نووسین

دەستگرتن بە گەمژەییەوە

موحەمەد عەبدولکەریم

زۆر جار کاتێک ناوی شێرکۆ بێکەس دەبیستین لە دنیای ڕۆشنبیریی ئێمەدا، بە دڵنیاییەوە کۆمەڵێک تەفسیری جۆراوجۆرمان لا دروست دەبێت. هەندێک جار وەک “شاعیری نەتەوەپەرست، نیشتیمانی، شاعیری ژن، شاعیری بۆنەکان و شاعیرێک بۆ پێدا هەڵدانی کەسایەتییەکان تەماشای دەکەین.” بە بۆچوونی من هەموو ئەم ڕووانینانە ڕاستن، چونکە شێرکۆ زیاد لە چەند شیعرێکی دەربارەیان هەیە و تێیاندا ڕووانینی خۆی خستووەتە بەرچاو. سەرەتا دەمەوێت ئەوە بخەمە پێشچاو کە ڕووانینی شێرکۆ بۆ نیشتیمان لە شیعری کوردیدا چۆن نەخشاوە لە زەینماندا. شێرکۆ سەر بەو ڕیزە شاعیرەیە کە لە ساڵانی حەفتاکان بە دواوە شیعری بەرگریان دەنووسی. بە جۆرێک نوقمی سروشت و خەمەکانی نیشتیمانەکەی دەبێت، کە تەنانەت دەچێتە ئاستێکەوە، شیعر بۆ زۆرێک لە کەسایەتییە گەورەکانی کوردستان دەنووسێت. ئەو تا ڕادەیەکی زۆر شیعری بۆ زۆربەی ئەو کەسانە نووسیووە کە بە باوەڕی ئەو بەردێکیان خستووەتە سەر بەردێک بۆ ئەم نیشتیمانە. ئەو شیعر بۆ “مامە ڕیشە، سەروەت سەوز، مستەفا بارزانی، لەیلا قاسم و …” تەنانەت جاری وا هەیە کار دەگاتە ئەو ئاستەی شیعر بۆ کەسانی نەناسراو دەنووسێت کە بەهۆی داگیرکەرانەوە تووشی کارەساتێک بوونەتەوە، بۆ نموونە شیعری بۆ کچێکی تەمەن دە ساڵی هەڵەدن نووسیوە، کە بەهۆی بوردومانەوە بووەتە قوربانی. یاخود شیعر بۆ چل منداڵی شەهیدکراو دەنووسێت بە ناوی “سوتماک”ـەوە. شێرکۆ ئەو شاعیرەیە کە بە تەواوی نوقم بووە لەناو نیشتیماندا. لای ئەرستۆ، شێرکۆ و نیشتیمان وەک “مادە و سورەتن”، مەحاڵە جیایان بکەینەوە لە یەکتر. بۆ نموونە ئەو چەکە شیعرییەکانی خۆی زۆرتر لە سروشت و کەساتییەکانی کوردستانەوە وەرگرتووە، شیعرەکانی پڕن لە کۆمەڵێک چەکی شیعری وەکوو: شاخ، کانی، تاڤگە، هەور و باران و تریفە ….” هەروەها زۆر جار کەسایەتییە کوردییەکان دەکات بە چەکی شیعری لەوانە ” مەولەوی، مەحوی، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، گۆران، لەیلا قاسم …” (هەمیشە لە شیعرەکانیدا فەزایەکی کوردی پێوە دیارە، بەو واتایە نا کە خەمێکی لۆکاڵییە و دەستی شۆردووە لە خەمێکی یونیڤێرساڵانە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، خەمی کورد دەکات بە خەمێکی گەردوونیانە). حاشا هەڵنەگرە شێرکۆ بێکەس بە تەواوی تووشی جۆرێک فەنابوون هاتبوو لەگەڵ نیشتیماندا، دایمە و دەرهەم شێرکۆ لەو شاعیرانە بووە، تووشی هاوشوناسییەکی هاودەردیانە دەبوویەوە لەگەڵ چەرمەسەرییەکانی نیشتیماندا. لە ساڵی حەفتاکاندا بەهۆی هاوشوناسی ئەوسای شاعیران بە گەلەکەیانەوە شیعری بەرگری دروست بووبوو. شێرکۆ بێکەس ژمارەیەکی بێشومار لە شیعرەکانی شیعری نیشتیمانین. ئەو وەک ئەحمەد هەردی و موحەممەد عومەر عوسمان و بەختیار عەلی نییە، بەڵکوو بە شیعرەکانیشی بەرگری لە نیشتیمان دەکات. شێرکۆ بێکەس سەرباری ئەوەی دەیزانی بەر لە ڕاپەڕین و تا گەیشت بە شیعرە درێژەکەی “ئێستا کچێک نیشتیمانمە” میلەتەکەی هەر خەریکی دووبەرەکی و شەڕی براکوژی و ململانێی پوچ و بێکەڵک بوون، کەچی ئەمە وای نەکرد وەک بەختیار عەلی نیگەرانی و توڕەیی خۆی بەرانبەر نیشتیمان دەربڕێت. شێرکۆ لە دنیای شیعری ئێمەدا نموونەیە بۆ دەستگرتن بە فەنتازیاکەیەوە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن. شێرکۆ بێکەس نەیدەویست قێزەونییەکانی نیشتیمان تێکەڵ بە فەنتازیا بێگەردە هەڵچنراوەکەی ناو مێشکی بن. وەک ئەرستۆ نەبوو سەرباری خۆشویستنی ئەفلاتوون بڵێت: “حەقیقەتم لە ئەفلاتوون خۆشتر دەوێت.” ئەو هەمیشە نیشتیمانی لە حەقیقەت خۆشتر ویستووە. بە بۆچوونی من شێرکۆ بێکەس هەر وەک بەختیار عەلی دەیزانی نیشتیمان چۆنە، بەڵام وا نیشتیمانی دەردەخست کە ستەم لێکراوێکی ڕووت و پەتییە.

شێرکۆ بێکەس ئالوودەی بەرجەستەکردنی فەنتازیایەکە کە حەقیقەتی تێدا دەشاردرێتەوە و دەیویست نیشتیمان باش و پاک بێت، ئارەزووی ئەوە بوو نیشتیمان بەشێک نەبێت لە ستەمکردن لە خۆی و برینەکانیشی، برینی ناوەوە نەبن (لە خۆی نەبێت برینەکە)، بەڵکوو لە دەرەوە کرابێتە ناو جەستەی نیشتیمانەوە. کۆمەڵێک وێنەی جۆراوجۆری جوان و باش و مەزڵوومییەتی دەربارەی نیشتیمان لە مێشکیدا گەڵاڵە کردبوو، کە بەرهەمی حەقیقەتی نیشتیمان خۆی نییە، بەڵکوو بەرهەمی فەنتازیایەکە کە نایەوێت دزێوی و ناشرینێتی و ستەمکارێتیی نیشتیمانی تێ بچێت، بۆیە تا نەگات بە نووسینی قەسیدەی “ئێستا کچێک نیشتیمانمە” شێرکۆیەکی زۆر تووڕە نابینین لە نیشتیمان، بە مانایەکی دی ناگات بەو باوەڕەی دەبێت حەقیقەتی لە ئەفلاتوون خۆشتر بوێت. ئەم جۆرە فەنتازیایەی لای شێرکۆ بێکەس دەیبینین، دەکرێت لە گشت پنت و ئاستێکدا لە بەرگ و توێکڵی تردا بیبینینەوە،. بۆ نموونە: ئێمە لە زەینماندا وێنای جۆراوجۆرمان هەیە بۆ دایکمان، لە کاتێکدا دەزانین دایکمان بە ڕاستی چۆنە، ئێمە وێنایەکی مەر‌غوب لە ناو مێشکماندایە (وێنایەک کە ئارەزووی دەکەین) ئارەزوو دەکەین دایکمان لەوە بچێت یاخود ئەوە بێت. شێرکۆ بێکەس بەرهەمی ئەم جۆرە فەنتازیایە لەگەڵ نیشتیمان. نەیدەویست گرفت و کێشەکانی نیشتیمان زیاد لەوەی کە پێویستە زەق بکاتەوە. هەڵبەت ئەم ڕووانینە بە بۆچوونی من لەم سی ساڵەی پێشوودا گرفتی سیاسیانەی بۆ ئێمە دروست کردووە. بۆ نموونە کاتێک نەوشیروان مستەفا دەردەکەوێت، خەڵکانێک بە تەواوی و بە شێوەیەکی موتڵەق فەنتازیایەکی باشیان لەسەری دروست کردبوو، ڕستێک وەسفی ئیجابی وەک ” خاکی و پاکی و دنیا نەویستی” ئێستاش کە نەوەی نوێ دەرکەوتووە سوود لەم فەنتازیا ئارەزوو بۆ کراوەی خەڵکی وەردەگرێت. خەڵکی پێی ناخۆشە بڵێیت کۆمپانیاکەی شاسوار فێڵ دەکات بۆچی؟ چونکە نایەوێت وێنا تەواو ئیجابییەکەی دروستی کردووە لەسەر سەرۆکی نەوەی نوێ لە دەستی بدات. ئەوانەشی کە دژی نەوشیروان و شاسوارن وێنەی شەیتانێکی ڕووتی لێ دروست دەکەن، کە هەر بەرهەمی ئەو فەنتازیا ویستراوەیە کە خۆی یان گروپەکەی یان حیزبەکەی دەیەوێت. شێرکۆ بێکەس هێرشکەرێکە بۆ سەر هەرچی بیر و بۆچوون و باوەڕێک، کە پێیوایە دژی نەتەوەکەین و بوونەتە هۆی چەوساندنەوەی نەتەوەکەی. ئەو وەک پڵنگێکی برینار پەلاماری هەموو شتێکی دەدا تەنها جەستەی خۆی نەبێت. شێرکۆ بێکەس لە ڕێی شیعری ئێستا کچێک نیشتیمانمەوە، فەنتازیا درێژخایەنەکەی خۆی دەتەقێنێت، پەلاماری جەستەی خۆی “نیشتیمان” دەدات و دەڵێت: “ئەی نیشتیمان، تۆ دەتەوێت باری تلیاک بێنی و بەری هەر خۆشم بوێیت!” .  وەک پڵنگێکی بریندار دەکەوێتە وێزەی جەستەی خۆیەوە و دان بەو حەقیقەتەدا دەنێت، نیشتیمانەکەی برینی لە خۆیدا هەیە و ستەملێکراوێکی پەتی نییە ، بەڵکوو بۆ خۆشی ستەمکارە، بۆیە شێرکۆ بێکەس لە ڕێی ئێستا کچێک نیشتیمانمەوە سەری فەنتازیا درێژخایەنە ئارەزوو کراوەکەی خۆی هەڵدەداتەوە، هەرچی بۆگەناو و گەن و گووەکانی نیشتیمانە دەخاتە پێشچاو. ئیتر لێرەوە بەهۆی فڕێدانی فەنتازیا دێرینە درێژخایەنەکەیەوە جارێکی تر تووشی ئازاری لە دایکبوونی خۆی دێتەوە. کەچی لای ئەحمەد هەردی شاعیر و موحەممەد عومەر عوسمان هیچ جۆرە فەنتازیایەکی ئارەزووکراو نابینین لە شیعرەکانیاندا دەربارەی نیشتیمان. نە وەک شێرکۆی کۆن شیعرەکانیان لە خەون و ئازارەکانی نیشتیماندا تواندووەتەوە، نە وەک سەردەمی شێرکۆی نوێ غەزەب و توڕەیی خۆیانی بەسەردا دەبارێنن. گەرچی بە شێوەیەکی گشتی دەکرێت ئەوە هەڵهێنجین نەفیکردنی نیشتیمان لە ڕێی نەوتنەوە  دەربارەی نیشتیمان لە شیعرەکانی ئەحمەد هەردی ببینین. گەرچی موحەممەد عومەر عوسمان بە شێوەیەکی گشتی باسی نیشتیمان ناکات و ناکەوێتە بەخێوکردنی فەنتازیایەکی شێرکۆیانە دەربارەی نیشتیمان، هەروەها وەک بەختیار عەلی و شێرکۆ تازەکەش زەق هەڵناکوتێتە سەر نیشتیمان، موحەممەد عومەر عوسمان لە شیعری “تەنیایی”دا گلەیی خۆی ناشارێتەوە، ئاماژەیەکی گلەیی ئاسایانە بەوە دەدات، گوایا فەرامۆشە وەک تارژەنێکی مەزنی نیشتەجێی شارێکی کەڕ، ئەم گلەییەی موحەمەد عومەر نەبووەتە قەزییەیەکی زەق وەک ئەوەی لای بەختیار عەلی دەیبینین؛ لەگەڵ ئەوەشدا دەشتوانیت لە شیعرەکانیدا  ئەوە ببینیت، بێ ئەوەی گلەیی بکات لە نیشتیمان هەست بکەیت کە نامۆیە بە نیشتیمان و نیگەرانە لێی، کەچی کاتێک دێتە سەر بەختیار عەلی مەسەلەکە بە جۆرێکی ترە، هەر لە سەرەتاوە وەک شێرکۆ تازەکە[1] دەم بە گلەیی و توڕەیە. بەختیار عەلی لە قەسیدەی نیشتیماندا دەڵێت: “چەند بەسەر دەست و داوێنتدا شکامەوە/ بە ددان بە ڕەشەباکانتدا نوسام فڕێم نەدەن/ بەڵام وەک جلکێکی تەنک بە تەنافێکی بەرزەوە با بردمی و گوێت پێنەدام” ئەوە هەڵەیە پێمان وابێت شێرکۆ بێکەس وەک بەختیار عەلی تێنەگەیشتووە لەوەی نیشتیمان بۆ خۆی خاوەنی کۆمەڵێک زام و برینە کە خۆی دەستی هەیە لە دروست کردنیاندا، بۆ خۆشی پشکی گەورەی هەیە لەو بەڵا و موسیبەتەی بەسەریدا دێت. شێرکۆش هەر وەک بەختیار عەلی دەیزانی “نیشتیمان خۆی پێڵاوی دوژمن ماچ دەکات” کەچی هەمیشە وا پیشانی نەدەدا نیشتیمان خۆی حەزی نووشتانەوەی تێدا نووستووە بۆ دوژمن. شێرکۆ بێکەس بە بۆچوونی من هەر وەک فایەق بێکەسی باوکی حەسرەتی ئەوەی هەبووە دوژمن پەت کات وەک سەگ بیخاتە ژێر پێیەوە. لای شێرکۆ بێکەس هەتاکو نەگات بە شیعری ئێستا “کچێک نیشتیمانە” ئەو بینینە تێیدا زاڵە کە هەمیشە دوژمن شتێکی دەرەکییە. کەچی بەختیار عەلی دەکەوێتە ناو دوو ڕیانێکەوە پرسیار دەکات کێ پەت کات وەک سەگ بیخاتە ژێر پێیەوە؟ نیشتیمان یان دوژمن؟ ئەمە پرسیارێکە بەختیار عەلی ڕووبەڕووی نیشتیمانی دەکاتەوە. بەختیار عەلی لە شیعری نیشتیماندا توڕەیی خۆی ناشارێتەوە، دەڵێت: ” ئەی نیشتیمانی بێشەرەفان کە من بە گۆرانی دەمرم، بۆ بە خەنجەر دەمکوژیت” گەنجی ئێمە زۆرتر نزیکە لە ڕووانینی شێرکۆ بێکەسی کۆنەوە هەتاکو بەختیار عەلی و شێرکۆ تازەکە.

گەنجانی ئێمە هەمیشە دەست دەگرن بە فەنتازیا ئارەزوو کراوەکەیانەوە. ئەوان خاوەنی فەنتازیایەکی بێگەردن، جۆرێک فەنتازیا وەک فەنتازیای “خۆیان و دایکیان” گواستووەتەوە بۆ فەنتازیای نێوان “خۆیان و سەرۆکێک” ، “خۆیان و کورد” یان “خۆیان و ئەو دەستگایەی ئیشی تێدا دەکەن”، خەڵکی نایانەوێت ئەو ئەقڵییەتە تێپەڕێنن کە خەڵکانێکی پێش خۆیان خاوەنی بوون. بە گشتی توانای کەرت کردنی جیهانی خۆیان و پێش خۆیان نییە. دەست لە فەنتازیا ئارەزوو کراوەکەی خۆیان هەڵناگرن، بۆیە کاتێک نەوشیروان دێت، لە ناو لایەنگرانیدا “ڕق لە ڕەخنەگرتن لە نەوشیروان” دەبێتە نەریت. نەوشیروان ئەو سەرکردەیەیە نابێت تەحقیقی لەبارەوە بکرێت، ڕەخنە بکرێت بۆچی؟ بۆ ئەوەی فەنتازیا هەڵچنراوە ئارەزووکراوەکە نەلەخشێت، ئێستایشی بێتە سەر ئەم ئەقڵییەتە لای لایەنگرانی نەوەی نوێ دەبینینەوە، کۆمەڵێک گەنجی دژە ڕەخنە و دژە تەحقیق لە بارەی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێوە دروست بووە. گەنجانی ئەمڕۆ هێشتا بەرهەمی ئەو ئەقڵییەت و فەنتازیایەن کە شێرکۆ بێکەس چەندین ساڵ دەستی پێوە گرتبوو. ئەڵبەت کاتێک ئێمە باس لە شێرکۆ دەکەین مەبەستمان خودی شێرکۆ نییە و بەس، شێرکۆ تەنها نوێنەری ئەو جۆرە ڕووانینەیە کە لەودا بووە بە شیعر و تەقییوەتەوە، بە مانایەک لە ماناکان سوبێکت، سوبێکتی جەمعییە. شێرکۆ بێکەسی کۆن سوبێکتێکی ئالوودەیە بەو سوبێکتانەی حەقیقەت سەرەبڕن لە پێناوی ئارەزوو و حەزەکانیان دا[2]. ئەم فەنتازیا ئەرێنییە لە لای خەڵکی و گەنجانی ئێمە پێشوەختە ئامادەیی هەیە، بۆیە چاوەڕێی کەسێکن[3] بێت و پێوەی بنووسێنن. خەڵکی ئێمە کاتێک دەچێتە ناو دام و دەستگایەک یان حیزبێک یان هەر ڕێکخراوێکەوە وەک ئەوەیە چووبێتە ناو بتخانەیەکەوە. هەر وەک چۆن تاکی ناو حیزبەکانی ئێمە لالووت دەبن لەوەی ڕەخنە لە حیزبەکەیان یان سەرۆکەکەیان بگری، بەو شێوەیەش کەناڵە دەرە حیزبییەکان ( هەڵبەت گەر هەبێت) و حیزبییەکانیش بەرگەی هەندێک جۆری ڕەخنە ناگرن. لە هەندێک جێدا ئەو ڕاستییەت بۆ دەردەکەوێت کە تاکێکی ناو حیزبە سەرەکییەکانی کوردستان و ئۆپۆزسیۆنەکان جیاوازییەکی زۆریشیان نییە، ڕاگەیاندنکارێکی ناو میدیا حیزبییەکان و ئۆپۆزسیۆنەکان لە قوڵاییدا جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە. کاتێک ڕاگەیاندنکارێکی ئۆپۆزسیۆن سەرۆکی جوڵانەوەکەی یان کادیر و پەڕلەمانتارەکانی دێنێت و پرسیاری هەستیاری ڕووبەڕوو دەکاتەوە ،بۆ ئەوە نییە حەقیقەتیان بۆ خەڵکی هەڵبماڵن، بەڵکوو بە پێچەوانەوە ڕێک بۆ ئەوەیە بیسەلمێنن ئەو فەنتازیایەی ئارەزووی دەکەن هەر بەڕاستی حەقیقەتە، پیشانی بدەن ئەوەتا سەرکردەکەیان و کادیرەکانیان بەسەربەرزییەوە دێنە دەرەوە لەو پرسیارانەی لێیان دەکرێت، بە دەربڕینێکی خوێنەوارانەتر سەرکردەکەیان هەمان ئەو فەنتازیا ئەرێنییە یە کە خەڵکی ئارەزووی دەکەن و بە شوێنیەوەن. هەموو ئۆپۆزسیۆنێک لە کوردستان هەر لە خەڵکە ئاساییەکەیەوە تا دەگات بەو کەسانەی لە ناو میدیاکانیانەوە دەردەکەون، هەوڵی ئەوە دەدەن بیسەلمێن سەرکردەکەی ئەمان وەک سەکردەی حیزبەکانی تر نییە، بۆ نموونە ئەم سەرکردە خۆی خاوەنی پارەیە، گەر ببێت بە سەرۆک پێویستی بە خۆ دەوڵەمەندکردن نییە، ئەم پاساوە هەر بۆ دەستگرتنە بە فەنتازیا ئارەزووکراوە ئەرێنییەکەوە بۆ ئەوەی نەلەخشێت. لە زۆر شوێندا دیاردەیەکی سەیر دەبینین کەسانێک مەیلیان بۆ حیزبێکی دیاریکراو هەیە خۆیان لە بێ ئەقڵی دەدەن، ئەویش جیاکردنەوەی سەرکردەیە لە خودی حیزب، گوایا ئەوە ڕاستە حیزب گەندەڵە بەڵام سەرۆک خۆی گەندەڵ نییە! ئاگای لەو شتانە نییە ڕوو دەدەن ! تاکوو وێنە مەرغوبەکەی لەسەر سەرکردەیەک هەڵیانچنییوە لە بار نەچێت. یان دەڵێن تا فڵان سەرکردە مابوو، ژیانمان باشتر بوو، لە کاتێکدا پێدەچێت گەر فەنتازیا ئارەزووکراوەکە فڕێ بدەین هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆ نەبووبێت لە نێوان ژیانی پێش سەرۆک و دوای سەرۆک. ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی ئەو توانایە دروست نەبووە لە خەڵکی ئێمەدا فەنتازیایەکی ڕەخنەییانە بخاتە شوێنی فەنتازیا ئارەزووکراوە ئەرێنییەکەوە. بە دەربڕینێکی دی بەرگەی لەخشانی فەنتازیا ئارەزوو کراوەکەیان ناگرن.

سەرچاوەکان

اخلاق، ارسطو، ترجمە: محمد حسن لطفی، ناشر طرح نو، چاپ پنجم، سال ١٤٠٠

تا ماتەمی گوڵ تا خوێنی فریشتە ( کۆی بەرهەمە شیعرییەکانی)، بەختیار عەلی، چاپخانەی رجایی تاران، چاپی سێیەم ساڵی ٢٠٠٤

دیوانی فایەق بێکەس، فایەق بێکەس، ئامادەکردنی محمدی مەلا کریم، چاپخانەی شڤان، چاپی دووەم ساڵی ٢٠١١

فانتزی / مفاهیم روانکاوی، جولیا سیگال، ترجمە: ابراهیم رنجبر، انتشارات نگاە، چاپ دوم، تهران، سال ١٣٩٨

دیوانەکانی تر ( “ئێستا کچێک نیشتیمانمە” شێرکۆ بێکەس، “لە غوربەتا” محمد عومەر عوسمان، “ڕازی تەنیایی” ئەحمەد هەردی)


[1]  مەبەست شێرکۆی دوای نووسینی “ئێستا کچێک نیشتیمانمە” یە.

[2]  مەبەست شێرکۆی پێش ئێستا کچێک نیشتیمانمە.

[3]  کەس لێرەدا تەنها ئاماژە نییە بۆ دایک یان باوک یان سەرۆک یان هەر کەسێکی تر، ئاماژەیە بۆ تیمێک یان گروپێک یان هەر دەسگا و ڕێکخراوێک.

Loading