وەرگێڕان

پیوار”غایب”

غیاب (abscence)

ڕۆڵان بارت

و: حەمەی مەلا

هەر بڕگەیەکی زمانی، غیابی عاشق دەگێڕێتەوە- بەهەر هۆکار و لەهەر ئان وساتێکدابێت- و لەکاری دەخات و ئەو غیابە دەگۆڕێت بۆ میحنەت و دووریی.

١ . زۆر میوزیک و ئاواز و گۆرانی ئەڵمانی هەن، دەربارەی غیابی عاشق. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو وێنە باوە نادۆزینەوە لە چیرۆکی ڤۆرتەردا. هۆکاری ئەوەش ئاسانە: مەعشوق (شارلۆتە)، لێرەدا ناجوڵێت و بۆ هیچ کوێیەک ناڕوات، ئەوە خودی خۆشەویستیی (ڤۆرتەرە) کە لە چرکەساتێکی دیاریکراودا دوور دەکەوێتەوە. غیاب تەنیا دەتوانێت پاشهات و لێکەوتەی حزوری ئەویدی بێت: ئەوە ئەویدییە دەڕوات و منم کە بەجێدەمێنم. ئەویدی لە دورکەوتنەوەیەکی ئەبەدیدایە، لە دۆخی سەفەردایە، ئەو بە فیترەت کۆچەر و هەڵهاتووە، بەڵام من کە خۆشمدەوێت، ئارەزوویەکی پێچەوانەم هەیە، جێگیر، ئامادە، چاوەڕێ، هەڵکوڕماو لە شوێنێکی پڕ ئازاردا، وەک بەستەیەکی جێهێڵراو لەگۆشەی وێستگەیەکدا. غیاب لە عەشقدا یەک ئاڕاستە وەردەگرێت، ئاڕاستەیەک کە ئەوەی جێماوە دیاریدەکات نەک ئەوەی کە ڕۆیشتووە: جێناوی ئاخێوەر”قسەکەر”ی (من)ی هەمیشە حزور دروست نابێت، هەتا نەکەوێتە بەرامبەر جێناوی بەربێژ”قسەبۆکراو”ی (تۆ)ی هەمیشە غیابەوە. قسەکردن دەربارەی ئەم غیابە لە بنەڕەتدا واتە ئەوەی کە شوێنی عاشق و شوێنی ئەویدی ناتوانرێت ئاڵوگۆڕ بکرێت؛ واتە ئەویدی: “بەو ڕادەیەی کە من خۆشمدەوێت خۆشیناوێم”.

٢ . بە درێژایی مێژوو ژن گوتاری غیابی دروستکردووە: ژن جێگیر و پابەندە، پیاو ڕاوکەر و گەڕۆکە و سەفەر دەکات؛ ژن بە وەفایە (چاوەڕێ دەکات)، لە کاتێکدا پیاو بێوەفا و تەتەرە (بارگەوبنە تێکدەنێ، دەڕواتە گەشتوگوزار). ئەوە ژنە فۆڕم بە غیاب دەبەخشێت، سەرگوزشتەی غیاب دەگێڕێتەوە، چونکە کاتی زۆری هەیە بۆ ئەوە، دەچنێت و گۆرانی دەڵێت. نیگاران، گۆرانییەکانیان جێگیریی دەگێڕێتەوە (بەپێی جیڕەی ئامێری چینینەکەیان)، گوزارشتن لە غیابیش (لە دوورەوە، بەپێی ڕیتمەکانی سەفەر، تووشیی و خرۆشانی دەریا و گەڕانی سوارچاکان) دەردەبڕن. بۆیە، هەر پیاوێک کە بۆ غیابی ئەویدی دەناڵێنێت، ژنانە خۆی دەردەبڕێت: ئەو پیاوەی چاوەڕوانی دەکێشێ و چاوەڕوانی ڕەنج و ئازاری دەداتێ، بەشێوەیەکی سەیر دەبێت بەژن. ئەم بە ژنبوونی پیاوە ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بوونی هاوشێوە بێت، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە عاشقە. ( ئوستورە و یۆتۆپیا: بنەڕەتی خۆیان هەیە، داهاتووش بۆ ئەو پیاوانەیە کە شتێک لە ژنێتییان تێدایە).

٣ . هەندێکجار ڕێدەکەوێت باشتربم لە بەرگە گرتنی ئەم غیابەدا . لەم کاتانەدا “نۆرماڵم”: پەیوەست دەبم بە ڕێگای ئەو”کەسانەوە” کە بەرگەی کۆچی”کەسێکی ئازیز”یان گرتووە، مکوڕانە خۆم لەو خوڵقە نەبان دەکەم، کە فێرمدەکات بەزوویی لەسەر دابڕانم لە دایکم ڕابێم، لەگەڵ ئەوەی کە ئەو دابڕانە تەنیا بەوەوە ناوەستێ کە زۆر ئازاردەر دەبێت(گەر نەڵێم پەرێشانکەر)ە. ئەوکات من وەک منداڵێکی لەشیربڕاوە هەڵسوکەوت دەکەم، کە دەزانم چۆن، لەژێر هرووژمی چاوەڕوانیدا، بە شتانێکی دیکە خۆم تێربکەم، جگە لە مەمکی دایکم.

هیچ ئەگەرێکی دیکە بۆ بەرگەگرتنی ئەو غیابە لە ئارادا نییە جگە لە لەبیرچوونەوە، منیش هەندێکجار بەوەفا نیم. لەبیرچوونەوە مەرجی مانەوەمە. چونکە گەر فەرامۆش نەکەم دەمرم. عاشق گەر هەندێکجار لەبیر نەکات لەژێر باری دڵڕەقیی و دژواریی و فشاری یادەوەریدا دەمرێت(وەک ڤۆرتەر).

( کە منداڵ بووم: ئەو ڕۆژگارە دوانەهاتوو و خاوانەی دایکم لە شوێنێکی دوور کاری دەکرد لەبیر نەدەکرد. دەمەو ئێواران دەڕۆیشتم بۆ وێستگەی پاس و چاوڕێم دەکرد لە کۆڵانی “سیفەر بابیلۆن”، پاسەکان یەک لە دوای یەک دەهاتن و ئەو لە هیچ کامیاندا نەبوو).

٤ . خێرا لەم فەرامۆشییە بە ئاگا دێمەوە. بە پەلە یادەوەریی و ڕاڕایم ئامادە و ڕێکدەخەم. وشەیەکی”کۆن و باو” لە ناخمەوە دێت هەڵچوونی غیاب دەگێڕێتەوە: ئاه دەکێشم: یان “ئاه بۆ شوێنی حزووری جەستەیی دەکێشم”.  نیوەی دوو ئاهێک کە ژن و پیاو بۆ یەکی هەڵدەکێشن، ئاه لە دوای ئاه، وەک بڵێی چۆن هەر کەسێک نیوەیە و دەیەوێت بە نیوەکەی دیکەی بگات تا کامڵ ببێت: ئەمە وێنەی لە ئامێزگرتنە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دوو وێنە لە یەک وێنەدا دەردەبڕێت: لە غیابی مەعشوقدا، غەمبارم، فۆتۆیەکی شێ لێدراوم، کە وشک دەبێتەوە، دەپروێ و هەڵدەوەرێت.

(ئایا، چ لە غیاب و چ لە حزوری مەعشوقدا، مەیل و تاسەی ئێمە هەر وەک خۆی نییە؟ مەعشوق هەمیشە غایب نییە؟ – ئەم دوو دەردە وەکو یەک نین، لە پەسنی ئەم دوو دۆخەدا دوو وشە هەیە: (pothos) دەکاتە مەیل و تاسە بۆ کەسی غایب، (himeros) واتە مەیل و تاسەیەکی سوتێنەرتر بۆ کەسی ئامادە و حزوور).

٥ . من تا ئەبەد بەرەو گوتاری غیابی مەعشوق”غائیب” دەڕۆم، کە دۆخێکی نامۆیە: چونکە ئەویدی وەک مەرجەع غائیبە و وەک بەربێژ”هاوڕاز” ئامادە و حزورە. لەم جیاوازییەوە بەشێکی تاقانە لە حزوور لەدایک دەبێت کە ئۆقرەبڕە. بۆیە من گیرۆدەی دوو زەمەنم: زەمەنی گەڕانەوە بۆ مەرجەع، لەگەڵ زەمەنی قسەکردن بۆی. تۆ ڕۆیشتوویت؛ (ئەمە ئەو شتەیە سکاڵام هەیە لێی)، تۆ لێرەیت (ئەوەتا قسەت بۆ دەکەم). لێرەدایە لە مانای حزوور تێدەگەم کە زەمەنێکی دژوارە؛ هێمایەکی پوختە لە نیگەرانی.

دیدرۆ: ” لێوت بنێ بە لێومەوە، تا ڕۆحم پێیدا بێتە لات، کاتێ لە دەممەوە دەردەچێت”. (گۆرانییە سۆزدارییەکان)

غیاب درێژە دەکێشێ و منیش پێویستە بەرگەی بگرم. لێرەوە دواتر دەستێوەردانی تێدا دەکەم: ئەم جیاوازییە زەمەنییە دەگۆڕم بۆ ڕۆیشتن و هاتن، ڕیتمێک دروست دەکەم، پانتایی زمان واڵادەکەم؛ (ئەوکات زمان لە غیابەوە لەدایک دەبێت: منداڵ لە خلۆکە بوکەڵە بۆخۆی دروست دەکات، فڕێی دەدات و دیسان هەڵیدەگرێتەوە، سەرلەنوێ هامووشۆی دایک دوبارەدەکاتەوە: لەوێوە سەرچەشن و مۆدێلێک لەدایک دەبێت).

غیاب دەبێتە کردەیەکی چالاکانە، دەبێتە سەرقاڵییەک (ناهێڵێت هیچ کارێکی دیکە بکەم). ئەمەش دەبێتە داهێنانی خەیاڵێک کە گەلێک ڕۆڵ دەبینێت؛ (گومان، سەرزەنشت، مەیل و تاسە، پەرێشانی). ئەمە دەرهێنانێکی زمانەوانییە، بەڵام مەرگی ئەویدی دوور دەخاتەوە: دەوترێت لەنێوان ئەو کاتەی کە منداڵ پێی وایە دایکی غایبە و ئەو کاتەی کە بڕوا بە مردنی دەکات مەودایەکی زۆر کورت هەیە. هەربۆیە دەستوەردان و سەرقاڵی بە غیابەوە واتە ئەو ساتەوەختە درێژ بکەینەوە، دوای بخەین، بۆ درێژترین ماوەی گونجاو، تا هاتنی ئەو کاتەی تێیدا دەگونجێت ئەویدی بە توندی لە غیابەوە بۆ مردن وەرگەڕێت.

٦ . دەکرێت چەپاندن فۆڕمی حزوور وەربگرێت؛ (هەموو ڕۆژێک ئەویدی دەبینم، بەڵام بینینی بەس نییە بۆم: ئۆبێکتەکە بە ڕاستی هەیە و لە واقیعدایە، بەڵام لە ڕوانگەی وێنای منەوە هێشتا غایبە). بەڵام خەسان دەکرێت فۆڕمی بەنۆرە وەربگرێت( من ڕازیم ماوەیەک ئەویدی بەجێبڵێم “بەبێ هیچ گریانێک” ماتەمەکە دەخەمە ئەستۆی پەیوەندییەکە و دەزانم چۆن لەبیری بکەم). غیاب فۆڕمی بێبەشییە؛ من ئارەزووی دەکەم و هەست بە پێویستیشی دەکەم لە هەمان کاتدا. ئارەزوو لەبەردەم پێویستیدا تێکدەشکێت: ئەمە واقیعیەتی وەسوەسەئاسای هەر هەستێکی عاشقانەیە.

” ئارەزووی حازر، گەرم و ئەبەدییە. بەڵام خودا لەویش بەرز و باڵاترە، هەیهات کە باڵە واڵاکانی ئارەزوو ناگەن بە دامێنی کەماڵی پەرستراو”. لەبەر ئەوە گوتاری غیاب دەقێکە دوو ئایدۆگرامی هەیە: باڵە واڵاکانی ئارەزوو و باوەشی کراوەی پێویستی، من لە نێوان وێنەی باڵە واڵا و فالوسئاساکانی ئارەزوو و وێنەی منداڵانەی باوەشی کراوەی پێویستییدا مۆلەق و تیاماوم).

٧ . بە تەنیا لە قاوەخانەیەکدا دانیشتووم؛ مرۆڤەکان دێنەلام و قسەم لەگەڵدا دەکەن، هەست دەکەم بە دەورمدا دێن و تاقانە و دەلالم. بەڵام ئەویدی غایبە، من لەخۆمدا بانگهێشتی دەکەم بۆ ئەوەی بمپارێزێت لەو پیاهەڵدانە ڕوکەشانەیەی ئاڕاستەم دەکرێت. من لە دژی هیستریای ئەو گومڕاکردنەی هەستەکەم بەرەوڕووی دەخلیسکێم، پەنا بۆ حەقیقەتی ئەو دەبەم (ئەو حەقیقەتەی ئەویدی ئیحساسەکەیم پێدەبەخشێت). من غیابی ئەویدی بەهۆکاری ئالودەبوونم بە دونیا دەزانم: هانا بۆ پشتیوانی ئەویدی دەبەم، داوای گەڕانەوەی دەکەم: تا ئەویدی بێتەوە و بمبات، وەک دایکێک کە بەدوای منداڵەکەیدا دێت، لەم ڕازوڕەمزەی دونیا و بادیهەوابوونە کۆمەڵایەتییە ڕزگارم بکات: ویقاری “دونیای عەشق” و “ئولفەتی خۆپارێزانە”م بۆ بگێڕێتەوە.

(فڵان پێی وتبووم: عەشق ئەوی لە ئالودەبوون بە دونیا، لە فۆڕمەکانی حزبی بوون، تەماحەکان، پلەوپایەکان، پلانگێڕیی، هاوپەیمانێتی، جیابوونەوە، دەورەکان و دەسەڵات پاراستووە: عەشق گۆڕیبووی بۆ کەسێکی دابڕاوی کۆمەڵایەتی و ئەمەش خۆشنودی کردبوو).

٨ . ڕاهیبێکی بودی دەڵێت: “مامۆستایەک سەری خوێندکارەکەی ماوەیەکی درێژ لەژێر ئاودا دەهێڵێتەوە، بە ڕادەیەک، کە بڵقەکانی هەناسەی کەمتر و کەمتر دەبنەوە، لەو کاتەدا و لە چرکەساتی کۆتاییدا، مامۆستاکە سەری خوێندکارەکەی لە ئاوەکە دەردەهێنێتەوە، ژیانی پێدەبەخشێتەوە و پێی دەڵێت: کاتێک بەو جۆرە کە تامەزرۆی هەوابوویت ئارەزووی ناسینی حەقیقەتت کرد، ئەوکات درکی حەقیقەت دەکەیت و دەزانیت چییە”.

غیابی ئەویدی سەری من لەژێر ئاودا دەهێڵێتەوە، هێواش هێواش دەخنکێم، هەناسەم دەبڕێت: لەو خنکانەوە، “حەقیقەت”ی خۆم پێکدەهێنمەوە و ئەوەی لە عەشقدا ڕام نەکراوە ئامادەی دەکەم و دەیکەمە حزوور.

سەرچاوە:

١ــ سخن عاشق، گزیدە گویەها، رولان بارت، ترجمە: پیام یزدانجو، چاپ چهارم، نشر مرکز-تهران صص ٢٥-٣٢

٢ــ شذرات من خطاب محب، رولان بارت، ترجمة: د. علي نجیب إبراهیم، المنظمة العربیة للترجمة صص ٤٣-٤٧

Loading