وەرگێڕان

سەرتر لە خوێندنگە

نووسین: تزڤێتان تۆدۆرۆف

وەرگێڕان: زەردەشت نورەین

چی بەسەر وتنەوەی ئەدەب لە قوتابخانەکاندا هاتووە؟ وەڵامە سادەکەی بەم جۆرەیە: وتنەوەی ئەدەب لە خوێندنگەکاندا، ڕەنگدانەوەی ئەو گۆڕانکاریانەیە کە لە خوێندنی باڵادا ڕوویان داوە. ئەگەر زۆربەی مامۆستاکانی ئەدەبی فەرەنسا ئەم ڕوانگە نوێیەی وانەوتنەوەیان هەڵبژاردووە، لەبەر ئەوەیە کە لێکۆڵینەوە ئەدەبییەکان لە زانکۆکاندا گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و ئاسایی ئەم مامۆستایانە خوێندکاری هەر ئەم زانکۆیانە بوون. ئەم گۆڕانکارییە لە نەوەی پێشووتردا (لە دەیەی ٧٠ و ٨٠) ڕووی دا و زیاتر لە ژێر کاریگەریی «بونیادگەری»دا بوو. من خۆم سەر بەم بزاڤە بووم، کەواتە دەبێت خۆم بە بەرپرسی دۆخی ئێستای بەشی ئەدەب بزانم؟

وەک پێشووتر وتم، کاتێک لە سەرەتای ساڵانی شەستەکاندا هاتمە فەرەنسا، لێکۆڵینەوە ئەدەبییەکان لە زانکۆکاندا، لەگەڵ ئەمڕۆدا تەواو جیاواز بوون. جگە لە شرۆڤە و ڕاڤەی دەقی ئەدەبی (کە هەر لە بنەڕەتەوە ڕاهێنانێکی ئەزموونی بوو) داوایان لە خوێندکارەکان دەکرد خۆیان لە چوارچێوەی ئەدەبی نەتەوەیەک و بڕگەیەکی مێژوویدا سنوردار و چڕ بکەنەوە. ژمارەیەکی کەم لەو خاوەن‌ ڕوانگانەی پەیڕەوییان لەم ڕێسایە نەدەکرد یان لە دەرەوەی فەڕەنسا وانەیان دەوتەوە، یان لە پێگەی فەرمیی لێکۆڵینەوەی ئەدەبییەوە بەدوور بوون. خوێندکارەکانی قۆناغی دوکتۆرای ئەدەب، لە جیاتی ئەوەی بە تێروتەسەلی لەبارەی مانای بەرهەمە ئەدەبییەکانەوە بکۆڵنەوە، کۆگایەکی گشتیگیریان لە دەرەدەق کۆ دەکردەوە: ژیاننامەکانی دانەر، ئەو مۆدێلانە کە ڕەنگە بۆ ئافراندنی کاراکتەرەکانیان، ئیلهامیان لێ وەرگرتبن، نوسخە ڕێتێچووەکانی بەرهەمەکە و ئەو کاریگەریانەی لەسەر هاوچەرخانی خۆی دایناوە و… هتد. بەڵام هەستم بە زەروورەتی ئەوە کرد، ئەم ڕێچکانە لەگەڵ ئەو ڕێچکانەی تر کە لێکۆڵینەوەکانم بە زمانەکانی تر بۆی بەدی هێنابوون بگۆڕێت؛ بۆ نموونە فۆرمالیستە ڕوسییەکان، تیۆریستە ئەڵمانییەکانی ستایل و فۆڕم (سپیتزەر، ئاورباخ، کەیزەر) و ئەمریکییەکانی ڕەخنەی نوێ. هەروەها پێم وابوو، لە جیاتی ناونەهێنانی چەمکە بەکاربراوەکانی شیکردنەوەی ئەدەبی، وا باشترە لەسەر ئەم چەمکانە ڕاشکاو بین و ڕوونیان بکەینەوە. بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ ژەنێت بنەمای «بۆتیقا»یەکمان داڕشت (بە مانای لێکۆڵینەوەی ئەدگارەکانی گوتاری ئەدەبی).

ئەمڕۆش وەکوو ڕابردوو پێم وایە ڕێچکەی ناوەکیی (لێکۆڵینەوەی پەیوەندیی دوولایەنەی توخمەکانی بەرهەم) دەبێت تەواوکەری ڕێچکەی دەرەکیی (لێکۆڵینەوەی زەمینەی مێژوویی، ئایدۆلۆژی، ئێستاتیکی) بێت. باسکردنی بەش بە بەشی کەرەستەکانی شیکردنەوە، وردبینی و ناسکی شیکردنەوەکە زیاد دەکەن، ئەگەرچی ئامانجی کۆتایی، تێگەیشتن لە مانای بەرهەمەکانە. لە ساڵی ١٩٦٩دا بە هاوکاری سێرژ دووبرۆڤسکی سیمیناری دە ڕۆژەی «وتنەوەی ئەدەب»م لە سێریزی لاسال بەڕێوە برد. ئەمڕۆ کە دەرەنجامەکانی ئەو باسانەم دەخوێنمەوە، کەم تا زۆر نەشارەزایانە دەهاتنە بەرچاوم (لە باسە زارەکییەکان تێبینیم دەنووسی)، سەرەڕای هەموو ئەمانە، ڕوانینەکانم لەبارەی بۆتیقای ناوبراوەوە ڕوون و ئاشکران. لەم سیمینارەدا باسی جۆرێک لە بۆتیقام هێنایە پێشەوە و وتم: «خاڵی لاوازیی ئەم ڕێچکە ئەوەیە کە بانگەشەی گەورەی نییە، بەو مانایەی کە پێ لە بەڕەکەی خۆی زیاتر درێژ ناکات و تەنیا لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی بەراییدا دەمێنێتەوە؛ لە جیاتی ئەوەی لەبارەی مانای دەقەوە بۆمان بدوێت، هەوڵ دەدات ورد و درشتی بونیادی دەقی ئەدەبی، بە دەقیقی دەستنیشان بکات.»

مەبەستی من  و هەموو ئەوانەی لەو سەردەمەدا لەگەڵ مندا هاوڕابوون، چێکردنی هاوسەنگییەکی باشتر لە نێوان ناوەوە و دەرەوە، لە نێوان تیۆر و پراکتیکدا بوو. بەڵام بەو جۆرە نەکرا. کەشی ٦٨ کە هیچ پەیوەندییەکی بە ئاراستەی لێکۆلینەوەی ئەدەبیی ئەو وەختەوە نەبوو، بونیادی زانکۆی گۆڕی و پلەبەندیی سیستەمی هەبووی بە تەواوی دەستکاری کرد. لە ئەنجامدا نەک بەندۆڵەکە لە ناوەڕاستدا هاوسەنگ نەبوو، بەڵکوو تا ئەوپەڕی بە ئاراستەی پێچەوانەدا ڕۆیشت، تا ئەو شوێنەی کە ئەمڕۆ تەنیا ڕێچکە ناوەکیگەراکان و تێگەکانی تیۆری ئەدەبی بایەخ و متمانەیان هەیە.

ناتوانین گۆڕانکارییەکانی لێکۆڵینەوەکانی ئەدەب لە زانکۆدا تەنیا بۆ بۆ بونیادگەرایی بگێڕینەوە؛ بە دەربڕینێکی تر دەبێت هەوڵ بدەین، لەوە تێبگەین کە سەرچاوەی ئەم کاریگەرییە لە کوێوەیە. لێرەدایە کە وێنای بنەڕەتیمان بۆ ئەدەب بایەخ پەیدا دەکات. بە درێژایی سەدەی ڕابردوو، وتنەوەی ئەدەب لە زانکۆکاندا لەژێر ڕکێفی دەسەڵاتی ڕەهای مێژووی ئەدەبدا بووە، بەو مانایەی کە وتنەوەی ئەدەب هەر لە بنەوەڕا لەسەر لێکۆلێنەوەی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی بەرهەم چڕ بووەتەوە (وا وێنا دەکرا کە بەرهەمی ئەدەبی لێکەوتەی لۆژیکیی هێزە کۆمەڵایەتی، سیاسی، نەژادی و دەروونییەکان بێت).

ئەم شێوە وانەتنەوەیە، هەروەها کاریگەریی دەق، پرۆسەی بڵاوبوونەوە، کاریگەریدانانی لەسەر بەردەنگ و نووسەرەکانی تری هەڵدەسەنگاند. هەر بۆیەش، بەرهەمی ئەدەبییان دەخستە ناو زنجیرە هۆکارێکەوە. لە بەرانبەردا بەگومانەوە لە لێکۆڵینەوەیان لە مانا دەڕوانی. ڕەخنەی ئەوەیان دەگرت کە لێکۆڵینەوەی مانا بەو جۆرەی کە دەشێت هەبێت زانستی نییە و ئەوەیان بە ئیشی ڕەخنەگر و شرۆڤەکاری ستووننووسی ڕۆژنامەکان دەزانی. نەریتی زانکۆ، ئەدەبی نە وەکوو بەرجەستەبوونی هزر و هەست دەبینی، نە وەکوو ڕاڤەیەک بۆ جیهان.

زانکۆ بە پێچەوانەی قۆناغی ناوەندی و ئامادەییەوە، پەیڕەوی لە بەرنامەی چوونییەک ناکات. کەواتە بانگخوازانی ڕێبازە فکرییە جۆراوجۆر و تەنانەت دژیەکەکانیش لە زانکۆکاندا لە ئارادان. نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە ئەو کەسانە هەژموونیان هەیە کە لە نێوان ئەدەب و جیهاندا پەیوەندی نابینن و ئاراستەی هزری مامۆستاکانی داهاتووی ئەدەبی فەڕەنسا هەر ئەمانە دیاری دەکەن. ڕەوتی ئەم ‌دواییەی «هەڵوەشانەوەگەرایی»یش درێژەپێدەری هەمان ڕێبازە. نوێنەرانی ئەم ڕەوتە لە ڕاستیدا لەبارەی پەیوەندییەکانی دەق بە حەقیقەت و بەهاکانەوە کۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن ئەنجام دەدەن، ئەگەرچی تاکە ئامانجیان ئەوەیە، ئەوە پشتڕاست بکەنەوە (بێگومان من لە جیاتی وشەی پشتڕاستکردنەوە، دەستنیشانکردن بەکار دەبەم، لەبەر ئەوەی ئەوان پێشوەختە دەزانن بەدوای چییەوەن و چەقبەستووییشیان لەمەوە سەرچاوە دەگرێت) کە دەق بە هیچ جۆرێک یەکانگیر نییە، هەر بۆیەش ناتوانێت هیچ شتێک بسەلمێنێت و تەنانەت بەهاکانی خۆیشی وێران دەکات و ئەمەش هەر ئەو شتەیە کە بە هەڵوەشانەوەگەرایی دەق ناوی دەبەن. بە پێچەوانەی بونیادگەرا کلاسیکەکانەوە کە کاریان بەسەر حەقیقەتی دەقەوە نەبوو، پاش‌بونیادگەراکان بە جددی بەشوێن تاوتوێی حەقیقەتەوەن، بەڵام دەرەنجامەکە هەمان شتە کە هەبوو و پرسیار لە حەقیقەتی دەق هەرگیز بە وەڵام ناگات. حەقیقەتی دەق یەک شتە و ئەوەش بریتییە لەوەی حەقیقەت بوونی نییە و ئەگەر بوونیشی هەبێت، بۆ هەمیشە نابەردەستە. ئەم تێگەیشتنە بۆ زمان (بە تایبەت لە زانکۆکانی ئەمریکادا) لە سنوورەکانی ئەدەب زیاتر دەڕوات و ئەو زانستانە لەخۆ دەگرێت کە پێشتر لەبارەی پەیوەندییان بە جیهانەوە مشتومڕمان لەبارەوە نەدەکردن. بەم شێوەیە مێژوو، ماف و تەنانەت زانستە سروشتییەکان، وەکوو جۆرێک لە ئەدەب چاویان لێ دەکرێت کە یاسا و ڕێسای تایبەت بە خۆیان هەیە. ئەم بەشانە کە بەم شێوەیە لەگەڵ ئەدەبدا هاوشێوە کراون (ئەو ئەدەبەی کە لە ڕوانگەی ئەوانەوە تەنیا لە ڕێساکانی خۆی پەیڕەوی دەکات) لە شوێنی خۆیاندا بۆ ئۆبێکتی داخراو و خۆژییەن دەگۆڕێن.

ئەوانەی کە ئاماژەم پێدان، بە مانای ئەوە نایەن کە وتنەوەی شێوازەکانی شیکردنەوەی ئەدەبی دەبێت بە تەواوی شوێنی خۆی بدات بە وتنەوەی بەرهەمە ئەدەبییەکان، بەڵکوو دەبێت هەر کامیان شوێنی خۆیان بێت. وتنەوەی ڕێچکەکان، چەمکەکان و میتۆدەکان لە زانکۆشدا پێویستە. ئەو بەشانەی وانەکانی خوێندنگە کە بەردەنگیان گشتی و ناپسپۆڕییە، نابێت وەکوو هی زانکۆ وابێت. بەردەنگیی ئەدەب هەمووان دەگرێتەوە، بەڵام لێکۆڵینەوە ئەدەبییەکان بەو جۆرە نیین. کەواتە وتنەوەی ئەدەب دەبێت پێش لێکۆڵینەوە ئەدەبییەکان بکەوێت. مامۆستا ئەرکێکی قورسی لەسەر شانە، چونکە ئەوەی لە زانکۆدا فێری بووە، دەبێت بە شێوەیەکی هەستپێنەکراو لە وانەکانیدا بەکاری بەرێت و لە وتنەوەی ڕاستەوخۆیان خۆی بوێرێت. ئایا ئەم چاوەڕوانییە نابەجێ نییە کە خوازیار بین مامۆستا شتێک بکات کە مامۆستاکانی خۆی [لە زانکۆ] ناتوانن بیکەن؟ کەواتە جێگەی سەرسووڕمان نییە کە مامۆستای ئەدەب هەموو کات بە دەرەنجامی دڵخواز ناگات.

تێگەیشتنی کورتکردنەوەگەرا بۆ ئەدەب بە تەنیا لەناو پۆلەکانی وانەخوێندن و وانەکانی زانکۆکدا نییە، بەڵکوو لەناو ڕۆژنامەوانان و تەنانەت خودی نووسەرانیشدا بەدی دەکرێت. ئایا ئەمە دەبێتە جێگەی سەرسووڕمان؟ هەموو ئەمانە لە خوێندنگەکاندا خوێندوویانە و زۆرێکیشیان لە کۆلێژی ئەدەب دەرچوون و لەوێ فێرکراون کە ئەدەب تەنیا باسی خۆی دەکات و تەنیا ڕێگەی ستایش و ڕێزگرتنی دیارخستنی یارییەکانی تۆخمە پێکهێنەرەکانێتی. ئەگەر نووسەرەکان بەشوێن پەسنی ڕەخنەگرەکانەوەن، دەبێت هاوڕەنگی ئەوان بن، تەنانەت ئەگەر ئەو ڕەنگە بریق و باقیشی نەبێت. جگە لەوەش ئەم نووسەرانە خۆیان سەردەمانێک ڕەخنەگر بوون. بەرز و نزمی ئەم گۆڕانکارییانە لە فەڕەنسا زیاتر بوون لە وڵاتانی ئەورووپا و لە ئەورووپاش زیاتر بوون لە بەشەکانی تری جیهان. ئایا ئەم بابەتە یەکێک لەو هۆکارانە نییە کە لە دەرەوەی فەڕەنسا، مەیل بۆ ئەدەبی فەڕەنسی [نیوەی دووەمی سەدەی بیست] لە ئارادا نییە؟

زۆرێک لە بەرهەمە هاوچەرخەکان، تێگەیشتنی فۆرمالیستانە بۆ ئەدەب دەخەنە ڕوو؛ ئەم بەرهەمانە بونیادی زۆر زیرەکانە و بیرلێکراوەیان هەیە و سوود لە پڕۆسەی میکانیکی بەرهەمهێنانی دەق، بەلاغەت، دووبارەبوونەوە و ئاماژەگەری دەبینین. بە تەنیشت هەموو ئەمانەوە، لەمڕۆدا و لە سەرەتای سەدەی بیستویەکدا ئەم تێگەیشتنە بۆ ئەدەب تاکە ڕەوتی زاڵ بۆ ئەدەب و ڕەخنەی ژۆرنالیستی لە فەڕەنسادا نییە. ڕەوتێکی تری کاریگەر لە ئارادایە کە نوێنەری جیهانبینییەکە دەتوانین بە  نیهیلیستی ناوی ببەین؛ جیهانبینییەک کە مرۆڤ تێیدا چەپەڵ و ئاژەڵ سیفەتن، دۆخی مرۆڤ بۆ وێرانکاری و توندوتیژی کورت دەبێتەوە و ژیانیش هەمووی کارەسات و قوڕبەسەرییە. بەگوێرەی ئەمە ئیدی ناتوانین بانگەشەی ئەوە بکەین ئەدەب وەسفی جیهان ناکات. ئەدەب نەفی نواندنەوە نییە، بەڵکوو خۆی دەگۆڕێت بۆ نواندنەوەی نەفی. بەڵام ئەم ڕێچکەیە بەر بە ڕەخنەی فۆرمالیستی ڕەخنەگران ناگرێت، لەبەر ئەوەی ئەم ڕەخنەیە، جیهانی وێنەکراوی ناو کتێبەکە بە جیهانێکی خوژییەن دادەنێت کە پەیوەندیی بە جیهانی دەرەوە نییە، کەواتە ڕەوایە کارمان بەسەر بیروڕای باسکراوی ناو بەرهەمەکەوە، ئەوەی کە داخۆ ڕاستە یان هەڵەیە نەبێت و تەنیا بونیادەکەی شی بکەینەوە. مێژووی ئەدەب ئەوەی نیشانداوە کە بە ئاسانی دەشێت لە فۆرمالیزمەوە بۆ نیهیلیزم بڕۆین و بە پێچەوانەوە؛ تەنانەت دەشێت هاوکات هەم نیهیلیست بین و هەم فۆرمالیست.

بزووتنەوەی نیهیلیزم لە شوێنی خۆیدا لەگەڵ ئاوارتەیەکی گەورەدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە، بەو مانایەی کە دانەر خۆی پارچەیەک لە جیهان بینا دەکات. ڕێچکەیەکی تریش کە لە ئافراندنی بەرهەمی ئەدەبیدا کەڵکی لێ وەردەگیرێت، ڕەگی لە هەڵسوکەوتی نارسیستەکان و خۆویستەکاندا هەیە. دانەر خرۆشانە سووکەکان، ئەزموونە بێمانا سێکسییەکانی و بیرەوەرییە پووچەکانی پنت بە پنت دەگێڕێتەوە؛ هەرچەنێک جیهان نەفرەتی بێت، خود‌پەسنکردن زۆر شادیهێنە! تەنانەت خۆخواردنەوەش لەم چێژە کەم ناکاتەوە؛ گرنگ خود‌باسکردنە و شتەکانی تر بە پلەی دووەم دێن. لەم دۆخەدا ئەدەب (وا باشترە لێرەدا وشەی نووسین بەکار بەرین) بۆ تاقیگەیەک کورت دەبێتەوە کە دانەر دەتوانێت بە هەوەسی خۆی، خودشیکاری بکات و هەوڵی خودتێگەیشتن بدات. لە پاش فۆرمالیزم و نیهیلیزم، دەتوانین ڕێچکەی سێیەم بە سۆلیپسیزم ناوبەین، واتە ئەو تیۆرییە فەلسەفییەی کە تەنیا خودی خۆی دەناسێت و هەر خۆیشی بە تاقە بوونەری جیهان دادەنێت. بێگومان سۆلیپسیزم بە ئەندازەیەک لە باوەڕەوە دوورە کە خۆبەخۆ خراوەتە پەراوێزەوە، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نایەت کە سۆلیپسیزم ناتوانێت ببێتە مایەی ئافراندنی بەرهەمی ئەدەبی. یەکێک لە فۆڕمە نوێکانی ئەم تیۆرییە خود-نووسینەوە[1]ـەیە: دانەر بە بەردەوامی دۆخەکانی خۆی یاد دەهێنێتەوە، بەڵام ئاماژە بۆ لایەنە دەرەکییەکانی ئەم بەیادهاتنەوانە نادات. بەم بۆنەوە، دانەر لە سەربەخۆیی گریمانەی چیرۆکسازی بەهرەمەند دەبێت و هەم لە چێژی ڕێزدانان بۆ خۆیشی.

نیهیلیزم و سۆلیپسیزمی ئەدەبی زۆر لە یەکتری دەچن. هەردووکیان ڕەگیان لەو ئایدیایەدا هەیە کە پێی وایە پچڕانێکی بناغەیی لە نێوان من و جیهاندا لە ئارادایە؛ بە دەربڕینێکی تر هەردووکیان نکۆڵی لە هەبوونی جیهانێکی هاوبەش دەکەن. تەنیا کاتێک دەتوانم ژیان و جیهان بە موتڵەقی و بە تەحەمولنەکراو بزانم کە پێشوەخت خۆم لە جیهان جیا کردبێتەوە. دیوەکەی تری تەنیا ئەگەر جیهان بۆم بێبایەخ بێت و هیچ ڕەبتێکی بە منەوە نەبێت، ئەوا من دەتوانم تەنیا و تەنیا بپڕژێمە سەر ئەزموونەکانی خۆم. کەواتە ئەم دووجیهانبینییە هەردووکیان، کێماسیان هەیە: نووسەری نیهیلیست ئەوە لەبیر دەکات کە لەم تابلۆ خەمگینەدا شوێنێک بۆ خۆی و هاوبیرەکانی لە بەرچاو بگرێت؛ سۆلیپسیست ئەو چوارچێوە مرۆیی و مادییە لە پێشچاو ناگرێت کە بوونی ڕەخساندووە. نیهیلیزم و سۆلیپسیزم نەفی فۆرمالیزم نین بەڵکوو تەواوکەرین؛ هەر سێکیان، هەر کامیان بە شێوەی خۆیان، جیهانی دەرەوە، جیهانی هاوبەشی نێوان من و ئەوانیتر نەفی دەکەن، یان لە پێگەی کەم دەکەنەوە. لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە بەرهەمە هاوچەرخە فەڕەنسییەکان بە ئەندازەیەکی زۆر هاوئاراستەی ئەو تێگەیشتنەن بۆ ئەدەب کە بناغەی وانەوتنەوە و ڕەخنەیە، تێگەیشتنێک کە تەواو سنووردار و هەژارە.


[1]autofiction

Loading