نووسین

هێرمۆنۆتیک پەیوەستە بە نووسینی دەقەوە

محەمەد عەبدولکەریم

شتراوس پێی وایە، فشاری کۆمەڵایەتی هۆکاری ئەوەیە فەیلەسووف بە ئەنقەست باوەڕی ڕاستەقینەی خۆی لەناو کەوڵی لوغز، ئاماژە و هێما ناکۆک و دژبەیەکەکاندا بشارێتەوە، بۆ ئەوەی دوور بێ لە ڕاونان و سزادان. ئەم باوەڕە ڕاستەقینە، ژمارەیەکی کەم توانای درککردنیان هەیە، چونکە ئەم باوەڕانە مەترسیدارن، پێویستە خەڵکی ڕەشۆک زانیارییان دەربارەیان نەبێت. ئەوەی خەڵکانی ڕەشۆک دەیبینن لە ناو دەقەکاندا درۆی ئابڕوومەندانەیە، بۆ شاردنەوەی حەقیقەت لە خەڵکی ڕەشۆک وتراون و باوەڕی ڕاستەقینەی فەیلەسووفان نین. شادیا دەروەری کە شتراوس بەڵگەی هێناوەتەوە، گوایە فەیلەسووفان زانیویانە بیرە فەلسەفییەکانیان دەبێتە مەترسی بۆیان، هاتوون کەڵکیان لە لوغز، ئاماژە، هێما ،سەرەداو و زمانی ئاڵۆز وەرگرتووە، دژ بە یامێک کە هەمووان لێی تێدەگەن، پەیامێکی نهێنی و تایبەتییە.

{شتراوس پەیامێکی ئاشکرا و پەیامێکی نهێنی ناو دێڕەکان دەخاتە پێشچاو، پەیامی ئاشکرا هەمووان لێی تێدەگەن، ڕوویەکی بێکێشەیە، نایەوێت هیچ کێشەیەک بخاتەوە. هیچ مەترسییەک لەناو کۆمەڵگە دروست ناکات، تەبا لەگەڵ کۆمەڵگەدا ڕێ دەکات. پەیامی شاراوە بۆ کەسی هۆشمەندە، پەیامێکی دوورەدەستە  کەخەڵکی ڕەشۆک نایبینێت. بە تەواوی بووە بە ژێر کۆمەڵێک دەربڕینی ڕیتۆریکیانەوە لەڕێی مەجاز و میتافۆر، کینایە} هەمیشە دەقی فەلسەفی لای شتراوس لە کۆنەوە، درۆیەکی شەریفانەی پێ بووە. درۆیەک بووە بە قەڵغانێک بۆ ناوەڕۆکێکی شاراوە. بە بۆچوونی شتراوس ئەم درۆ شەریفانەیە بە ناو تەواوی کتێبی فەیلەسووفەکاندا دەڕوات، ئەو بەشە خۆراکەیە فەیلەسووفەکان دەیبەخشنە خەڵکی ڕەشۆک وەک چاوبەستێک تاکوو نەزانن لە ناوەوەی دەقە فەلسەفییەکاندا چی دەگوزەرێت. سەیرە شتراوس تا ئەو ڕادەیە پێداگری لە پەیامی شاراوە دەکات، پێی وایە ئەسڵەن ئایدیاکانی ئەفلاتوون هیچ نین جگە لە درۆیەکی شەریفانە! درۆیەکی شەریفانەی ڕێکخراو کە زوو خۆی دەداتە دەستی خەڵکی ئاساییەوە. خەڵکی ئاسایی گیرۆدەی کۆمەڵێک درۆی شەریفانەن و بە ڕوواڵەتی دەقەکەوە سەرقاڵ دەکرێن، ناتوانن بەرەو قووڵایی دەقەکە بچن؛ بۆچوونی ڕاستەقینەی فەیلەسووفەکان کە لە قووڵاییدان درک ناکەن. بە بۆچوونی شتراوس ئەفلاتوون بڕوای بە خوا و ئایدیاکان نەبووە. ئەمەش جۆرێکە لە پڕۆسەی بەمولحیدکردنی ئەفلاتوون ،گوایە ئەفلاتوون هەوڵی داوە لەڕێی دەربڕینە ڕیتۆریکی و ئوستوورەسازییەوە مەترسیی بۆچوونە ناتەباکانی لەگەڵ کۆمەڵگە و خەڵکی بشارێتەوە.

ئاشکرایە چەندان هۆکار دەربارەی چۆنێتیی شێواز و ستایلی نووسینی فەیلەسووفان هەن، هەندێکیان پەیوەندییان بە ژینگەی کۆمەڵایەتی و شەخسییەتی کەسەکەوەیە، هەندێکی تریان پەیوەندییان بە سرووشت و فەرهەنگی نووسەرەوەیە. ڕوانگە هێرمۆنۆتیکی شتراوس داکوتراوە لەسەر دوو هۆکار، ئەوانیش (کۆمەڵایەتی و دەروونی) بە بۆچوونی ئەو خەڵکی بە شێوەیەکی گشتی توانای بیستنی ئەو حەقیقەتانەیان نییە، هۆی ڕاونان و سزادانی ئەوانەی و حەقیقەتە فەلسەفییەکان دەخەنە ناو یەک ڕیتمی ئارامی کۆمەڵگەوە. ئەمە ئەو مەترسییەیە کۆمەڵگە دەیخاتە سەر نووسەر؛ لێرەوە فەیلەسووفەکان ترسی ئەشکەنجەدان وایان لێ دەکات،، گیانی خۆیان بپارێزن، بۆیە فەیلەسووفەکان ڕیتۆریکی وەک مەجاز و میتافۆڕ و کینایە وەک قەڵغان بۆ ناوەڕۆکێکی شاراوە بەکار دێنن! بەکارهێنانی ئەم زاراوە ڕیتۆریکیانە هۆکارێکە بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکانی خەڵکی ئاسایی و نوخبەویکردنەوەی فەلسەفە. خەڵکی ئاسایی درۆی شەریفانەی دەوێت، نایانەوێت هیچ دەربارەی حەقیقەتە فەلسەفییەکان ببیستن. ئەوەی گیانی فەیلەسووفەکان دەپارێزێت، درۆی شەریفی فەیلەسووفەکان و بەکارهێنانی زاراوە ڕیتۆریکییەکانە کە بە تونێلی کتێبەکانیاندا گوزەر دەکات “بەپێی بۆچوونی شتراوس”. هێرمۆنۆتیکی شتراوس “کۆمەڵایەتی- دەروونی” یە، بەو مانایەی فشاری کۆمەڵگە ڕوواڵەتی دەرەوەی دەق بەهێز دەکات، دیوی ناوەوەشی خۆپارێزیی فەیلەسووفەکان لە مەترسییەکانی کۆمەڵگە. ناسر تاجیک بۆچوونێکی کارڵ جان لەسەر شتراوس وەردەگرێت: گوایە شتراوس پێی وابووە دەرسێک کە دەتوانین لە دادگاییکردن و ئیعدامکردنی سوقراتەوە وەربگیرین ئەوەیە کە  سوقرات بەپێی ئەو تۆمەتەی درابوویە پاڵی، گوناهبار بوو؛ فەلسەفە مەترسییەکە لەسەر کۆمەڵگە. فەلسەفە بە خستنە ژێر پرسیاری خواکان و ئەخلاق، وەفاداریی هاوڵاتیان، ژیانی کۆمەڵایەتی لاواز دەکات. لەگەڵ ئەوەی فەلسەفە لە هەمان کات باڵاترین و بەنرخترین دەستکەوتی مرۆڤییە.

 ڕێگەچارەی ئەم ناکۆکییە ئەوەیە فەیلەسووفەکان هەر وەکوو ڕابردوو پەیامەکانیان بە شاراوەیی بهێڵنەوە. پێویستە فەلسەفە بە هونەرێکی ئاڵۆز و ناڕوون بگوێزنەوە، شتراوس تەواوی فەیلەسووفەکان لە سوقراتەوە تا ماکیاڤیلی دەکات بە دوو بەشەوە، گروپێکیان دەرسیان لە سوقراتەوە وەرگرتووە و حەقیقەتیان شاردووەتەوە، هەر بۆیە درۆی شەریفانەیان بۆ خەڵکە ئاساییەکە کردووە. گروپەکەی تر بە پێچەوانەوە حەقیقەتە فەلسەفییەکانیان بێترس بۆ خەڵکە ئاساییەکە خستووەتە ڕوو، تووشی گێچەڵ و سزا بوونەتەوە. بە بۆچوونی شتراوس بە مەرگ سزادانی سوقرات دەگەڕێتەوە بۆ درکاندنی ڕازی فەلسەفی لای خەڵکی ئاسایی، هەروەها دان لە بەرژەوەندیی ئابووری گروپێکی بازرگانی، بێدارکردنەوەی حەسوودی کەسانێک کە سوقرات هۆکاری دەرخستنی نەزانینیان بووە. شتراوس پێی وایە هەمیشە حەقیقەت ڕقی خەڵکی دەجووڵێنێت، حەقیقەت هەمیشە هەژێنەرە گەر وا نەبێت، درۆیەکی شەریفانەیە، هەروەها پێی وایە کۆمەڵگەکان لە سوقراتەوە تا ماکیاڤیکی دیندار بوون، هەرچی حەقیقەتی درکاوی فەیلەسووفەکانیشە کوفریاتە. سزای فەیلەسووفەکانیش بەهۆی هەڵماڵینی حەقیقەتەوەیە. ئەوەتا سوقرات توێکڵ و کەوڵ دروست ناکات. کاکڵە گوێزەکە دەاتە دەستی خەڵکی، درۆی شەریفانە ڕێک ناخات. حەقیقەت دەرخواردی خەڵکی دەدات و قوتیش نادرێت، کەچی فەیلەسووفە خۆپارێزەکان حەقیقەت لە پشتی ڕواڵەتەوە دادەنێن، ڕوواڵەتسازی دەکەن. ڕوواڵەت دڕین ئیشی زیرەکەکانە نەک خەڵکی ئاسایی. شترواس لافی ئەوە لێدەدات پەیامی ڕاستەقینەی فەیلەسووفەکانی درک کردووە. لە سوقرات و ئەفلاتوونەوە تا دەگات بە هۆبز و لۆک، کەسیان باوەڕیان نەبووە. سەرباری ئەوەش باوەڕیان وابووە ئەخلاقیبوون پێشداوەرییەکی بێ بنەمایە، کۆمەڵگە بنەمایەکی سرووشتی نییە. ئەم باوەڕە سەیرە، بانگەشەی پەیامی شاراوەی فەیلەسووفان، بۆ ئەوەیە بیسەلمێنێت کە هەمیشە وتنی حەقیقەت دەبێتە مایەی سزادانی فەیلەسووفان، بەڵام لای ناسر تاجیک “بانگەشەیەکی بێبنەمایە”؛ شتراوس پێی وایە پەیامێکی شاراوە کە بەهۆی درۆی شەریفانەوە شاردراوەتەوە و لە قووڵاییدایە و کوفریاتە، {پێموایە بۆچوونەکانی شتراوس گەر گشتاندنی بۆ نەکرێت، بۆ سیاسی و سیاسەتمەدارەکان ڕاستترن، سیاسییەکان دڵی خەڵکی ڕادەگرن لەڕێی گوتار و کردار و ژێستی درۆینانەوە، بە مەبەستی بردنەپێشەوەی جیهانبینیی خۆیان}.

 شتراوس هەوڵ دەدات “سزادان بە حەقیقەت هەڵماڵینەوە گرێ بدات” بیسەلمێنێت هەمیشە حەقیقەت هەژێنەرە، هۆکاری بەخەبەرهێنانەوەی توندڕەوییەکی ناوەوەی خەڵکییە. فەیلەسووفانێک هەن  کەدەرسیان لە سوقراتەوە وەرگرت، کۆمەڵێ دانەوێڵەیان خستە بەردەم خەڵکی تا سەرقاڵبن پێوەی  ونەیانپەرژێتە سەر زانینی حەقیقەتی نووسینەکان. فەیلەسووفە خۆپارێزەکان حەقیقەت هەڵدەگرن لەڕێی قسەی توێکڵدارەوە. توێکڵدارنووسی یان ئاڵۆزنووسین کە شتراوس جەختی لەسەر دەکاتەوە، دەیبەستێتەوە بە ترسی فەیلەسووفەکانەوە لە ئەشکەنجە و ئازار، ئەمە لە کاتێکدا نکووڵی ناکرێت  کەهەندێکجار نووسینی ئاڵۆز و ناڕوون هۆکارەکەی ترسە لە سزادان، بەڵام گشت کاتێک ئەم شتە ڕاست نییە، چەندان هۆکاری تر هەن بۆ ئەوەی نووسین نهێنیئامێز بێت؛ مانا بخاتەوە ناو قووڵاییەکانی دەقەوە و دووری بخاتەوە لە ڕوواڵەتی دەقەکە. ئەم گشتاندنەی شتراوس ڕاست نییە؛ نووسینێک ڕاستەوخۆ و ئاسان مانا بە دەستەوە نادات، هۆکارەکەی تەنیا ترس نییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سزادان و ئەشکەنجەدان. چەندان هۆکاری تر هەن، وایان کردووە نووسینی فەیلەسووفەکان، لە لایەن کەسانی خاوەن مەعریفەوە درککرێ نەک خەڵکی ئاسایی. فەیلەسووف کەڵک لە چەمک و زاراوە وەردەگرێت. خەڵکانێک چەمکەکان نەناسن تێناگەن؛ بۆ نموونە {پێناسە دەبێت “گشتگیر و جیاکەرەوە[1]“، بێت، فەیلەسووف نایەت لەگەڵ بەکارهێنانی هەر چەمکێکدا، چەمکەکە سادە بکاتەوە بۆ ئەوەی کەسە هەرە سادەکانیش نەڕەنجن و لێی تێبگەن. گەر هەر زاراوەیەک  شی و سادە بکاتەوە، ئەوە پێدەچێت کتێبێکی سێسەد پەڕەیی فەیلەسووفێک ببێتە حەوتسەد، هەشتسەد پەڕە، بۆیە بەکارهێنانی هەموو چەمکێک لای خەڵکی ئاسایی نهێنییەک دروست دەکات. بە دڵنیاییەوە “جامع و مانع” بۆ ئەهلی فەلسەفە ڕوونن و بۆ خەڵکی ئاسایی نهێنیئامێزن. زاراوەکان هۆکارن بۆ ئەوەی پانتایی تێنەگەیشتنی خەڵکی ئاسایی فراونتر بێت. پێدەچێت هەموومان لە ڕووی زانینی مانای ڕوواڵەتی گشتگیر و جیاکەرەوە” کێشەمان نەبێت، بەڵام خەڵکی ئاسایی یەکسەر دەپرسێت واتای جامع و مانع چییە؟ ئەم پرسیارە خۆی لە خۆیدا، بەهۆی تێنەگەیشتنییەوە لە مەبەستی و ناوەڕۆکی “گشتگیر و جیاکەرەوە” ـەوە دروست بووە، نەوەک نەزانینی مانای ڕووکەشیانەی دوو وشەکەوە.

 جامع واتە “گشتگیر” مانع واتە “جیاکەرەوە”، “گشتگیر و جیاکەرەوە” واتایان چییە؟ بۆیە فەلسەفە و گشت زانستەکانی تر بەهۆی چەمکەکانەوە ناوەڕۆکیان، پەیامەکەیان تووشی جۆرێک لە شاردنەوە دێن، بیانەوێت یان نەیانەوێت. مرۆڤ “گیانلەبەرێکی بیرکەرەوەیە”، گیانلەبەرە جامعە “گشتگیرە” واتە گەر بڵێین مرۆڤ گیانلەبەرە، ئەوە پێناسەیەکی ورد نییە، چونکە تەنیا مرۆڤ نییە گیانلەبەرە، ملیۆنان گیانلەبەری دیمان هەن؛ مێشوولە، کرم، مشک، مەڕ، مانگا…، بۆیە کاتێک دەڵێین مرۆڤ گیانلەبەرە ئەوە بێگومان، نازانین بە کام لەو ملیۆنان گیانلەبەرە دەڵێین، پاشان جیاکەرەوەیەکی بۆ دێنین، ئەویش بیرکەرەوەیە؛ دەڵێین مرۆڤ “گیانلەبەرێکی بیرکەرەوەیە” ئەوکات لەڕێی بەکارهێنانی بیرکەرەوەوە، مرۆڤ جیا دەکەینەوە لە تەواوی گیانلەبەرەکانی تر} یەکێک لە سیفەتەکانی چەمک کۆکردنەوە کۆمەڵێک تێگەیشتنە لەناو خۆیاندا. واتە تێگەیشتنەکان پەنهان و شاراوەن. مرۆڤی ئاسایی تێیان ناگات گەر مانا ڕوواڵەتییەکانیشیان بزانێت. لێرەوە چەمکەکان مانای شاراوە هەڵدەگرن لە خۆیاندا، بێ ئەوەی هیچ پەیوەندیان بە ترسەوە هەبێت.

  خاڵێکی تر: سەردەمی وا هەبووە دەقی سادە وەک بێتوانایی نووسەر لێک دراوەتەوە، بۆیە نووسەران هەوڵی قورسنووسینیان داوە، لە لایەکی ترەوە سەلیقەی نووسینیش کاریگەرە. {فەیلەسووفێکی قورسنووسی وەک هیگڵ، چەندان تەفسیر پەتپەتێن ئەکەن لەسەر نووسینەکانی، بەهۆی ئاڵۆزی و مانا شاراوەکانی ناوییەوە، لە وتنی حەقیقەتیش نەترساوە. بە شێوەیەکی گشتی ڕەنگە پەیوەندی بە سرووشتی نووسەرەوە یان تایبەتمەندیی سەردەمەوە هەبێت، بێ شەونخونی لێیان تێناگەین}. هەندێک جار فەیلەسووف هەیە مانای زاراوەکان بە پێچەوانەی مانای باوی زاراوەکانەوە بەکار دەهێنێت، بۆ نموونە کانت زۆربەی زاراوەکانی لە مانا باوەکەی دوور خستووەتەوە. کەوڵنووسی هۆکاری تریشی هەیە: هەندێک بابەتی فەلسەفی هەن ئاسانن، هەندێ بابەتیش هەن بۆ خۆیان قورسن، ڕەنگە فەیلەسووفێک یان نووسەر نەتوانێت ئاسانی کاتەوە، بۆیە هۆکاری “ڕوون نەنووسین” لە لایەن فەیلەسووفانەوە تەنیا بەهۆی ترسەوە نییە، بۆیە بەڵگەی کەوڵنووسی فەیلەسووفەکان بەهۆی ترس و ئەشکەنجەدانەوە، لای شتراوس بۆچوونێکی “فشۆڵ و بێبنەما” یە. شتراوس ئەو ڕێسایەی گشتگیر کردووە گوایە هەموو ناڕووننووسینێک سەرچاوەکەی ترسە لە سزادان و ئەشکەنجەدان. شتراوش داڕێژەری یاسایەکی گشتیییە، گوایە سەرچاوەی کەوڵنووسی،  بەهۆی ترس لە سزادانەوەیە. ناسر تاجیک نموونە دێنێتەوە بە “محمد بن زەکەریای ڕازی و ئەبوو عەلای موعەڕی” هیچ کامیان ترس نەبووەتە هۆی ناڕووننووسیان. کەوڵنووسی بەهۆی ترس لە سزادانەوە بنەمایەکی پتەوی نییە بۆ هێرمۆنۆتیکی دەقی فەلسەفی. تیۆری ترس لە سزادان و ئەشکەنجەدان، گشتاندنی بەسەر تەواوی فەیلەسووفەکان شتێکی هەڵەیە، گەرچی بە شێوەیەکی “ئەرێنی بەشەکیانە” ڕاست و ماقووڵ دەرکەوێت.

شتراوس دوو جۆر پەیام لە ناو کتێبە فەلسەفییەکاندا جیا دەکاتەوە “پەیامێکی ئاشکرا”، سەر بە ڕوواڵەتی دەقەو  بۆ خوێنەری سادەیە. خوێنەری سادە لەناو ڕوواڵەتی دەق دەمێنێتەوە، خوێنەرانی زیرەک فریوی ڕوواڵەت ناخۆن، ڕۆ دەچن بەناو دەقەکان و پەیامی شاراوەی دەقەکان درک دەکەن. خوێنەرانی سادە سەرگەرمی ڕوواڵەتی دەقەکانن. لەناو درۆی شەریفانە نغرۆ دەبن؛ ناتوانن پەیوەندی لەگەڵ ناوەوەی دەق دروست بکەن. ویستی فەیلەسووفان ڕێکخستنی درۆی شەریفانە بووە، {ئەوە فەیلەسووفەکانن ڕوواڵەت فڕێ دەدەن خوێنەوارە سادەکان پێوەی گیرۆدە بن و فەیلەسووفەکان ژیانی خۆیانی پێی دەپارێزن. ئەوان ترسیان لە سادەکردنەوەی فەلسەفە هەیە بکەوێتە بەردەمی خەڵکی و حەقیقەتەکانیان، بەهاکان و نەریت و یاساکانیان لەق بکات و ژیانیان بکەوێتە مەترسییەوە} ئەوانەی دەرسیان لە سوقراتەوە وەرگرتووە، خەریکی دروستکردنی درۆی شەریفانە و ڕوواڵەتین؛ بە مانایەکی تر کەوڵ و ماسک دروستکردنن.

شتراوس درۆی شەریفانەی لە ئەفلاتوونەوە وەرگرتووە لەناو هێرمۆنۆتیکی خۆیدا بەکاری هێناوە. بە بۆچوونی شتراوس ئەفلاتوون پەیڕەوی لە درۆی شەریفانە کردووە. پەیامە دیار و ئاشکراکانی ئەفلاتوون، پەیامی ئەفلاتوون نین. بەخشینی کۆمەڵێک ڕوواڵەت و درۆی شەرەفمەندانەن بە خەڵکی ئاسایی. کۆمەڵێک چیرۆک و شیعرییەت بەخشینە بەوانەی ناتوانن ڕۆبچنە ناو قووڵاییەکانەوە، ماناکانیان بۆ درک ناکرێت. خەڵکی ئاسایی مانا دیار و سادەکان وەردەگرن، حەقیقەتیش بە ڕوواڵەت ناڕوات، پێویستە بۆی بگەڕێیت. ئەوانەی فەیلەسووفن و بەهۆ،شن پەیامی ساختە و فریودەر جیا دەکەنەوە لە پەیامی ڕاستەقینەی فەیلەسووفەکان.  ناسر تاجیک ئاماژە دەکات بەوەی شتراوس جیاوازیی نێوان فەیلەسووفی پێشمۆدێرن و مۆدێرنەش ناکات، گوایە هەمووان خەڵکی سادە فریو دەدەن. پەیامە ئاشکراکان درۆن، فەیلەسووفەکان خەڵکیان پێوە سەرگەرم کردووە. بە بۆچوونی شتراوس درۆکردن زەروورەتێکی هەمیشەیی بووە و مێژووی تەنیوەتەوە و ڕاستگۆیی شتێکی دەگمەن “ئاوارتە”[2] یە، ئەمەش پێچەوانەی تێڕووانینی باوە، درۆی سپی وەک شتێکی ئاوارتە زانیوە. بە باوەڕی ئەفلاتوون خواکان گۆڕانیان بەسەردا نایەت و درۆ ناپەسەند تەماشا دەکات. ئەفلاتوون بێزارە لە درۆ، گەڕان بەدوای حەقیقەت و حەقیقەتبێژی دوو سیفەتی فەیلەسووفن. لای شتراوس درۆکردن ئەسڵە و ڕاستگۆیی ئاوارتە. درۆنووسین دەبێتە شتێکی بنچینەیی لای فەیلەسووفەکان.

ئەفلاتوون دەڵێت: “خاڵێکی تر، گرنگیدانە بە ڕاستگۆیی، درۆ بۆ خواکان شتێکی بێسوودە، بۆ مرۆڤ تەنیا تایبەتمەندێتی دەرمانی هەیە، کەوایە بەکارهێنانی وەها دەرمانێکیش، پێویستە تەنیا دکتۆر ڕێی پێ بدات؛ کەسێک دکتۆر نییە نابێت سەروکاری لەگەڵیدا بێت. وتی: ئاشکرایە. وتم کەوایە درۆکردن گەر بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕێگەپێدراو بێت، ئەوا تەنیا دەسەڵاتدارانی شار ڕێیان پێدراوە، ئەویش هەرکات بەرژەوەندیی شار وای خواست کە دوژمن یان خەڵکی شار بخەڵەتێنێت. پێویستە ئەوە بزانین ئەم ڕەفتارە بۆ هیچ کەسێکی تر ڕێگەپێدراو نییە” دەسەڵاتداران هەمان حەکیمانن کە ڕێیان پێدراوە درۆ بکەن. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: چۆن شتراوس توانیویەتی لەم پەرەگرافەی سەرەوە درۆکردن وەک ئەسڵێک هەڵبهێنجێت نەک وەک ئاوارتەیەک؟ {گەر تەماشایەکی ئەو پەرەگرافەی سەرەوە بکەین، ئەوە پێویستە تیشک بخەینە سەر چەن ناو و دەستەواژەیەک کە تێگەیشتنی پەرەگرافەکەی لەسەر ڕاوەستاوە. بە وردبوونەوە لە چوار شت، تەمومژی ناو پەرەگرافەکە دەڕەوێتەوە، بەکارهێنانی وشەکانی “پزیشک و دەرمان و دەسەڵاتداران و بەرژەوەندی” ن.

 ئەفلاتوون بەوپەڕی وردەکارییەوە ئەم وشانەی بەکار هێناوە. درۆی وەک پێویستییەکی هەمیشەیی بەکار نەهێناوە، گەر درۆ لای ئەفلاتوون ئەسڵ بووایە ئەوە “خواردن” ی  لە باتی “دەرمان” بەکار دەهێنا. ئەو کاتێک دەڵێت درۆ وەک دەرمان دەبێت کەڵکی لێ وەربگیرێت؛ دەی دیارە دەرمان مرۆڤ لە کاتی نەخۆشیدا بەکاری دەهێنێت، دەبێتە زەروورەتێکی کاتی نەک هەمیشەیی. نەخۆش پاش چاکبوونەوەی، دەرمان بەکار ناهێنێت. درۆ لەگەڵ دەرماندا هێنراوە بۆیە ئەقڵانی نییە هەڵهێنجانی درۆکردن وەک ئەسڵێک؛ درۆ وەک دەرمان بەکار دەهێنرێت، بەهۆی زەروورەتەوە، ئەفلاتوون ئەوەشی بیرناچێتو  دەڵێت پێویستە دکتۆر ڕێگە بە بەکارهێنانی دەرمانەکە بدات؛ واتە دەرمانبەکارهێنان لەڕێی وشەی دکتۆرەوە جارێکی تر بازنەی بەکارهێنانی سنووردارکراوەتەوە. لە لایەکی ترەوە ئەفلاتوون جارێکی تر بازنەی درۆکردن بچووک دەکاتەوە، ئەویش لەڕێی بەکارهێنانی وشەی دەسەڵاتداران و بەرژەوەندییەوە. بەو مانایەی دەسەڵاتدارانی شار لە پێناوی بەرژەوەندیی شاردا دەتوانن لەڕێی کردنی درۆوە، دوژمن یان خەڵکی شار بخەڵەتێنن. گەر تەماشا بکەین، ئەوە دەبینین دەسەڵاتداران دەتوانن درۆ بکەن، ئەویش لە هەموو کات و ساتێک نا، بە جۆرێ کە شووڵی لێ هەڵکێشنو  ببێتە سیفەت تێیاندا، بەڵکوو لە کاتێکدا کە بەرژەوەندیی شار وای خواست، پاشان جە ختدەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە ئەم ڕەفتارە بۆ هیچ کەسێکی تر ڕێگەپێدراو نییە}. شتراوس دەیەوێ بیسەلمێنێت، ئەفلاتوون درۆی شەریفانەی کردووە و درۆ لە لای ئەسڵە و ڕاستگۆیی شتێکی ئاوارتەیە! سەرباری ناڕاستیی بۆچوونی شتراوس، دەتوانرێت نموونەی تر وەرگیرێت کە ئەو هێڵە درۆینە بەناو فەلسەفەی  گشت فەیلەسووفەکاندا ناڕوات، گشتاندنەکەی هەڵەیە.

ئەفلاتوون پێی وابووە فەیلەسووفان دەبێت دەسەڵات بگرنە دەست؛ واتە فەیلەسووف دەتوانێت وەک حەکیمێک پێگەی سیاسی وەربگرێت. ئەوەی لەم پەرەگرافەدا دەیبینین، فەیلەسووفە لە “پێگەی دەسەڵات” نەک لە “پێگەی نووسەرێتی”؛ فەیلەسووف وەک دەسەڵاتدار درۆ دەکات گەر لە بەرژەوەندیی شار بێت. ئەفلاتوون لە پێگەی دەسەڵاتدارێکا باسی فەیلەسووفی کردووە. ڕێدانی فەیلەسووف بە درۆکردن لە بەرژەوەندیی شار و بەڕێوەبردن لە دنیای سیاسەتدا شتێکی نامۆش نییە. بۆیە کردنی ئەسڵ بە درۆ لای فەیلەسووفان و ڕاستگۆیی بە شتێکی ئاوارتە، شتێکی بێ بنەمایە. ئەفلاتوون لێرەدا باسی دنیای ناو سیاسەت دەکات نەوەک دنیای فەلسەفە. لە فەلسەفەدا حەقیقەت‌وتن نەریتە، فەیلەسووفەکان دار و نەداری خۆیان لە پێناوی داناوە. ترس لە سزادان بەڵگەی بەهێز نییە لەسەر نەدرکاندنی حەقیقەت، نەک لە دنیای سیاسەتدا، لە تەواوی کایە جۆراوجۆرەکان درۆ بە مەرج ڕێگەی پێدراوە. مرۆڤە حەکیم و ئاقڵەکانیش هەندێک جار ڕێگە بە درۆکردن دەدەن، هەر بۆیە {هەڵەیە پێمان وابێت مادام فەیلەسووفێک ڕێی بە درۆی بەرژەوەندیخوازانە دا، ئیتر شەرعییەت بە درۆکردن دەدات}.

وردەکارییەکی تر پێویستە بیکەین، ئەوەیە: ئەفلاتوون دەڵێت سیاسەتمەدارانی شار لە پێناوی بەرژەوەندیی شار، وتمان وەک دەرمان کە پزیشکێک ڕێ بدات، ئەمانە دەرخەری ئەو ڕاستییەن، تەنانەت خودی سیاسیش نابێت درۆ بکاتە پیشەی خۆی، بە کەیفی خۆی کەی بیەوێت درۆ بکات. گەر بەو شێوەیە بێت، ئەوە دەبێتە سیفەت تێیدا، ئەمەش دوورە لە ڕوانگەی ئەفلاتوونەوە. ئەفلاتوون بە تەواوی ناکۆکە لەگەڵ درۆ و هەمیشە دژی وەستاوەتەوە.  شتراوس پێی وایە ئوستوورەکان و ئایدیاکان لە فەلسەفەی ئەفلاتووندا درۆیەکی شەریفانەن بۆ سەرگەرمکردنی خەڵکی ئاسایی[3]؛ شتراوس دەربارەی ئایدیاکان دەڵێت: “ئەم ئایدیایانە بە تەواوی بێبایەخن؛ نەک ئەوەی بڵێین، خەیاڵیی دێنە بەرچاو؛ بەڵام کەس سەرکەوتوو نەبووە لەوەی ڕاڤەیەکی ڕازیکەرانە یا ئاشکرا دەربارەی ئایدیاکان بەیان کات”، پانگاڵ پێی وایە شتراوس بەهۆی بە ئوستوورەزانینی ئایدیاکانی ئەفلاتوون، ئایدیاکان وەک شتێکی درۆینە تەماشا دەکات. ئەو ئوستوورانەشی ئەفلاتوون هێناونیەتەوە دالن بۆ باوەڕی ئەفلاتوون بە ڕۆژی دوایی، هەموو ئەم ئوستوورانە درۆن. حەقیقەت لەناو فەلسەفەی ئەفلاتووندا شتێکی ترە! بە باوەڕی ئەو، ئەفلاتوون باوەڕی بە “خوا و ڕۆژی دوایی و ئایدیاکان” نەبووە. ئەمانە کۆمەڵێک شتی سەرگەرمکەرانە بوون بۆ خەڵکی ئاسایی. خەڵکی ئاسایی توانای بیستنی حەقیقەتیان نییە. هەندێک لە ئەفسانەکانی ئەفلاتوون هێناونییەتەوە خەیاڵکردن، لەگەڵ ئەوەشدا پەیامی ڕاستەقینەیان لەناو خۆیانا هەڵگرتووە و هەندێکی تریان، کۆمەڵێک حەقیقەتن، لەناو فەرهەنگی شەفەویدا گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. لەگەڵ ئەوەشا ناوکێکی ڕاستەقینەیشیان هەیە.

خاڵێکی تر کە شتراوس دەیخاتە پێشچاو؛ تێگەیشتنی دەقێکە لە ڕوانگە خۆیەوە.

یەکەم: پاڵنەری خودئاگایانەی نووسەر و قۆناغی تەفسیر و ژینگەی کۆمەڵایەتی لەسەر یەک هێڵن، دووەم: پاڵنەری ناخودئاگایانەی دانەر و لایەنە دەروونییەکان و قۆناغی تاویل لەسەر یەک هێڵن. ڕوونتر بڵێین، پاڵنەری خودئاگایی نووسەر سەر بە قۆناغی تەفسیرە، لە ژینگەی کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوەی گرتووە، بەهۆی ترسان لە سزاوە ڕێکخستنی درۆی شەریفانە پەیوەستە بە قۆناغی تەفسیرەوە، بە تایبەت پاش فرۆید، شایەتی نەستی دەقین. شتانێک لە بنەوە دەگوزەرێن سەر بە ڕووبەری ئاگایی نین. لە شوێنێکی دوورەدەستەوەن، بۆیە شتراوس پاڵنەرە نەستییەکانی نووسەریش لە بەرچاو دەگرێت کە سەر بە قۆناغی تاویلە “گرێ دەروونییەکان، دەمارگیریی کوێرانە و ئارەزووە سەرکوتکراوەکان” هەموویان کاریگەری لە دەقی نووسین دەکەن. درۆی شەریفانە ڕووی لە تەفسیرە، پاڵنەرێکی ئاگایانە دنەی داوە. سەرچاوەکەی زۆرتر هۆکاری کۆمەڵایەتییە. کەچی پاڵنەرەکەی تر نەستیانەیە، لە سەرچاوەی قووڵترەوەن و سەر بە قۆناغی تاویلن. شتراوس هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان بە گرنگتر تەماشا دەکات، هەر بۆیەشە تەفسیر پێش تاویل دەخات. شتراوس سەرباری ئەوەی تەفسیر پێش تەئویل دەخات، هەوڵی ئەوەشی داوە ڕوونی بکاتەوە لەناو تەفسیریشدا دەلالەتی “هاوتادار  و ڕاشکاو، پێش دەلالەتی ژێربەژێر و ئیلتیزامیش” دەکەون. مەرجێکی تر بۆ تەفسیرکردنی قسەی نووسەر یا قسەکەر کە شتراوس باوەڕی پێیەتی، خەمڵاندنی دەقیقی وشەکانە، بەڵام ئەمە هەڵسەنگاندنە. گومان لەوەدا نییە باری واتایی وشەکان بەپێی کات و سەردەم دەگۆڕێت، گەر ئەم بنەمایە بە هەند وەرنەگرین، بێگومان دور دەکەوینەوە لە تەفسیرێکی ورد، هەڵبەت ئەمە لەژێر کاریگەریی هایدگەر پەیڕەوی کردووە.

لە هێرمۆنۆتیکادا هەندێک گوزارە یا (عیبارات)، بەبێ کات و شوێن مانای خۆیان دەپارێزن. ئەم تێگەیشتنە کات و شوێن وەک قاپێک دەبینێت، گوزارەکان ناکەن بە شتێکی مێژوویی. نامێژووییانە تەماشای چەمک و مانا و دەستەواژەکان دەکەن. وەک جەوهەرێکی نەگۆڕ. گەر گوزارە و دەستەواژەکان دەربێنن لەناو قاپەکە، هیچ گۆڕانێک بەسەر مانا و تێگەیشتنی چەمک و دەستەواژەکاندا نایەت. گوزارە و چەمکەکان گوزەر دەکەن بەناو شوێن و کاتدا، سەردەمێک بۆ سەردەمێکی تر، شوێنێک بۆ شوێنێکی تر دەبڕن، بێ ئەوەی گۆڕانیان بەسەردا بێت. کات و شوێن جەوهەر و زاتی وشە و دەستەواژە و گوزارەکان پێک ناهێنێت. هەڵگرانی ئەم بۆچوونە، سەر دەکێشن بەرەو موتڵەقگەرایی، بۆ چارەسەری کێشەکانی ئەمڕۆ سونەت ئاساییە بگەڕێنەوە بۆ جیهانی بەجێهێڵراو، جیهانی سونەت. لایەنگرانی ئۆبێکتیڤیزم، باوەڕیان بە جێگیریی مانا و گوزارەکان هەیە، شوێن و کات توانای دەستکاریکردنی ماناکانیانی نییە، سوود لە کۆمەڵێک پێوەری دیاریکراو وەردەگرن. ڕێژەییبوونی حەقیقەت بێمانایە. حەقیقەت یەک شتە و پلورالیزم، فرەییبوون بێمانان. تەفسیرکەر وەک حەقیقەتێکی ئۆبێکتیڤ یان ئۆبێکت دەکەوێتە بەردەمی. حەقیقەت بێ تەفسیرکەریش هەر حەقیقەتە، پەیوەندی بە تەفسیرکەرەوە نییە. ڕوانینی ئیپستمۆلۆجی دەربارەی ڕاستی و ناڕاستیی گوزارە و چەمکەکان ڕێژەیی نابێتەوە. کات و شوێن دەستەپاچەن لە گۆڕینی واتای گوزارەکان. لە دیدی ئۆبێکتیڤیستەکانەوە، وەک بڵێی گوزارەکان ڕۆحن لەناو جەستەی شوێن و کاتدا. بە مانا دینییەکەی یان سوقراتییەکەی، مردن جیابوونەوەی ڕۆحە لە لەش، ڕۆح بە لەناوچوونی لەش نامرێت و ناگۆڕێت. بۆیە گوزارەکان بە دەرچوونیان لە سەردەم، شوێنەکانیان مانا جێگیر و جەوهەرییەکەی خۆیان دەپارێزن. لە کاتێکەوە بۆ کاتێک و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دی دەڕۆن و دەچنە لەشی هەموو سەردەمێکەوە، کەچی هەر ناگۆڕێن. کۆن و تازە، هەڵە و ڕاستیی گوزارەکان دیاری ناکات.

 ئەم تێڕوانینە سونەت و مۆدێرنیش پەسەندی دەکەن، بەو مەرجەی هەر یەک لەوانە جووت[4] بن لەگەڵ واقیعدا. ئەم مەیلە ڕێگەی سێیەمی نێوان سونەتگەرا و مۆدێرنگەراکان واڵا  دەکات. لە ڕوانگە میتافیزیکییەکەوە، مەیلی “ئۆبێکتیڤیزم”، “چەسپیوگەرایی” و “حەقیقەتی شتەکان” لە حالەتی وەستاودا بۆیان دەگەڕێ، بە مانایەکی تر پەیڕەوی لە فەلسەفەی “بوون” دەکات نەک “بوون بە” . مێژووگەرایی، بینینێکە جیاوازتر لە بینینی ئۆبێکتیڤیزم. گوزارەکان بەر ڕاماڵینی کات و شوێن دەکەون. گۆڕانیان بەسەردا دێت. کات و شوێن جەوهەری گوزارەکان پێک دێنن. گوزارە و چەمکەکان ڕێژەیی دەبنەوە. شوێن و کات دەستکاری تێگەیشتن و گوزارە و چەمکەکان دەکەن، بە پێچەوانەی ئۆبێکتیڤیزمەوە، ڕێ نادات بۆ چارەسەری کێشەکانمان بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو. حەقیقەت دەگۆڕێت، چەمک و دەستەواژەکان دەگۆڕێن. کات و شوێن گرنگن وەک پێوەرێک بۆ کەشفی حەقیقەت. گوزارە و تێگەیشتنەکان لە شوێن و کاتی خۆیاندا، حەقیقەت ئەزموون دەکەن؛ کاتێک گوزەر دەکەن بەناو کات و شوێندا، “ناڕاستێتی” یش ئەزموون دەکەن. حەقیقەت و ناحەقیقەت شتێکی زاتی نین لەناو دەستەواژە و گوزارەکاندا. لە دیدی ئەمانەوە هەموو شتەکان دەگۆڕێن وەک چۆن حەربا بەپێی جۆری ڕەنگ و لقی درەختەکان ڕەنگی دەگۆڕێت، ئاوەها، گوزارە و تێگەیشتنەکان لەسەر کات و شوێنە جیاوزەکان تووشی گۆڕان و هەڵخزانی مانای تر دێنەوە. حەقیقەت لە دیدیانەوە ڕێژەییە. فرە حەقیقەت دەسەلمێنێت. فرەگەرایی[5] بەری درەختی مێژووگەراییە. چەندان حەقیقەت لە ڕابردوودا هەبوون، کەچی ئێستا وەک حەقیقەت نابینرێن؛ بەم مانایە بێت حەقیقەت میتافۆڕە لە سەردەم  وشوێنێکی دیاریکراودا.

 شتراوس دەستەویەخە دەبێتەوە لەگەڵ مێژووگەرایی و پۆزەتیڤیزمدا، لەگەڵ ئەوەی شتراوس ئاگاداری گرنگیی مێژووگەراییە، دەزانێت مێژووگەرایی گەرمکردنەوە و نوێکردنەوەی فەلسەفەی کۆن پەسەند ناکات؛ ناچارە بە تاسوقەوە هێرش بباتە سەر مێژووگەرایی. فەلسەفەی سیاسیی شتراوس بەهۆی گەڕانەوە بۆ فەلسەفەی سیاسیی ئەفلاتوون دروست بووە. مێژووگەراییش وەک بەربەستێک دەبینێت لە بەردەم دروستکردنی فەلسەفەیەکی لەو جۆرەدا. بانگەشەیەکی تری مێژووگەرایان ئەوەیە مێژووی فەلسەفەی سیاسی، پووچەڵکردنەوەی فەلسەفەی سیاسی نامێژووییە. فەلسەفەیەکی سیاسی، فەلسەفەیەکی تر پووچەڵ دەکاتەوە. بەو مانایەی فەلسەفەیەکی سیاسی نییە، هەمیشەیی و ئەبەدی بەناو زەمەن و کاتدا تێپەڕێت. شتراوس پێی وایە مێژووی فەلسەفەی سیاسی پێمان ناڵێت لە ڕابردوودا فەلسەفەی سیاسی یەکتریان پووچەڵ کردووەتەوە، بەڵکوو فێری ئەوەمان دەکات فەلسەفەی یەکتریان بەزاندووە. شتراوس بنەمای مێژووگەرایی لاواز دەکات بۆ سەلماندنی ئۆبێکتیڤیزم؛ ئەو نایەوێت  “ڕووداوێکی بەشەکی مێژوویی کە لە هەلومەرجێکی تایبەتدا ڕووی داوە، خاڵی بێت لە توخمێکی “دەرەکاتی”، پێی وایە ئیمکانێکی ئەوەی تێدایە داوەرییەکی ئۆبێکتیڤیزمانەی لەبارەوە بکرێت؛ بەم مانایە مێژوو توخمێکی نامێژوویی تێدایە، بۆ ڕاستێتی پێویستە ڕوو لە ئۆبێکتیڤیزم و دەرەکاتێتی بکات. شتراوس پێی وایە مێژووگەراکان لە هەموو شوێنێک توانای جێبەجێکردنی بنەماکانی خۆیان نییە، هەر بۆیەشە دەست لە بنەماکانیان دەکێشنەوەو  تووشی ئۆبێکتیڤیزم دێن. بۆ نموونە گەر مێژووگەراکان بیانەوێت سەرلەبەری مێژوو بخەنە بەر لێکۆڵینەوە “پێش و پاش” بوونی نامێنێت و لە بنەماکانی ئۆبێکتیڤیزم کەڵک دەبینێت، بە مانایەکی دی تووشی نامێژوویەتی دێت.

شتراوس ناتوانێت بەرگری لە ئۆبێکتیڤیزم نەکات و مێژووگەرایی لاواز نەکات. مێژووگەرایی ڕێ نادات بە لەدایکبوونی فەلسەفەیەکی لەو جۆرەی شتراوس دەیەوێت. مێژووگەرایی “شوێن و کات” بە گرنگ تەماشا دەکات، لە بەخشینی چییەتیی چەمک و گوزارە و دەستەواژەکان. باوەڕی بە جەوهەرێکی نەگۆڕ و جێگیر نییە. گەڕانەوەش بۆ ڕابردوو جێپەسەند نییە؛ شتراوس فەلسەفە سیاسییەکەی، لە گەڕانەوەوە بۆ فەلسەفەی سیاسیی ئەفلاتوون هاتووەتە دەرەوە. بەهێزبینینی ڕووانینی مێژووگەرایی، لاوازی فەلسەفەی شتراوسی بەشوێنا دێت. وەک وتمان شتراوس جەخت لەسەر پەیامی ئاشکرای فەیلەسووفان دەکاتەوە، گوایە فەیلەسووفان خاوەنی دوو پەیامن: پەیامی ئاشکرا و پەیامی شاراوە. پەیامی ئاشکرا خەڵکی ئاسایی درکی دەکەن، ئەوانەی توانای ڕۆچوونیان نییە و بەناو ڕوواڵەتا تێناپەڕن لێی؛ بە مانایەکی تر هەر لەناو جادووی ڕوواڵەتا دەمرن. ئەفلاتوون بە نموونە وەردەگرێت، بڕێک ژەمەخۆراکی درۆزنانەی وەک ئایدیاکان و باوەڕبوون بە خواکانی بۆ خەڵکی ئاسایی خستووەتە ڕوو، کە شتراوس ناوی ناوە درۆی شەریفانە. قووڵاییەکانی ئەفڵاتوون، یان هەر فەیلەسووفێکی تر ئەو قووڵاییانەن کە پەیامی شاراوەیان هەڵگرتووە. ئەفلاتوونێک دەبینین، کە باوەڕی نە بە ئایدیاکان، نە بە خواکان هەبووە! بۆچوونەکانی شتراوس وەک بۆچوونی ناڕاست و بێبنەما باسکران.

خاڵەکی دی باسکردنە لە ” تەفسیر و ڕوونکردنەوە” لێرەدا شتراوس ڕوونی ئۆبێکتیڤیزم و مێژووگەرایی دەکاتەوە، ئۆبێکتیڤیزم لەو ڕووەوە بەسوودە بۆ شتراوس ڕێگە دەدات بە گەڕانەوە بۆ دواوە. مەجالی دەرەکاتی و دەرەشوێنی تێدایە. شتراوس بە هەموو هێزییەوە بەرگری ئۆبێکتیڤیزم دەکات، هەتاکوو فەلسەفەکەی بێبەها نەبێت کە لەڕێی گەڕانەوە بۆ ئەفلاتوون دایڕشتووە. شتراوس جیاوازە لە نووسەرە سونەتییەکانی تر، بەو پێیەی ناگەڕێتەوە بۆ فەیلەسووفانی پێش سوقراتی، ئەو چارەسەری کێشەکان لە گەڕانەوە بۆ ئەفلاتوون و ئەرستۆدا دەبینێت. شتراوس قەیرانی ئەقڵی مەعنەویی مۆدێرن، لای دەبێتە پرس. ئاخر مێژووی غەرب بە سێ قۆناغدا تێپەڕیوە. قۆناغی یەکەم: قۆناغی سونەت. دووەم: قۆناغی مۆدێرنە. سێییەم: قۆناغی پۆستمۆدێرنە. ئەقڵی پێش مۆدێرن لەو ڕووەوە جیاوازە لە ئەقڵی مۆدێرن، ئەقڵی پێش مۆدێرن پێی وابووە هەموو شتێک دەناسێت، بۆیە دەربارەی خوا  و ڕۆژی دوایی و ڕۆح قسەی دەکرد. تواناکانی ئەقڵی پێش مۆدێرن لە قۆناغی مۆدێرنە دا دەچنە ژێر پرسیارەوە، ئەویش بەهۆی بایەخدان بە ئیپستمۆلۆجیا. چەند فەیلەسووف هەستان بە زیانگەیاندن بە ئەقڵ و لووتیان شکاند. کانت و نیچە و مارکس  وولیام جیمز… {بۆ نموونە هێرشە بەربڵاوەکانی نیچە بۆ سەر ئەقڵ و سەردەمی کانتیش، سەردەمی دادگاییکردنی ئەقڵە. کانت پێی وایە دەبێت ئەقڵ بکێشرێتە ناو دادگاوە، سنووردار بکرێت. ئیتر نابێت لافی ئەوە لێدات گشت شتێک دەناسێت. ئەقڵ سنووردارە بە دیاردەکان، ناتوانێت سەبارەت بە چەمکگەلی وەک خوا و ڕۆح … قسە بکات، هەر کات ئەقڵ بیەوێت دەربارەیان قسە بکات تووشی وڕێنە دێت}.

 ئەقڵی مۆدێرن دەزانێت سنوورەکانی خۆی چین، پێ لە بەڕەی خۆی زیاتر ڕاناکێشێت. ئەقڵی مۆدێرن هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی دنیا لە دەرەوەی وەحییەوە دەدات. سیکۆلاریزم بە مانا گشتییەکەی، جیاکردنەوەی ئاسمان و زەوییە لە یەکتری. ئەقڵی مۆدێرن چووەوە ناو خۆی و جارێکی تر سەری بەرز نەکردەوە بەرەو ئاسمان. جیهان بێئامانج و پووچ سەیرکرا، نیهلیزمی بەشوێن خۆیدا هێنا. پۆزەتیڤیزمی ئەقڵی و مێژووگەرایی نکووڵیی گشت جۆرە فەلسەفەیەکیان دەکرد. بەهاکان لایان ڕێژەیی بوو. لەگەڵ ئەقڵی مۆدێرن و پۆزەتیڤیزم و مێژووگەرایی بەهاکان بوونە شتێکی بڕیار لەسەردراو. ئەقڵی مۆدێرن، وێرانکەرییەکی گەورەشی هێنا، بنەمای میتافیزیک و مافی سرووشتی و دینی لاواز کرد. لیبراڵ دیموکراسیش خۆی وەک بەهایەکی ڕێژەیی تەماشا دەکرد.

 لای شتراوس بۆ مرۆڤی غەربی تووشی قەیران هاتووە؟ ئاخر شتراوس پێی وایە مرۆڤی غەرب توانای دەستنیشانکردنی باش و  خراپی نەماوە، ئەمە لە کاتێکدا کە دیاریکردنی باشە و خراپە لە پێشوودا، شتێکی بەدیهی بووە. ئەو پێی وایە لەدەستدانی ئەقڵی کۆن هۆکاری قەیرانی ئەقڵی غەربە. ئەقڵی مۆدێرن پەسەندکردنی “مێژووگەرایی، پوچگەرایی، ڕێژەگەرایی” یە. شتراوس بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەوێتە شەڕەوە لەگەڵ ئەقڵی مۆدێرن و مێژووگەرایی و پۆزەتیڤیزمەوە و ڕوو دەکاتە فەلسەفەی ئەفلاتوون؛  گەڕانەوەیەک بۆ فەلسەفەی کۆن، خۆشکردنی زەمینە بۆ ئۆبێکتیڤیزم. ئەو پێی وایە قەیرانی غەرب، سێ شەپۆلی بە خۆیەوە بینیووە. یەکەم: فەلسەفەی سیاسیی تازەی لە نیگای نرخێنراو ڕزگار کرد. ماکیاڤیلی گۆڕا، لە ئاسمانەوە ڕووی وەرچەرخاند بۆ زەوی. لە نێوان ئاتن و بەتول موقەدەسدا پەیوەندیی هەبوو. لە نێوان فێرکاری فەلسەفەی سیاسی و فێرکاری ئینجیلدا هەماهەنگی هەبوو. ماکیاڤیلی دینی لە سیاسەت جیاکردەوە. پێی وابوو دەکرێت زاڵ بین بەسەر بەخت و شەنسدا. ئەو باوەڕی بە ڕۆڵی کردەیی مرۆڤەکان هەبوو کاتێک ڕووبەڕووی کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەبنەوە، کەچی لە فەلسەفەی کلاسیکدا مرۆڤەکان ڕۆڵی کارتێکراو “انفعالی”یان هەبوو.

تراسیماخۆس و سوقرات لە شەڕێکی فیکریدان. تراسیماخۆس شەڕ لەسەر شتێک دەکات  وباوەڕی پێیەتی، ئەمە لە کاتێکدا سوقرات شەڕ لەسەر شتێک دەکاتکە  باوەڕی پێی نییە! سوقرات نوێنەری خۆی نییە، نوێنەری باوەڕەکانی تراسیماخۆسی دوژمنیەتی! سوقرات بە ئەنقەست بەڵگەی لاواز دێنێتەوە تا خوێنەرانی تێبگەیەنێت کە من هاوڕای بۆچوونەکانی تراسیماخۆسم، بەڵام بەرژەوەندی وا دەخوازێت بکەومە ململانێوە لەگەڵی. شتراوس باوەڕی وایە نوێنەری قسەکانی ئەفلاتوون سوقرات نییە بەڵکوو تراسیماخۆسە! سوقرات زیرەکانە سەفسەتە لێدەدات و بەهێزە لە هێنانەوەی بەڵگەی لاوازدا؛ سەرکەوتوو نەبووە لە هێنانەوەی بەڵگە دەربارەی دادپەروەری. ئەفلاتوون زۆر لەوە ئاقڵتر بووە کە نەزانێت سوقرات لەسەر حەق نییە و تراسیماخۆس لەسەر حەقە؛ دادپەروەری کارکردی دەسەڵاتە، هەڵسوکەوتی دادپەروەرانەی تاک لە سوودی ئەوانی تردایە بە سوودی خۆت. شتراوس گومان دەکات لەوەی سوقرات تراسیماخۆسی بردووەتە شوێنێکەوە، پێی وتووە کە قسەکانی ڕاستن بەڵام پێویست ناکات ئەو بۆچوونانە ئاشکرا بکات، چونکە مەترسیدارن! شتراوس تراسیماخۆس دەکاتە نوێنەری بۆچوونەکانی ئەفلاتوون! ئەفلاتوونی خوێندکاری سوقرات، جیاوازییەکی واش لە نێوان باوەڕی خۆی و مامۆستاکەیدا نەبووە، لە لایەکی تریشەوە ڕوونە هەردوو کیانەکە پێکەوە ڕووبەڕووی سۆفیستاییەکان بوونەتەوە.

 خاڵێکی تر ئەوەیە ئەفلاتوون مەرگی مامۆستاکەی لە چاوی سۆفیستەکانەوە دەبینێت و مارانگەزی دەستی سۆفیستاییەکانە، خێرە ئێستا ئەفلاتوون نوێنەری خۆی لە کتێبی کۆماردا بکاتە سۆفیستێکی دوژمن! قسەکانی شتراوس بەتاڵن، هیچ بەڵگەیەکی مەنتیقی ئەم قسانە پشتڕاست ناکاتەوە. بەڵگەی شتراوس هێرمۆنۆتیکی خۆیەتی، هێرمۆنۆتیکێک کە پێشمەرجێکی نەسەلماوە. سوقرات هەمان باوەڕی تراسیماخۆسی هەبوو “دادپەروەری هیچ نییە جگە لە ئەکتێک لە سوودی بەرژەوەندیی بەهێزەکان، مرۆڤی ستەمکار خۆشبەختترە لە مرۆڤێکی دادپەروەر” و هەرچی دەربارەی سوودەکانی ستەم وتراوە لە دەمی تراسیماخۆسەوە ڕاستن، بەڵام بەرژەوەندی لەوەدایە ئەم جۆرە قسانە، نەخرێنە سەر وێردی زمان. هەر بۆیەشە ئەفلاتوون سوقرات زاڵ دەکات بەسەریدا. سوقرات هەوڵی یاوە درۆی شەریفانە بهۆنێتەوە، دەنا هیچ باوەڕی بە قسەکانی خۆی نییە، باوەڕی شاراوەی ئەو هەمان باوەڕی دوژمنەکەیەتی، سەرخستنی سوقرات سەرخستنی درۆی شەریفانەیە، نەک حەقیقەت. حەقیقەت هەر ئەوەیە سۆفیستێکی وەک تراسیماخۆس دەیڵێت. شتراوس فەیلەسووفێکی ماکیاڤیلی_ نیچەییە. ئەو زۆر لەژێر کاریگەری ماکیاڤیلیدا بووە. ڕەخنەی شتراوس لە ماکیاڤیلی بەهۆی ڕەچاونەکردنی سونەتی هێرمۆنۆتیکی فەیلەسووفانی پێشووەوە بووە؛ بەو پێیەی هەرچی لەناو دەروونی بووە وتوویەتی. ماکیاڤیلی هۆکاری قەیرانی غەربە، ئەوەی نەدەبوو ئاشکرای بکات، ئاشکرای کردووە. شتراوس بە سەختی لایەنگری درۆی شەریفانەیە لەگەڵ خەڵکی ڕەشۆک[6].

 هێرمۆنۆتیکی شتراوس لەسەر سێ شت ڕاوەستاوە: یەکەم: ،هەڵاتن و ترسان لە ئازار دووەم: “پەیامی ئاشکرا و پەیامی نهێنیی دەق”. سێیەم: ڕێسای تێگەیشتنی دەق ” ڕوونکردنەوە و تەفسیر”. حەقیقەت ئەو شتەیە نابێت بوترێتو  ماکیاڤیلی وتوویەتی. خەڵکی ئاسایی نایانەوێت فەنتازیایان لە ناوچێت. فەیلەسووفانێک کە پەیڕەویان لە ئەفلاتوون کردووە، هەمیشە فەنتازیای خەڵکیان پاراستووە. ڕوواڵەتیان ڕاگرتووە، درۆی شەریفانەیان کردووە بە میدیۆمێک بۆ ئەوەی ئەو حەقیقەتانەی لە قووڵایی دەقەکانیاندا شاراوەتەوە بەر فەنتازیای خەڵکەکە نەکەون. کۆمەڵێک درۆی شەریفانە لەسەر پەیامە ڕاستەقینەکەیان نیشتوون. سوقرات  فەیلەسووفێک بوو، پەیامە ڕاستەقینەکانی نیشتەجێی ئەودیو ڕوواڵەت نەدەکرد، بێ ئەوەی هەوڵی دروستکردنی ڕوواڵەت بدات، حەقیقەتی دەنا بە فەنتازیای خەڵکە ئاساییەکەوە، دواجار مەرگی خۆی لێکەوتەوە. {لە کتێبی ژیژک کە تۆنی مایەرز نووسەرەکەیەتی، چیرۆکێک دەربارەی هێرشکردنە سەر فەنتازیای خەڵکی دەگێڕێتەوە، ئەو پیاوەی دەریخست ماڵەکە ماڵێکی ڕەشی وێرانە و هیچ جنۆکە و دێوێکی تیا نییە کوژرا. کوژرا چونکە فەنتازیای خەڵکی بە هەڵە خستەوە، لە کاتێکا خەڵکی پێویستیان بە چیرۆکە خورافییەکانی ماڵەکە بوو، بەڵام کابرا لە ناوی برد، بە نرخی گیانی خۆی} تراسیماخۆس پێی وایە غایەتی ئەرکی مرۆڤ لە غایەتی ئەرکی حەیوان جیا نییە، مرۆڤ بەهۆی ئاقڵبوونیەوە لە حەیوانەکانی تر جیا ناکرێتەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، مرۆڤیش چونکە حەیوانە غایەتی ئەویش هەر وەک حەیوانەکانی تر هەر چێژە.

 ئەم جۆرە بیرکردنەوانەی تراسیماخۆس ئەو دەگەیەننە ئەو باوەڕەی فەزیلەتەکان کۆمەڵێک کردەوەن، خودی کەسەکە چێژیان پێ بەدەست دەهێنێت، چونکە ئەم کارە پێویستە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەوانی تردا. فەزیلەتەکان بریتین لە فێڵ و تەڵەکەبازی، ڕێک ماکیاڤیلی ئەم سیفەتانە دەڵێت و دواتر نیچەش بەم دەرەنجامە گەیشت. گشت شین و شەپۆڕێکی شتراوس ئەوەی سوقرات[7] و ئەفلاتوون هاوڕا بکاتەوە لەگەڵ خۆی و بە ماکیاڤیلیست و نیچەگەرا لە قەڵەمیان بدات. تەنیا جیاوازیان لەگەڵ ماکیاڤیلی و نیچە دووڕووییکردنیان بووە، درۆی شەریفانەیان کردووە، حەقیقەتیان شاردووەتەوە. خاڵێکی گرنگ ئەو جیاوازییەیە شتراوس لەگەڵ ماکیاڤیلی هەیەتی؛ ماکیاڤیلی باوەڕی بە مافی سرووشتی نییە، کەچی شتراوس بنەمای فەلسەفەی سیاسیی خۆی لەسەر دادەمەزرێنێت. هێرمۆنۆتیکی شتراوس لەسەر سێ خاڵ دروست بوو کە بە تەواوی ڕەخنەکرا؛ هێرمۆنۆتیکەکەی کردە ئامرازێک بۆ خستنەڕووی تێگەیشتنەکانی لە فەلسەفەی ئەفلاتوون. بەپێی هێرمۆنۆتیکەکەی خۆی نوێنەری باوەڕەکانی ئەفلاتوون، لە کتێبی کۆماردا سوقرات نییە. سوقراتی فەیلەسووفی ناو کتێبی کۆمار، هەمان باوەڕی تراسیماخۆسی سۆفیستایی هەیە. سوقرات قسەکانی تراسیماخۆس ڕەت دەکاتەوە چونکە بەرژەوەندی لەوەدایە حەقیقەت بشارێتەوە. سوقراتی ڕاستەقینە باجی کەشفی نهێنی داوە.

 شتراوس لەژێر ڕۆشنایی هێرمۆنۆتیکەکەیدا، پێی وایە ئەفلاتوون لە کتێبی کۆماردا هەوڵی داوە لەڕێی سوقراتی کارەکتەرەوە حەقیقەت بشارێتەوە؛ سوقرات بۆ خۆیشی دڵنیایە لەوەی تراسیماخۆش ڕاستە، بەڵام ئەو سوورە لەسەر دروستکردنی درۆی شەریفانە. شتراوس یەکێکە لەو فەیلەسووفانەی باوەڕی بە “مافە سرووشتی” یەکانە. باوەڕی شتراوس بە “مافە سرووشتییەکان” بۆ ئەوەیە کە بتوانێت فەلسەفەیەکی سیاسیی جێگیر دروست بکات، هەر بۆیەشە بە توندی دەچێت بە گژ فەلسەفەی “تحقق گرایی” و “مێژووگەرایی” دا.  گەر شتراوس لەگەڵ تراسیماخۆس کۆک بێت، دەبێت باوەڕی بە “ڕێکەوتن” بێت نەوەک “مافە سرووشتی”ـیەکان. باوەڕبوونی شتراوس بە “ڕێکەوتن”ی مرۆڤەکان، دژ بەو فەلسەفە سیاسییە دەوەستێنێتەوە کە خۆی دەیویست دایمەزرێنێت. جیاوازیی ماکیاڤیلی و  شتراوس لە ڕاشکاوانەبێژیدایە. دەستی شتراوس لێرەدا کەشف دەبێت بەو پێیەی لایەنداری لە لیبراڵیزمی چالاک و هێرشبەرانە لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. ئامانج پاساوی ئامراز دەداتەوە. باوەڕی ماکیاڤیلی باوەڕی شتراوسیشە، بەڵام بە شێوەیەکی شاراوە هێرمۆنۆتیکی شتراوس، ئەوەمان پێ دەڵێت کە دەبێت ڕاستی بە شێوەیەکی شاراوە لە قووڵاییەکانا هەڵگیرێت. حەقیقەت و ڕاستییەکان دەبێت لەودیو ڕوواڵەتەوە بژین بۆ ئەوەی ترس لە کۆمەڵگە و خەڵکی نەبێتە ئەمری واقیع بەسەر ژیانی فەیلەسووفانەوە.

سەرزەنشتکردنی ماکیاڤیلی لە لایەن شتراوسەوە لەو ڕووەوە نییە شتراوس بۆچوونەکانی ماکیاڤیلی قبووڵ نەبێت. شتراوس لەگەڵ درکاندنی حەقیقەت لەگەڵ ماکیاڤیلی ناکۆکە. شتراوس لە هێرمۆنۆتیکەکەی خۆیەوە ئەو یەقینەی بۆ دروست دەبێتکە  سوقرات و تراسیماخۆس خاوەنی یەک باوەڕن. تەنیا کێشەی سوقرات لەگەڵ تراسیماخۆس لەوەدایە چۆن دەبێت، تراسیماخۆس حەقیقەت بڵێت! هەر ئەو کێشەیەی خودی شتراوس لەگەڵ ماکیاڤیلیدا هەیەتی. بەپێی هێرمۆنۆتیکەکەی شتراوس ئەفلاتوونی نووسەر و سوقراتی ناو کۆمار و تراسیماخۆس، هیچ کێشەیەکیان نییە، تەنیا ئەوە نەبێت بۆ تراسیماخۆس حەقیقەت دەڵێت؟! بۆ دەبێت تراسیماخۆس تێنەگات لە بەرژەوەندی و پێویستیی ڕێکخستنی درۆی شەریفانە و دروستکردنی ڕوواڵەت؟ شتراوس گەر لەگەڵ سوقراتی ناو کتێبی کۆماریش بێت، لەبەر ئەوەیە کە درۆی شەریفانە ڕێک دەخات، هەروەک چۆن خۆی درۆی شەریفانە بە پێویست دەزانێت.

شتراوس لە ناخی خۆیا دەزانێت ماکیاڤیلی و تراسیماخۆس لەسەر حەقن، نەوەک سوقراتی ناو کتێبی کۆمار کە نوێنەری قسەکانی خۆیشی نییە، نوێنەری خودی نووسەری کتێبەکەش نییە کە ئەفلاتوونە. بە بۆچوونی شتراوس ئەفلاتوون دەیەوێت، لەڕێی بەڵگە لاوازەکانی سوقراتەوە، هەم ڕوواڵەت بپارێزێ و هەم حەقیقەت، بۆ کەسی زیرەکیش دەرکەوێت، حەقیقەت لە قووڵاییدا دەژی؛ بە مانایاکی تر بە بۆچوونی شتراوس ئەفلاتوون بەڵگەی لاواز دەخاتە سەر زمانی سوقرات و سوقرات سەر دەخات. بۆ ئەوەی وەک درۆیەکی شەریف وەک ڕوواڵتێک بەسەر حەقیقەتەوە بمێنێتەوەو  خەڵکی ئاسایی نەیبینن. قبووڵکردنی بۆچوونی تراسیماخۆس لە لایەن شتراوسەوە، قبووڵکردنی باوەڕی شاراوەی سوقراتی ناو کتێبی کۆمارە. لە لایەکی تریشەوە ئەوەی لێ دەکەوێتەوە کە شتراوس ئەفلاتوون و سوقرات بە هاوڕای ماکیاڤیلی و نیچە دەزانێت، کە پێیان وایە ئەخلاق ئامرازە بە دەستی سیاسییەکانەوە، ئەمە لە کاتێکدا ئەفلاتوونناسان کۆکن لەسەر ئەوەی فەلسەفەی سیاسیی کۆن، ئەخلاقی وەک غایەتی سیاسەت تەماشاکردووە، نەک وەک ئامرازی سیاسی. شتراوس پەستە بە ڕوانینی پۆزەتیڤیستی و مێژووگەرایی {ئاخر مێژووگەرایی لەسەر چەند جەوهەرێکی گۆڕاو یاری دەکات، جێگیرێتی و موتڵەقگەرایی شتێکی بەتاڵ و هەتاڵە تێیدا، پۆزەتیڤیزمیش لەسەر ئەزموونگەری ڕاوەستاوە، تەواو دژی ڕوانگەی نامێژووییە}.

 شتراوس پێی وایە دەرکردنی فەلسەفەی سیاسی وەک ئیشێکی نازانستی تایبەتمەندییەکی جێگیری سەردەمی تازەیە. فەلسەفەی سیاسی شتێکی نازانستییە. نازانستییە چونکە گوزارەکانی ئەزموون ناکرێن، بەرهەمی تێگەیشتنێکی ئەقڵییە. فەلسەفەی سیاسی دەربارەی گوزارە بەنرخەکانی وەک “باشترین سیستمی سیاسی، دادپەروەری و فەزیلەت قسەی کردووە، لە کاتێکدا پۆزەتیڤیزم لەو باوەڕەدایە کە لێکۆڵەران نابێت بە نیگایەیەکی بەنرخەوە بکۆڵنەوە لە کۆمەڵگە. شتراوس هەوڵی لەحیمکردنی “زانین و بەها” دەدا، دەیەوێت ڕەتی بکاتەوە “زانین و بەها” لێک جیاوازبن. گەر “زانین و بەها” جیابن، ئەوە بێگومان شتراوس ناتوانێت بنەمای مافە سرووشتییەکان پتەوتر بکات، باش لە باشترین سیستمی سیاسی بکات. ترازان و لێک هەڵاوێرکردنی “زانین و بەها” واتە ڕێژەگەرایی و ڕەتکردنەوەی مافە سرووشتییەکان. لەبەر ئەوەی شتراوس بەشوێن باسکردنی مافی سرووشتی و جێگیرەوەوەیە،  دەبێت کار لەسەر دروستکردنی پەیوەندیی “زانین و بەها” بکات پێکەوە. شتراوش دەکەوێتە جەنگەوە دژ بە پۆزەتیڤیزم، بە توندی داکۆکی لە ئەخلاقی سونەتی دەکات. مشتومڕی “سرووشتیبوون و ڕێکەوتن” کێشەیەکی دێرینە و فەیلەسووفەکان و کۆمەڵناسەکان دەربارەی قسەیان کردووە. ئەوانە باوەڕیان بە “ڕێکەوتن” ـە، پێیان وایە شتەکان بەهۆی ڕێکەوتنی مرۆڤەکانەوە دروست بوون، گەر شتەکان بەهۆی ڕێکەوتنی مرۆڤەکانەوە دروست ،بووبن ئەوا “رێسای ماف” مرۆڤ خۆی دروستی کردووە.

  سەرچاوەیەکی سەرووسرووشتی نییە، لەناو کات و شوێندا دروست بوون؛ بە مانایەکی تر دەرەکاتی و دەرەشوێنی نین. لێرەوە چاکە و خراپە مانای جێگیر و نەگۆڕی نامێنێت، سەرباری ئەوەش، ڕوانینێکی ڕێژەگەرایانەیە و توانای نییە هەمووان بەرەو یاسایەکی گشتی بانگهێشت بکات. بێمانایە باسکردن لە زاتیبوونی شتەکان، گەر شتەکان زاتی بن یان دەرەکاتی و دەرەشوێنی، ئەوە (پۆزەتیڤیزم)، جێ بە ڕێژەگەرایی لێژ دەکات، نامێژوویگەرایی جێ بە مێژووگەرایی لەق دەکات. چەمکەکانی دادپەرەوەری و فەزیلەت و چاکە و خراپە … تووشی گۆڕان دێن و جێگیر نابن. پەسەندکردنی ئەم بۆچوونە پایەکانی کەسی “تاک” و کۆمەڵایەتی دەلەرزێنێت، پووچگەرایی ئەخلاقی فەرمانڕەوایی دەکات. هەنێ فەیلەسووف بەرگری لە بەها ڕێسا مافییەکانی ئەخلاقی، لە زاتیانەوە سەرچاوە دەگرێت، بڕیاری خەڵکی و ڕێکەوتنی خەڵکی ناتوانێت زاتێتیی یەکەی بگۆڕێت. شوێن و کات دەستەپاچەن لە دەستکاریکردن و گۆڕینیان، هەروەها شوێن و کات نەبوون بە بەشێک لە زاتیان، گەر بەشێک بووایەن لە زاتیان، ئەوا گۆڕانیان بەسەردا دەهات.  بەهۆی باوەڕ بە زاتێتیی کردەوەکان، ڕوو لە موتڵەقگەرایی دەکرێت. مرۆڤەکان بەرەو ماهییەتێکی یەکگرتوو و جێگیر بانگهێشت دەکات.

ئەوە سرووشتە ئەم بەهایانەی چێکردووە نەک مرۆڤ. بوونی دەستی مرۆڤ لە دروستکردنیاندا، ئاماژەیە بۆ گۆڕین و ناجێگیرێتی و ڕێژەێتی بەهاکان. خۆیان بەهاکان دەبەخشن و هەر خۆیشیان بەهاکانیان لێ دەستێننەوە. سرووشتێتیی بەهاکان ئاماژەیە بۆ لاوازیی مرۆڤ، بەسەردا سەپاندنی جێگیرێتی و موتڵەقییەت.  دەرکەوتنی قوتابخانەی پۆزەتیڤیزم لە ئەورووپا، بووە هۆی لاوازکردنی میتافیزیک. ئەفلاتوون و ئەرستۆ بوونی کۆمەڵگەیان وەک شتێکی سرووشتی تەماشا دەکرد، ئەمەش بە پێچەوانەی ئەوانەوە کە باوەڕیان بە “ڕێکەوتن” ی مرۆڤەکان هەبوو؛ بە دەربڕینێکی تر مرۆڤەکان بڕیاریان داوە لەسەر دروستکردنی کۆمەڵگە. پۆزەتیڤیزم و مێژووگەرایی باوەڕیان بە زاتییەتیی خودی بەهاکان نییە. مرۆڤ دەکەنە خالق، خالقێک کە لە شوێن و کاتێکی دیایکراودا، بڕیار دەدا بەهایەک خەلق بکا و هەر خۆیشی بەهاکە بمرێنێت. ئەخلاقی جێگیریش نامێنێت. باسکردن لە “مافی سرووشتی و ڕێکەوتن یان بڕیار لەسەردراو”  باسکردنە لە جێگیر و ناجێگیر، جیهانی ئەودیو سرووشت و مادە، زاتگەرایی و نازاتگەراێتی، نەگۆڕ و گۆڕاو… شتراوس لەگەڵ ئەوەی باوەڕی بە چەمکی مافە سرووشتییەکانە، ئەمەش نەبووەتە هۆی ئەوەی وەک تێگەیشتنێکی سیکۆلارانە چەمکی مافە سرووشتییەکان تەماشا نەکات؛ بە بەیانێکی تر چەمکی مافە سرووشتییەکان، چەمکێکی سیکۆلارە.

ئەوانەی باوەڕیان بە مافی سرووشتی نییە ئەوانەن کە دەڵێن چەمکی “دادپەرەوری و ویژدان” لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر و لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر دەگۆڕێن. باوەڕ بەم گۆڕانەیە وایان لێدەکات بچن بەرەو “گرێبەستمەندی”، شتراوس باوەڕی وایە سەرباری گۆڕانی “دادپەروەری و ویژدان” لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر، ئەوە بەڵگە نییە لەسەر نەبوونی مافە سرووشتییەکان. بیرکردنەوە لە جیهانی دەوروبەر یان جیاواز، ئەوە ناسەلمێنێت، جیهانێکی یەکگرتوو نییە و ناتوانین بگەین بە ناسینی حەقیقی و قەتعی جیهان. گۆڕانی “دادپەروەری و ویژدان” بەڵگە نییە لەسەر ئەوەی مافە سرووشتییەکان ببنە ئەگەرێکی نەرێنیی “نامومکین”. جەختی شتراوس لەسەر “مافە سرووشتییەکان” بێغەرەز نییە. ئەو تەواوی هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ  تامافە سرووشتییەکان ڕزگارکات لە چنگی “ڕێژەییبوون” و بیخاتەوە ناو باوەشی موتڵەقگەرایی، بۆ ئەم مەبەستەش بە توندی بەگژ مێژووگەراییدا چووەتەوە. شتراوس ناچارە بۆ ئەوەی لیبڕالیزم ببێتە سیستمێکی بەرزتر و باڵاتر، پێویستە مافە سرووشتییەکان بکاتە شتێکی هەڵخزاو لە دەستی مرۆڤەکان، نەتوانن بیگرن و بە ئارەزووی خۆیان بیگۆڕن و ڕێژەیی بکەنەوە. دەیەوێت مافە سرووشتییەکان لەڕێی شەڕکردن لەگەڵ مێژووگەراییەوە، بکاتە شتێکی نامێژوویی. دەیەوێت سیستمی غەربی هەڵگری مافە سرووشتییەکان بێت، زاتەن لافی باشترین سیستم لێبدات.

 ئەو نایەوێت لیبڕالیزم هەڵگری ڕێژەگەرایی بێت، بەو مانایەی لیبڕالیزم لەسەری ڕاوەستاوە. ئا لێرەوەیە دەکرێت شتراوس وەک یەکێک لە پێشڕەوانی بیرکردنەوەی جیهانیکردنی سیاسەت تەماشا بکەین. گەر تەماشا کەین “ئیسلام و مارکسیزم” هەردووکیان باوەڕی جیهانیبوون لە ناویاندا هەیە، هیچکامیان باوەڕیان بە “ڕێژەگەرایی و گرێبەستمەندی” نییە. هەردوو کیان ئایندەیان لە بینینی خۆیاندا جێ کردووەتەوە.. دوژمنانی لیبڕالیزم کێن؟ بە دڵنیاییەوە “ئیسلام و مارکسییەت” شتراوس بۆشاییەک یان نەقسێک لە ناو لیبڕالیزمدا دەدۆزێتەوە، ئەویش باوەڕنەبوونی بوو بە “مافە سرووشتییەکان _ مافە فیترییەکان”، شتراوس پێی وایە لیبڕالیزم پێویستە باوەڕ بە مافە فیترییەکانی مرۆڤ بێنێت، مافە فیترییەکان دەبنە هۆی ئەوەی لیبڕالیزم بانگەشەی جیهانێکی موتڵەق بکات. پۆتانشێڵی جیهانێتی لەناو خۆیدا چێ بکات. لیبڕالیزم دەبێتە باشترین گەر نەقسی خۆی پڕ بکاتەوە؛ بە مانایەکی تر لە ڕێژەگەراییەوە بەرەو موتڵەقگەرایی بڕووات؛ هەروەها پێی وایە لیبراڵیزم بەبێ باوەڕبوون بە مافە سرووشتییەکان ناتوانێت دەم لە باشترین جۆری سیستمی سیاسییەوە بژەنێت.

 ئەم ئیمکانە کاتێک بەر دەگرێت کە باوەڕ بە “موتڵەقێتیی بەهاکان” بهێنێت و خۆی لە شێرپەنجەی ڕێژەگەرایی ڕزگار بکات. شتراوس پێی وابوو قەیرانی غەرب هەر لە هەناوی غەربدایە و بە هیچ کلۆجێک نیگەرانی بەهاکانی کۆمەڵگەی غەربی نییە، بەڵکوو ئەو نیگەرانی ئەوەیە ئەو بۆشاییە، وەک بۆشاییەک بمێنێتەوە. ئەو بۆشاییە جەستەی لیبراڵیزم قورس دەکات، نەتوانێت سنوورەکانی فراوانتر بکات و پەل بهاوێت. ئەو دەیەوێت کۆمەڵێک بەربەست هەڵگرێت لە بەردەم لیبراڵ دیموکراسیدا. فەلسەفەی تازەی غەرب قەیرانی هەیە، قەیرانەکەش ڕێژەگەرایی دروستی کردووە، باوەڕنەبوون بە موتڵەقگەرایی. پۆتانشێڵی جیهانی بوون لەناو لیبراڵیزمدا نیشتەجێ نابێت تا برینی ڕێژەگەرایی ساڕێژ نەکات. شتراوس ناچارە لا بکاتەوە لە فەلسەفەی کۆن؛ لاکردنەوەیەک کە لەسەر وێرانکردنی مێژووگەرایەتی و پۆزەتیڤیزم دروست بووە، لاکردنەوەیەکی ئاسان نییە، چونکە بەرپاکردنی جەنگێکی گەورەیە لەگەڵ پۆزەتیڤیزمیش. ئەو وەک فەیلەسووفەکانی دی ناگەڕێتەوە بۆ فەیلسووفەکانی پێش سوقرات، بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ ئەفلاتوون. ئەو دەیەوێت ناوکێکی نامێژوویی بدۆزێتەوە، بچێت بەرەو نامێژووگەرایی، بە باوەڕی ئەو، فەلسەفەی کۆن چارەسەری نەخۆشییەکانی فەلسەفەی تازە دەکات. بیرکردنەوەکانی شتراوس لەڕێی پێڕەوانی و خوێندکارەکانییەوە، لەڕێی ڕۆژنامەکانەوە بە زمانی سادە بڵاو دەکرانەوە، بیرکردنەوەکانی شتراوس ئەمریکایان تەنییەوە.

بۆچوونەکانی شتراوس نەک لە سەردەمی کۆنزەرڤاتیڤەکان، بەڵکوو لەناو دەوڵەتەکانی پێشووش کاریگەر بوون و لەناو سەرانی ئەمریکا و ڕابەرانی ئەمریکا تەشەنەی کرد؛ “هێرش” لە جێی “بەرگری”، کۆتاییهێنان بە بەرگریکردن، شەڕی شارستانییەتەکان، کۆمەڵێک چەک لە شتراوسەوە سەرچاوەیان گرت. ئیتر شتراوس بووە ئوستوورەیەک لە چاوی دەسەڵاتدارانی ئەمریکاوە. شتراوس دانووی نەدەکووڵا لەگەڵ لیبراڵ دیموکراسی و دژی لیبراڵ دیموکراسیش بوو. ڕوانگەی شتراوس و ئەفلاتوون بۆ دیموکراسی ئەوەیە: کە دیموکراسی کەشێکی ئازادانە دەخوڵقێنێت، کە تیایدا ژمارەیەکی زۆر لە ناکۆکەکان دەکەونە ململانێوە بۆ زاڵبوون بەسەر یەکتریدا. دۆخێکی شڵەقاو و فەوزەوی دروست دەبێت، لەم بێنەزمی و ناڕێکییەدا، کەسێک توند و تیژ بڕیار دەدات ستەمکارانە فەرمانڕەوایەتی بکات. دەرچوونی ستەمکار لە هەناوی دیموکراسییەوە. شتراوس نەبوونی حەقیقەت وەک کێشە تەماشا دەکات. ئەو پێی وایە کۆمەڵگەی لیبراڵ خاڵییە لە حەقیقەت؛ لە دنیای لیبڕاڵ دیموکراسیدا، گشت ڕاکان و گشت بژاردە و هەموو دینەکان لە ڕووی بەهاوە یەکسانن. بۆشایی ناو کۆمەڵگەی لیبراڵیزم پیشان دەدات. لیبراڵیزم حامیلەیە بە “بۆشاییەک” شتراوس پێی وابوو هیتلەر سوودی لە فەزای لیبراڵ دیموکراسی بینی. ئامرازەکانی دیموکراسی بەکارهێنا بۆ سەرکەوتن بەرەو دەسەڵات، لیبراڵیزیم دەمانخاتە بەردەم مەترسییەکانی سەرهەڵدانی فاشیزم. ئەو باوەڕی وابوو لیبراڵیزم بێڕیشەیی و ئیلیناسیۆن بەشوێن خۆیدا دەهێنێت.

 ئەمریکا پێویستی بە ژیانەوەی ئایینە. دژایەتی سیکۆلاریزم لە لایەن شتراوسەوە بە مانای ئەوە نییە، شتراوس باوەڕی بە ئایین و پێغەمبەرایەتی هەبێت. ئەو ئایینی وەک ئامرازێکی گونجاو دەبینیبۆ  بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕێ بگرێت لە پەتای پووچگەرایی. ئاخر ئەفلاتوون لە نیگای شتراوسەوە؛ قووڵایی پەیامەکانی ئەوە دەرەخەن کە ئەو باوەڕی بە خواکان و ئایدیاکان نییە، ئەوانە درۆی شەریفانەن لە فەلسەفەی ئەودا. شتراوس لایەنگری کۆمەڵگەیەکی “دینتەوەر” بوو.  باوەڕی بە پلوراڵیزمی ئایینی نەبوو. هەر دینێک حەقیقەتی خۆی هەیە، لەسەر بنچینەیەکی وەحیانە دروست بووە، چۆن دەکرێت بەبێ توندوتیژی، پەیڕەوان لە دینێک ڕێز لە دینێکی تر بگرن. شتراوس دەیەوێت بڵێت وەک یەهودییەک ناتوانێت ڕێز لە مەسیحییەک بگرێت. ئەو گومان دەخاتە سەر ئەو لێبوردەییە ئایینییەی، لە بیرە لیبراڵییەکەی جۆن لۆکدا هەیە؛ باوەڕی بەوەیە لیبراڵیزم زیانبەخشە لە غەربدا. موتڵەقگەرایی هۆش و گۆشی شتراوسی تەنیوەتەوە، چاوی هیچ جۆرە ڕێژەگەرایی و پلوراڵیزمێک نابینێت. شتراوس هێرش دەکاتە سەر مۆدێرنە، پووچگەرایی وەک دەستکەوتێکی مۆدێرنە تەماشا دەکات. ئەقڵی مۆدێرنە ئیمانی دینی وێرانکرد، تەختوتاراجی ئەخلاقی ئینجیلی لەناو برد. پەردەیەکی وەهمی بەربەریەتی شارستانییەتی غەربی شاردبووەوە.

بە بۆچوونی شتراوس نازییەکان خیانەتیان کرد، وەهمێک بەهۆی خەیاڵات و فەنتازیاوە وەک حەقیقەت تەماشا دەکرا، نازییەکان کوت کوتیان کرد و لەناویان برد. ئەو حەقیقەتەیان پیشانداین، خوا بوونی نییە و گشت جۆرە سیستم و نەزمێکی ئەخلاقی درۆیە و بوونی نییە، درۆی شەریفانە بە مانا شتراوسییەکەی هەرەسی هێنا و ئەو پەردە وەهمییەی کە دروست کرابوو لە باوەڕبوون بە خوا و باوەڕبوون بە ئەخلاق لابرا؛ لەگەڵ لابردنی پەردەکە بەربەریەت و وەحشیگەرییە کۆتکراوەکانی ناو شارستانییەتی غەرب، وەک سەگ و گورگی برسی هاتنە سەرەرەوە، دەیانویست مرۆڤایەتی لەناو ببەن؛ لێرەوە {نازییەکان دەبنە نوێنەری پەیامە ڕاستەقینەکان، ئەوەی دەبێت لە قووڵاییا نوخبە و زیرەکەکان بۆی بگەڕێن، نازییەکان بە ئاشکرا خستیانە ڕوو؛ باوەڕنەبوون بە خوا و ئەخلاق} شتراوس {دین وەک کەوچک و چەتاڵ تەماشا دەکات، ڕێ بگرێ لە جینۆساید و کۆمەڵگە بخاتە ناو ئارامی و ئاسایشەوە} “دیدێکی پراگماتیکیانەی شتراوسە بۆ دین”؛ دین درۆیەکی شەریفانەیە پێویستە وەک پەردەیەکی فەنتازی بەسەر حەقیقەتەوە بمێنێتەوە. شتراوس ئەو فەیلەسووفەیە حەزی بە دیوە ئایدیاڵییەکانی لیبراڵیزم  وەک سیاسەتێکی سیکۆلارانە نەبوو “مافی مرۆڤ، یەکسانیی ئازادیی تاک …” شتراوس وەک کۆنزەرڤاتیڤێک و کۆمەڵگەراکان، هێرش دەبات و ڕەخنەی لیبراڵیزم دەکات؛ کۆمەڵگەی تەندروست ئەو کۆمەڵگەیەیە، گەڕانەوەی هەیە بۆ یەک حەقیقەت، دەوڵەت پێویستە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بپارێزێت. ئەوەی بە نەوتراوی دەمێنێتەوە ئەمەیە: ڕا جیاوازەکان سەرکوت کرێت. ئەم بیرکردنەوە موتڵەقگەرایەی شتراوس بە تۆ تالیتاریزم کۆتایی دێت.

 یەکێک لە کێشەکانی کۆمەڵگەی لیبراڵ بە بۆچوونی شتراوس ئەوەیە؛ کۆمەڵگە لەسەر بنەمایەکی ئەقڵانی دادەمەزرێنێت، سیحری درۆی شەریفانە و کۆمەڵێک فێڵی حەکیمانە بەتاڵ دەکاتەوە. کۆمەڵگەی لیبراڵ ئەوەمان فێر دەکات، کۆمەڵگە داهێنراوێکە بۆ سوودی هاوبەشی هەموومان؛ لە قازانجی هەمووانە، بە ڕێسایەک ئەوە جێگیر دەکەن کە نەزم و ئازادی پەرە پێدەدات. شتراوس باوەڕی وایە ناکۆکییەکی هەمیشەیی لە نێوان “کۆمەڵگە و تاکدا” هەیە، تەنیا لەڕێی درۆ و فێڵەوە دەتوانین  ئەو ناکۆکییە داپۆشین. شتراوس لەسەر بنەمای هێرمۆنۆتیکەکەی، دەیەوێت، دەست بە فەنتازیا و وەهمی خواوە بگیرێت. شتراوس باوەڕی بە خوا و ئایین نییە، وەک درۆیە تەماشایان دەکات. کەڵکی ئامرازیان لێ وەردەگرێت؛ باوەڕی بە دین و خوا نییە، کەچی دەیەوێت دەستی پێوە بگرێت. بەڵگەی شتراوس ئەوەیە: مرۆڤەکان خۆویستن، خۆسەنتەرن، هەستی فیداکاری لەدەست دەدەن لە نەبوونی خوا و پاداشتی ئەو دنیایدا، هەروەها خوای تۆقێنەر و دین، دڕندەکانی ناوەوەی مرۆڤ وەردەگێڕنە سەر زمانێکی ئەهوەنتر، دووری دەخەنەوە لە سرووشتە شەڕەنگێزەکەیان، ئەمە بۆچوونی شتراوسە. شتراوس هاوڕایە لەگەڵ مارکس کە دەڵێت، دین ئەفیونی گەلانە، بەڵام شتراوس باوەڕی وایە خەڵک پێویستیان بەم ئەفیونە هەیە. مارکس پێی وابوو ئەم ئەفیونەیە مرۆڤەکان ملکەچی  نایەکسانی و نا دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکات. دین لای شتراوس سەرباری ئەفیونبوونی، کەچی نەزم و جێگیری دروست دەکات، دەبێتە مایەی ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵگە. شتراوس بەشوێن ئەفیونێکەوەیە بۆ خەڵکی ئەمریکا.

:سەرچاوەکان

دەقی سەرەکی نووسینە کە: اشتراوس و افلاطون، نووسینی ناصر تاجیک، انتشارات نقد فرهنگ، سال 1396، چاپ یکم.

اسلاوی ژیژک، نویسنده تونی مایرز، ترجمه احسان نوروزی، نشر مرکز، سال 1385، چاپ دوم.

فلسفه کانت، نوسنده اشتفان کورنر، مترجم عزت الله فولاد وند، انتشارات خوارزمی، سال 1399، چاپ یکم


[1] مانع و جامع

[2]  Exception

[3] عوام ناس

[4] موتابق

[5] کسرت گرایی

[6] لەم نووسینەدا لەبری خەڵکی عام، ڕەشۆک یان ئاسایی بەکار دەهێنین.

[7] سوقراتی ناو کۆمار، کارەکتەر، نەک سوقراتی ڕاستەقینە کە ژەهر خوارد کرا.

Loading