاوازییەکانەوە خەوتووە. ژنان دابەشبوون بەسەر ئەو بەشە ژنانەیەی خۆیان کە هێشتا بینا نەبووە و بەسەر کولتووری پیاوانەدا کە پێیان وایە تاکە کولتوورە پێی بگەن و فێری بکەن. زۆربەی جار، ڕەخنە لە ڕەفتاری پیاوانە دەگرن بەبێ ئەوەی هیچ جێگرەوەیەکی ڕاستەقینە پێشکەش بکەن.
 

گومانی تێدا نییە دەبێت ژنان بە کاتێکی کەم ڕێگایەکی زۆر دژوار ببڕن، بەڵام هەندێک جار ئەوە خۆیانن توانای دەستپێشخەری و داهێنانیان نامێنێت کاتێک دێنە ناو ئەکادیمیا وەکوو لەو کاتانەی کە دڵسۆزن بەرانبەر کچەکەی ناخیان؛ واتا کاتێک لە دەرەوەی ئەکادیمیان. هەروەها ژنان لە مێینە ستێرۆتایپە کڵێشەییەکان زیاتر خۆیان بەدوور دەگرن تاوەکوو لە نێرینەکان.

٤. بەپێی کارە دەروون-زمانناسییەکەت[5] لەمەڕ جیاوازیی بەکاربردنی زمان لای ژن و پیاو و چۆنییەتیی ئاڵوگۆڕپێکردنی لەنێو یەکتردا (بۆ نموونە وەکوو چۆن لە وتاری “پرسیاری ئەویتر” یاخود لە «من خۆشەویستیم بۆ تۆ هەیە»دا ڕوون کراوەتەوە). سا جەنابت چۆن پەسنی زمان و چۆنییەتیی پەیوەندیگرتن لە ئەکادیمیادا دەکەیت، کە دیارە هێشتاکە تا ڕادەیەکی زۆر بونیادێکی پلەبەندی هەیە؟ ئایا دەتوانین بڵێین زمان و گفتوگۆکانی ناو ئەکادیمیا زیاتر ئاڕاستەی سوبێکت-ئۆبێکتن و هەر بۆیە کەم تا زۆر ئیستیغلالکەر و خراپن؟ پێت وایە لێکۆڵەرە مێیەکان بتوانن ئەکادیمیا بگۆڕن بۆ شوێنێک زیاتر جێگای گفتوگۆی ڕێزدار بێت؟ یاخود بە دەربڕینێکی تر؛ بەو پێیەی ژنان زیاتر بە زمانێک ڕاهاتوون ئاراستەی سوبێکت-سوبێکت بێت کە دەخوازێت ئەویتربوونی سوبێکتی ئەویتر بپارێزێت، ئایا ژنە لێکۆڵەرەکان دەتوانن ڕۆڵێکی چاکیان هەبێت لە گۆڕینی ئەکادیمیا بۆ شوێنێک بتوانرێت ژیان و جیهان تێیدا بەش بکرێت؟

ئیریگارە: یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە یەکلاکەرەوەکان لە ئاستی پەیوەندیگرتنی ناو ئەکادیمیا، ئەو هەقیقەتەیە کە تاکەکان بێ ڕەگەز سەیر دەکرێن. تاکە گوتاری ڕێگەپێدراو لەوێ، گوتاری بێلایەنە کە گوایە دەبێت نێوەندگیر بێت، بەڵام  گوتارەکە لە بنەڕەتدا لە خزمەت ستراتیژییەکی نێرانەدایە بۆ ئازادکردنی پیاوان لە دەسەڵاتی بنەچە و جیهانی دایکانە (ڕەحمی دایک). ئەو بێلایەنییە ڕووکەشەی پەیوەندیگرتن لەسەر بنەمای لۆژیکێکە لە ململانێی پیاوانە و هەستەکییانەی نێوان ئەکادیمیکارەکان. ئەم بێلایەنکردنەی کەسەکان وا دەکات ئۆبێکتێک تۆخ بکرێتەوە، چ ماددی بێت یاخود ڕۆحی؛ ئۆبێکتەکە دەبێتە تاکە شوێنێک توانست و هێزی خۆیانی تێدا دووپات بکەنەوە. ڕوونە کە بەم شێوەیە، جیاوازیی نێوان کەسەکان بڕەکییە و بە دەستکەوتێکی ڕۆحی یاخود ماددیەوە بەستراوەتەوە. هەر بۆیە ئەم جیاوازییانە لەبری گەشەدان بە پەیوەندییە نێوان‌سوبێکتیڤەکان، ڕکابەرایەتی و ململانێ دەخەنەوە.

    ژنان دەتوانن ئەکادیمیا بۆ وەها شوێنێکی پڕ لە دیالۆگی لایەنە هەمەچەشن و جیاوازەکان بگۆڕن. لەگەڵ ئەوەشدا، گەر لە زمانی کچ و هەرزەکارە مێینەکاندا ئیمتیاز بە پەیوەندییە سوبێکت-سوبێکتەکان لە بەرانبەر پەیوەندییە سوبێکت-ئۆبێکتەکاندا درابێت، ئەوا دەبێت ئەم کواڵیتییە پێکەوەییانە بەو جۆرە پەرەی پێ بدرێت. گەرچی بارودۆخەکە بەم جۆرە نییە، بۆ نموونە بەدواداچوونەکانم لە فەڕەنسا و ئیتاڵیا – و ئەوانەشی هەندێک لێکۆڵەر لە وڵاتی تر کردیان- دەیسەلمێنن کە جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکان لە گوتاری مامۆستاکاندا پشتگوێ دەخرێن، بەو پێیەی فێری گوتارێکی تاقانە کراون؛ گوتاری بێلایەن وەکوو نیشانە بۆ توانستی کولتووریان. جا گەر ژنانیش پەرە بە هەڵوێستە نێوان‌سوبێکتیڤییەکانیان نەدەن، ناتوانن هەردەم ڕێز لە ئەویتربوونی ئەویتر بگرن. بەم شێوەیە دەکەونە ناو پڕۆسەی ملکەچبوون و داگیرکردنەوە و ناتوانن کولتووری ئەکادیمیا بگۆڕن بەو شوێنەی جیاوازییەکانی تێدا بەش بکرێت.

٥. ئایا دەتوانیت بۆچوون و سەرنجت لەسەر ئەو دێڕە سەرنجڕاکێشەی پەیوەست بە هایدگەرەوە بڵێیت کە لە وانەوتارە گشتییەکەتدا لە زانکۆی بریستۆڵ ئاماژەت پێ کرد، کە دەڵێت “تەنیا هزر دەتوانێت دەربازمان بکات”؟ چۆن بە دێڕەکەی مارتین هایدگەرەوە “تەنیا خوایەک دەتوانێت دەربازمان بکات” دەیبەستیتەوە؟ دەشێت ئەمە وەکوو ڕەخنەیەکی بەهێز لە فەلسەفەی هایدگەری سەیر بکەین یاخود وەکوو بەشێک لە دیالۆگە ڕەخنەییەکەت لێی؟ دواتر چۆن دێڕەکەی خۆت ئاماژەیە بۆ ئیتیکی جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکان و ئایدیاکانیشت دەربارەی گۆڕینی کولتووری ئەکادیمیا؟

ئیریگارە: بنچینەی ئەم ڕستەیە لە کارەکەی هۆڵدێرلیندایە، ئەو شاعیرەی لە گەشتی ڕۆشنبیربوونی هایدگەردا گرنگییەکی زۆری هەبوو و دێڕەکە ئاماژە بە خوایەک دەدات؛ بە واتایەک گەڕانەوە بۆ ئەو پاڵپشتییەی خواکانی یۆنانی کۆن پێشکەش بە مرۆڤیان کرد. نازانم ڕەنگە هەڵەش بم، بەڵام پێم وانییە ئەم ڕستەیە هەمان ئەو واتایانە بگرێتەوە کە ئیمڕۆ لە خوای بار دەکەین. بەهەرحاڵ، ڕستەکە ئاماژە بە خوایەک دەکات و هەریەک لە ئێمە دەتوانین تایبەتمەندیی خوای یۆنانییە دێرینەکان بدەین بەسەر خوای ئیمڕۆدا، بەو پێیەی خۆیان هاوبەشیان هەیە.

مەبەستم نەبووە لەوەدا ڕەخنەی هایدگەر بکەم کە بۆ من ئیمڕۆکە هزرە دەتوانێت دەربازمان بکات. ڕاستییەکەی بۆ من هایدگەر باشترین فەیلەسووف بوو کە گرنگیی هزر و ڕێگاکانی نزیکبوونەوەی لە هزر فێر کردم. ڕاستە، ئێستا ئێمە لە سەردەمێکی نوێداین و تێیدا فرەکولتوورگەرایی و کێشەی هەمەچەشنیی ئایین لە ناوجەرگەی پەرەسەندنی کولتووریدان؛ هەر بۆیە چیتر ناکرێت داوا لە خوایەک بکەین دەربازمان بکات. بەڵکوو لە بەرانبەردا ناچارین ڕێگای نوێی مامەڵەکردن لەگەڵ ئیلاهیەت بەردەست بخەین، لەناو خۆمان و لەنێوان خۆماندا وەکوو مرۆڤایەتی و لە ئاستە جیهانییەکەدا. ئەمەش سەروکاری لەگەڵ ئیتیکی جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکاندا هەیە، بە جۆرێک ڕەهایەکی تاقانە ناهێڵێت بە شێوەیەکی جددی هەم پێناسە و هەم پراکتیزەی ئیتیک و ئایین لە بوارە زانستییەکاندا بکەین.

٦. ئەمە دەمانخاتە بیری تێکهەڵچوونی فەلسەفەکەت و فەلسەفەی هیگڵی و شیکردنەوەت بۆ دیالەکتیکی کۆیلە-سەروەری هیگڵ لە «من خۆشەویستیم بۆ تۆ هەیە» دا. ئایا دەتوانین بڵێین خوێندنەوەکانت بۆ فەلسەفەی هیگڵ لەم کتێبەیانتدا بەپێزترە لەوەی کتێبی «زێپشکنەر»؟ گەرچی لە کتێبی «زێپشکنەر»دا پرسی بێلایەنیی ڕەگەزی و نەبوونی پەیوەندییەکی ڕاستەقینەی دوولایەنەت لە دانپێدانان لەنێوان ئەنتیگۆن و پۆلینیسێسی برایدا (هیگڵیانە) وروژاندووە، بەڵام داخۆ «من خۆشەویستیم بۆ تۆ هەیە» زیاتر سەرنجی نەخستووەتە سەر ڕۆیشتن بەرەو کولتووری جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکان؛ کولتوورێک تێیدا دانپێدانان لەسەر دیالەکتیکی دووانی، یاخود تەنانەت سیانەییە لەبری ئەوەی لەسەر بنەمای دیالەکتیکی بەنێرکراوی یەک[6]ی هیگڵی بێت؟

 ئیریگارە: گومانی تێدا نییە لە کتێبی «زێپشکنەر»دا ئەو پاژەی لەسەر فەلسەفەی هیگڵە زیاتر ڕەخنەگرانەتر و هەڵوەشێنەرە، لە بەرانبەردا «من خۆشەویستیم بۆ تۆ هەیە» زیاتر جەختی لەسەر دیالەکتیکێکی ترە کە جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکان لە خۆیدا هەڵدەگرێت. بەهەرحاڵ، باس لە بێلایەنیی ڕەگەزیی نێوان ئەنتیگۆن و پۆلینسێسی برای ناکەم، بەو پێیەی ڕێوڕەسمی ناشتنەکە تایبەت بە ئەندامێکی نێری خێزانەکەیە و کچەکە دەبێت بیگرێتە ئەستۆ. (هەروەها بڕوانە “لەنێوان ئوستووڕە و مێژوودا؛ تراژیدیای ئەنتیگۆن” لە پرسسازکردنی ئەنتیگۆن لە فەلسەفە و ڕەخنەی پۆستمۆدێرندا ٢٠١٠) وتارەکە لە کتێبێکی تری  ئیریگارەدا دەردەکەوێتەوە «لە سەرەتادا کچەکە بوو»، دەزگای بلوومسبێر، مانگی ١٠ی ٢٠١٢). ڕەنگە ئێستاکە لێکدانەوەکەم لەوانەی سەردەمی یۆنانییە دێرینەکانەوە نزیکتر بێت. هەر خۆی هۆی بەکاربردنی زاراوەی “ڕەگەزی” دەگەڕێتەوە بۆ دڵسۆزبوونم دەرهەق بە یۆنانییەکان، هەروەها لەپاڵ چەند هۆیەکەی تریشدا. کەواتە پەیوەندیی نێوان ئەنتیگۆن و پۆلینسێس ڕەگەزییە نەک سێکسواڵ و بۆیەش ئەنتیگۆن دەبێت ڕێز لە شووناسە ڕەگەزییەکەی براکەی بگرێت کە جیاوازە لەوەی خۆی، پێش ئەوەی دوای تێرکردنی ئارەزووە سێکسواڵەکانی خۆی بکەوێت لەگەڵ هێیمۆنی دەزگیرانی. گەرچی ئارەزووەکەی مەحاڵێک بوو قەت نەهاتە دی، چونکە پاشا کرایۆن ئەمری کوشتنی بۆ دەرکرد. بە دەربڕینێکی تر؛ بۆ ئەوەی بتوانیت پەیوەندییەکی سێکسواڵ ئەزموون بکەیت بە ڕێزگرتن لەویتر، دەبێت جارێ سەرەتا شوناسی ڕەگەزیی بەدەست بهێنیت و دان بە جیاوازبوونی شوناسی ئەویتردا بنێیت. ئەمە بە جۆرێکە کە شێوازی نەریتیی تێگەیشتن لە یەکەی خێزان وەکوو گشتێک کە جیاوازییەکان ڕەت دەکاتەوە، دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

هەر بۆیە هەبوونی دیالەکتیکی دووانە و سیانە پێویستییە؛ دیالەکتیکێک کە برەودان و گەیشتن بە شوناسی مێینەیە؛ یەکێکی تری لە خزمەت برەودان و گەیشتن بە شوناسی نێرینەدایە؛ و یەکێکیش لە خزمەت پەیوەندییەکەی نێوانیانە بە ڕێزگرتن لە جیاوازییەکانی هەردووک. لەم ڕێیەوە زۆرجار یەک دەگرن بۆ گشتێک سەرەڕای پاراستنی دووانیبوونەکەیان. بەم شێوەیە دانپێدانانیش بریتییە لە دانپێدانان بە ئەویتربوونی ئەویتر وەکوو ڕیاڵێک کە هەرگیز ناکرێت لە جیهانی خۆتدا دەستی بەسەردا بگریت، ئەمەش واتا دەستبەسەرداگرتنی ئەو ڕەهەندە تۆکمە و لە جڵەو نەهاتووە نەرێنییەی نێوان دوو مرۆڤی ڕەگەزیی جیاواز.

٧. هەر لە پەیوەند بە پرسیارەکەی پێشووەوە، چۆن دەتوانین لە پارادایمی کۆیلە-سەروەری هیگڵ دەربچین و تۆ چۆن پێناسەی پارادایمەکە دەکەیت؟ هەروەها ئایا دەتوانیت سەرنجی خۆت لەسەر پاژی “ژنی فەڕەنسی دەوەستن لە هەوڵدان” بڵێیت لە کتێبی «ئەم ڕەگەزەدا»، کە تێیدا بە جۆرێک ئاماژە بە «فەلسەفە لە جێی نووستن»ی مارکز دوساد دەکەیت و ڕەخنەی مۆدێلە چووک-تەوەر و بەرەڵاییخوازە[7] Libertinism کەی دەکەیت؟ دەکرێت بەڕەڵاییخوازی ساد وەکوو فەلسەفەیەک لەسەر بنەمای دیالەکتیکی کۆیلە-سەروەری هیگڵی سەیر بکرێت، تێیدا سوبێکتەکان هەرگیز بە تایبەتێتی[8] و ئەویتربوونی خۆیانەوە بەر یەک ناکەون؟ داخۆ دەکرێت بەرواردکارییەک لەنێوانی فەلسەفەی ئەم دووە و فەلسەفەی هەردوو جووت فەیلەسووف، ژان پۆل سارتەر و سیمۆن دو بوڤوار بکێشرێت؟ پێت وایە دووانەکەی کۆتایی توانیبێتیان لەم پارادایمەی هیگڵ دەربچن؟

 ئیریگارە: ململانێی کۆیلە-سەروەر لەسەر بنەمای لۆژیکی یەک، هەمان[9] و یەکدانەیی[10] کار دەکات. دیارە کۆیلە و سەروەر دوو بەشی یەکایەتییەکن کە لە ململانێدان تاوەکوو ئەو یەکایەتییەی هەیە، هەر یەک بۆ خۆی قۆرغ بکات. ڕۆڵیان تا ڕادەیەک جیاوازە، بەڵام هەردووک دابەشبوونی خودی مرۆڤ بۆ دوو بەشی ناکۆک دەنوێنن کە ئیمکانی تریان نییە بێجگە لەوەی یەکتری داگیر بکەن، یاخود یەکێکیان ببێتە سەروەر بەسەر ئەویترەوە، بەبێ ئەوەی هەرگیز بتوانن پێکەوە وتووێژ بکەن. ڕاستییەکەی هەر یەکێکیان دەیەوێت ئەویتر بچەوسێنێتەوە تاوەکوو بە یەکایەتیی[11] خۆی بگات، بەڵام نازانێت بەم کارە ئەوە خودی خۆیەتی دەیچەوسێنێتەوە، چونکە ئەویتریش بەشێکە لە خود.

بۆ دوورکەوتنەوە لەم کێشە بێچارەسەرە، زۆربەی جار کولتوورەکەمان لە پەیوەندیی نێوان دووانەوە دەپەڕێتەوە بۆ سەر پەیوەندیی نێوان چەند کەسێک کە بە جۆرێک، یەکی تاک و تەنیا کۆی کردوونەتەوە؛ چی گەر یەکەکە ڕەهایەکی فەلسەفی یاخود ئایینی بێت، یاخود سەرکردەیەکی سیاسی. شێوە جووڵەیەکی لەم جۆرە، پەیوەندی کۆیلە-سەروەر چارەسەر ناکات کە لە چەندان فۆڕمی جیاوازدا بەدیار دەکەوێتەوە؛ بە تایبەت لەنێوان ژن و پیاودا، لە کاتێکدا هیچ زەروورەتێک بۆ هەبوونی نییە. ڕاستییەکەی، ژن و پیاو دوو بەشی هەمان یەکایەتی نین، بەڵکوو دوو یەکایەتیی جیاوازی مرۆڤن کە ناتوانن یەکێک پێک بهێنن. ڕەنگە بڕێک جار بەیەکەوە یەک بخەنەوە؛ لە ئەشق، لە وەچەخستنەوە، ئارەزووی ڕۆحی یاخود لە داهێناندا. بەڵام ئەمەش تەنیا بە جۆرێک ڕوو دەدات گەر دووانەیی خۆیان بهێڵنەوە؛ ئەو دووانەییەی کولتووری نەریتیی ڕۆژاوا وەکوو جووتی لۆژیکیی هاودژ سەیری دەکات. ئیمڕۆکە ژن و پیاو نە جووت پێک دێنن و نە هاودژن (بۆ نموونە «لە سەرەتادا کچەکە بوو»، بلوومسبێری، مانگی ١٠ ی ٢٠١٢)، بەڵکوو هەردووک دوو یەکەی سروشتی و کولتووریی جیاوازن. بیناکردنی پەیوەندی کۆیلە-سەروەر لەنێوان ژن و پیاو، بونیادی کولتووری دەشێوێنیت و لە بەرەنجامدا ڕیاڵێکت دەبێت نە دانپێدانراو و نە برەوپێدراوە. ئەمەش واتا مانەوە لەناو لۆژیکی یەک و هەماندا. 

گەر ڕاستگۆیانە بدوێم، وا پێ دەچێت بەڕەڵاییخوازی ئەوەی فەرامۆش کردبێت کە سێکواڵیتە بەبێ گوێدان بە دووانەیی شووناس و سەبجێکیتیڤیتەیی هەردووک کەسەکە، هەژموون ناکرێت. لە بەرانبەردا بەڕەڵاییخوازی، مرۆڤ بۆ یەک لایەنی کورت دەکاتەوە بەبێ گوێدان بە یەکایەتیی کەسەکە خۆی، کە ئەمەش دەمانگێڕێتەوە بۆ هەمان پەیوەندی کۆیلە-سەروەر تەنیا بە دابەشکردنی ڕۆڵەکانیان بۆ نموونە لەنێوان ژن و پیاودا. ئەم شێوازی مامەڵەکردنە لەگەڵ سێکسواڵیتەمان بە جۆرێک هەمان سیناریۆی سەرمایەدارییە، کە تێیدا هەرچی وزەیە لێمانی دەردەهێنێت بێ گوێدان بە ژیان و سەرچاوە ماددی و ڕۆحانییەکانمان. هەر بۆیە نامۆ نییە کە زۆربەی جار لە بەڕەڵاییخوازیشدا ئەوە ژنە گەنجەکەیە هەموو وزەی خۆی دەخاتە بەردەستی چێژی کابرای بەڕەڵاخوازەوە.

پێم وایە تەنیا لەڕێی باڵایی ئەویتر – لە ڕووی سرووشتی و کولتووری جیاواز-ەوە دەتوانین لە دیالەکتیکی هیگڵی زیاتر بڕۆین، گەرچی فێرکارییەکانی پشتگوێ ناخەین تا نەکەوینە نیهیلیزمێکی توندەوە. بەم شێوە دەگەین بەوەی ژن و پیاو بە سروشت و کولتوور دوو سوبێکتی جیاوازن، دەربڕینێک نە سارتەر و نە سیمۆن دو بۆڤواریش دەریان نەبڕیوە. ئەوەی دەشێت لەمەڕ بیرسای جووتبوونی سێکسی لای ئەوان دەستمان بکەوێت و بیخوێنینەوە (بۆ نموونە بڕوانە پاژی یەک لە کتێبی «بوون بە دوو» ٢٠٠١) شتێک نییە پەیوەندیی کۆیلە-سەروەری هیگڵی تێبپەڕێنێت، بەڵکوو دەیانەوێت لەڕێی زیادکردنی ژمارەی ئەنجامدەرەکان و هێشتنەوەی درزە نەریتییەکەی نێوان جەستە و ڕۆحەوە لێی دەرباز بن لە کاتێکدا ئەم درزە ناهێڵێت بگەین بە تاکایەتی و یەکایەتیی تایبەت و هەم بە جۆرە پەیوەندییەکی نوێی نێوان سوبێکتە ڕەگەزییەکان.

٨. گەرچی جەنابت لە کتێبی «ئیتیکی جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکان»دا، ئیتیکێکی وەکوو جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکانت وەکوو ئیتیکی زایەندی پێناسە کردووە و لە سەرانسەری بەرهەمەکەتدا جەختت لەوە کردۆتەوە، کە ئەم جۆرە ئیتیکە بە گشتی خۆی لەنێوانی دوو سوبێکتی سێکسواڵی جیاوازدا گەشە بە خۆی دەدات، ئەی باشە ناتوانین مۆدێلی «من خۆشەویستیم بۆ تۆ هەیە» فراوان بکەین، بۆ نموونە بە جەختکردنەوە لەسەر توخمی “بۆ”؟ گەر بڕیار وایە وشەی “بۆ” لەبری نێوەندگیری[12] و داگیرنەکردن[13] بەکار برابێت، باشە ناتوانین بەرەو مۆدێلێکی فراوانتری دانپێدانان بڕۆین کە چەندییەتیی جیاوازییەکانی نێوان سوبێکتەکان بخاتە گەڕ؟


 ئیریگارە: ڕوونە ئەو ئیتیکەی دەمەوێت پێناسەی بکەم، گەر لە جیاوازی نێوان ژن و پیاوەوە دەست پێ بکەین، لەنێوان جۆرەکانی تری سوبێکتیشدا بەکار براوە و دەبرێ. گەرچی ئەم ئیتیکە بە دەستپێکردن لە جیاوازییەکی تر پێناسە ناکرێت، چونکە جیاوازی ناتوانێت وەکوو نێوانی دوو سوبێکتی ڕەگەز جیاوازدا کورتنەکراو[14] و باڵا بێت. هەروەتر، لەم دۆخەدا جیاوازییەکە تەنیا دروستکراو نییە، بەڵکوو سروشتیشە و تەنانەت جیاوازییەکی گەردوونییە؛ هەموو کولتوورەکان بە جۆرێک پێی دەزانن و هەر بۆیە دەتوانین وەکوو بناغەیەک بۆ بیناکردنی کولتوورێکی جیهانی وەری بگرین. پنتێکی تر ئەوەیە: ئەم هاوپەیوەستییە[15] سروشتی و گەردوونییە شتێکی ئیمتیازییە لە ڕەفتاری نێوان پەیوەندییەکانماندا. دەکرێت لەنێوانی ژن و پیاودا نەرێنییەک هەبێت بەبێ لەناوبردنی پەیوەندییەکە: بەم شێوەیە جیاوازی دەبێتە سەرچاوەی وزە و داهێنەریی دوولایەنەی نێو پەیوەندییەکان. ئەوەی وایکردووە هۆکارگەلێک بۆ بنیاتنانی پەیوەندییە نێو-سوبێکتیڤەکان پێناسە بکەم بە گوێدان بە جیاوازییەکانی هەردووک، بریتییە لە بوونی نەرێنییەکی پێویستی وەکوو پارێزەری دوانەیی کەسەکان. بەم شێوەیە “بۆ” لە «من خۆشەویستیم بۆ تۆ هەیە»دا یەکێکە لەو هۆکارانە. «من خۆشەویستیم بۆ تۆ هەیە» واتا “من تۆم لەبەر چییەتی و کێیەتییەکەت خۆشدەوێت” هەر بۆیە بۆ تۆ وەکوو کەسێک، کەسێکی دیاریکراو نەک تەنیا وەک ئۆبێکتێک یاخود پڕکەرەوەی خۆشەویستی و ئارەزووەکەم. هەندێک شێوازی تری پەیوەندیگرتنم باس کردووە بێ ئەوەی بکەونە ناو داگیرکردن یاخود سەروەربوون، خاوەندارێتیکردن یاخود یەکبوون: بۆ نموونە هەڵبژاردنی کردار یاخود بە گشتی وشەکانی ناو ڕستە؛ هەڵبژاردنی بونیاد و وەرچەرخانە ڕستەسازییەکان؛ هەڵبژاردنی زەمەن و تەنانەت دۆخ و ڕێژە؛ پاراستنی لایەنە هەستەکی، هەستیار و سێکسواڵەکانی گوتار و تا دواتر. واتا هەر شتێکی دەکرێت بچێتە خزمەتی ڕێزگرتن لە ئەویتربوونی ئەویترەوە.

٩. بۆ کۆتاییهێنان بە چاوپێکەوتنەکە، دەتوانیت سەرنجی خۆت دەربارەی گرنگیی دیالۆگ و گوێگرتن بۆ بونیادنانی کولتوور، سیاسەت و ئیتیکی جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکان بڵێیت؟ ئێمە نەک تەنیا وەک لێکۆڵەر، بەڵکە وەک هەر مرۆڤێکی ئاسایی چۆن بتوانین بەرەو ئەو کولتوورە لە دانپێدانانی دوولایەنە و دوانەیی بڕۆین؟ چۆن بتوانین دووبارە کولتوورێکی مرۆڤانە لە ئەکادیمیادا و لە ژیانی ڕۆژانەماندا دابڕێژینەوە؟

گەر بمانەوێت دان بە ئەویتربوونی ئەویتردا بنێین، سەرەتا دەبێت گوێ لەویتر بگرین تاکوو بتوانین بڕۆینە پەیوەندییەوە لەگەڵی. ئەوەی پێشتر لە کولتووری بێلایەن هەژموون کراوە و فێرکراوین، لەم بارودۆخەدا دەست نادات، مەگەر لە ئاستی پێویستی و مەسڵەحەت نەبێت. پێویستی شتێک نییە هاوڕێیەتییەکی وای لەسەر بونیاد بنرێت کە گوێ بە جیاوازییەکانی هەردووک بدا. بە پێچەوانەوە، پێویستی جیاوازیی لەناو دەبات و ئەوەشە زۆرجار ئێمە تەنیا لەسەر ئاستی پێویستی دەمێنینەوە و چاومان لە گرنگیی جیاوازییەکانمان نییە. ڕاستییەکەی تەنیا برەودان بە ئارەزوو و خۆشەویستییە دەمانکات بە مرۆڤ و هەڵگری ئیتیک و سیاسەت و کولتووری گونجاو. لە پاژی “لە بێدەنگی تەواو ڕەها”دا لە کتێبی «من خۆشەویستیم بۆ تۆ هەیە»دا، لەسەر گرنگیی گوێگرتن لەوی تر، بە تایبەت ئەویتری ڕەگەز جیاواز جەختم کردووەتەوە، هەروەها تێیدا پێویستیی چەند ساتێک لە بێدەنگبوون بیر دێنمەوە لەپێناو حاڵیبوون لەویتر. هەم سەرنجی خۆم لەمەڕ گرنگیی گوێگرتن لە کاتی بیرکردنەوە و فێرکردندا داوە لە فێرکردن، گوێگرتن و بیرکردنەوە: کتێبی «فێرکردن»دا. لەوێدا دەتوانن وەڵامێکی باشترتان لەمەڕ پرسیارەکەتان دەست بکەوێت.

هەروەها دەتوانم ئەوەشتان بیر بهێنمەوە، بۆ گەیشتن بە دانپێدانانی دوولایەنە دەبێت مرۆڤ فێر بێت لە خۆیدا نیشتەجێ ببێت، خۆی بناسێت و برەوی پێ بدات، جیهانی خۆی بونیاد بنێت بەڵام شان بە شانی دانپێدانان بە ئەویتربوونی ئەویتر تا ئەوپەڕی کورتنەبوونەوەی. دەبێت فێربین جیاکاری لەنێوانی چۆنییەتیی دەستنیشانکردنی ئەوەی لە خۆمان دەچێت و ئەوەی جیاوازە بکەین، هەروەها لەو کولتوورە دەربچین کە جیاوازییە سروشتی و کولتوورییەکانمانی بێلایەن کردووە. دواجار دەبێت دەستمان بە سەربەخۆیی بگەیەنین و هۆکارگەل بۆ بیناکردنی پەیوەندیی دوولایەنە بدۆزینەوە، نەک تەنیا لەبەر ناچاریی ئەخلاقی، بەڵکوو لەپێنای سەرکەوتنی مرۆڤایەتیدا.


[1] canonical figures

[2] پشکنەری زێی ژن Speculum

[3]دەشێت بە واتای ئەو ڕەگەزە بێت کە ڕەگەزی تەواو نییە -بۆ ڕەخنەکردنی تێزەکەی فرۆید لەسەر نوقسانی ژن- دووەمیان بە واتای ئەو ڕەگەزەی یەک نییە -واتە فرەیە و ئەندامەکانی چێژوەرگرتنی یەک نییە و تەواوی جەستەیەتی. (DelVecchio, 2019)

[4] sexuate difference

[5] Psycholinguistic

[6]  the One

[7] Libertinism

[8] specificity

[9]  the same

[10] the One

[11] unity

[12] mediation

[13] non-appropriation

[14] irreducible

[15] belonging

Loading