وەرگێڕان

لە ئوستوورەناسییەوە بۆ فەلسەفە

  • ژیل دۆڵۆز
  • وەرگێڕان: حەمەی مەلا

ئەزموونگەراکان ڕاست دەڵێن: ئەوەی ئێمە بەدیی دەهێنین و پراکتیزەی دەکەین، ئامانجە سروشتییەکانن. بەڵام ڕەنگە ڕەفتار لایەنی دیکەیشی هەبێت. ئایا دەکرێت ڕەفتارەکان ئامانجگەلێکیان هەبێت کە لە نائاگاییدا بەدی بهێنرێن؟

١-١. ئامانجە سروشتییەکان و ئەرکە ناکۆتاکان

لە لایەکەوە مرۆڤ دەتوانێت ئامانجە سروشتییەکان بەدی بهێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا، ئایا خۆبەخۆ لەگەڵ بەمرۆڤبوونیدا شتێک بەرهەم ناهێنێت؟ مرۆڤ ئامانجە سروشتییەکان دەگۆڕێت. بەڵام ئەی کارکردی ڕیتواڵ و دابونەریت چییە؟ ڕیتواڵ و دابونەریت جیاوازە لە ئامانجێکی سروشتی. گروپێکی کۆمەڵایەتیی (وەک) خێزان لە لایەنی دابونەریت و ڕیتواڵەکەیانەوە لە بەرچاو بگرن. خێزان بە شێوەیەکی سەیر کار دەکات: شتانێکی دیاریکراو لە سروشت وەردەگرێت تا ڕووداوگەلێکی مێژوویی دروست بکات، شتانێکی وەک: خواردن، خۆشەویستی، خەوتن و مردن. ئەرکی خێزان بریتییە لە هاوبەشیپێکردنی خۆراک و پەیوەندیی سێکسی و خەوتن و مردن. مردن یەکێکە لە شتە دیاریکراوەکانی سروشت. خێزان بە کەڵەکەکردنی مردن لە یادەوەریدا، مردن دەکاتە ڕووداوێکی مێژوویی. ئەم کردارە ڕیتواڵییە دەبێ پێی بگوترێ دابونەریت و ڕێوڕەسم. بە هەمان شێوە پەیوەندیی سێکسی دەگۆڕێت بۆ ڕووداوێکی مەعنەویی [/ڕۆحی]، بۆ نموونە لەژێر فۆڕمی ڕێککەوتندا. سروشت لە ڕێگەی دابونەریت و ڕێوڕەسمەکانەوە هەڵدەکێشرێت بۆ ئاست و پلەی مێژوو. هەر لەم کاتەدایە کە مرۆڤ دەگۆڕێت و بە ئامڕازگەلێکی ناڕاستەوخۆ؛ ئامانجە سروشتییەکان بەدی دەهێنێت.

کەواتە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی مرۆڤ سێ جەمسەری هەیە: ئامانجە سروشتییەکان ئامانجی سروشتین کە گۆڕاون، بەڵام ئامانجە سروشتییەکان لە خۆیاندا درێژە بە بوونی خۆیان دەدەن، لە دەرەوەی دابونەریت و ڕێوڕەسمەکانەوە. بەم شێوەیەیە کە مرۆڤ بەدییان دەهێنێت. بەڵام ئەگەر مرۆڤ ئامانجە سروشتییەکان بەدی نەهێنێت، ئەمە لە ڕاستیدا مانای ئەوەیە کە ئەوان بوونیان نییە و بۆ وەدیهاتن گونجاو نین، چونکە گۆڕینی ئامانجە سروشتییەکان بۆ ئامانجە کولتوورییەکان وایان لێدەکات ببنە ناکۆتا. ئەمە دەبێ وشە بە وشە ماناکەی لە بەرچاو بگیرێت: ئەو مردووەی خۆشمان دەوێت خواستێکی تەواونەبوو دەخاتە ئەستۆمان. زۆر گرنگ نییە مەودا بخەینە نێوان خۆمان و ئەوەوە. ئەم خواستە هەر وا بە ناکۆتایی دەمێنێتەوە. وتنی “خۆشمدەوێیت” لەبری “حەزم لێتە” لە ڕاستیدا دانانی خواستێکی ناکۆتایە لە بەردەمت. کەواتە ئەمە خۆی وەک شتێک بۆ بەدیهاتن ناخاتە ڕوو. بەڵام ئەی ئەم خواستە بۆچییە؟ خەڵکی دەڵێن ئەم خواستانە تەنیا ئەندێشە یان هەست دەکرێن. کەواتە، ئەگەر ئوستوورەناسی بریتی بێت لە بابەتێکی خەیاڵی، لەو ڕووەوەیە کە خواستە ناکۆتاکان بڕیار نییە بەدی بێن. ئوستوورەناسی ئەم حاڵەتەی خواستە ناکۆتاکان دەردەخات، خواستگەلێک کە جگە لە وەدیهاتنیان؛ شتێکی دیکەیان لە ئێمە دەوێت.

خوداوەندەکان کاتەکانیان بە خواردنەوەی شەراب بەسەر دەبەن کە تەنیا بۆ ئەوان تەرخانکراوە. ئێمە مانای ئەمە لە هەوڵدان بۆ زیندووڕاگرتنی هێمایەک دەدۆزینەوە. خوداوەندە نەمرەکان ڕۆژەکانیان بە خۆشخۆری بەسەر دەبەن. لە سەرەتاوە دوو دەستە لە بوونەوەری سەروو مرۆڤ هەن کە شەڕ دەکەن بۆ ئەوەی ببنە خوداوەند. لەم شەڕەدا شەڕ لەسەر خواردنەوەیەکە کە ئیکسیری ژیانە. کەواتە خوداوەندەکان نەمرن چونکە دەخۆنەوە. ئەم گۆڕانکارییە ئامانجی سروشتە، گۆڕینی خواردنەوە بۆ ئەرکێکی بێکۆتایی. ئەگەر خوداوەندەکان بتوانن واز لە خواردنەوە بهێنن، ڕەنگە ئیتر نەمر نەبن. ئەو مەبەستەی کە ئەرکی بێکۆتایی لە خزمەتیایەتی؛ ئەوەیە کە ئەوان بە تەنیا ڕێگە بە مرۆڤ دەدەن ئامانجە سروشتییەکان بە شێوەیەک بەدی بهێنێت کە چیتر بە تەواوی ڕاستەوخۆ نەبێت. هەر بۆیە سینیزم دژە فەلسەفییە. سینیست دەبێت لە دەقی قسەکانیدا ڕەچاو بکرێت. چ شتێک ڕێگە بەم فێڵە دەدات؟ ئەو قەدبڕەیە کە سینیست دەیبینێت. ئەم قەدبڕە ڕاست و دروست بریتییە لەوەی کە سینیست گۆڕانکاری و گۆڕینی ئامانجە سروشتییەکان بۆ ئامانجە ناکۆتاکان ڕەت دەکاتەوە. بەڵام ئامانجە سروشتییەکان هێشتا ئامانجی عەقڵ نین. ئەوان کۆمەڵێک بەها و هەستیارین کە هەستیان پێدەکرێت و دەکرێنە ئەزموونی ژیان. کەواتە دەبێت بە چ شتێک بڵێین عەقڵ؟ ئەگەر لای خۆیانەوە ئامانجە سروشتییەکان خۆیان وەک شتێک نیشان بدەن کە دەبێ بەدی بهێنرێن، لەم کاتەدا ئەوە خواستە ناکۆتاکانن کە خوازیاری بەدیهاتنن. ئەوان دەبنە ئامانجی شایستەی عەقڵ. ئەمەش کاتێک ڕوو دەدات کە بیرکردنەوە خۆی ناچار دەکات خۆی بەدی بهێنێت. کەواتە ئێستا ئێمە مامەڵە لەگەڵ چوار زاراوە دەکەین: ئامرازی ناڕاستەوخۆ، ئامانجە سروشتییەکان، ئامانجە کولتوورییە هەستپێکراوەکان و ئامانجە کولتوورییە فیکرییەکان. لەم حاڵەتەدا خواستی ناکۆتای بەدیهێنەرانە چییە؟

١٢.  ویست، بەها، زەمینە

کانت و هیگڵ دەڵێن ویست کاتێک ویستی ئازادی بێت، لە خۆی ڕادەمێنێت یان بەرز دەبێتەوە بۆ ئاستێکی ڕەها. لەم ویستی ئازادییەدا، کردەی عەقڵانیبوون دەبینین، کە بریتییە لە بەدیهاتنی خواستی ناکۆتا. بە بڕوای هیگڵ ئەم بەدیهاتنە لە مێژوودا ڕوو دەدات. بۆیە زەمینەساز، کەسێکە کە خواستی ناکۆتا دەهێنێتە ئاراوە. واتە چۆن دەیخاتە بەرباس و بە چ ڕیزبەندییەک؟ زەمینەدانان، بریتییە لە هەڵکێشانی سروست بۆ ئاستی مێژوو و ڕۆح. هەموو ئەو کەسانەی بەهاکان لە بەردەممان دادەنێن، دەست لە زەمینەیەک گیر دەکەن. کەواتە کەی کێشەی زەمینە دەبێتە کێشەیەکی فەلسەفی؟ لەو ساتەوەی کە زەمینەساز خواستە ناکۆتاکان لە بەردەممان دادەنێت، وەک شتانێک کە دەبێت لە خودی ئەم جیهانەدا بەدی بهێنرێن. ئێستا چەمکی زەمینە ڕوونتر دەبێتەوە. لە پلەی یەکەمدا مرۆڤ خۆی وەک بوونەوەرێکی هەستکەر ئەزموون دەکات، لە پلەی دووەمیشدا وەک بوونێکی عەقڵانی. لە هەر یەکێک لەم دوو بارودۆخەدا زەمینە لە خۆی بە ئاگا دەبێت. مەسەلەکە چیتر لەسەر زەمینەدانان لەسەر ئاستی بەهاکان نییە، بەڵکوو لەسەر پێوانەکردنی ئەوەیە کە زەمینەدانان چییە. زەمینە دەبێت خۆی زەمینەی بۆ دابنرێت.

ئێمە دەتوانین لە چوار تایبەتمەندیی زەمینەوە تایبەتمەندیی فرەلایەنەی زەمینەساز بپارێزین. مەسەلەکە ئەوەندە لەسەر زەمینەساز نییە، بەڵکوو زیاتر لەسەر ئەو کەسەیە کە پشت بە زەمینە دەبەستێت. بە واتای واقیعی وشەکە، زەمینەدانان واتە پشتبەستن بە زەمینەیەک. بۆ نموونە: موسا زەمینەسازێکە، چونکە ئایینێک دەهێنێت، لە کاتێکدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو ئایینە زەمینەسازکراو و بنەڕەتییە. مرۆڤ دەبێت بپرسێت ئەم بوونەوەرە سەیرە چییە کە پشت بە زەمینە دەبەستێت؟ زاراوەی “باش بە زەمینەکراو” و “خراپ بە زەمینەکراو” لە کوێوە سەرچاوە دەگرن؟ گەڕان و پشکنینێکی نوێ دەست پێدەکات: ئێمە کەی پەنا بۆ زەمینە دەبەین؟ کاتێک کە چیتر مرۆڤ کردەی خۆی بە خۆیەوە نابەستێتەوە وەک بکەری ئەو کردەیە.

بەڵام کەی پەنا بۆ شتێکی دیکە دەبەین؟ وەک بینیمان ئەم بابەتە بریتییە لە پەڕینەوە لە ئوستوورەناسییەوە بۆ فەلسەفە، بە دۆزینەوەی سوبێکتێکی هاوبەش لە کردە (کارەکتەرە)کانیاندا. ئەم ڕیشەی هاوبەشییە واتە خواستی ناکۆتا. بینیمان کە لە ڕەفتاری مرۆڤدا چوار تایبەتمەندی هەن:

١. مرۆڤەکان بە دوای ئامانجە سروشتییەکاندا دەگەڕێن.

٢.  بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشوێن ئامانجەکانیاندا دەگەڕێن. سود لە ئامرازەکان وەردەگرن.

٣. چ شتێک ئەم ڕێگا لاوەکی و قەدبڕەی دەستەبەر کردووە؟ کە هاوکات و لە شوێنێکی دیکەدا ئامانجە سروشتییەکان لە خەیاڵدا دەنگ دەدەنەوە. دەبنە بەها یان ئامانجی ڕەسەنی مرۆیی. بە دروستی ئەمانەن کە خۆیان لە پێگەی خواستە ناکۆتاکاندا دەخەنە ڕوو، بەڵام وەک شتگەلێک کە لە خۆیاندا بڕیار نییە بەدی بێن. بەڵکوو وا بڕیارە ئێمە هەڵیان بگرین. جۆرێک لە کردەیان دەستنیشان کردووە: دابونەریت و ڕیتواڵ و ڕێوڕەسم. ئەمانە ئەو شتانەن کە ڕێگە بە بەدیهاتنی ناڕاستەوخۆی ئامانجە سروشتییەکان دەدەن. مرۆڤ هەر لە سەرەتاوە زەمینەسازێکە. ئێمە وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەینەوە: (کەواتە)زەمینەدانان بۆ چییە؟

٤. ئەم ئامانجە ڕەسەنانەی مرۆڤ هێشتا ئامانجە ڕەسەنەکانی عەقڵ نین. عەقڵ لە پێگەی ئامانجە باڵاکاندا تەنیا دەتوانێت خۆی تا ئەو ڕادەیە بخاتە ڕوو کە خودی ئەرکە ناکۆتاکان خۆیان ببنە شتگەلێک کە دەکرێت بەدی بهێنرێن.

بەهاکان تایبەتمەندییەکی ئێجگار ناڕوونیان هەیە. هەمیشە وا دەردەکەوێت کە جۆرێک لە ڕازوڕەمزی عیرفانییان تێدایە(لەگەڵ فەلسەفەی بەهادا بەراوردی بکەن). چەمکی بەها، نیچە لە ویستی هێز[خواستی/هێز]دا خوڵقاندوویەتی. بە بڕوای ئەو هیچ حەقیقەتێک لە ئارادا نییە، تەنیا هەڵسەنگاندنی بەهاکان بوونیان هەیە. جەختکردنەوە لەوەی کە هەر شتێک بەهایە، نمایشی بە ڕازوڕەمزکردنێکە کە دەبێت لەناو ببرێت. “مشتومڕ”ی نیچە لێرەوە سەر هەڵدەدات. ب ەپێچەوانەوە، ئەو فەیلەسووفانەی لە بواری بەهادا کار دەکەن، ئینکاری لەم بەڕازوڕەمزکردنە دەکەن. بەڵام لێرەدا ئەم دوو لایەنەی ئەم مشتومڕە هیچ جیاوازییەک دروست ناکەن. ئێمە چیتر نازانین خەریکین دەربارەی چ شتێک قسە دەکەین.

سینیزم هەڵەیە چونکە داوامان لێدەکات بە ئامانجە سروشتییەکانەوە پابەند بین، لە کاتێکدا کە بەهاکان ڕێسای دیاریکردنی ناڕاستەوخۆی ئامانجە سروشتییەکانن. ئەوەی ڕاستە ئەوەیە کە بەهاکان تەنیا ئامرازن. بەڵام بەهاکان، کە ملکەچی دادگای عەقڵ دەبن، دەبن بە ئامانجی بوونەوەری عەقڵانی.

ڕیالیزەکردنی بوونی مرۆڤ هیچ مانایەکی نییە. کەواتە ئەو گۆڕانکاری و وەرچەرخانە چۆن کار دەکات؟ ئەرکی ناکۆتا لە ڕووی بەهاوە، یەکێکە لە تێماکانی ویست. سەروکاری لەگەڵ شتێکی جگە لە ئارەزووی پەتیدا هەیە. خۆشویستن لە پلەی یەکەمدا بریتییە لە ویستن. لە ئاستی بەهاکاندا، ویست [/خواست] تێمایەکە لە دەرەوەی من {و} هیترۆنۆمۆس(دگرآیین)ـە سەبارەت بە ئەو(کانت). “دەمەوێت بخۆمەوە” شتێکی دیکەیە لەچاو “حەز دەکەم بخۆمەوە”. بەڵام لەم حاڵەتەدا هێشتا ئەم ویستە لە دەرەوەی ناوەڕۆکی ئەو ویستەدایە؛ ئەمەش گۆڕانکاری و وەرچەرخانێکی سادەیە. ئەم بەهایانە کە دەبێت بەدی بهێنرێن فۆڕمی تایبەتی خۆیان وەردەگرن، چونکە ویست دەبێتە شتێکی هیترۆنۆمۆس. ئەوەش بریتییە لە ویستێک کە جگە لە خۆی هیچی دیکەی ناوێت. ویستێک کە هیچی ناوێت جگە لە ناوەڕۆکی خۆی. ئۆتۆنۆمی وەک شتێکی گشتی و گەردوونی دەرکەوتووە. ئەمەش ڕێک هەمان ویستی سەربەخۆیی کانتە. ئەو ویستەیش ویستی ئازادی (ئازادی گەردوونی)یە. ئەخلاقی کانتی(ڕەخنە لە عەقڵی پراکتیکی) بریتییە لە وتنی ئەمەی کاتێک ویست شتێکی دەوێت، (لەو ساتەدا)ئێمە لەگەڵ ویستێکی ئازاددا دەرگیرین و ئەویش جگە لە ئازادی هیچی ناوێت.

هەمەجۆریی بەهاکان لە ئامانجە سروشتییە گۆڕاوەکانیانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەوان هێشتا بە ئامانجە سروشتییەکانەوە لکاون. بەڵام کاتێک ویست ناوەڕۆکی تایبەتیی خۆی دیاری دەکات، چیتر لەگەڵ هەمەچەشنی بەهاکاندا ڕووبەڕوو نین. زەمینەکان چیتر ئەو خواستە ناکۆتایانە نین کە  وەک بەهاکان نوێنرابێتنەوە. زەمینە و دامەزراوێتی دەگۆڕێت بۆ شتێکی چەمکی. بەمەش ئێمە، لە ئوستوورەناسییەوە دەپەڕینەوە بۆ فەلسەفە.

Loading