نووسین

لەسەر سفرەی گورگەكان

مەنسور تەیفووری

نەورۆزی ٢٠١٦ لە چیای قەرەچۆخ، شەڕڤانێكی یەكینەكانی پاراستنی گەلم بینی. قژ و سمێڵێكی ماشوبرنجی و هەڵنیشتەی زەمەن لەسەر سیمای لە گەنجەكانی دەوروپشتی جوێی دەكردەوە و وای دەكرد سەرنج خێراتر بیگرێت. پیرۆ، فەرماندەی دەستەیەك لە هێزەكان بوو. لە كۆبانێ ببوو. داوام لێ كرد چەند پرسیارێكم وەڵام بداتەوە و بشهێڵێت دەنگی تۆمار بكەم، وەك شایەتییەك كە چی كرا و چی ڕووی دا. بەڵام ڕازی نەبوو. دوای سەعاتێك بانگی كردم و وتی با پیاسە بكەین. دەستی كرد بە گێڕانەوەی ژیانی خۆی. سۆسیالیست بووە، ئەندامی گرووپێكی چەپی تورك. سەرەتای نەوەدەكان و پاش هێرشێكی دووبارەی ڕاوەچەپ لە توركیا، پەنا دەباتە ئاڵمانیا. دەیگوت: “لە ئاڵمان پەنابەر بووم. لە تەلەفزیۆنەوە بینیم دەوڵەتی توركیا كورد دەكوژێت. ئەمە بوو بە پرسیار لام. من چۆن چەپ و سۆسیالیستێكم و دانیشتووم سەیر دەكەم دەوڵەت كوردان دەكوژێت.” پیرۆ دەگەڕێت و ڕێكخستنی پارتی كرێكارانی كوردستان لە ئاڵمانیا دەدۆزێتەوە. داوا دەكات بچێتە شاخ. بەڵام بە مەرجێك پێشتر بە تەلەفوون لەگەڵ ئاپۆ قسە بكات. ڕۆژێك بانگی دەكەن و دەڵێن فڵانە وەخت ئامادە بە. “چووم و چاوەڕێی تەلەفوونمان كرد. ئەوكات ئاپۆ لە ڕۆژاوای ئێستە بوو. زەنگی دا و تەلەفوونەكەیان گواستەوە بۆ من. من هەڵچووبووم و پەشۆكاو. كەسانی دەوروپشتم پێكەنین. ئاپۆ بەمەی زانی، ئارامی كردمەوە و شتێكی سەیری پێ گوتم: “پیرۆ! دێی بۆ كوردستان بۆ لای ئێمە، بەخێر بێیت، بەڵام با یەك ڕاستیت پێ بڵێم، لەبیری مەكە و دوای ئەوە بڕیاری خۆت بدە، بیرت نەچێت دێیت بۆ سەر سفرەی گورگ.”

پیرۆ كە بە كوردییەكی پاراو قسەی دەكرد، دواتر دركاندی كە “من توركم و كوردی لێرە فێر بووم. ئێستەش لێرەم و تەنیا دەتوانم بڵێم ئێوە خۆتان ناكەن بە خاوەنی ئەو شۆڕشەی هەتانە و لێی تێناگەن.” ڕەخنەی زۆر بوو، بەڵام ئەوەشی گێڕایەوە كە چۆن بە چەندان مانگ تەنانەت ئاردیان نەبووە نانی پێ دروست بكەن و تەنیا بە خواردنی بەڕوو ژیاون. تورك بوو و كەچی بینینی ستەم وەهای لێ كردبوو نەتوانێت دابنیشێت و تەنیا تەماشاكەرێک بێت.

ئەوەی لە نموونەی پیرۆدا دەیبینین، ئەوەیە کە سیاسەت لە خاڵێكدا، لە ئایدیۆلۆژیاش تێدەپەڕێت و بە ویژدان و ئەخلاقەوە دەبەسترێتەوە، بۆ ئەو شوناسەكان هەن، بەڵام ڕێگر نابن لەوەی كە تۆ ستەم نەبینیت، لەوەی كە واز لەو ئەركە بهێنیت كە بانگت دەكات. پیرۆ ناوازە بوو و هەیە، لەبەر ئەوەی سیاسەت لە نموونەی ئەودا دەچێتە ئەودیوی شوناسێكی تایبەتییەوە و سیاسەت بۆ ئەوە هەیە تا شوناسە پێدراوەكان هەڵتەكێنێت و بیانكاتە شتێكی هەمەگیرتر، بیانكاتە چالاكییەكی هۆشیارانە و سووژانە بەرانبەر ستەم لە هەر شێوەیەكیدا. سیاسەت چەندە بۆ ئەوەیە كە شتێكی هەمەگیرتر لە جیاوازییەكان دروست بكات، ئەوەندەش بۆ ئەوەیە كە گشتێتییە خەیاڵی و دەستكردە جێگیرەكان بشكێنێت و شتێكی نوێیان لێ ڕۆ بنێت؛ لەم خاڵەدا سیاسەت پێش ئەوەی كردەیەكی ڕووت بێت، یان جێبەجێكردنی كۆمەڵێك ئەمر یان ئەندامێتتی ڕێكخراوێك بێت، هەڵوێست و تێگەیشتنێكی ویژدانییە بەرانبەر دنیا، هەڵوێستێك كە ڕێگە دەدات لەودیوی شوناسە پێدراوەكانەوە بڕیار بدەیت. ئەو هاتبووە دنیایەكەوە كە هاوكێشەكانی بەپێی قانوونی سفرەی گورگەكان دەگەڕان و دەگەڕێن، سفرەی گورگەكان خوازەیەكە بۆ وێنەكێشانی قانوونی سەرەتایی ژیانی، بەپێی زۆر شوناس، بەرژەوەندی و بە كورتی، بەپێی قانوونە زاڵ و ناچارییەكانی ژیان و غەریزە، كە تێیدا نەك بڕیاری سووژانە، بەڵكوو جەبر، واقیع و ڕیاڵ پۆلەتیك و بەرژەوەندیی چۆنێتیی هاوكێشەكان دیاری دەکات. دنیای سفرەی گورگەكان، دنیای قانوونی سەرەتایی زۆر، هاوكێشەی داروینیستیی مانەوەی “هەرە باش” و “هەرە بەهێز”ـە، دنیایەك سروود و قانوونی بەرژەوەندیی تەسكە بەپێی شوناسی دارودەستەیی و بەپێی هەرێم و قەڵەمڕەو. گورگەكان سەرەتاییترین نموونەی ئەو جۆرە پاراستنەی قەڵەمڕەون. پیرۆ ئاماژەی بۆ خەندەقەكان كرد لەسەر سنووری ڕۆژاوا و ئێستەیە كە من ئەو خوازە یان میتافۆرەم زیاتر بۆ ڕوون دەبێتەوە، خەندەقەكان هەڵكەنرابوون بۆ ئەوەی سنووری سفرەی گورگەكان دیاری بكرێت، ئێستەش پیرۆ دەبێ قەندیل و بادینان و هتد چۆڵ بكات، چونكوو قانوونی زاڵ هی گورگەكانە كە پشتئه‌ستوور بە سەرەتاییترین غەریزە و هاندەرەكان دەیانەوێ دەری بكەن. لە گوتاری “چۆڵی بكە”دا كە ئێستە پارتی كرێكارانی پێ دەردەكرێت، توخمەكانی سفرەی گورگەكان دەناسینەوە. لەم گوتارەدا بڕیارە كوردستان بە تەواوی سیمای سفرەی گورگەكانی پێ ببەخشرێت، واتە كۆمەڵێكی سەرەتایی كە تێیدا هیچ كردەیەكی سووژانە و ژیان لە ئارادا نییە و هەڵبژاردنەكان، بەپێی بەرژەوەندییە، بەپێی مافدارییە بەسەر فڵانە هەرێم و قەڵەمڕەوەوە، هەر وەك گورگەكان. هەژاریی ئەم گوتارە هی ئەوەیە کە توخمەكانی هی سەرەتاییترین هەستەكانی دەستە سەرەتاییەكانن. لە ساتەوەختە گرژەكاندایە كە خوازە و میتافۆرەكان دادەگیرسێن، كە هەم ئێستە نیشان بدەن و هەم ئاسۆكانی تێپەڕین لێی.

١. من دەتوانم نەكوژم

لە هەمان شوێن، چیای قەرەچۆخ، شەڕڤانێكی یەپەژەم بینی و داوام لێ كرد قسەم بۆ بكات، مەرجەكەی ئەویش ئەوە بوو كە دەنگی تۆمار نەكرێت، بەڵام دەتوانم گوێی لێ بگرم. ئەوان حەزیان لە كامێرا و میدیا نەبوو. هیچیان. بێناو بوون. ئەویش كە وەك زۆر كەس ناوی ڕێكخستنی بە پاشناوی كۆبانێوە گرێ درابوو، گێڕایەوە كە لە كاتی هێرشێكی داعشدا لە كۆبانێ قەناسی پێ بووە. لە چاوی قەناسەكەوە بینیویەتی داعشێك نزیك دەبێتەوە. ئەم دەیەوێت بیپێكێت، بەڵام دەبینێت زۆر گەنجە. وتی: “دڵم نەهات بیكوژم، وتم زۆر گەنجە. تەنیا پێیم بریندار كرد بۆ ئەوەی نەیەتە پێش. برینەكەی سووك بوو، خۆی بەست و دیسان بە سینگەخشكێ بەرەو ئێمە هاتەوە. ناچار دیسان بە سووكی بریندارم كردەوە. نەوەستا و هەر دەهاتە پێش. هاوڕێكانم وتیان ئەگەر نزیكتر ببێتەوە، خۆی دەتەقێنێتەوە و لێمان دەكوژێت، بۆیە بە ناچاری لە فیشەكی سێیەمدا ساردم كردەوە. ئێستەش خۆزگە دەخوازم كە نەهاتبایەتە پێش.”

ئەم چركەساتەی دوودڵی لە كوشتن، ئەو وەختەی دەتوانیت بكوژیت و دەیان هۆكار و پاساویش بۆ كوشتنەكە هەیە، ئەو چركەیە ناوەڕۆكی سیاسەتێك لە پاشماوە كۆنەكان جوێ دەكاتەوە و ئەگەری دیكەی تێدا دەڕسكێنێت، ئەگەری ئەوەی كە ئەگەرچی هەلومەرج من مەحكووم دەکەن بەوەی كە بكوژم، بەڵام دەبێ هەمیشە ڕێگەیەك هەبێت بۆ ئەوەی تەسلیمی هەلومەرج نەبم و لە هەموو دۆخێكدا و چەندەش پاساو هەبێت، دیسان من لە ئەركەكانم بەرپرسم و دەبێ بپرسم كە ئاخۆ دەشێت ئەمە نەكەم. ئەم چركەیه‌ بە ڕێكەوت، ئەزموونێكی بەكۆمەڵ نییە و ناشتوانێت بەكۆمەڵ بێت، مەگەر ئەوەی هەمان ئەو كەسانەی وه‌ها هەست دەكەن و بیر دەكەنەوە، پێكەوە دابنیشن و باسی بكەن و بیكەن بە بڕیارێكی گشتی. بەڵام تا پێش ئەو چركەیه‌، ئەمە هەر سووژەیەك بە تەنیایی و تەنیا خۆیەتی كە ئەزموونی ئەوە دەكات كە دەشێ لە جەبری بارودۆخ تێپەڕێت و ئەوە نەكات كە بە جۆریک مەحکووم کراوە بەوەی بیكات. ئەم درزە و ئەم پرسیارەشە، دوو چەكدار و دوو هێز لە یەكتر جوێ دەكاتەوە. ئەوەی خۆی بۆ نان و مەعاشێك بە مەجبوور دەزانێت، خۆی بەرپرسی مەجبوورییەكەی خۆشیەتی، لە چركەیەكدا هەر كەس دەزانێ كە دەشێ هەر ئێستە ئەوە نەكات كە پێی مەحكوومە. ئەم درزە ناوی سووژایەتییە و ئەو شتەیە هانا ئارێنت بەهیوا بوو لە ڕێگەیەوە مرۆڤەكان نەبن بە فاشیست، واتە: توانای بیركردنەوە. ڕۆح یان مەعنەوییەت، ئەگەر هەبێت، لەم چرکەیه‌دا نیشتەجێیە، نەک لە دنیایەکی دیکە و هیچ ئاسمانێکدا. توانای بیركردنەوە، توانای گومانی سووژەیە لە خۆی و لە جەبرەكانی، لە بیركردنەوەدا سووژە توانست دەناسێ و دەزانێ جەوهەری بیركردنەوە بریتییە لە توانست و پرسیار لەوەی كە ئەمە بكەم یان نا. هەر ئەم پرسیارەشە هاوكات مەكینەیەكی بندەستی شەڕە كە ملكەچی فەرمان و بارودۆخە، لە كەسێك كە لە هەر چركەیەكدا بۆ هیوایەك دەگەڕێ، جوێ دەكاتەوە. ئەم سیاسەتی جەبرە لە دواییدا دەگاتەوە سەر سفرەی گورگەکان. کارێکی ئەم سیاسەتەی بەڕێوەبردنی دنیا وەک شەڕی گورگەکان، گۆڕینی کۆمەڵگه‌ی کوردستانە بۆ هۆمۆ-کارمەند.

٢. تۆ ماشین نیت

ئەم چركەی ڕامان و ڕاوەستانە بە جۆرێكی دیكە خۆی پیشان دا. ساڵی ٢٠١٧ و كاتی هێرشی هێزەكانی بارزانی بۆ سەر شەنگال و هەوڵ بۆ دەركردنی یەکینەكانی پاراستنی گەل، ڤیدیۆیەك بڵاو بوویەوە. لە ڤیدیۆكەدا، دوو گەریلای گەنج، چوونەتە بەردەم هەمه‌رێكی سەربازیی هێزەكانی بارزانی و پاڵی پێوە دەنێن كە نەچێتە پێش. دیارە هێزی هەمه‌رەكە وەك ماشین و كەرەستە سەدان جار لە هێزی ئەو دوو كوڕە گەنجە زیاترە كە بەرانبەر هەمه‌رەكە وەستاون و دەیانەوێت بە دەست پاڵی بنێن كە نەچێتە پێش. دیارە هەر ئەو وەختە چەكدارەكانی پارتی دیمۆكرات ئەو دوو كوڕەیان پێكا و شەهیدیان كردن. بەڵام دیمەنەكە شتێكی زیاتری دەگوت، زۆر زیاتر لەوەی یەك ڕوانین بتوانێت باسی بكات. دیاربوو ئەو كوڕە گەنجانە هیوایان لەسەر شتێك هەڵبەستبوو و دەیانزانی ئەگەری ئەوە هەیە كە ئەو ماشینەی جەنگ ڕابگرن، ئەگەرچی هێزیشیان یەكسان نەبێت، بەڵام هیواكەیان ئەوە بوو ئەو كەسەی ماشینەكە لێ دەخوڕێت و دەیەوێ بچێتە پێش، چركەیەك ڕابمێنێت و ئەوە نەكات كە بۆی نێرراوە، هیوایان ئەوە بوو بەڵكوو شۆفێری هەمه‌رەكە و فەرماندەرەكانی بۆ چركەیەك بیر بكەنەوە لەوەی كە لە دەرەوەی فەرمانەوە كار بكەن و ماشینەكە ڕابگرن. ئەمە بەریەككەوتنی دووبارەی دوو ڕوانینە بۆ سیاسەت، ڕوانینێك كە خۆی لەگەڵ چەك و هەمه‌ر و ماشینەكەی بەیەك كردووە و یەكپارچە بووەتە كۆمەڵێك كردەی میكانیكی و هیچ سووژایەتییەكی نییە، بەڵکوو ماشینێکە بەبێ هیچ درز و کەلەبەرێک و هیچ ڕۆحێک، ئەو تەنیا هەیە بۆ ئەوەی ئەمرەکان جێبەجێ بکات و بڵێ ئەزبەنی و پارووەنانەکەی وەربگرێت. بەرانبەر ڕوانینێك كە لەوە دەگەڕێت ئەویدی بە خەبەر بێنێت و پێی دەڵێ كە تۆ جیایت لە ماشینەكە، تۆ مرۆیت و ماشین نیت، تۆ دەتوانی ملکەچ نەبیت. ئەم ڕوانگەیه‌ی دووەم، هیواكەی لەسەر ئەوە هەڵچنیوە كە دوژمنەكەم لەوانەیە شەڕی ڕەها نەبێت، لەوانەیە ماشین نەبێت و لەوانەیە بتوانێت بیر بكاتەوە و جەستەی خۆی لە ماشینی جەنگ وەربگرێتەوە. كوشتنی ئەوان نەك پەیامێك بوو بۆ گەریلاكان، بەڵكوو پەیامێك بوو بۆ هەر پێشمەرگەیەك و هەر ئینسانێكی ژێر دەسەڵاتی ئەو هێزە چەكدارە كە بیەوێت جەستە و بیركردنەوەی خۆی لە ماشینەكە جوێ بكاتەوە، بۆ هەر كەسێك كە بیەوێت ماشین نەبێت، ئەو گوللانە زیاد لەوەی بەو دوو گەنجەوە بنرێن، فیشەك بوون بە هەر ئەگەرێكی دیكەی ژیان و سیاسەتەوە نران. تۆتالیتاریزمی سەربازیی ئێستە لە هەموو هەرێمێکدا ناهێڵێت و نایەوێت كەس بیر لەوە بكاتەوە كە مرۆ-فەرمانبەر نییە.

٣. سەربازە یاخییەكان

وێنەی سەرباز، وێنەی كەسێكە دەبێ ملکەچی كۆمەڵێك فەرمان بێت. كەسێك كە دەبێ ئەمر و فەرمان وەربگرێت و تەنانەت هەر ڕەفتارێكیشی ئەمە نیشان بداتەوە. بەڵام دەشێ ئەم وێنەیە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. زستانی ساڵی ٢٠١٩ لە كۆنفرانسی هێترۆنۆمی و دادپەروەری لە مێكزیكۆ سیتی، دوو توێژەری گەنج لێكۆڵینەوەیەكیان پێشكەش كرد كە كورتەیەكی كتێبێكیان بوو لەسەر سەربازەكان لە زیندانی مێکزیکدا. ئەوان لە سەرەتای لێكۆڵینەوەكەدا دەچنە لای ئەو سەربازانەی تەقەیان لە خەڵك كردووە و دواتر گیراون. قسەی گشتیی سەربازەكان ئەوە بووە كە لەوه‌ی كردوویانە پەشیمانن، بەڵام تەنیا فەرمان و ئەمریان جێبەجێ كردووە. توێژەرەكان وتیان لە چركەیەكدا وەستاین و زانیمان ئەمە بۆ هیچ كوێمان نابات و پاساوێکی گشتییە لای هەمووان. بەڵام ئەوان بیر لە دەستەیەكی دیكەی سەرباز دەكەنەوە كە لە زینداندان، کەچی نەك لەسەر تەقەكردن لە خەڵك. ئەم دەستەیەی دووەم لەبەر ئەوە گیرابوون كە تەقەیان لە خەڵک نەکردبوو. نافەرمانییان كردبوو و بە پێچەوانەی فەرمانی سەرووی خۆیان، ئامادە نەبووبوون تەقە لە خۆپیشاندەران بكەن. ئەنجامی توێژینەوەكە ئەوەبوو كە ئەوەی دەشێ سیاسی بێت، لەم دەستەیه‌ی دووەمدایە. ئەم دەستە بریتییە لەوانەی كوێر نابن، نابنە ماشین و دەتوانن لە چركەیەكدا بڕیاری پێچەوانە بدەن.

دوو نموونە ئەم ملكەچییەمان بۆ ڕوونتر دەكه‌نەوە. ئایشمەنی بەرپرسی كۆمەڵكوژی و جینۆسایدی جووەكان لە دادگای ئورشەلیم بەردەوام دەیگوت كە ئەو ئەركی خۆی بەجێ هێناوە و هەرچی كردوویەتی، فەرمانی پێ كراوە. (ئەگەرچی ئەم خاڵە بێ جێگە نابێت كە بزانین پێش سی ساڵ لێكۆڵینەوەیەك بڵاو بوویەوە لەسەر ژیانی ئایشمەن لە ئارژانتین و دەری دەخات کە ئایشمەن لە كاتی خۆشاردنەوەی لە ئارژانتیندا، نەك هەر پەشیمان نەبووە، بەڵكوو شانازیی بەو كارانەوە كردووە كە كردوونی.) ئایشمەن نموونەی سەربازی وەفادار بوو، كەسێك كە بەپێی یاسای ئەرك كاری دەكرد، مرۆیەك لە ماشینێكی گەورەدا كە سیستمی نازی بوو.

نموونەی دووەم و نزیك ئایەتوڵڵا خاڵخاڵییە. ئەو كە لە لاپەڕەی یانزەی پێشەكیی كتێبی دووەمی بیرەوەرییەكانیدا نووسیەتی: “من حاكمی شەرع بووم و پێنجسەد و چەند كەسم لە تاوانباران و نۆكەرەكانی ڕژێمی شا مەحكەمە كردووە و ئیعدامم كردوون، سەدان كەسم لە بەرپرسانی كێشەی كوردستان و [شاری] گونبەد و خووزستان و بڕێك لە دارودەستەی ئەشرار و قاچاخچیی مادەی هۆشبەریشم كوشتووە؟! ئێستەش لە بەرانبەر ئەو ئیعدامانەدا كە كردوومن، نە پەشیمانم، نە گلەییم هەیە و نە ویژدانیشم پێیەوە دێشێت! بگرە، لام وایە كەمیشم كوشتووە! زۆر كەسی شیاوی سێدارە هەبوون و بەر دەستم نەكەوتن […] حوكمی ئیعدامی زۆر كەسم دا، بەڵام خۆم هیچیانم بە دەستی خۆم نەكوشت.” کەسی بە دەستی خۆی نەکوشتووە.

ساڵانی دواتریش، كاتێك هەواڵنێری ڕۆژنامەی فیگارۆ لێی دەپرسێت كە ئاخۆ لەوە ناترسێت بیبەنە دادگای نێونەتەوەیی، دەڵێ: “ئیمام ئاگاداری هەموو ئەم شتانە بوو و ئەگەر هەڵەیەك هەبووایە، پێی دەگوتم.”

ئەم تەسلمیبوونە ڕەبەقە، ئەم داماڵرانە لە سووژایەتی، مەبەستی پۆلیسە و ئەمە ئەو جێگەیەیە كە شۆفێری هەمه‌رەكە ناتوانێ بوەستێ و تێبگات لەوەی دەیەوێ ڕای بگرێت. ئایدیالی سیستمی تۆتالیتەر، دەوڵەت بێت یان خێڵی چەکدار، ئەوەیە هەمووان وه‌ها بن، نازیزم و ئه‌تاتوركیزم مرۆڤی تەواو دروست بكەن و خومه‌ینی ئەرتەشی بیست ملیۆنی لە جەماوەرێكی چل ملیۆنی. ئەوەی لە ئێستەدا لە دەسەڵاتی ئاسنینی پۆلیسیی پارتی دیمۆكراتدا ڕوو دەدات، گۆڕینی مرۆڤ و هاوڵاتیانە بۆ ئەو بوونەوەرە تەسلیمبووەی كە نموونە باڵاكەی شۆفێری هەمه‌رەکان و بێژەرانی تەلەفزیۆنەكانیانە، ئەوانەی كە هیچ نین جگە له‌ ماشینێك بۆ پڕوپاگەندەی سیاسی و جنسی. گۆڕینی كۆی كۆمەڵگه‌یەك بۆ پۆلیس و گۆڕینی مرۆڤ بۆ هۆمۆ-فەرمانبەر و کردنی فەرمانبەری بە تاكە سەرچاوەی مومكینی ژیانی ئاسوودە، زاڵكردنی چێژپەرستیی بەرخۆرانە، دیسان بەشێكن لەم خەونەی گۆڕینی مرۆڤ بۆ ماشینی ئارەزووكەر، ماشینێك بۆی نەبێ ئارەزووەكانیشی هی خۆی بێت. سەربازە یاخییەكان لەم كاتەدا بریتی دەبن لەوانەی، لەو ئەركە ڕادەكەن كە مەحکوومن بەجێی بهێنن، ئەمانەن بە جۆرێك لە قەندیل یان قەندیلەكاندا، لە دەرکی سەراکان یان شیلادزێکان، لە کووچە و شەقام و مەیدانه‌ گشتییەکاندا، لەپڕ كۆ دەبنەوە و ئەگەری ناملكەچی و نامەحكوومی بە هەلومەرج دەنوێننەوە. كێشەی سەربازە ملكەچەكان وازهێنانە لەم ئەگەری نافەرمانییه‌، تۆتالیتاریزم لەم ئەگەرە دەدات و دەیەوێت نەیهێڵێت. ئەم ئەگەرە سروشتی مرۆڤبوون پێك دێنێت و دەیكاتە بوونەوەرێك كە لە دەرەوەی جەبری سروشتەوە بوەستێت.

٤. سەرمایەداری نیشتمانی نییە

ڕستەیەكی بەناوبانگی ماركس هەیە كە دەڵێ “پرۆلیتاریا نیشتمانی نییە”، دەبێ لە ئاستی هەموو دنیادا یەك بگرێت و بەرژه‌وەندییەكانی لە هەموو لایەك لە خەباتدایە دژی چینی سەرمایەدار. ئەم ڕستەیه‌ بووەتە پاكانەیەكیش بۆ هەموو ئەوانەی كە نەیانەوێت ئاڵۆزییەكانی خەباتە جیاوازەكان ببینن و لە هەموو شوێنێك بۆ یەك فۆڕم لە كێشە دەگەڕێن، شتێك كە لە ناو چەپی كلاسیكیی كوردستان و لای كۆمۆنیستە وەستاوەكان بووەتە تاکە شیكاری بۆ كێشەی نەتەوەیی وەک “کێشەی بۆرژوازی” کە پێوەندیی بە کێشەی چەوساوان و بندەستانەوە نییە. بەڵام ڕاستییەكانی شوێنە جیاوازەكان دەشێ ئەنجامی دیكە بە دەستەوە بده‌ن. بە تایبەت لە سەردەمی دنیاگریی سەرمایە و سەربەخۆبوونی کارتێل و مافیاکان لە هەموو دەوڵەت و خاکێکدا. ئەم ڕستەیه‌ دەشێ لە دۆخی جیاوازدا دەركەوتەی دیكەی هەبێ. وەك ئەوەی كە لە ڕاستیدا و لە دنیای هەنووكەدا ئەوە سەرمایەدارییە كە نە ڕیشەی هەیە و نە نیشتمان، ئەوە پرۆلیتاریایە كە نیشتمانێكی پێویستە، ئەگەرچی ئەقڵی سەلیمیش دەزانێ کە هەموو خەباتەكان لە دواییدا خەباتێكی لۆكاڵن لە سەرزەوییەكی دیاریكراو.

ئەمەی كە سەرمایەداری لە فۆڕمە جیاوازەكانیدا نیشتمانی نییە، لە نموونەی دەسەڵاتداری باشووردا ڕوونترە. نموونەی هەولێر بابەتێكی باشە بۆ لێكۆڵینەوەیەكی فراوان. هەندێ ئایدیای سەرەتایی لەسەر پرۆژەیەکی وه‌ها دەشێ بەم جۆرە دابڕێژرێن: ئەم شارە ساڵی ١٩٩٦ بە یارمەتیی بەعس لە لایەن پارتییەوە دەگیرێت و دەكرێتە پایتەختی دەسەڵاتی پارتی و دواتر پایتەختی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام دیسان وەک شاری دەسەڵاتداریی پارتی و بە ڕوونتر بەشێک لەو پارتە کە بنەماڵەی بارزانی بن، دەمێنێتەوە. بەڵام پەلەیەكی سەیر ڕوو دەدات بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەكە، بە جۆرێك کە جگە لە قەڵاكەی كە قابیلی ناسینەوە بێت، دەبێ هەموو جێگەیەكی بگۆڕرێت. شارەکە، بە خێراییەكی پارانۆییكەوە، دەبێ بكرێتە دوبەیـەكی دیكە و ئەوانەی پێشتر شارەكەیان دیبێت، دەبێ دوای چەند ساڵ نەیناسنەوە. جادەكانی دەبێ تەنیا بۆ ماشین تەرخان بن و لە نەخشەی نوێی شارەکەدا، ئەوەی ماشینی نەبێت، نابێ بتوانێ لەوێ بژی. شێوازی پەرەسەندنەكەی دەبێ بكرێتە چەند بازنەی پێكهاتوو لە كۆمەڵەی نیشتەجێبوونی پەراوێزی. شارۆچكە و سیتی و بورج و باڵەخانە، ژیانی ئاپارتماننشینی دەبێ بكرێتە مۆدێلی ژیانی دانیشتوانەكەی، زمانەكەی لە كار بكەوێت و هاوكات چی كۆنسێرتی سەیر هەیە، لەوێ بكرێت، دەبێ دەمامکێک لە پێشکەوتن سیمای کۆنترۆڵی تەواوەتی بشارێتەوە، هونەری هه‌رزان و زەرد، بەشێک لەم ئەرکە ڕادەپەڕێنن، لە جەمشیدەوە تا هەڵکەوت زاهیر و کۆمپانیاکانی ڕێکلام، لە تەلەفزیۆنە بازرگانییەکانەوە تاکوو کارگەکانی بەرهەمهێنانی ژوورنالیستی زەرد بە هەردوو ماناکەی. كێ سەرمایە و ژیانی مۆدێرنی دەوێ، دەبێ بچێتە ئەوێ. هاوكاتی ئەمەش، چی شوناسی كۆنی هەیە دەبێ بسڕرێتەوە و هەولێریی بەختەوەر ئەوەیە كە دەتوانێ خانوو و خاكەكەی پێشووی بفرۆشێت و بیكاتە كۆمەڵە شوقەیەك، ئەوەشی وه‌ها نییە دەبێ بڕوات.

ئەم هەڵپەیە بۆ گۆڕینی ئەم شارە بۆ پایتەختی سەرمایە و دەستكاریكردنی بنەڕەتی بە تەور، هاوكاتی كۆنترۆڵی تەواوی پۆلیسی، گۆڕینی بۆ سەرمایەدارییەكی به‌بێ دیمۆكراسی، دەشێ پەردە لەسەر لایەنێكی نهێنیی دیكە هەڵبداتەوە: ئەو دەسەڵاتەی لەوێ حاكمە، هیچ شوناسێكی لە شارەكەدا نییە، خۆی بە خەڵکی ئەوێ نازانێت، متمانەی بە خەڵكەكەی نییە و تا دەتوانێت لە دوورەوە خەڵكی بۆ دەهێنێت، فرەڕەنگی دەكات، لەبەر ئەوەی شوناسەکەی بشارێتەوە. هەر وەك سەرمایەداری خۆی دەزانێ ڕیشەیەكی نییە و ناتوانێ ڕەگ دابكوتێت، ئەو دەسەڵاتەش ئەو شارەی گرتووە، لە ناخی خۆیدا باش دەزانێ كە بە داگیركاری هاتووە و هەر بۆیە دەبێ بە تەور ئەو نیشانانەی ڕابردوو ببڕێته‌وه‌ كە شتی ناخۆشی بیر دەخەنەوە، ئەم دەسەڵاتە دەبێ ڕابردووی شارەکە و هەر کوێ بسڕێتەوە بۆ ئەوەی دانیشتوانی شارەكە بیرەوەریی ناخۆشی داگیركراوی لەبیر بكەن و بیریان بچێت كە ئەمانە چۆن ڕوویان دا. دەسەڵاتی نوێ دژی هەر شوناسێكە لە شارەكە، نەك لەبەر ئەوەی دژی شوناسداری بێت، بەڵكوو لەبەر ئەوەی بیرەوەریی داگیركاری پاك بكاتەوە و دەترسێت تارماییەکانی شارە کۆنەکە پەلاماری بدەن و لە خەوەکەی ڕای بچڵەکێنن. ئەو لەبری ئەمەش، شوناسی تایبەتیی خۆی زاڵ دەكات، شوناسی مرۆڤێك كە ڕازی بێت ژیانی مادیی ئاسوودە بژی و كەچی ئازادییە سیاسییە بنچینەییەكانی نەبێت. كاتی ڕاپەڕینی ٢٠١١ لە سلێمانی و گرتنی بەردەركی سەرا، نووسەرێكی ئەو دەسەڵاتە نووسیبووی “هەولێری ئارامی و تەناهی” و فەرهاد پیرباڵ دەیگوت “مێژووی نوێی هەولێر لە ٣١ی ئابەوە دەست پێ دەكات.” ئەو ڕاستی وتبوو، بەڵام دەبووا ئەمەش زیاد بکات كە دوای ئەوە هیچ هەولێرێك لە كاردا نەما و سەرمایە هێنرا كە یادەوەری بسڕێتەوە.

لە درێژەی ئەمەدایە كە بۆ ئەو هێزە زۆر سانایە بەشێكی گەورەی خاكی بادینانیش بداتە دەستی هێزی دەوڵەتی تورك، ئەم هێزە دەزانێ ڕەنگە ڕۆژێك تارماییەكانی شارە كۆنەكە بە جۆرێكی دیكە پەلاماری بدەنەوە و مادام پۆلیس هیچ كات لە شوێنی خۆی دڵنیا نییە، بۆیە هەمیشە ئامادەیە بۆ ڕۆیشتن و بەجێهێشتن. ئەم دەسەڵاتە بێشوناس و بێڕیشەیه‌، نەك هەر خەڵكی هەولێر نییە، بەڵکوو خەڵکی هیچ کوێ نییە، ئەمە ئەو جۆرە دەسەڵاتەیە کە نیشتمانی نییە و ئەوە چەوساوانن کە پێویستیان بە نیشتمانێکە بتوانن تێیدا ئازادانە و ئاسوودە بژین. سەرمایە بە تەور و ڕاگەیاندن بێڕیشەیی خۆی دەشارێتەوە و نیشتمانەکان لای ئەو تەنیا شوێنێکن بۆ دادۆشین و ڕووتاندنەوە، هەر كاتێكیش زۆری بۆ هات، یان دادۆشینەکە تەواو بوو، یان بەر جەماوەری ناڕازییان کەوت، ئەو کاتە دەگوێزێتەوە بۆ نیشتمانێکی تر، بۆ ئەستەمبووڵ یان ئەمه‌ریکا. تێگەیشتن لەمەی کە ئەوە پرۆلیتاریایە نیشتمانی پێویستە، هەم لە وەهمی پەرەسەندنی سەرمایەدارانە ڕزگارمان دەکات، هەم پەردەی نیشتماندۆستیی حاکمان دەدڕێنێت، هاوکات هی چەپی کلاسیکیش.

دەسەڵاتی نوێ بە شوناسی بارزانییەوە هات، بەڵام ئەم شوناسە کورتبڕبوو بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە شتێکی هەمەگیر و توانای نوێنەرایەتی هەبێت، ئەم دەسەڵاتە نە ناوەکەی خۆی سڕییەوە و نە ڕێگەی دا ناوەکەی لە لایەن هەمووانەوە بەکار بهێنرێت.

٥. خودا ماوە، بینووسە لە دەروازەی شارەكە

لە ڕۆمانی سەد ساڵ تەنیایی ماركێزدا وێنەیەکی بیرچوونەوە هەیە. پەتایەك لە شاری ماكۆندۆ دەدات و خەڵكی هەموو شتێكیان بیر دەچێتەوە، بۆیە لە دەروازەی شارەكە كۆنترین نیشانە دەنووسرێتەوە كە شێوەی ئەم ڕستە وەردەگرێت: “خودا هەیە.” شەپۆلی هەنووكەیی سەرمایە و تەكنۆلۆژیا جاڕێكی گەورەی پێیە: گۆڕانی بەپەلەی ژیان و بەهاکان. بەوانەش کە ناتوانن خۆیان لەگەڵی بگونجێنن، دەڵێ “لێرە بڕۆن یان پانوپلیش دەبنەوە.” گەڕانەوە بۆ ئایین بەشێکی بەرهەمی ترسە لەمە. بەشێك لەم ڕاماڵینە، بە تەكنۆلۆژیای شەڕ بەڕێوە دەچێت. لە ته‌کنۆلۆژیای شەڕدا، كەسێكی ترسنۆك دەتوانێ بە چركاندنی دوگمەیەك سەدان كەسی ئازا بكوژێت. بەڵام ئەنجامگیرییە سیاسییەکەی ئەم دەرکەوتە سەیرترە لە خودی تەکنۆلۆژیاکە: بە داهاتنی ئەم تەكنۆلۆژیایەی شەڕ، پێمان دەگوترێت كە ئەگەری هیچ بەره‌نگارییەك نەماوە و ئەوەی نەگۆڕێت، دەهاڕرێت. (ژوورنالیستێکی کۆنی ڕۆژنامەی ئاوێنەم بینی کە لە وەڵامی ئەوەدا بۆ چووه‌تە ڕووداو، دەیگوت: “هەموومان نێچیرێک قەرزارین”). لەم سەربەندە کڵێشەییه‌دا ئازایەتی، زانایی، ژیری، ڕاستگۆیی و خودی جوانییش لە كار دەكەون و ئیدی هەموو شتێك ئەوەیە دەستت بە پرچی ماشینەکە بگات، لە ماشینی میدیا و كۆنترۆڵەوە تا درۆنەكانی جەنگ. جەنگاوەری بەم مانایه‌ ئیدی بێواتایە و كەس دەرەقەتی درۆنەكان نایەت. تەسلیم بانگی نوێی ئەم دنیایەیه‌ كە شەو و ڕۆژ بە شێوازی جۆراوجۆر لە بڵندگۆی میدیاكانەوە و لە شێوەی ئەستێرە زەردەکاندا دووپات دەكرێتەوە. سەرمایە سەركەوتنی خۆی كردووەتە جێژن. ئەم كۆمەڵە بەڵگەیه‌ لێرەن کە لە دواییدا پێمان بڵێن ئەو دۆخەی هەیە، باشترینە و با خراپتر نەکرێت. دەشڵێن ئەوەی دەیەوێت ئازایەتی ببینێت، با سەیری فیلمی كاوبۆیی كۆن بكات، ئەویش هی پێش فیلمی سێسەد، كە بە تەكنیك دروست كراوە، وەک گەلێ گۆرانی و گۆرانبێژ کە تەنیا تەکنیکی نێو ستۆدیۆکانن. ئەمانە پێمان دەڵێن كە دەبێ لەبیر بكەین، هیچ شتێكیش لە بەر دەروازەی شارەكان نانووسن. لە نموونەی ئێستەدا، بەڵێنی پەلاماری سەر هەفتانین ئەوە بوو كە ئەوانەی لەوێ بەرگری دەكەن، هی دنیای كۆنن، بەرگەی ماشینەكان ناگرن و بە دوو یان سێ ڕۆژ كاریان تەواوە و هەموویان دەگیرێن، دەكوژرێن یا ڕادەكەن. بەڵام لەوێ شتێكی دیكە ڕووی دا، لەوێ دەركەوت كە مرۆڤ هێشتا دەتوانێ دەستكاریی ماشینەكان بكات دژی خۆیان، لەوێ دەردەکەوێتەوە کە لە دەرەوەی وێنای کۆنترۆڵی تەواوەتی و وێنای دەسەڵاتی ڕەهای پۆلیسەوە، مرۆڤ دیسان دەتوانێ درۆنەكان بگۆڕێت بۆ دژی خۆیان، تەكنیكەكانیان و زانایی دوژمن بكاتە هی خۆی و دژیان بەكاری بهێنێتەوە، ئەمەش بە پشتبه‌ستن بە هەندێ بەها كە وا دیارە كۆنكەوتە بوون و كەچی هێشتا سەرمایەی بندەستانن: ئازایەتی، خۆڕاگری، خۆبەختکاری، بڕوا بە بەرەنگاری و…

٦. دەزانی بۆ ڕقت لێمە؟

نازییەکان ڕقیان لە جووەکان بوو، ئەمە دەزانین. دەزانین بەشێکی زۆریشیان بڕوایان کردبوو کە جووەکان بە ئەسڵ و ڕەگەز خراپن. وه‌ك چۆن ئەرمەنییەکان و کوردەکان لای بەشێکی زۆر لە گیرۆدەکانی ئه‌تاتورکیزم و برایانی موسوڵمان بە ئەسڵ و جەوهەر خراپن و “توخمی ئەرمەنی” جنێوێکە بە کوردان دەدرێت. بەڵام ئەمە تەنیا ڕوونکەرەوە نییە. لە نموونەی جووەکاندا، نووسەرانی دیالێکتیکی ڕۆشنگەری ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە کەسی نازی لە سیمای جووەکاندا خەریکە لە شتێکی دیکە دەدات، لەو شتەی کە خۆی لە خۆیدا کوشتوویەتی. ئەو شتەش ئەو وێنەیەیه‌ کە جووەکان نوێنەرایەتییان کردووە. جووەکان بە مێژوو نوێنەرایەتیی “نیشتمانی بێسنوور و بەختەوەری بەبێ دەسەڵات”یان کردبوو، ئەمەش بۆ ئەوانەی وازیان لە “ئەگەری بەختەوەری هێنابوو” بۆ ئەوەی لە بەرانبەریدا ژیانی ئاسوودەی نێو سیستم دەستەبەر بکەن، گران و قورس بوو. جووەکان بیرەوەریی ئەو ئەگەرەی بەختەوەرییان بیری نازییەکان دەخستەوە. سیاسەت هەرێمی ململانێی هێزەکانە، بەڵام کاتێک سەرچاوەکەی دەبێت بە ڕق لە دەستە و گرووپێکی تایبەت، ئیتر سیاسەت نییە و ناوی دیکە وەردەگرێت کە تەنیا یەکێکیان ڕەگەزپەرستییە. ڕق ناتوانێ بنچینەی سیاسەت بێت، چونکوو هەڵگری بەهایەک نییە کە توانای ئەوەی هه‌بێت ببێتە بەهایەکی هەمەگیر، ڕق تەنیا لە شێوەی پاتۆلۆژیکدا دەتوانێ خۆی پیادە بکات، بە هەرچی دیکەش دەورە درابێت. ڕقی هەنووکەیی لە مانەوەی شوێنێک لە دەرەوەی دەسەڵاتەوە و لە هەموو ئەوانەی لەوێن، لە هەڕەشەکانی هێلی لۆڤەوە تاکوو ژوورنالیست و فەرماندە چەکدارەکان لە هەرچی بۆنی پەکەکەی لێ بێت، جێگەی ئەو پرسیارە دەکاتەوە کە بپرسین: دەزانن بۆ ڕقتان لێیانە؟

٧. سیاسەت و ناو

کردەی ئەخلاقی، بۆ ئەوەی پاتۆلۆژیک و نەخۆشانە نەبێت، بە جۆرێک پێوەندییەکی لەگەڵ بێناویدا هەیە، واتە کارکردن بەبێ ناو بۆ کەسانێک کە نە دەتوانن بتناسن و نە دەتوانن بتناسنەوە یان قەره‌بووت بۆ بکەنەوە؛ بەم مانایه‌، کردەی ئەخلاقی خۆی پشتی خۆیەتی و پشت بە دەرەوە نابه‌ستێت. کۆمۆنیزم ئەگەر مانایەکی هەبێت لە دەرەوەی ڕێکخستن و دەسەڵاتی حیزبەوە، ناوێکە بۆ ئەم جۆرە لە سیاسەت و کردە لە بواری گشتیدا، واتە کردەیەک بۆ ئەوانەی کە نایانناسیت و ناتناسن. ئەمەش بە جۆرێک بە هەمان “بێتەماحی” دەگات، واتە دەسەڵاتی ئەوانەی کە هیچ حەزیان لێی نییە، هەر چۆن وەک سوكرات دای دەڕێژێت: “خراپترین جۆری دەسەڵات، دەسەڵاتداریی ئەوانەیە کە حەزیان لە دەسەڵاتدارییە.”

 دەسەڵات وێنایەکی تایبەتی خۆی بۆ مرۆڤی ئایدیاڵ هەیە. دەوڵەت-نەتەوەکان بە ڕوونی ئەمە نیشان دەدەن. مرۆڤی شیعەی بڕوادار بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئەو نموونە ئایدیاڵەیە کە کۆماری ئیسلامی بۆی دەگەڕێ، لە بەرانبەر ئەمەدا، بەر کوردەکان و گەلانی دیکە و هیزی سیاسیی دیکە دەکەوێت کە دەبێ سەرکوتیان بکات. تورکیای تورکە گەنجەکان تا ئوردۆغان لەسەر وێنەی مرۆڤی تورکی موسوڵمانی حەنەفی و دواتریش ئیخوانی کار دەکات، بۆ ئەمەش بەر کورد، ئەرمەنی، جوو، ڕۆمەکان، عەلەوییەکان و… دەکەوێت کە دەبێ قەڵاچۆیان بکات یان بیانتورکێنێت، بۆ ئەوەی سەنتێزی تورک-ئیسلامیزم بێتە دی. لە نموونەی هەرێمی کوردستاندا، بە باش و خراپ هیچ پرۆژەیەک نییە بۆ دروستکردنی گشتێتییەکی سیاسیی یەکانگیر، جگە له‌ یەک پرۆژە کە ئەویش خێرا بەر ناکۆکییەکی گەورەی ناوەکی دەکەوێت: مرۆڤی ئایدیال لای دەسەڵاتی زاڵ لە هەرێمی کوردستاندا پیاوی بارزانیی بڕوادار بە دەسەڵاتی بنەماڵەیە. بەڵام ئەم شێوەیەی شوناسسازی ناتوانێ سەرکەوتوو بێت، چونکوو پشتی تەنانەت بە چەمکێکی هەمەگیری وەک کوردبوونیش نەبەستووە، بەڵکوو تێیدا کوردبوونی ئایدیاڵ کورت دەبێتەوە بۆ بارزانیبوون، کەچی بارزانیبوون خۆی ناتوانێت ببێتە شوناسێکی هەمەگیر، چونکوو شوناس بۆ ئەوەی بتوانێ گشتێتی دروست بکات، دەبێ بتوانێت هەمووان بنوێنێتەوە و هەمووان لە دەرەوه‌ی جیاوازییەکانەوە بتوانن بەشداریی تێدا بکەن، کە ئەمە بە پێچەوانەی هەر شوناسێکی خێڵەکی یان خێزانییە. ئەم شوناسە کورتبڕە بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە شتێکی هەمەگیر و توانای نوێنەرایەتیی هەمووانی هەبێت. ڕزگارکردنی سیاسەت لە شوناس و بەستنەوەی بە بەها و ئایدیاکانەوە، دەتوانێ وا بکات شوناسێکیش نەبێتە نوێنەری ستەم و جێگەی ڕقی کەسانی دیکە. ستەم بە ناوی تورکبوون یان فارسبوونەوە، وای کرد کە ئەو شوناسانە و زمانەکەیان وەک گشتی و یەکانگیر و نوێنەری خراپە سەیر بکرێن. ئەمە کێشەی شوناسە کاتێ دەکرێتە بنچینەی سیاسەت، چونکوو خێرا بەر ئەو ڕاستییە دەکەوێت کە یان دەبێ بە زۆر خۆی بسەپێنێت، یان ڕێگە بدات خۆی لە شتێکی گەورەتر و هەمه‌گیرتردا بتوێتەوە، ئەو شتە گشتگیرترەی کە یەکێک لە ناوەکانی نەتەوەیە و گەورەترە لە هەر بنەماڵەیەک.

Loading