وەرگێڕان

سروشتی زانست و توێژینەوەی زانستی

کارڵ یاسپەرز

وەرگێڕان: محەمەد نورەدین

پێشەکی

زانکۆ کۆمەڵگەیەک لە توێژەر و خوێندکارە کە سەرقاڵی گەڕانن بەدوای ڕاستییەکاندا. کۆمەڵگەیەک کە کاروباری خۆی بەڕێوە دەبات بەبێ گوێدانە ئەوەی کە ئایا کەرەستە و پێداویستییەکانی لە وەقفەکان یان مافی خاوەندارێتیی پێشوەختە یان حکومەت وەردەگرێت، یان مۆڵەتی جێبەجێکردن لە مۆڵەتنامەی پاپا یان فەرمانی شاهانە یاخود حکومەت وەردەگرێت.  لە هەر حاڵەتێکدا سەربەخۆبوونی زانکۆ ڕەنگدانەوەی خواستی ڕاشکاوانە یان لێبوردەیی بەردەوامی دامەزرێنەرەکەیەتی. زانکۆش هاوشێوەی  کڵێسا سەربەخۆیی خۆی -کە تەنانەت لە لایەن دەوڵەتیشەوە ڕێزی لێ دەگیرێت- لە ئایدیایەکی جیهانی و سەروو نەتەوەییەوە وەردەگرێت: ئەویش ئازادیی ئەکادیمیایە کە زانکۆ پێویستی پێیەتی و داوای دەکات. ئازادیی ئەکادیمی، ئیمتیازێکە کە پێویستە پابەند بێت بە فێرکردنی هەقیقەتەکان، تەنانەت ئەگەر کەسانێک لە دەرەوەی زانکۆ یان لەناو زانکۆ بیانەوێت سنوورداری بکەن.

زانکۆ جۆرێکە لە قوتابخانە، بەڵام قوتابخانەیەکی زۆر تایبەت. چونکە ئەرکی زانکۆ تەنیا فێرکردن نییە، بەڵکوو خوێندکار دەبێت چالاکانە بەشداری لە توێژینەوەدا بکات و لەم ئەزموونەوە دەبێت ئەو دیسیپلین و پەروەردە ڕۆشنبیرییە بەدەست بهێنێت کە بە درێژایی ژیانی لەگەڵیدا دەمێنێتەوە. گەر نموونەییترین شێوەی وەربگرین، ئەوەیە کە خوێندکار سەربەخۆ بیر بکاتەوە و بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە گوێ بگرێت و بەرپرسیار بێت بەرانبەر خۆی و هەروەها ئازاد بێت لە فێربوون.

  زانکۆ تاکە شوێنە کە بە قبووڵکردنی حکومەت و کۆمەڵگە دەتوانێت لە زەمەنێکی دیاریکراودا ڕوونترین خود-ئاگایی دروست بکات و فراوانتری بکات. جگە لە مامۆستا و خوێندکار، خەڵکانی تریش دەتوانن بە مەبەستی گەڕان بەدوای ڕاستییەکاندا تێیدا کۆ ببنەوە. چونکە هەموو تاکێک ئەو مافەی هەیە شوێنێکی هەبێت بەبێ هیچ مەرجێک لە پێناو گەڕان بە دوای خودی هەقیقەتدا تێیدا کۆ ببێتەوە.

لە هەمان کاتدا زانکۆ سوود و قازانجی عەمەلی بۆ حکومەت و کۆمەڵگە هەیە، چونکە زانکۆ دەرچووانی خۆی بۆ ئەو پیشە خزمەتگوزارییە گشتیانە دابین دەکات کە پێویستیان بە توانای زانستی و پەروەردەی فیکری هەیە.  کەم کەس هەن نکۆڵی لە سوودمەندیی ئەو پەروەردە فیکرییە بکەن کە دەرچووانی زانکۆ لە بەشداریکردنیان لە توێژینەوەی ڕاستەقینەدا بەبێ گوێدان بە بابەتەکە یان ئەنجامەکانی بەدەستی دەهێنن.  سەرەڕای ئەوەش تەنانەت ئەگەر ئەم سوودمەندییە پراکتیکییە جێگەی گومان بێت، هێشتاکە ئیرادەی بنەڕەتی مرۆڤ هەر بە پتەوی دەمێنێتەوە؛ ئیرادەی گەڕان بەدوای ڕاستیدا بەبێ سنوور و بە هەر نرخێک بێت. بەبێ ئیرادەیەکی لەو شێوەیە بۆ هاندانی بەرەو پێشچوون مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت ئەو پلانەی تێڕامان ببڕێت کە توانای دەستەبەرکردنیانی هەیە.  بۆیە زانکۆ دامەزراوەیەکە ئامانجی کردەیی هەیە، بەڵام تەنها بە هەوڵی ڕۆحی ئەو ئامانجانە بەدەست دەهێنێت، هەوڵگەلێک کە سەرەتا باڵایان[1] دەکاتەوە تەنها بۆ ئەوەی دواتر بە ڕوونی و بەردوامی و ئارامی زیاترەوە بگەڕێتەوە بۆیان.

  مەحاڵە بە وشە بڵێین هەقیقەت چییە و چۆن بەدەست دێت.  لێرەدا وەڵامەکان تەنیا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، لە ژیانی خودی زانکۆدا خۆیان ئاشکرا دەکەن و تەنانەت ئەو کاتەش وەڵامی کۆتایی نین.  بۆیە ئەوەی لە خوارەوە دێت تەنها هەوڵێکی کاتییە بۆ داڕشتنی هەندێک لەو وەڵامانە.

زانکۆ تێگەیشتنێکی یەکانگیرە لە سەرەتاییترین خواستی مرۆڤ بۆ زانین. ئامانجی سەرەکیشی بریتیە لە دۆزینەوەی ئەوەی کە چ شتێکی قابیلی ناسینە و لە ڕێگەی زانینەوە چی بەسەرمان دێت.  ئەم ئارەزووە بۆ زانین لە ڕێگەی چاودێری و بیرکردنەوەی میتۆدۆلۆژیانە و خۆڕەخنەکردنەوە خۆی ئاشکرا دەکات، کە مەشقێکە بۆ بەدەستهێنانی بابەتییەت و بێلایەنی[2].  ئەم خولیایە تەنانەت کاتێک ڕووبەڕووی سنوورداربوونی هەر مەعریفەیەک و مەترسی و گرژییە سروشتییەکانی هەر گەڕانێکی فیکریی دەبینەوە چالاکە.

 یەکایەتی[3] و هەموویەتی[4] جەوهەری ئیرادەی مرۆڤ بۆ زانین پێکدەهێنن. کەواتە لە سەرهەڵدانی زانستی یەکگرتوو و لە ئیلاهیات و فەلسەفەدا دەگاتە لوتکە. لە پراکتیکدا، ئەم یەکێتی و هەموویەتییە تەنیا لە کایە تایبەتەکاندا بەدی دێت ئەگەرچی هیچ شارەزایەک بوونی نییە بەبێ ئەوەی وەکوو ئەندامێکی تاقانەی فێربوون نەبینرێت. یەکخستنی بوارە جیاوازەکان کۆیان دەکاتەوە بۆ گەردوونێک خۆی لە زانست و فەلسەفە و تیۆلۆژیای یەکخراودا دەبینێتەوە. بە دڵنیاییەوە لەم جۆرە گەردوونەدا جەمسەرەکان هەن کە هەندێک جار پەیوەندی خۆیان لەدەست دەدەن و لە ناتەبایی و دژایەتییەکی دوولایەنەدان.  سەرەڕای هەموو ئەمەش یەکگرتوویی مەعریفە پارێزراوە. چونکە سەرەڕای هەمەچەشنیەتی بابەت و پرسەکان، هێشتاکە زانایان لەڕێی بۆچوونی زانستی هاوبەشەوە بە یەکگرتوویی دەمێننەوە. 

بەم شێوەیە، زانکۆ دامەزراوەیەکە کەسانێک یەک دەخات کە بە شێوەیەکی پیشەیی خۆیان لەپێناویدا و لەپێناو گواستنەوەی هەقیقەت لە چوارچێوەی پێوەرە زانستییەکان تەرخان کردووە.

بەو پێیەی ڕاستی لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی سیستماتیکەوە دەست دەکەوێت، توێژینەوە یەکەم ناوەندی سەرنجی زانکۆیە.  بەو پێیەی مەودای هەقیقەت زۆر فراوانترە لە بازنەی زانست، پێویستە زانا وەک مرۆڤ نەک تەنها  وەک شارەزایەک، خۆی بۆ هەقیقەت تەرخان بکات.  بۆیە گەڕان بەدوای هەقیقەت لە زانکۆدا پێویستی بە پابەندبوونێکی جیددی تەواوی مرۆڤە.  لەڕاستیدا زانکۆ ئەرکی دووهەمی فێرکردنە، چونکە دەبێت لەپێشدا ڕاستییەکانیش بگەیەنرێت.

سەرەڕای ئەوەیش تێگەیشتن پێویستی بە پێگەیشتنی فیکری هەیە نەک تەنیا لە زیهندا بەڵکوو لە سەرتاسەری وجودی مرۆڤدا. بۆیە توێژینەوە و فێرکردن جگە لە گواستنەوەی داتا و کارەمەیی دەبیت ئامانجێکی تری هەبێت؛ پێویستە توێژینەوە و فێرکردن لە ڕێگەی پەروەردەوە بەواتا گشتگیرەکەی هەموو هەوڵێکی خۆی بخاتەگەڕ بۆ شێوەپێدان بە مرۆڤ.

 وێناکردنی ئایدیای زانکۆ مەبەست لێی خواستێکە بەرەو ئایدیالێک کە تەنیا دەتوانین لێی نزیک ببینەوە. دەتوانین بە سێ شێواز ئەمە بکەین: سەرەتا دەبێت بەگشتی سروشتی ژیانی ڕۆشنبیرانە هەژمار بکەین کە یەکێک لە فۆڕمەکانی لەناو زانکۆدایە. دواتر دەشێت ڕوو بکەینە ئەو بەرپرسیارێتیانەی لەناو درکپێکردنی ژیانی ڕۆشنبیرانەی ناو زانکۆ دان. دواجار دەبێت گرنگی بە بناغە کۆنکرێتییەکانی زانکۆ و شێوازی کارکردنیان بدەین.

ژیانی رۆشنبیری

ئەگەر زانکۆ لە خزمەتی زانست و توێژینەوەی زانستی دایە و ئەگەر زانست و توێژینەوە کاتێک بوونیان هەبێت و بەشێک بن لە ژیانی رۆشنبیری هەمەلایەنە و گشتگیر ئەوا ئەم ژیانە رۆشنبیریە هەمان هێزی بەردەوامی و ژیانبەخشیی زانکۆیە. ژیانی رۆشنبیری جگە لە فۆرمی ئەکادیمی خۆی دەتوانێت چەندین فۆرمی جیاواز لەخۆ بگریت. تایبەتمەندی زانکۆ ئەوەیە دامەزراوەیە و هاوپیشەکانی هاوکاری لە نێوانیاندا هەیە. بۆیە بۆ تێگەیشتن لە ئایدیای زانکۆ و پێکهاتە دامەزراویەکەی، دەبێت مامەڵە لەگەڵ ژیانی رۆشنبیری بە شێوەی گشتی و جەوهەری زانست و توێژینەوە بە شێوەی تایبەت بکەین.

١

تایبەتمەندییە بنەڕەتیەکانی زانست و توێژینەوەی زانستی

زانست و توێژینەوەی زانستی جۆرێک مەعریفە دەنوێننەوە کە میتۆدییانەیە و قایلکەرە و ڕەوایەتی گشتی پێ بەخشراوە. وەرن با لێکۆڵینەوە لەم سێ تایبەتمەندییەی مەعریفەی زانستی بکەین.

یەکەم: زانست و توێژینەوەی زانستی جیاکراوە نییە لە واتای میتۆدی. بابەتی لێکۆڵینەوەکەم خۆی دیاری دەکات دەبێت چۆن بەرەو ئامانج بەردەوام بم و ئەو میتۆدەی هەڵی دەبژێرم تێڕوانین و سنووری بابەتی کارەکەم دیاری دەکات. پێچەوانەی بیرکردنەوەی زانستی بریتیە لە گریمانەی نامیتۆدییانە و قبوڵکردنی ئایدیاکان بەبێ ڕەخنەگرتن و تەنیا بەهۆی باوەڕییەوە. تەنانەت ئەگەر ئەو ئایدیای بەم شێوە قبوڵکراوە بەڕێکەوت یەک ئەنجامی هەبێت لەگەڵ توێژینەوەیەکی زانستی ئەوە ناگەیەنێت کە ئەم جۆرە قبوڵکردنە بایەخی زانستی هەبیت. ئەم چەشنە لە مەعریفە جۆرێکە لە زانستپەرستی خورافەیی. مەگەر ئەوەی خۆم بتوانم کۆنترۆڵم هەبێت بەسەر تەواوی ئەو ئایدیایانەی قبووڵم کردوون گەر نا دەبمە قوربانیەکی بێ چەکی ئایدیا قبوڵکراوەکانم. مەعریفە تەنها بە تێگەیشتن لەو میتۆدەی پێی بەدەست هاتووە دەتوانێت ڕێژەی خۆی بپارێزێت؛ تەنیا کاتێک کە لە تێڕوانین و گرنگییەکەی گەیشتین و ئەو دەمانەی کە هەقیقەتبوونی ناسەپێنین نەکا فریودەرانە لێمان ببێت بە ڕەها.

دووەم: مەعریفەی زانستی قایلکەرە. جۆرە هەقیقەتێکی وەها کە بتوانین زانستییانە تێی بگەین شتێکە سەر بە بەڵگەی ئەقڵمەندانەی ڕووت. ئەم جۆرە لە مەعریفە بەبێ هیچ ڕۆڵێکی کەسی من بۆ خۆی سەربەخۆ جێگیر و بەردەوامە. لەکاتێکدا بیروڕا و بۆچوون بەتەواوی پێچەوانەی مەعریفەیە. چونکە ڕاستییەکەی پەیوەستە بە وابەستەیی کەسیی منەوە بۆی بەڕەچاوکردنی ژیانی خۆم. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیشە گالیلۆ توانی لە بەرانبەر دادگای پشکنینی بیروباوەڕی کڵێسادا بە شێوەیەکی مانادار لە قسەکەی خۆی پەشیمان بێتەوە (ئەو وتە بەناوبانگەی دوای پاشگەزبوونەوەی لە گریمانەی سووڕانەوەی زەوییەکەی و لە ژێر لێوەوە وتی” بەڵام دەسوڕێت”. ڕەنگە ئەمە لە ڕاستیدا نەگوترابێت، بەڵام چیرۆکەکە لەگەڵ ڕۆحی ئەوەی ڕوویداوە دەگونجێت. گالیلۆ دەیزانی کە ئینکارییەکەی ڕاستییەکان ناگۆڕێت). لە لایەکی دیکەوە سەبارەت بە برۆنۆ، بۆ ئەو وازهێنان و کشانەوە لە بیرۆکە کەمتر گرنگەکانی و بەرەنگاری بوێرانە و پێداگری لە بنەڕەتیترین باوەڕە فەلسەفییەکانی بوو. بەهۆی ئەوەی ئەو حەقیقەتەی کە ئەوان لەبەرچاویان دەگرت لە ئاستی تیۆریەکی پەتیدا قەناعەتبەخش نەبوو، هەر بۆیە بەنکۆڵیکردنەکەی برۆنۆ تیۆریەکەیان متمانەی خۆی لەدەست دەدا. هەر بۆیە حەقیقەتەکەیان نەچەسپێندرا مەگەر بەو مەرجەی لە ڕوانگەی خواستی پتەو و دروستی فەیلەسوفییانەدا پشتڕاستیان بکردایەتەوە.

سێیەم: دۆزینەوە زانستییەکان بە گشتی قبوڵ دەکرێن و هەموو کەسێک دەتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بەڵگاندنانەی پشتیانەوە ئەنجام بدات. لە بەر ئەم هۆکارەیشە پەرەپێدانی زانینی زانستی هاوکاتە لەگەڵ ڕوانگەی زانستیدا. یەکدەنگی نیشانەی ڕەوایەتی گشتییە.  بۆیە لە هەر شوێنێک مرۆڤەکان بە شێوەیەکی زانستیانە بیر بکەنەوە ئەوا هەقیقەتی زانستی زاڵە. لەکاتێکدا لە فەلسەفەدا ڕەوایەتیەکی وەها گشتگیر بە ڕوونی غیابی هەیە،  چونکە ئەگەر باوەڕێکی فەلسەفی تایبەت بیتوانیایە فەرمان بە قبوڵکردنی گشتی بدات، چیتر پێویستی بە پابەندی کەسی من نەدەبوو. لەبەرانبەردا ڕێژەیی زانینی زانستی پەیوەستە بە قبوڵکردنیەوە. ئەگەر  ئەو دۆزینەوە زانستیانە کە قەناعەت بەڕای گشتی دەکەن بەشێوەیەکی ڕەها وەربگیرانایە هەرگیز بەرەو پێش نەدەچوون.

مانای سنووردار و بەرفراوانی زانست

ئەم تێگەیشتنە لە مەعریفەی زانستی گەرچی خام و سادەشە ئەوا بەهێواشی پەرەی سەندووە و بەردەوام لە ژێر هەڕەشەدایە. هەر بۆیە ئەم چەمکە پێویستی بە هەوڵی ناکۆتای ئێمەیە تا لەپشتی بین.  ڕاستییەکەی، زانست سەرجەمیەتی[5] هەموو بیرکردنەوەکان نیە گەر وەها بووایە ئەودەم یەکەم هەوڵی منداڵانیش لە ڕەمزاندن[6] [ی دەوروبەر] زانست دەبوو. جگە لەوەش ئەرکی زانست ڕێکخستنی چەمکەکان نییە بە زنجیرەیەکی لۆژیکی؛ هەروەها ڕیزبەندیکردنی ئەقڵانی چەمک و دیاردەکان نییە. زانست ئەو دەمە دەست پێ دەکات کە سنوورێکی ورد لەناو سەرجەمیەتی بیرکردنەوەدا بکێشرێت، سنوورێک فۆڕمی زانستی مەعریفە لە فۆرمەکانی نازانستی جیا بکاتەوە. زانست بەو مانا سنووردار و تایبەتە لەگەڵ درێژکردنەوەی مەعریفەدا هاتە ئاراوە. بەم مانایە وەکوو زانستی دۆزینەوە دەستی پێ کرد: وەکوو توێژینەوەیەک.

ئەم توێژینەوەیە بەشێوەیەکی نوێ میتۆددار دەبێت. گریمانەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا و بە کردەوە پشتڕاست یان ڕەت کرانەوە. ئەمە ململانێ بوو لەگەڵ داتاکان بەو واتایەی داتاکان گەرەنتی ناکرێن بەڵکوو تا دوا سنووریان هەڵسانگاندیان بۆ دەکرێت و تاقی دەکرێنەوە. ئێمە ئارەزوومان بۆ وردبینی بەردەوام بەدی دێنین لەڕێی پاڵپشتیکردنی گریمانەکانمان بەناو زمانی بیرکارییانەوە و ڕاستکردنەوەی ڕوانینەکانمان لە ڕێگەی پێوانەکردنی باشترەوە.  بۆ ئەوەی سازان یان ناتەبایی نێوان گریمانە و ڕوانینەکان بەرهەمدار بێت و بیان گۆڕین بۆ پێوەری بایەخدار، ئەوا سەرەتا دەبێت مەرجەکانی ئەم سازانە یان ناتەبایییە بەوپەڕی وردبینییەوە پێناسە بکەین؛ واتە خودی گریمانەکان و ڕوانینەکان. زانست نەک هەر هەموو ستاندەرەکانی پێشووی بیروڕای گشتی تێ دەپەڕێنێت، بەڵکوو لە هەر حاڵەتێکدا گریمانەکانی خۆی ڕوون دەکاتەوە. زانست بەو مانایە “ئۆبێکتیڤیت”ە کە هەموو گریمانەکان بە کاتی و ئەزموونی دەزانێت و هەر ڕاستی و واقیعێکی ناڕوون یان ئاڵۆز ڕەت دەکاتەوە کە لە بەرژەوەندی لایەنێکی دیاریکراو و لایەنگر بێت. زانست ئەو گریمانانە بەکاردەهێنێت کە بەتەواوی لەلایەن خۆیانەوە پشتڕاست دەکرێنەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکات و زیاتر کار لەسەر گریمانەگەلێک دەکات وا ئیمکانی بەرهەمدارییان هەیە وەکوو جۆرێک کەرەستە بۆ دۆزینەوە.

  تەنها ئەزموون دەتوانێت ڕاستی گریمانە زانستیەکان دیاری بکات. سەرکەوتن یان شکستی هەر گریمانەیەک بۆ هۆکارگەلێک دەگەڕێتەوە لە دەرەوەی جێبەجێکردنی گریمانەکە، لەگەڵ ئەوەشدا هەقیقەتی گشتی لەخۆ دەگرێت. ئایا ئەوە بەختە کە وادەکات لە نێو کۆمەڵێک گریمانەدا هەندێکیان لەبەرچاو بگیرێن و ئەوانی تر پشت گوێ بخرێن؟ ئایا چانس و بەختباشی زاناکەیە یان نزیکبوونی بەڕێکەوتی هەڵبژادەکەیەتی لە واقیع کە ئاراستەی دەکات؟ ئایا ئەمە هێزێکی خۆڕسکە کە پێناسە ناکرێت؟ بە ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو بۆمان دەردەکەوێت کە هەمیشە دۆزینەوە گرنگەکان بە شێوەیەکی سروشتی بنەما سەرەکیەکانیان پەیڕەوە کردووە. سەرەڕای ئەوەش هەرگیز گرنگی تیۆری ئەو دۆزینەوانە لە کات و سەردەمی خۆیاندا بەتەواوەتی ڕوون نەبووە.

گالیلۆ و لاڤازیە چۆن توانیان دەست بەو لێکۆڵینەوانە بکەن بەهەموو لقە نوێیەکانیشیانەوە کە تا ئەمڕۆکەش کاریگەریان هەر ماوە؟ بۆنموونە ئەو گریمانانەی لاڤازیە پێشنیاری کرد، هەمووی پێش ئەو بوونیان هەبووە، بەڵام ئەو بۆ یەکەمجار پێگەی هەقیقەتی هەمیشەیی و بێ مەرجی پێداون؛ ئەوەی توخم ئەو یەکەیەیە کە چیتر شی نەبێتەوە بۆ شتی بچووکتر؛ ماددە نە دروست دەبێت و نە لەناویش دەچێت؛ کێش پێوەرێکی جێگیری بارستاییە چونکە هەموو ماددەکان لەژێر کاریگەری هێزی کێشکردندان. ئەمانە ئەو پێوەرانەن کە پێش سەردەمی ئەو بەکارهێنراون،  بەڵام ئەو یەکەم کەس بوو لەسەر بنەمایەکی بنەڕەتی و بە لۆژیکیانە هەر جۆرە ئاوارتە یان لادانێک کە خوێندنەوەی پێوەرەکانی تێک بدایە، لای بردن. گریمانەکانی لاڤازیە دژی بەڵگەی هەستەکیین.  ئەم ناکۆکییە ئاشکرایە بووە ئارەزوویەکی بەردەوام بۆ وازهێنان لەم گریمانانە. سا کەواتە چی لاڤازیا لە کەسێکی دۆگمای خەیاڵپڵاو جیا دەکاتەوە؟ ئایا سەرکەوتنەکانی دەگەڕێتەوە بۆ بەهرە رۆشنبیرییەکەی یان تەنها ڕێکەوتێکی خۆشبەختانە؟ هیچ کام لەمانە نیە. هۆکاری سەرکەوتنی تیۆرەکەی ئەوە بوو کە زاناکان ئامادەبوون حەقیقەتی ڕەهای گریمانەکانی قبوڵ بکەن چونکە دەیانتوانی خۆیان ئەزموونەکانی تاقیبکەنەوە.

هەموو سەردەمێک “پارێزەری هەقیقەت”ی خۆی هەیە کە خۆیشی وەها خۆی دەناسێنێت و پێشوازی لە هەموو هەوڵێکی ڕادیکاڵ بۆ ناساندنی بنەمای نوێ دەکات کە هەمیشە زریانێکی ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. هەموو ئەو کارەی ئەم جۆرە ڕەخنەگرانە دەیکەن ئەوەیە: هەموو لقەکانی فێربوون لەگەڵ گریمانەگەلێک کار دەکەن کە دروستییەتی ڕێژەیی لەخۆ دەگرن و پەسنی خودی واقیع نا بەڵکوو تەنها هی هەندێک لایەنی دیاریکراوی ڕووکەشی دەکەن. پێشگریمانەکان تەنها دروستییەتی ئەزموونیان[7] هەیە. چەند”سەرکەوتنێک”ی کەم لە نێوان هەوڵە زۆرە بێ ئەنجامەکانی تیۆریزەکردنە پەتیەکاندا بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بەرهەمدار دەبن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە هەموو توێژەر و زانایەکی ڕەسەن متمانە بە بۆچوونێک ناکات کە نەتوانێت بەڵگە بۆ بەرهەمداریی ڕابردوو یان داهاتوو بخاتەڕوو.

کەواتە تایبەتمەندی سەرەکی زانست بریتیە لەوەی: ناتوانرێت مەعریفەی دروست[8] و قایلکەر[9] لەبارەی واقیعەوە بەدەست بهێنرێت مەگەر تەنها لە چوارچێوەی گریمانەکانەگەلێکدا نەبێت کە دروستیەتی ڕێژەیییان هەیە.

زانستی نوێ کە وەک زانستی ماتماتیکی سروشت دەستی پێکرد، دەرئەنجامی چەمکێکی شۆڕشگێڕانە بوو: کارپێکردنی گشتی میتۆدی زانستی.  تەنانەت زانستی یۆنانی جگە لە هەندێک جۆری بیرکاری و ئەفلاتونگەرایی، بەهۆی ئایدیای کامڵبوونی سەرەتاییەوە بەردەوام بوو و خۆی وەکوو شتێکی زاتەن کامڵ دەبینی. جیهانیبوونەکەی لەسەر بنەمای چەمکی گەردوونێکی کۆتا‌‌دار و سنووردار جێگیر بوو. لە لایەکی دیکەوە جیهانیبوونی “زانستی نوێ” لە سیستم-جیهان[10]ێکی سەرتاپاگیرەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکوو لە ئامادەیییەکی کراوەوە سەرچاوەی گرتووە وا هەموو شت دەخاتە بەر لێکۆڵینەوەی زانستی. بەڵێ، فۆڕمی زانستی یۆنانی تا ئەمڕۆش ماوەتەوە.  ئەم زانستە وەک شێواندنی مانای ڕاستەقینەی زانستی مۆدێرن لەناو تێگەیشتنی گشتیدا ماوەتەوە.  زانستی مۆدێرن ئامادەیە بۆ ئەوەی قووڵتر بچێتە ناو پانتایی بێکۆتایی بوونەوە، لەسەر بنەمای دۆزینەوەکانی پێشوو.  ئەم زانستە هەوڵ دەدات ئەو شتانە بدۆزێتەوە کە پێشتر سەرنجیان نەدرابوو؛ نەک تەنیا درک بە کەون بکات بەڵکوو  ئایدیای کەونی میتۆدە زانستییەکان و یەکێتی زانست لە گەردوونێکی دانەخراودا؛ هاوکات لەگەڵ کراوەیی لێکۆڵینەوە، تێگەیشتنێکی نوێ لەمەڕ دەوڵەمەندی واقیع و کەلێنی نێوان ئاستە جیاوازەکانی بوون- ی نازیندوو و زیندوو و ڕۆح و ئەقڵ- سەری هەڵدا. هەروەها مرۆڤ هۆشیارییەکی ڕێکخراوی لەبارەی کاتیگۆرییە جیاوازەکانی تێگەیشتن بەدەستهێنا. سەرەتا زانایانی “نوێ” واقیعیان لاواز کرد لەڕێی بچووککردنەوەیەوە بۆ زاراوەی هۆیەکی، لۆژیکی و بڕەکی[11] (پێوانەکردن، ژماردن).  بە کورتی، دەیانویست لە ڕێگەی زاراوەگەلێکی سەر بە بەرهەمهێنانی دەستکردەوە لە جیهان تێ بگەن.  سەرەڕای ئەمەش وردە وردە کاتیگۆرییەکانی تێگەیشتن ڕوونتر پێناسەکران، هەر بۆیەش ڕێگری لە تێکەڵکردنی پۆڵێنەکان کرا، بەبێ ئەوەی هیچ کام لە پۆلێنەکانی پێشووتر بکرێنە قوربانی. کەواتە بەکورتی لە هەموو شوێنێکدا سەرنج دەگوازرایەوە بۆ شتێک وا دروستێتی و ڕەوایەتی جیهانی هەیە.

 زانستی نوێ بۆ بەدەستهێنانی ڕوونێتی میتۆد و سنورداریەکانی خۆی، وازی لەو بیرکردنەوانە هێنا کە لێی جیاواز بوون. چونکە جۆرێک لە بیرکردنەوە هەیە هەڵگری تێگەیەکە بەبێ ئەوەی دروستیەتی و ڕەوایتەی جیهانی هەبێت بەڵام گرنگی بنەڕەتی هەیە بۆ ژیان.  ئەم جۆرە بیرکردنەوە دەچێتە ناو دڵی واقیعەوە، بەڵام لە ڕێگەی شیکردنەوە [ی زانستیانە] نا بەڵکوو لە ڕێگەی تروسکاییەکانی تێگەوە. بەو پێیەی زانست بە ڕەوایەتی و دروستییەتی گشتییەوە بەندە، هەر بۆیە توێزینەوە و دۆزینەوەی زانستی نەبەستراوەتەوە بە خودی بوونەوە بەڵکوو بە دەرکەوتنەکانی بوونەوە. بە پێچەوانەی ئەم مانا سنووردارەی زانست مانایەکی فراوانتری زانستیش هەیە.  زانست دەتوانێت دان بەم مانایە فراوانترەدا بنێت وەک تەواوکەر و تەنانەت زاتی خۆیشی، بە مەرجێک بەهەڵەتێگەیشتن ڕوونەدات.  ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە کە بە تروسکایی لەناکاوی تێگەکان دەناسرێتەوە، بەشێک نییە لە زانست بەڵکوو سەربەخۆ ڕەگ و ڕیشەی خۆی هەیە. 

زانست لەم مانا فراوانترەیدا هەر تێگەیشتنێکی ڕوون دەگرێتەوە کە لە ڕێگەی ئامرازە ئەقڵانی و بیرساییەکانەوە بەدەست هاتبێت.  بیرکردنەوە لە تێگەیشتنێکی لەو شێوەیە تێگە بۆناو باسەکان دەستەبەر ناکات کە تا ئێستا نامۆ بوون، بەڵکوو مەبەست، ویست و باوەڕم ڕوون دەکاتەوە. زانست بە مانایەکی فراوانتر هاوتایە لەگەڵ ڕوونکردنەوەی ئەو مەعریفانەی لەمەڕ خۆمان هەمانە.

 کەواتە فۆرمێک لە بیرکردنەوە هەیە (بۆ نموونە فەلسەفەی گریمانەیی[12]) کە پێویستی بە وابەستەیی کەسیی خۆمان هەیە بۆ بەدەستهێنانی شکۆی حەقیقەت.

 لە کۆتاییدا بیرکردنەوە دەشێت وەک کۆدێک مامەڵە بکات کە هاوکات هەم واقیع دادەپۆشێت و هەم ئاشکراشی دەکات. ئەم هەوڵە ستایشکەر و ئومێدبەخشانەی زەینی مرۆڤ تەنها لەبەر فەزیڵەتی ڕوونی و وردبینییەکەیان دەکرێت بە زانستی دابنرێن. لەهەمان کاتدا لە زانست زیاتر و کەمتریشن. لە سەرووی زانستەوەن چونکە میتۆدی داهێنەرانەی بیرکردنەوەن، میتۆدێک کە مرۆڤ دەگۆڕێت. هەروەها لە خوار زانستەوەن چونکە خۆیان بە هیچ مەعریفەیەکی کۆنکرێتییەوە نابەستنەوە. بەم شێوە، زانینی مانای سنوردارتری زانست گرنگیەکی حەتمی هەیە؛ ئەمە ئەو مانایەیە کە مرۆڤی هاوچەرخ – هەرچەند ناڕوونیش- لە زەینیدایە بۆ زانستی هەیە. چونکە تەنها ئەم مانایە لە زانستە کە لەگەڵ مەعریفەی دروست و قایلکەری گشتیدا لە پەیوەندی دایە لەبری ئەوەی پەیوەست بێت بە قبوڵکردن یان ڕەتکردنەوەی کەسیی منەوە. هەروەتر، ڕوونی زانست تیشک دەخاتە سەر ئەو شتەی وا لە ئامانج و بەڵگە و شێوازی فەلسەفەدا دانسقە و جیانەکراوەیە. بەو پێیەی، فەلسەفە بەبێ ڕاوەستان لە تەنیشت زانست و جیاوازبوون لە زانست و بەمەبەستی تێپەڕین لە زانست، ناتوانێت بە تەواوی هەموو ئیمکانەکانی خۆی بەدی بهێنێت.


[1] transcend

[2] Objectivity: ئۆبێکتیڤیتە

[3] oneness

[4] wholeness

[5] whole

[6] symbolizing

[7] tentative validity

[8] valid

[9] cogent

[10] world-system

[11] quantitative

[12] speculative philosophy

Loading