نووسین

فرەییەكان: گەل

نووسین: هاوار محەمەد

گەل، میللەت، قەوم، كۆمەڵانى خەڵك، هەر هەموو كۆمەڵێك زاراوەى نێو فەرهەنگى سیاسى و ئەدەبیى ئێمەن، زۆرجار بێ هیچ جیاكارییەك بۆ ئاماژەدان بە وشەیەك لە زمانى كوردیدا كەمێك بێلایەنتر كە “خەڵك”ـە، بەكار دەهێنرێن. وشەى دووەم و سێیەمیان لە زمانى عەرەبییەوە هاتوونەتە نێو ئەدەبیاتى كوردییەوە و خۆشیان بەراورد بە وشەیەكى ترى وەکوو “الشعب”ى عەرەبى، ناسیاسیتر دەنوێنن. هەر سێ وشەى ملة، القوم، الشعب دێرینن و لە قورئاندا بە شێوەى جیاواز هاتوون:

مِلَّةَ: “قُلْ صَدَقَ اللَّهُ ۗ فَاتَّبِعُوا مِلَّةَ إِبْرَاهِيمَ حَنِيفًا وَمَا كَانَ مِنَ الْمُشْرِكِينَ” (آل عمران، 95). زاراوەى “ملة” سنووردارە و زیاتر لە واتاى “دەستەیەك” یان “كۆمەڵەیەك”وە نزیكە كە بەگوێرەى شەریعەت، پەیمان، مەزهەبێك پێكەوە كۆبوونەتەوە؛ ڕوونتر بڵیین “ملة” بریتییە لە “یەك تایەفەى ئایینى” [الطائفة الدينية].

قَوْمِ: “وَلَمَّا ڕجَعَ مُوسَىٰ إِلَىٰ قَوْمِهِ غَضْبَانَ أَسِفًا قَالَ بِئْسَمَا خَلَفْتُمُونِي مِن بَعْدِي ۖ أَعَجِلْتُمْ أَمْرَ ڕبِّكُمْ ۖ وَأَلْقَى الْأَلْوَاحَ وَأَخَذَ بِرَأْسِ أَخِيهِ يَجُرُّهُ إِلَيْهِ ۚ قَالَ ابْنَ أُمَّ إِنَّ الْقَوْمَ اسْتَضْعَفُونِي وَكَادُوا يَقْتُلُونَنِي فَلَا تُشْمِتْ بِيَ الْأَعْدَاءَ وَلَا تَجْعَلْنِي مَعَ الْقَوْمِ الظَّالِمِينَ” (الأعراف، 150). لە قورئاندا دەربڕینى زۆروزەبەندى وەکوو (القوم الظالمين، القوم الكافرين، القوم الفاسقين، القوم المؤمنين…) هاتوون. لە هەموو ئەم دەربڕینانەدا جۆرێك كۆكردنەوەى هەر یەك لە (ستەمكاران، بێباوەڕان، باوەڕداران، گوناهكاران، گەندەڵكاران) و هیتر، لە یەك بەرەدا هەن، بەبێ لەبەرچاوگرتنى هیچ جیاوازییەك لەنێوانیاندا. “القوم” زاراوەیەكە بۆ وەكیەكلێكردنى گومڕایان، یان بە پێچەوانەوە، هەموو باوەڕداران لە یەك یەكەدا كۆ دەكاتەوە؛ سەرجەمیان پێكەوە، وەك یەك، هاوشێوەی دوژمنى خودا یان دۆستى خودان. قەوم ئەوانەن کە پێكەوە نیشتەجێن، پێكەوە “جێنشینن”، ئەوانەن كە لە پاڵ یەزدان یان شەیتانەوە دانیشتوون و دەمێننەوە. قەوم هاوكات “قام”ـیە و “إقامە”یشە، كردنى شتێك و مانەوەیش لە شوێنێكدا، هەستان و دانیشن پێكەوە.

شعب: “يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ” (الحجرات، 13). وشەى كوردیى “گەل” بە تەواوەتى ماناى وشەى “شعب” دەگوازێتەوە. زاراوە عەرەبییەكە، بە پێچەوانەى میللەت و قەومـەوە، بە واتاى ناچوونییەكی، جودایى و جیاوازییە. بەگوێرەى تەورات دواى ڕووداوى بورجى بابل خودا زمانى خەڵكەكە پەرت دەكات و دابەشیان دەكات بۆ گەلێك پۆلى بچووكتر كە بە تەواوەتى لە یەكترى تێناگەن. ئەم خەڵكەى وا پێش ئەم ڕووداوە یەك زمانیان هەبوو، لە زاراوەسازیى قورئاندا ناوى “ئوممەت”ـە. “انَ النَّاسُ أُمَّةً وَاحِدَةً فَبَعَثَ اللَّهُ النَّبِيِّينَ مُبَشِّرِينَ وَمُنذِرِينَ وَأَنزَلَ مَعَهُمُ الْكِتَابَ بِالْحَقِّ لِيَحْكُمَ بَيْنَ النَّاسِ فِيمَا اخْتَلَفُوا فِيهِ ۚ وَمَا اخْتَلَفَ فِيهِ إِلَّا الَّذِينَ أُوتُوهُ مِن بَعْدِ مَا جَاءَتْهُمُ الْبَيِّنَاتُ بَغْيًا بَيْنَهُمْ ۖ فَهَدَى اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا لِمَا اخْتَلَفُوا فِيهِ مِنَ الْحَقِّ بِإِذْنِهِ ۗ وَاللَّهُ يَهْدِي مَن يَشَاءُ إِلَىٰ صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ” (البقرة، 213). دواى پەلپەلكردنى ئەم ئوممەتە بەسەر شەعبەكاندا، ئەوەى جارێكى دیكە ئەم جیاوازى و ناكۆكییانە كۆ دەكاتەوە و دەبێتە بنچینەى پێكەوەبوونیان، پێغەمبەران یان پەیامى خودایە: “وَلْتَكُن مِّنكُمْ أُمَّةٌ يَدْعُونَ إِلَى الْخَيْرِ وَيَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنكَرِ ۚ وَأُولَٰئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ” (آل عمران، 104). ئوممەت یەكخستنى جیاوازى و ناچوونییەكییە دواى ئەوەى كە خودا ویستى لە ڕووى سروشتییەوە گەلان لە یەكترى جیاواز بن. “وَلَوْ شَاءَ ڕبُّكَ لَجَعَلَ النَّاسَ أُمَّةً وَاحِدَةً وَلا يَزَالُونَ مُخْتَلِفِينَ ” (هود، 118). خەڵك یەك “ئوممەت” نین، ئایین دەیانكات بە یەك “ئوممەت”. بەم مانایە، بە جۆرێك لە جۆرەكان زاراوەى ئوممەت دژ بە ماناى “گەل”ـە، ئەمەش هەم لە مێژووى ئیسلامدا و هەم لە گوتارى هێزە ئیسلامییە جیاوازەكاندا دەردەكەوێت. بەڵام چەمكى ئوممەت هەمان دژیەكیی لەگەڵ قەومدا نییە، وەختێك قەوم بۆ ئاماژەدان بە شوێنكەوتووانى باوەڕدارى پەیامبەرێك بێت كە جێنشینى خودایە. ئوممەت زەمینیكردنەوەى هاونشینیى قەومە لە جێنشینیى دەسەڵاتى خەلافەتدا تا كاتێكى نادیار؛ خەلیفە وەك جێنشینێكى جێنشینى خودا كە پەیامبەرە، ئینجا جێنشینى خودى خودا، لە كاتێكدا لە دنیاى مۆدێرندا “گەل” ڕەوایەتیى خۆى لە خۆیەوە وەردەگرێت و خۆى جێنشینى خۆیەتى.

 بەڵام “گەل” بە وردى ماناى چییە؟ وشەكە لە زمانى ئینگلیزیدا هەر بە سادەیى بە واتاى خەڵك peopleـە. جۆرجیۆ ئاگامبێن ئەوەى ڕوون كردۆتەوە كە وشەى خەڵك هەر لە خۆیدا دابەشبووە. بەڵام لەوەش ڕادیكاڵتر، دەتوانین بڵێین بەگوێرەى زمانى كوردى، زاراوەى people لە خۆیدا “poly“یە. خەڵك نە قەومە نە ئوممەت، نە ڕەشەخەڵكە نە جەماوەرێكى یەكڕەنگ، بەڵکوو گەلـە. گەل زاراوە سیاسییەكەى وشەى “خەڵك”ـە. خەڵكێك تەنیا بەو جۆرە دەبن بە “نەتەوە”، كە “گەل”بن. وشەى “گەل”ـیش لە خۆیدا زاراوەیەكى سەربەخۆ نییە، پتر پێشگر، یان پاشگرێكە بۆ وشەى دیكە كە دەیكات بە كۆ: گەلـەگورگ، سەگگەل. بەڵام هاوكات وەك ئاوەڵناوێكى سەربەخۆش بەكار دەهێنرێت: گەلێك جوان. لە هەردوو بارەكەدا گەل Poly [فرە]یە كە پێدەچێت هەمان وشەى “پۆل”ـى كوردى بێت كە ئەمیش وشەیەكى سەربەخۆ نییە (بۆ نموونە پۆلـەمەل)، بەڵام هەر وەك گەل ئێمە لە هەندێ حاڵەتدا وەك وشەیەكى تەواوى سەربەخۆ، وەك ئاوەڵناو یان ناو، بەكارى دەهێنن (بۆ نموونە: پۆلێك باڵندە، پۆلى ئەلف، پۆلى دووەم و هیتر). لێرەدا پۆل زۆرێتییە لە هەمان ڕەگەز. فرەی هەمان شتە لە ڕووى ژمارەوە. “زۆر” زۆرێتییە لە هەمان، لە یەك. یەك زۆرە، بەڵام هەر یەكە. ئەم مانایە گەرچى مانای وشەكەیە، بەڵام كۆى ماناى وشەكە ناگرێتەوە؛ بە پێچەوانەوە هەمان وشە، ماناى ئەوەیە یەك دابەش دەبێت، پەرتوبڵاو دەبێتەوە و هاوكات “كۆ”یشە، كۆیەك پێكەوە. ئەوەى پێكەوەیە تاك نییە و یەك نییە، كۆیە. هەر دەتوانین بە سەرنجدان لە وشەى “پۆل” ئەمە ببینین. لە بوارى كارگێڕیى قوتابخانەدا دەربڕینى “پۆل” لە بەرانبەر وشەى “شعبة”ى عەرەبیدا بەكار هێنراوە، ئەمیش لە چاوگى سێ پیتیى “شعَبَ “ـەوە هاتووە، كە لە بنەڕەتدا بە واتاى “لقلێبوونەوە، جودابوونەوە، پەرتبوون، پەرشبوون، تەفرەقە” دێت. واتە یەك شت هەیە كە بۆ چەند لقێك جودا دەبێتەوە، بەسەر چەند گروپێكدا دابەش دەكرێت و هەر یەكە و ڕێى خۆى دەگرێت، بەڵام هەر گروپێكیش خۆى “گەلیك”ـە، كۆیەك، یان پێكەوەبوونێكى فرە. ئەم چاوگە عەرەبییە وشەى “شَعبْ”ى لێ داتاشراوە، كە وەك لە سەرەوە خستمانە ڕوو ئێمە وشەى “گەل”ـى بۆ بەكار دەهێنین. كورتى بكەینەوە، گەل هاوتای وشەى peopleـى ئینگلیزى و “شعب”ـى عەرەبییە، كە لە هەر سێ زمانەكەدا “كۆ”، “زۆرێتى”، یان “جیایى و تەفرەقە”یە لە پێكەوەبووندا. گەل، بە دەربڕینى ژان-لوك نانسى، بوونى تاكى كۆیە.

*   *   *   *   *

لە پارادایمى خەلافەتدا، دەبێت گەل یان فرەیى لە “ئوممەت”ـدا بەگوێرەى تەشریعى ئایینى، كە زمانى هاوبەش، یان شوناسى هاوبەشى گەلە جیاوازەكان پێكدەهێنێت، یەك بخرێت. لە پارادایمى دەوڵەتیشدا دەبێت گەل و فرەیى كۆ ببنەوە، بەڵام ئەمجارە لەسەر بنەماى “نەتەوە”، واتە یەك تاكە شوناس. دەوڵەت زمانە جیاوازەكان، گەلە هەمەجۆرەكان لەسەر بنەماى ناسنامەى “ئایینى” كۆ ناكاتەوە، بەڵکوو یەك ناسنامەى “نەتەوە”ییان بەسەردا دەسەپێنێت، كە لە یەك كاتدا سەركوت و لەخۆگرتن [ئیحتیواكردن]ـە. لە دواى ئەمە هەر بەكارهێنانێكى وشەى “گەل” كە لە خۆیدا “كۆ”یە، لە خۆێدا “گەلێك”ـە، دەبێت بە “یەك”. بۆ نموونە چیتر زاراوەى “گەلى كورد” بە واتاى “فرەیى كورد”، ئەو فرەییەى كە لە دڵى هەر یەكێكدا هەیە، نایەت، بەڵکوو دەبێت بە “یەك كورد”، ئەو “یەك”ـەى كە دەبێت لە دڵى هەر كۆیەكدا بێت. لە یەكەمیاندا یەك فرەیە، لە دووەمیاندا فرە یەكە. لە یەكەمیاندا فرە بنچینەى یەكە، لە دووەمیاندا یەك بنچینەى فرەیە. ئەمە دوو مۆدێلى بیركردنەوە، سیاسەت و جیهانبینییە.

ئێمەى كورد زۆرجار دەربارەى خۆمان دەڵێن “میللەتێكى پەرتوبڵاوین، پەرش و دابەشبووین، بە جۆرێك كە ناسیۆنالیزمى یەكخەریش، نەیتوانیوە كۆمان بكاتەوە، لەبەر ئەمەیە كە دەوڵەتیشمان بۆ دروست نەبووە”. لەم بارەدا ئامانجى پرۆژەى ئیسلامیزم ئەوەیە بە چەمكى “ئوممەت” یەكێتییەكى سەروو-نەتەوەیى پێشمۆدێرن لە كۆمەڵگە موسوڵمانەكاندا دروست بكاتەوە، ئەمەیش بەو مانایەیە كە كورد وەك نەتەوە لەنێو بۆتەى “ئوممەت”ـدا هەڵدەوەشێتەوە؛ لێرەدا كوردبوون نەك نابێت بخرێتە سەرووى ئیسلامبوونـەوە، بەڵکوو ئیسلامبوون، تاكە ناسنامەى ڕاستەقینەیە و هەر ناسنامەیەكى دیكە لە بەرانبەریدا، گومڕایى و سەرلێشێوانێكە بە پلانى وڵاتانى سێكیولارى ڕۆژئاوا. بە پێچەوانەوە، دەوڵەتگەراكان داواى ئەوە دەكەن كە خۆمان لەم پەژمووردەییە كۆ بكەینەوە، خۆمان پاڵفتە بكەین، ڕەگەزە بێگانەكان لە خۆمان بكەینە دەرەوە، بڕوامان بە “ئاشتى، برایەتى، تەبایى، هاوڕێیەتى”ـى گەلانى دەوروبەر نەبێت (چونكە ئەمە ساویلكەییە)؛ ئەو “دوژمن”ـە و “دۆست” نییە؛ ئەو سەركوتكەرە و دەبێت ئێمەیش بە هەمان شێوە وەڵام بدەینەوە؛ بكوژ شایەنى كوشتنە، خوێن وەڵامى خوێنە. بۆ كردنى وەها كارێك، پێویستە هەر “گەلێتى”ـیەكى خۆمان لە یەك “نەتەوەى پاكژ”ـدا چڕ بكەینەوە كە لە نەتەوەكانى دیكە خاوێن كرابێتەوە؛ لە ڕۆشنبیرەكان و لەو دەنگ و بەرانەی كە بانگەشەى ئاشتى و ئەخلاق و دۆستایەتیى گەلان دەكەن، تەسفییە كرابێت، دواجار دەبێت گەل لە “زۆرێتى”ـیەوە ببێت بە “یەكێتى” (لێرەدا گەل لە واتاى بنەڕەتیى خۆى بەتاڵ دەبێتەوە). ئێمە بۆ ئەوەى لە ستەمى دەوڵەتى تورك، ئێران، سوریا و عێراق ڕزگار بین، دەبێت دەوڵەتێكى وەك ئەوەى ئەوانمان هەبێت، بە دەستێكى ئاسنین بكێشێت بە دەستى درێژى ئەواندا، دەبێت بكەوینە جەنگ (نەك خەبات) دەبێت هەموو شتێك لە فەزاى جەنگى ئەبەدیى نێوان گەلاندا ببینرێت، تەنیا لەسەر بنەماى جەنگ ئاشتى دێتە دى، هەر وەك دروشمەكەى جۆرج ئۆروێل “جەنگ ئاشتییە”. وەها دۆخێكى كرژ، كە بانگەشەى ئەوە دەكات “جەنگ” یاساى پێكەوەبوونى گەلانە، هەر “گەلێك” وەك “گەل” دەسڕێتەوە، پۆتێنشیەڵى “خەڵك” لەنێو دەبات و دەیكات بە “ڕەشەخەڵك”، هەر فرەدەنگییەك، دەگۆڕێت بۆ تاكدەنگى، هەر فرەزمانییەك لەژێر تاكزمانیدا كپ دەبێت.

بە پێچەوانەى ئەو ڕوانگەى سەرەوە، ئێمە هێشتا وەك “گەل” هەستمان بە بوونى خۆمان نەكردووە. ئێمە لە پەژمووردەییدا بووین (ئەزموونى بێماڵى بە جۆرێكى جیاواز لە جووەكان)، لە پەرتوبڵاوییەكى بێ-پەیوەندیدا، بەڵام لە “فرەیى”ـدا نەبووین. گوتارى “ئوممەت” هیچ فرەییەكى تێدا نییە، دەبێت هەمووان موسوڵمان بن، چیتر موسوڵمانێكى میللى كوردى نا، بەڵکوو موسوڵمانێكى ئیسلامیزەبوو بە پێودانگى گوتارى بانگخوازیى ئیسلامیزم. نەك تەنیا هەمووان یەك خودا، یەك پەرستگە، یەك كیتاب، یەك ڕووگە، یەك عەقیدەیان هەبێت، لەوەش زیاتر وەك یەك بخۆن، بپۆشن، بنۆشن، بژین؛ هەمان ستایلى گشتگیرى ژیانیان هەبێت كە هەموو ستایلێك لەنێو دەبات. گوتارى ناسیۆنالیزمى كوردییش لەو كاتەوەى وەك خودئاگایى كورد دەركەوتووە، دروشمى كۆكردنەوە و یەكێتیى “من”ى هەبووە، بەڵام لەبرى ئەوەى پەژمووردەییمان بسڕێتەوە (كە لە ڕووى پراكتیكییەوە وەها توانایەكى نەبووە) “فرەیى”ـمانى سڕیووەتەوە، بەمەش كەلێنەكانى دابڕانمانى لە یەكترى فراوانتر كردووە. لە گوتارى ناسیۆنالیستیدا هەمووان “یەك”ین، هەمووان “برا”ین، هەمووان “كورد”ین؛ بەڵام ئەوە خۆى دەبێتە مایەى هەڵاواردن، پەژمووردەیى، براكوژى، تەخوین خودى هێزە ناسیۆنالیستەكانن. گوتارى “یەكێتیخواز” بچووك دەبێتەوە بۆ ناسیۆنالیزمى خێڵ، عەشیرەت، یان ناسیۆنالیزمى بنەماڵە، كە خۆى وەك نوێنەرەوەى “هەمووان” پێناسە دەكات و خۆى وەك “یەك” دەسەپێنێت بەسەر “گەل”ـدا. زۆرێتى دەكەوێتە ژێر چەپۆكى یەك، زۆرینە دەكەوێتە ژێر دەستى كەمینەیەكى ئۆلیگارشى.

*   *   *   *   *

بەڵام بە پارادۆكسەوە، ئەم “گەل”ـە، ئەم “زۆرینە”یە، كاتێك كە وەك گەلێكى سیاسى، وەك فرەییەك، وەك خەڵك لەدایك دەبێت، خۆى “كەمینە”یە. ئەمە تێزى ئالان بادیووە دەربارەى چەمكى خەڵك[گەل]. بادیوو لە وتارێكیدا بە ناوى “بیست‌وچوار تێبینى دەربارەى بەكارهێنانى وشەى خەڵك” پێی وایە وشەى خەڵك، وەك زۆر زاراوەى ترى نێو فەرهەنگى سیاسى، لە بنەڕەتدا بێلایەنە و لە كۆنتێكستەكاندا مانا وەردەگرێت، كەواتە دەكرێت هەر زاراوەیەك واتاى جۆراوجۆر و بگرە لێكدژى هەبێت بەبێ ئەوەى هیچ یەك لە واتاكان “ناوەڕۆكى پڕ”ى زاراوەكە بن. گوتارەكان بەردەوام لە ململانێدان لەسەر دەستبەسەراگرتنى زاراوەكان، لەسەر پێدانى ماناكان، لەبەر ئەمەیە كە “مانا”، وەك فۆكۆ و دێریدا بۆى چوون، خۆى ڕووبەرى ململانێیە. پەیوەندییە ماناییەكان (لە كایەى زمانى، یان تیلۆلۆژى، یان تەفسیریدا) هەر وەك پەیوەندییەكانى بەرهەمهێنان و پەیوەندیى هێزەكان، پڕن لە بەركەوتن و لێكخشانى گوتارەكان؛ هەر هێزێك هەوڵى باڵادەستییەتى، هەوڵى بەموڵككردنى كۆمەڵێك زاراوەیەتى؛ بەڵام هەر زاراوەیەكیش تواناى كشانەوە و هەڵهاتنى هەیە لەو هێزەى كە دەیەوێت بیكات بە موڵكى خۆى. لە شۆڕشى فەرەنسییەوە خەڵك یەكێك لە خاڵەكانى چڕبوونەوەى ئەم جۆرە كێشمەكێشانەیە، گەرچى وشەى خەڵك و ململانێكەیش لەوە كۆنترە.

 لەم ڕوانگەیەوە بادیوو پێی وایە نە “خەڵك”ى نێو گوتارى فاشیزم خەڵكە، نە گەل das Volkى نازیزم گەلە، نە پۆپۆلیزمى مارین لوپێنیش گەڕانەوەیە بۆ خەڵك؛ ئەمانە هەوڵى گرتنى خەڵكن بۆ ئەوەى خەڵك لەوە بخەن خەڵك[گەل] بێت. هێشتا لە سەردەمى دنیاى سەرمایەداریدا كێشەیەكى تر دەمێنێتەوە كە بەكارهێنانى ئاوەڵناوى پۆپۆلار popularـە لە دنیاى میدیادا بۆ ئەستێرەكانى دنیاى هونەرى بازاڕى و وەرزش. چۆن دەكرێت فیگورێكى پۆپۆلار و بزوتنەوەیەكى پۆپۆلار popular movement هەمان ئاوەڵناویان هەبێت؟ وەڵامى بادیوو:

«بە دڵنیاییەوە، ئەگەر گۆرانیبێژێك یان سیاسییەك “پۆپۆلار” بن، ئەمە تەنیا فاكتێكى جێگیرە بەبێ بەهایەكى واقیعى. بەڵام بزوتنەوەیەك یان ڕاپەڕینێك بەم جۆرە پۆلێن ناكرێت، ڕێك وەك ئەو ڕووداوانەى وا لە هەر كوێدا پرسى ڕزگارى هەبووبێت، لە ڕووبەرى مێژوودا ڕوویان داوە»[1].

ئەوەى لاى بادیوو لەمانە ئاڵۆزترە ئەوەیە كە وشەى خەڵك بەردەوام ئاوەڵناو وەردەگرێت و بەم ئاوەڵناوانە شوناسى پێ دەدرێت؛ خەڵك وەك ناو دەكەوێتە ژێر هەژموونى ئاوەڵناوەوە. خەڵك+ئاوەڵناو. كاتێك ئەم شوناسە پەیوەندیى بە پرسى نەتەوەیى، دەسەڵات، جەنگ و هیترەوە هەبێت، وشەى خەڵك دەگۆڕرێت بۆ گەل؛ واتە: خەڵك/گەل+ئاوەڵناوى نەتەوەیى. ئەم فۆڕمولەیە پتر لایەنى براوە بەكارى هێناوە (گەلى عێراق، گەلى فەرەنسى، گەلى میسرى، گەلى ئێرانى..هتد) بۆ ئەوەى لایەنى بەرهەڵستكارى لێ بێبەش بكات، واتە لەم كاتەدا خەڵك ئەوەیە كە دەوڵەت وەك گەل دانى پێدا دەنێت. هاوكات لایەنى بەرانبەر، كە پتر بزوتنەوە بەرەنگارەكانن، لكاندوویانە بە ڕاپەڕین و شۆڕشەكانیانەوە بۆ ئەوەى ڕەوایەتیى بەكارهێنانى لایەنى سەردەستى پێ لە ڕەوایەتی بخەن؛ لە بزوتنەوە ڕزگاریخوازییە نەتەوەییەكاندا ئەمە بە زەقى دیارە: ڕاپەڕینى گەلانى عێراق، خەڵكى میسر، گەلانى ئێران، گەلى جەزائیر و هیتر. بەم جۆرە لاى بادیوو، ئەم دوو بەكارهێنانە بە هەمان شێوە و مانا نین؛ دووەمیان تەنانەت ئەگەر ناوى نەتەوەییش بە خۆیەوە بلكێنێت دواجار سەروو-نەتەوەیى یان نا-نەتەوەیى دەكەوێتەوە:

«لەم كۆنتێكستەكەدا “گەلى ڤێتنام” (the Vietnamese people) لە ناوەڕۆكدا بە واتاى خەڵكێك a peopleـە كە تەنیا پێگە[دۆخى فۆڕماڵ]ى خۆى وەك مەرجەعى نەتەوەیەك ڕەت كردۆتەوە، كە گوایە تەنیا ئەو كاتە دەتوانێت لەسەر شانۆى جیهان هەبێت كە دەوڵەتێكى هەبێت. بەم جۆرە ئەوە لە كاریگەریى پاشەوپاشى نەبوونى دەوڵەتدایە كە وا دەكات “خەڵك” ببێتە بەشێك لە پرۆسێسێكى سیاسى و بەم جۆرە ببێتە كاتیگۆرییەكى سیاسیی [وەك گەل]. ئەگەر بێتوو دەوڵەتى ئەو نەتەوەیە لە “كۆمەڵەى ئینتەرناسیۆنال” the “international community” دا فۆڕم وەربگرێت، پێك بهێنرێت، تۆمار بكرێت، یەكسەر ئەو گەلەى كە ئەو وەك [سەرچاوەى] دەسەڵاتى خۆى بانگەشەیان بۆ دەكات، لەوە دەكەون سوبێكتى سیاسى بن. ئەم خەڵكە دەبن بە ڕەشەخەڵك، بە جەماوەرێكى ناچالاك a passive mass كە دەوڵەت لە ڕووى گەردوونییەوە شێوەى پێ دەدات، جا ئەم شێوەیە هەرچۆن بێت»[2].

بەم پێیە لە دوو لایەنەوە خەڵك و دەوڵەت لە ناكۆكیدان: لە لایەک خەڵك گەر گەلێكى نەتەوەییش بێت كە بە دەوڵەتێكەوە لكاوە، ئەوا ئەوەى دەوڵەت پێی دەڵێت گەل سەرجەمى خەڵكى سەر بەو نەتەوەیە یان سەر بەو دەوڵەتە ناگرێتەوە؛ كاتێك خامنەئى دەڵیت “گەلى ئێران”، ئەوا هەموو گەلانى ئێران لەنێو “گەلەكە”ى ئەودا نین، خۆبەخۆ ڕووبەرێكى بەرفراوانى دوورخراوە و سەركوتكراو دروست دەبێت، وەك كوردەكان، ئازەرەكان، سوننەكان و هەموو ئەو فارسانەى كە نایانەوێت لەژێر هەژموونى كۆمارێكى ئیسلامیى ئاخونددا بژین، لە لایەکی ترەوە، خەڵك ئەوانەن كە نەك لە دانپێدانانى دەوڵەت بێبەشكراون و لە گەلى نێو گوتارى دەسەڵات دەركراون، بەڵکوو هەر لە بنەڕەتدا بێ دەوڵەت یان لە دەرەوەى دەوڵەتن؛ وەکوو گەلانى میسر كە لە دەرەوەى دەوڵەتەكەى موبارەك ڕاوەستابوون، وەکوو قەندیل كە لە گۆشەى كوێرى هەر سێ دەوڵەتە دراوسێكەدایە، یان وەکوو ڕۆژئاڤا كە بەرەنگارییەكەى ناونا “بزوتنەوەى گەلان”. ئەو خەباتـەى لە ڕۆژئاڤا هەیە بە ناوى خەباتى گەلى كوردەوە ناونراوە، بەڵام خەڵكى زۆربەى وڵاتانى دنیا تێیدا بەشدارن، شەڕڤانان لە زۆر گۆشەى دنیاوە، لە شوناسى هەمەجۆرەوە هاتوون؛ چونكە كورد دۆخى خۆی یان (بڕگەیەك لە كۆتەیشنەكەى بەدیۆ دەهێنمەوە) «پێگە[دۆخى فۆڕماڵ]ى خۆى وەك مەرجەعى نەتەوەیەك ڕەتكردۆتەوە، كە گوایە تەنیا ئەو كاتە دەتوانێت لەسەر شانۆى جیهان هەبێت كە دەوڵەتێكى هەبێت». ئەم دەستەواژەى “بزوتنەوەى گەلان”ـە، لەوێدا گرنگە كە هیچ شوناسێكى تێدا دیاری نەكراوە، جووڵەیەكى تاقمبەند و دەستەجەمعییە، بوونێكى تاكى كۆیە بۆ تێپەڕین لەوەى كە هەیە، كەواتە (بە دەربڕینێكى دێریدایى) گەلێكە كە دێت a people to come، فرەییەك كە بەڕێوەیە و لە هەڵهاتندایە، فرەییە كە لە هاتن ناوەستێت؛ بەم هاتنە یان گەلێكى نوێ دادەهێنێت كە لەنێو خۆیدا “گەلان”ـە، یانیش سەیروورەكەى دەشكێت و دەبێتەوە بە “یەك گەل”ى نێو سیاسەتى باو. بە دەربڕینێكى یەكلاكەرەوە، لاى بادیوو: خەڵك بە مانایەكى پۆزەتیڤ ئەوەیە كە لە ئاوابوونى دەوڵەتدا هەڵدێت[3].

*   *   *   *   *

ئەم ئاوابوونە بە دوو شێوەیە: شێوەیەكى ماركسى: هەڵوەشانەوەى دەوڵەت، كە بە بڕواى بادیوو لاى ماركس دوائامانجى بزاوتە شۆڕشگێڕییەكانە؛ شێوەیەكى دۆلۆزى: خەڵك ئەوەیە كە لە غیابى دەوڵەتدا پێكەوە دەجوڵێن؛ واتە داهێنانى ڕووبەرە نا-دەوڵەتییەكان. بۆیە بادیوو بە بەكارهێنانى چەمكە دۆلۆزییەكان پێی وایە خەڵك زۆرینە majority نین، بەڵکوو كەمینە minorityـن. بۆ نموونە لە پرۆسەى هەڵبژارنى نوێنەرایەتیدا، پەرلەمان كە دەزگایەكى شەرعى و دەستووریى دەوڵەتە “زۆرینە” دەنوێنێتەوە؛ لە دەوڵەتێكى ستەمكاریشدا كە كەمینەیەك حووكمى دەكەن، هەموو جەستەكانى تر بە جەستەى حاكم یان بە بنەماڵەى حوكمڕانەوە دەلكێنرێن و ئەو دەبێتە نوێنەرى كۆى جەماوەر؛ چونكە خودى سەروەریى گەل و وڵات sovereignty دەنوێنێتەوە (لە كاتى جەنگى داعشدا ئەم سەروەرییە بە زاراوەى شەرەف تەرجەمە كرا: پێشمەرگە شەرەفى هەموو گەلى كورد دەپارێزێت). بەڵام سیاسەتى خەباتگێڕانە لەو كەمینەیەوە دێت كە لە دەرەوەى ئەم زۆرینە دیموكراسى و كەمینە ئۆلیگارشییەن؛ ئەو خەڵكەن كە دەوڵەت بە “نەبوو”ـیان دادەنێت یان دەیەوێت تا ڕادەى نەبوون بیانسڕێتەوە؛ جا لەبەر ئەوەى لە ڕووى فۆڕماڵەوە خەڵكێكى “زیادە” یان “نەبوو”ن، دەبن بە ڕۆحى خەڵك، واتە وەدیهێنانى جەوهەریترین ماناى خەڵك، یان بە دەربڕینى بادیوو خەڵكى خەڵك: خەڵكێك لەودیوى خەڵكەوە، گەلانێك لەولاى تاكەگەلەوە (p.28). خەڵك ئەو كەمینەیەن كە منى خۆیان بە ڕووى ئەویتردا ئاوەڵا دەكەن، خۆیان وەك یەك (یەك گەل، یەك شوناس، یەك نەتەوە) تەنیا بەو جۆرە بونیات دەنێن كە لەنێو خۆدا “یەكێكى گەورە” نەبێت، بەڵکوو لەنێوان ئێمەدا، لە پێكەوەبوونى من و ئەوانیتردا پێك بێت:

«”نێوان” مەوداسازى و مەودایە [مەودا كە لەبرى وەك-یەك-بوون، لەگەڵ-یەكتر-بوون دەسازێنێت]، ئەم مەوداسازى و مەودایە لە لایەن بوونێكى تاقانەوە وەك ئەوەى هەیە پێكدەهێنرێن، هاوكات جۆرێك ڕووبەرسازییە بۆ ماناى خۆى»[4].

ئەمەى تاقانەیە تەنیا وەك تاقانەیى لەگەڵ ئەوانیتردا دەتوانێت تاقانەیى خۆى بەدەست بهێنێت و تەنیا بەم تاقانەییەش دەتوانێت لەگەڵ ئەوانیتردا بێت و لە كۆیەكدا جێ بگرێت. ئەمە تەنیا بوونى من و ئەویتر نییە؛ پێكەوەبوون واتاى “من” نییە بە ئیزافەى “تۆ” یان “ئەو”، بەڵکوو ئەوەى لە پێكەوەبووندا گرنگە خودى “بوونە لە پێكەوەییدا”، لەوێدا كە بوونەكان لەگەڵ یەكتردان؛ بە واتایەكی تر، ئەوەى گرنگە ئیزافە نییە، بەڵکوو ئامرازى پەیوەندیى “لەگەڵ”ـە كە هەر پێكەوەبوونێك مومكین دەكات. پێدەچێت لە ماناى وشەى “لەگەڵ”، یان لە ئیتیمۆلۆژیاى ئەم وشەیەدا بە زمانى كوردى، بنەماى پێكەوەبوونێكى فرە لەخۆ گیرابێت. لەگەڵ، پێدەچێت بەرهەمى گۆڕانێكى سووك بێت لە “لە-گەل“ـەوە بۆ “لە-گەڵ” بە زیادكردنى جەختێك لە پیتى كۆتاییدا كە لە “ل”ـەوە كردوویەتى بە “ڵ”. “لە-گەڵ” وەك گۆڕاوى “لە-گەل”، واتە “بوون-لە-گەل”دا، بوونێك لەنێو گەلدا كە ئەم “گەل”ـە بوون بە تەنیشت یان بەرانبەر یان پشتبەپشتى ئەوانیترەوەیە، واتە بوون-لە-گەلدا، بوون لە زۆرێتى و فرەییدا پێكى هێناوە. خاڵى سەرنجڕاكێش ئەوەیە كە “لەگەڵ” وەك بوون-لە-گەلدا، تواناى دووهێندەبوونەوەى خۆیشى هەیە، ئەمەیش ماناى وایە كە بوون-لە-گەلدا واتە بوون-لەگەڵ-گەلدا، بوونێك لە گەلێكدا و لەگەڵ گەلێكدا؛ بوونێك لەنێو فرەییەكدا و لەگەڵ فرەییەكدا. بوون-لە-گەلدا، كە هاوكات بوون-لەگەڵ-گەلێكدایە، لەسەر بنەماى خودى وشەى “لەگەڵ” دیسان دەبێتەوە بە فرەیى فرە و بە فرەفرەیى، چونكە “لەگەڵ” واتا ئێمە تەنیا نین، بە تەنیا ناژین، بەڵکوو تاقانەگەلێكین لەگەڵ یەكتریدا، كەواتە ئێمە “لە-گەل”ـدا و بەم هۆیە لە “گەل”ـداین. گەلیش بوون-لەگەڵ-یەكترى تاقانەكانە لەنێو جەمێكدا. بوون-لەگەڵدا وەك بوون-لە-گەلدا و وەك بوون-لە-گەلدا ئەمانیش وەك بوون-لە-گەلدا لەگەڵ-ئەوانیتردا؛ باشتر بڵێین: بوون-لە-گەڵداى ئەوانیتر لە گەلدا.  

با بە داڕشتنى زیاترى ئەم جۆرە چەمكە نانسىییانە خەریك نەبین و هەر بە شێوازى ئەو كورتى بكەینەوە: پێكەوەبوون فرەبوونە، فرەبوونیش لەسەر بنەماى جیاوازبوون دادەمەزرێت «خەڵك تەنیا جیاواز نین، بەڵکوو خەڵك هەموو خۆیان دەخەنە جیاوازییەوە- چونكە ئەگەر وا نەبێت ناتوانن لەگەڵ یەكتریدا بن»[5]. خەڵك وەك كەمینە، زۆرێتییە؛ كەمینەیەك كە لە لەگەڵ-یەكتر-بووندا، لە پێكەوە-بووندا تەنیا تاقانەیى گەلێك نییە، بەڵکوو تاقانەییگەلێكە، “گەلێكى فرە”، “گەل”ێك كە “گەلێك”ـە، گەلێ زۆر؛ زۆرێتیەك كە فرەییەكە: كەسى یەكەمى كۆ یان ئێمە:

«”ئێمە” نە سوبێكتێكە -سوبێكت وەك هاوشوناسیى لەگەڵ خود و وەك منێتییەكى خۆبەس-، نە كۆمەڵە سوبێكتێكە كە یەكیان گرتووە [ئینتەرسوبێكتیڤ]. ئێمە” ئەوەش نییە “نەبێت”، بە پێچەوانەوە، هەیە و هەموو جارێك “یەكێكە لە یەكەكان”، وەك ئەوەى “هەر یەكێك” “یەكێك لە یەكەكان”ـە. لەبەر ئەمەیە كە “ئێمە“یەكى گشتى و یونیڤێرساL بوونى نییە، بەڵام لە لایەک ئێمە هەموو جارێك دەڵێین “ئێمە” بۆ هێماكردن بە تەباییەك یان گروپیك یان تۆڕێك، چ گەورە بێت یان بچووك، لە لایەکی ترەوە ئێمە دەڵێین “ئێمە” بۆ هێماكردن بە هەمووان، ئەمەیش ڕاستییەکەی واتە هێماكردن بۆ پێكەوە-بوون. […] “ئێمە” واتاى ئەوەیە نە “یەك”ـە و نە “ئیزافەى یەك و ئەویتر”، بەڵکوو “ئێمە واتە “یەكێك” بە شێوەى تاكگەلى كۆ، یەكێك لە دواى ئەویتر و یەكێكە لەگەڵ ئەویتردا»[6].

 خەڵكى وەك فرەیى، وەك ئەو ڕووبەرى پەیوەندییەى كە لەنێوانماندایە، گەل لە جەستەیەكى سیاسیى پێكەوەییدا دادەهێننەوە. بەم مانایە جودابوونەوەى ئەم كەمینەیەى خەڵك پێكدەهێنن، تەنیا “إنفصال”ێكى بلانشۆیى-دۆلۆزییە كە لە یەك كاتدا جودابوونەوە و بەیەكگەیشتنە، نێوانێكە وەك پنتى جیاوازى و تەباییمان. بەم مانایە كەمینە لەژێرەوە ڕیزۆمێك، تۆڕێكى پەیوەندی لەگەڵ زۆرینەدا دەچنێت تاوەکوو دواجار ئەم كەمینەیە، زۆرینەیش بە خۆیەوە گرێ دەدات، تا ئەو ڕادەى ڕەنگە ببن بەو زۆرینەیەى كە ئەنتۆنیۆ نێگرى و مایكڵ هارت ناوى دەنێن “مەڵتیتیود” كە ماناكەى كەمێك لە “كۆمەڵانى خەڵك”ـەوە نزیكە.

*   *   *   *   *

ئێستا دەتوانین دەرەنجامگیرى ئەوە بكەین كە لاى بادیوو، دوو خەڵكمان هەیە: گەل و خەڵك؛ بەڵام بادیوو هەر یەكەیان بۆ جووتە چەمكێك وردتر دەكاتەوە و پێی وایە بە پێى كۆنتێكست گەل دوو گەلە: نێگەتیڤ و پۆزەتیڤ. خەڵكیش دوو خەڵكە: نێگەتیڤ و پۆزەتیڤ. دواجار كاتێك وشەى گشتیى “خەڵك” people گەر ئاماژە بێت بۆ هەردووكیان، كەواتە ئێمە دوو ماناى گەل و دوو ماناى خەڵكمان هەیە، نێگەتیڤ و پۆزەتیڤ لە هەردووكیان. با بڵێین چەمكى گشتى خەڵك دابەش دەبێت بەسەر گەل و خەڵكدا، گەلیش دوو گەلە و خەڵكیش دوو خەڵكە، سەرەنجام لەبرى دوو مانا، چوار ماناى خەڵكمان هەیە: ماناى نێگەتیڤى گەل و ماناى نێگەتیڤى خەڵك ئەمانەن:

«دوو ماناى نێگەتیڤى وشەى “خەڵك”ـمان هەیە. یەكەم و ڕوونترینەكەیان ئەوەیە كە لە شوناسى ڕەگەزى یان نەتەوەییدا قەتیس كراوە [واتە خەڵك وەك یەكگەل]. بوونى مێژوویى ئەم جۆرە “گەل”ـە پێكهێنانى دەوڵەتێكى ستەمكاریى خواستووە […]. دووەم ماناى خەڵك و شاراوەترەكەیان، ئەگەرچى لە ڕووبەرێكى گەورەدا زیانبەخشترە، ئەوەیە كە دداننان بە “خەڵكێك”ـدا ملكەچى دەوڵەتێك دەكات كە گوایە ڕەوا و سوودبەخشە لە ڕێگەى ئەو فاكتەوە كە چەندە بكرێت هێندە گەشەكردن و بەردەوامێتیى چینى ناوەڕاست ڕێك دەخات [لێرەدا خەڵك دەبێتە دەنگدەرانى نێو دیموكراسییەتى سەرمایەدارى]»

ماناى پۆزەتیڤى گەل و ماناى پۆزەتیڤى خەڵكیش ئەمانەن:

«دوو ماناى پۆزەتیڤى وشەى “خەڵك”ـیشمان هەیە. یەكەمیان دامەزراندنى گەلێكە لە تێكۆشاندا بۆ بەدەستهێنانى بوونە مێژووییەكەى، تا ئەو شوێنەى كە ئەم ئامانجە لە لایەن باڵادەستیى كۆلۆنیالى و ئیمپریالییەوە یان لە لایەن باڵادەستیى داگیركەرێكەوە نكوڵیى لێ كراوە. بەم جۆرە “گەل” بەگوێرەى داهاتووى تەواوى دەوڵەتێكى نەبوو according to the future perfect of a nonexistent state هەیە. دووەمیان بوونى خەڵكێكـە كە ڕێك وەك خۆى، وەك ئەوەى هەیە بانگەشەى خۆى دەكات، هەر لە ناوكە سەنتراڵەكەیەوە، كە هیچ نییە جگە لەو شتەى وا دەوڵەتى فەرمى لە “خەڵك”ـە گوایە ڕەواكەى خۆى كردوویەتییە دەرێ. وەها خەڵكێك بە شێوەیەكى سیاسى لە ستراتیژییەتێكدا كە ئامانجى هەڵوەشانەوەى دەوڵەتى باوە، جەخت لە بوونى خۆى دەكاتەوە. كەواتە “گەل” كاتیگۆرییەكى سیاسییە كە یان دەبێتە مایەى دەوڵەتێكى ئارەزووكراو كە بوونەكەى لە لایەن هەندێ دەسەڵاتەوە نكوڵیى لێ دەكرێت، یاخود خۆى ئاكامى دەوڵەتێكى باوە كە “خەڵكێكى نوێ”، كە هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوەى گەلى فەرمین، دەخوازن هەڵى بوەشێننەوە»[7].

بەگوێرەى ئەم شیكارییە، ماناى نێگەتیڤى گەل ئەوەیە كە “خەڵك” وەك بوونێكى فرە دەكاتە دەرەوەى خۆى؛ ماناى نێگەتیڤى خەڵك ئەوەیە كە “گەل” لە خەڵكێكى ناسیاسیدا، لە ڕەشەخەڵكێكى دەنگدەردا كورت دەكاتەوە. ماناى پۆزەتیڤى گەل ئەوەیە كە لە گەلێ خەڵكى هەمەجۆر و جیاواز پێكهاتووە كە لەپێناو سەربەخۆیى و دامەزراندنى دەوڵەتێكى فرەنەتەوەى داهاتوودا خەبات دەكەن؛ ماناى پۆزەتیڤى خەڵكیش ئەوەیە كە دەیانەوێت لە ڕێگەى خەباتەوە “گەل”ـى تاكڕەنگ و كەمینەى نێو گوتارى فەرمیى باڵادەست، كە ڕەوایەتیى ناڕەواى دەوڵەتی ستەمكار پێكدەهێنێت، لە ڕەوایەتی بخەن تا دواجار هەڵی دەوەشێننەوە و یەك ملكەچى فرەیى دەكەن. 

داخۆ ئەم گەلـە پۆزەتیڤەى وا لە تێكۆشاندا بەدواى ئیمكانى پێكهێنانى دەوڵەتێكى نەخوازراو و بگرە قەدەغەدا دەگەڕێت و ئەم خەڵكـە پۆزەتیڤەى وا وەك ویستى هەڵوەشاندنەوەى دەوڵەتێكى باوى هەیە، ئەو خەڵكەیە كە خۆى سەروەرى خۆیەتى، واتە ئەوەى كە پێی دەڵێین دیموكراسى؟ بادیوو پێی وایە سەرمایەدارى دیموكراسییەتى كاپیتالیزە كردووە؛ گەر دیموكراسى بریتی بێت لە سیستەمى پەرلەمانتارى، ئەوا “سەروەریى خەڵك” دواجار ئەوەیە كە دەوڵەت دیاریكەرییەتى، ئەمەیش بە زۆرى ئەتۆمیزەكردنى تاكەكانە لە مافى دەنگداندا. هەر تاكێك دەنگى هەیە و دەتوانێت خۆى دەرببڕێت، بەم جۆرە هەر ئەكتێكى پێكەوەیى، هەر تاقمبەندییەكى خەڵك وەك سوبێكتێكى جەمعى، وەك گەل، وەك گەلێك (گواتارى)، یان خەڵك لە مانا پۆزەتیڤەكانیدا (بادیوو)، هەڵدەوەشێنرێتەوە. ئێستا گەڕاینەوە بۆ خاڵى سەرەتا، بۆ ئەو شوێنەى كە دیسانیش خەڵكێك لە دەرەوەى ئەم خەڵكە فۆڕماڵەى ناوى دەنگدەرە، گەلێك لە دەرەوەى ئەم تاكگەلەى ناوى گەلى دەوڵەتى نەتەوەییە، دروست دەبێت. ئەمە لاى بادیوو، یان ناوى گەلى ڕزگاریخوازى نەتەوەییە كە دامەزرێنەى “نەتەوەى گەلان”ـە؛ یانیش ناوى سیاسەتى كۆمۆنیستییە، كە دامەزرێنەرى نەتەوەى دیموكراتیى هاوبەشى نێوان نەتەوەكانە.


[1] Alai Badiou: Twenty-Four Notes on the Uses of the Word “People”, in ”What is a People? Alain Badiou and others, Trabslated by Jody Gladding, Columbia University Press, New York, 2013, p.22.

[2] Ibid., p.25-26.

[3]Ibid., p.31.

[4] Jean-Luc Nancy: Singulär plural sein, Aus den Französischen von Ulrich Müller-Schöll, Diaphanes, Zürich 2004, S. 25. 

[5] Ebd., S. 29.

[6] Ebd., S. 119-120.

[7] Badiou: Op. Cit., p. 30-31.

Loading