وەرگێڕان

لە خۆڵەمێشی فریشتەوە: میراتی قەدەغەکراوی گەلی دەرکراو

نووسینی: ئەندرو کۆڵنس

پوختە و وەرگێڕان: ماریا سامی

ئەندرو لە سەرەتای پەرتووکەکەیدا دەنووسێت:

”ئەو پەرتووکە پێشکەشە بە خەڵکی کوردستان، پارێزەرانی لانکەی شارستانییەت. ئومێدەوارم لە کۆتاییدا ئاشتی و سەربەخۆیی کە شایستەتانە، بەدەست بهێنن.”

لە پەرتووکی پیرۆزدا (پەیمانی کۆن) په‌یدابوون- به‌شی 6: 1-4 : «خودا ئاوی لافاو به‌سه‌ر زه‌ویدا ده‌هێنێت (1). كاتێك مرۆڤ ده‌ستیان به‌ زیادبوون كرد له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی و كچیان بوو، (2) كوڕانی خوا بینییان كچانی مرۆڤ جوانن. جا له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی هه‌ڵیان بژاردن، ژنیان هێنا. (3) ئینجا یه‌زدان فه‌رمووی: ”ڕۆحی من هه‌تا سه‌ر ململانێ له‌گه‌ڵ مرۆڤ ناكات، چونكه‌ مه‌رگدارن؛ ڕۆژانی ژیانیان ده‌بێته‌ سه‌دوبیست ساڵ.» (4) له‌و ڕۆژانه‌دا له‌سه‌ر زه‌وی نه‌فیلیم هه‌بوون. له‌ دوای ئه‌وه‌ی كوڕانی خوا چوونه‌ لای كچانی مرۆڤ و منداڵیان لێیان بوو، منداڵه‌كان بوونه‌ ئه‌و پاڵه‌وانانه‌ی كه‌ له‌ كۆنه‌وه‌ ناوبانگیان هه‌یه».

ئەندرو کۆڵنس لەم پەرتووکەدا هەوڵ دەدات بە بەڵگەوە بیسەلمێنێت ئەو نەژادەی بە کوڕانی خوا ناویان هاتووە، لە کۆندا لە چیاکانی کوردستان، لە دەوروبەری دەریاچەی وان نیشتەجێ بوونە.

بەپێی ئوستوورەی ئایینە ئیبراهیمییەکان، فریشتەکان کە لە ڕووناکی دروستکراون و خزمەتکاری خوا بوون، بەهۆی شانازییەوە لە بەزەیی خوداوە دەرکەوتوون. ئەو فریشتانە لە پەرتووکی پیرۆزدا (پەیدابوون ٦: ١-٤)، دوای ئەوەی دێنە سەر زەوی، دەکەونە داوی کچانی مرۆڤ و لەگەڵیان جووت دەبن و ”نەفیلیم”یان دەبن. لە نووسراوی میراتی یەهوودی و مەسیحیدا باس لەوە دەکرێت کە چۆن ئەو فریشتانە زانستی قەدەغەکراویان فێری مرۆڤ کردووە. بەپێی پەرتووکی پیرۆز، ئاشکراکردنی زانستی قەدەغەکراو و جووتبوونی ”کوڕانی خوا” لەگەڵ ”کچانی مرۆڤ” خوای توڕە کردووە و بەهۆی لافاوەوە ویستوویەتی مرۆڤ لەسەر زەوی بسڕێتەوە، پەیدابوون (٦: ٦-٧). 

ئەم پەرتووکە لێکۆڵینەوەیەکی قایلکەرە کە هەوڵی سەلماندنی بوونی ئەو فریشتە دەرکراوانە دەدات کە لە پەرتووکە پیرۆزەکان: پەیمانی کۆن: پەیدابوون 6: 1-4  و پەرتووکی حەنۆخ [ئیدریس] (The Book of Enoch) بەشی یەکەم ”پەرتووکی چاوداران ١-٣٦” باسیان لێوە کراوە. ئەندرو کۆڵنس بە شێوەیەکی قایلکەری پشتئەستوور بە بەڵگەی نووسراوی مێژوویی و شوێنەوارناسی و ڕاڤەی ئوستوورەکانی خۆرهەڵاتی ناوین، پێچەوانەی ئایینە ئیبراهیمییەکان کە بانگەشەی ئەوە دەکەن فریشتە لە ”ڕوناکی- نوور” دروستکراون، هەوڵی سەلماندنی ئەوە دەدات کە [فریشتە] خوێن و گۆشتیان هەبووە [مرۆڤ] بوون و لەسەر زەوی ژیاون. ئەندرو لە لێکۆڵینەوەکەیدا ڕەچەڵەکی ئەو ڕەگەزە لە مرۆڤ کە خاوەن کولتوورێکی زۆر پێشکەوتوو بوون، دەگەڕێنێتەوە بۆ چیاکانی کوردستان و ناوچەی دەوروبەری دەریاچەی وان- لە باکووری کوردستان و ئەو ناوچەیەش بە ‘باغچەی عەدەن-بەهەشت’ی پەرتووکی پیرۆز دەستنیشان دەکات.

ئەندرو ئاشکرای دەکات کە ئەو فریشتانە مرۆڤ بوون و ئەندامی نەژادێک لە مرۆڤ بوون لە سەردەمی پێش چاخی سەهۆڵبەندان. ئەندرو بەڵگە پێشکەش دەکات کە ئەو نەژادە لە میسردا ژیاون، پێش سەردەمی فیرعەونەکان و هەڕەمی (The Great Sphinx- سفینکسی مەزنی گیزە) و چەند مۆنیۆمێنتی تری گەورەیان دروست کردوە. پێش ئەوەی میسر بەهۆی توانەوەی سەهۆڵبەندان تووش بە وێرانکاریی جوگرافی و ژینگەیی ببێت، دانیشتووانی میسری کۆنی پێش فیرعەونەکان کە لە ئەدەبیاتدا بە ‘کولتووری کۆنی میسر’ ناسراون [چاوداران] بەرەو چیاکانی کوردستان کۆچ دەکەن. لە سەرەتادا ئەو نەژادە بە شێوەیەکی دابڕاو لەگەڵ نەژادەکانی تری ناوچەکەدا دەژیان و دواتر تێکەڵ بە کۆمەڵگانی میزۆپۆتامیای سەروو دەبن.

ئەوان [چاوداران] بەو شێوەیە وەسفکراون؛ باڵابەرز، قژ-سپی، دەموچاویان وەکوو مار و چاو-تیژ بوون. ئەندرو ڕوونی دەکاتەوە کە ئەو ئەفسانانە یادەوەرییەکی کۆنن کە لە ڕاستیدا ڕووداوی مێژوویی ڕاستەقینە بوون. هەروەها دەبێت ئاماژە بەوە بکەم کە ئەندرو ڕەتی دەکاتەوە کە چاودارەکان لە هەسارەی ترەوە هاتبێتنە سەر زەوی، بەڵکوو ئەو لەو باوەڕەدایە ئەوان [چاوداران] نەوەی مرۆڤی پەرەسەندوون لە ناوچەی ( Swaziland-سوازیلاند، ئێستا ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ Eswatini) لە باشووری کیشوەری ئەفریقاوە بەرەو ناوچەی میسر کۆچیان کردووە و لەوێدا بۆ ماوەی زیاد لە ١٣ هەزار ساڵ کولتوورێکی پێشکەووتویان هەبووە، بەر لەوەی لە هەزارەی ١٠ی پێش زایین بەرەو چیاکانی کوردستان کۆچ بکەن.

لەم پەرتووکەدا ئەندرو بەڵگە بۆ چەند ڕاستییەک دەهێنێتەوە:

فریشتە خوێن و گۆشتیان هەبووە [مرۆڤ] بوون و لەسەر زەوی ژیاون و ئەوان بناغەی شارستانییەتی مرۆڤایەتیان داناوە.

– باخچەی عەدەن یان بەهەشت لە سەردەمێکدا لەسەر زەوی بووە و شوێنەکەشی بە چیاکانی کوردستان و دەوروبەری دەریاچەی وان- شاری وان-ی باکووری کوردستان دیاری دەکات.

– ئەو مرۆڤ-فریشتانەی کە لە پەرتووکە یەهوودییەکاندا بە چاودار و نەفیلیم ناسراون، لە بنەڕەتدا لە میسرەوە دوای گۆڕانکاری لە کەشوهەوا و ژینگەی ناوچەکە بەرەو چیاکانی کوردستان کۆچیان کردووە.

– هەڕەمەکان (The Great Sphinx) لە لایەن چاودارانەوە دروستکراوە نەک فیرعەونەکان.

– مرۆڤ-فریشتەکانی میسر و چاودارانی کوردستان خاوەن کولتوورێکی زۆر پێشکەوتوو بوون، بەڵام لە ئێستادا ئەو میراتە لە بیر کراوە.

– ئایینی یەزیدی ئایینی فریشتە پەرستییە نەک ”شەیتان” پەرستی.

– مێژووی مرۆڤ لەسەر زەوی بەپێی ئایینی ئێزیدی کە بۆ (١،٤٠٠،٠٠٠ ملیۆنێک و چوارسەد هەزار) ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە لە تەواوی ئایینەکانی تر نزیکترە لە ڕاستییەوە.

– ئایینی ئێزیدی و یارسانی یەک ڕەگیان هەیە و هەردووکیان بە تەنیا دوو ئایین دادەنرێن لە میراتی چاودارانی کوردستان.

ئەندرو پوختەی مێژووی کولتووری میسرییە کۆنەکان و چاودارانی کوردستان بەو شێوەیە ڕیزبەند دەکات. (ساڵەکان تەنیا مەزەندەکراون).

١٠٥٠٠- ٩٥٠٠ پ.ز

پووکانەوەی کولتووری میسرییە کۆنەکان. دروستکردنی هەڕەمی (The Great Sphinx) و چەند مۆنیۆمێنتێکی تر لەگەڵ چەند پەرستگایەک پێش ئەوەی بەرەو چیاکانی کوردستان کۆچ بکەن. وەستانی سەرەتاکانی کشتوکاڵکردنی کۆمەڵەکانی ‘ Nubia and Isnan –نوبیا و ئیسنان’ لەسەر کەنارەکانی ڕووباری نیل.

٩٥٠٠- ٩٠٠٠ پ.ز

گۆڕانکاری لە کەشوهەوا و ژینگە، هاوکات لەگەڵ توانەوەی کۆتا چاخی سەهۆڵبەندان، لەگەڵ خۆیدا بورکان و لافاوی هێناوە. کۆچی میسرییە کۆنەکان بەرەو ناوچەکانی ئاسیا و کوردستان. دروستکردنی شاری ژێر زەمینی Cappadocia’- کەپەسۆدیا، لە ناوەڕاستی ئەنادۆڵ بۆ خۆپاراستن لە کۆتا وێرانکارییەکانی سەهۆڵبەندان.

٩٠٠٠- ٨٥٠٠ پ.ز

بەکارهێنانی کەلەلسەری بزن و پەڕی باڵندە لە ڕیچواڵی شامانی لە ئەشکەوتی شانەدەری سەر زێی مەزن لە باشووری کوردستان.

٨٥٠٠- ٥٥٠٠ پ.

باڵاترین خاڵی کولتووریی چاوداران لە چیاکانی کوردستان، کە تا ئەو کاتە بە شێوەیەکی دابڕاو مابووەوە.

٦٥٠٠- ٦٠٠٠ پ.ز

باڵاترین کولتووری ‘ Catal Huyuk- چاتال هویوک’ لە دەشتاییەکانی ئەنەتۆلیا و جێبەجێکردنی ڕیچواڵی شامانی. گەشە و پەرەسەندنی کۆمەڵەی ناوچەی چەرمۆ، هەبوونی وێنەی ”مار” لەسەر تاتەقوڕە دۆزراوەکانی ناوچەی چەرمۆ، دەرخەری پەیوەندیی ڕاستەوخۆی خەڵکی ناوچەکەیە لەگەڵ چاودارانی ناوچەکانی باکووری کوردستان.

٥٥٠٠- ٥٠٠٠ پ.ز

بڵاوبوونەوەی چاوداران بە دوو ئاڕاستەی جیاوازدا، یەکێکیان بە ئاڕاستەی بەرزاییەکانی کوردستاندا و ئەوی تریان بە ئاڕاستەی ناوچەکانی ئەرمینیا، ئێران، و میزۆپۆتامیا. ڕەنگدانەوەی کولتووری چاوداران لەسەر ئوستوورەی ئەو ناوچانە.

٥٠٠٠- ٤٠٠٠ پ.ز

بڵاوبوونەوەی کولتووری ئەلعوبەید لە چیاکانی زاگرۆس بەرەو سەروو و خوارووی عێراق. ناوچەکانی سەروو و خوارووی عێراق هونەری و شێوە ژیانی ناوچەی چەرمۆ وەردەگرن و بەکارهێنانی وێنەی بزن، مار، و هەڵۆ لە هونەرەکەیاندا. بەپێی ئایینی ئێزیدی لەو ماوەیەدا دووەم لافاو، دوای ئەو لافاوەی کە بەهۆی توانەوەی کۆتا چاخی سەهۆڵبەندان ڕووی دابوو، لافاوی ناسراو بە ”لافاوی نوح” ڕوو دەدات.

٤٠٠٠- ٣٠٠٠ پ.ز

دەرکەوتنی دەوڵەت-شار لە دەشتاییەکانی میزۆپۆتامیا لەژێر کاریگەریی کولتووری چاوداران کە لە لای سۆمەرییەکان و ئەکەدییەکان بە ”Anannage, Anunnaki – ئەناناگ یان ئەنوناکی” ناسراون.

٣٠٠٠- ٢٠٠٠ پ.ز

بەردەوامیی کاریگەریی ئەناناگ/چاودار لەسەر دەوڵەت-شارەکانی سۆمەر و ئەکەد.

ئەم لێکۆڵینەوەیە سەرچاوەی زۆری تێدا بەکارهاتووە و گرنگیی زۆر بە کورد و کوردستان و هەردوو ئایینی ئێزیدی و یارسانی دراوە و پێشنیار دەکەم هەر کەسێک کە دەتوانێت ئەو پەرتووکە بخوێنێتەوە بۆ ئاگادار بوون لە ڕاستیی کولتووری کورد و جوگرافیای کوردستان.

چاوداران و شـۆڕشی نیـۆلـیـتیکی کوردستان

ئایا شارستانییەتی مرۆڤ میراتی ڕەگەزی مرۆڤ-فریشتەیە کە بە چاودار و نه‌فیلیم ناسراون؟ ئەندرو کۆڵنس، نووسەری پەرتووکی لە خۆڵەمێشی فریشتەوە، باس لە مێژووی فریشتە و فریشتەی دەرکراو دەکات و بنەچەیان دەگەڕێنێتەوە بۆ کولتوورێکی زۆر پێشکەوتوو کە بە ماوەیەکی کورت لە کۆتایی دوا چاخی سەهۆڵبەندان هاتوون بۆ خۆرهەڵاتی ناوەند.

فریشتە شتێکە کە ئێمە پەیوەست بە نیگارە جوانەکانی پێش-ڕافایل و ڕێنسانس، و پەیکەری نەخشێنراو لەگەڵ تەلارسازی گۆتیک و بوونە سەروسرووشتییەکان دەیناسینەوە، بەپێی تێگەیشتنی ئایینە ئیبراهیمییەکان فریشتە لە کاتە دژوارەکاندا دەست وەردەدەنە کاروباری ژیانمانەوە. لە ماوەی ٢٠٠٠ ساڵی ڕابردوودا ئەم وێنە باوە لە لایەن کڵێسای مەسیحییەوە برەوی پێدراوە. بەڵام ئایا فریشتە چییە؟ فریشتەکان لە کوێوە هاتوون، گرنگییان چی بووە لە گەشەسەندنی ئایینی ڕێکخراودا؟

زۆربەی خەڵک ئاشنان بە چیرۆک و گێڕانەوەکانی (تەورات)، پێنج یەکەمین کتێبەکانی پەیمانی کۆن، دەربارەی دەرکەوتنی فریشتەکانی ‘ئاسمان’ بۆ پیاوچاکان و پێغەمبەران. بەڵام دەتوانین بە شێوەیەکی زۆر سادە بڵێین کە ئەم گێڕانەوانە ڕاست نین. بۆ نموونە، ڕووداوی دەرکەوتنی سێ فریشتە بۆ ئیبراهیم بۆ ڕاگەیاندنی لەدایکبوونی کوڕێک بە ناوی ئیسحاق لە سارای ژنی ئەو کاتەی لەژێر درەختێک دانیشتبوو لە دەشتی مەمرێ (پەیدابوون: ١٨:١٠). هەروەها، دەرکەوتنی دوو فریشتە کە سەردانی ڵوت و خێزانەکەی دەکەن لە سه‌دۆم پێش وێران کردنی (پەیدابوون: ١٩:١). یاخود، ڕووداوی ئەو فریشتەیەی کە بە درێژایی شەو زۆرانبازی لەگەڵ یاقووب دەکات لە شوێنێک بە ناوی په‌نیێل (پەیدابوون: ٣٢:٣٠)، هەروەها بینینی ئەو فریشتانەی کە بەسەر پێپلیكانه‌یه‌كدا سه‌رده‌كه‌ون و دێنه‌ خواره‌وه‌ کە له‌سه‌ر زه‌وی ڕاگیراوه‌ و سه‌ریشی له‌ ئاسمان ده‌دات (پەیدابوون: ٢٨:١٢). جگە لەو گێڕانەوانە، هەندێ نموونەی تریش هەن، کاتێک فریشتەکان دەردەکەون، زۆر جار گێڕانەوەکە تەمومژاوی و ناڕوونە لەسەر ئەوەی کە بەتەواوەتی چی ڕوو دەدات. بۆ نموونە، لە هەردوو دۆخی ئیبراهیم و ڵوت-دا فریشتەکان بە ”مرۆڤ/پیاو” دەناسێندرێن، کە دادەنیشن و وەکوو هەر مرۆڤێکی تر نان دەخۆن.

کاریگەریی مۆغەکان

تەنیا لە کاتی دوای-تاراوگەدا واتە، دوای ئەوەی یەهوودییەکان لە یەخسیری بابل لە لایەن کوروشی گەورەی پاشای ئیمپراتۆری فارسی لە نزیکەی ٤٥٠ی پ.ز ئازاد کران و گەڕانەوە ئیسرائیل، فریشتە بوو بە بەشێکی گرنگ لە ئایینی یەهوودییەت. تەنیا دوای گەڕانەوە، لە نزیکەی ٢٠٠ پ.ز، دەرکەوتنی فریشتە جار جار لە ئەدەبیاتیی ئایینیی یەهوودییەتدا دەستی پێ کرد. نووسراوەکانی وەکوو، (The Book of Daniel- پەرتووکی دانیاڵ) و هەڵبەستراوی تری وەکوو (The Book of Tobit- پەرتووکی تۆبیت) گێڕانەوەی ڕازاویبوونی فریشتەئاسا لەخۆ دەگرێت کە ناوی دیاریکراو، دەرکەوتنی تایبەت و پلەبەندی دیاریکراویان هەیە.  ئەو فیگەرە ڕۆشنانە بنەچەیەکی نا-یەهوودیان هەبووە. هەموو نیشانەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەو بوونانە نامۆ بوون و لە پاشانشینییەکی بێگانەوە هاتوونەتە ناو ئەدەبیاتی یەهوودییەوە، بە نموونە لە پاشانشینی فارسییەوە.

دەوڵەتی ئێرانی ئێستا، لە سەرەتادا وەکوو سەرچاوەی فریشتەکان دەرناکەوێت، بەڵام ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە یەهوودییەکانی تاراوگە تا ئاستێکی باڵا بەر باوەڕە ئایینییەکانی گەلانی ئێران کەوتوون دوای ئەوەی پاشای فارس کوروشی گەورە دەستی بەسەر بابلدا گرت لە ساڵی ٥٣٩ پ.ز. ئەم بەریەککەوتنە تەنیا ئایینی زەردەشتی ناگرێتەوە، بەڵکوو بە دیاریکراوی ئایینی زۆر کۆنتری مۆغ، چینی باڵای پیاوانی ئایینی لە میدیا، لە باکووری-ڕۆژئاوای ئێران دەگرێتەوە. مۆغەکان باوەڕیان بە پانتیۆنێک لە بوونەوەری سەرووسرووشتی هەبووە بە ناوی ئاهورا، یان ‘ئەوەی دەدرەوشێتەوە’، و دیڤا-ئاهورا ئەوانەی لە بەزەیی خوا دوورخرابوونەوە بەهۆی خراپەکردن [گەندەڵکردن]ی مرۆڤایەتییەوە.

سەرەڕای ئەوەی لە کۆتاییدا ئایینی مۆغەکان لە لایەن پاشانشینی فارسییەوە یاساغ کرا، بەڵام کاریگەریی مۆغەکان زۆر بە قووڵی لەناو باوەڕ، نەریت و، ڕیچواڵی زەردەشتیدا ڕەگی داکوتا. لەوە زیاتر، هیچ گومانێک نییە کە ( Magianism- مۆغگەرایی)، کە وشەکانی وەکوو magus, magic, magician جادوو و جادووگەری لێوە داتاشراوە، نەک یارمەتیدەر بووە لە دامەزراندنی باوەڕی پلەبەندی فریشتەکان لەنێوان یەهوودییەکاندا، بەڵکوو [یارمەتیدەر بووە لە ئایدیای] لەشکری فریشتەی دەرکراو- ئەم بابەتە ئەوەندە جێگای باس و گرنگە کە بووەتە هۆی ئەوەی لە پەرتووکێکدا بە ناوی The Book of Enoch- پەرتووکی حەنۆخ [حەنۆخ لە ئەدەبیاتی ئیسلامیدا بە ئیدریس ناسراوە] کاریگەرییەکەی دەربکەوێت و ببێتە بابەتی سەرەکیی پەرتووکەکە.

پەرتووکی حەنۆخ

پەرتووکی حەنۆخ لە چەند قۆناغێک لەنێوانی ١٦٥ پ.ز تاوەکوو سەرەتای سەردەمی مەسیحییەت کۆکراوەتەوە، ئەم پەرتووکەی بە (pseudepigraphal- نووسەری نەناسراو) ناسراوە، بابەتی سەرەکیی ناو ئەم پەرتووکە چیرۆکی دەرکردنی فریشتەی ‘ئاسمانە’. لە هەمان کاتدا چیرۆکی ئەم فریشتانەی دەرکراون بە گشتی نا، بەڵکوو هی ئەوانەی کە لە بنەڕەتدا بە (OErin) ‘ئەوانەی چاودێری دەکەن’، یان بە شێوەیەکی سادە ‘چاوداران’ ناسراون.

پەرتووکی حەنۆخ چیرۆکی ٢٠٠ فریشتەی یاخی، یان چاودار دەگێڕێتەوە کە بڕیاری شکاندنی یاسا ئاسمانییەکانیان داوە و ‘دابەزیون’ بۆ دەشتاییەکان و کچانی مرۆڤیان هێناوە. بەگوێرەی پەرتووکەکە، ئەو شوێنەی ڕووداوی دەرکردنەکە تێیدا ڕووداوە، لووتکەی هێرمۆنە، شوێنێکی خەیاڵی کە بە شێوەیەکی گشتی پەیوەست دەکرێت بە بەرزاییە بەفرینییەکانی Mount Hermon- چیای هێرمۆن لە زنجیرەی چیاکانی ڕۆژهەڵاتی لووبنان، باکووری فەڵەستینی ئێستا (بەڵام لە خوارەوە نیشتیمانی ڕەسەنی چاوداران ئاشکرا دەکرێت).

لە پەرتووکی حەنۆخەوە فێر دەبین، ئەم ٢٠٠ فریشتە یاخیاینە ئاگادار بوون بە دەرکەوتەکانی شکاندنی یاسا ئاسمانییەکان، لەبەر ئەوە بەر لە ‘دابەزینیان’ بۆ لای مرۆڤ، هەموویان ڕازی بوون بە سوێندخواردن بۆ ئەوەی پێشەوای یەکەمیان کە ناوی Shemyaza- شێمیازە بوو تاوانەکە بگرێتە ئەستۆی خۆی، ئەگەرچی ئەو کارە چارەنووس-خراپە دەرئەنجامی زۆر ناخۆشی لێ کەوتەوە.

کاتێک بەرەو نزماییەکان هاتنە خوارەوە، چاودارەکان تێکەڵ بە خۆشییەکانی سەرزەوی بوون لەگەڵ ‘ژنە’ هەڵبژێردراوەکانیان، جا بەهۆی ئەو تێکەڵبوونەیان نەوەیەکی زەبەلاحیان کە بە نه‌فیلیم ناسراون لێبوو، وشەی نه‌فیلیم لە زمانی عیبریدا بە واتای ”ئەوانەی دەرکراون” دێت کە لە زمانی یۆنانیدا بە gigantes – و لە ئینگلیزیدا بە Giants- دێو وەرگێڕدراوە.

نهێنییە ئاسمانییەکان

لەگەڵ سودوەرگرتن لە ژنەکانمان [کچانی مرۆڤ]، ئەو ٢٠٠ فریشتە یاخییە، کاتی خۆیان لە فێرکردنی نهێنییە ئاسمانییەکان بە ئەوانەی گوێیان هەبووە بۆ بیستن بەسەر بردووە. دەگوترێت یەکێک لە ئەوان کە دووەم پێشەوایان بووە بە ناوی Azazel- ئەزازێل، ‘مرۆڤی فێری دروستکردنی شمشێر، چەقۆ، قەڵخان، و سنگپارێز، لەگەڵ کانزا خاوەکانی (ناو زەوی) و هونەری چۆنییەتیی بەکارهێنانیانی کردووە’، ئەوە نیشانی دەدات کە چاوداران زانستی بەکارهێنانی کانزایان بۆ مرۆڤایەتی هێناوە. هەروەها ئەزازێل مرۆڤی ڕاهێناوە لەسەر دروستکردنی ‘دەستبەند’ و ‘خشڵ’ هەروەها فێری چۆنییەتیی بەکارهێنانی ‘antimony-بەردی کڵ،’ کردوون، کە کانزایەکی سپیی ناسکە لە بواری هونەر و دەرماندا بەکار دەهێنرێت. ئەزازێل ژنەکانی فێری هونەری ‘جوانکردنی’ پشتەچاو و بەکارهێنانی ‘چەندان جۆر لە بەردی گرانبەها’ و ‘ شلەمەنی ڕەنگکاری’، کردووە، بەو گریمانەیەی کە پێش ئەو سەردەمە کەرەستەکانی جوانکاری و خشڵ نەزانراوبوون. لەگەڵ ئەو تاوانەشدا، هاوزەمان ئەزازێل بەوەش تۆمەتبار کرابوو کە ژنەکانی فێری چێژوەرگرتن و خۆشی بینین و سەرەڕۆیی سێکسی کردبوو- ئەوەش بێڕێزییەک بوو لە دیدی چیرۆک-گێڕەرەوە یەهوودییەکان و ئەم کارەی ئەزازێل وەکوو ‘بێخوا-بێباوەڕی’ بینراوە.

چاودارەکانی تر بەوە تۆمەتبارکرابوون کە زیاتر هەندێ هونەری نهێنیی زانستییان بۆ مرۆڤ ئاشکرا کردبوو، لەوانە ئەستێرەناسی، زانستی هەورەکان، یاخود کەشناسی؛ وە ‘نیشانەکانی زەوی’، بۆ نموونە، پێوانەزانی زەوی و جوگرافیا، هەروەها ‘نیشانە’ یاخود ئاراستەی تەنە ئاسمانییەکان، وەکوو خۆر و مانگ. باوەڕ وایە کە پێشەواکەیان، شێمیازە، مرۆڤی فێری ‘نوشتە و ڕەگ-بڕی’ کردبێت، ئەوەش ئاماژەیە بە هونەری جادووگەری کە یەهوودییە ئۆرسەدۆکسەکان خۆیانی لێ بەدوور دەگرن. یەکێکی تر لە چاوداران، بە ناوی پێنێمێ’، مرۆڤی فێری ‘تاڵی و شیرینی’ کردووە، ئەمەش ئاماژەیەکە بە بەکارهێنانی ڕووەک و داودەرمان [جۆرەکانی بەهارات] لە خواردندا، لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤی ڕاهێناوە لەسەر بەکارهێنانی ‘مەرەکەب و کاغەز’، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە چاوداران شێوەکانی نووسینی سەرەتاییان فێری مرۆڤ کردووە. هەروەها Kƒsdejƒ”، یەکێکی تر لە چاوداران بووە کە دەگوترێت ‘نەوەکانی مرۆڤی فێری هەموو جۆرەکانی دەستبەسەرداگرتنی ڕۆحە خراپەکان کردووە، لەگەڵ کوشتنی کۆرپەلە لە سکی دایکدا’- بە واتایەکی تر، ژنی فێری لەباربردنی منداڵ کردووە.

بەڵام گواستنەوە و فێرکردنی مرۆڤ بە زانستی قەدەغەکراو لە لایەن چاودارانی یاخییەوە پرسیارێکی جەوهەری دروست دەکات، کە بۆچی لە بنەڕەتدا فریشتەکان ئەم جۆرە مەعریفانەیان زانیوە. بۆچی پێویستیان بە بەکارهێنانی کانزاکان، جادوو و نوشتەکردن و نووسین هەبووە؛ بۆچی جەستەیان جوانکردووە؛ فێری بەکارهێنانی داودەرمانی خواردن بوون، بۆچی زانیویانە منداڵی لەدایک نەبوو لەبار بەرن؟ کەس چاوەڕوانی ئەوە ناکات کە هەر یەکێک لەم توانستانە نێردراوانی خوای ئاسمان پێویستی پێ هەبووبێت، جگە لەوەی فریشتەکان [چاوداران] لە بنەڕەتدا مرۆڤ بووبن.

   بە تێگەیشتنی [ئەندرو کۆڵنس]، وا دەردەکەوێت، ئاشکرابوونی ئەو زانست و مەعریفەیەی پێشتر نەزانراو بووە، کاری ڕەگەزێکی [گەلێکی] زۆر پێشکەوتوو بووبێت کە هەندێ لەو نهێنیانەی کە تەنیا لەناو خۆیاندا هەبووە و لە دونیای دەرەوەی خۆیانیان پاراستووە، فێری کولتوورێکی کەمتر پەرەسەندوویان کردووە کە لە سەرەتاکانی تێگەیشتن لە بنەما سەرەتاییەکانی ژیاندا بوون.

لەوەش ناخۆشتر ئەو کار و کردەوانەی نەفیلیم بوون، کە دەگوترێت: ئەوکاتەی مرۆڤ چیتر نەیتوانی چاودێریان بکات، دێوەکان [نەفیلیم] دژیان وەستانەوە و دەستیان کرد بە خواردنی مرۆڤ. دەستیان کرد بە خراپەکاری بەرانبەر باڵندە، ئاژەڵی دڕندە، خشۆکەکان، ماسی، جا دەستیان کرد بە خواردنی یەکتر و خواردنەوەی خوێنی یەکتر. پاشان، زەوی سزای خۆی بەسەر یاسا شکێنەکاندا سەپاند.

دوای ئەوە هاواری بێچارەیی مرۆڤ بە ڕوونی و بە بڵندی گەیشتە ئەو فریشتانە، یان چاودارانەی پەیوەست بە ئاسمان مابوونەوە. یەک بە یەک لەو فریشتانەی کە وەک گوێڕایەڵی خوا مابوونەوە، لە لایەن خواوە ئەرکی بەرانبەر وەستانەوەیان دژ بە چاودارە یاخییەکان و نەوەکانیان [نەفیلیم] پێ سپێردرا، کە وەکوو ‘زۆڵ و چەپەڵ، و منداڵی بەدڕەوشتی’ وەسف کراون. یەکەم پێشەوایان، شێمیازە، سەرەوخوار هەڵواسرا و ڕۆحی دەرکرا و کرا بە هەسارەی کاکێش (constellation of Orion). دووەم پێشەوایان، ئەزازێل، دەست و پێی بەستراوە  و بۆ ئەبەد خراوەتە تاریکی بیابانێک بە ناوی دفێل. ‘بەردی ڕەق و تیژ’ی لەسەر دانراون، ب ۆهەمیشە تاوەکوو ڕۆژی لێپرسینەوە لەوێدا دەمێنێتەوە، ئەو کاتەش ‘دەخرێتە ناو ئاگرەوە’ بۆ تاوانەکانی. بەهۆی خراپکردنی مرۆڤەوە، چاودارە یاخییەکان ناچار بە گەواهی بینینی کوشتن و لەناوبردنی منداڵەکانیان بوون و پێش ئەوەی لە بەندیخانەیەکی ئاسمانی بە ناوی ‘چاڵی ئاگر’ بەند بکرێن.

حەوت ئاسمانەکە

لێرەوە پێخەمبەر حەنۆخ دێتە ناو چیرۆکەکەوە،  حەنۆخ بە هۆکارگەلێکی نەزانراو و نادیار ڕادەسپێردرێت لەبری یاخییە بەندکراوەکان بچێتە لای خوای چاوداران. حەنۆخ هەوڵێکی زۆر دەدات تاوەکوو چاوداران لەگەڵ فریشتەکانی ئاسمان ئاشت بکاتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نابێت. دوای ئەوە، پەرتووکی حەنۆخ باس لەوە دەکات کە چۆن پێخەمبەر حەنۆخ لە لایەن فریشتەکانەوە بەسەر کێو و دەریاکاندا بۆ ‘حەوت ئاسمانەکان’ بەرز کراوەتەوە. لە ئاسمان، ژمارەیەکی زۆر لە فریشتە دەبینێت کە چاودێریی ئەستێرە و تەنە ئاسمانییەکانی تر دەکەن کە وەک ناوەندێکی چاودێریکردنی ئەستێرەکان دەردەکەوێت (بۆ نموونە هاوشێوەی دەزگای ناسای ئێستا. گریمانەیەک هەیە کە ناوچەی خرابرەشک-ی نزیک شاری ڕەحا لە باکووری کوردستان کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی دوانزە هەزار ساڵ لەمەوبەر، دامەزراوەیەکی چاودێریکردنی ئەستێرە و تەنە ئاسمانییەکان بووبێت لەو سەردەمەدا). ئەوانی تر چاودێری باخ و باخات دەکەن کە زیاتر لە kibbutz- کیبوتوکانی ئیسرائلی سەرەتایی دەچێت (کیبوتوکان شێوە ژیانێکی کۆمەڵایەتیی هەرەوەزیی کشتووکاڵی زایۆنی و سۆشیالیستی بوو کە یەکەمجار لە ساڵی ١٩٠٩دا لە ناوچەی دگانیای باکووری ئیسرائیل دامەزرا) وەک پاشایەتییەکی ئاسمانیی سەروو هەورەکان. لە یەکێکی تر لەم ئاسمانانەی حەنۆخ سەردانی دەکات، ‘ئاسمان’ عەدەن هەیە، کە لەو شوێنە، خوا باخێکی بۆ ئادەم و حەوا دروست کردووە پێش ئەوەی دەریان بکات- حەنۆخ یەکەم مرۆڤە کە دەچێتە ناو ئەو پاشایەتییەوە دوای دوورخرانەوەی ئادەم و حەوا.

لە کۆتاییدا، لە سەردەمی نوح-ی نەوەی حەنۆخ-دا، لافاوە مەزنەکە سەر زەوی دادەپۆشێت و هەموو شوێنپێیەکی دێو [نەفیلیم]ی لەسەر زەوی سڕییەوە. بەو شێوەیەش پەرتووکی حەنۆخ کۆتایی پێ دێت.

کوڕانی خوا

دەبێت چۆن لە پەرتووکی حەنۆخ تێبگەین؟ ئایا ڕووداوەکانی دەرکردنی چاوداران و سەردانی پێخەمبەر حەنۆخ بۆ ئاسمان لە ڕووداوی ڕاستەقینەی مێژوویی وەرگیراوە؟ شارەزایانی ئەدەبیاتی ئیبراهیمی لە وەڵامدا دەڵین، نەخێر. ئەوان لەو باوەڕەدان کە ئەم پەرتووکە تەواو خەیاڵییە و لەژێر کاریگەری The Book of Genesis- پەرتووکی پەیدابوون- یەکەم پەرتووکی پەیمانی کۆن-دا نووسراوە، بە دیاریکراوەی لەژێر کاریگەریی دوو ئایەتی بەشی ٦ی پەرتووکی پەیدابوون «1.كاتێك مرۆڤ ده‌ستیان به‌ زیادبوون كرد له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی و كچیان بوو، ٢.كوڕانی خوا بینییان كچانی مرۆڤ جوانن. جا له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی هه‌ڵیانبژاردن ژنیان هێنا.» (پەرتووکی پیرۆز، پەیدابوون ٦: ١-٢).


     کوڕانی خوا و کچانی مرۆڤ

واتای ‘کوڕانی خوا’ لە پەرتووکی پیرۆزدا فریشتەی ئاسمانییە، واتا بنچینەییە عیبرییەکەی ‘کوڕانی خوا’ bene ha-elohim-ە کە بە واتای کوڕانی خوا دێت. لە ئایەتی ٣ی بەشی ٦دا، خوا بەبێ هیچ پێشینەیەک ڕای دەگەیەنێت کە ڕۆحی ئەو ناتوانێت بۆ هەمیشە لەناو مرۆڤدا بمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی مرۆڤایەتی بە پێچەوانەی خوا لە گۆشت دروست کراوە، بۆیە ماوەی-ژیانی مرۆڤ بۆ ‘سەد و بیست ساڵ’ کورت دەکاتەوە، «ڕۆحی من هه‌تا سه‌ر ململانێ له‌گه‌ڵ مرۆڤ ناكات، چونكه‌ مه‌رگدارن؛ ڕۆژانی ژیانیان ده‌بێته‌ سه‌د و بیست ساڵ.» (پەرتووکی پیرۆز، پەیدابوون ٦: ٣) بەڵام لە ئایەتی ٤، لەناکاو دۆخەکە دەگەڕێتەوە سەر بابەتی سەرەکیی بەشەکە [بەشی ٦] و دەڵێت:

«له‌و ڕۆژانه‌دا له‌سه‌ر زه‌وی نه‌فیلیم هه‌بوون. له ‌دوای ئه‌وه‌ی كوڕانی خودا چوونه‌ لای كچانی مرۆڤ، منداڵیان لێیان بوو، منداڵه‌كان بوونه‌ ئه‌و پاڵه‌وانانه‌ی كه‌ له‌ كۆنه‌وه‌ ناوبانگیان هه‌یه.» (پەرتووکی پیرۆز، پەیدابوون ٦: ٤) 

لەبەر ئەوەی وا قبووڵە کە تەورات لە لایەن موسای ڕێسانووسەوە لە نزیکەی ١٢٠٠ پ.ز-ینەوە نووسراوە، بۆیە وا گریمانە دەکرێت کە بەشی ٦-ی پەرتووکی پەیدابوون لەژێر کاریگەریی پەرتووکی حەنۆخ-دا نووسراوە نەک بە پێچەوانەوە. سەرەڕای ئەو گریمانە ئاشکرایانە لە لایەن شارەزا یەهوودییەکانەوە، بەڵگەی زۆر هەیە کە دەری دەخات پەرتووکی پەیدابوون دوای گەڕانەوەی یەهوودییەکان لە تاراوگە- لە بابل لە ناوەڕاستی سەدەی پێنجی پ.ز کۆ کراوەتەوە. ئەگەر بەو شێوەیە بێت، کەواتە هیچ هۆکارێک نییە ئایەتەکانی بەشی ٦-ی پەیدابوون لەو ماوەیەدا دەستکاری کرابێت. لە هەوڵی سەلماندنی دیرۆکبوونی پەرتووکی حەنۆخ، ئەفسانەی یەهوودی هەمیشە باسیان لەوە کردووە کە لە بنەڕەتدا ئەم کتێبە بۆ نوح، نەوەی حەنۆخ نێردراوە دوای لافاوە مەزنەکە، واتا زۆر پێش کۆکرانەوەی پەرتووکی پەیدابوون. ئەم بانگەشەی نووسرانی [پەرتووکی حەنۆخ]ـە زۆر پێش پەرتووکی پەیدابوونە. لە کۆتاییدا وای لە قەشە ئۆگەستین (٣٥٤-٤٣٠) کرد کە بڵێت پەرتووکی حەنۆخ (ob nimiam antiquitatem)- زۆر لەوە دیرۆکترە تاوەکوو بخرێتە ناو پەرتووکی پیرۆزەوە!

فریشتە لە بەهەشت

لەبەر ئەوەی ئەدەبیاتی نووسراوی حەنۆخی لە لایەن یەهوودییە پێست-زەیتوونییەکان لە دوای-تاراوگە نووسراوە (دوای ئەوەی لە بابلەوە گەڕانەوە ئورشەلیم)، ئاشکرایە کە ئەوان گێڕانەوەکانیان دەربارەی نەتەوە [گەل] و ژینگەیەکی تەواو جیاوازتر بووە. کەواتە ئەو مرۆڤ-فریشتانە کێ بوون، لە کوێ ژیاون؟

لەبەر ئەوەی ئێستا دەزانین کە ئەفسانەی دەرکردنی فریشتە لە بنەڕەتدا لە ئێرانەوە سەرچاوەی گرتووە، بە دەقیقی لە باکووری-ڕۆژئاوای ئیمپڕاتۆرییەتی میدیاوە سەرچاوەی گرتووە، لەبەر ئەوە دەکرێت ئەو میراتە ببەستینەوە بە چیاکانی ئەودیو میدیا. ئەم گریمانەیە لە پەرتووکێک بە ناوی Genesis Apocryphon’- پەیدابوونی نهێنی’ سەلمێندراوە، کە تێیدا باس لەوە دەکات کە دوای ئەوەی پێخەمبەر حەنۆخ بۆ ئاسمان بەرز کرایەوە، تەواوی ژیانی ‘لەگەڵ فریشتەکان’ لە ‘بەهەشت’دا بەسەر برد. لەگەڵ ئەوەی لە زۆرێک لە وەرگێڕانەکاندا وشەی ‘Paradise-بەهەشت’ بەکارهاتووە، بەڵام وشە ڕاستەقینەکە ‘Parwain-پەروین’ە.

وا دەردەکەوێت کە وشەی Parwain-پەروین لە ڕەگی وشەی ‘Parswana-پەرسوانە’ی میدیایی کۆن وەرگیرابێت، کە بە واتای ‘پەراسوو، شان/لا، سنوور’ دێت، ئەم وشەیە مادەکان بۆ ئەو خەڵك و ناوچانەیان بەکار هێناوە کە لەودیو سنووری میدیاوە ژیاون. ئەمە ناوچانەکانی وەکوو ‘Parsa-پارسا’ لە باشوورەوە و بە شێوەیەکی دیارتر ناوچە شاخاوییەکانی ناسراو بە ‘Parusa-پاروسا’ لە ڕۆژهەڵاتی ئیمپڕاتۆرییەتی میدیا. کەواتە، دەبێت باوەڕ بەوە بکەین کە حەنۆخ لە ناوچە شاخاوییە سەختەکانی ئەودیو سنووری ئیمپڕاتۆرییەتی میدیادا ‘لەگەڵ فریشتەکان’دا ژیاوە؟ ئایا دەکرێت لە ناوچەی دوورەدەستی ‘Parusa’ لە ڕۆژهەڵاتی میدیادا ژیابێت؟ ئای ئەوێ ئەو شوێنەیە کە چاودارانی لێوە هاتوون؟ ئایا لەو ناوچانەوە بەرەو پێدەشتەکان هاتوون و ژنانی مرۆڤیان هێناوە و نهێنی و هونەری قەدەغەکراوی ئاسمانیان فێری مرۆڤ کردووە؟

لە نەریتی ئێرانیدا پاشانشینی خواکان و شوێنی ئەفسانەیی پاشا-خواکان بە ‘Airyana Vaejah-ئاریان ویجە’ زەمینی ئێرانی ناسراوە، (هاوشێوەی نەتەوەی دەرکراوی نەریتی یەهوودی دەگوترێت ئەوانیش باڵا بەرز بوون، پێستیان هاوشێوەی عاج سپیی بووە و ڕوخساریان درەوشاوەتەوە). ئەو نەریتەی کە لە لایەن مۆغەکانەوە وەرگیراوە، دەری دەخات کە ئەو پاشانشینییە ئاسمانییە دەکەوێتە ناوچە شاخاوییەکانی ئیمپڕاتۆرییەتی میدیاوە. هەموو ئاماژەکان بەرەو ناوچە شاخاوییەکانی ئازەربایجانی ئێستا دەڕۆن، کە بەرەو لووتکە بەفراوییەکان لە ڕۆژهەڵاتەوە درێژ دەبێتەوە بەرەو ڕۆژئاوا و بۆ ناوچە شاخاوییەکانی تۆرۆس لە ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ و باکووری سوریا؛ جا بەرەو ناوچە دوورەدەستەکانی باکووری ئەرمینیای ڕووسیا؛ پاشانیش بەرەو باشووری-ڕۆژهەڵات بە درێژای زنجیرەچیاکانی زاگرۆس، کە بەرەو کەنداوی فارس درێژ دەبێتەوە کە وەک بەربەستێکی سەخت لەنێوان ئێران و عێراقدایە. ئەو ناوچە گەورەیەی زەوی کە بەشێکی زۆری چۆڵ‌وهۆڵە، نیشتیمانی زۆرێک لە شوانکارە، کۆمەڵی ئایینی دابڕاو و هەندێ گوند و شارۆچکە و شارە، کە لە جیهاندا بە کوردستان ناسراوە- ئەم ناوچە کولتووری و سیاسییە، نیشتیمانی کوردە. بەپێی میراتی بابلی [پەرتووکی پیرۆز] و پەرتووکە نهێنییەکانی تری یەهوودی، دەتوانین باخچەی عەدەن، شوێنی نیشتنەوەی کەشتییەکەی نوح و تەنانەت زێدی سەرهەڵدانی زۆرێک لە پێخەمبەران لەم نیشتیمانە [کوردستان] بدۆزینەوە. هەر لەبەر ئەوەشە، دەبێت بۆ دۆزینەوەی بنەڕەتی پاشانشینی خواکان لە کوردستاندا بگەڕێین.

عه‌ده‌ن، له‌ ڕۆژهه‌ڵاتدا

لە پەرتووکی پەیدابووندا باس لە چاندنی ‘باخچه‌یه‌ك له‌ عه‌ده‌ن، له‌ ڕۆژهه‌ڵاتدا’ دەکات. لەم باخچەیە ئادەم و حەوا وەک یەکەمین باوانی مرۆڤ ژیاون پێش ئەوەی بە یەکجاری لەژێر کاریگەریی سەرنجڕاکێشی ماری فریودەر لە بەزەیی خوا بێبەش بکرێن و لە عەدەن دەربکرێن. مار نەک هەر ئەوەی وەکوو هاومانای سەرەکیی چاوداران و نەفیلیم بەکار هاتووە، بەڵکوو پەرتووکی حەنۆخ بە ڕوونی ئاماژە بە ‘مار’، یان چاودار-ێکی دیاریکراو دەکات کە یەکەمجار باوانی [ئادەم و حەوا]ی فریوداوە. لە پەرتووکی Bundahishn-بوندەهشیم کە پەرتووکێکی پیرۆزی زەردەشتییە باس لە Angra Mainyu- ئەنگرا ماینو دەکات، کە ڕۆحی خراپە و باوکی Daevas- دیڤازەکانە، کە هەمان ڕۆڵی [فریودەری، ماری پەرتووکی پەیدابوون]ی هەبووە و هاوشێوەی چاوداران، ئەویش وەکوو مار-ێک کە ‘قاچ’ی هەبووە وەسفکراوە.

کەواتە، عەدەن دەکەوێتە کوێ-وە؟ هەموو ئەوەی کە لە ڕێگەی پەرتووکی حەنۆخ-ەوە دەیزانین ئەوەیە کە عەدەن دەکەوێت نێوان حەوت ئاسمانەکان، کە پاشانشینییەکی خۆش [بەهەشت]ی پڕ باخچە و باخ و باخاتە لەگەڵ شوێنی چاودێریکردنی ئەستێرەکان کە تێیدا فریشتە و چاودارانی تێدا دەژین.

شارەزایان وشەی ‘Eden-عەدەن’ لە زمانی عیبریدا بە واتای ‘خۆشی’ یان ‘شادی’ وەرگێڕاوە، ئەمەش ئاماژەیە بەو ڕاستییەی کە خوا باخچە [عەدەن]ی بۆ خۆشی و شادیی مرۆڤ خوڵقاندووە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە واتا بنچینەییە ڕاستەقینەکەی نییە. وشەی ‘عەدەن’ لە بنەڕەتدا وشەیەکی ئەکەدییە و لە بنچینەدا بە واتای ‘steppe-پێدەشت’ یان ‘terrace-نشێو’ دێت، و بە ناوچەیەک دەگوترێت کە کشتوکاڵی تێدا کراوە.

هەروەها وشەی ‘paradise- بەهەشت’ بە واتای ‘walled enclosure- دیواری داخراو’ دێت، دوای ئەوەی لە ڕەگی فارسی ‘pairi- بەدەور/بازنەیی’ و ‘daeza- دیوارەوە وەرگیراوە. ئەم تێگەیشتنە زۆر درەنگ هاتووەتە ناو ئەدەبیاتی ئایینی یەهوودی-مەسیحییەوە، بە دەقیقی تەنیا لە دوای ساڵی ١١٧٥-ی زاینیەوە بەکار دەهێنرێت. لە لایەکی ترەوە، وشەی ئینگلیزی ‘heaven-بەهەشت’ لە وشەی عیبری ‘ha’shemim’ وەرگیراوە کە بە ‘the sky-ئاسمان’ وەرگێڕدراوە. لە هەمان کاتدا بە واتای ‘high places- شوێنی بەرز’ وەکوو ئاوەدانی بڵند/بەرز دێت. هەروەها، ڕەگی وشەی ‘shm’ی عیبری بە واتای ‘heights-بەرزی’ و ‘plant-ڕووەک/گیا’ یاخود ‘vegetation-سەوزەڵانی’ دێت، کەواتە دەکرێت دەقیقتر وشەی ‘haeven’ بە واتای ‘planted highlands- ڕووەکی بەرزاییەکان’ وەربگێڕدرێ. لە ڕێگەی ئەم ڕیشەناسییە سادەوە، [وێنەی عەدەن] لە مێشکدا وەکوو ئاوەدانییەکی کشتوکاڵی پەرژینکراو لەگەڵ نشێویی تەختکراو لە ناوچەیەکی بەرزدا لە ئەندێشەماندا دروست دەبێت. کەواتە، دەکرێت عەدەن ناوچەیەکی ‘ئاوەدانییەکی کشتوکاڵی پەرژینکراو’ لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان بووبێت؟ ئایا عەدەن ئەو شوێنەیە کە لە لایەن فریشتەکانەوە لەژێر چاودێریی چاودارانی ئاسمانی، چاودێری کراوە وەکوو ئەوەی لە پەرتووکی حەنۆخ-دا باس دەکرێت؟ لەوەش گرنگتر، ئەم شوێنە دەکەوێتە کوێوە؟

ڕووبارەکانی بەهەشت

لە پەرتووکی پەیدابوون-دا هاتووە، چوار ڕووباری بەهەشت لە عەدەنەوە هه‌ڵده‌قوڵێن. ناوی ڕووبارەکان بریتین لە، پیشۆنه، گیحۆن، هیدێکڵ (دیجلە) و فوڕات. لەم چوار ڕووبارانە، تەنیا چوارەمیان [فوڕات] بە تەواوی دەتوانرێت بە ناو بناسرێتەوە. فوڕات لە باکووری کوردستانەوە هەڵدەقوڵێت و بەناو سوریا و عێراقدا تێپەڕ دەبێت تاوەکوو دەڕژێتە کەنداوی فارسەوە. بە پشتبەستن بە سەرنجی شارەزا سەرەتاییەکانی پەرتووکی پیرۆز، سێ ڕووبارەکەی تر بەدوای یەکدا بە ڕووباری گەنگ لە هیندستان (هەندێجار ڕووباری عاصی لە باکووری سوریا)، ڕووباری نیل لە ئەفریقا، و ڕووباری دیجلە، کە هاوشێوەی ڕووباری فوڕات لە عێراقەوە دەڕژێتە ناو کەنداوی فارس، وەکوو سێ ڕووبارەکەی تری بەهەشت دەستنیشان کراون. لەبەر ئەوەی دوو ڕووباری یەکەم وەکوو دوو گەورەترین ڕووبار لە سەردەمی کۆندا ناسرابوون، شارەزایانی پەرتووکی پیرۆز، دایان نابوون؛ تەنیا پەیوەندیی نێوان دیجلە و فوڕات واقیعیەتێکی جوگرافیی هەبوو.

بە هیچ شێوەیەک نەدەکرا ئەم چوار ڕووبارە لە یەک جوگرافیاوە سەرچاوە بگرن یەکەمیان [گەنک] لە هیندستانە و ئەوی تریان [نیل] لە ئەفریقا، ئەمەش کێشەیەک بوو کە ئایینناسانی بە خۆیەوە خەریک کردبوو تاوەکوو دۆزینەوەی نەخشەکێشان لە سەدەی شازدەیەم. بەڵام هەندێ سەرچاوەی تر، بە تایبەت کڵێسای ئەرمەنی، هەردوو ڕووباری دیجلە و فوراتیان وەکوو دوو لە چوار ڕووبارەکەی بەهەشت قبووڵ کرد، بەڵام بۆ هەردوو ڕووبارەکەی تر، بۆ پیشۆن ڕووباری زێی گەورە، کە لە کوردستانەوە هەڵدەقوڵێت و دەڕژێتە ڕووباری دیجلەوە، دواتر بۆ گیحۆنیش ڕووباری ئاراس، کە لە ئەرمیناوە هەڵدەقوڵێت و دەڕژێتە دەریای قەزوینەوە قبووڵ کرد.

دەکرێت بڵێین بە ئەگەری زۆرەوە کڵێسای ئەرمەنی لەم دەستنیشانکردنانەیاندا ڕاست بوون، لەبەر ئەوەی خۆیان دانیشتووانی ئەم ناوچە جوگرافییە پرسیار لەسەرەن و لەوانەیە خۆیان زانیاریی خۆجێییان هەبێت کە بۆ ئایینناسانی دونیای دەرەوە بەردەست نەبووبێت.

هەروەها، نەریتی کوردی، سەرچاوەی چوار ڕووبارەکەی بەهەشت لە دەوروبەری دەریاچەی وان دیاری دەکات، کە ڕوبەرەکەی ٣،٧٥٥کم٢یە- ئەم دەریاچەیە دەکەوێتە سەر سنووری کوردستان و ئەرمینیا-وە. لە ڕاستیدا، بەپێی هەندێ ئەفسانە، باخی عەدەن ئێستا ‘لەژێر دەریاچەی وان’ـە، دوای ئەوەی لە کاتی لافاوە مەزنەکەوە ژێر ئاو کەوتووە.

وەکوو ئاشکرایە، باوەڕە ئایینییە جیاوازەکانی کورد، چیای جودی کە دەکەوێت باشووری دەریاچەی وان بە شوێنی گیرسانەوەی کەشتیی نوح دادەنێن. گرێدانەوەی شوێنی گیرسانەوەی کەشتییەکەی نوح بە چیای ئارارات تەنیا داهێنانێکی مەسیحی-یەو لە میراتی ئایینیی کۆندا هیچ بنچینەیەکی ڕاستی نییە.

هەموو ئەمانە، ڕوونی دەکەنەوە کە نووسەرانی پەرتووکی پەیدابوون، هەردوو شوێنی لە دایکبوونی مرۆڤایەتی [باخی عەدەن]، و خاڵی دەستپێکردنەوەی ژیان لەسەر زەوی دوای لافاوە مەزنەکە [چیای جودی] لە دوو ناوچە دەستنیشان دەکەن، ئەم دوو ناوچەیەش دەکەونە باکووری کوردستان، بە دڵنیاییشەوە، ئەم سەرەداوەش ڕوونی دەکاتەوە کە دۆزینەوەی بنچینەی چاوداران لە هەمان ناوچەی جوگرافی کوردستاندایە.

چیاکانی بەهەشت

تەنیا نەتەوە یەهوودی و ئێرانییەکان نین کە کوردستان بە لانکەی شارستانییەت دادەنێن. لە ئوستوورەی سۆمەری و ئەکەدییەکاندا کە دەوڵەت-شارەکانی میزۆپۆتامیای خواروویان لە دوای ٣٠٠٠ پ.زینەوە دامەزراندووە و حووکمیان کردوون، نیشتیمانی خواکان دەگێڕنەوە هەمان ناوچە [کوردستان]. لە ئەدەبیاتی ئەکەدی کە تا ئێستا بنەچەی ڕەسەنی ئەکەدییەکان نەزانراوە، ئەم شوێنە ئاسمانیە [شوێنی خواکان] بە ‘Kharsag Khurra- خەرساخ کوورە،’ چیای ئاسمانی ناونراوە (نووسەری فەڕەنسی ئەنتۆن پارکس لە کتێبی: ‘عەدەن: ڕاستیی دەربارەی ڕەچەڵەکمان’، خەرساخ بە چیای قەرەداغی باشووری کوردستان دیاری دەکات). لەو شوێنە، خواکان کە بە ‘Anannage – ئەناناگ’ ناسراون، لە پاشانشینییەکی بەهەشتیدا ژیاون کە باخ، باخچە، پەرستگا و زەوی ئاودێریان هەبووە، ئەم وەسفانەش کە لە ئوستوورەی سۆمەری و ئەکەدیدا هەن، نەک وەکوو گێڕانەوەکانی پەرتووکی حەنۆخ-ە دەربارەی حەوت ئاسمانەکان، بەڵکوو زیاد لە جارێکیش ئەم شوێنە بە ‘عەدەن’ ناونراوە، کە لە زمانی ئەکەدیدا بە واتای ‘پێدەشت’ و ‘تەختایی’ دێت.

ئەگەر زیاتر پەیوەندی لەنێوان خەرساخ و شوێنی فریشتەکان لە ئەدەبیاتی یەهوودیدا دروست بکەین ئەوا ئەناناگ-ەکان هاوشێوەی چاوداران-ی پەرتووکی حەنۆخ، لە لایەن ‘ئەنجومەنی حەوتی’ ئەندامی بەڕێوەبراون. ‘ئەنجومەنی حەوتی’ وەکوو حەوت فریشتەکەی ئەدەبیاتی یەهوودی پاش-تاراوگە و شەش ‘Amesha Spentas- ڕۆحە بەخشەرەکان’ە، لە ئەدەبیاتی ئێرانیدا لەگەڵ خوای مەزن ئاهورا مەزدا-دا ژیاون.

ئایا ئەناناگ، خوا و مێخواوەندەکانی خەرساخ، شێوەیەکی تری چاوداران-ی ئەدەبیاتی حەنۆخی بوون، کە نیشتیمانەکەیان ئاوەدانییەکی بەرزی کشتوکاڵیی بە ناوی ‘عەدەن’ یان ‘بەرزایی’، بووە کە دەکەوێتە چیاکانی کوردستانەوە؟

گەڕان بەدوای دێلمون (Dilmun)-دا

خەرساخ تەنیا ناوێک نەبووە کە لە لایەن خەڵکی میزۆپۆتامیای کۆن، وەکوو شوێنی دەستپێکی ژیان بەکار هێنرابێت. ناوی تر بۆ لانکەی ژیان و شارستانییەت ‘Dilmun, or Tilmun- دێلمون، یان تێلمون’ هاتووە. دەگوترێت لەم شوێنە، خواوەند ‘Ea- ئیـا’ (Enki- ئینکـی ئەکەدی) و ژنەکەی هاتوون بۆ ئەوەی ‘سەردەمێکی بێ گوناهی پڕ لە شادوومانی’ بخوڵقێنن. هەروەها لەم شوێنە، تەنانەت ئاژەڵەکانیش بە ئاشتی و هاوئاهەنگی ژیاون و، مرۆڤ هیچ رەقیبێکی نەبووە و خواوەند ‘Enlil -ئینلیل’، ‘بە یەک زمان ستایشی کردووە.’  ‘نیشتیمانی خواکان’ وەک شوێنێکی ڕەسەن، پاک و ‘پرشنگدار’ وەسفکراوە کە مەرگ، نەخۆشی و پەژارەی تێدا نەبووە و لەم شوینەدا مرۆڤ هاوشێوەی ‘ژیانی خوا’ ژیاوە. ئەم وشانە  ‘Airyana Vaejah-ئاریان ویجە’ی ئوستوورەی ئێرانی، لەگەڵ ‘عەدەن’ی میراتی عیبری بیر مرۆڤ دەخاتەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە زۆرێک لە توێژەران ‘دێلمو’ بە دوورگەی بەحرین لە کەنداوی فارس دەستنیشان دەکەن، بەڵام بەڵگەی زۆر کۆنتر هەن کە شوێنی ‘دێلمو’ لە دەرەوەی دەشتاییەکانی سۆمەر دەستنیشان دەکەن. بەڵام ئایا بە ڕاستی کەوتووەتە چ شوێنێک؟

نووسراوەکانی میزۆپۆتامیا باس لە هەڵکەوتەی شوێنەکە ناکەن، بەڵام هەردوو پەرتووکی Bundahishn-بوندەهشیم-ی زەردەشتی و تۆمارە مەسیحییەکانی هەولێر لە کوردستاندا ئاماژە بە شوێنێک بە ناوی ‘ Dilamƒn’ دەکەن، کە لەسەر ژێدەری هەڵقوڵینی ڕووباری دیجلەدا بوونی هەبووە، (باشووری خۆرئاوای دەریاچەی وان)- ئەمەش هەمان شوێنە کە دەگوترێت عەدەنی یەهوودی تێدا هەڵکەوتووە. سەرەڕای ئەوەش، دەگوترێت کە ‘ئینکی لە دەروازەی هەردوو ڕووباری مەزنی- دیجلە و فوڕات-دا نیشتەجێ بووە- وەکوو لە وێنەی ئینکی لە خشتەکاندا دەردەکەوێت، دوو ڕووبار لەسەر هەر یەک لە شانەکانی هەڵدەقوڵێن. بێ گومان ئەمەش لە لایەن کولتوورەکانی مانگی بەپیتی میزۆپۆتامیا بە واتای ئەوە هاتووە کە ژێدەر، یان سەرچاوەی ئەم دوو ڕووبارە لە لایەن ئیـا بە پیرۆز دانراوە.

لەوە سەیرتر هاوشێوەی ئوستوورەی ئێرانی و عیبری، لە ئوستوورەکانی سۆمەر و ئەکەد باسی هاتنەخوارەوەی خواکانی ‘Anu- ئـانو’ ئەناناگەکان دەکرێت. لەگەڵ ئەوەی ٣٠٠ ئەندامی ئەم خواوەندانە لە ئاسمان ماونەتەوە، نزیکەی ٦٠٠ ئەندامیان لەژێر سەرپەرشتی ‘Nergal- نێرگڵ’ی خواوەندی ژێرزەویی (جیهانی مردووان) لەنێو مرۆڤەکاندا نیشتەجێ بوون. ئەوان لەسەر زەوی، مرۆڤایەتیان فێری هەموو شتێک کردووە، هەر لە بنەماکانی کشتوکاڵکردنەوە بۆ ئەستێرەناسی، ئاودێری، داهێنانی تەکنیک و بونیادی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی.

تا ڕادەیەک بەم گێڕانەوانە ئاشناین!

ئەم ئەناناگە یاخییانە ‘لەسەر زەوی’ ژیاون، ئەمە ئاماژەیەکە بە ‘جیهانی مردووان’ کە هاوپەیوەندە بە شاری دێرینی ‘Kutha – کوسا’،ی باکووری بابل. لەم ‘نیشتیمانە تاریکە’دا ‘ درنج’ و ‘Edimmu’، دێوی خوێن-مژ ژیاون کە لە دوای تاریک داهاتنی دنیا، هاتوونەتە سەر زەوی بۆ بردنی رۆحی مرۆڤ.

ئایا دەکرێت ئەم بوونە بەڵنگازانە (دۆزەخیانە) یادەوەریی شێواوی چاودارە یاخی و نەوە زەبەلاحەکانیان، نەفیلیم بێت؟ دەکرێت ئەم فریشتە دەرکراوانە لە شاری ژێرزەوی نیشتەجێ بووبێتن پێش ئەوەی کۆچیان بەرەو دەشتاییەکان کردبێت؟

لەشی باڵندەکان

لە میزۆپۆتامیای کۆندا، چەندان پانتیۆن لە دێو و درنج هەبوون- هەر یەکێکیان، شێوە، ئەرک و، سیفەتی تایبەت بە خۆیانیان هەبووە. هەندێکیان سوودیان بۆ مرۆڤایەتی هەبووە، هەندێکی تریشیان ئازار و ناخۆشیان بۆ ژیانی مرۆڤەکان هێناوە.

لە چیرۆکی دابەزینی مێخواوەند ‘عەشتار’ بۆ ژێرزەمین، کە لە میراتی ئاشوری-بابلی دا هەیە، دەگوترێت کە ‘گەورەکانی’ ‘نیشتیمانی تاریکی’ ‘هاوشێوەی باڵندە لەشیان بە پەڕ داپۆشراوە،’ کە ‘لە دێر زەمانەوە حوکومڕانیان لەسەر زەوی کردووە و خواکانی وەکوو ئانـوو و بێـڵ ناوی خراپیان لێ ناون.’ لەسەر یەکێک لە خشتە بزمارییەکان کە لەشاری کوسا لە لایەن نووسەرێکەوە ‘لە پەرستگای ستیـلما، لە پەناگەی نێـرگڵ،’ نووسراوە، باس لە هێرشێک بۆ سەر میزۆپۆتامیا دەکات لە لایەن گەلێک لە درنج لە ناوچەکانی خوارووەوە کە لە لایەن خواکانەوە پشتگیری کراون. دەگوترێت کە بۆ ماوەی سێ ساڵ لەسەر یەک، شەڕیان لەگەڵ پاشایەکی نەناسراو کردووە. بەم شێوەیەی خوارەوە وەسفی شێوەیان کراوە:

مرۆڤ بە لەشی باڵندەی بیابانەوە،
مرۆڤ بە ڕوخساری قەلەڕەشەوە،
ئەوانە خوا مەزنەکان خوڵقاندوویانن،
لەسەر زەوی خواکان بارەگایەکیان بۆ دروستکردن،
لەناو قووڵایی زەوییەوە گەشەیان کرد و بەناوبانگ بوون، جا ژمارەیان زیادی کرد، حەوت پاشا، برای هەمان خێزان،
ژمارەیان شەش هەزار کەس بوو.

ئەم ‘مرۆڤانە لەشیان وەکوو باڵندە بووە’ وەکوو ‘درنج’ سەیر کراون. تەنیا کاتێک باهۆز بیابانەکانی داگیر کردووە، ئەوانەیان کوشتووە کە دەستگیریان کردوون، پێش ئەوەی بگەڕێنەوە ناوچەیەکی دەرباز نەبوو، تاوەکوو ساڵی داهاتوو.

بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەکرێت گریمانە بکرێت، بە هیچ شێوەیەک ئەم ‘درنج’ە هارانە بوونەوەری ڕۆحانی نەبوون، بەڵکوو ئەوان گۆشت و خوێنیان هەبووە [مرۆڤ بوون] کە لەشیان بە باڵاپۆشی پەڕدار داپۆشیوە و ئامرازی باڵندەیان بەکار هێناوە.

بەڵام ئایا ئەم مرۆڤ-درنجانە کێ بوون، چۆن پەیوەندییان بە گەشەسەندنی شارستانییەت لە میزۆپۆتامیادا هەبووە؟

هـێـزە نــادیارەکان

سۆەریکان بە زمان و کولتووریان خەڵکانێکی ناوازە بوون، لە جیهانی کۆندا هاوشێوەیان نەبووە. لە کاتێکدا تا ئێستا کەس بە دەقیقی نازانێت کە سۆمەرییەکان لە کوێوە هاتوون و چۆن مەعریفەی دامەزراندنی چەندان دەوڵەت-شاریان لە سەدەی چواری پێش زایین، بەدەست هێناوە. بەڵام سۆمەرییەکان خۆیان، لەم پرسەدا تەمومژاوی نەبوون. ئەوان خۆیان باسیان لەوە کردووە کە تەواوی کولتوورەکەیان لە ئەناناگ‌، خواوەندەکانی ئانـو-ەوە وەرگرتووە، کە باوەڕیان وابووە نیشتیمانی باپیرانیان [خواوەندەکانیان] چیاکان بووە. بۆ سەلماندنی باوەڕەکەیان، سۆمەرییەکان، نیشانە نەخشاندنی چیایان بەکار هێناوە وەکوو ئاماژەیەک بە ‘نیشتیمانەکەیان’، زەقورەی حەوت-ڕیزیان بۆ ڕێزگرتنی [شەرەفمەندی] خواکانیان بنیاتناوە.

ئایا دەگونجێت کە کولتووری چاودارانی کوردستان گوڕ و سەرچاوەی سەرهەڵدانی شارستانییەتی ڕۆژئاوا بێت؟

شوێنەوارناسان هیچ کێشەیەکیان نییە لە قبووڵکردنی کوردستان وەکوو لانکەی شارستانییەتی خۆرهەڵاتی ناوین. بەپێی لێکۆڵینەوە شوێنەوارناسییەکان، ماوەیەکی کورت دوای توانەوەی کۆتا چاخی سەهۆڵبەندان لە نزیکەی ٨٥٠٠ پ.ز، سەرەتاییترین و کۆنترین نموونەی کشتوکاڵی، ماڵیکردنی ئاژەڵ، وێنە هەڵکۆڵین لەسەر خشتی سور، گڵکاری، کانزاکاری، و قاپوقاچاخ و  ئامێری دروستکراو لە opsidian- ئاپسیدیەن لە کوردستان دەرکەوتن.  بەپێی ئەم لێکۆڵینەوانە دەرکەوتووە، لە دوای نزیکەی ٥٧٥٠ پ.زـەوە بۆ ماوەی چەند سەد ساڵێک بازرگانی بە ئاپسیدییەنیی خاو و ئامادەکراو، لە سەرتاسەری کوردستاندا درێژەی هەبووە، کە ناوەندەکەی چیای گڕکانی لەناوچووی بە ناوی چیای نەمروود بووە کە دەکەوێتە باشووری-ڕۆژئاوای کەناری دەریاچەی وان، هەمان ئەو شوێنەی کە هەردوو نیشتیمانی ئەفسانەیی عەدەن و دێلەمو-ی تێدا هەڵکەوتووە. بەپێی چەندان لێکوڵینەوە دەرکەوتووە کە ناوچەی وان، سەرەکیترین شوێنی بازرگانی ئاپسیدییەن بووە لە جیهانی کۆندا.

بێ گومان، کوردستان خاڵی دەستپێک و سەرچاوەی تەقینەوەی (Neolithic- نیۆلتیک)- چاخی بەردینی نوێ لە دوای سەدەی نۆیەمی پێش زایینەوە بووە. لە ڕاستیدا، بەهۆی شێوە ژیانی ئەم کۆمەڵگا ئاوەدانانەی کوردستان، ئاڵوگۆڕکردن [شمەک بە شمەک] پەرەی سەندووە. لە دواجاردا، ئەم شێوە سەرەتاییەی ئاڵوگۆڕکردن هەنگاونان بوو بەرەو دامەزراندنی یەکەمین سیستەمی نووسینی ئەلف و با- و وێنە لە دەشتاییەکانی میزۆپۆتامیا لە ماوەی هەزارەی چوارەمی پ.ز. لەبەر ئەوە، ئاشکرایە کە شارستانییەت لە مانگی بەپیت لە هەمان سەردەمدا، سەری هەڵداوە. بێ گومان، لێرەوە شارستانییەت بە تەواوی ناوچەکانی جیهانی کۆندا بڵاو بووەتەوە.

لەژێر ڕۆشنیی ئەم زانیاریانەدا دەردەکەوێت کە بەهۆی ئاڵوگۆڕکردنەوە لە کوردستان و میزۆپۆتامیای خواروو، پەرەسەندنی خۆرهەڵاتی ناوین مسۆگەر بووە و ئەم ئاڵوگۆڕکردنە لەنێوان هەندێ لە کۆمەڵگا پێشکەوتووە کشتوکاڵی پێش-نیۆلتیکییەکان لە ناوچە شاخاوی و گردەڵانەکانی کوردستاندا هۆکاری سەرهەڵدان و گەشەی کۆمەڵگای شارستانی بوون. بەڵام ئایا چۆن و چ شتێک هۆکاری ئەم ‘تەقینەوە نیۆلتیک’-یە بووە لەم ناوچە شاخاوییە دوورەدەستەی سەر زەوی؟ ئەم تەقینەوە کە بە شۆڕشی نیۆلیتیکی ناسراوە، تاوەکوو ئێستا دەرکەوتەکانی بە نادیاری ماونەتەوە، هەروەکوو شارەزای مێژووی کولتووری کوردی، مھرداد ئیزەدی، ئاماژەی پێ دەکات: ”دانیشتووانی ئەم ناوچەیە بە قۆناغێکی لێ تێ نه‌گه‌یشتراوی پەرەسەندنی خێرای تەکنەلۆژیدا ڕۆیشتووە، بەهۆی هێزی نادیارەوە. ئەوان [کوردە سەرەتاییەکان] زۆر بە خێرایی، پێش هەموو کۆمەڵگاکانی دەوروبەریان کەوتن، لە کاتێکدا ئەوان لە کۆمەڵگا هەرە پێشکەوتووەکانی ئەو سەردەمەی جیهاندا بوون لە بواری تەکنەلۆژیادا، دەستپێکی ئەم گواستنەوەیە لە کۆمەڵگایەک کە دانیشتووانی کەم و ئابووری ڕاوکاری هەبووە، بەرەو زۆری دانیشتووان و ئابووری خۆراک بەرهەم هێنان ڕۆیشتووە.”

دەبێت ئەم ‘هێزە نادیارانە’ چی بووبن؟ ئایا [هێزە نادیارەکە] چاوداران بوون، کە هونەر و زانستی قەدەغەکراویان بۆ مرۆڤایەتی هێناوە؟ ئەگەر وابێت، ئەوا من [ئەندرو کۆڵنس] بەسەر بەڵگە دۆزراوەکانی paleontologist- کونینە‌ناسەکان و شوێنەوارناسەکاندا بە بێڵ و خاکەنازەکانیان لەژێر زەویدا دەریان هێناوە بازم داوە، ئەم بەڵگانە بە تەواوەتی پشتیوانیی لەم گریمانە سەرنجڕاکێشە دەکەن؟

ئەم دۆزراوە شوێنەواریانەی لە کوردستاندا دۆزراونەتەوە، منیان تووشی سەرسوڕمان کرد. بۆ نموونە، لەساڵی ١٩٥٠کاندا دوو کونینە‌ناسی بەناوبانگ، (ڕالف و ڕۆز سولیکی) لە کاتی ھەڵکۆڵین و گەڕان بەدوای  چینە جیاوازەکانی کارکردن لەناو ئەشکەوتێکی گەورە بە ناوی ‘ئەشکەوتی شانەدەر’ کە بەسەر ڕووباری زێی گەورەدا دەڕوانێت، هەندێ شتی فرەگرنگیان دۆزییەوە کە بۆ ئەم گریمانەیەی من پێویست بوو. ئەم دوو کونینە‌ناسییە لە کاتی هەڵکۆڵینی ناو ئەشکەوتەکەدا ژمارەیەک کەلـلەسەری بزن و ئیسکی باڵی باڵندەی گەورەی گۆشتخۆریان دۆزییەوە. بەپێی لێکۆڵینەوەکان کە لەسەر ئەم کەلـلەسەر و ئیسکە دۆزراوانە کراوە دەری دەخات، هەموو ئەو باڵانەی لەناو ئەشکەوتەکەدا دۆزرانەوە لە لاشەی ئەو باڵندە نەزانراوانە بڕدرابوون (واتا ئەم باڵندانە دوای ئەوەی ڕاوکراون، باڵەکانیان بڕدراوە بۆ مەبەستی نادیار بڕدراوە)، و هەندێکیشیان لە کاتی دۆزینەوەیان بە ڕێکی مابوونەوە (واتا ئەم باڵندانە دەستیان لێ نەدراوە و هیچ زیانێک بە لەشیان نەگەیەنراوە لە لایەن دانیشتووانی ئەشکەوتەکە). لە ڕێگەی بەکارهێنانی ‘ Radiocarbon dating’ و بە کەڵکوەرگرتن لە تەکنیک  و شێوازی مۆدێرن، دەرکەوت کە ئەم دۆزراوانە مێژووەکەیان بۆ ١٠،٨٧٠ ساڵ دەگەڕێتەوە، ئەمەش ٨٨٧٠ ساڵ پ.ز دەکات.

چوار باڵی پیرۆزی (هەڵۆی سوور)، یەک باڵی کەلاکخۆر، حەوت باڵی هەڵۆ و  یەک باڵی هوبرە لەناو باڵە دۆزراوەکانی ئەشکەوتی شانەدەردا هەبوون، ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنیا باڵندەی هوبرە، باڵندەی ڕەسەنی ئەم ناوچەیەیە [کوردستان]. هەروەها، ئێسکی چوار هەڵۆی بچووکی نەناسراو لەناو دۆزراوەکاندا هەبوو. جگە لە باڵندەی هوبرە، هەموو ئەوانی تر گۆشتخۆر بوون.

دۆزینەوەی باڵی ئەم باڵندە شێواو و تێکچووانە، کێشە و پرسیاری زۆری بۆ سولیکی دروست کرد. بۆچی تەنیا چەند باڵندەیەک بۆ ئەم مەبەستە هەڵبژێردراون، ئەم باڵندە گۆشتخۆرە گەورانە، چ ڕۆڵێکیان لە ئەقڵ و تێگەیشتنی ئەم خەڵکانەدا بینیوە کە لە ئەشکەوتی شانەدەردا ناشتوویانن؟ سولیکی لە ساڵی ١٩٧٧ لە جۆرناڵی سۆمەردا لێکۆڵینەوەیەکی لەژێر ناونیشانی ‘ڕیچواڵی باڵندەی گۆشتخۆر لە ئەشکەوتی شانەدەر’ بڵاو کردەوە، لەم توێژینەوەیەدا باس لە گرنگیی ئەم چوار جۆرە لە باڵندە بۆ کوردە سەرەتاییەکانی ئەو سەردەمە دەکات و پێی وایە ئەم باڵ-ی باڵندە گۆشتخۆرانە بۆ ڕیچواڵی ئایینی بەکار هاتوون. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە لە بەرزاییەکانی کوردستاندا لە نزیکەی ٨٨٧٠ پ.ز-ین شامانیزیمی (باڵندەی گۆشتخۆر)- کەلاکخۆر بوونی هەبووە!  لەوە گرنگتر، ئەو شوێنەی ئەم باڵی باڵندانەی تێدا دۆزراوەتەوە [ئەشکەوتی شانەدەر] تەنیا ٢٢٥کم لە باشووری-ڕۆژئاوای دەریاچەی وانەوە دوورەـــ ئەو شوێنەی کە بە ئەگەرێکی زۆر عەدەن و دێلمو بووە. ئەم دۆزاوانە بۆ سەردەمێک دەگەڕێنەوە کە کۆمەڵگای بەرزاییەکانی کوردستان لە ڕاوکەری سەرەتاییەوە بەرەو کۆمەڵگای سەرەتایی نیۆلیتیک وەردەچەرخا. لەوانەیە ئەو کەلـلەسەری بزن و ئێسقانی باڵندە گۆشتخۆرانە پەیوەندییەکیان بەو ‘هێزە نادیارانە’ی کە بوونە هۆی شۆڕشی نیۆلیتیکییەوە لەو ناوچەیەدا هەبێت. دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت کە پێشتر باسمان لەوە کرد، چاوداران باڵاپۆشی لە پەڕ دروستکراویان دەپۆشی کە زیاتر پەڕی قەلەڕەش و کەلاکخۆریان بەکار دەهێنا.

دەکرێت بپرسین چی لەو ئەشکەوتەی [شانەدەر] کە بەسەر زێی گەورەدا ڕوانیویەتی گوزەراوە، لە کاتێکدا وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد، زێی گەورە وەک یەکێک لە چوار ڕووبارەکانی بەهەشت دەستنیشان کراوە؟ ئایا لە هەزارەی نۆیەمی پ.ز چاوداران و مرۆڤ-فریشتە سەردانی ئەم ئەشکەوتەیان کردووە؟ لە هەبوونی شوێنەواری باڵندەی گۆشتخۆر تێدەگەین، بەڵام ئەو پانزە کەلـلەسەرەی بزن-ە چین ــ ئەمانە چۆنە لەو وێنەیەدا شوێن دەگرن؟

بزنێک بۆ ئەزازێل

تەورات باس لە ‘ Day of Atonement- ڕۆژی کەفارەت’ دەکات، کە لەو ڕۆژەدا، گیسکێک ‘بۆ ئەزازێل’ دەنێردرێتە چۆڵەوانی کە گوناهی هەموو یەهوودییەکانی لەسەر پشت بارکراوە و لەو ڕێگەیەوە دەبێت بە کەفارەت بۆ گوناهەکانیان. ئەزازێل یەکێکە لە دوو پێشەواکەی چاوداران، کە پێشەوایی کۆمەڵەێک لە درنج کردووە بە ناوی ‘Seirim، یاخود تەگە (گیسکی-نێر-نێری).’ ئەو ‘تەگانە’ چەندان جار لە پەرتووکی پیرۆزدا ناویان هاتووە و لە لایەن هەندێ لە یەهوودییەکانەوە خۆشویستراون و پەرستراون. تەنانەت دەگوترێت کە هەندێ لە ژنان لەگەڵ ئەو درنج-تەگانە جووت بوون، هەر وەکوو لە پەرتووکی لێڤییەکاندا هاتووە: «پێویسته‌ له‌مه‌ودوا قوربانییه‌كان بۆ ئه‌و بتانه‌ پێشكه‌ش نه‌كه‌ن كه‌ له‌ شێوه‌ی ته‌گه‌ دروستكراون كه‌ به‌ دوایاندا له‌شفرۆشی ده‌كه‌ن» پەیمانی کۆن- لێڤییەکان ١٧:٧. ئەمە ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە چۆن لە پەرتووکی حەنۆخ-دا باس لە تێکەڵبوونی چاوداران و کچانی مرۆڤ دەکات. لەبەر ئەوەی  پەیوەندییەکی زۆر بەهێز لەنیوان چاوداران و تەگە-دا هەبووە، شارەزای پەرتووکی پیرۆز و ئەدەبیاتی یەهوودی J. T. Milik – جەی. تی مەلیک باوەڕی وایە کە ئەزازێل، ‘تەنیا تەگە-یەکی ئاسایی نەبووە، بەڵکوو [ئەزازێل] دێوێک بووە کە تێکەڵەیەک لە هەردوو سیفەتی تەگە و مرۆڤی هەبووە.’ بە واتایەکی تر [ئەزازێل] تەگە-مرۆڤ، یاخود تەگە-شامن بووە.

بەم شێوەیە ڕوون دەبێتەوە کە چاوداران تەنیا ‘مرۆڤ-باڵندە’- شامنی گۆشتخۆر نەبوون کە تێکەڵ بە خۆشییەکانی مرۆڤ و دونیا بووبێتن، بەڵکوو ئەوان تەگە-شامن-یش بوون. تا ڕادەیەک سەیرە ئەگەر باوەڕ بەوە بکەین، ئەو پەیوەندییەی ئەزازێل و تەگە لەپشت بوونی تەگە بە سیمبوڵی شەیتان [خراپە]وە بێت، هەروەها لەوەشەوە دەردەکەوێت کە بۆچی مرۆڤ ئەوەندە دژ بە ئەستێرەی پێنج لای هەڵگەڕاوەیە.

مەلیک تاووس

شارەزای مێژووی کولتووری کوردی، مھرداد ئیزەدی، ئاماژە بەوە دەدات کە پاشماوەی باڵندە گۆشتخۆرەکانی ئەشکەوتی شانەدەر بەڵگەن لەسەر هەبوونی کولتووری شامەنی لە کوردستان کە یادەوەری [شامەنەکان] کاریگەریان لەسەر پەرەسەندنی ئەفسانەی تاووس هەبووە. کوردستان نیشتیمانی سێ ئایینی ڕەسەنی کوردی فریشتە-پەرستە، ئەمەی کە زۆر نهێنی و پڕ ڕازە لەم سێ ئایینە ڕەسەنە کوردییەدا، ئایینی ئێزیدی کوردستانە. ئێزیدییەکان باوەڕیان بە بوونێکی باڵا بە ناوی مەلیک تاووس-(تاووسی مەلیک)، هەیە، کە لە شێوەیەی باڵندەیەک دەپەرسترێت کە لە شێوەی sanjaq- سەنجەق دایە. پەیکەری ئەم باڵندەیە کە لەسەر ستوونێکی کانزایی وەکوو تەختی مۆم وایە کە بە زۆری لە مس یان مسی زەرد دروستکراوە. ئەمەی جێگای سەرنجە، لە ڕاستیدا کۆنترین ‘سەنجەقەکان’ بە هیچ شێوەیەک تاووس نین، بەڵکوو باڵندەی دەنووک ئەستوور و چەماوەن. مھرداد ئیزەدی دەڵیت کە بتە سەنجەقییەکان زیاتر نیشاندەری باڵندەی گۆشتخۆرن، ئەو باڵندانەی کە لە لایەن شامەنەکانی ئەشکەوتی شانەدەر بە پیرۆز دانراون، بە واتایەیکی تر، باڵندەی کەلاکخۆر، هەڵۆ یان هوبرە.

دانیشتووانی چەرمۆ

تەواوی ئەمانە یارمەتیدەری سەلماندنی ئایدیای هەبوونی کولتوورێکی پێشکەوتوون لە چیاکانی کوردستاندا لە دەستپێکی شۆڕشی نیۆلیتیکیدا. ئەگەر بە ڕاستی ئەم کەلاخۆرە-شامنانە بووبێتن کە مەعریفە و زانستی باڵایان گواستبێتەوە بۆ ئەو کۆمەڵگا کشتووکاڵیانەی پێدەشتەکان کە بە هێواشی لە پەرەسەندندا بوون، کەواتە دەبێت ئەوان ئەو هەقیقەتە بن کە لە پشت ئەفسانەی چاودارانەوەیە کە زانستی ئاسمانییان بۆ مرۆڤایەتی گواستووەتەوە. بەڵام، هیچ سیفەتێکی ڕوخساری ئەو شامنانە نەدۆزراوەتەوە جگە لە هەندێ جلوبەرگی ڕێوڕەسمی تایبەت. ئایا ئەو شامنانە لێکچوونێکیان هەبووە لەگەڵ ئەو باڵابەرز و پێست سپییە ڕوخسار درەوشاوانەی کە شێوە ماریان هەبووە و لە ئەدەبیاتی پەرتووکی حەنۆخ-دا باس کراون؟ ئایا دەکرێت بەڵگەی شوێنەوارناسی هەبێت لەسەر گەلێک کە ئەگەر هیچ نەبێت هەندێ سیفەتیان هاوشێوەی وەسفکراوەکانی چاودارانی ئەدەبیاتی حەنۆخ-ی بێت؟

بێ گومان بەڵگەی شوێنەوارناسی هەیە، لە ناوچەیەک کە بە ‘چەرمۆ’ ناسراوە کە بەسەر ڕووباری زێی بچووکدا دەڕوانێت لە باشووری کوردستان- ئەم ناوچەیە بە دووری ٧٠٠کم دەکەوێتە باشووری دەریاچەی وان-ەوە، شوێنەوارناسان هەندێ بەڵگەی کۆمەڵگای پێشکەوتووی نیۆلیتیکی سەرەتاییان لە چەرمۆ دۆزیوەتەوەی کە لەنێوانی ساڵانی ٦٧٥٠- ٢٠٠٠ پ.ز لە گەشەسەندندا بووە؛ لە ڕاستیدا، نموونەی کۆنترین کانزاکاریی سەرەتایی لە جیهاندا، لە چەرمۆدا دۆزراوەتەوە. ئەوەی کە زۆر سەرنجڕاکێشە لەسەر چەرمۆ ئەوەیە کە دانیشتووانی چەرمۆ دەستەیەکی کەم بوون لە دروستکردنی پەیکەری وێنەیی بچووک لە خشتی کەم-سوورۆکراو. بە هەزاران پەیکەری بچووک لە ئاوەدانییە سەرەتاییەکاندا لەم ناوچەیەدا دۆزراونەتەوە، زۆرێکیان پەیکەری ئاژەڵ و باڵندە بوون، هەندێکیان کەلـلەسەری مرۆڤ بوون و هەندێکی تریش پەیکەری مێینەیی بوون، دەکرێت ئەم پەیکەرە مێینانە وەکوو دایکی خواوەند قبووڵ بکەین.

وا دەردەکەوێت کۆمەڵگای چەرمۆ هاوشێوەی مرۆڤی ئێستا ئارەزوویان لە نەخشاندنی وێنەی جیهانی دەوروبەریان هەبووبێت. ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، کەواتە چۆن هەبوونی چەندان پەیکەری کەلـلەسەری شێوەمرۆڤی ((anthropomorphic بچووک کە دەموچاوێکی درێژ و چاوی تڵیشاوی وەکوو ‘مارمێلکە’ یاخود بە شێوەیەکی ڕاستتر بڵێین، سیفەت‌مار لەناو دۆزراوەکاندا ڕوون دەکەینەوە؟ ئەم پەیکەرانە لە ڕوخساردا زۆر نامرۆڤانە دەردەکەون و زیاتر لە بوونەوەری چاو-دەرپەڕیو دەچن وەک لە شێوەی مرۆڤی ئاسایی.

بینینی ئەم وێنانەی چەرمۆ، تەزوو بە لەشی مرۆڤدا دەهێنێت، لەبەر ئەوەی ئەم وێنانە زۆر لە وەسفی چاودارانی ئەدەبیاتی حەنۆخی دەچن. کەواتە، دەکرێت کۆمەڵگای چەرمۆ لە لایەن ئەم کەسایەتییە نامۆ رووخسار-مارە، باڵا بەرزانەی پۆشاکی پەڕداریان لە بەردا بووە سەردانی کرابێتن؟ یاخود دەکرێت ئەم خەڵکە نامۆیانە بوون کە زانستی کانزاکاری و بنەما پاشماوەییەکانی کشتوکاڵیان فێری کۆمەڵگای چەرمۆ کردووە؟

ڕاستیی ئەم پرسیارانە تەنیا وەکوو گریمانەیەک دەمێنێتەوە، بەڵام شایەنی باسە ئەم ئامێرانەی لە opsidian- ئاپسیدیەن دروست کراون و لە چەرمۆ دۆزراونەتەوە لە ڕاستیدا لە کانزای خاوی ئاپسیدییەن لە پێدەشتەکانی چیای نەمروود لە دەریاچەی وانەوە ساز کراون. ئایا چاوداران بازرگانیان بە ئاپسیدییەنەوە کردووە؟ ئایا دەرکەوتنی ئەم جۆرە ئامێرانە، نیشانەی بوونی [چاودارانە] لەناو کۆمەڵگاکانی کوردستاندا؟

خەڵکی شێوە مار

لە ٥٥٠٠ پ.ز بە دواوە، دانیشتووانی بەرزاییەکانی کوردستان بە ژمارەیەکی زۆر دەستیان کرد بە کۆچ بەرەو دەشتاییەکانی میزۆپۆتامیای خواروو. لەو ماوەیەدا بوو کە ‘Eridu- ئیریدو’ یەکەمین شاری مانگی بەپیت دامەزرا، کە پەرستگای تایبەت بە خۆی هەبوو کە حەوزێکی ژێرزەمینی تایبەت بە ڕیچواڵی-شی لەخۆ دەگرت.

لە دەوروبەری ٥٠٠٠ پ.ز لە دەشتاییەکانی باکووری میزۆپۆتامیا کولتوورێکی نوێ دەردەکەوێت، کە لە ئێستادا بە ‘The Ubaid-عوبەید’ ناسراوە. ئەم کولتوورە لەگەڵ خۆیدا شێوەیەکی هونەریی تایبەت بە خۆی هێناوە، لەگەڵ نەریتیی ناشتنی تایبەت، لەوانە ناشتنی مردووەکانیان لەگەڵ هەندێ پەیکەری شێوەمرۆڤی زۆر سەیر. پەیکەرەکان لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ بوون (بەڵام زیاتر مێ بوون)، ئەم پەیکەرانە باریکەلە و ڕووت بوون کە سەرشانیان پان و سەریان خشۆکی بووە کە لە شێوەدا شارەزایان بە ‘وەکوو-مارمێلکە’ ناویان دەبەن. ئەم پەیکەرانە ڕوخسارێکی درێژ و باریک و لووتێکی لەمۆزییان هەبووە، چاویان کراوە و تڵیشاو بووە- چاویان بچووک و بازنەیی بووە تا ڕادەیەک وەکوو ‘دەنکی قاوە’ وایە، وە لەسەر سەریان بە پەڕێکی ئەستوری لە قیڕ دروستکراو هەیە کە نیشانەی قژی لوولە (ئەم جۆرە پەیکەرانە لە چەرمۆش دۆزراوەتەوە).

منداڵانی جنۆکە

ئایا ئەم کولتوورە شامنیانە لە کوێوە سەرچاوەیان گرتووە؟ ئایا لە دوای کۆتاییهاتنی کۆتا چاخی سەهۆڵبەندان لە کوردستانەوە پەرەی سەندووە یاخود باپیرانیان لە نیشتیمانێکی ترەوە کۆچیان بۆ کوردستان کردووە؟ ئایینە فریشتە-پەرستەکانی کوردستان خۆیان بە نەوەی پێخەمبەر نوح دەزانن، کە دوای لافاوەکە لەگەڵ خێزانەکەیان لە نیشتیمانی کوردان نیشتەجێ دەبێت.

بە پێچەوانەوەی میراتی ئایینە ڕەسەنە کوردییەکان، کوردە جوولەکەکان چیرۆکی سەرنجڕاکێشیان لەسەر بنەچەی کورد هەیە، و بە ‘منداڵانی جنۆکە’ ناویان دەبەن. ئەوان دەڵێن، لە سەردەمی پێخەمبەر سلێماندا، لە لایەن پێخەمبەر سلێمان خۆیەوە فەرمان بە ٥٠٠ جنۆکە کراوە بۆ ئەوەی ٥٠٠ جوانترین کچی پاکیزەی لە دونیادا بۆ بدۆزنەوە و بۆی بهێنن. ئەم جنۆکانە پێیان گوتراوە کە هیچیان بۆیان نییە بگەڕێنەوە تاوەکوو یەک بە یەکیان، ئەوەی فەرمانی پێکرابوو، جێبەجێی نەکات. جنۆکەکان دەستیان بە گەشتە قورسەکەیان کرد و چوون بۆ ئەوروپا بۆ دۆزینەوەی کچی پاکیزە. دوای ئەوەی ئەو پاکیزانەی کە لێیان داواکرابوو کۆ کرایەوە، جنۆکەکان ویستیان بگەڕێنەوە ئورشەلیم، بەڵام لە ڕێگادا بیستیان کە پێخەمبەر سلێمان مردووە. لەم دۆخە قورسەدا، جنۆکەکان نەیان دەزانی کە کچەکان بگەڕێننەوە ماڵەکانیان لە ئەورووپا یاخود لە لای خۆیان بیانهێڵنەوە؟ لەبەر ئەوەی کچە گەنجە پاکیزەکان، ‘لە دڵی جنۆکەکاندا جێگای خۆیان کردەوە’، جنۆکەکان کردیانن بە ژنی خۆیان. دوای ئەوە منداڵی زۆریان بوو، جا ئەمانیش منداڵی زۆریان بوو… وە بەم شێوەیە گەلی کورد هاتە بوون.’

لە شێوەیەکی تری چیرۆکەکەدا هاتووە، پێخەمبەر سلێمان ١٠٠ جنۆکەی بە دونیادا بڵاو کردووەتەوە بۆ ئەوەی ١٠٠ کچی پاکیزە بۆ هەرێمی تایبەتی خۆی بهێنن. دوای ئەوەی فەرمانەکەی جێبەجێ دەکەن، سلێمان دەمرێت و جنۆکەکان بڕیار دەدەن کە کچەکان بۆ خۆیان بهێنن و بچن لە چیا سەختەکانی کوردستان نیشتەجێ بن. هاوسەرگیریی نێوانیان گەلی کوردی لێ هاتووەتە بوون. کوردەکان لە ‘زرنگی و کارزانیدا دەچنەوە سەر باوکانیان و لە جوانی و قۆزیشدا دەچنەوە سەر دایکانیان.’

هەرچەندە ئەم چیرۆکە بێواتا و هیچ دەردەکەوێت، بەڵام ئەم ئەفسانەیە هەوڵێکە بۆ ئەوەی دەری بخات کە کوردەکان هەندێ سیفەتی دەرەکیان هەیە و ئاماژەیە بە گەڕاندنەوەی بنەچەیان بۆ شانشینی سلێمان و ئیسڕائیلی ئێستا.

چیای مەندای

صابیئییەکانی خوارووی عێراق تا ڕادەیەک لە سۆمەرییەکان دڵنیاترن لەسەر بنەچەی خۆیان. لە کاتێکدا ئەوان باوەڕیان وایە کە باپیرانیان لە شوێنێکی ئەفسانەییەوە بە ناوی چیای مەندای لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتوون، بەڵام کۆنتر لەوەش پێیان وایە باپیرانیان لە میسرەوە هاتوون. سەرەڕای ئەوەی ئەمە تا چەند خەیاڵیش دەردەکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا لە زمانی صابیئییەکاندا چەندان وشە هەن کە ڕەگەکەیان میسری کۆنە. لەوەش گرنگتر، باوەڕیان وایە کە دوای مردن، ڕۆحی مردووەکانیان بەرەوە باکوور دەفڕێت (بۆ نموونە بەرەو چیاکانی کوردستان)، کە لەوێ دەچن بۆ سەرزەمینێکی ئەفسانەیی بە ناوی Mataratha- مەتەراسە، کە وەکوو شوێنی دادوەرییە. ئەو شوێنە بریتییە لە neter-ژێرزەوی، یان نیشتیمانی-چاوداران. وشەی neter لە هەندێ زمانی خۆرهەڵاتی ناویندا بە واتای ‘چاودار’ دێت، هەمان ناوی یەکەمین فریشتەکانی ئەدەبیاتی حەنۆخ-ی، لە کاتێکدا لە زمانی میسریی کۆندا هەمان وشە بە واتای بوونەوەری نیوە-ئیلاهی دێت کە لە سەردەمێکی زێڕیندا ژیاون کە بە zep tepi – سەردەمی یەکەم، ناسراوە. ئایا دەکرێت کە چاودارانی کوردستان نەوەی نیوە-خواوەندەکانی میسر بووبن؟

یەکەمین جووتیارەکان

وەکوو دەزانرێت شۆڕشی نیۆلیتیکی لە چیاکانی کوردستانەوە لە نزیکەی ٨٥٠٠ پ.ز دەست پێدەکات، بەڵام ئەوە دەستپێکی سەرەتای کشتوکاڵکردن، ئاژەڵ ماڵیکردن و دروستکردنی ئامێر و شێوەژیانی کۆمەڵی نەبووە. بەڵگەی زۆر بەهێز هەیە کە نیشانی دەدات کە چەندان ناوچەی کشتوکاڵی بە درێژایی کەنارەکانی ڕووباری نیل لە باشووری میسر و باکووری سودان لە نزیکەی ١٢،٥٠٠ پ.ز بوونیان هەبووە. ئەم کۆمەڵگایانە بە شێوەیەکی جێگیر برەویان بە پەرەسەندنی خۆیان داوە تاوەکوو ١٠،٥٠٠ پ.ز کە بەبێ هیچ هۆکارێکی دیاریکراو دیار نامێنن. شارەزایان لەو باوەڕەدان بەهۆی بەردەوامیی لافاوی ڕووباری نیل، ئەو کۆمەڵگایانە لەناوچوون. دەبێت تێبینی ئەوە بکەین کە دوای دیارنەمانی کشتوکاڵکردن لە میسر لە نزیکەی ١٠،٥٠٠ پ.ز، بە دەقیقی ١،٥٠٠ ساڵ دوای ئەوە لە کوردستاندا کشتوکاڵکردن سەر هەڵدەداتەوە و پەرە دەسەنیت. ئایا دەکرێت ئەوانەی کۆمەڵگاکانی سەر ڕووباری نیل-یان فێری کشتوکاڵکردن کردووە (ئەوانەی کە خەڵکی ناوچەی نیل-یان فێری کشتوکاڵکردن کردووە لەناکاو دیار نامێنن و خەڵکەکەش لەناکاو بەرەو کۆمەڵگای سەرەتایی پێش کشتوکاڵکردن دەگەڕێتەوە)، لەنێوانی ١٠،٥٠٠ بۆ ٩٠٠٠ پ.ز بەرەو چیاکانی کوردستان کۆچیان کردبێت؟ ئایا چی وای لەو گەلە کرد- کە شارەزای کشتوکاڵکردن بوون، پێدەشتە بەپیتەکانی میسری سەرەدەمی چاخی بەردینی کۆن جێبهێڵن و بەرەو ناوچەیەکی بەپیتتر [کوردستان] بەڕێ بکەون؟ دەکرێت ئەوان باپیرانی چاوداران- مرۆڤ-فریشتەی ئەدەبیاتی حەنۆخ-ی بووبێتن؟

دیاریکردنەوەی مێژوویSphinx ـفینکس

بە پێچەوانەی باوەڕی قبووڵکراو کە هەڕەمی ‘The Great Sphinx of Giza- سفینکسی مەزنی گیزە’ی میسر، لە دوای وشکبوونی بەرەبەری خۆرهەڵاتی ناوین لە هەزارەی چواری پ.ز سەردەمی فیرعەونەکان داتاشراوە، لە ئێستادا بەڵگەی تازە دەری دەخات کە ئەم هەڕەمە لەو سەردەمەدا دانەتاشراوە. وەکوو دەردەکەوێت کەشوهەوا هۆکاری داڕوخانی هەڕەمەکەی گیزەیە، بەڵام ئەم داڕوخانە بەهۆی داخورانی لمەوە نەبووە (شارەزایان باوەڕیان وایە کە شێوانی هەڕەمی گیزە بەهۆی داخورانی لمەوە بووە، بەڵام جۆن ئەنتۆنی وێست، نووسەری ئەمریکی پێی وایە باران‌بارین هۆکارەکەی بووبێت) بەڵکوو بەهۆی دابارینی بارانەوە بووە لە ماوەی چەند هەزار ساڵێکدا. دواین جار کە بارانی زۆر بەخوڕ لەو ناوچەیەدا دای کردبێت، لەنێوانی ٨٠٠٠ بۆ ٥٠٠٠ پ.ز بووە، کە کەشناسان بە ‘The Neolithic Subpluvial- خوڕبارانی نیۆلیتیکی’ ناوی دەنێن. بەو پێیە بێت، ئەم هەڕەمە لەو ماوەیەدا یاخود پێش ئەو سەردەمە داتاشراوە.

بێ گومان ئەم سفینکسە، شێرە نەوەکوو کەلـلەسەری خەفرەعی فیرعەون، کەلـلەسەری ئەم شێرە لە سەردەمی فیرعەونەکاندا داتاشراوەتەوە، بۆ ئەوەی نیشاندەری پاشا (خەفرەعی فیرعەون) بێت کە جامی پاشایی لەسەر نراوە. سەری ئەم شێرە بە ئاراستەی ڕۆژهەڵاتە و دەڕوانێتە ئاسۆ کە لە وەرزی بەهاردا و خەزانی پاییزدا خۆری لێوە هەڵدێت. (بۆ زانیاریی زیاتر دەربارەی وردەکاری ئەم گریمانەیە، سەردانی ئەم لینکە بکە:  https://www.robertschoch.com/sphinx.htm

وێرانکاریی جیهانی

بەپێی ئەو بەڵگە جوگرافیانەی لە بەردەستدان، دوای ئەوەی کۆتا چاخی سەهۆڵبەندان لە هەزارەی یانزەیەم و دەیەمی پ.ز کۆتایی هات، چەندان گۆڕانکاریی کەشوهەوا و کارەساتی سرووشتی بەسەر زەویدا هاتن وەکوو: تەقینەوەی بورکانەکان، بومەلەرزە و بارانی بەخوڕ کە بوونە هۆی ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر تاریکی، بەری ڕووناکی خۆری گرتووە. ئەم کارەساتانە بوونە هۆی مردنی ملیۆنان ئاژەڵ و لەناوچوونی چەندان جۆری ئاژەڵ. ئەم ڕووداوی وێرانکارییە بە چەندان شێوە لەنێوان کولتوورە جیاوازەکانی سەر زەوی، بە شێوەی سیمبوڵی تۆمار کراوە و گێڕدراوەتەوە. بە ئەگەرێکی زۆر ‘کولتووری کۆنی میسر’ [ئەوانەی هەڕەمەکانیان داتاشیوە و کۆمەڵگاکانی سەر کەنارەکانی ڕووباری نیل-یان فێری کشتوکاڵکردن کردووە]، لەناو جەرگەی ئەم وێرانکارییە جیهانییە بوون. بێ گومان، ئەم گۆڕانکارییە کەشوهەواییانە لەم سەردەمەدا بوونەتە هۆی لافاوی فراوان بە درێژایی کەناراوەکانی ڕووباری نیل، لەبەر ئەوەشە شارەزایان ئەم لافاوە بەهێزانە بە هۆکاری لەناوچوونی ئەم کۆمەڵگا کشتوکاڵیانە دادەنێن.

باوکی ترس

وا دەردەکەوێت کە ئەم گۆڕانکارییە کارەساتبارە کەشوهەواییانە هۆکاری پەرشبوون و بڵاوبوونەوەی کولتووری کۆنی میسر بووبن و دواجاریش لەناوچوونی هاتنی کۆمەڵگا کشتوکاڵییەکانی کەنار ڕووباری نیل. ئەم گریمانەیە لە گێڕانەوەیەکی ئەفسانەیی ئەدەبیاتی قیبتی-میسری دەربارەی دابارینی ئاگر و لافاو بەسەر میسردا بە ڕوونی دەردەکەوێت. ئەم گێڕانەوەیە باس لە دابارینی ئاگر و هەستانی لافاوێکی گەورەی وێرانکەر بەسەر میسردا دەکات.

ئەم گێڕانەوەیە، ئوستوورەی مێخواوەندی سەر-شێر ‘Sekhmet- سێخمەت’ کە یەکێک بووە لە ئەندامانی پانتیۆنی خواکانی میسر. بەپێی ئەم ئوستوورەیە، لەبەر ئەوەی مرۆڤ بێ فەرمانی خۆر-خواوەند ‘Ra, Re-ڕا’یان کردووە، ئەم مێخواوەندە [سێخمەت] توند و توڕەیە ئاگرێکی وێرانکەری ناردووەتە سەر مرۆڤەکان. ئەگەر دەستێوەردانی خواوەند ڕا نەبوایە، ئەوا کۆمەڵکوژییەکەی سێخمەت کۆتایی بە مرۆڤایەتی دەهێنا. ڕا، خواردنەوەیەکی سەرمەستکەر دەنێرێتە سەر زەوی بۆ ئەوەی زەوی دابپۆشێت و بەهۆی خواردنەوەی ئەم تێکەڵەیە، سێخمەت مەست دەبێت و خەوی لێ دەکەوێت.

ئایا دەکرێت گریمانەی ئەوە بکەین کە، ئاگرە وێرانکارەکەی سێخمەت نیشانەی کەوتنەوەی ئاگرێکی وێرانکەر بێت، کە میسری وێران کردبێت و خواردنەوە-کەش کە زەوی داپۆشیوە نیشانەی یادەوری لافاوی گەورە بەدوای ئاگرەکەوتنەوەکەوە بێت، کە وێرانکاری بەسەر میسردا هێناوە؟ ئایا دەکرێت سێخمەت نموونەی سیمبوڵی سەردەمی کایۆس و وێرانکاری کۆتایی چاخی سەهۆڵبەندان بێت؟ ئایا لەبەر ئەوەیە کە میسرییەکان بە سفینکسی مەزنی گیزە دەڵین ‘باوکی ترس.’

لە چیرۆکی سێخمەتدا، ئەو مرۆڤانەی کە ڕزگاریان بووە لەو کارەساتەی مێخواوەند سێخمەت بەسەریدا هێنان، هەندێکیان بەرەو چیاکان کۆچ دەکەن و هەندێکی تریش لە ‘کونەکاندا’ وەکوو ‘مار’ و ‘کرم’ خۆیان دەشارنەوە. دەتوانین ئەم جۆرە خۆپارێزییە لە ئەدەبیاتی کولتوورە جیاوازەکانی جیهان بدۆزینەوە، بەڵام شێوەی ئەم چیرۆکانە لە ئەدەبیاتی میسردا، باس لەوە دەکەن کە دوای ئەوەی کولتووری کۆنی میسر پەرش و بڵاو دەبێت، لە شوێنێکی تر جێگیر دەبنەوە. ئایا دەکرێت ئەم شوێنە، چیاکانی کوردستان بووبێت، شوێنێک کە چاوداران پاڵنەری دەستپێکی شۆڕشی نیۆلیتیکی بوون لە نزیکەی ٨٥٠٠ پ.زـەوە؟

کۆچی کولتووری کۆنی میسر بەرەو تاراوگە لە سەرەتاکانی کۆتاییهاتنی چاخی سەهۆڵبەندان لە نووسراوێکی قیبتی سەدەی نۆیەم بە ناوی ‘ Abou Hormeis’ تۆمار کراوە. لەم نووسراوەدا باس لەوە دەکرێت کە دوای ئەوەی پیاوانی ئایینی ئەستێرەناس درکیان بە وێرانکارییەکی کارەساتبار [لافاوی مەزن] بەسەر گەلەکەیاندا دەکەن، کۆچ بەرەو ناوچەیەکی شاخاوی دەکەن.

پەروەردگاری جیهانیان

ئەگەر ئێستا ڕوو بکەینە میراتی ئێرانی، ئەوا لە چەند پەرتووکێکی زەردەشتی، لەناویاندا پەرتووکی Bundahishn-بوندەهشیم، باس لە مێژووی دروستبوونی جیهان دەکات، بەپێی ئەم پەرتووکانە، جیهان ٩٠٠٠ ساڵ پێش لە دایکبوونی پێخەمبەر زەردەشت (٥٨٨ پ.ز) دروست بووە. ئەوەش دەکاتە ٩٥٨٨ پ.ز، بەپێی یەکێک لە نووسراوەکان، لەو کاتەدا هەردوو باوەڕی دوالیزمی خواوەندی ئاهورا مەزدا و ئەنگرا ماینو، لە ‘ئاگری هەوا’ و ‘ئاوی زەوی’-ەوە لە دایکبوون- ئەمەش جارێکی تر ئاماژەیەکی هێماییە بۆ ئەو ئاگر و لافاوە [وێرانکەرەی لە ئەدەبیاتی قیبتی-دا باس کراوە].

ئەم دووانە خواوەندە کێبركێیان لەنێواندا هەبووە، لەسەر ئەوەی کە کامیان بەهێزترە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی بەسەر ئاسمان و زەویدا هەبێت، شەڕی نێوانیان کاتێک کۆتایی پێدێت کە زەردەشتی پێخەمبەر کۆتایی بە ئایینی مۆغەکان دێنێت لە ماوەی ژیانی خۆیدا. لەو کاتەوە، ‘ڕۆحی چاکە’، ئاهورا مەزدا بووە بە دەسەڵاتداری باڵا بەسەر ئاسمان و زەویدا.

ئایا ئەوە ئاماژەیە کە باپیرانی پاشا-خوا ئێرانییەکان لە نیشتیمانێکی ئەفسانەییدا لە نزیکەی ٩٥٨٨ پ.ز ژیاون، کە بە ‘Airyana Vaejah-ئاریان ویجە’ زەمینی ئێرانی ناسراوە؟ ئەگەر هەندێ سەدەی بۆ زیاد یان کەم بکرێت، ئەو سەردەمە بە نزیکی ئەو کاتەیە کە کولتووری کۆنی میسری دیار نامێنێت و بڵاو دەبێتەوە. لەبەر ئەوەی ئاریان ویجە هاوواتایە بە چیاکانی کوردستان، ئایا دەکرێت ئەم میراتە تۆمارکردنی گەیشتنی کولتووری کۆنی میسرییەکان بێت بۆ ئەو ناوچەیە [چیاکانی کوردستان]، کە کولتووری چاودارانیان دامەزراندووە؟

تراژیدیای دەرکراوان

کولتووری کۆنی میسر لە لاپەڕەکانی مێژوودا بوونیان نییە. یادەوەریی نەوەکانیان کە بە چاودارانی کوردستان ناسراون تەنیا سەرکەوتنێکی بەتاڵی بوونیانە. یادەوەریان وەکوو فریشتەی جوان کە لە سۆزی خوا دورخراونەتەوە، یاخود بوون بە خواوەند و مێخواوەند، یاخود درنجی شەهوانی کە مێشکی مرۆڤایەتیان گەندەڵ کردووە، بە هیچ شێوەیەک نزیک و شیاو نییە لەگەڵ ئەم هەموو دەستکەوتە سەرنجڕاکێشانەی کە بۆ مرۆڤایەتیان بەدەست هێناوە لە بوارەکانی، ئەستێرەناسی، کشتوکاڵ، جوگرافیای ئوستوورەیی، داهێنانی تەکنەلۆجی و بونیادی کۆمەڵایەتی. بە دڵنیاییەوە ئەوە نەوەکانی [چاودارانی کوردستان] کولتووری کۆنی میسر بوون کە ڕێگەیان خۆشکرد بۆ گەشە و پەرەسەندنی شارستانییەت لە جیهانی کۆندا.

سەرنجی هەر کەسێك ڕادەکێشم بۆ خوێندنەوەی ئەم پەرتووکە، کە زۆر بە دروستی زۆر زانیاری ورد لەسەر کوردستان و کولتووریی کوردی دەدات، هەر لە کولتووری کۆنی کوردی سەردەمی مادەکان و پێش مادەکانەوە، تاوەکوو کولتووری ئێزیدییەکان و یارسانییەکان.

Loading