نووسین

نیگارشکێنی لە مێژوودا (بەشی یەکەم)

زەردەشت نورەدین

بۆ لە ئاوابوونی نیگار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدوێین؟ داخۆ لەم سەردەمەدا هیچ نرخێکی هەیە باس لە نیگارشکێنی بکەین؟ ئەی دەکرێت بە جۆرێکی جیاواز لەوەی کە تا ئێستا کراوە، پرسیار لە شکاندنی بتەکان لە لایەن ئیبراهیمەوە بکەین؟ پەیوەندی ئیبراهیم بە نیگارشکێنییەوە، بە نیگاربێزییەوە چییە؟ ئایا پنتێک ماوە لەناو جیهانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جیهانبینیی ئیبراهیمی فەتحی نەکردبێت؟ دواجار ئایا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە دەرەوەی ئیبراهیمەوە بیرکردنەوە ئیمکانی هەیە؟ پەیوەندی جەنگ و نیگارشکێنی چییە؟ دەشێت نیگارشکێنی سەر بۆ کوشتار و کۆمەڵکوژی بکێشێت؟

ئەم پرسیارانە دەشێت ڕێنوێنی ئەم وتارە بن لە کاتی خوێندنەوەیدا و بە جۆرێک لە جۆرەکان زیهنی خوێنەر کۆ بکاتەوە بە دەوری تەوەرە سەرەکییەکاندا کە لەو پرسیارانەدا هاتووە؛ گەرنا وەکوو تر، ڕەنگە زیهنی بۆ زۆر شوێنی تر بڕوات یان چڕبوونەوەی پەرت بکات؛ ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە پانتاییەکی دوورودرێژی مێژووییدا و لە بوارگەلی جیاوازەوە لە تەوەرە بەرباسەکان نزیک بووینەتەوە، بە مەبەستی ئەوەی نووسینەکە لە درێژەدا توانیبێتی مەشقێکی بیرکردنەوە بکات لە دەرەوەی کوونەڕەشی ئیبراهیمەوە کە هیچ جۆرە بیرکردنەوەیەکی نا-ئیبراهیمی لە ناویدا مومکین نییە؛ ئیدی بە هەر ئاراستەیەک و بە هەر ئامانجێک بێت، تەنانەت ئەگەر دژە-ئیبراهیمی بێت کە دواجار دەبێتەوە بە ئیبراهیمی. زمان، مەودای زاراوەناسی و ئاسۆی ئیبراهیم هێندە فراوانە کە نەیارەکانیشی لە هەمان ئاسۆ و بە هەمان زاراوە ڕەخنە دەگرن و قسە دەکەن. بۆ دەربازبوون لەم گرفتە، دەبوو ئیبراهیم وەکوو ئیبراهیم (فیگەری چەند ئایینێک) وەرنەگرین، بەڵکوو ئیبراهیم وەک بەرەنجامی بەرکەوتن، قرتاندن، سڕینەوە، تێکەڵبوون، وەرگرتن، داهێنانەوە و درێژەپێدانی چەند ئیپستم، سەردەم، جیهانبینی، یەزدانناسی و بڕگەی مێژوویی جیاواز وەرگرین و ئەمەش بە درێژایی وتارەکە ڕوون دەبێتەوە.

بۆ چوونە ناو باسەکەوە سەرەتا لە پانتایی وشەوە دەست پێدەکەین؛ وشەی «icon»ـی زمانی ئینگلیزی لە وشەی «eikon»ـی یۆنانییەوە وەرگیراوە. ئایکۆن «icon» بە واتای وێنە و شێوە و لێکچوون دێت. لە زمانی یۆنانیدا دەستەواژەی ئایکۆنکێشان «icon painting» جگە لە کێشان و وێنەکردنی ئایکۆن، بە واتای نووسینیش هاتووە؛ واتە لە زمانی یۆنانیدا نووسین و کێشان لەیەکدی دابڕاو نەبوون و پەیوەندی لەنێوانیاندا لە ئارادا بووە.[1] بۆ وشەی ئایکۆن «icon» وشەی نیگار پێشنیار دەکەین. لە درێژەدا ئەم پێشنیارکردنە زیاتر ڕوون دەبێتەوە. جگە لە مانایی وشەیی چەمکی ئایکۆن (نیگار) بۆ ناواخنی چەمکیی وشە، دەگەڕێن و ناچار دەبین بۆ ئەدەبیاتی مەسیحی-ئەورووپی بگەڕێینەوە کە ئەم وشە وەکوو چەمک تێیدا سەرهەڵدەدات، دواتر دەڕۆینە ناو مشتومڕ و وردەکارییەکانەوە، لە ئێستادا تەنیا خودی وشەکە گرنگە لێی وردبینەوە وەکوو ڕێنوێنک بۆ درێژەی باسەکە.

لەناو کەلەپووری مەسیحیدا نیگار هەمان ماناکانی ناو زمانی یۆنانی هەڵگرتووەوە و لە سیاقێکی پیرۆزدا دای ڕشتوونەتەوە، بە مەبەستی بەکارهێنانی دیاریکراو. نیگار لە مەسیحیەتدا بریتی نییە لە دەستساز و بەرهەمی هونەری وەک هەر تەنێکی هونەری تر؛ ڕاستە لایەنی هونەری هەیە و دەشێت بە جۆرێک لە هونەریش ئەژمار بکرێت، بەڵام هونەری پیرۆز یان هونەری یەزدانی کە زەمینی، ماددی و ڕۆژانەیی نییە. نیگار لە مەسیحییەتدا بریتییە لە تەرخانکردنی دەستسازە هونەرییەکان بۆ نواندنەوەی پرسی یەزدانی لە ڕێگەی هەندێ فیگەری پیرۆزی مەسیحییەوە؛ لەوانە مەسیح و باوکی ئاسمانی و هێماکانی، مەریەم و هێماکانی، ڕۆحی پیرۆز و هێماکانی و ماباقی هێما پیرۆزەکانی تری ناو کەلەپووری مەسیحییەت. کاتێک باس لە نیگار لە مەسیحییەتدا دەکەین، بە ئاسانی دەتوانین لە کەنیسەکاندا بیبینینەوە. سنووری بەکارهێنان و سنووری مانایی نیگار لە کەلەپووری مەسیحییەتدا ڕوون و دیاریکراوە، بە تایبەت دوای کۆمشتومڕە بەناوبانگەکەی پەیوەست بە نیگارەوە. بە کورتی نیگار لە کەلەپووری مەسیحییەتدا بۆ نواندنەوەی پرسی یەزدانی لە دەستسازە هونەرییەکاندا دەگەڕێتەوە بە مەبەستی ئایینی؛ ئەمەش هەڵگرتنەوەی هەمان ماناکانی نیگارە لە زمانی یۆنانیدا بە دەستکارییەوە کە بە مانای شێوە، وێنە و لێکوچوون هاتووە، بۆ نموونە نیگارێکی عیسا لە کەنیسەدا، شێوەیەکی دروستکراوی هونەرییە کە شێوەی مەسیح نەوەک خودی مەسیح، لە بیچمێکی وێنەیی (چ دوو ڕەهەندی یان سێ ڕەهەندی) دەنوێنێتەوە.

بە تەنیشت تێگەی مەسیحییەوە، گرنگە لەسەر خودی وشەی نیگار لە زمانی عیبریدا (زمانی کتێبی پیرۆزی یەهوودییەکان) ئێستێک بکەین. چەندان وشەی پەیوەندیدار لە عیبریدا لە پەیوەند بە وشەی نیگارەوە هەن کە هیچیان لە بیرسای نیگاری یۆنانی و مەسیحییەوە نزیک نییە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، نیگار بیرسایەکی ناوەکی ناو یەهوودییەت نییە، ئەمە بۆ مەسیحییەتیش ڕاستە، بەڵام مەسیحییەت دواجار بەشێک لە ناواخنی چەمکی بیرسای یۆنانی هەڵدەگرێتەوە و لە ئاستی وشەش هەر لە یۆنانی دەخوازێت، ئەمە لە لای یەهوودییەکان پێچەوانە دەبێتەوە و بە تەواوی و لە هەموو ڕوویەکەوە دژایەتی نیگار دەکەن. هەر بۆیەش نزیکەی دە وشەی پەیوەندیدار بە نیگارەوە لە کتێبی پیرۆزدا هاتوون کە هیچیان بە تەواوی مانای نیگار ناگوازنەوە و بەسەریەکیشەوە هێشتا ناتوانن دەربڕی تەواوەتی وشەی نیگار بن. هەندێک لە وشەکان ئەمانەن: Elil (אֱלִיל) بێبەها، خودای ساختە؛ Pesel (פֶּסֶל) بتی داتاشراو و وێنەی داتاشراو یان کێشراو؛ Masekha (מַסֵּכָה) وێنەی تواوە، بتی تواوە، کەوڵ، ماسک؛ Aven (אָוֶן) پەژارە، فیز، فەساد؛ Semel (סֶמֶל) وێنە، پەیکەر. جگە لەمانە لە تەلموددا دەستەواژەی Avodah Zarah (עֲבוֹדָה זַרָה)یان بۆ بتپەرستی بەکار بردووە و جێگیریان کردووە کە مانا وشەییەکەی «بێگانەپەرستی» و «نۆکەریی بێگانە» دەگەیەنێت. لە تەلمودەوە کە دووەم گرنگترین کتێبی یەهوودییە تێگەیشتنی یەهوودی بۆ نیگار ڕوونتر دەبێتەوە؛ بەو پێیەی نیگار بەشێکی ناوەکیی جیهانبینیی یەهوودی نییە و بە دوژمنی خۆیانی دەزانن، ئەوا ناواخنەکەیان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بە بێگانەپەرستی و نۆکەریی بێگانەبوونەوە بەستووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەردوو وشەی ئێلییەل و مەسێخا ناواخنی تێگەیشتنی یەزدانناسییان بۆ نیگار هەڵدەماڵێت؛ کە بە تەنێکی ساختەی دادەنێن و وەکوو دەمامک بۆ شاردنەوەی ئەسڵێک دەیبینن کە خودای تاک و تەنیایە. ئەم داڕشتنە ئەنتاگۆنیستییەی نێوان نیگار و خوداوەند هەر لە وشەدانانیانەوە بەدیار دەکەوێت. هەروەها تا ئاستی بێزاندن و قێزەونکردنی دەڕۆن؛ لە پەیمانی کۆندا وشەی «gilulim» وەکوو سیفەتی بت هاتووە کە بە مانای قێزەون و پیس هاتووە کە نزیکە لە وشەی «glalim» عیبری کە بە مانای پیسایی و گوو دێت.

بەگوێرەی ناواخنی وشە بەکارهاتووەکانی پەیوەست بە نیگارەوە لە دەقە پیرۆزەکانی یەهوودیدا، نیگار، نواندنەوە یان ئاوێنەی نیگارکراو نییە و هیچ پەیوەندییەکی دروستی گواستنەوەیی لەنێوان نیگار و نیگارکراودا لە ئارادا نییە. ئەوەی کە نیگار ناتوانێت نیگارکراو بنوێنێتەوە یان بیکێشێتەوە یان تەنانەت دەریبڕێت بۆ سنورداری توانای هونەرمەند یان خودی توانستی ناوەکیی هونەر ناگەڕێتەوە کە سنوردار بێت. لە بەرانبەردا نیگار کارێکی پێچەوانە دەکات لە جیاتی نیشاندان، دەشارێتەوە، لە جیاتی نواندنەوە، دەئافرێنێتەوە، لە جیاتی دانەوە بە شێوەی ئاوێنەیی، دەشێوێنێت و بەلاڕێدا دەیبات؛ دواجار نیگار ساختە دەکات و لە ئەسڵ دوور دەکەوێتەوە و ماسک بەرهەم دەهێنێت. ئەم ڕوانگەیە یەهوودییەکان وەها ئاراستە دەکات کە بە گشتی دژەنیگار بن؛ چ بۆ پانتایی یەزدانی و پیرۆز و چ بۆ پانتایی ناپیرۆز و مرۆیی. پێیان وایە نیگار نەک هەر ناتوانێت ناواخنی خودا بنوێنێتەوە، بەڵکوو وێنای خودا دەشێوێنێت، بەهۆی ئەم شێواندنەوە لە ئەنجامدا خودای ساختە دروست دەبێت، خودای تری لێ دەکەوێتەوە. ئەم ڕوانگەیە بە تۆخی لەناو ئایینی ئیبراهیمیدا هەیە کە نواندنەوەی خودا دواجار سەر بۆ غەیری خودا، بۆ شیرک (هاوبەشدانان بۆ خوا) و بۆ بتپەرستی دەکێشێت. ئەمەش وا دەکات هەر لە بنەڕەتەوە بە توندی هەموو جۆرە نیگارێک ڕەت بکەنەوە و بە مەترسی دایبنێن. لەوەش زیاتر تەنگ بە نیگاری ناپیرۆز و مرۆییش هەڵدەچنن و قەدەغەی دەکەن؛ هۆکارەکەشی هەر ئەوە نییە کە دەشێت لە دوورمەودادا بۆ بتپەرستی وەرگەڕێت، بەڵکە خودی نیگار ساختەچییە و ماسک بەرهەم دەهێنێت و حەقیقەت دەشارێتەوە و کەتمانی دەکات؛ تەنانەت ئەگەر لە پانتایی ناپیرۆز و مرۆییشدا بەرهەم بێت؛ دیسانەوە هەر پەردە بەسەر حەقیقەت لە پانتایی مرۆییدا دەکێشێت.

ئیسلام هەمان ڕوانگەی یەهوودی بە هەندێ زیادەڕۆییەوە بۆ نیگار هەڵدەگرێتەوە و لەسەر ئاستی وشەش هیشام بن موحەممەد کەلبی لە کتێبی «دەربارەی بتەکان» سێ وشەی عەرەبی بۆ بەکاربردنی نیگار (بت) بەکار دەبات کە ئەوانەش بریتین لە سەنەم، وەسەن، نەسب و ماناکانیان بە ڕیزبەند بریتییە لە نیگارێکی دروستکراو لە ماددەی دار، ئاڵتوون و زیو لە شێوەی مرۆڤ؛ نیگارێکی داتاشراو لە بەرد لە شێوەی مرۆڤدا، بەردێکی قیتکراوە و تەرخانکراو. لەبەر ئەوەی خودی قورئان دەرهاویشتەی جیهانێکی نیشتەجێی بتپەرستی نەبووە، ئەوا ڕاستەوخۆ لە قورئاندا زۆر بەر بت و بتپەرستی ناکەوین و مژاری سەرەکیی قورئان نییە، لە بەرانبەردا یەکایەتیی (تەوحید) کرۆکی قورئانە کە ڕووی دەمی لە مەسیحییەتی سێینخوازە نەوەک بتپەرستی. ئەمە لە درێژەدا زۆرتر ڕوون دەبێتەوە. ڕوانگەی ئیسلام هەمان ڕوانگەی یەهوودییە بۆ نیگار، بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە کە ئیسلام تا دواسنووری دژەنیگاری دەڕوات و ئەگەرە نەرمە دژەنیگارییەکانی ناو یەهوودییەت بەرانبەر نیگار کە ناڕاستەوخۆ و لاوەکییانە تێیدایە، بە تەواوی وەلاوە دەنێت و لە ڕوانگەی خۆیدا دەیسڕێتەوە؛ ئەمەش لە قاڵبوونەوەی قووڵەوە لە هەمبەر یەزدانناسی دروست نەبووە؛ بەهۆی هەڵوێستوەرگرتن و خۆجیاکردنەوەی تەواوەتی لە مەسیحییەتی سێینەخوازەوە هاتووەتە ئاراوە. ڕاستییەکەی دژەنیگاری یەهوودیش هەڵوێست وەرگرتنە بەرانبەر ئایینە نیگاریییەکانی بەر لە یەهوودییەتی میزۆپۆتامیا و خۆجیاکردنەوە بووە لەوان؛ ئەمەش بە ڕوونی لە دەقە پیرۆزەکانی یەهوودیدا ڕەنگی داوەتەوە و بە ڕاستەوخۆ دەبینرێت. بە دەربڕینێکی تر دژەنیگاری هەر لە بنەڕەتەوە هەڵوێست وەرگرتنی ژیاری شوانکارەیی/کۆچەری ئاری-سامییە بەرانبەر ژیاری کشتوکاڵی/شاری میزۆپۆتامیا.

دەشێت باس لە ڕوانگەی ئاریی پەیوەند بە نیگارەوە بکەین و باشترین دەرکەوتەی ئامۆکراوی ڕوانگەی ئاری ئایینی زەردەشتییە؛ بە تایبەت نوسخەی زەردەشتی بەسامیکراو کە زەردەشتیگەری سەردەمی ساسانییەکانە. ڕوانگە ئایینییەکانی ئارییەکان کە لە ڕۆژهەڵاتی ئێران و هیندەوە هاتوون لە سێ شەپۆلدا خۆیان دەبیننەوە؛ شەپۆلی یەکەم دەرکەوتنی میتانییەکانە تا کۆتایی مادەکان کە بە ئەستەم لەناو ژیاری میزۆپۆتامیادا جێگەیان دەبێتەوە و کاریگەریی لاوەکیان هەیە. شەپۆلی دووەم لە سەرەتای ئەخامینییەکانەوە تا کۆتایی ئەشکانییەکانە کە ڕوانگە ئایینییەکانی ئارییەکان لە مەزداپەرستی زەردەشتیدا لە میزۆپۆتامیا زاڵ دەبێت و کاریگەری دادەنێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا نابێتە تاکە ئایینی فەرمی. لەگەڵ ڕوانگە ئایینە سامییەکاندا بە درێژایی ئەو ماوەیە لەبەرکەوتندایە؛ لە نزیکبوونەوە و دوورکەوتەنەوەدایە. شەپۆلی سێیەم لە سەرەتای ساسانییەکانەوە تا کۆتایی ساسانییەکانە کە ڕوانگە ئایینییەکانی ئارییەکان لە فۆڕمی زەردەشتیگەریدا بە تەواوی زاڵ دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئایینی زەردەشتی بە توندی دەکەوێتەوە ژێر کاریگەریی ڕوانگەی سامییەکانەوە. دواجار ئیسلام وەکوو سەنتیزی ئاری-سامی، ئاراستە توندڕەوییەکانی هەردووک هەڵدەگرێتەوە؛ پەیوەند بە دژەنیگاری، دژەژنی و نێرسالارییەوە.

«لە ڤەندیدادی ئەڤێستادا سێ جار ناوی دێوێک بە ناوی [بوی تی دێڤە] هاتووە کە بە فەرمانی ئەهریمەنی سالاری دێوەکان و فەرماندەیی دروج و دوو دێوی تر، ئەرکی کوشتنی زەردەشتیان پێ سپێردرا… ئەم ناوە لە شرۆڤەی پەهلەوی ڤەندیداد بە شێوەی ”بۆد دیڤ” یان ”بوت دیڤ” هاتووە و لە کتێبی دینکردیشدا بەم گۆ و مانایە هاتووە…ئەگەر ئەم شرۆڤەی بۆندهەش وەربگرین ”بوت دیوو ئەوەیە کە لە هیندوستان دەیپەرستن و گیانی لەناو بوداکاندا نیشتەجێ و میوانە” ڕاست و دروست بێت بە ئەگەری زۆرەوە ”بووی تی”ـی ئەڤێستایی و ”بوت/بود”ـی پەهلەوی ساسانی و ”بت”ـی فارسی دەری هاوتای ناوی بودای سانسکریتین…». «بە ئەگەری زۆرەوە وشەی بوت/بود/بت لە شێوەی وشەی زمانی سوغدی بودایی PWT چووەتە ناو زمانی دەرییەوە و لە جیاتی وشەی ئوزد (s ¦ uzde) یان ئێزەد بە واتای سەنەم گشتێنراوە؛ لەبەر ئەوەی لە دەقەکانی فارسیی ناوەڕاست (پەهلەوی ساسانی)ـی زەردەشتییەکاندا، لە هەموو شوێنێک وشەی ئۆزد/ئێزەد بۆ بت بە واتای سەنەم و وەسەن بەکاربراوە و هەموو داتاشراوەکانی وەکوو ئوزد زار (بتخانە) ئوزد پەرست/ئێزەدپەرست (بتپەرست)… لەم وشەوە دروست کراون و ئەم دەربڕینە لەناو فارسی دەری نابینرێت».[2]

وشەی بت‌ـی ناو زمانی فارسی و کوردیی نوێ، لە وشەی بودای هندییەوە هاتووە و دواجار بووە بە هاومانای پەیکەری پەرستراوی خودا یان هەمان بت. بێگومان ئەمە لە دوای زاڵبوونی ئیسلامەوە، واتە لە دوای ڕووخانی ساسانییەکانەوە کە زەردەشتی بوون، ڕووی داوە. بە هەمان شێوەی ئیسلام لە سەردەمی ساسانییەکاندا، زەردەشتیگەری هاوشێوەی ئیسلام دژی نیگار و پەیکەر دەوەستێتەوە و دژایەتی خواکانی ئایینەکانی تر دەکات. وەک چۆن لە دەقی پیرۆزی موسڵمانەکاندا کە قورئانە ناوی زەردەشتییەکان بە مەجووس واتە ئاگرپەرست هاتووە – لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئاگرپەرستیش هەر جۆرێکە لە بتپەرستی و هاوەڵ بۆ خوادانان واتە شیرک– بە هەمان شێوە لە دەقی زەردەشتی ساسانییەکاندا ئێزەدییەکانی کوردستانیان بە بتپەرست ناو بردووە و هەر ناوی ئێزەدیان وەکوو بت بەکار هێناوە و بە پەرستگەی ئێزەدییەکانیان وتووە بتخانە. ساسانییەکان خۆیان ڕێگەخۆشکەری ئیسلام و بڵابوونەوەی بوون. ئەوەی لەو نێوانەدا لە ڕووی یەزدانناسییەوە بەرەنگاریی بەرانبەر ڕوانگەی زاڵی ئاری-سامی کردووە، کوردەکان و ئایینە کوردییەکان بوون و پاش ئەوەی تەنانەت ئیسلام وەکوو ئیپستم لە کوردستان زاڵ دەبێت و کوردەکان نوسخەی خۆیان کە تەریقەتی قادری لە ئیسلام دروست دەکەن، دیسانەوە بەرانبەر فۆڕمە وشک و برینگەکانی یەزدانناسی سامی-ئاری کە لە ئیسلامی فەرمیدا تەقیوەتەوە، بەرەنگار دەبنەوە. ئەمە جگە لەوەی وەکوو کەمینە، کوردەکان تاکە نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن ئایینی خۆیان لە دەرەوەی ئایینە ئیبراهیمییەکان دەهێڵنەوە و کاریگەریی گەورە لەسەر ڕەوتە جیاوازەکانی ئیسلام دادەنێن.

لەم سۆنگەوە دەبێت بۆ زمانی کوردی و مانا جۆراوجۆرەکانی نیگار بگەڕێینەوە و چۆنییەتیی جیاوازبوونی لە هەرسێ ئایینی ئیبراهیمی، لانیکەم لەسەر ئاستی وشە بەدیار بخەین. لە زمانی مادی/پەهلەوی ئەشکانی (کوردیی ناوەندیی)دا وشەی نیگار لە «نیگا»وە هاتووە کە بە مانای تەماشاکردن، نیگاکردن و نووسینیش دێت. لە زمانی فارسیدا وشەی نیگار وەکوو پاشگر ماوەتەوە و لەبەرانبەر پاشگری «graphy» ئینگلیزی بەکاری دەهێنن. جگە لەوەش لە ئەدەبی کلاسیکی فارسیدا بە مانای بت و ماشووق هاتووە. لە ئەدەبی کوردیدا بەماناکانی بت یان هاوەڵی خوا،  ماشووقی زەمینی و ئاسمانی (خودا)، ڕوخسار، نەخش، هەڵکۆڵراو، یار، ڕازاوە و جوانی، ئافەرێنەر و نووسین هاتووە؛ واتە لە زمانی کوردی بە نزیکەی هەموو مانا کۆنەکانی لە خۆدا هەڵگرتووەتەوە و ئەمەش لە ئەدەبی کلاسیکی کوردیدا دەبینرێت. لەم چەند نموونە شیعرییەوە بەر ئەم مانایانە دەکەوین:

«لاڵ بم ئەگەر شەبیهی ڕوخی بکەم بە ماهی نەو

یان دڵ بدەم بە میهری نیگارێ بە غەیری ئەو»

[کوردی] (بت یان هاوەڵی خوا)

«ئەگەر بووبایە وەک تۆ، جەننەت ئارا

لەشێوەی قامەتی تۆیە؛ نیگارا»

[میسباح دیوان] (ماشوقی زەمینی)

«لە بێستوون یادگاری دەستی فەرهاد

نیگاری شیرینە؛ ئێستا لەوێیە»

[عەونی] (هەڵکۆڵراو)

«بە جامی زەڕنیگار ساقی وەرە پەندێ لە من ببیستێ

سەحەرگاهان بکە پەرهیز لە تیری دڵ برینداران»

[موخلیس] (نەخش: نەخشاندنی زەڕکەفت و ڕازاندنەوەی وردی هونەر)

«ڕامی عاشق بۆنی ئەو وەحشی نیگارە موشکیلەمەبیە هەرگیز ئەم قسە: عەنقا دەبێ وەک کەو کەوی»

[مەحوی] (ماشوقی ئاسمانی)

«مەیی بێزەواڵ، قەیووم بەرحەق

نیگارندەی نۆ تاق ئەرزەق»

[خانای قوبادی] (ئافەرێنەر، نیگارگەری جیهان)

«تاووس بەهارە بە پەڕوباڵی دەنازێ

نازانێ کە یاری مە عەجەب پڕ لە نیگارە»

[ئەمین شوانی] (جوانی و ڕازاوەیی)

«بۆ مەشقی عیشقی زوڵفی نیگار و نیگارشی

نالی لە خامەدا بووەتە شاهی توڕەنووس»

[نالی] (ماشوق و نووسین)

ئەگەر لە دەرەوەی ئاگایی سیاقدار و دیاریکراوی خودی شاعیرەکان لەسەر شیعرەکان ڕاوەستین، زیاتر لە نیگار لەناو زمان و ژیاری کورددا تێدەگەین. بە دەربڕینێکی تر خودی شاعیرەکان بە ڕوانگە، ئاراستە و ئینتیمای ئایینی، سیاسی و مەعریفییانەوە فەرامۆش بکەین و دەقەکانیان وەکوو دەق پەیوەند بە دەقی پێشخۆیانەوە وەرگرین. ئەوەی لێرەدا گرنگە بەهەندوەرگرتنی دەقەکانیانە لە پانتایی زماندا و دانانەوەیانە لە زەمینەی دەقێتیی بەرهەمەکانی پێشوودا، تاوەکوو بتوانین ڕەهەندە شاراوەکانی وشەی نیگار لە وشەدانی زمانی کوردیدا بەدیار بخەین. ئەم جۆرە لێکدانەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو باوەڕەی ژولیا کریستوڤا کە پێی وایە بەرهەمهێنانی هەر دەقێک لە کۆدەقی پێشخۆیەوەیەتی دەڕسکێت؛ برگە شیعرییەکان وەکوو ڕسکاوی دەقگەلی پێشخۆیان؛ هەروەها وەکوو دیالۆگ لەگەڵ ڕوانگەکانی تردا لە بەرچاو دەگیرێن. دیالۆگ لێرەدا بە مانای سازان و پێکهاتن نییە بەڵکوو بە مانای پەیوەندیگرتنە لە ڕێگەی خستنەڕووی ڕوانگە و بۆچوونی جیاواز بەبێ ئەوەی مەرج بێت بۆ دەرەنجام یان سەنتێز وەرگەڕێت؛ زیاتر ڕەنگە وڵامدانەوە و هەڵوێستوەگرتن بێت بەرەو جیاوازبوونەوە لەبری هاوڕایی و ئامێتەبوون.

ئەگەر لە یەکەم دوودێڕەوە دەست پێ بکەین: سەرەتا نیگار لە مانای ماشوقی ئاسمانی (یەزدان) وەرگرین؛ هەر ئەوەی یەزدان بە شێوەی نیگار دەبینرێت، یان بە نیگار دەچوێنرێت یان دەشێت نیگاری هەبێت؛ دەرخەری ئەوەیە یەزدان لەناو وشەدانی کورددا نیگاردارە و لەوەش زیاتر خۆی نیگارە؛ ئەمەش تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ ڕوانگەی ئایینی ئیبراهیمیدا بۆ نیگار. لەگەڵ ئەوەشدا نیگار لە مانای ماشووقی زەمینیدا وەرگرین ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە پانتایی نیگارگەریی ژیاری کوردی تەنیا بە پرسی پیرۆز و یەزدانییەوە گرێ نەدراوە، ئەگەر گرێش درابێت؛ ئەوەیە کە دڵداری و ئەڤینی زەمینیی یەزدانییە؛ واتە لە ڕێگەی فیگەرە یەزدانییەکانەوە دەنوێنرێتەوە و بۆ ژیانی مرۆڤ دەگوازرێتەوە، وەکوو لە دەقە هۆرییەکاندا دەیبینین. ئەمە جودایە لەوەی ئاسمانی یان عیرفانی بێت کە نانوێنرێتەوە، لە ڕێگەی وشەوە قەدەغە دەکرێت یان لە ڕێگەی وشەوە ڕێگە بە فۆڕمێکی دیاریکراوی دەدرێت. لە ڕوانگە کوردییەکەدا زیاتر ئاماژە بەوە دەدات دڵداری و ئەڤین ئەگەرچی زەمینی و ناپیرۆزیش بن، لەگەڵ ئەوەدا هێشتا یەزدانی و پڕبەهان؛ بە دەربڕینێکی تر دڵداری و ئەڤین نەخراونەتە بەرانبەر خوداوە و لە ڕێگەی خوداوە قەدەغە نەکراون.

ئەگەر نیگار لە مانای هاوەڵی خودا یان بت وەرگرین، پانتاییەکی تری یەزدانناسیی کوردمان بۆ ئاشکرا دەبێت؛ ئەویش ئەوەیە یەزدانی من و یەزدانی ئەویتر هەردووکی لە فۆڕمی نیگاردا دەردەکەون، یەکسانیی لە فۆڕمی نیگاری یەزدانی ئێمە و ئەوانیتر؛ بە مانای داننان و ڕێزگرتنە لە یەزدانی ئەو وەکوو یەزدانی خۆم کە پێمخۆشە لە لای ئەو ڕێزدار و دانپێدانراو بێت؛ ئەمەش پاشماوەی ژیاری فرەخودایی کوردانە کە لەناو زماندا ماوەتەوە. ئەگەر بێت و ئەم هاوتاییە فۆڕمییەی نیگار لەنێوان یەزدانی خۆیی و یەزدانی بێگانەی کوردان بەراورد بە ناهاوتایی ئەنتاگۆنیستی فۆڕمی نێوان خوای یەهوودی و یەزدانی گەلانی تر بکەین، ئەوە ڕۆشن دەبێتەوە کە یەهوودی تەنانەت لەسەر ئاستی وشەدان ئامادەیی هیچ جۆرە مامەڵەیەکی ڕێزدارانە نییە لەگەڵ خواکانی ئەوانیتردا و هەر لە بنەوەڕا خواکانی تری پێ ساختە و هەڵبەستراوە. بە تەنیشت ئەمانەوە ئەگەر نیگار لە ماناکانی هەڵکۆڵراو، نەخشێنراو، داتاشراو و کێشراو وەرگرین؛ ئەوا جگە لە نیگارگەری ژیاری بەجێماوی ناو زمانی کوردی، بەر جەستەمەندی نیگارگەری دەکەوین کە تەنیا بە پرسی یەزدانییەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵکوو سەرلەبەری ژیانی ڕۆژانەی گرتووەتەوە. هەر لەمەوە دەتوانین باشتر لە نیگار لە مانای ئافرێنەر (نیگارەندە/نیگارگەر) تێبگەین؛ لەم ڕوانگەوە خودا وەکوو هونەرمەندی گەردوون و ژیان دەردەکەوێت؛ هونەرمەندێک کە جیهان، ژیان، مرۆڤ و هەموو زیندە و نازیندەکانی ناوی بەرهەمی هونەریی ئەون. ئەم ڕەهەندە دواتر لە هەندێ لە لقەکانی عیرفاندا ڕەنگ دەداتەوە کە هەڵگرتنەوەی ڕوانگەی یەزدانناسی کوردی و یەزدانناسی هۆرییەکان و ئیلامییەکان بە تەواوی ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە؛ لە ئێستاشدا ئایینەکانی یارسان و ئێزەدی ئەم بانگەشەیە دەسەلمێنن. دواجار نیگار بە مانای نووسینیش دێت؛ وەک بڵێی نووسین و نیگار لە پەیوەندییەکی ئەنتاگۆنیستیدا نین بەرانبەر یەکتری کە لەسەر نەفیکردن یان سڕینەوەی یەکتر بینا بووبێتن وەک ئەوەی لای یەهوودی و ئیسلام دەیبینین.

نیگار لە نەریتی ئیبراهیمیدا، بە هەر جۆرە هەڵکۆڵین، داتاشین و نەخشاندنی وێنەیی پەیوەست بە یەزدان و پرسی پیرۆز دەوترێت؛ لەوانە پەیکەر، وێنە، شکڵی هەڵکۆڵدراو، نەخشی نواندنەوەگەرایی و. … هتد. لەم نووسینەدا مەبەست لە نیگار جگە لەم ناواخنە ئیبراهیمییە، بابەتی کولتووری و هونەریش لەخۆ دەگرێت کە دەشێت ڕاستەوخۆ نەگەڕێنەوە سەر مەبەستە ئایینییەکان. لەم وتارەدا نیگارمان لە مانا بەرتەسکە ئیبراهیمییەکەیدا بەکار نەبردووە کە لە هەر سێ ئایینەکەدا (یەهوودی، مەسیحی و ئیسلام) لە بارەیەوە حوکمی جیاواز و هاوشێوە دراوە. لێرەدا نیگار لە مانا کوردییە فراوانەکەیدا وەرگیراوە کە پێشتر لەسەر ئاستی وشە، بە کورتی خرایە ڕوو و ئەمەش بۆ میراتی هۆرییەکان دەگەڕێتەوە نەوەک ژیاری ئێستای کوردان کە کەوتووەتە بەر شاڵاوی داگیرکاری و توانەوە لە لایەن دوایین نوسخەی بەهێز و بەربڵاوی سەنتێزی ژیاری ئاری-سامی: ئیسلام.  لە دینە پێش ئیبراهیمییەکاندا نیگار بەشێکی بناغەیی دینی پێک دەهێنێت بە جۆرێک کە دینی نانیگارگەرا[3] بەدی نەکراوە. نیگار زیاتر، قووڵتر و فراوانتر لە نووسین تێیدا ڕەنگی داوەتەوە؛ وەک ئەوەی بڵێی ڕێوڕەسم و سرووتی دینی، بەبێ نیگار ئەنجامدانی نزیک بووە لە مەحاڵ. بە دەربڕینێکی تر دینی نیگارگەرا[4] وێنەی زۆر لە وشە لا گرنگتر بوو و لە شوێنێکیشدا پەنا بۆ وشە برابێت چووەتە خزمەت وێنەوە و خودی نووسینەکان پڕ بوون لە دیمەنی وێنەیی.

لە دوای تەشەنەسەندنی ئایینی ئیبراهیمی بە شێوەی گەردوونی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەی، هەر کاتێک باس لە نیگار بکەین، بە ناچاری دەبێت باس لە نیگارشکێنیش بکەین. نیگارشکێنی (iconoclasm) لە هەردوو وشەی یۆنانی ئایکۆن (icon) و کڵاو (klao) بە واتای شکاندن پێک هاتووە. نیگارشکێنی باوەڕێکی کۆمەڵایەتییە کە لەسەر گرنگیدان بە وێرانکردنی نیگار یان وێنە و بیرئانین[5] بینا بووە و بە زۆری بە هۆکاری دینی و سیاسی ئەنجام دەدرێت. ئەو خەڵکانەی کە بەشدار دەبن یان پاڵپشتی لە نیگارشکێنی دەکەن، بە نیگارشکێن ناو دەبرێن. دەستەواژەی نیگارشکێنی بۆ یەکەمجار لە ئیمپڕاتۆریەتی بێزەنتی و لەنێوان ساڵەکانی ٧٢٦-٨٤٢ زایینی لەناو مەسیحییەتدا دەرکەوتووە.  لە ئێستادا تەنیا بۆ ئەو بڕگەیە یان بە دیاریکراوی تەنیا بۆ مەسیحییەت بەکار نابرێت. لەمڕۆدا نیگارشکێنی جگە لە پانتایی دینی بۆ پانتایی سیاسیش بەکار دەبرێت و ڕوانگەی جۆراوجۆر هەیە لەم بارەوە: ئەوەی بۆ ئێمە لەم بارەوە گرنگە؛ نیگارشکێنییە پەیوەند بە یەزدانناسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.

نیگارشکێنی دیاردەیەکی گەردوونی نییە کە لە هەموو سەردەمەکان و لە هەموو کولتوورەکاندا هەبێت، وەکوو هەر دیاردەیەکی مێژوویی، نیگارشکێنی زەمینە و بەرواری دیاریکراوی لەناو ئیپیستیمی دیاریکراودا هەیە. هەندێک لە ئاشوورناسان بە هۆکاری ئایدۆلۆژی، دەخوازن نیگارشکێنی بۆ سەرەتای لانیکەم نووسین بگەڕێننەوە و هیچ کام لە گەلە جیاوازەکانی لێ دەرنەکەن؛ لە کاتێکدا بەڵگە بەجێماوەکان ئەوەمان پێ ناڵێن. ئێمە خۆمان لەم ڕوانگە ئایدۆلۆژیستانە بەدوور دەگرین. سەرەتای سۆمەرییەکان پێش ئەوەی ئەکەدییەکان زاڵ بن لە سۆمەردا، نیگارشکێنی دەرنەکەوتووە لە لای هۆرییەکان، سەرەتای ئیلامییەکان، سوبارییەکان و تەنانەت سەرەتای هیتییەکان کە میراتگری هۆرییەکان بوون، هێشتا دەرنەکەوتووە. کاتێک یەکەم دەرکەوتەی سامییەکان واتە ئەکەدییەکان دەسەڵات دەگرن بە دەستەوە، نیگارشکێنی دەردەکەوێت. ئەمەش بۆ شێوەژیان، جیهانبینی و یەزدانناسی سامییەکان دەگەڕێتەوە. ئیلامییەکان زۆر دواتر وەک کاردانەوە بەرانبەر ئاشوورییەکان کە توندترین دەرکەوتەی نیگارشکێنی بوون (مەگەر ئەخناتوون بەو جۆرە بووبێت) دەستیان داوەتە نیگارڕفێنی[6] نەک نیگارشکێنی[7]؛ ئەویش کاتێک ڕفاندوویانە نەک هەر نەیانشکاندووە و ئەندامیان نەبڕیوە، بەڵکوو سوکایەتیان پێ نەکردووە، تەنیا بردوویانە.

لێرەدا پەیڕەوی لە میتۆد و ڕوانگەی ئەو ئاشوورناس و سۆمەرناسانە ناکەم کە جیاوازیی بنەڕەتی ژیاری و یەزدانناسیی لەنێوانی گەلە جیاوازەکانی سەردەمە جیاوازەکانی میزۆپۆتامیادا ناکەن و بە شێوەیەکی گشتی وەکوو یەک یاخود زۆر نزیک لە یەک دەیانبینن و تەنیا لەسەر ڕەگەزە هاوبەشەکان چڕ دەبنەوە و تیشک دەخەنە سەر لایەنە لێکچوو و هاوشێوەکان؛ واتە بە زۆری سەرنج لە لێکچوونەکان دەدەن و زیاتر جیاوازییە بنەڕەتییەکان فەرامۆش دەکەن و بە هەندی وەرناگرن. هەر بۆیەش جگە لە زانیاریی ئارکۆلۆژی، هیچ شتێکی سەرنجکێش لە لایان نابینیتەوە و زیاتر مێژووی دێرین بە هێڵی و نەپساو دەبینن، وەک بەرەنجامی یەک ئەسڵ یان گشتێکی کۆگیر. ڕوانگەی ناوبراو خۆی بە تۆخی کەوتووەتەوە ژێر کاریگەریی ئیپستمی ئیبراهیمییەوە و نەیتوانیوە خۆی لە تەلیسمی ئەو نەریتە دەرباز بکات؛ جا بۆیە هەرچییەک بەرهەم بهێنێت؛ بە جۆرێک لە جۆرەکان دەڕواتەوە خزمەت ئایینی ئیبراهیمییەوە. لە ڕاستیدا ئەو جۆرە هەوڵانە ناکرێت ناوی لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی دێرینی لێ بنرێت کاتێک بە ناو ڕوانگەی ئیبراهیمیدا ئەنجام درابێت.

بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر لەم وتارە پێم خۆشە ئەو دابەشکارییە لێرەدا دابنێمەوە کە لە کتێبی « ئینانا شاخاتوونی ژن ژیان  ئازادی» دا لەگەڵ دەشتی مەحموود بۆ ئیپیستیمە جیاوازەکانی میزۆپۆتامیا یان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشاومانە: ١- ئیپیستیمی گەلانی زاگرۆس (هۆری، ئیلامی، لاولاوی، گۆتی، کاشی، میتانی، مادی). ٢- ئیپیستیمی گەلانی زاگرۆس پێش ژیاری سامی-ئاری (هۆری، ئیلامی، لاولاوی و گۆتی). ٣- ئیپیستیمی گەلانی زاگرۆس پاش ژیاری سامی-ئاری (میتانی، کاشی، ئیلامی دوایین، مادی). ٤- ئیپیستیمی سامییەکان پێش هاتنی ئارییەکان (ئەکەدی، ئاشووری، بابلی و ئەموری)  ئیپستمی سامییەکان دوای هاتنی ژیاری ئاری (یەهوودی، کەنعانی، کلدانی، ئارامی، عەرەب). ئیپیستیمی سۆمەری پێش ئاری-سامی (سەرەتای سۆمەر). دەتوانین بە چاوپۆشی لە هەندێک وردەکاری بەم شێوەیە بەسەر چوار قەوارەی ژیاریدا کورتی بکەینەوە: (١- ژیاری گەلانی زاگرۆس، ٢- ژیاری سۆمەری، ٣- ژیاری سامی ٤- ژیاری ئاری). هەر کام لەم ژیارانە مامەڵەی جیاوازیان بەرانبەر نیگار هەبووە و بەگوێرەی جیهانبینی، شێوەژیان، و یەزدانناسییان نیگارشکێن، نیگاربێز[8]، نانیگارگەرا و نیگاریار[9] بوون. هەر کام لەمانەش هۆکاری خۆی هەبووه، هەندێکی لە درێژەدا ڕوون دەبێتەوە.

کارل ڕادنەر پێی وایە لای ئەو گەلانەی کە تازە فێری نووسین بوون وەک سامییەکان، جادووی وشە هێزی زیاترە لە جادووی وێنە. ئەم تێزەی ڕادنەر بۆ هەموو گەلێک ڕاست نییە؛ بۆ نموونە بۆ گەلێک کە بە هیچ جۆرێک بەر نووسین نەکەوتووە؛ لەسەر ڕێگەی بازرگانی ژیاری نووسین-تەوەر نەبووە و گۆشەگیر یان دابڕاو بووە لە خەت یان نووسین. گەلی لەم جۆرە لەبەر ئەوەی هیچ جۆرە ئاشنایەتی و بەرکەوتەیان بە نووسین نەبووە، بەدەرن لەم تێزە. لە بەرانبەردا گەلانی سامی کە لە کەنارەکانی میزۆپۆتامیای ژوورو (کوردستان)، میزۆپۆتامیای خواروو (سۆمەر) و میسردا ژیاون و بەردەوام بەر نووسین کەوتوون، لە دوورەوە و خۆیان سەریان لێ دەرنەکردووە و ژیانیان بە ناویدا ڕێک نەخستووە ئەوا ئەفسوونێکی لە ڕادەبەدەری هەبووە بۆیان. بە هەمان شێوە بۆ ئارییە کۆچەرییەکانیش ڕاستە کاتێک بەر میزۆپۆتامیا دەکەون. دەبینین کاتێک دەرفەتی مێژووییان بۆ هەڵدەکەوێت و لە میزۆپۆتامیای خواروو دەسەڵات بەدەستەوە دەگرن؛ بە تەواوی شەیدای نووسین دەبن و نازانن چۆن ئەم شەیداییە بەتاڵ بکەنەوە. بۆیە دەبینین سامییەکان و ئارییەکان ئەوەندە ئالوودەی نووسین دەبن، نیوهێندە ئالوودەی نیگار نابن. لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ئاشوورییە نوێیەکاندا ژمارەیەکی زۆر بەردەنیگار هەبوون کە تەنیا نووسینیان لەسەر هەڵدەکۆڵدرا؛ واتە ناوی ئەو کەسانەی کە بەردەنیگارەکەیان بۆ تەرخان کرابوو. ئەمەش زاڵێتیی نووسین بەسەر وێنەدا دەردەخات، لە کاتێکدا لای سۆمەرییەکان کە خۆیان داهێنەری نووسین بوون بەو جۆرە نەبووە و نیگار لایان کاریگەرتر بووە لە نووسین. (درێژەی هەیە…)


[1]– جگە لەوەش پاشگری(-graph) لە زمانی ئینگلیزیدا لە زمانی یۆنانییەوە وەرگیراوە کە هەم بەمانای نووسین دێت و هەم بەمانای کێشان و  وێنەکردن. ئەم نزیکبوونەی نووسین و کێشان لە زمانی یۆنانیدا بۆ سەردەمی کۆن دەگەڕێتەوە کە خودی کردەی نووسین جۆرێک بووە لە کێشان و هەڵکۆڵین؛ دەستپێکی پەیدابوونی نووسین ئەمە پشت ڕاست دەکاتەوە؛ ئەم نزیکایەتییە لە وشەی نیگاری کوردیدا ماوەتەوە. 

[2] https://abadis.ir/fatofa/%D9%88%D8%A7%DA%98%D9%87-%D8%A8%D8%AA/

[3] Aniconism یان نانیگارگەری بەکارنەهێنانی نیگارە لە پانتایی پیرۆز و ناپیرۆزدا. چەشنێکە لە نەفیکردنی نیگار لەناو پانتایی هەستەکی و دەرکەوتە بەرجەستەکانی ژیانی ڕۆژانەدا. نانیگارگەری دژەنیگارییەکی نەرمە کە ڕاستەوخۆ سەری نەکێشاوە بۆ نیگارشکێنی و لەگەڵ ئەوەشدا گرەنتی ئەوە ناکات لە دەرەنجامدا سەر لە نیگارشکێنییەوە دەرنەهێنێت. جگە لەوەش پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ نیگاربێزی هەیە و بەشێوەیەکی ژێرەدوانکێ بەرهەمی دەهێنێت.

[4] Iconicیان iconism  نیگارگەری بەکارهێنانی نیگارە لە پانتایی پیرۆز و ناپیرۆزدا.

[5] Monument

[6] Godnapping

[7]– سەرەتای لێکۆڵینەوە لە نیگارشکێنی ڕۆژهەڵاتی نزیک دەگەڕێتەوە بۆ ١٩٨٠ و لەسەر دەستی “مارک براندس”ەوە سەرپێ دەکەوێت و دوابەدوای ئەو، لێکۆڵەرانی تر دەست بە توێژینەوە لەم بارەوە دەکەن.

  hatred of icon -[8]یان نیگاربێزی بریتییە لە ڕق و کینەی نەستەکی و هەستەکی بەرانبەر نیگار و فۆڕمە جیاوازەکانی و دەرکەوتە جۆراوجۆرەکانی. نیگاربێزی تەنیا ئایینی نییە، بەڵکوو دەشێت فەلسەفی، فیکری و ڕۆشنبیری و تەنانەت هونەری و ئەدەبیش بێت. نیگاربێز بە گشتی ئاسوودە نییە بەرانبەر نیگار و دەشێت ئەو نیگەرانی و نائاسودەییەی بە شێوەی جۆراوجۆر نیشان بدات. نیگاربێزی لە نانیگاری و دژەنیگارییەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام هەرە شلترین و شاراوەترین فۆرمێتی. هەر بۆیەش دەشێت کەسانی ڕۆشنبیر، فەیلەسوف، ئەدیب، هونەرمەند، نووسەر و ڕەخنەگر و هتد… نیگاربێز بن.

[9] Iconophile – یان نیگاریار ئەو کەسەیە کە iconophilism  یان نیگاریاری بەشێکی سەرەکی ژیانی پیرۆز و ناپیرۆزی پێکدەهێنێت. نیگاریاری بە دەوری icon یان نیگاردا شکڵ دەگرێت. بە دەربڕینێکی تر نیگار لە مانا فراوانەکەیدا تەواوی ژیانی دەگرێتەوە و بەبێ نیگار ناتوانێت وێنای ژیان و جیهان بکات.

Loading