نووسین

پوختەیەک دەربارەی لوس ئیریگارە

ئامادەکردن و نووسین: گۆڤاری فرە

ئیریگارە، فەیلەسووف و دەروونشیکاری فەڕەنسی زیاتر لەڕێی ڕەخنەکانی لەمەڕ پێناسەکردنی مێینەیەتی فرۆیدیی و لاکانی دەناسرێتەوە و هەروەها بە بیرسای ئیتیکی جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکان و بیناکردنی کولتوورێک تێیدا سەرجەم جیاوازی و فرەییەکان بە جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکانەوە پێکەوە هەبن. جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکان پرسێکی گرنگی فێمینیزمی فەڕەنسییە کە دەخوازێت لەبری سڕینەوەی جیاوازی هەر بوونێک و هاوشێوەکردنی هەمووان، جیاوازییەکان زەق بکرێنەوە و ڕێگە لەو کولتوورە بگرێت کە پشتگیریی هەمانێتی و هاوشێوەیەتی دەکات و دژی جیاوازییە. لای ئیریگارە، بەڵێ جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکان هەیە و سروشتییە. لە سەرەتاکاندا کارەکەی ئیریگارە زۆر ئەبستراکتی دەبێت و کە هەندێک پێیان وایە نزیک لە جۆرێک نەریتی کۆنەپارێزییە، بەڵام دواتر لە ١٩٨٠دا فەلسەفەکەی فراوانتر دەکات و سیاسەتی جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکان بینا دەکات و بەمەش سیاسی و کردەکی دەکاتەوە.

 لای ئیریگارە جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکان لە جێندەری کۆمەڵایەتی جیاوازە و ڕەگەکەی ناگەڕێتەوە بۆ هۆی کۆمەڵایەتی و کولتووری. لە ڕووی سیمبۆلییەوە، جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکان ئارەزوو و فانتازی قووڵی کەسەکەیە -گەشەی سایکۆسێکسواڵی منداڵ- لە دەرەوەی نۆرمەکانی کۆمەڵگە- لە کۆمەڵگەش مەبەستی لە دەستەیەک لە ڕێکخستنی دەستەجەمییە کە تاکەکانی تێدان و بەو پێیەش شێوە وەردەگرن. بە دەربڕینێکی تر جیاوازییەکە کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو زیاتر بنچینەیەکی دەروونی هەیە و پەیوەندی بە سوبێکتەکە خۆی و فانتازییەکانی لەمەڕ پەیوەندییەکانی پێشووی (دایکییەوە) هەیە. هەر بۆیە پەیوەندییەکە نێوانکەسییە زیاتر لەوەی کۆمەڵایەتی بێت. ئەوە دواترە، واتە دوای هەڵگرتنەوەی ئەم مانا سیمبۆلیکانە شووناسی مێژووییانە و کۆمەڵایەتییانە -نۆرمی جێندەری- بینا دەبێت.[1]
هەروەتر، گرنگە خوێنەر جیاکاریی نێوان جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکان، واتا سێکسواڵ و جیاوازیی سێکس بکات؛ لای فرۆید، جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکان ئەناتۆمی و بایۆلۆژی نییە، بەڵکوو لە پڕۆسەی گەورەبوونی منداڵ لەناو کۆمەڵگە- باووکسالاری- و خێزاندا سێکسواڵی بۆ دروست دەبێت بەپێی ئەزموون و شێوەژیانەکەی. لە ڕوانگەی دەروونشیکارییەوە، جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکان لەنێوان سوبێکتە جیاوازەکانی وەکوو ژن و پیاو بینا دەبێت و بۆ نموونە لە پەیوەندییان پێکەوە (ڕقلێبوون یاخود خۆشویستنی دایک)، ڕوانین لە خود (پێگەی باوک یاخود پێگەی خەسێنراو)، ئارەزووی جیاواز (جێگرەوەی دایک یاخود چووک)دا دەردەکەوێتەوە.

بەم شێوەیە لای ئەم، جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکان سروشتییە نەک ئەوەی کۆمەڵگە بینای کردبێت و دەشبێت ئەم جیاوازییە و سەرجەم فرەیی و جیاوازییەکانی تری گەردوون دانیان پێدا بنرێ و قبووڵ بکرێن، هەر لەسەر ئەم پێوەرەش پەیوەندییەکان بینا بکرێت. ئیریگارە پێچەوانەی ئەوەی گوایە وتنی ئەوەی جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکان سروشتییە داخراو و چەقبەستوو بێت، بە پێچەوانەوە پرسەکە بەو لایەدا دەبات لەم ڕێگەیەوە نەک تەنیا ژن، بەڵکوو هەموو پەراوێزخراوەکان، سروشت و زەوی و پەیوەندیی مرۆڤ بە زەوی خۆیشییەوە لە ماتەئەگەری چەپاندن و دەرکردن ڕزگار بن. چونکە مرۆڤەکان لە دۆخی هەبوونی جیاوازیدا دەتوانێت باشتر یەکتر قبووڵ بکات و لە هەمان شوێندا جێیان ببێتەوە، وەکوو لەوەی هەمووان هاوشێوە و هەمان شت بن. لەڕێی ئەو دەربڕینەیەوە “سروشت شتێکی پرۆسەییە و برەو دەسەنێت”، ئیریگارە خۆی لە شێوازە نەریتییە چەقبەستووەکان دەپارێزێت. ئیریگارە دوو شت لەمەڕ سروشت زەق دەکاتەوە[2] یەکەمیان، دەڵێت گوایە ژن و پیاو هەردووک خاوەنی دوو سروشتی جیاوازن کە دەبێت ئەزموونی بکەن، بەڵام پێی وایە لە کۆمەڵگەدا نەهێڵدراوە ژن کارەکتەر و سروشتی خۆی ئەزموون بکات. هەروەتر پێی وایە سروشت و جیهانی ماتریاڵی بەردەممان هەردەم لە بەرەوپێشچووندایە بەبێ دەستێوەردانی مرۆڤ، چونکە مرۆڤ کارەکتەرێکی کولتوورییە. بەم شێوەیە تێدەگەین لای ئیریگارە مادام سروشت پرۆسەیەکی گۆڕاوە، بە هەمان شێوە سروشتی مرۆڤ لە بەردەم گۆڕاندایە و دەبێت ئەزموونی جیاوازییەکانی خۆی بکات، بەبێ ڕەتکردنەوە یاخود چەپاندیان. هەر بۆیە لەم پێوەندەدا، خۆی دەڵێت کە ژن پێویست ناکات هاوتا بێت بە کەس، لە ڕاستیدا هاوتا بێت بە کێ؟ هەموو کۆمەڵگە بەڕەگەزکراوە؛ ڕووەک، گەردوون، خوا، ژن، و پیاویش. دەسا با هاوتا بە خۆی بێت و لەناو جیاوازییەکەی خۆیدا ئەزموونی ژیانی بکات و دووبارە جیهان بە جیاوازییەکانەوە ئەزموون بکرێتەوە، چی سروشتی و چی کولتووری بێت.

ئیریگارە بە تەنیا بەمە ناوەستێت بەڵکوو ڕەخنەی مێژوو، ئوستوورە، فەلسەفە و نەریتی فەلسەفەی ڕۆژاوایی و تەواوی کایەکانی تر دەکات بەوەی هەرگیز مێینە تێیدا ئامادەیی نەبووە، چ وەکوو سوبێکت یاخود تەنانەت وەکوو بیرسا و بیرۆکەیەکیش نەبووە. لەم ڕێیەشەوە نەک تەنیا ڕەخنەی گەردوونە چووک-تەوەرەکەی فرۆید و لاکان دەکات، بەڵکوو ڕەخنەی سەرجەم فەلسەفەی ڕۆژاوایی یەک-تەوەر دەکات لە ئەفڵاتوونەوە تاوەکوو دیکارت بەوەی یەکی تاک و تەنیای واقیعی و لۆژیکیان بە تاکە سوبێکت دادەنا و لەوبەرەوە و لە بەرانبەریدا تەواوی جیهان بە ئۆبێکت. بە دەربڕینێکی تر ڕەخنەی ئەو جیهانە دەکات کە یەکێک هەڵدەبژێرێت و بژاردەکانی تر نەفی دەکاتەوە، بەم پڕۆسە سوبێکت-ئۆبێکتە هەموو جیاوازییەکان -ژن، بۆچوونی ئایینی و سیاسی، ئاراستەی سێکسی – یاخود ڕەت دەکاتەوە یان وەکوو نەبوون، هەڵگەڕاوە و نوقسانی لە بەرانبەر یەک – یەکی نموونەیی و سەنتەر- دا دایدەنێت.

هەروەتر بۆ ئیریگارە ئوستوورەناسی گرنگی زۆری هەیە، بەدەر لەوەی خوێندنەوەی بۆ دەکات تەنانەت بۆ ڕوونکردنەوەی تێزەکانی بەکاری بردوونەتەوە؛ یەکێک لە بیرسا گرنگەکانی خۆی پەیوەندی دایک\کچە و گرنگیی پەیوەندییەکە دەردەخات کە گوایە سەردەمێک بووە ژنان یەکگرتوو بوون تا ئەو دەمەی لەڕێی هاوسەرگیرییەوە کچ لە دایکی جیا کراوەتەوە و چۆتە ناو جیهانی پیاوانەوە. بۆ ئەمە ئوستوورەناسی یۆنانی وەردەگرێت و پێرسیفۆنی و دێمیتەری دایکی بە نموونە دەهێنێتەوە کە چۆن چارەنووسی ژن وەکوو یاری ناو دەستی پیاوی لێ دێت، بە جۆرێک ژن بە دۆڕاندنی ئەو پەیوەندییە نەک تەنیا کۆنترۆڵی دەوروبەر، بەڵکوو کۆنتڕۆڵی ژیانی خۆیشی لەدەست دەدات.[3]

بەدەر لەم کارانەی، وەکوو لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا، بیرسای سروشت،  ئاژەڵ و سەوزایی و سەرجەم بوونەوەران گرنگییەکی زۆری بۆ ئیریگارە هەیە و بە جۆرێک بەرگریکردن لە سروشت وەکوو بەرگریکردن لە ئەویتر دادەنێت کە دەشێت ژن یاخود هەر دەرکراوێکی تری کۆمەڵگە بێت. هەر بۆیە پەیوەندی و شێوازی مامەڵەی نوێ لەگەڵ سروشت پێشنیار دەکات، بە جۆرێک کولتوورێکی وەها بینا دەکات کە نەک تەنیا پیاو ڕێز لە ئەویتربوونی ژن بگرێت و بە پێچەوانەشەوە، بەڵکوو پرسەکە تەنیا لە جۆری مرۆڤدا ناهێڵێتەوە و دەیگوازێتەوە سەر سەرجەم بوونەوەرانی تر. بە دەربڕینێکی تر کولتووری جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکان کە لە بنەڕەتدا قبووڵکردن و پێکەوەژیانی مرۆڤی ڕەگەز جیاوازە بە سەرجەم فرەییەکانیانەوە بێ ئەوەی یەک ئەویتر داگیر بکات، تەنیا بۆ جۆری مرۆڤ کورت نابێتەوە، بەڵکوو هەمان شت ڕاستە بۆ پێکەوەژیان لەگەڵ سروشت و بوونەوەرانی تر کە بە هیچ جۆرێک مرۆڤ نەتوانێت داگیریان بکات و بە هەماهەنگی لەنێویاندا بژی.

 کارەکانی تری لەسەر زمانن و ڕەخنەی زمان و وشە بەنێرکراوەکان دەکات کە گوایە ژن ناتوانێت لە زماندا پێگەی سوبێکت وەربگرێت. بە نموونەش ڕەخنەی زمانی فەڕەنسی دەکات لەبەر بەنێرکردنی سیمبۆلە گرنگەکانی ژیان و بەمێکردنی لاوەکییەکان، یاخود بە پێچەوانەوە، بەلاوەکیکردنی ناو و دیاردە مێینەکان. لە دەرەنجامدا دەبێت سەرلەنوێ زمانێکی مێینانە بینا بکرێت کە جیاوازییە بناغەییەکانی ڕەگەزەکان لەخۆ بگرێت و لەم نێوەندەشدا جیاوازی بەکاربردنی زمان لای ژن و پیاو ڕوون دەکاتەوە. ئەوەی گرنگە دەربارەی ئیریگارە ئەوەیە ناخوازێت کولتوورێکی مێ-تەوەر بینا بکات و بە جۆرێک نێر بسڕێتەوە بەڵکوو لە بنەڕەتدا ئیریگارە دژی سڕینەوەی شوناسی ئەویترە؛ ئەویتری دەرکراوی سیاسی، ئایینی، ڕەگەزی و هتد. هەرچی دەربارەی مێینەیە، ئیریگارە بە مەبەست سوبێکتی مێینەی کورتنەکراو و فرە هەڵدەبژێرێت، ئەمیش چونکە مێینە (کە هەم مێینە میتافۆرە بۆ سروشت و ژیانی ڕووەک و گژوگیا) لە هیچ بارێکدا ئیمکان بۆ داگیرکردنی ئەویتر ناکاتەوە و هەر خۆی شتێک لە مێینەیەتیدا هەیە (بە جۆرێک پەیوەند بە توانستی زایین و وەچەخستنەوەوە) کە ناتوانێت ئەویتر وەکوو ئۆبێکت دەر بکات بۆ دەرەوە. بە گشتی لای ئیریگارە ئەوە هاوشێوەیەتی نییە کە واتا بە بوون دەدات، بەڵکوو جیاوازیی هەر بوونێکە لەگەڵ ئەویتر و بە جۆرێک هەر بوونێک لە پەیوەند بە جیاوازی ئەویترەوە بوونی هەیە و تەنیا بە دانپێدانان بە ئەویتری جیاوازدا دەتوانێت ئیمکان بۆ بوونی خۆی بکاتەوە.

دواجار ئیریگارە پێی وایە کولتووری باووکسالاری لەسەر بنەمای تاوان و کوشتن و شەڕ بنیات نراوە و هەر بۆیە بۆ سڕینەوەی ئەم کولتوورە لە ڕق و جەنگ ئەوە ژنە دەبێت بەشدار بێت، چونکە ژن هەرگیز نە سوبێکت و نە کارەکتەری ناو کولتووری باووکسالاری نەبووە. پیاو هەموو کایەکانی یاسا، پزیشکی، فەلسەفە، هونەری بۆ خۆی قۆرغ کردووە و لەوێوە ژنی بە واتا و کەرەستە نێرینەکانی خۆی پێناسە کردووە – بەو پێناسەیە ژن هەڵگەڕاوە یاخود نەفی پیاوە یاخود کێماسی و نەبوونی چووکی پیاوە لەبری ئەوەی وەکوو بوونێکی جیاواز پێناسە بکرێت. بەم شێوەیە هەرچییەکی ئێمە دەیزانین دەربارەی سێکسواڵیتە، دەروون، پێگەی کۆمەڵایەتی و بوونی ژن و تەنانەت پێناسەی قیتکەش نێرانەیە. ئیریگارە نەک تەنیا فەلسەفە بەرەو خوێندنەوەیەکی فێمینیستانە دەبات بەڵکوو بەرەو فەلسەفەیەکی قبووڵکردنی ئەویترێتی ئەویترەوە دەڕوات و ڕەخنە فێمینیستەکەی تەواو لەناو قووڵایی چەمکە فەلسەفییەکانەوە بینا دەکات. دواجار ئیریگارە لەڕێی بیناکردنەوەی کولتوورێکی لەم جۆرە دەرگا بە ڕووی هەموو جیاوازییەکان و فرەییەکاندا دەکاتەوە و ڕێگری لە داگیرکردن و بەئۆبیکتکردن دەگرێت.


[1] (Stone,2015)

[2] (Stone,2006)Stone, Alison. Luce Irigaray and the Philosophy of Sexual Difference, Cambridge University Press, 2006.  ProQuest Ebook Central, http://ebookcentral.proquest.com/lib/lancaster/detail.action?docID=261153.

[3] (بۆ نموونە بڕوانە «من، تۆ، ئێمە je, tu, nous » هەمان نووسەر، بڕوانە پاژی نهێنی لەبیرکراوی داپیرەکانی مێینە لە کتێبی «Thinking the Difference»).

Loading