وەرگێڕان

لەدایکبوونی ئێستاتیکای مۆدێرن

تزڤێتان تۆدۆرۆڤ

وەرگێڕان: زەردەشت نورەدین

ئەو تیۆرەی کە پێی وایە ئەدەب لەگەڵ جیهاندا ناڕواتە ناو پەیوەندییەکی مانادارەوە، لە دەرئەنجامدا پابەند نابێت بەوەی دەربارەی جیهان بە ئێمەی دەڵێت؛ نە داهێنراوی ئوستازەکانی ئەمڕۆی ئەدەبە و نە دەستکەوتی نوێگەرانەی بونیادگەراکان. ئەم تیۆرە مێژووییەکی درێژ و ئاڵۆزی هەیە، ڕێک تەریب بە مێژووی دەرکەوتنی مۆدێرنیتە. بۆ باشتر تێگەیشتن لەم تیۆرە و ڕوانین لێی لە دەرەوە و لە درێژەدا، بە کورتی ئاماژە بە بڕگە سەرەکییەکانی ئەم مێژووە دەکەم.  

لە سەرەتادا دەبێت ئەوە بڵێم، ئەوەی بە دروستی پێی دەڵێن تیۆری کلاسیکیی شیعر، [هەبوونی] پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا، بە تۆخی پشتڕاست دەکاتەوە. ئەو دەربڕینانەی پێشینان کە دەربڕی ئەم پەیوەندییەن، چەندان جار هێنراونەتەوە و دووبارە کراونەتەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا ئەو مانایەی خاوەنی ئەم ڕوانگانە مەبەستییان بووە بە داپۆشراوی ماوەتەوە. بۆ نموونە ئەرستۆ شیعر بە لاساییکردنەوەی سروشت دەزانێت، یان هۆراس دەڵێت شیعر دەبێت چێژ بخاتەوە و کارکردی فێرکاری هەبێت. کەواتە پەیوەندیی ئەدەب بە جیهانەوە بەو ئەندازەیەی لەسەر شانی دانەرە –دانەر دەبێت واقیعی جیهان بناسێت تا بتوانێت لاسایی بکاتەوە– لەسەر شانی خوێنەران یان بەردەنگەکانیشە، چونکە ئەمانە جگە لەوەی چێژ لە ئەدەب دەبینن، وانەگەلی بەکەڵکیان بۆ ژیان لێوە فێر دەبین. لە سەدە سەرەتاییەکانی ئەورووپای مەسیحی، شیعر هەر لە بنەوەڕا لە خزمەتی گواستنەوە و ڕێزلێنان لە فێرکارییە ئایینییەکاندا بووە. بەم جۆرە شیعر ئەم فێرکارییانەی بەردەستتر و کاریگەرتر دەکرد؛ ئەگەرچی پێویستی بە وردبوونەوە نەبوو. کاتێک شیعر خۆی لە باری قورسیی ئەم فێرکارییانە دەرباز کرد، ڕاستەوخۆ بۆ پێوەرە دێرینەکان گەڕایەوە و جارێکی تر چووەوە ژێر سێبەری. لە سەردەمی ڕێنیسانس بەم لاوە، چاوەڕوانی ئەوە لە ئەدەب دەکرا کە جوان بێت، بەڵام ئەم جوانییە خۆبەخۆ مانای نەبوو، بەڵکوو بەگوێرەی پەیوەندی بە حەقیقەت و بەشداری لە پرسی چاکەدا پێناسە دەبوو. شیعری بوالۆ یاد دەهێنینەوە کە دەنووسێت: «هیچ شتێک جوان نییە تەنیا شتی هەقیقی نەبێت و تەنیا پرسی هەقیقی شایەنی خۆشویستنە». دەربڕینی لەو جۆرە بێگومان مات و ناڕوونن، بەڵام لە جیاتی نکۆڵیکردنیان وا باشترە لەگەڵ هەلومەرجی سەردەمی خۆیاندا تاوتوێیان بکەین. سەردەمی مۆدێرن بە دوو شێوەی جیاواز، هەر لە بنەوەڕا ئەم تێگەیشتنەی هەژاند؛ شێوەگەلی ڕسکاو لە ڕوانینی نوێ لەمەڕ باوبوونی ئەزموونی ئایینی و پیرۆزکردنی هاوکاتی هونەر. شێوەی یەکەم بریتییە لە بووژانەوە و ڕێزنان لە بیرسای دێرینی هونەرمەند: هونەرمەند ئافەرێنەرێکی هاوشێوەی خوایە کە کۆمەڵەگەلی یەکانگیر و خۆژیەن دەخولقێنێت. خوای ئایینە یەکتاپەرستییەکان بوونێکی ناکۆتایە و خالقی جیهانێکی کۆتادارە؛ شاعیر بە لاساییکردنەوەی جیهان، دەبێتە هاوشێوەی خوایەک، خالیقی شتگەلی کۆتادار (بە زۆری شاعیریان لەگەڵ پڕۆمیسیۆس بەراورد کردووە). بلیمەتیی مرۆڤ لەسەر زەوی لاساییکردنەوەی بلیمەتی باڵای خوایە لە ئاسمان. ئایدیای لاساییکردنەوە وەک خۆی بە بەهێزی دەمێنێتەوە، ئەگەرچی چیدی میدیۆمی نێوان بەرهەم (دەستسازێکی کۆتادار) و جیهان نییە. لاسایی ئیدی دەچێتە هەناوی کردەی ئافەراندنەوە؛ خوا جیهانی گەورە و شاعیر، جیهانی بچووک دەئافەرێنێت؛ ئەگەرچی هیچ پێویستییەک نییە ئەم دوو جیهانە لە یەکتری بچن. ئەوەی پێویستە یەکانگیریی هەر کام لەم جیهانانەیە نەوەک تەبایی نێوانیان.

ئەو بیرۆکەیەی کە بەرهەمی، بە جیهانی بچووک دادەنا، لەگەڵ دەستپێکی ڕێنیسانسی ئیتالیایی سەرلەنوێ دەرکەوتەوە. بۆ نموونە نیکۆڵاس کۆزانۆس، یەزدانناس و فەیلەسووفی ئەڵمانی لە ناوەڕاستی سەدەی پانزەدا نووسی: «مرۆڤ لە پێگەی خالقی هزر و بەرهەمی هونەریدا خوایەکی ترە». لیۆن باتیستا ئالبێرتی، تیۆریستی هونەرەکان، لەبارەی هونەرمەندی بلیمەتەوە بەم جۆرە دەدوێت: «هونەرمەند لە ڕێگەی پەیکەرتاشی یان وێنەکێشانی گیانلەبەرانەوە، خۆی لەناو مرۆڤەکاندا خوایەکی ترە»، هەروەها پێیان وابوو کە خوا هونەرمەندی یەکەمە. لاندینۆ ئەفلاتوونگەری نوێی فیلۆرانسی وتوویەتی: «خوا باڵاترین شاعیرە و جیهان، شیعری ئەوە». ئەم وێنەیە وردە وردە چووە ناو مشتومڕە هونەرییەکانەوە و چووە خزمەتی ڕێز و ستایشی مرۆڤی داهێنەرەوە. لە سەدەی هەژدە و بەهۆی کاریگەریی لایبنیتزەوە (لەڕێگەی چەمکەکانی جەوهەری تاک [موناد] و جیهانە مومکینەکانییەوە) چووە ناو گوتاری ڕەخنەشەوە. بەو مانایەی کە شاعیر بوو بە نیگارگەری جەوهەری تاک و جیهانی مومکین، چونکە شاعیر جیهانێک تەریب بە جیهانی دەرەوە خەلق دەکات، جیهانێکی سەربەخۆ بەڵام یەکانگیر. دووەمین شێوەی دابڕان لە ڕوانینی کلاسیکی بۆ شیعر پێی وایە ئامانجی شیعر لاساییکردنەوەی سروشت، فێرکاری یان چێژ نییە، بەڵکوو تەنیا یەک ئامانجی هەیە و ئەوەش بریتییە لە ئافەراندنی جوانی. بە کورتی ئەدگاری جوانی ئەوەیە کە بۆ شتێک لە دەرەوەی خۆی ناگەڕێتەوە. ڕاڤەیەکی وەها بۆ پرسی جوانی کە لە سەدەی هەژدەوە تەشەنەی سەند، خۆی جۆرێکە لە نائایینیکردنەوەی پرسی یەزدانی. لەسەر ئەم بنەڕەتەیە کە سان ئۆگەستین لە کۆتاییەکانی سەدەی چواردا لەبارەی جیاوازیی نێوان هەستی ئێمە بۆ خوا و مرۆڤ دەڵێت: «لە هەر شتێک و هەر کەسێک دەشێت کەڵک وەربگیرێت، بەڵام کاتێک خوا دێتە گۆڕێ، تەنیا دەبێت بوونی پیرۆزیمان لە لا بەس بێت و تەنیا لەبەر خاتری خۆی خۆشمان بوێت». تیۆریستەکانی سەدەی هەژدە بە گواستنەوەی جیاکاری ئۆگەستینی نێوان «لەبەر خاتری خۆی» و «کەڵک» بۆ ناو پانتایی زەمینی کردە مرۆییەکان، تەنیا ڕوانگەی قەشە ئۆگەستینیان بۆ ناو پانتایی جوانی گواستەوە. ئەوە لەیاد نەکەین کە ئۆگەستینیش کاتیگۆرییەکانی ئەفلاتوونی خستبووە ناو پانتایی ئایینەوە، ئەفلاتوون پرسی چاکەی لە سەروو هەموو شتێکەوە دادەنا، چونکە پێی وابوو پرسی چاکە خۆژیەنە و هەر کەسێک لێی بەهرەمەند بێت «لەوپەڕی بێکەموکوڕیدا دەبێت» و لە دەرەنجامدا «پێویستی بە هیچ شتێکی تر نابێت». ئەفلاتوون هەمووان بۆ ڕامانی بێخەوش لە فۆڕمەکان بانگهێشت دەکات و بە پاڵپشتی ئەوە، کە پاش بیستودوو سەدە ڕاڤەیەکی لەو جۆرە بۆ پرسی جوانی دەکرێت. کەواتە ئیدی ئافرێنەر وێڕای هەموو ئەو ئازادیانەی هەیەتی، بە خوا ناچوێنرێت، بەڵکوو ئەوە بەرهەمی کامڵە بە خوا دەچوێنرێت.

ئەم گۆڕانکارییانە بوونە هۆی ئەوەی لە سەدەی حەڤدە و هەژدەدا ڕامانی ئێستاتیکی، حوکمی چەشەیی و مانای پرسی جوان سەربەخۆ بن. بێگومان ناکرێت بوترێت مرۆڤەکانی سەدەکانی ڕابردوو نیسبەت بە جوانی سروشتی و جوانی بەرهەمی هونەری هەستیار نەبوون، بەڵام جیاوازییەکە لەوێدایە کە پێشتر ڕامانی ئێستاتیکی و حووکمی چەشەیی تەنیا دەرکەوتەیەکی ئەو چالاکیانە بوو کە دوا ئامانجیان لە شوێنێکی تردا سۆراخ دەکرا، لەبەر ئەوەی لە ڕوانینی ئەفلاتوونیدا پرسی جوان، پرسی هەقیقی و پرسی چاکە هاوشوناس بوون. جووتیار دەیتوانی فۆڕمی جوانیی کەرەستەکانی جووتیارییەکەی ستایش بکات، بەڵام بەر لە هەر شتێک ئەم کەرەستانە دەبوو کارا بوونایە. ئەرستۆکراتەکان ئەگەرچی نەخش و نیگاری کۆشکەکانیان بەگوێرەی چەشەیان خۆش بوو، بەڵام زیاتر لەڕێگەی ئەم ڕازاندنەوەوە بەشوێن ئەوەوە بوون پلە و پێگەی خۆیان نیشان بدەن. ئیماندار بەهۆی بیستنی مۆسیقا لە کەنیسە و بینینی نیگارەکانی خوا و کەسایەتییە پیرۆزەکان دڵخۆش دەبوو، بەڵام مۆسیقا و وێنەکێشان لە خزمەتی ئیماندا بوون. ناسینەوەی ڕەهەندی ئێستاتیکی شتەکان و کردەکان یەکێکە لە سیفەتە گەردوونییەکانی مرۆڤ. لە ئەورووپای سەدەی هەژدەدا واقیعێکی نوێ هاتە کایەوە و ئەوەش بریتی بوو لەوەی ڕەهەندی ئێستاتیکی چالاکییە جۆراوجۆرەکانی مرۆڤ کە پرسێکی لاوەکی بوو، لە ڕەهەندەکانی تریان جیا کردەوە و پێگەیان بەرز کردەوە. بەم جۆرە ڕامانی جوانی ڕوانینێکی تاقانەیی بەرجەستە دەکرد، ڕوانینێکی وەها باڵا کە تێیدا ئەشق بۆ جوانی و ئەشق بۆ خوا، بە وشەی هاوشێوە وەسف دەکران. پاش ئەم گۆڕانکارییە داوا لە هونەرمەندان دەکرا ئەو شتانە دروست بکەن کە تەنیا و تەنیا جوانن و بەس. ئەم ڕوانگەیە لە نووسینەکانی دوو نووسەری بەریتانی شافتسبێری و هاچسۆن‌دا زیاتر پێگەیشت و بووە هۆی سەرهەڵدانی دەستەواژەی «ئێستاتیکا» لە ساڵی ١٧٥٠دا (کە لەسەر ئاستی وشە بە مانای «زانستی درکپێکردنی هەستەکی دێت»). ئەلەکساندەر باومگارتن پەرتووکێکی بەم ناونیشانە لەبارەی ئەم بەشە نوێیەوە نووسی و بۆیە یەکەمجار ئەم وشەی بەکار برد.

لایەنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕێچکەیە ئەوەیە کە مەیلەکانی ئافەرێنەری بەرهەمەکە، وێڵ دەکات و دەپرژێتە سەر بەردەنگ. ئەو بەردەنگەی کە تەنیا یەک کەڵکەڵەی هەیە و ئەویش ڕامانە لە شتە جوانەکان. ئەم گۆڕانکارییە دەرەنجامی زۆری هەبوو. سەرەتا بازنەی چالاکییە هونەرییەکانی سنووردار کرد. ڕێک لەبەرئەوەیە لەمڕۆدا زۆرێک لە چالاکییەکان، لە پانتایی پیشەگەری و دەستڕەنگینیدا دادەنرێن. لە ڕوانگەی ئافراندن یان دروستکردن، هونەرمەند تەنیا پیشەگەرێکی بەتواناترە؛ پیشەی هەردووکیان یەک شتە و تەنیا توانستەکەیان لەیەکتری جیاوازترە. لەگەڵ هەموو ئەوانەدا، سەیرکردنێکی دروستکراوەکانیان بەسە تاوەکوو لەوە تێبگەین کە پیشەگەر(سەنعەتکار) لە پنتی بەرانبەری هونەرمەندا ڕاوەستاوە: یەکێکێک شتی بەکەڵک دروست دەکات و ئەویتریان ئەو شتانە بەرهەم دەهێنێت کە بۆ ڕامان و چێژی ئێستاتیکی دەست دەدا؛ یەکێکیان ملکەچی مەبەستە و ئەویتریان بێ مەبەستە، یەکێکیان دەکەوێتە ناو لۆژیکی کەڵکەوە و ئەویتریان لەناو لۆژیکی «لەبەر خاتری خۆی» و دواجار یەکێکیان بە مرۆڤایەتییەوە پابەند دەبێت و ئەویتریان هەنگاو دەنێتە ناو ئاستانەی یەزدانییەوە. دووەم دەرەنجامی ئەم گۆڕانکارییە ئەوەیە کە تەواوی هونەرەکان لە یەک پۆلدا دادەنرێن، لەکاتێکدا پێشتر هەرکامیان بەگوێرەی کارکردنیان سەر بە پۆلێکی دیاریکراو بوون؛ ناکرێت شیعر، وێنەکێشان و مۆسیقا لە پۆلێک دابنرێت، مەگەر ئەوەی بەگوێرەی شێوازی درککردن پۆلێن بکرێن. ئەم درککردنە بێ مەبەستەی بەردەنگ، ناوی ئێستاتیکای لێ نرا. دەستەواژەی هاوشێوەی ئەدەبە جوانەکان (belle lettres) هێشتا سنوور و پەیوەستی خۆی بە کارە ناهونەرییەکانەوە پاراستووە، لەبەرئەوەی ناڕاستەوخۆ ئەوە دەگەیەنێت کە ئەدەبێکیش لەئارادایە کە جوان نییە. دەستەواژەی هونەرە جوانەکان (beaux—arts) دۆخێکی هاوشێوەی هەیە، لەبەرئەوەی شوێنپی ڕوونی هونەری بەکەڵک یا میکانیکی تێدا دەبینرێت. بەڵام بە قبوڵکردنی ئەم ڕوانگە نوێیە، سیفەتی «جوان» ئیدی زەڕوڕەتی لەدەست دەدات و بۆ زیادەیەک وەردەگەڕێت، چونکە پاش ئەوە ئامانجی «هونەر» هیچ نییە جگە لە جوانی. پەرتووکە کۆنەکان دەربارەی هونەر، پەرتووکی فێرکاری بوون کە شێوەگەلی ئافراندنی هونەریان فێری وێنەکێشەکان و مۆسیقارەکان دەکرد. بەڵام پاش ئەم گۆڕانکارییە پەرتووکی لەم جۆرە تەنیا باسیان لە پڕۆسەی درککردنی هەستەکی، شیکردنەوەی حوکمی چەشەیی و دواجار نرخاندنی ئێستاتیکی دەکرد. وتنەوەی ئەدەب لە فەڕەنسا، ئەم قۆناغە ڕاگوزارەی سەد ساڵ بەدواکەوتنەوە تێ پەڕاند؛ تا ناوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدە، وتنەوەی ئەدەب هێشتا لەسەر ڕەوانبێژی (ڕیتۆریکا) بەند بوو، (فێر دەبووین چۆن بنووسین) و تازە پاش ئەوە بوو کە لەسەر مێژووی ئەدەب چڕ بووەوە (فێربووین چۆن بخوێنینەوە).

دەرەنجامی ڕاستەوخۆی جیابوونەوەی هونەرەکان لە زەمینەی دروستبوونیان، سەرپێخستنی شوێنگەلێک بوو بۆ کەڵکوەرگرتن لە هونەرەکان. بۆ تابلۆکان؛ هۆڵ، گالەری و مۆزەخانەیان دروست کرد. مۆزەخانەی بەریتانی لە ساڵی ١٧٣٣ کرایەوە ئووفیزی و ڤاتیکان لە ١٧٥٩ و لۆڤەر لە ١٧٩١. بەتەنیشت یەکەوە دانانی ئەو تابلۆیانەی کە بەر لەمە کارکردی جیاوازیان لە کەنیسە، کۆشک و شوێنی ئەرستۆکراتەکاندا هەبوو، بووە هۆی ئەوەی تابلۆکان کارکردی تاقانەیان بۆ دروست بێت، لەبەرئەوەی پاش ئەوە تەنیا لەبەر بەهای ئێستاتیکیەکەیان لێیان ڕادەمان و ستایشیان دەکردن. پلەبەندی مانا و جوانی پێچەوانە بووەوە: ئەوەی خواسترا بوو (کواڵیتی جێبەجێکردن) زەڕووری بوو و ئەوەی زەڕووری بوو (کە ئاماژەدان بە یەزدانناسی یان ئوستوورە) بوو بە ئارەزوو. بەو پێیەی کەشی مۆزەخانە و گالەری دەیتوانی هەر شتێک بۆ بەرهەمی هونەری بگۆڕێت، هەر شتێک کە لەم شوێنەدا دابنرایە، درکی ئێستاتیکی بەردەنگەکانی بەخۆیەوە مژۆڵ دەکرد. لە هەر شتێک زیاتر ئەوەی کە پەیوەندی خۆبەخۆی شوێنی لەو جۆرەی لەگەڵ درکی ئێستاتیکی ئاشکرا دەکرد، نمایشی کاسەتوالێتی بەناوبانگی مارسل دۆشامپ لە شوێنێکی هونەریدایە؛ ئەم کاسەتوالێتە تەنیا بە هۆکاری گۆڕینی شوێنەکەی، بوو بە بەرهەمی هونەری، لەبەرئەوەی پڕۆسەی دروستکردنەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە ئافراندنی پەیکەر و تابلۆوە نییە. بەکورتی ئەو دوو بزووتنەوەیە کە تێگەی هونەریان لە سەدەی هەژدەدا گۆڕی – چوواندنی هونەرمەند بە خوایەک کە ئافەرێنەری جیهانێکی بچووکە و سنووردارکردنی بەرهەمی هونەری بۆ شتێک کە تەنیا بۆ ڕامانی پەتی دەست بدات – دەرخەری سیکۆلاربوونی هێدی هێدی ئەوروپان و پشکی شێریان لە پیرۆزکردنی دووبارەی هونەر بەردەکەوێت. لەم بڕگە لە مێژوودا، هونەر هاوکات هەم بەرجەستەبوونی ئازادی و پایەبڵندی ئافەرێنەرەکەیەتی و هەم دەربڕی خۆژیەنی و  باڵایەتی بەرهەمەکەیە لەپەیوەند بە جیهانەوە. هەرکام لەم بزووتنەوانە ئەویتر تۆکمە دەکات: جوانی چیدی کارکردی پراکتیکی نییە، بەڵام بونیادەکەی یەکانگیری گەردوونی بەدەست هێناوە. کێماسی مەبەستداری دەرەکی کەم تا زۆر بە مەبەستداری ناوەکی (پەیوەندی نێوان بەشەکان و توخمەکانی) قەرەبوو دەبێتەوە. لەسایەی سەری هونەرەوە مرۆڤ دەتوانێت دەستی بە موتڵەق ڕا بگات.

Loading