نووسین

شرۆڤەی كتێبى (مینۆن)

موحەمەد عەبدولکەریم

کورتەناساندنی سوقرات

تسلەر و ئەرستۆ، سوقرات بە پێشەکییەک بۆ فەلسەفەی ئەفلاتوون یان کەشفکەری ڕێیەک بەرەو ئایدیاکان دەبینن. بە باوەڕی گروپێکی تر، سوقرات فەیلەسووف نییە، هۆکاری شۆڕشێکی ئەخلاقییە و پێغەمبەرێکە مرۆڤەکان بەرەو زوهد و قەناعەت و ئازادی ڕێنوێنی دەکات، ئەمەش ڕای هاینرش مایەرە. ڕای سێیەم؛ سوقرات هەر ئەو کەسەیە، ئەفلاتوون لە نووسینەکانی خۆیدا بەرجەستەی کردووە، دروستکەری تێۆری ئیدە و تیۆری نەمریی ڕۆح و دەوڵەتی ئایدیاڵە؛ واتە ئەوەی ئەفلاتوون دەربارەی سوقرات خستوویەتییە ڕوو، ڕاستینەیەکی مێژووییە. سوقرات بە چەندان شێوازی جۆراوجۆر ڕەمزێنراوە و تەفسیر دەکرێت، کەچی ئەو هەر وەک بازنەیەکی بەتاڵ ماوەتەوە، ئەو ئەو تەفسیرانە نییە کە دەربارەی دەوترێن. هەندێک جار ئەو وەک مەسیحییەکی باوەڕدار و لە خواترس وێنا دەکرێت؛ هەندێک جار وەک پیاوێکی سەربەخۆ و کەسێکی پشتئەستوور بە ئەقڵ و بلیمەتئاسای سەروومرۆڤ؛ جاری واش هەبووە وەک مژدەدەرێکی ئینسانییەت؛  تەنانەت وەک کەسێکی سیاسیش تەماشایان کردووە کە نەخشەی دەستخستنی دەسەڵاتیشی لە دەروونی خۆیدا شاردووەتەوە. هەموو ئەو پێناسانە لەسەر سوقرات دروست بوون، کەچی ئەو نین. بۆچوونی گشت فەیلەسووفانی کۆن، دۆست و دوژمن، سوقرات وەک کامڵترین فەیلەسووف تەماشا دەکەن و بەم جۆرە بە درێژایی مێژوو چەندان سەدەیە بە تەنیا وەستاوە. ئەو بێ ئەوەی بەرهەمێکی نووسراو یان تیۆرییەک یان دەستگایەکی فەلسەفی لێ بەجێ مابێت؛ کەچی مردنەکەی بووەتە دەستپێکی گەورەترین بزوتنەوەی فەلسەفەی یۆنانی. فەلسەفە گوڕ وەرناگرێت لە بەرهەمێکی نووسراو یان تیۆرییەک و دەستگایەکی فەلسەفی. سپێناخ لە مردنی فەیلەسووفێکەوە وەردەگرێت. سوقرات بە تەقینەوەی لەناو مێشکی خوێندکارەکانیدا بووە هۆی سەرهەڵدانی ڕوانینی جۆراوجۆر لە خوێندکارەکانیدا، سوقرات هەوێنی سەرهەڵدانی یەک قوتابخانە نەبوو، بەڵکوو چەندان قوتابخانەی جۆراوجۆر هەن لە سوقراتەوە سەرچاوەیان گرتووە. هەموو هاوڕێکانی بەهۆی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ سوقرات گۆڕاون و بە ئاگاش هاتوونەتەوە لەو گۆڕانەی تێیاندا دروست بووە. فەلسەفە دووبارە لە مردنی قەقنەسێکەوە ژیانێکی تر وەردەگرێت[1]. نیچە سوقراتی بە گەورەترین دوژمنی کرۆکی شارستانییەتی یۆنان و دامەزرێنەری ئەقڵگەرایی زانست، وێرانکەری فەرهەنگی یۆنانی تەماشا دەکرد، نیچە دەیووت: “سوقرات بە جۆرێک لێمەوە نزیکە، تەقریبەن هەموو کاتێک لەگەڵیا لە شەڕدام”[2]   نیچە بەرگری لە ژیان دەکرد، وای دەبینی تەواوی ئەوانەی لایەنداری ئەقڵ بوون، ژیانیان بێنرخ کردووە؛ تەنانەت سوقرات کاتی مردن دەڵێت: ژیان بە واتای کاتێکی درێژ نەخۆش بوون. نیچە پێی وایە جەختی سوقرات لەسەر ئەقڵ و بەڵگەکاری، لەبری ڕوانینی ئوستوورەیی، وای کردووە ڕوانینی ئاپۆلۆنی لە جێی دینسیۆسی دابنێت. ئاپۆلۆنییەت ئەو فەرهەنگە یۆنانییەیە کە سەرچاوەی نەزم و دیسپلین و مەنتیق و بەڵگەسازییە؛ لە کاتێکدا دینۆسیۆس خوای شەوق و زەوق و کەیف و سەفایە. نیچە پێی وانییە ئەقڵانییەت ئەقڵانی و ڕزگاری بهێنێت بۆ مرۆڤ، بەڵکوو دەبێتە ئامرازێک بۆ لەناوبردن و نەخۆشخستنی مرۆڤ. نیچە دەیەوێت ئەم وانەیەمان دابدات دەرکردنی “ئەقڵ و ئازادیی غەریزە”، ئەو پێی وایە “ئەقڵ سەنتەری” مرۆڤی مۆدێرن بە سوقرات دەست پێ دەکات، لە کۆتاییشدا سەر دەنێت بە مردنی خوا و نهیلیزمەوە؛ ئەمەش وا دەکات سوقرات بە تاوانبار تەماشا بکات کە شیاوی لێخۆشبوون نییە.[3] لە لایەکی ترەوە هیگڵ باوەڕی وابوو کە سوقرات هەوڵی بونیادنانی سەردەمێکی تازە بوو، دەیویست ئەو جەوهەرە تێک بشکێنێت کە ئاتن دەستی پێوە گرتبوو[4].  سوقرات بەردەوام دەیپرسی و ئەم کارەی هێندە درێژە پێدەدا هەتاکوو پرسیارە ئینسانییەکان دەهاتنە پێشێ، بێ ئەوەی وەڵامێکی بۆیان هەبێت. ئەم پرسیارانە وایان دەکرد خەڵکی مشەوەش بن و بەرانبەر سوقرات بشکێنەوە و توڕە ببن؛ سەرنجام سوقرات پەلکێشی دادگا کرا بە تۆمەتی سەرپێچی لە یاساکان، چونکە خواکانی ئەوان ناپەرستێت، بەڵکوو باوەڕی بە دایمۆنەکان هەیە. لاوەکانیش بە لاڕێدا دەبات. دایمۆنەکان واتە: “دەنگی خوایی _  دەنگی مەلەکوت _  دەنگی دەروونی”.  سوقرات دەڵێت: “لە تەمەنی منداڵییەوە ئەو دەنگەم گوێ لێبووە، هەموو جارێک ڕێگر بووە لەو کارە ناشایستانەی ویستوومە ئەنجامیان بدەم؛ لە کاتێکدا ناچاری نەکردووم بە ئەنجامی هیچ کارێک” بۆ نموونە هەر کات سوقرات بیویستایە بچێتە ناو کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسییەکانەوە، ئەم بانگە ڕێگری لێکردووە. ئەو خوێندکارانەی لێی تەکیبوونەوە و دەیانویست بگەڕێنەوە لای، ئەو بانگە دەروونییە ڕێگای پێ نەدەدا هەندێک لە خوێندکارەکان قبووڵ بکاتەوە، ئەمە لە کاتێکدا ڕێگری لە گەڕانەوەی هەندێکیشیان نەدەکرد. کاریگەریی بێدەنگی دایمۆن “بانگی دەروونی” بۆ سوقرات سەیر بوو، لە کاتی دادگاییکردنیدا  بووە هۆکاری ئەوەی ئازایەتی پێ ببەخشێت. سوقرات دەڵێت: ئەو دەنگە خواییەی هەمیشە لەگەڵ من بوو، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهێزتر بوو لەوەی لە پێشوودا هەمبوو. چەندان جار دایمۆنەکان بە خەبەری دەهێنامەوە، کەچی ئەمڕۆ ڕێگری نەکرد لێم لەگەڵ ئەوەی ڕووداوێک چاوەڕێم بوو، کە زۆرینەی خەڵکی بە گەورەترین موسیبەتی دەژمێرن. هیچ ئاگاداری نەکردمەوە نە بەیانییەکەی، نە ئەو کاتەشی هاتمە ناو کۆشکی دادگاوە؛ تەنانەت دایمۆن ڕێگری نەکرد لە هەموو ئەو قسانەی کە کردمن. ئەگەر ئەو کارەی من ئەمڕۆ ئەنجامم دا بەجێ و لە بەرژەوەندیی مندا نەبووایە، ئەوە ئیمکانی ئەوە نەبوو ئەو دەنگە مەلەکوتییە ڕێگری لە من بکات”. دەڵێت: پێموانییە کەسێک بەر لەمن ئەو دەنگەی بیستبێت” ئەم دەنگە دەروونییە ناچارت ناکات بە کارێکی تایبەت، تەنیا ڕێگری دەکات.[5]  کۆمەڵێک بەها و یاسا و ڕێسا و نەریت جێپەسەندی خەڵکین، کۆمەڵگە لەڕێی پارێزگاریکردنیانەوە خۆیشی دەپارێزێت. ئەو یاسا و ڕێسا و نەریتانە بە جۆرێک ناوەکی بوونەتەوە، تەنانەت لە دیارنەبوونی هیچ کەسێکی تردا پەیڕەوی دەکرێن. هەر وەک چۆن لە دەرونشیکاریدا بە مانا فرۆیدییەکەی سوپەر ئیگۆ دەکرێت کۆمەڵگە بێت یان باوک، مامۆستا، دایەن، یان هەر شتێکی تر؛ ئەمانە حاڵەتی ڕەقی سوپەر ئیگۆن، دواجار ناوەکی دەبنەوە و دەبنە ویژدان[6]؛ بە دەربڕینێکی تر نەرمبوونەوەی سوپەر ئیگۆ. ویژدان بە پێچەوانەی باوک و مامۆستا و دایەنەوە بۆ هەر کوێ دەچین لەگەڵمانە و هەڵی دەگرین. گەر ویژدان بشکێنرێت یان بە پێچەوانەوەی بجوڵێیتەوە، ئازارێکی تێ دەزێت کە خۆمان پێی دەڵێین ئازاری ویژدان. ئازاری ویژدان دەرچوونە لە سکەی سوپەر ئیگۆیەکی نەرمکراوە. دین یەکێکە لە سوپەر ئیگۆ بەهێزەکان کە لە کۆندا بە تایبەت باشترین میکانیزم بووە بۆ کۆنترۆڵکردنی مرۆڤ. دەستکاری ناوەوەی مرۆڤی کردووە، هەموو ناکۆکی و دژیەکییەک بەو دەبێتە ئازار. کەسانی یاساشکێن و نەریتشکێن و دین‌شکێن …؟ واتە کەسانێک کە دەستیان نەگرتووە بەو پێوەر و بەهایانەی خەڵکییەوە کە کۆمەڵگە خۆی لە ڕێیەوە دەپارێزێت. ئەوانەی شکێنەرن، شکێنەری فەنتازیای خەڵکین، بۆیە سەیر نییە بەبێ باجدان لێی دەرنەچن. وەک چۆن شارستانییەت بەبێ باجدان و سەرانەی ئێمە دروست نابێت، ئاوها دەرچوونیش لێی بەهۆی باجێکەوە نەبێت نابێت. کۆمەڵگە سزایان دەدات؛ تێز سزای ئەنتی تێزە؛ ئەڵبەتە سوقراتیش ئەنتی تێزی کۆمەڵگە بووە و بە فیکرەکانی ئازاری داون و هەروەها ئەنتی تێزێک بووە بۆ فەلسەفەی پێش خۆی. سوقرات بە تەفسیرە شتراوسییەکەی ڕازی فەلسەفەی درکان بۆ کۆمەڵانی خەڵک، باجی دەربڕینی ئەو حەقیقەتانەی بە گیانی خۆی دا؛ هەروەها دوو تەفسیری تر، ئەوانیشی خستنە مەترسیی بەرژەوەندیی گروپێک لە بازرگانان، یان دروستکردن و جوڵاندنی ئیرەیی لەناو دەروونی ئەو کەسانەی سوقرات نەزانینی ئەوانی سەلماندبوو[7]. تەفسیری تر کە سەرپێچی لە یاساکان دەکات، چونکە خواکانی نیشتیمان ناپەرستێت، باوەڕی بە دایمۆنەکان هەیە، گەنجەکان بە لاڕێدا دەبات[8]. سوقرات ئازاری فەنتازیایەکی درێژخایەنی داوە، سەلامەتی کۆمەڵگەیەکی خستووەتە بەر مەترسییەوە.

سوقراتی دانا هەڵوەشێنەرەوەی دەربڕینە ناو بۆش و ڕیتۆریکییەکان. گفتوگۆ و دەمەقاڵێکان بە بۆچوونی ئەو، نابێت ببنە شوێنی یاریکردن و جۆرێک لە فریودانی ڕیتۆریکییانە، چونکە مەبەست لە گفتوگۆ و باسوخواسەکان گەیشتنە بە حەقیقەت. لەناو یارییە ڕیتۆریکییەکان و ڕستە ناو بۆشە بەتاڵ و زەریفەکاندا، حەقیقەت ناتوانێت بژی. سوقرات هەوڵی ئەوە دەدات ڕەقیبەکەی ئامادە بکات بۆ ئەوەی ڕای بهێنێت و ناچاری بکات بەوەی خۆی حەقیقەت درک بکات. سوقرات جۆرێک لە دیالێکتیکی ئەرێنی وەک ڕەوشێک بەکار دەهێنێت بۆ ڕاهێنان و فێرکردنیان، کە دەتوانین دیالێکتیکی سوقراتی ناو بنێین. سوقرات کەڵک لەم ڕەوشە دەبینێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کەسانی سۆفیستایی و کەسانێک کە دەبنە دالێک بۆ هەمووشت‌زانینی و بێ هەڵەیی. هەوڵی سوقرات ئەوەیە جارێکی تر پەروەردەیان بکاتەوە و چاکیان بکات. دیالۆگی مینۆن مشتومڕکردنە دەربارەی فەزیلەت. سوقرات داوای پێناسەکرنی فەزیلەت لە مینۆن دەکات؛ هەروەها ژماردنی جۆرەکانی فەزیلەت لە لایەن مینۆنەوە بە جۆرێک دوورکەوتنەوە دەبینێ لە پێناسەیەکی تۆکمە و یەکگرتوو. تۆکمە و یەکگرتوو مەبەست ئەوەیە پێناسەیەک ببێتە خاڵی هاوبەش و جەوهەریی نێوان گشت جۆرەکان. ژماردنی جۆرەکانی فەزیلەت، سوقرات ڕازی ناکات. ئەو نایەوێت فەزیلەت وردوخاش بکرێت و باسکردن لە بەشەکانی وەک پێناسەیەکی یەکگرتوو وەربگیرێت. بۆیە ژماردنی جۆرەکانی فەزیلەت بۆ سوقرات ئەرێنی دەکەوێتەوە، چونکە وردە وردە لە ڕێی ئیستقراوە دەتوانین بە پێناسەیەکی کولی، ئەو شتەی مەبەستمانە بگەین. ئیستقرای سوقراتی بە زۆری بەهۆی کۆڵینەوەی جوزئییەوە دەست پێ دەکات، کە لێوەی تیۆرێکی کولی هەڵدەهێنجرێت. سوقرات بەپێی ڕەوشی خۆی لە جوزئییەوە دەچێت بۆ کولی و لە کولییەوە بەرەو جوزئی؛ لە ئینتیزاعییەوە بۆ نائینتزاعێتی، هەروەها بە پێچەوانەشەوە. ئەم پەتپەتێنکردنەی سوقرات بەهۆی ئەو وەڵامانەوە ڕوو دەدەن کە لە لایەن ڕەقیبانییەوە دەدرێنەوە. گەر هاتوو پێناسەکە کولی بوو، چەکەرەی کردبوو لە فڵان فەلسەفە یان ئەقڵی سەلیمەوە، سوقرات دەچێت بەشوێن لایەنە جوزئی و نموونە (عەینی) ڕۆژانەیی و بەردەستەکاندا، لێرەوە ڕوون دەبێتەوە ڕەهەند و برد قەزییانەی جێ مەبەستە بکۆڵرێتەوە تا دەرکەوێت ئایا دروستە یان نا. گەر بێت و وەڵامی بەرانبەر جوزئی و ڕۆژانەیی بێت و وەرگیراو بێت لە ژیانی ڕۆژانەوە، سوقرات هەوڵ دەدات تایبەتمەندیی بنچینەیی کە پێناسەی لێوە دروست دەبێت کەشف بکات[9].

شرۆڤەی كتێبى (مینۆن)

كتێبى ( مینۆن) هى ئه‌فلاتوونه‌. ئه‌م كتێبه‌ گفتوگۆیه‌كى چڕى نێوان سوقرات و مینۆنى خوێندكارى گۆرگیاسى سۆفیسته‌كانه‌. ئاشكرایه‌ كتێبه‌كه‌ش هه‌ر به‌ ناوى مینۆنى كاره‌كته‌رى سه‌ره‌كییه‌وه‌ ناونراوه‌. سوقرات ده‌یه‌وێت به‌ر له‌ هه‌ر شتێك پێناسه‌یه‌ك ده‌رباره‌ى چییه‌تى فه‌زیله‌ت بكه‌ن، بۆیه‌ سوقرات به‌ مینۆن ده‌ڵێت من نازانم فه‌زیله‌ت چییه‌، ده‌كرێت پێناسه‌یه‌كى فه‌زیله‌تم بۆ بكه‌یت؟ سوقرات ده‌یه‌وێت ته‌مومژییه‌كانى چه‌مكى سه‌ر فه‌زیله‌ت بڕه‌وێنرێته‌وه‌، ڕوون بێته‌وه‌ فه‌زیله‌ت ماناى چییه‌؟ پاش شه‌فافكردنه‌وه‌ى چه‌مكى فه‌زیله‌ت هه‌نگاو بنێت به‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ى ئایا فه‌زیله‌ت شتێكه‌ شیاوی فێربوونه‌؟ ده‌توانین له‌ڕێى هه‌وڵ و ته‌قه‌لاوه‌ به‌ده‌ستى بهێنین؟ یان ئه‌وه‌تا شتێكى فیترییه‌ و سرووشتییه‌ (له‌ناو سروشت و فیتره‌ت)ماندایه‌ یاخود به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌دیه‌یه‌ك یان (پێدراوێك)ـه‌، له ‌لایه‌ن خواكانه‌وه‌ پێمان به‌خشراوه‌. سوقرات پێی وایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ڵامى ئه‌م پرسیارانه‌ بدرێنه‌وه‌، ده‌بێت سه‌ره‌تا فه‌زیله‌ت بناسێنرێت، چییه‌تیی فه‌زیله‌ت ڕوون بكرێته‌وه‌. سوقرات ناتوانێت ئه‌م وه‌ڵامانه‌ بداته‌وه‌، هۆكارى وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌شى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناڕوونێتیی چه‌مكى فه‌زیله‌ت و نه‌ناسینى چییه‌تییه‌كه‌ى. سوقرات هه‌وڵى جوڵاندنى مینۆن ده‌دات، كه‌مه‌ندكێشى بكاته‌ ناو گفتوگۆوه‌ له‌ڕێى خۆ به‌ نه‌زان كردنه‌وه‌. سوقرات ده‌پرسێت: مینۆن ده‌بێت فه‌زیله‌ت چیبێت؟ لێره‌وه‌ مینۆن ده‌كه‌وێته‌ بۆته‌ى پێناسه‌كردنى فه‌زیله‌ته‌وه‌ “فه‌زیله‌تى پیاو ئه‌وه‌یه‌ تواناى به‌ڕێوه‌بردنى شارى هه‌بێت، سود به‌ هاوڕێكانى خۆى بگه‌یه‌نێت. دوژمنان سه‌ركوت بكات بێ ئه‌وه‌ى به‌ خودى ئه‌و زیان بگه‌یه‌نێت، هه‌روه‌ها فه‌زیله‌تى ژنیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ماڵ باش به‌ڕێوه‌ ببات. گوێڕایه‌ڵى مێرده‌كه‌ى بكات. فه‌زیله‌تى تر هه‌یه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ مناڵانه‌وه‌ چ كچ و چ كوڕ بێت، فه‌زیله‌تى تر ده‌رباره‌ى به‌ساڵاچووان، فه‌زیله‌تى به‌نده‌كانیش جیایه‌ له‌ فه‌زیله‌تى پیاوه‌ ئازاده‌كان، كه‌وایه‌ ده‌بینى فه‌زیله‌ته‌كان فراوانن، هه‌موویان به‌ ئاسانى ده‌توانیت پێناسه‌ بكه‌یت، چونكه‌ بۆ هه‌ر دۆخ و ساڵێك و هه‌ر كارێك فه‌زیله‌تێكى تایبه‌ت هه‌یه.‌” پێناسه‌ى یه‌كه‌مى فه‌زیله‌ت لاى مینۆن (لا374-375)  سوقرات لێره‌وه‌ به‌ تۆنێكى ته‌نزئامێزانه‌وه‌ ئه‌وه‌ له‌ مینۆن ده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌مانه‌ ده‌وروبه‌ر كوتینى فه‌زیله‌تن نه‌ك پێناسه‌كردنی فه‌زیله‌ت؛ به‌ مانایه‌كى تر من ده‌ڵێم فه‌زیله‌ت چییه‌؟ تۆ جۆره‌كانى فه‌زیله‌تم بۆ ده‌ژمێریت! ئه‌مه‌ ڕێك چه‌شنى ئه‌وه‌یه‌ بڵێم زه‌رده‌واڵه‌ چییه‌ تۆ جۆره‌كانى زه‌رده‌واڵه‌م بۆ بژمێریت. به‌ باوه‌ڕى سوقرات ده‌بێت زه‌رده‌واڵه‌كان گه‌رچى جۆراوجۆرن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر ده‌بێت “خاڵێکی یه‌كگرتوو و هاوبه‌ش” یان هه‌بێت هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه‌یه‌، به‌ یه‌ك ناوه‌وه‌ بانگیان ده‌كه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ سوقرات پێی وایه‌ گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت فه‌زیله‌ت پێناسه‌ بكات ده‌بێت (خاڵێکی هاوبەش و یه‌كگرتوو)ی نێوان نموونەکانی فەزیڵەت بدۆزێتەوە. سوقرات مینۆن ده‌خاته‌ به‌ر ڕه‌خنه،‌ به‌و پێیه‌ى مینۆن له‌برى باسكردن و پێناسه‌كردنى فه‌زیله‌ت، هاتووه‌ جۆره‌كانى فه‌زیله‌تمان بۆ ده‌خاته ‌ڕوو! سوقرات داواى ئه‌وه‌ ده‌كات له‌ مینۆن ئه‌و شته‌ى دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌ جۆره‌كانى فه‌زیله‌تدا بۆمان بخاته ‌ڕوو نه‌ك ئه‌وه‌ى جۆره‌كانى فه‌زیله‌تمان بۆ به‌یان بكات. لێره‌وه‌ سوقرات ده‌یه‌وێت ماناى فه‌زیله‌ت ڕوون بێته‌وه‌ نه‌ك جۆره‌كانى فه‌زیله‌ت. ئه‌مه‌ ڕێك وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ بڵێین چاكه‌ چییه‌؟ تۆ بڵێیت چاكه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ دایكت باش بیت. چاكه‌ ئه‌وه‌یه‌ گوێڕایه‌ڵى ده‌سه‌ڵات بین. چاكه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ دۆخێكدا خاك كه‌وته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ تۆ بێ ووردبوونه‌وه‌ ده‌نگت بخه‌یته‌ پاڵ نیشتیمان. یان بڵێین مێز چییه‌؟ تۆ بڵێى مێز هه‌یه‌ گه‌وره‌یه‌، هه‌یه‌ بچووکه‌ هه‌یه‌ قاوه‌ییه‌، هه‌یه‌ زه‌رده‌. ڕاستییه‌كه‌ى ئه‌مانه‌ هیچیان پێیان نه‌وتووین چاكه‌ چییه‌ و مێز چییه‌؟ ئه‌مانه‌ خۆدزینه‌وه‌ن له‌ دۆزینه‌وه‌ و پێناسه‌كردنى مانایه‌كى هاوبه‌شى نێوان چاكه‌كان و مێزه‌كان، به‌ ده‌ربڕینێكى تر ئه‌مانه‌ ده‌وروبه‌ر كوتینن. ده‌وروبه‌ركوتینیش بۆ خۆدزینه‌وه‌یه‌ له‌ چه‌ق. تۆ شتێكى ئه‌وتۆ له‌باره‌ى چه‌قه‌وه‌ نازانیت په‌نا ده‌به‌یته‌ به‌ر ده‌وروبه‌ر. لێره‌وه‌ (مێز – چاكه‌ – زه‌رده‌واڵه‌- فه‌زیله‌ت) ده‌بنه‌ چه‌ق و جۆره‌كانى تریش ده‌بنه‌ ده‌وروبه‌رى چه‌ق. ڕاستییەکەی شتێكى ئه‌وتۆمان ده‌رباره‌ى چه‌ق پێ ناڵێن. سوقرات له‌ڕێى به‌ڵگه‌ و ده‌لیله‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت فه‌زیله‌تیش هه‌روه‌ك (ته‌ندروستى- به‌هێزى- گه‌وره‌یی) له‌ ژن و پیاو و منداڵدا هه‌ر یه‌ك شته‌ و هه‌موویان به‌هۆى سیفه‌تێكى هاوبه‌شه‌وه‌ ته‌ندروست ده‌بن. واته‌ ژنێك كاتێك ته‌ندروسته‌ پیاو و منداڵێكیش هه‌ر به‌و شێوه‌ ته‌ندروست ده‌بن. ته‌ندروستى له‌ هه‌موواندا یه‌كسانه‌. بۆیه‌ به‌ باوه‌ڕى سوقرات فه‌زیله‌تیش هه‌روه‌ك ته‌ندروستى وایه‌ و جیاوازى نییه‌، به‌و پێیه‌ى له‌ناو مرۆڤه‌كاندا ده‌بێت یه‌كسان بێت. له‌ ته‌نیشت گفتوگۆكانى مینۆن و سوقراتدا ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت سوقرات مینۆنى به‌گیر هێناوه‌، ده‌یه‌وێت مینۆن له ‌ڕوونكردنه‌وه‌ى چه‌مكى “فه‌زیله‌ت” دا، په‌نا نه‌باته‌ به‌ر جۆره‌كانى فه‌زیله‌ت.

مینۆن هه‌وڵ ده‌دات پێناسه‌یه‌كى تر بخاته ‌ڕوو ( پێناسه‌ى دووه‌م) گوایا له‌ هه‌موو بارێكدا ده‌كرێت ڕاست بێت ” فه‌زیله‌ت ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤێك بتوانێت به‌سه‌ر ئه‌وانى تردا فه‌رمانڕه‌وایى بكات” (لا 377) سوقرات به‌ مینۆن ده‌ڵێت ئایا ئه‌م پێناسه‌ى تۆ ده‌رباره‌ى منداڵ و به‌نده‌كانیش ڕاسته‌؟ به‌ جۆرێك ئه‌م پێناسه‌ى فه‌زیله‌ته‌ هاوبه‌شى و تۆكمه‌ی خۆى نه‌پاراستووه‌، فه‌زیله‌ت ته‌نیا كه‌سێك ده‌گرێته‌وه‌ فه‌رمانڕه‌وایى بكات، سه‌ربارى ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ نه‌خراوه‌ته‌ ڕوو له‌ پێناسه‌كه‌ى مینۆندا ئایا فه‌رمانڕه‌وایىكردن به‌ دادپه‌روه‌رانه‌ فه‌زیله‌ته‌ یان گه‌ر فه‌رمانڕه‌واییه‌كى سته‌مكارانه‌ش بێت هه‌ر له‌به‌ر فه‌رمانڕه‌وایه‌تیكردنى ده‌بێته‌ فه‌زیله‌ت؟ مینۆن لێره‌وه‌ ده‌ڵێت سوقرات شتێكى ڕوونه‌ دادپه‌روه‌رى فه‌زیله‌ته‌. سوقرات ده‌سبه‌جێ ڕه‌خنه‌ى ده‌كات و ده‌ڵێت دادپه‌ره‌وه‌رى فه‌زیله‌ته‌ یان جۆرێكه‌ له‌ فه‌زیله‌ت؟ سوقرات ڕه‌خنه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كات بڵێن فه‌زیله‌ت واته‌ “دادپه‌روه‌رى” ئه‌مه‌ ڕێك چه‌شنى ئه‌وه‌ وایه‌ بڵێین چوارگۆشه‌ (شێوه‌- شكڵ)ـه‌! بۆیه‌ سوقرات ده‌یه‌وێت، هه‌ره‌س به‌ وه‌ڵامى فه‌زیله‌ت “دادپه‌روه‌ری”یه‌ بهێنێت له‌ڕێى ڕوونكردنه‌وه‌ى پێناسه‌ى (شكڵ- شێوه‌) ـوه‌ بۆ مینۆن. سوقرات ئه‌وه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌ بێگومان چوارگۆشه‌ شكڵ نییه،‌ به‌ڵكووو یه‌كێكه‌ له‌ جۆره‌كانى (شێوه‌ ـ شكڵ). به‌ ده‌ربڕینێكى تر هه‌رگیز “جۆر”[10]  ناتوانێت “ڕه‌گه‌ز” [11] بێت چونكه‌ جۆر پانتاییه‌كه‌ى به‌ر ته‌سكتره‌ له‌ ڕه‌گه‌ز (جۆر كولیه‌تێكى زاتییه‌، به‌سه‌ر ئه‌وانه‌دا جێبه‌جێ ده‌بێت چییه‌تیی (حه‌قیقه‌ت) ـە‌كه‌یان یه‌ك شته‌ وه‌ك چه‌مكى مرۆڤ كه‌ به‌سه‌ر ڕاوێژ و زانیار و دانا و شیرین و زیوە.. هتددا جێبه‌جێ ده‌بێت، به‌ڵام ڕه‌گه‌ز كولییه‌تێكى زاتییه‌ به‌سه‌ر ئه‌وانه‌دا جێبه‌جێ ده‌بێت، چییه‌تى (حه‌قیقه‌ت) ـه‌كه‌یان جیاوازه‌ وه‌ك گیانله‌به‌ر كه‌ مرۆڤ و ئاژه‌ڵه‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌. لێره‌وه‌ ئه‌وه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌ (سێگۆشه‌، چوارگۆشه‌، لاكێشه‌، بازنه‌ … هتد) جۆرێكن له‌ شكڵ. هه‌روه‌ك دادپه‌روه‌رى و جوامێرى و دانایى و زوهد جۆرێكن له‌ فه‌زیله‌ت. سوقرات به‌شوێن یه‌ك فه‌زیله‌ته‌وه‌یه‌ (شێوه‌یه‌كى یه‌كگرتوو و نه‌شكاو) كه‌ جۆره‌كانى فه‌زیله‌ت بكه‌ونه‌ ژێر سایه‌یه‌وه‌. بۆیه‌ هه‌وڵى پێناسه‌ى شكڵ ده‌دات بۆ مینۆن كه‌ هه‌موو جۆره‌كانى وه‌ك چوارگۆشه‌ و سێگۆشه‌ و لاكێشه‌… هتد بگرێته‌وه‌. لێره‌شه‌وه‌ مینۆن تێبگات پێناسه‌ى فه‌زیله‌تیش دەبێت هه‌روه‌ك پێناسه‌ى شكڵ بكرێت، نه‌شكێنرێت و پارچه‌ پارچه‌ نه‌كرێت. ئه‌ى كه‌وایه‌ شكڵ ده‌بێت چى بێت؟ هه‌روه‌ك وتمان ناكرێت بڵێین بازنه‌ شكڵه‌ (دیاره‌ مه‌به‌ست ده‌لاله‌تى موتابه‌قه‌یه‌ پێناسه‌ى پڕاوپڕ)، هه‌روه‌ها به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ڕاست نییه‌ بڵێین شكڵ بازنه‌یه‌، چونكه‌ شكڵ (جنس) ـه‌ پانتاییه‌كى فراوانتر له‌ بازنه‌ (جۆر-نوع) ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌ى كه‌وایه‌ ده‌بێت شكڵ چى بێت؟ فه‌زیله‌ت چى بێت؟ سوقرات به‌شوێن ماناى هاوبه‌شى نێوان جۆره‌كانه‌وه‌یه‌، بۆیه‌ لێره‌وه‌ ده‌ست ده‌كات به‌ پێناسه‌كردنى شكڵ بۆ مینۆن به‌ جۆرێك هه‌موو جۆره‌كان بباته‌وه‌ ژێر سایه‌ى (كل)ێك، هه‌روه‌ها بیپارێزێت له‌ كه‌رت كه‌رتێتى و پارچه‌ پارچێتى. بۆیه‌ له‌ وه‌ڵامى شكڵ چییه‌دا ده‌ڵێت: مینۆن، شكڵ واته‌ “ئه‌و شته‌ى جیسم[12]  سنوردار ده‌كات” به‌ واتایه‌كى تر شكڵ سنورى جیسمه‌. لێره‌وه‌یه‌ سوقرات پێناسه‌یه‌كى كولى پارێزراو له‌ هه‌رجۆره‌ پارچه‌پارچه‌یه‌تییه‌ك بۆ مینۆن ده‌خاته ‌ڕوو. هه‌ر ته‌نێكى ئه‌ندازه‌یی بگرین شێوه‌كه‌یان، جیسمه‌كه‌یانى سنوردار كردووه‌. ئه‌و شێوه‌‌ى هه‌موو ته‌نه‌كان سنوردار ده‌كات ده‌بێته‌ خاڵى هاوبه‌شیی نێوان بازنه‌یى و چوارگۆشه‌یى و  شكڵه‌كانى تر… هتد؛ لێره‌وه‌یه‌ سوقرات ده‌یه‌وێت به‌ خستنه‌ڕووى پێناسه‌ى شكڵ بۆ مینۆن، مینۆن تێبگه‌یه‌نێت پێناسه‌ى فه‌زیله‌ت هه‌روه‌ك پێناسه‌ى شكڵ بكات. پێناسه‌ى فه‌زیله‌ت بپارێزێت له‌ باسكردنى جۆره‌كان (پارچه‌ پارچه‌ێتى) بوون. به‌ ده‌ربڕینێكى دى سوقرات مینۆن ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ى “یه‌ك” نه‌كات به‌ “چه‌ند دانه‌یه‌كه” ـە‌وه‌، فه‌زیله‌ت ساغ بهێڵێته‌وه‌ و نه‌ى شكێنێت، بۆ ئه‌وه‌ى گشت (كل) له‌ده‌ستمان ده‌رنه‌چێت، به‌شگه‌لێكى (اجزا) په‌رت و بڵاو بمێنێته‌وه‌.

 مینۆن پێناسه‌یه‌كى ترى فه‌زیله‌ت ده‌خاته‌ ڕوو، ده‌بێته‌ سێیه‌مین پێناسهی‌ فه‌زیله‌ت “مرۆڤ له‌ جوانى چێژ وه‌ربگرێت و له‌ به‌ده‌ستهێنانىدا به‌توانا بێت” ( لا 382) سوقرات ده‌ڵێت: ئه‌وانه‌ى مه‌فتون و حه‌یرانى جوانین به‌شوێن باشییه‌وه‌ن نه‌ك خراپه‌. سوقرات هه‌ر لێره‌وه‌ یه‌كێك له‌ تیۆره‌ كلیلییه‌كانى خۆى ده‌خاته ‌ڕوو، هیچ كه‌س به‌ ویست و ئه‌نقه‌ست به‌شوێن خراپه‌وه‌ نییه‌، پێی وایه‌ كه‌سانێك به‌شوێن خراپه‌وه‌ن، ئه‌مه‌ش هى ئه‌وه‌یه‌ خراپه‌ به‌ باش ده‌زانن، له‌ ڕاستیشدا به‌شوێن باشه‌وه‌ن نه‌ك خراپه‌. ئه‌ى كه‌وایه‌ گشت مرۆڤه‌كان باشه‌یان ده‌وێت، ویستى باشى فه‌زیله‌ت نییه‌، چونكه‌ له‌ هه‌موویاندا هاوبه‌شه‌. سوقرات بۆ خۆى پێناسه‌ى چواره‌مى فه‌زیله‌ت ده‌خاته‌ ڕوو، فه‌زیله‌ت ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ تواناى ئه‌وه‌ى هه‌بێت باشى به‌ده‌ست بهێنێت؟ مینۆن پێی وایه‌ باشى، ته‌ندروستى و بەتواناییە ئه‌گه‌ر له‌ڕێى ڕاسته‌وه‌ به‌ده‌ست بهێنرێت. سوقرات پێی وایه‌ باشى به‌ده‌ست نایه‌ت مه‌گه‌ر له‌ڕێى دادپه‌روه‌رى و دیندارییه‌وه‌ نه‌بێت. دادپه‌روه‌ریش خۆى به‌شێكه‌ له‌ فه‌زیله‌ت و ته‌واوى فه‌زیله‌ت نییه‌، له‌ كاتێكدا سوقرات به‌شوێن پێناسه‌ى خودى فه‌زیله‌ته‌وه‌یه‌.

بۆیه‌ دووباره‌ سوقرات ده‌یه‌وێت مینۆن فه‌زیله‌تى بۆ پێناسه‌ بكاته‌وه‌ به‌ مه‌رجێك فه‌زیله‌ت پارچه‌ پارچه‌ نه‌كات. مینۆن ده‌ڵێت: من له‌ ئێستادا ناتوانم بڵێم فه‌زیله‌ت چییه‌؟ (386) سوقراتیش ده‌ڵێت: منیش نازانم فه‌زیله‌ت چییه‌؟ مینۆن، پێده‌چێت تۆ زیاتر له‌باره‌یه‌وه‌ بزانیت! هه‌ر لێره‌وه‌ سوقرات بڕیار ده‌دات له‌گه‌ڵ مینۆن پێكه‌وه‌ باسه‌كه‌ ده‌رباره‌ى (چییه‌تیی فه‌زیله‌ت) ببه‌نه‌ پێشه‌وه‌ و ده‌رباره‌ى توێژینه‌وه‌ى بكه‌ن. مینۆن لێره‌دا ئه‌و پرسیاره‌ ده‌خاته ‌ڕوو، ئێستا به‌ پارادۆكسى مینۆن (پارادۆكسى توێژینه‌وه‌) ده‌ناسرێت. ئه‌م پارادۆكسه‌ له‌ ڕاستیدا كێشه‌یه‌كى ئیپستمۆلۆجیانه‌یه‌. مینۆن به‌ سوقرات ده‌ڵێت: “ده‌رباره‌ى شتێك هه‌رگیز كه‌ نازانیت چییه‌، چۆن ده‌توانیت توێژینه‌وه‌ بكه‌یت؟ هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ئه‌و شته‌ بدۆزیته‌وه،‌ له‌ كوێوه‌ ده‌زانیت ئه‌وه‌ى دۆزیوته‌ته‌وه ‌( پێى گه‌یشتوویت) هه‌مان ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ “به‌شوێنیدا گه‌ڕاویت” (پێى گه‌یشتوویت) (387)؟ پارادۆكسى مینۆن (پارادۆكسى توێژینه‌وه‌) كه‌ ئه‌مه‌یه‌ “مرۆڤ ناتوانێت ده‌رباره‌ى شتێك توێژینه‌وه‌ بكات كه‌ ده‌یزانێت، هه‌روه‌ها ناشتوانێت ده‌رباره‌ى شتێك توێژینه‌وه‌ بكات كه‌ نایزانێت. بۆچى؟ چونكه‌ ئه‌وه‌ى ده‌یزانى پێویستى به‌ توێژینه‌وه‌ نییه‌، ئه‌وه‌شى ده‌رباره‌ى نایزانیت، ناتوانین توێژینه‌وه‌ ده‌رباره‌ى بكه‌ین، چونكه‌ نازانیت ده‌رباره‌ى چ شتێك توێژینه‌وه‌ بكه‌یت” (387). كورت و پوختى قسه‌كه‌ى مینۆن ئه‌وه‌یه‌: گه‌ر بمانزانیایه‌ فه‌زیله‌ت چییه،‌ بێگومان بێمانابوو توێژینه‌وه‌كردن ده‌ربارەی‌ فه‌زیله‌ت، ئێستاش كه‌ نازانین فه‌زیله‌ت چییه‌، چۆن ڕێ بده‌ین به‌ خۆمان ده‌رباره‌ى شتێك (فه‌زیله‌ت) قسه‌ بكه‌ین كه‌ نازانین چییه‌؟! به‌ باوه‌ڕى سوقرات ئه‌م پارادۆكسه‌ى مینۆن ده‌بێته‌ مایه‌ى ئه‌وه‌ى “گه‌ڕان به‌شوێن حه‌قیقه‌تى شت”دا ڕه‌ت بكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر شتێكمان ناسى ئیتر پێویست ناكات توێژینه‌وه‌ ده‌رباره‌ى بكه‌ین، بێمانایه‌ دواكه‌وتنى شتێك كه‌ دەیزانین. له ‌لایه‌كى تره‌وه‌ چۆن دواى شتێك ده‌كه‌وین نایناسین؟ چونكه‌ شتێك كه‌ نایزانین ناتوانین به‌شوێنییه‌وه‌ بین تا بزانین چییه‌؟ گریمان وای دابنێین شوێن شتێك كه‌وتووین كه‌ نایزانین، كه‌چى پاش توێژینه‌وه‌ به‌ شتێك گه‌یشتین. پرسیاره‌كه‌ له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، ئێمه‌ چۆن بزانین ئه‌و شته‌ى زانیومانه‌ و پێى گه‌یشتووین ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ پێشتر نه‌مان زانییوه‌؟ سوقرات ئه‌م جۆره‌ بیركردنه‌وه‌ى مینۆن ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ مانه‌ندى سه‌فسه‌ته‌ ته‌ماشاى ده‌كات.

تێکشکاندنی پارادۆکسەکەی مینۆن

پارادۆكسه‌كه‌: 1- ئه‌گه‌ر شتێك بزانین ناتوانین توێژینه‌وه‌ى ده‌رباره‌ بكه‌ین. 2- ئه‌گه‌ر شتێك نه‌زانین چۆن ده‌توانین ده‌رباره‌ى توێژینه‌وه‌ بكه‌ین. هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌ ده‌مانگه‌یه‌نێت به‌ بنبه‌ست، به‌و پێیه‌ى له‌ هیچ دۆخێكدا ئێمه‌ ناتوانین توێژینه‌وه‌ بكه‌ین. توێژینه‌وه‌كردن ده‌بێته‌ شتێكى ڕه‌تكراوه‌ و بێمانا، ئه‌مه‌ش له ‌دیدى سوقراته‌وه‌ ته‌مه‌ڵى دروست ده‌كات. پارادۆكسه‌كه‌ى مینۆن ته‌مه‌ڵییه‌ك ده‌رباره‌ى گه‌ڕان به‌شوێن حه‌قیقه‌تى شتدا دروست ده‌كات. تێروانینى سوقرات لێره‌دا (مرۆڤ ته‌مه‌ڵ ده‌بێت له‌ گه‌ڕان به‌شوێن حه‌قیقه‌تى شتدا)، تێڕوانینێكى لۆجیكیانه‌ نیییه،‌ به‌ڵكوو زیاتر ڕوانگه‌یه‌كى ده‌روونناسیانه‌یه‌. ئه‌وه‌ى له‌م پارادۆكسه‌دا ڕووبه‌ڕووى ده‌بینه‌وه‌ كێشه‌یه‌كى ئیپستمۆلۆجیانه‌یه‌: 1- ده‌زانین 2- نایزانین

  لێره‌دا ئه‌وه‌ى ئێمه‌ له ‌به‌رچاوى ده‌گرین بێخه‌وشیی[13]  زانینه‌. پارادۆكسه‌كه‌ى مینۆن ده‌مانخاته‌ به‌ر دوو ڕیانێكه‌وه‌، هه‌ردوو ڕێگه‌كه‌ بنبه‌سته‌ و ده‌رچوون لێى شتێكى مه‌حاڵە. ئه‌و شته‌ى ده‌یزانین به‌پێى پارادۆكسه‌كه‌ى مینۆن بێت، ده‌بێت هه‌وڵى گه‌ڕان به‌شوێن حه‌قیقه‌تى شتدا بوه‌ستێنرێت. بێمانایه‌ توێژینه‌وه‌ ده‌رباره‌ى شتێكى زانراو، وچان وه‌رگرتن و هه‌وڵدان  له‌باره‌یه‌وه‌ کوتانی ئاسنى ساردە (زانسی لێکدراو‌ به‌و مانایه‌ى دوو زانستمان هه‌بێت: زانست به‌ شت، هه‌روه‌ها زانست به‌ زانستی ئه‌و شته‌. به‌ مانایه‌كى تر ئێمه‌ به‌ئاگاین بەرانبەر شتێك له ‌لایه‌كى تره‌وه‌ به‌ئاگاین له‌ ئاگاییه‌كه‌مان “ده‌زانین كه‌ ده‌زانین”). ڕوویه‌كى ترى پارادۆكسه‌كه‌ له‌وێدایه‌ کە شتێكه‌ نایزانین (به ‌ته‌واوى هیچ شتێك ده‌رباره‌ى نازانین) بۆیه‌ بێهووده‌یه‌ توێژینه‌وه‌ و گه‌ڕان به‌شوێن زانینى شتێكى نه‌زانراودا، كه‌وایه‌ ڕووى پارادۆكسه‌كه‌ بنبه‌ستێكى تره‌ ناتوانین لێوه‌ى ده‌ربچین (به‌ مانایه‌ك لێره‌وه‌ ده‌كه‌وینه‌ ناو جه‌هلى لێکدرا‌و‌ەوە) جه‌هلى لێکدراو (نازانیت كه‌ نازانیت به‌ واتایه‌كى تر نه‌زانینمان هه‌یه‌ بەرانبەر شتێك و نه‌زانینمان به‌ نه‌زانینه‌كه‌مان). جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ پارادۆكسه‌كه‌ى مینۆن ئه‌وه‌ى لێ هه‌ڵده‌هێنجرێت: حاڵه‌تى یه‌كه‌م: (ده‌زانم، ده‌زانم كه‌ ده‌زانم)، حاڵه‌تى دووه‌م: (نازانم، نازانم كه‌ نازانم). واته‌ ده‌كه‌وینه‌ به‌رده‌م دوو جۆر ڕوانینه‌وه‌ 1- زانینى موتڵه‌ق 2- نه‌زانینى موتڵه‌ق. نه‌زانینى موتڵه‌ق واته‌ هیچ ده‌رباره‌ى ناوى ئه‌و شته‌ نازانم چ جاى بگات به‌وه‌ى چییه‌تییه‌كه‌ى بناسێنین. پارادۆكسى مینۆن وه‌ك ڕاستییه‌كه‌ى تیۆریانه‌ ته‌مشاى بكه‌ین، ده‌بینین هیچ ڕێگه‌یه‌ك ناهێڵێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى تویژینه‌وه‌ى تێدا بكه‌ین. هه‌موو هه‌وڵ و كۆششێك  بۆ توێژینه‌وه‌كردن بێمانا ده‌كه‌وێته‌وه‌. ڕێگه‌ى لۆجیكیانه‌ بۆ ده‌رچوون له‌ پارادۆكسه‌كه‌ى مینۆن به‌ شێوه‌یه‌كى لۆجیكیانه‌ ئه‌وه‌یه‌: ده‌بێت لایه‌نى سێیه‌م هه‌بێت، حاڵه‌تێك كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان زانینى موتڵه‌ق و نه‌زانینى موتڵه‌قه‌وه‌. سوقرات تیۆرى بیرخستنه‌وه‌ چه‌شنى ده‌ریچه‌یه‌ك كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كى لۆجیكیانه‌ى به‌ باسى بوونناسیى ده‌روونه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌كارى ده‌هێنێت، وەکوو ڕێگه‌یه‌كى ئیپستمۆلۆجییانه‌ بۆ ڕزگاربوون له‌ پاردۆكسه‌كه‌ى مینۆن. له‌ ڕوانگه‌ى ئه‌فلاتوونه‌وه‌ ڕۆح نه‌مره‌ و ئه‌و شتانه‌ى ڕۆح له‌ ژیانه‌كه‌ى پێشوودا بینیوونى ده‌كرێت بیرى بهێنێته‌وه‌. ئه‌فلاتوون پێی وایه‌ ده‌روون “ڕۆح” سه‌ربه‌خۆیه‌ له‌ “له‌ش” پاش له‌ناوچوونى له‌شیش هه‌ر ده‌مێنێته‌وه‌ و نافه‌وتێت؛ واتە ڕۆح “هەرمێنی”یە. ده‌روون یان ڕۆح لاى ئه‌فلاتوون به‌ر له‌وه‌ى بچێته‌ ناو له‌شه‌وه‌ و ژیانى ناو له‌ش تاقی بكاته‌وه‌ زانا بووه‌ به‌ شته‌كان، به‌ڵام پاش هاتنه‌ ناو له‌ش و تێهه‌ڵكێشبوونى له‌گه‌ڵ له‌ش، ئه‌و شتانه‌ى زانیونى بیرى چوونه‌ته‌وه‌. به‌و پێیه‌ بێت له‌ش لاى ئه‌فلاتوون ئه‌و شوێنه‌یه‌ ده‌روون كه‌وڵ ده‌كات و زانینى لێ داده‌ماڵێت. یه‌كێك له‌ نموونه‌ باو و دیاره‌كان ده‌رباره‌ى تێۆرى بیرهاتنه‌وه‌ى ئه‌فلاتوون زۆرجار ئاماژه‌ى بۆ ده‌كرێت بریتییه‌ له‌ نموونه‌ى دوو دارى یه‌كسان. ئه‌م نموونه‌ ڕوونى ده‌كاته‌وه‌، شتى یه‌كسان و خودى یه‌كسانى لێك جیا بكه‌ینه‌وه‌. شتى یه‌كسان ئاماژه‌یه‌ بۆ ناو جیهانی هه‌سته‌كى و خودى یه‌كسانیش ئاماژه‌یه‌ بۆ جیهانێكى ناهه‌سته‌كى. كاتێك ته‌ماشاى دوو دارى یه‌كسان ده‌كه‌ین، له‌ڕێى بینینى دوو داره‌كه‌وه‌ بیرى یه‌كسانیمان ده‌كه‌وێته‌وه‌. به‌ مانایه‌كى تر دوو داره‌كه‌ شتى یه‌كسانن، خودى یه‌كسانى نین. شتى یه‌كسان سه‌ر به‌ جیهانى هه‌سته‌كییه‌ و خودى یه‌كسان سه‌ر به‌ جیهانه‌كه‌ى پێشووه‌ كه‌ جیهانى ژوور و باڵایه‌ و ناهه‌سته‌كییه‌. ئێمه‌ له‌ڕێى بینینى شتى یه‌كسانه‌وه‌ خودى یه‌كسانیمان بیر ده‌كه‌وێته‌وه‌، بێگومان ده‌روون به‌ر له‌وه‌ى بێته‌ ناو له‌شه‌وه،‌ زانیاریی هه‌بووه‌ ده‌رباره‌ى “خودى یه‌كسانى” بۆیه‌ ئه‌فلاتوون درزێك ده‌خاته‌ ناو جیهانى هه‌سته‌كى و جیهانى ناهه‌سته‌كییەوە. ڕوون ده‌بێته‌وه‌ تیۆرى بیرخستنه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كى لۆجیكىدایه‌ به‌ بوونناسى ڕۆحه‌وه‌، سه‌ربه‌خۆیه‌، به‌ر له‌وه‌ى ده‌روون بێته‌ له‌شه‌وه‌ به‌ ئاگا بووه‌، له‌گه‌ڵ هاتنه‌ ناو له‌شه‌وه‌، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى زانیونى بیرى چوونه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌وه‌ى لێره‌ پێی وایه‌ ده‌یزانێت، زانین نییه،‌ به‌ڵكوو بیرى ده‌كه‌وێته‌وه‌ لێرەوه‌یه‌ پارادۆكسه‌كه‌ى مینۆن له‌ ڕوانگه‌ى ئپستمۆلۆجییه‌وه‌ له‌ڕێى خستنه‌گه‌ڕى تیۆرى بیرخستنه‌وه‌ تێك ده‌شكێنرێت. پارادۆكسه‌كه‌ش بریتییە له‌وه‌ى ئه‌وه‌ى ده‌یزانین موتڵه‌قه‌ن ده‌یزانین، بێمانایه‌ توێژینه‌وه‌كردن ده‌رباره‌ى، ئه‌وه‌شى نایزانین موتڵه‌قه‌ن نایزانین، چۆن پاش توێژینه‌وه‌ بۆمان ده‌ركه‌وێت ئه‌و شته‌ى پێى گه‌یشتووین شته‌ نه‌زانراوه‌كه‌ بووه‌! تێۆرى بیرخستنه‌وه‌ پانتاییه‌ك واڵا ده‌كاته‌وه و‌ ده‌بێته‌ ڕێگه‌ى سێییه‌م، ئه‌ویش “ده‌زانم كه‌ نازانم”. سوقرات یەکێک لە غوڵامەکانی مینۆن بانگ دەکات. تا بیسەلمێنێت شتی لێوە فێر نابێ و بەڵکوو بیری دەکەوێتەوە. لایه‌نى سێیه‌م حاڵه‌تێكه‌ “زانین و نه‌زانین”یش له‌خۆ ده‌گرێت. ئه‌م حاڵه‌تى سێیه‌مه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى نه‌نووسراو و ڕوون ئاماده‌ى په‌یدا كردووه‌ لەنێو دیالۆگى نێوان مینۆن و سوقراتدا. ئه‌فلاتوون یا بڵێین سوقرات له‌ ئاستى كردارىدا ئه‌وه‌ ده‌بینێت، مرۆڤ هه‌رگیز له‌ توێژینه‌وه‌ ناسره‌وێت. بۆیه‌ به‌ بۆچوونى سوقرات پارادۆكسه‌كه‌ى مینۆن سه‌فسه‌ته‌یه‌. حاڵه‌تێكى تر كه‌ ده‌كاته‌ حاڵه‌تى سێیه‌م “ده‌زانم كه‌ نازانم”ـه‌. به‌پێى پارادۆكسه‌كه‌ى مینۆن بێت گه‌ر هیچ شتێك ده‌رباره‌ى فه‌زیله‌ت نه‌زانین به‌ شێوه‌یه‌كى موتڵه‌ق ئه‌وه‌ بێگومان ناكرێت توێژینه‌وهی‌ ده‌رباره‌ بكه‌ین، چونكه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت باسى شتێك بكه‌ین، ده‌كه‌وێته‌ ناو پانتایى نه‌زانینى موتڵه‌قه‌وه‌. گه‌ر بكه‌وێته‌ ناو پانتایى زانینى موتڵه‌قه‌وه‌ دووباره‌ بێمانایه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ى شتێك كه‌ موتڵه‌قه‌ن ده‌یزانین. ئه‌م پارادۆكسه‌ى ئێمه‌ ده‌یبینین وا ناكات له‌ ئه‌فلاتوون (سوقرات) قاچ بخاته‌ سه‌ر قاچ و فێرى هونه‌رى پاڵدانه‌وه‌ بێت، ده‌ست له‌ توێژینه‌وه‌كردن هه‌ڵبگرێت. بۆیه‌ بۆ ده‌رچوون له‌م پارادۆكسه‌ ڕێگه‌چاره‌ى زانین “بیركه‌وتنه‌وه”‌یه‌ ده‌گرێته‌ به‌ر. ئه‌م تیۆره‌ ڕاوه‌ستاوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌روون[14]  له‌ ژیانى پێشووى خۆى هه‌موو شتێكى بینیوه‌ و ئه‌زموونى كردووه،‌ چونكه‌ هه‌موو شته‌ سرووشتییه‌كان پێكه‌وه‌ په‌یوه‌ستن و ئه‌كرێت مرۆڤ به‌ بینینى ئه‌زموونى شتێك، شتگه‌لێكى ترى بیر بكه‌وێته‌وه‌. لایه‌نى سێیه‌م “ده‌زانم كه‌ نازانم” ئه‌و لایه‌نه‌یه‌ مه‌یدانێك ده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌فلاتون به‌رده‌وامى به‌ توێژینه‌وه‌ بدات له‌گه‌ڵ مینۆن؟ پاش ئه‌وه‌ ده‌چنه‌ سه‌ر بابه‌تى “بیرخستنه‌وه‌”، سوقرات پێی وایه‌ “توێژینه‌وه‌ و فێربوون” هه‌ردووكیان هیچ نین جگه‌ له‌ بیرخستنه‌وه‌. هه‌ر ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى ناویان ناوه‌ فێربوون. لێره‌وه‌ ئه‌فلاتوون ده‌ست ده‌كات به‌ سه‌لماندنى ئه‌وه‌ى كه‌ شته‌كان “فێربوون” نین، به‌ڵكوو “بیرکەوتنەوە”ن ( 388-397). ئه‌و شته‌ى كه‌ نایزانین پێویستە ده‌رباره‌ى توێژینه‌وه‌ بكه‌ین تا بیرمان بكه‌وێته‌وه‌. پارادۆكسه‌كه‌ى مینۆن توێژینه‌وه‌كردن له‌بار ده‌بات “ده‌زانمى موتڵه‌ق” و “نازانمى موتڵه‌ق”، ده‌زانم كه ‌نازانم ئه‌و لایه‌نه‌یه‌ به ‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ئاماده‌یى هه‌یه‌ له‌ كتێبى مینۆنى ئه‌فلاتوندا، هه‌ر وه‌ك وتمان ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ لایه‌نى سێیه‌م، پاش ئه‌وه‌ى هه‌ڵی ده‌هێنجین له‌ ئه‌سناى قسه‌كردنى سوقرات ده‌رباره‌ى سه‌فسه‌ته‌بوونى ئه‌م پارادۆكسه‌، هه‌روه‌ك ده‌زانین پارادۆكسه‌كه‌ى مینۆن قوفڵكردن و گه‌یشتن به‌ بنبه‌ستێكه‌، به‌هۆى لایه‌نى سێیه‌مى هه‌ڵهێنجراوه‌وه‌ “ده‌زانم كه‌ نازانم” پارادۆكسه‌كه‌ تێك ده‌شكێنرێت. ده‌روازه‌یه‌ك له ‌به‌رده‌م بنبه‌سته‌كه‌دا ده‌كرێته‌وه‌. پارادۆكسه‌كه‌ى مینۆن ده‌سته‌پاچه‌مان ده‌كات، وامان لێده‌كات قاچ بخه‌ینه‌ سه‌ر قاچ و پاڵى لێ بده‌ینه‌وه‌ به‌شوێن حه‌قیه‌تى شته‌وه‌ نه‌بین، هه‌ره‌وها سوقرات باسى بیركه‌وتنه‌وه‌ و فێربوون دێنێته‌ پێشه‌وه‌، ئایا شته‌كان شیاوى فێربوونن یان بیرمان ده‌كه‌وێته‌وه‌؟ پاشان سوقرات ده‌یسه‌لمێنێت شته‌كان یاده‌وه‌رین نه‌ك  فێربوون. هه‌ر بۆیه‌ سوقرات ڕێگه‌ى پرسیار و وه‌ڵام ده‌گرێته‌ پێش تا شته‌كان بیر بهێنێته‌وه‌. سوقرات ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت ئه‌وه‌ى له‌م جیهانه‌یه‌ فێرى نابین، به‌ڵكوو بیرمان ده‌كه‌وێته‌وه‌. ده‌روون هه‌میشه‌ دانا بووه‌، دەبێت ئه‌وه‌ش پشتڕاست بێته‌وه‌ ئه‌زه‌لى و ئه‌به‌دییه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ ئه‌وه‌ى نایزانین واته‌ “بیرمان ناكه‌وێته‌وه‌”، گه‌ر توێژینه‌وه‌ بكه‌ین و نه‌وه‌ستین بیرمان ده‌كه‌وێته‌وه‌. (لا 397). لێره‌وه‌ ئه‌وه‌ى ده‌رده‌كه‌وێت كه ‌نه‌زانین “بیرنه‌هاتنه‌وه” ‌یه‌. سوقرات، مینۆن ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و ڕێیه‌ى مرۆڤ ده‌رباره‌ى ئه‌و شته‌ى كه‌ نایزانێت، ده‌بێت توێژینه‌وه‌ ئه‌نجام بدات. هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ ڕزگارمان ده‌كات له‌ پارادۆكسه‌كه‌ى مینۆن. پارادۆكسه‌كه‌ى مینۆن: 1- ئه‌وه‌ى ده‌یزانین پێویست ناكات توێژینه‌وه‌ ده‌رباره‌ى بكه‌ین، چونكه‌ بێمانایه‌ توێژینه‌وه‌ ده‌رباره‌ى شتێكى زانراو. 2- ئه‌و شته‌ى نایزانین چۆن ده‌كرێت توێژینه‌وه‌ ده‌رباره‌ى بكه‌ین؟ له‌ كاتێكدا ئه‌و شته‌ى نایزانین و توێژینه‌وه‌ ده‌كه‌ین بیزانین ده‌رئه‌نجامێكمان ده‌ست ده‌كه‌وێت، چۆن بزانین شته‌ نه‌زانراوه‌كه‌ بووه‌ ده‌ستمان كه‌وتووه‌؟! به‌هۆى سه‌لماندنى چه‌مكى “بیرخستنه‌وه‌” ـوه‌ له ‌لایه‌ن سوقراته‌وه‌ بۆ مینۆن، ئه‌وه‌ش ده‌سه‌لمێت ئه‌وه‌شى نایزانین بیرمان ناكه‌وێته‌وه‌، ده‌كرێت بزانرێت واته‌ بیرمان بكه‌وێته‌وه‌. لێره‌وه‌ لایه‌نى سێیه‌م ده‌بێته‌ هه‌ڵوه‌شێنه‌ره‌وه‌ و ڕزگاركردنمان له‌ پارادۆكسه‌كه‌ى مینۆن. لایه‌نى سێیه‌م ئه‌وه‌ى نایزانم توێژینه‌وه‌ى ده‌رباره‌ ده‌كه‌م، نه‌ك ئه‌وه‌ى ده‌ستى لێهه‌ڵگرم، به‌پێى باوه‌ڕى مینۆن. توێژینه‌وه‌ ده‌رباره‌ى حه‌قیقه‌تى شتێك ته‌نیا له‌ڕێى لایه‌نى سێیه‌مه‌وه‌، سوقرات ده‌یخاته‌ ڕوو و مانا په‌یدا ده‌كات. به‌پێى ڕووانگه‌ى سوقرات ئه‌وه‌ى نایزانین توێژینه‌وه‌ى له‌باره‌وه‌ ده‌كه‌ین و ده‌یزانین، واته‌ بیرمان ده‌كه‌وێته‌وه‌. نه‌زانین، بیرچوونه‌وه‌یه‌ – زانین، بیرهاتنه‌وه‌یه‌. پاش كردنه‌وه‌ى ڕێگه‌ى سێیه‌م “ده‌زانم كه‌ نازانم” و ده‌رچوون له‌ پارادۆكسه‌كه‌ى مینۆن،‌ مینۆن و سوقرات پێكه‌وه هه‌وڵده‌ده‌ن بزانن فه‌زیله‌ت چییه‌؟ لا (397). ده‌رچوون له‌ پارادۆكسه‌كه‌ى مینۆن ڕێگه‌یان بۆ هه‌موار ده‌كات تا بپرسن ئایا فه‌زیله‌ت شیاوى فێربوونه‌ یاخود نا؟ مینۆن پێی وایه‌: “فه‌زیله‌ت زانسته‌ و زانستیش له‌ ڕێى فێربوونه‌وه‌ نه‌بێت، به‌ده‌ست نایه‌ت” (401).  سوقرات لێرەوه‌ ده‌چێته‌ سه‌ر باسى (پێشه‌كى-مقدیمات). ئه‌و باسه‌ ده‌هێنێته‌ پێشه‌وه‌ و ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر پێشه‌كییه‌كه‌ دروست نه‌بێت، ده‌ره‌نجامه‌كه‌ش هه‌ڵه‌ ده‌بێت. بۆ نموونه‌ مینۆن ئه‌مه‌ ده‌ڵێت:

فه‌زیله‌ت زانسته‌ ( پێشه‌كى)

زانست شیاوى فێربوونه‌

كه‌وایه‌ فه‌زیله‌ت شیاوى فیربوونه ‌(نه‌تیجه‌)

سوقرات گومان ده‌خاته‌ سه‌ر پێشه‌كییه‌كه‌، ئۆتۆماتیكییه‌ن گومان ده‌شچێته‌ سه‌ر ده‌ره‌نجامه‌كه‌. سوقرات ده‌ڵێت: گه‌ر فه‌زیله‌ت شیاوى فێربوون بێت، ئه‌وا بێگومان ده‌بێت مامۆستاى فه‌زیله‌ت بوونى هه‌بێت و هه‌روه‌ها خوێندكاریش، بۆ ئه‌وه‌ى فه‌زیله‌ت فێربن ( لا401). سوقرات ڕوو ده‌كاته‌ ئانتینۆس و پێى ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر مینۆن بیه‌وێت ببێته‌ پێڵاودروستكه‌ر، ده‌بێت بینێرین بۆ لاى پێڵاودروستكه‌رێك، گه‌ر بمانه‌وێت ببێت به‌ پزیشك ده‌بێت بینێرینه‌ لاى كه‌سێك كه‌ له‌ هونه‌رى پزیشكىدا مامۆستایه‌، هه‌مان شت بۆ هونه‌ره‌كانى تریش ڕاستن بۆ نموونه‌ گه‌ر بیه‌وێت فێرى مۆسیقا ببێت یان ئاله‌تێك بژه‌نێت، ده‌بێت بچێته‌ لاى مامۆستاى مۆسیقا. كه‌وایه‌ ئانتینۆس “مینۆن” بۆ ئه‌وه‌ى فێرى فه‌زیله‌ت بێت ده‌بێت بینێرینه‌ لاى كێ؟ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ كه‌سێك كه‌ مامۆستاى فه‌زیله‌ته‌. به‌ڵام مامۆستاى فه‌زیله‌ت بوونى هه‌یه‌ ئانتینۆس؟ پێده‌چێت ئانتینۆس ئه‌و ڕایه‌ى هه‌بێت مرۆڤى شه‌ریف  و دروستكار بتوانێت مامۆستاى فه‌زیله‌ت بێت. گه‌ر ئه‌م قسه‌ ڕاست بێت، ده‌بێت له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكى تر بگوێزرێته‌وه‌. سوقرات لێره‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دات له‌ڕێى هێنانه‌وه‌ى چه‌ند نموونه‌ى پیاوى شه‌ریفه‌وه‌ شكست به‌ قسه‌كانى ئانتینۆس بهێنێت. یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تییه‌ شه‌ریفانه‌ “تمیستۆكلس” ـه‌. تیمیستۆكلس مامۆستاى ئه‌سپسوارى و تیرئه‌ندازى بۆ ((كله‌ پانتۆس))ـی كوڕى گرتبوو، كله‌ پانتۆس گه‌یشتبووه‌ ئاستێك به‌ پێوه‌ غارى به‌ ئه‌سپ ده‌دا، هه‌زار هونه‌رى ترى هه‌بوو و هه‌مووانى توشى سه‌رسامى كردبوو. كوڕێك بوو شیاوى ئه‌وه‌بوو په‌روه‌رده‌ بكرێت، به‌ڵام ئانتینۆس تۆ ده‌ڵێى ئه‌گه‌ر “تیمیستۆكلیس” بیویستایه‌ “كله‌ پانتۆس” ـى كوڕى فێرى فه‌زیله‌ت بكات. پرسیاره‌كه‌ له‌وێدایه‌ ئایا “تیمۆستۆكلیس” ده‌یویست كوڕه‌كه‌ى له‌ ئه‌سپسوارى و تیرئه‌ندازى له‌ گه‌نجه‌كانى تر باشتر بێت، كه‌چى نه‌یده‌ویست ئه‌و فه‌زیله‌ته‌ى كه‌ خۆى هه‌یه‌تى فێرى كله‌پانتۆسى بكات! به‌ مانایه‌ك ئه‌و هه‌موو هونه‌رهی‌ فێر بكات، به‌ڵام فه‌زیله‌تى فێر نه‌كات! له ‌كاتێكدا فه‌زیله‌ت شیاوى ئه‌وه‌ش بێت فێرى بین. پیاوێكى ترى شه‌ریفى مانه‌ندى “پریكلیس” خاوه‌نى دوو كوڕ بوو. له‌ڕێى مامۆستاوه‌ فێرى ئه‌سپسوارى كردن، پاشان بۆ ئه‌وه‌ى فێرى هونه‌رى مۆسیقا و وه‌رزش ببن، ناردنى بۆ لاى مامۆستا، كه‌چى فه‌زیله‌تى خۆى فێرى ئه‌وان نه‌كرد. ئه‌وه‌ ڕاسته‌ ئه‌و نه‌یویستبێت كوڕه‌كانى فێرى فه‌زیله‌ت بن! یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ڕاستییه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ فه‌زیله‌ت شیاوى فێربوون نییه‌. هه‌روه‌ها توكیدیدیس درێغى نه‌كرد ده‌رهه‌ق به‌ دوو كوڕه‌كه‌ى و كردنى به‌ دوو دانه‌ له‌ باشترین كه‌شتیوانه‌كانى “ئاتن”، كه‌چى هیچكام له‌ كوڕه‌كانى خاوه‌ن فه‌زیله‌ت نه‌بوون، گه‌ر به‌هۆى سه‌رقاڵى زۆره‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ كوڕه‌كانى فێرى فه‌زیله‌ت بكات، كه‌وایه‌ بۆچى له‌ناو ئاتن كه‌سێكى بۆ نه‌دۆزینه‌وه‌ فێرى فه‌زیله‌تیان بكات؟ بۆیه‌ ئه‌مانه‌ ئه‌وە ده‌رده‌خه‌ن فه‌زیله‌ت شیاوى ئه‌وه‌ نییه‌ فێرى بین.

سوقرات جارێك گفتۆگو ده‌باته‌وه‌ لاى مینۆن، جارێكى تر گفتوگۆكه‌ ده‌خوولێنیته‌وه‌ به‌ ده‌ورى پیاوه‌ شه‌ریف و دروستكاره‌كاندا و مینۆن ده‌ڵێت هه‌ندێك جار فه‌زیله‌ت شیاوى ئه‌وه‌یه‌ فێرى بین و هه‌ندێك جار نا. مینۆن ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ گۆرگیاسى سۆفیستایى هه‌رگیز بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى نه‌كردووه‌ مامۆستاى فه‌زیله‌ته‌ (407)، وا ده‌رده‌كه‌وێت مینۆن و سیاسه‌تمه‌داره‌كان باوه‌ڕیان وابێت فه‌زیله‌ت شیاوى فێركردنه‌ و هه‌ندێكجار نا. هه‌روه‌ها سوقرات ده‌رباره‌ى تئۆگسى شاعیر ده‌ڵێت: ئه‌ویش له‌ شیعرێكیدا پێی وایه‌ فه‌زیله‌ت ده‌كرێت فێرى بین، كه‌چى له‌ شیعرێكى دواتریدا، ئه‌وه‌ پیشان ده‌دات كه‌ فه‌زیله‌ت هى ئه‌وه‌ نییه‌ فێرى بین. سوقرات ده‌رباره‌ى سه‌لماندنى ئه‌وه‌ى فه‌زیله‌ت شیاوى ئه‌وه‌ نییه‌ فێرى بین ئه‌رگۆمێت و ده‌لیله‌كانى ده‌خاته‌وه‌ ڕوو:

فه‌زیله‌ت مامۆستاى نییه‌

ئه‌گه‌ر مامۆستاى فه‌زیله‌ت نه‌بێت، خوێندكاریش نابێت. (خوێندكار بۆ فێربوونى فه‌زیله‌ت)

كه‌وایه‌ فه‌زیله‌ت شیاوى فێركردن نییه‌ (لا 409)

سوقرات دیالۆگه‌كه‌ى نێوان خۆى و مینۆن ده‌باته‌ پێشه‌وه‌، له‌ڕێى جیاوازىکردن لەنێوان “زانین” و “باوەڕ” ـەوە‌؛ بۆ نموونه‌ كه‌سێك ده‌توانێت ڕێنوێنیمان كات بۆ شارى لاریسا كه‌ خۆى شارى لاریسا بزانێت و ڕۆشتبێت، ئه‌مه‌ “معریفت یان زانین”ـه‌. چونكه‌ بونیادێكى جێگیر و تۆكمه‌ى هه‌یه‌ ناله‌رزێ و ڕاسته‌، له‌ كاتێكا كه‌سێك خۆى نه‌ڕۆشتبێته‌ شارى لاریسا ئه‌ویش ده‌توانێت ڕێنماییمان بكات، به‌و مه‌رجه‌ى بیستبێتى شارى لاریسا له‌ كوێیه،‌ واته‌ بیستبێتى له‌ كه‌سێكه‌وه‌ یا له‌ڕێى قتعه‌ێك یاخود پۆسته‌رێكه‌وه‌ زانیبێتى لاریسا ده‌كه‌وێته‌ كوێوه‌؟ سوقرات ئه‌و خاڵه‌ ده‌خاته ‌ڕوو کە كه‌سێك ڕێیه‌ك ده‌زانێت “ئه‌زموونى كردووه‌” له‌گه‌ڵ كه‌سێك كه‌ بۆچوون و باوه‌ڕى ده‌رباره‌ى زانینی ڕێیه‌ك هه‌یه،‌ له ‌ڕووى ڕابه‌ڕایه‌تیكردنه‌وه‌ جیاوازى نییه‌ (410) به‌م پێیه‌ له‌سه‌ر ئاستى “كردار”، باوەڕمان به‌ شتێك بێت یان زانینمان به‌ شتێك هه‌بێت جیاوازى نییه‌، به‌ڵام له ‌ڕووى تیۆرى و به‌هاوه‌ زانین باڵاتره‌ له‌ باوەڕ‌، كه‌واته‌ به‌س زانین هاوكاریمان ناكات به‌ڵكوو باوەڕیش هاوكاریمان ده‌كات. هه‌رچه‌ند باوەڕ‌ به‌هاكه‌ى كه‌متره‌ له‌ زانین‌. سوقرات ده‌یه‌وێت له‌ڕێى ئه‌م نموونه‌وه‌ ئه‌وه‌ پیشانى مینۆن بدات، “زانین‌” وه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ وایه‌ بۆ خۆى چووه‌ بۆ لاریسا ئه‌زموونى ڕێگه‌كه‌ى كردووه‌، گه‌ر كه‌سێك بباته‌ شارى لاریسا كه‌ڵك له‌ ئه‌زموونى چوونى خۆى بۆ لاریسا وه‌رده‌گرێت. ڕێگه‌كه‌ شاره‌زایه‌ و هه‌ر كه‌سێكى بوێت ده‌یبات بۆ لاریسا، به‌ڵام باوەڕی چوواندووه‌ به‌ كه‌سێك بۆ خۆى ئه‌زموونى ڕێگه‌كه‌ى نه‌كردووه‌. به ‌ده‌ربڕینێكى تر باوه‌ڕ وه‌ك ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ نه‌چووه‌ بۆ لاریسا، پێده‌چێت بیستبێتى یان له‌ ڕێگه‌ى ئامرازى ترى وه‌ك پۆسته‌رێك یان قتعه‌یه‌كه‌وه‌ زانیارى هه‌یه‌ كه‌ شارى لاریسا ده‌كه‌وێته‌ كوێوه‌. هه‌رئه‌مه‌شه‌ سوقرات پێى ده‌ڵێت باوەڕ‌؛ به‌ ده‌ربڕینێكى تر، مرۆڤ له‌ پله‌ى زانیندا پێگه‌ و پله‌یه‌كى ترى هه‌یه‌. ئه‌زموونێكى خودى و ڕاسته‌قینه‌ى هه‌یه‌، كه‌چى له‌ پێگه‌ و پله‌ى باوەڕ‌دا نه‌یتوانیوه‌ ئه‌زموونى بكات. هه‌روه‌ك وتمان پێده‌چێت بیستبێتى یان له‌ڕێى ئامرازى تره‌وه‌ بزانێت، واته‌ نائه‌زموونییه‌. زانین‌ تۆكمه‌تر و به‌هێزتره‌ له‌ باوەڕ‌، مه‌عریفه‌ گرێدراوه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌، به‌ڵام باوەڕ وانییه‌، له‌ به‌رده‌مى چه‌ند ڕیانێكى لێ ده‌بێته‌وه‌. بۆ نموونه‌ ده‌رباره‌ى شیعر، ده‌كرێت من به‌ ئه‌رێنى بزانم، به‌ڵام كه‌سێكى تر به‌ نه‌رێنى بیبینێت. من پێم وایه‌ ئه‌مڕۆ باران ده‌بارێت كه‌چى كه‌سێكى تر واى نابینێت، لێره‌دا ده‌كرێت یه‌كێكمان ڕاست بكه‌ین، واته‌ باوەڕ‌ تووشى هه‌ڵه‌ دێت، ده‌كرێت ڕاست بێت یان ناڕاست. به‌ باوه‌ڕى من ئه‌م خواردنه‌ سوێره‌ كه‌چى لاى كه‌سێكى تر سوێر نییه‌.

سوقرات عه‌وداڵى زانینى فه‌زیله‌ته‌. فه‌زیله‌ت چییه‌؟ نابێت تێكه‌ڵى كه‌ین له‌گه‌ڵ جۆره‌كانى فه‌زیله‌ت و جۆره‌كانى بژمێرین، هه‌ر ئه‌وه‌ى مینۆن سه‌ره‌تاكانى ئه‌م كتێبه‌ ده‌یكات. سوقرات ده‌ڵێت ئه‌وه‌مان پشتڕاست كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ چاكه‌ و فه‌زیله‌ت له‌ مرۆڤه‌ چاك و خاوه‌ن فه‌زیله‌ته‌كاندا شتێكى زاتى و سروشتى نییه‌. لێره‌دا زاتى و سروشتى هه‌ر وه‌ك یه‌ك مانا وه‌رگیراوه‌. چه‌مكى زاتى كه‌ به‌رانبه‌ر عه‌ره‌ز ده‌وه‌ستێته‌وه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌ و مه‌نتیقدا زۆر ڕووبه‌ڕووى ده‌بینه‌وه‌. زاتى واته‌ ئه‌وه‌ى كه‌ نیشته‌جێ یاخود له‌ ناوه‌وه‌ى حه‌قیقه‌ت و ماهییه‌ت “چییه‌تى” دایه‌. ڕاستییه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ ماهییه‌ت خاوه‌نى كۆمه‌ڵێك به‌شه‌، به‌هۆى ئه‌و به‌شانه‌وه‌ دروست بووه‌. بۆ نموونه‌ كاتێك ده‌ڵێین مرۆڤ، سه‌ره‌تا ده‌بێت بزانین (جیسمه‌. گه‌شه‌كه‌ره‌ واته‌ خواردن ده‌خوات، وه‌چه‌ ده‌خاته‌وه‌ و تواناى گه‌شه‌كردن و گه‌وره‌بوونى هه‌یه‌ …هتد، هه‌ستیاره‌: هه‌ست به‌ هاندان و بزوێنه‌ره‌ ده‌ره‌كییه‌كان ده‌كات و سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش بیركه‌ره‌وه‌یه‌. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین ئه‌وه‌ به ‌ڕاستى مه‌حاڵه‌ مرۆڤ به‌بێ بوونى ئه‌م به‌شانه‌ “جیسم و گه‌شه‌ و حساس” بوون له‌ ده‌ره‌وه‌ بوونى هه‌بێت یاخود بتوانین له‌ زه‌ینماندا وێناى بكه‌ین. گه‌ر ده‌ربڕینه‌كه‌ ئاسانتر و ساده‌تر بكه‌ینه‌وه‌ له‌ڕێى نموونه‌یه‌كى ناو دنیاى فه‌لسه‌فه‌ و مه‌نتیقەوە، بۆ نموونه‌ له‌ پێناسه‌كردنى مرۆڤدا ده‌ڵێین: “مرۆڤ گیانله‌به‌رێكى بیركه‌ره‌وه”‌یه‌؛ لێره‌دا پێناسه‌ى مرۆڤ له‌ڕێى به‌شه‌ زاتیاتییه‌كانییه‌وه‌ “گیانله‌به‌ربوون ـ بیركردنه‌وه‌”ـه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ده‌كاته‌ چییه‌تیی مرۆڤ. گه‌ر مرۆڤ خاوه‌نى یه‌كێك له‌م دوو سیفه‌ته‌ زاتییه‌ نه‌بێت ئه‌وه‌ دیاره‌ مرۆڤ نییه و‌ شتێكى تره‌. بۆ نموونه‌ گه‌ر سیفه‌تى بریكردنه‌وه‌ كه‌ شتێكى زاتییه‌ له‌ مرۆڤدا، لێى بسه‌نه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ چییه‌تیی مرۆڤ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌. بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر قسه‌كه‌ى سوقرات كاتێك ده‌ڵێت: پشتڕاستمان كردووه‌ته‌وه‌ فه‌زیلەت و چاكه‌ له‌ مرۆڤه‌ چاك و خاوه‌ن فه‌زیله‌ته‌كاندا شتێكى زاتى و سرووشتى نییه‌. ئه‌گه‌ر زاتى بووایه‌ ئه‌وه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ فێربوونى فه‌زیله‌ت ده‌بووه‌ شتێكى بێمانا، ئه‌ى ئه‌گه‌ر فه‌زیله‌ت شتێكى زاتى نییه‌؟ نابێت ئه‌و پرسیاره‌ دروست بێت لامان ئایا ده‌توانین فێربین یاخود نا؟ به‌ ده‌ربڕینێكى دى ئایا فه‌زیله‌ت شیاوى ئه‌وه‌یه‌ فێرى بین یاخود نا؟ فه‌زیله‌ت كاتێك شیاوى ئه‌وه‌یه‌ فێرى بین كه‌ زانست بێت، ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وتایه‌ فه‌زیله‌ت شیاوى فێربوونه‌ ده‌مانووت زانسته‌. كاتێك ده‌زانین فه‌زیله‌ت زانسته‌، كه‌ به‌ڕاستى مامۆساتایه‌ك هه‌بێت خه‌ڵكى فێرى فه‌زیله‌ت بكات. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌یه‌ تێده‌گه‌ین فه‌زیله‌ت نه‌ زانسته‌ و نه‌ هى ئه‌وه‌یه‌ فێرى بین، چونكه‌ گه‌ر فه‌زیله‌ت زانست بووایه‌، ده‌بوو وه‌ك چۆن مامۆستا بۆ زانست هه‌یه‌ هه‌ر به‌و جۆره‌ش مامۆستای فەزیلەت هه‌بووایه‌ تا فه‌زیله‌ت فێرى خه‌ڵكى بكات.

 تیمیستۆكلیس بۆ خۆى كه‌سێكى خاوه‌ن فه‌زیله‌ت بوو، كه‌چى نه‌یتوانى كوڕه‌كه‌ى فێرى فه‌زیله‌ت بكات له ‌كاتێكدا چەندان هونه‌رى تر فێر كرابوو. پریكلیس خاوه‌نى دوو كوڕ بوو ئه‌وانیش فێرى زۆر هونه‌ر بوون كه‌چى نه‌یتوانى دوو كوڕه‌كه‌ى فێرى فه‌زیله‌ت بكات هه‌ر بۆیه‌شه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى خۆى كه‌سێكى خاوه‌ن فه‌زیله‌ت بوو، سه‌ربارى ئه‌وه‌ كوڕه‌كانى نه‌یانتوانى ببنه‌ خاوه‌نى فه‌زیله‌ت. توكیدیدیس كوڕه‌كانى فێرى كه‌شتیوانى كران، دوو باشترین كه‌شتیوان بوون له‌ ئاتندا كه‌چى كه‌سیان نه‌یانتوانى ببنه‌ خاوه‌نى فه‌زیله‌ت له‌ كاتێكدا گه‌ر مامۆستاى فه‌زیله‌ت هه‌بووایه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌ى ده‌دا بیانكات به‌ خاوه‌ن فه‌زیله‌ت، وه‌ك چۆن كردنى به‌ دوو كه‌شتیوانى لێهاتوو. ئه‌مانه‌ هه‌مووى به‌ڵگه‌كانى سوقراتن بۆ سه‌لماندنى ئه‌وه‌ى فه‌زیله‌ت شتێك نییه‌ فێرى ببین. سوقرات به‌ مینۆن ده‌ڵێت: ئێمه‌ كۆكین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى فه‌زیله‌ت باشه‌ و هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ش ڕوونه‌ ڕێنوێنى یا له‌ڕێى زانسته‌وه‌یه‌ یا له‌ ڕێى باوه‌ڕى دروسته‌وه‌ ده‌بێت. ئه‌وه‌شمان زانى چونكه‌ فه‌زیله‌ت هى ئه‌وه‌ نییه‌ فێربین هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ى ئه‌وه‌ى ئه‌و باوه‌ڕه‌مان لا دروست بێت كه‌ فه‌زیله‌ت زانست نییه‌. پاشان سوقرات ده‌ڵێت: له‌ كاروبارى سیاسیدا زانست ناتوانێت ڕێنوێنیكه‌رى ئێمه‌ بێت. گه‌ر ته‌ماشاى پیاوانێكى وەک تیمستۆكلیس بكه‌ین، به‌ په‌یڕه‌ویی له‌ زانست فه‌رمانڕه‌واییان نه‌كردووه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ى نه‌شیان توانیوه‌ ئه‌وانى تر وه‌ك خۆیان لێبكه‌ن به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى فه‌زیله‌تى خودى ئه‌وان سه‌رچاوه‌ى له‌ داناییه‌وه‌ نییه‌. هه‌روه‌ك ئاماژه‌مان پێدا ڕێنوێنى دروست یان له‌ڕێى زانسته‌وه‌یه‌ یان له‌ڕێى باوه‌ڕى دروسته‌وه‌. ئێستا ئه‌وه‌ ڕوون بوویه‌وه‌ به‌ڕێوه‌بردنى وڵات له‌ڕێى زانسته‌وه‌ نییه‌، هه‌ر بۆیه‌ش به‌ ناچارى ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێین كه‌ پیاوانى سیاسى له‌ڕێى باوه‌ڕى دروسته‌وه‌ وڵات به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن له‌ كاتێكدا له‌ ڕووى زانسته‌وه‌ جیاوازیان نییه‌ له‌گه‌ڵ كاهینان و پێشبینیكه‌ران “غه‌یبزان”ـه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وان قسه‌ى ڕاست ده‌كه‌ن بێ ئه‌وه‌ى شتێكى ئه‌وتۆ ده‌رباره‌ى قسه‌كانى خۆیان بزانن. سوقرات به‌ مینۆن ده‌ڵێت: ئه‌ى كه‌ وایه‌ كه‌سانێك كه‌ به‌ كردار و قسه‌ كۆمه‌ڵێك ئیشى گرنگ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، نابێت كۆمه‌ڵه‌ بوونه‌وه‌رێكى خوداییانه‌ ناو بنێین؟ بۆ نموونه‌ كاهینان و غه‌یبزانه‌كان و شاعیره‌كان و سیاسییه‌كان وه‌ك بونه‌وه‌رگه‌لێكى خودایى ببینین كه‌ شیفته‌ی خودان و هه‌ناسه‌ى خودا له‌وانا چەکەرەی کردووە، ئه‌وانى خستووه‌ته‌ به‌رده‌م كه‌یف و سه‌فا و چێژه‌وه‌ و هەر لێره‌شه‌وه‌یه‌ تواناى ئه‌نجامدانى كۆمه‌ڵێك ئیشى گه‌وره‌یان هه‌یه‌ بێ ئه‌وه‌ى شتێك ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى ده‌یڵێن بزانن. پاشان سوقرات ده‌گاته‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ى نه‌ به‌شێكه‌ له‌ سروشتمان نه‌ ده‌شكرێت فێرى بین، به‌ڵكوو به‌ ئیراده‌ و ئیلهامى خودایه‌ له‌ مرۆڤدا نیشته‌جێ ده‌بێته‌وه‌. ڕاستییه‌كه‌ى گه‌ر شتێكى تر بێجگه‌ له‌مه‌ بووایه‌ ده‌بوو لانى كه‌م یه‌كێك له‌ پیاوه‌ سیاسییه‌كان كه‌سێكى تر وه‌ك خۆیان بكه‌ن به‌ پیاوێكى سیاسى. هه‌ر بۆیه‌ سوقرات ده‌گاته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ى فه‌زیله‌ت ته‌نیا خوا ده‌یبه‌خشێته‌ مرۆڤ، به‌ مانایه‌كى تر فه‌زیله‌ت به‌خشراوێك یان پێدراوێكه‌ له‌ لایه‌ن خوداوه‌.

ئه‌فلاتوون هه‌وڵى به‌لاداخستنى “فه‌زیله‌ت شیاوى فێربوونه‌” یان ” فێربوون نییه‌” دەدات. هه‌ر به‌ ڕاست فه‌زیله‌ت له‌ توانادا هه‌یه‌ فێری بین یاخود نا؟ ئه‌فلاتوون له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م گریمانه‌یه‌: ئایا فه‌زیله‌ت زانستە یان نا؟ گفتوگۆكه‌ى نێوان سوقرات و مینۆن ده‌باته‌ پێشه‌وه‌. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌فلاتوون ده‌ربارى چییەتیى فه‌زیله‌ت و توێژینه‌وه‌ ده‌رباره‌ى چییه‌تیى فه‌زیله‌ت ده‌ستى هه‌ڵنه‌گرتووه‌، به‌ڵكوو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ته‌نیا شێوه‌ى توێژینه‌وه‌كه‌ى خۆى ده‌رباره‌ى گۆڕیوه‌. له‌گه‌ڵ چوونه‌ پێشه‌وه‌ى دیالۆگی نێوان سوقرات و ئه‌فلاتوون پرسیاری “ئایا فه‌زیله‌ت شیاوى فێربوونه‌” ده‌گۆڕێت بۆ پرسیارى “ئایا فه‌زیله‌ت جۆرێكه‌ له‌ مەعریفەت؟” گه‌ر وا دانرێت فه‌زیله‌ت جۆرێكه‌ له‌ زانست، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بووا مامۆستای فێركردنى فه‌زیله‌تیش هەبووایە. كه‌چی بینراوه‌ ئه‌زموونییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ پشتڕاستى ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ مامۆستای فه‌زیله‌ت بوونی نییه‌. ئه‌م دوو خاڵه‌ش ئه‌م ده‌ره‌نجامه‌ى لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌: فه‌زیله‌ت جۆرێك نییه‌ له‌ زانست‌، گه‌ر زانستیش نه‌بێت كه‌وایه‌ ناشتوانین فێری بین. به‌ دیوێكى تردا، گه‌ر فه‌زیله‌ت مه‌عریفەت بووایه‌، ئه‌وا مامۆستای فه‌زیله‌ت و خوێندكاری فه‌زیله‌تیش ده‌بوو. بوونى مامۆستای فه‌زیله‌ت و خوێندكاری فه‌زیله‌تیش، ڕوونه‌ ده‌بێت فه‌زیله‌ت زانست بێت، گه‌ر واشبێت شیاوی فێربوونه‌. ئه‌فلاتوون له‌ڕێی كاره‌كته‌رى سوقراته‌وه‌ نكوڵی ئه‌وه‌ ده‌كات فه‌زیله‌ت زانست بێت و شیاوی فێركردن بێت.


[1] کارڵ یاسپەرس، سوقرات، ترجمە؛ محمد حسن لطفی، انتشارات خوارزمی، چاپ سوم سال ١٣٩٨، لاپەڕە ٩٣-١٠٠

[2] هەمان سەرچاوە لاپەڕە ٩٧

[3] نقد نیچە بر سقراط، مینا طباطبایی و محمد جواد صافیان، پرتال جامح علوم انسانی، پژوهشهای معریفت شناختی بهار و تابستان ١٣٩٢.

[4] کارڵ یاسپەرس، سوقرات، لاپەڕە ٨١

[5] وەرگیراوە لە کتێبەکەی یاسپەرسەوە بە ناوی سوقرات لا ٧٧ – ٧٤

[6] ‌ ‌ایندە یک پندار

[7] ناصر تاجیک، اشتراوس و افلاطون، انتشارات نقد فرهنگ، چاپ اول، تهران سال ١٣٩٦، لاوپەڕە ٤٩

[8] کارڵ یاسپرس، سوقرات، لاپەڕە ٧٧

[9] پل فولکیە، ترجمە مسطفی رحیمی، دیالکتیک، انتشارات جاوید، چاپ اول سال ١٤٠٠، ص ٢٢- ٢٤

[10] له‌ باتى نوعى عربى دانراوه‌

[11] له‌ باتى جنسى عره‌بى دانراوه‌

[12] له‌برى “جیسم”ى عه‌ره‌بى، هه‌ر جیسمى عه‌ره‌بیمان داناوه‌ته‌وه‌، فارسه‌كانیش هه‌ر وایان كردووه‌. بۆیه‌ خۆم پاراست له‌وه‌ى وشه‌ى “له‌ش” دابنێم، چونكه‌ زهنى ئێمه‌ دەباته‌وه‌ بۆ له‌شێكى سنووردار كه‌ ئه‌ویش مرۆڤه‌. جیسم لێره‌دا ماناكه‌ى فراوانتره‌،  هه‌ر شتێك ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ خاوەنی سێدووری یان خاوەنی ماددە و سورەت ‌بێت.

[13] صرف

[14] فارسه‌كان و عه‌ره‌به‌كانیش به‌پێى قه‌ناعه‌تى خۆیان “نفس” یان “روح” داده‌نێن. ئینگلیزه‌كان “spirt” یان “soul” داده‌نێن. له‌ناو كوردیشدا “ده‌رون” یان “ڕۆح” داده‌نرێت، به‌ڵام من پێم باش بوو هه‌ر ده‌روون دابنێینه‌وه‌.

Loading