نووسین

مێشکی ئاسایی، فەلسەفە کون دەکات

نووسینی: موحەمەد عەبدولکەریم

زۆر جار لێرەولەوێ دەربارەی قورسیی فەلسەفە دەبیستین، ئایا ئەمە باوەڕێکی ڕاستە؟ گوایە فەلسەفە قورسە و ژمارەیەکی کەم لە مرۆڤی تایبەت نەبێت، تێی ناگەن؟ ئایا هەر فەلسەفەیە ئێمە لێی تێناگەین، یاخود بوارەکانی تریش؟

ئایا تەنها ئەقڵە باڵاکانن دەتوانن لێی تێبگەن؟ گەر فەلسەفە بوارێکی هێندە قورس بێت پێویستە چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. ئاماژەکردن بۆ قورسیی فەلسەفە، بەهۆی درەنگ تێگەیشتن یان تێنەگەیشتنەوە دروست دەبێت. سەرەتا دەشێت ئەم پرسیارە بخرێتە سەر بوارەکانی تری وەک زانستی زمان، زانستی بیرکاری، زانستە کۆمەڵیەتییەکان و دەروون ناسی … هتد.

ئایا ئەوانیش هەر قورس نین؟ پڕۆسەی تێگەیشتن لە فەلسەفە و هەر بوارێکی تر، پەیوەندیی بە خوێندن یان بەردەوام سەرخستنە ناو ئەو بوارەوەیە کە خەریکی دەبیت. گشت بوارەکان قورسن، لەگەڵ ئەوەش، هەندێک بوار هەن زیاد لەوانی تر قورسترن. فەلسەفە بەهۆی مێژووە دێرینەکەیەوە چەندان قۆناغی جۆراوجۆری بڕیوە. مێژووی فەلسەفە دەگەڕێتەوە بۆ دووهەزار و پێنجسەد ساڵ لەمەوپێش؛ بە دەربڕینێکی تر، دەشێت بڵێین ژمارەی فەیلەسووفەکان و کتێبەکان زۆرن، سەرباری ئەوەش، ژمارەی پرسیارەکان کە وەڵامی یەک لە دوای یەک “دراو یان نەدراونەتەوە” زۆرن. کەواتە یەکێک لە هۆیەکانی دژواری فەلسەفە، دەگەڕێتەوە بۆ بوونی مێژوویەکی درێژ و بێشومار لە پرسیار و وەڵامی ورووژاو و کەڵەکەبوو. لە لایەکی ترەوە فەلسەفە بۆ خۆی قۆناغی جۆراوجۆری بڕیوە، بۆ نموونە (فەلسەفەی کلاسیکی یۆنان) کە لە یۆنانەوە دەست پێدەکات، پەڕیوەتەوە ناو (فەیلەسووفە ئیسلامییەکان)، فەیلەسووفە ئیسلامییەکان جارێکی تر فەلسەفەی یۆنانیان ڕەمزاندووەتەوە. هەر لەڕێی فەیلەسووفە ئیسلامییەکانەوە، جارێکی تر ئەورووپییەکان نەریتی یۆنانی ئەزموون دەکەن و خۆیان بە یۆنانەوە گرێ دەدەن، پاش ئەم قۆناغە “مێژووی فەلسەفە” پشگوێخراوە ، دواتر لە لایەن ئەورووپییەکانەوە گرنگی پێ دەدرێتەوە.

فەلسەفە پێش دیکارت جیاوازە لە فەلسەفەی دیکارت. لە لایەن دیکارتی فەیلەسووفی فەڕەنسییەوە، فەلسەفە ڕێچکەیەکی تر وەردەگرێت. دیکارت بەردی بناغەی فەلسەفەی مۆدێرن دادەنێت، بووە باوکی ئەم فەلسەفەیە، درێژە دەکێشێت و هیگڵیش بۆ خۆی بەشێکە لە درێژەپێدەری ناو فەلسەفەی مۆدێرن. فەلسەفە کەرتبوون و لقوپۆپی زۆرە؛ بۆ نموونە، فەلسەفەی هاوچەرخ وەک فەلسەفەی یۆنان نییە، سەرباری کەڵک وەرگرتن لە نەرتیی یۆنانی، کەچی زۆر لێی دوور دەکەوێتەوە، مەودایەکی ئاسمان و ڕێسمانی دەکەوێتە نێوانیانەوە. کەواتە یەکێک لە قورسییەکانی تری فەلسەفە، پەیوەندیی بە شکاندن و کەرتبوونییەوەیە بۆ چەندان قۆناغی گەورە، سەرباری ئەوەش، چەندان قوتابخانەی جۆراوجۆر لەم مێژووەدا دروست بوون.

ڕوویەکی تری دژواری فەلسەفە، دەگەڕێتەوە بۆ جۆری پرس و جۆری فەلسەفەکە خۆی. ئایا جۆری پرسەکە پرسێکی ئۆنتۆلۆجی یان ئپستمۆلۆجییە؟ یا ئەوەتا ڕۆژانەییە؟ وەک ئەوەی دەبیستن، دەوترێت فەلسەفەی ئێستا یان دەروونشیکاری، ئاسانتر تێی دەگەین چونکە باسی شتەکانی ڕۆژانەمان دەکات، هەڵبەتە پێدەچێت ئەم قسەیە ڕاست نەبێت، لەبەر ئەوەی هیچکام لە فەلسەفە و بوارە کۆمەڵایەتی و دەروونناسییەکان هێندەش ڕۆژانەیی نین؛ ڕۆژانەییبوون بەو مانایەی بریتیی بێت لە خستنەڕووی کێشە و پرسیار و وەڵامەکان بە شێوەیەکی ناچەمکی، ڕوون و ئاشکران کە گشت ئاستێک لە نەخوێنەوارەوە بۆ خوێنەوار تێیدەگەن. گەر دەروونشیکاری (دەروونناسی لە ناوە گشتی ترەکەیدا) و کۆمەڵناسی … ئاسان سەیر کرابن، ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە، کتێبی فەیلەسووف و بیرمەندەکانیان پرسە وردەکانی (لایەنە تەندروستییەکان وەک حەمام و تەوالێت، باسکردن لە بیناسازی و جلوبەرگ و …)، دەتلێنن لە کۆمەڵێک چەمک و بۆچوونە ئاڵۆزەکانی ناو بیری فەیلەسووفەکانەوە کە گەر ئەهلی کارەکە خۆی نەبێت، کەس تێیان ناگات. بە شێوەیەکی گشتی، فەلسەفەی ئەڵمانی و ئیسلامی دوو فەلسەفەی زۆر قورسن، حەتمەن لێرە ناتوانرێت ڕوون بکرێتەوە (هەڵبەت ئەرستۆ و چەند فەیلەسووفێکی تری وەک هیوم و بێرکلیش هەر وەک ئەوانن، بەڵام ئەفلاتوون فریودەرە، وامان لێ دەکات وابزانین تێی گەیشتووین).

هەنێک جار ئەو بۆچوونە لە لامان گەڵاڵە دەبێت، گوایا تێگەیشتن لە دەق گرێدراوە بە ئێستاوە، بەڵام ئەمە بۆچوونێکی هەڵەیە. چونکە بەشێک لە پڕۆسەی تێگەیشتن گرێدراوە بە ڕابردوو و ئایندەوە. واتە تێگەیشتن لە سێ ڕووبەردا، ملکەچی خوێنەر دەبێت، یان (بەهۆی کاریگەری ڕابردووەوە لە “ئێستا”دا ملکەچ دەبێت، یان هەر لە “ئێستا”دا تێی دەگەین، یان ملهوڕە و لە ئایندەیەکی دوور دەشێت مل بات). با وا دابنێین “کەسێک” باوکی خەریکی خوێندنەوەی فەلسەفەیە، بێوچان سەری لەناو کتێبە فەلسەفییەکانە، تەواوی کۆڕ و مەجلیسەکانی باوکی، کەمتر قسەی لاوەکی و ڕۆژانەیین. “کەس”ـەکە وا هەست دەکات باوکی ڕۆژێک بێ بیرکردنەوە و دەرگیربوون لە پرسە فەلسەفییەکان نەژیاوە. بە دەگمەن “قسەی نافەلسەفی” باوکی بووەتە جێی سەرنجی. زۆر جاریش نازناوی فەلسەفەیان داوەتە پاڵ باوکی. ئەم “کەس”ـە لەگەڵ گەورە بوون و خوێندنەوەدا، بەر ڕستەیەک دەکەوێت کە دەڵێت: “فەلسەفە جۆری ژیانە، نەک خوێندنی ئەکادیمی و بەس”. ئەم “کەسە”، بەهۆی بوونی باوکییەوە کە فیگەرێکی تریت‌بووی ناو فەلسەفە بووە، تێگەیشتنێکی وەک ئەمەی لا دروست دەبێت: باوکم هیچکات بێ پرسیار و بیرکردنەوە لە ئایدیا فەلسەفییەکان، نەژیاوە و بەردەوام باسیان دەکات، تا دەگاتە ئەو دەرەنجامەی (فەلسەفە جۆری ژیانە، سەرقاڵبوون و بیرکردنەوەی بەردەوامە نەک خوێندنی ئەکادیمی و بەس)، بەم جۆرە تەفسیر دەکات؛ واتە بە شێوەیەکی پاشەوپاش. خاڵێک لە ڕابردوو، خاڵێک لە ئێستا، تێگەیشتنێک لە شێوەی ڕاستەهێڵێکمان بۆ دروست دەکات.

هەندێک جار مرۆڤ هەر لە کاتی خوێندنەوەی دەقەکە تێدەگات؛ هەر ئەوەی لە کتێبێکدا نووسراوە “لە ناو دنیای مۆدێرن خوا دەسەڵاتی نامێنێت”، سیفەتی بێدەسەڵاتیی لە مێشکی ئەودا، بارێکی نەرێنی هەیە و گرێدراوە بە “مرۆڤ”ـەوە، نەک “خوا”. لەڕێی ئەم چوواندنەوە تێدەگات مرۆڤی لە دەسەڵاتخراو (خەساو)، ئیتر فەرماندان و ئەرکەکانی نامێنن، کەواتە خواش ئیتر ئەرک و فەرمانی نامێنێت. هەڵبەت ڕاستە ئەمەش گرێدراوە بە ڕابردووەوە، بەڵام ئێمە بۆیە “ئێستایی” پێدەڵێین، چونکە لەڕێی گەڕانەوەوە نییە بۆ ژیانێکی زەق و تۆخ، یان شتێکی وەک سەدمەوە. ئەمەیان گەڕانەوەیە بۆ زانینیی سیفەتی بێدەسەڵاتیی مرۆڤ بە شێوەیەکی گشتی و هەڵهێنجانی ژمارەیەکی زۆر لە بێدەسەڵاتی بچووک بچووک و گەورە، لە ژیانە تێپەڕیوەکەماندا. نە وەک ڕووداوێکی زەق و تایبەت، بۆ نموونە باوکم یان کەسێکم بینیبێت لە دەسەڵات خرابێت، بووبێتە ناڕەحەتییەک یان تراومایەک لە ژیانما؛ ئەڵبەت دەشێت بەهۆی ڕووداوێکی زەقی لەدەسەڵاتخستنیشەوە ڕوو بدات، واتە لەدەسەڵاتخستنی خوا، بەهۆی لەدەسەڵاتخستنێکی گەورەی ناو ژیانییەوە ڕوو بدات. بەهۆی گەڕانەوە بۆ ڕووداوێک یان چەند ڕووداوێکی زەقەوە تێی بگات، هەر وەک نموونەی یەکەم ستایلی باوکەکەی خاوەنی ژیانێکی فەلسەفییە. حاڵەتی سێیەم لە پڕۆسەی تێگەیشتن گرێدراوە بە ئایندەوە. واتە لە کاتی (ئێستا) ی خوێندنەوە تێی ناگەین، ڕەنگە ببێتە هۆکاری ساردبوونەوەمان لە خوێندنەوە، چونکە ئێمە خاوەن ئەقڵێکی زیرەک نین، ئەمە هی بلیمەتەکانە، بەڵام ئەم قسەیە ڕاست نییە، هەموو زانستێک یاخییە، ئاسان ناگیرێت وە خۆی نادات بە دەستەوە. زانستەکان (هی کۆڵنەدەرەکانن، ئەوانەی بەردەوامن و لەگەڵی دەژین.)

تێگەیشتن، زۆرجار دۆخێکی منداڵانەی هەیە، فیگەری فەلسەفی یان هەر بوارێکی تر هەمان دۆخی منداڵی بەسەرا دێتەوە؛ منداڵ کە لەدایک دەبێت، دالی بێناوەڕۆکی بێشومار بەر گوێی دەکەون ، بێناوەڕۆک مەبەست ئەو تێگەیشتنانەیە، خنراونەتە ناو دەستەواژە و وشە و ڕستەکانەوە. منداڵ وشەی خۆشەویستی دەبیستێت، بەڵام مانا دانراوەکەی لە لای غایبە. لەگەڵ گەورەبوونیدا، دەبێت بە تۆڕی کۆمەڵگەوە، بە هێواشی مانای باوی خۆشەویستی دەچێتە ناو دالەکەوە (وشەی خۆشەویستی بە نموونە)؛ واتە منداڵ هەر لە سەرەتاوە چەندان جار بەر دالی خۆشەویستی دەکەوێت، بەڵام ناوەڕۆکەکە لە لای ئامادە نییە ؛ بە دەربڕینێکی تر دالەکانی بۆ دێن، بەڵام لە ئایندەدا ماناکانیان فێر دەبێت. زۆر جار دۆخی تێگەیشتنی خوێنەریش بەم شێوەیەیە. لە کتێبێکی فەلسەفی بەر ژمارەیەک دالی بێ مەدلول (خوێنەرانێک تێی ناگەن) دەکەوین. هیچکام لەو دالانە مەدلولەکەی (تێگەیشتن یان ناوەڕۆکەکەی) لای ئێمە ئامادەیی نییە. بۆ نموونە بەر ڕستەیەکی لەم شێوە دەکەوم، “پارە مرۆڤ سەربەخۆ دەکات” پێدەچێت ئەم ڕستە سادەیە هەر وا سانا و ئاسان بەسەرما بڕوا وەک دالێکی بێ مەدلول، بە لایدا گوزەر بکەم، یان ئەوەتا ببێتە پرسیار بۆم، بڵێم چۆن پارە و سەربەخۆیی ڕاستەوانە لەگەڵ یەکتری دەگونجێن؟! ئەم ڕستەیە هێشتا بە ناوەڕۆکێک پڕ نەکراوەتەوە. دڵنیا نیم مانای چییە؟ دەشێ پاش تێپەڕینی ماوەیەکی زۆر، چەند مانگ یان ساڵێک، لە کتبێک یان وتارێک یان هەر شتێکی ترا، ناوەڕۆکی ئەم ڕستەیە پڕ ببێتەوە و لە دالی ڕووت بکەوێت، یاخود دەشێ بەپێی تێپەڕبوونی کات دەستم لە گیرفانی خۆمدا بێت، ئەوکات بڵێم ڕاست بوو، لایەنی دارایی (پارە)، مرۆڤ ئازاد و سەربەخۆ دەکات. واتە قسە بەتاڵ و بێماناکە یان ئەو قسەیەی جێی مشتومڕی من بوو، پڕ ببێتەوە. جیاوازیی تێگەیشتن بەهۆی تێپەڕینی کات و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، لەوەدایە کە لە پاشەوپاش ناوەڕۆک هەیە، بەڵام دالەکەی نییە، واتە ناوەکەیی لای من نەزانراوە، بەڵام تێگەیشتن بە پێی تێپەڕبوونی کات (ئایندە)، دالەکان و چەمکەکان و ڕستەکان هەن، بەڵام دەستبەجێ کە بەریان دەکەوین نازانین چین! لە ئایندەدا ناوەڕۆکەکەیان پڕ دەکەینەوە. دەشێت ئیشی ئەکادیمیا بە شێوەیەکی گشتی و مامۆستا بە شێوەی تایبەتی، زووپڕکردنەوەی چەمک و ڕستە و دەستەواژە فەلسەفییەکان بێت کە تێی ناگەین.

ڕوویەکی تری قورسیی فەلسەفە ئەوەیە، هەندێک بابەت هەن خۆیان قورسن، زۆرجار زۆر زەینیین و ناچنە ناو میسداقییەت و نموونەهێنانەوە؛ نووسەر ئایدیا و فیکرەکانی لەڕێی نموونەهێنانەوە ڕوون ناکاتەوە، هەر وەک ئەوەی لە کتێبی “ڕەخنەی ئەقڵی پەتی” کانتدا دەیبینین، خۆبواردن لە نموونەهێنانەوە. نموونەکان ڕوونکەرەوە و ئاسانکارییەکی باشن بۆ خوێنەر. بۆ نموونە لای فەیلەسووفانی مەشایی ئیسلامی، خوا و مرۆڤ هەردووکیان بوونیان هەیە، پێدەچێت یەکێک لە فەیلەسووفەکانی مەشایی یان ئەشاعیرە بڵێ نابێت بوونی خوا وەک بوونی مرۆڤ تەماشا بکرێت، ئیتر ڕوونی نەکاتەوە بۆچی، چونکە کتێبەکە بۆ ئاستی کەسێکی شارەزا و پسپۆڕی بواری ئەو جۆرە فەلسەفە نوسراوە، نەک خوێنەرێکی سەرەتایی یان نەشارەزا لە بوارەکەدا. ئێمە ئەم ڕستەیە دەبیستین، بەڵام نازانین مەبەست لە جیایی ئەم دوو بوونە چییە، واتە ڕستەکە پێویستی بە ڕوونکردنەوە هەیە کە دەبێت لەڕێی خوێندنەوەوە لە ئایندە، یان پرسیارکردنەوە بە مانا (مەدلول)ـەکەی بگەین؛ بە دەربڕینەکانی پێشوو، دەبێت لە ئایندەیا ناوەڕۆکەکانی بناسین. زۆر هۆکاری تر هەن بۆ قورسیی فەلسەفە، قورسیی فەلسەفە فرەهۆکارە. پێویستە خوێنەر بەردەوام و بێ پچڕان دەرگیری فەلسەفە بێت، وەک نموونە زۆر باوەکە “ئاوێک بە بەردەوامی دەیدا لە تاشەبەردێک، تا کونی کرد”.

 بۆ ئەوەی لە فەلسەفە تێبگەین، پێویستمان بە ئەقڵێکی زۆر زیرەک و نموونەیی نییە، هەر وەک چۆن کونبوونی بەردەکە تەنها شتێکی تیژی وەک چەقۆ، کونی ناکات. تێگەیشتن لە فەلسەفە و هەر بوارێکی تر، پێویستی بە بەردەوامییە، نەک مێشکێکی زیرەک. مەعریفە و زانست دەبێت بگەنە ئاستی دووبارەبوونەوە لەڕێی بەردەوامییەوە، تاکوو بگەن بە ئاستی تێگەیشتن، سحری تێنەگەیشتن بکەوێت.

Loading