وەرگێڕان

دەربارەی ئایدیای زانکۆ

 کارل یاسپەرز

وەرگێڕان: محەمەد نورەدین

تێبینی سەرنووسەری ئینگلیزی

 کارل یاسپەرز ئایدیای زانکۆی لە کۆتایی دیکتاتۆرییەتی هیتلەر و دوای شکستی ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانی دووەمدا نووسی، دوای ئەوەی خراپترین کارەساتە دەرەکی و ناوخۆییەکان بەسەر زانکۆکانی ئەڵمانیادا هاتن.  وێرانکارییە دەرەکییەکان لەنێو شارەکانی ئەڵمانیادا بەدی دەکران. سەرەڕای ئەوەی وێرانکارییە ناوخۆییەکان کەمتر دەردەکەوتن، بەڵام خراپتر بوون. دەتتوانی ئەم وێرانکارییە لە یادەوەرییەکانی ئەو هەزاران خوێندکارەدا بەدی بکەیت کە وازیان لە بەرهەمەکانی کانت هێنا بۆ گوێگرتن لە وتارەکانی گۆبێلز و زرمەی پۆستاڵی پاسەوانانی تایبەت؛ ئەو پرۆفیسۆرانەی کە بە تامەزرۆییەوە باوەڕیان بە پڕوپاگەندەی ناسیۆنالیستی و ڕەگەزپەرستی هێنابوو و لە بەرانبەریدا وازیان لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە هێنابوو؛ ئەو پرۆفیسۆرانەی باوەڕیان بە بیروڕا و پەروەردەی ڕایخی سێیەم نەبوو، ئەوەیان بە باش زانی وا خۆیان دەربخەن کە باوەڕیان پێیەتی -هەرچەندە فریو نەدرابوون، بەڵام یارمەتی فریودەرەکانیان دەدا.

 لەنێو ئەم وێرانکارییە ئەخلاقییەدا، کەمینەیەک لە خوێندکاران و پرۆفیسۆری ئەڵمانی هەبوون کە پابەندی ڕاستگۆیی و بیرکردنەوەی سەربەخۆ و جێگیر بوون.  زۆرێک لەوانە لەپێناو ئەو بیروباوەڕەیاندا گیانیان لەدەستدا، یان ساڵانێک لە ئۆردوگای کاری زۆرەملێ و دەربەدەریدا ژیانیان بەسەر برد.  هەندێکی دیکەش وەک کارل یاسپەرز لە ئەڵمانیادا دەژیان، بەس بەناو ئازاد بوون، گەرنا لە وانەوتنەوە دوور خرابوونەوە و هەمیشە لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژیان.  ئەو خوێندکار و پرۆفیسۆرانە شانازی و سەروەریی زانکۆکانی ئەڵمانیایان پاراست و لە یەکێک لە ترسناکترین قۆناغەکانی تاقیکردنەوە ڕزگاریان کرد کە ڕەنگە هەر توێژی خوێندکار و توێژەرانێک بیبینن.

  ئێمە دەزانین کە کارل یاسپەرز یەکێک بووە لەو کەسانە و تەنانەت ئەو کارەی ئەو کردی  زۆر تایبەت بوو. پاش ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی نازیی نەگریس، یەکێک بوو لەو یەکەم کەسانەی کە لە بناغەوە زانکۆکانی ئەڵمانیای بنیاد نایەوە. وەکوو فەیلەسووفێک بەدوای سەرەکیترین هۆکاری ڕیشەی ئەو کردارە بێپەروا و عەجیبانەی مرۆڤدا گەڕا و لێکۆڵینەوەی کرد، کردارگەلێک لە نەریتی وڵاتانی ڕۆژئاوادا بە زانکۆ ناوزەد دەکرا. بەم شێوەیە، توانی بە كورتی چالاکێتی و مەزنیی نەریتی فه‌لسه‌فەی ئه‌ڵمانی نیشان بدات: پەیامێکی بۆ کات و زەمەنی خۆی نووسی‌، بۆ ئه‌ڵمانیای تێکشکاوی ساڵی 1946، بەڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا، نووسینەکە بوو بە وەسفێکی بنەڕەتی و کاریگەر بۆ هەموو کات و زەمەنێک

ڕوانگەکانی شتێک زیاد دەکەنە سەر دیبەیتە ئەمریکییە کۆتانەهاتووەکان لەمەڕ سروشت و کارکردی خوێندنی باڵا لەو وڵاتە. لەم سەردەمەی ئێمەدا ئەرکی سەرشانمانە خوێندنی باڵا بۆ هەموو ئەو کەسانە دابین بکەین کە دەتوانن سوودی لێ وەربگرن، بەڵام دەبێت وریا بین لەپێناو گەیشتن بەو ئامانجە ئاستی خوێندن دانەبەزێنین.  پێویستە زیاتر لە جاران بنەماکانی ئەم پەروەردەیە بپارێزین و بەهێزیان بکەین و ئێمە مافی ئەوەمان هەیە گرنگی بدەینە ئەو بۆچوونەی فەیلەسووفان کە ئەم شتە جەوهەرییانە چین؟

کاتێک ئەم کتێبە دەخوێنینەوە، هەندێک جار هەست بە سەرسووڕمان دەکەین. ڕەنگە هەندێک لە ئایدیاکانی یاسپەرز تووشی شۆکمان بکەن یان زۆر ناکرداری یان تەنانەت بێکەڵک دەربکەون. وەلێ هەندێک جار ئەو ئایدیایانەی کە دژایەتی دەکەین لە زانکۆکانماندا جێبەجێ بکرێن، شایستەی بیستن و جێگای تێڕامان و بیرکردنەوەن.

 یاسپەرز پێی وایە لە هەر زانکۆیەکی ڕاستەقینەدا سێ بنەما – پەروەردەی ئەکادیمی، توێژینەوەی زانستی و زانستییانە و ژیانی کولتووری داهێنەرانە-  بە شێوەیەکی لێک دانەبڕاو بەیەکەوە گرێدراون و هەر کات یەکێک لەم ئەرکانە لەوانی تر جیا کرایەوە، لە دوورمەودادا لاواز دەبێت و دەمرێت. کەواتە لە ڕوانگەی یاسپەرزەوە: زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی کە دەست بە توێژینەوەی فوول تایم دەکەن، لە زانکۆ یان ئەو مامۆستایانەی کە فوول‌تایم وانە دەڵێنەوە، دەبنە هۆی داڕووخانی هزری و مەعریفی زانکۆکە؛ هەر کەسێکیش خۆی بەشداریی توێژینەوەی نەکردبێت، ناتوانێت مامۆستایەکی باش بێت و بە باشی ڕێنمایی خوێندکاران بکات.

یاسپەرز لە فەلسەفەی خۆیدا دوژمنێکی سەرسەختی فاشیزم و کۆمۆنیزمە.  ئەو دژی هەموو جۆرە خۆبەدەستەوەدانێکی فیکرییە  بۆ دژایەتیکردنی ئازادی، کەچی لەسەر ئاستی زانکۆکان جەختی لە پەیوەندیگرتنی بەردەوام دەکردەوە، بەبێ هیچ بەربەستێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی. ئەو هەڵوێستانەی یاسپەرز لە نەشارەزایی و بێئاگایی نەبوو لە واقیعی سیاسی، بەڵکوو دەرەنجامی دوانزە ساڵ ئەزموونی ڕاستەوخۆ بوو لەژێر هەژموونی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری پاوانخوازدا و باوەڕی وابوو کە زانکۆ پێویستە پابەند بێت بە پەیوەندیگرتنەکانی فیکری ئازادەوە.

دەبێت دان بەو کەسانەشی کە بە شێوەیەکی باو بوونەتە قوربانی بیر و باوەڕیان بنێت: تەنانەت ئەو کەسانەیش لەخۆ بگرێت کە ئەگەر دەسەڵاتیان هەبووایە، هیچ بیروبۆچوونێکی جیاوازیان قبووڵ نەدەکرد. زانکۆ  لەوە دڵنیایە کە توانای ئەم کارەی هەیە. زانکۆ دەیەوێت بەرەوپێشچوونی زیندووی هەبێت؛  نەک وەستا و چەقبەستوو؛  ئامانجی پەیوەندیگرتنەکانی وا دەخوازێت و پێویستی بەوەیە کە هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی بدات تەنانەت لەگەڵ ئەو کەسانەی کە بەرەنگاری پەیوەندیگرتن دەبنەوە. ڕاستییەکەی، ئەوە پێچەوانەی ئایدیای زانکۆیە کە بوار نەدات بە تاکێک بتوانێت توانای هزری و فیکری خۆی بسەلمێنێت و توێژینەوە بکات- تەنانەت ئەگەر بنەما و تێڕوانینی توێژینەوەکەی بە تەواوی نامۆ بێت لەگەڵ بنەما و تێڕوانی زانکۆدا.

یاسپەرس  ئەم بابەتە زیاتر ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت:  ئەو خواستەی کە بیەوێت هەموو تێڕوانین و جیهانبینییەک لە زانکۆدا بخرێنە ڕوو، بە تەواوی پێچەوانەی ئایدیای زانکۆیە، بۆ نموونە ئەو هەمووە تێڕوانینە لە فەلسەفە، مێژوو، کۆمەڵناسی و زانستە سیاسییەکاندا.  ئەگەر تێڕوانین و جیهانبینییەکی دیاریکراو نەتوانێت توێژەری جیاواز و لێهاتوو بەرهەم بهێنێت، نابێت لافی پلە و پایەی زانستی لێ بدەن. هەر تاکێک  پێی باشترە لەگەڵ کەسانێکدا کە هاوبیرین بژی و هەڵسوکەوت بکات. هەرچەندە ئەم کەسە تا ئەو کاتەی بڕوای بە ئایدیای زانکۆ هەیە، ئەو مافەی پێدراوە ڕای خۆی دەرببڕێت لەسەر هەڵبژاردنی ئەو کەسانەی خوازیاری وەرگرتنن لە زانکۆ و ئەوکات دەبێت بیروبۆچوونی جیاواز بهێنێتە زانکۆوە؛ بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ ململانێی بەرهەمدار بڕەخسێنێت، تا  پەرە بە چەمکی هزری بدات – بە لە ئەستۆگرتنی هەموو مەترسییەکانیشییەوە.  لە سەرووی هەمووشیانەوە، تاک دەبێت دەستکەوتی توێژینەوە و کوالێتیی هزری بکاتە تاکە فاکتەری بنەڕەتیی زانکۆ.  زانکۆ نەک هەر بەرگەی ئەو کەسانە دەگرێت کە ئامانجی دژبەیەکیان هەیە، بەڵکوو بۆ وەرگرتنیان، بانگهێشتیان دەکات. بە جۆرێک کە جێی کەسە جیاوازەکان بکاتەوە و بتوانن گفتوگۆ لەسەر بیروڕا تایبەتەکانیان و لێهاتووییان لە زانکۆدا بکەن. زانکۆ دەخوازێت بۆچوون و بیروباوەڕەکانیان ببنە پاڵنەڕیک بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و سوود بە زانکۆ بگەیەنن.  بەڵام ئەگەر ئامانجیان ئەوە بێت بیڕوبۆچوونی خۆیان بسەپێنن بەسەر زانکۆدا؛ لە کاتی وەرگرتنی خوازیاراندا تەنیا لایەنگری ئەو کەسانە بکەن بۆچوونیان وەک خۆیانە؛ هەروەها ئەگەر بێت و لەبری ئازادیی هزری پەنا بۆ بانگەوازی پێغەمبەرانە بەرن ئەوا توندترین ناتەباییان لەگەڵ ئەکادیمکارەکان کە گرنگترین ئامانجیان زیندووڕاگرتنی ئایدیای زانکۆکەیە بۆ دروست دەبێت.

 بیرکردنەوە لە ئەرگومێنت دژی ئەم بیروڕایانە زەحمەت نییە. ئەم جۆرە وڵامدانەوەی-ئەرگومێنتانە پتەوتر دەبن لە دژی ئەو پاشخانانەی کە جۆرێک ناچارکردن و پەشێوی یان شەڕ و دۆخێکی نزیک لە جەنگیان  تێدایە، لەو شوێنانەی بنەما درێژخایەنەکان لە سێبەری پێداویستییە هەنوکەییەکاندا دادەنرێن. بەڵام کاتێک قەیران بەدوای قەیراندا دێت، هزر و دامەزراوەکانمان پێویستیان بە دوورئەندێشەیی و هزری قووڵ دەبێت.

لە جیهانێکدا کە زۆر حاڵەتی کتوپڕی درێژخایەن هەن، هێشتا پێویستە بیر لە خوێندنی باڵا بکرێتەوە، نەک تەنیا بەپێی ئەو پێداویستیانەی کە لە ئێستادا یان داهاتوویەکی نزیکدا هەن، بەڵکوو بەپێی داهاتووی دوور. بەو جۆرەی لەژێر ڕۆشنایی ئەزموونەکانی ڕابردوویەکی دوورودرێژ بۆمان ڕۆشن دەبنەوە. هیچ دیکتاتۆرییەتێکی پاوانخواز سێ نەوە ناخایەنێت، بەڵام دامەزراوەی زانکۆ ئازادەکان نزیکەی نۆسەد ساڵە لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا بەردەوامیان هەیە، بە زیندوویی و گەشەی نزیک لە بێهاوتایەوە ماونەتەوە. ئەگەر هیواخواز بین ئەم گەشەکردنە بەردەوام بێت، دەبێت بپرسین نهێنییەکەی چی بووە؛ کارل یاسپەرز هەوڵی داوە وەڵامێکی فەلسەفی ئەم پرسیارە بداتەوە، وەڵامێک بەستراوەتەوە بەو بڕیارانەی کە دەبێت هەموو هاوڵاتییەک بە خوێندکار و مامۆستاوە ئێستا و هەر لێرە بیدەین. 

ئەم کتێبەی کە لە بەردەستتدایە، وەرگێڕانی هەموو دەقە ئەڵمانییەکە لەخۆ دەگرێت، جگە لە بەشی کۆتایی وەرزی نۆیەم و وەرزی دەیەم.  ئەم بەشانە لابراون؛ واتە لاپەڕە ١٢٤ تا ١٣٢ی دەقە ئەڵمانییەکە، چونکە پەیوەندیان بە بارودۆخی تایبەتی ئەڵمانیا و دۆخی سەرەتایی دوای جەنگەوە هەیە لە ساڵی ١٩٤٦. 

پێش دەستپێکردنی دەقی سەرەکی، باسێکی گشتگیری ڕێبازی یاسپەرز دەکەین کە لە لایەن پرۆفیسۆر ڕۆبەرت ئولیچ، فەیلەسووفێکی زۆر شارەزا لە دۆخی ئەمریکا و شارەزا لە بواری پەروەردەدا نووسراوە.

 کارل دبلیو.  زانکۆی دۆیچە بەیل

دەربارەی ڕێبازی یاسپەرز

کارل یاسپەرس و مارتین هایدگەر لە نوێنەرانی پێشەنگی “بوونگەرایی”ی ئەڵمانیان. بە دڵنیاییەوە کەسێک کە هرزێکی بەردەوام پرسیارکەری هەبێت، هەوڵ نادات ئایدیا و ناوبانگەکەی مۆرکێکی سەردەمیانە وەربگرێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەو مۆرکە لەسەر مەودای فکرێکی فەلسەفی هێندە بەرفراوان بەکار بهێنرێت کە زیاتر چەواشەکارانە بێت تا ڕوونکەرەوە. سەرەڕای ئەمە یاسپەرز بۆ یەکێک لە بەناوبانگترین بەرهەمەکانی خۆی ناونیشانی فەلسەفەی بوون: سێ وانەوتار (١٩٣٨، واڵتەر دو گرویتەر)ی هەڵبژارد.

  لە سەردەمێکدا کە حەز و خواستی بنەمای فەلسەفەی ئەکادیمی ئەڵمانی لەسەر کارامەییە تەکنیکییەکانی بیری “نیۆ-کانتی” بوو، ئەوکات یاسپەرز بە قووڵی سەرقاڵی بابەتگەلێک بوو، زۆر فراوانتر بوون لە  تیۆری “زانین”، واتا پرسی بوونی مرۆڤ و ئەوپەڕیی پەیوەندی لەگەڵ خودی خۆی و جیهاندا. ئەو لە سێ وانەوتارەکەیدا دەڵێت:”ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین فەلسەفەی بوون، جگە لە فۆرمێکی نوێی هەمان فەلسەفەی ئەبەدی هیچی تر نییە”.  

«ئەو ڕاستییەی وای کردووە کە ئەمڕۆ وشەی “بوون” ببێتە بنەمایەکی گرنگ، بە هیچ شێوەیەک ڕێکەوت نییە. » چونکە ئەم وشەیە جەخت لە ئامانجی لەبیرکراوی فەلسەفە دەکاتەوە: واتە تێگەیشتن لە بنەچە و جەوهەری واقیع، بە شێوازێک تێیدا من وەکوو کەسێکی بیرکەرەوە و لەڕێی بیرکردنەوە لە دەروونم، بۆ خۆم خەریکی تێگەیشتنم لە بوونی کەسیی خۆم. ئەم فۆرمە لە فەلسەفەکردن دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو شتەی کە لە ڕاستیدا هەیە و جیا لە جۆرە باوەکانی وەک زانینە سادەکان دەربارەی جیهان و فۆرمە نەریتییەکانی قسەکردن و دابونەریت و جیا لەو ڕۆڵانەی کە دەیگێڕین و جیا لە هەموو شتێک کە تەنیا لە ڕووکار و ڕووکەشدا هەیە. “بوون” یەکێکە لەو چەمکانەی کە ئاماژە بە واقیع دەکات و هەر وەکوو کیرکەگارد دەڵێت؛ “تەنیا کاتێک لەڕێی ئەو فەزیلەتەوەی کە بە تەواوی خودی خۆم بم، دەتوانم هەقیقەتی واقیع بەدەست بهێنم”.

چەند هۆکارێک وایان کرد یاسپەرز بگاتە ئەم تێگەیشتنە لە خەمی فەلسەفی. مۆدێرنە دەخوازێت بەرهەمی بیرمەندان لە هەندێک پۆلێنکردندا دابنێت بۆ دانانی بەرهەمی بیرمەندان لە هەندێک پۆلێنکردندا و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​زۆر جار چاوپۆشیمان لە ڕاستییەکی گرنگ و کاریگەر کردووە لە ژیانی پیشەیی یاسپەرزدا، ئەویش ئەوەیە کە ئەو – دوای خوێندنی لە بوارەکانی یاسا و پزیشکیدا – ئەو وەک پزیشکی دەروونی دەستی بە کارەکانی کردووە. نووسەری یەکێک لە کتێبە بەناوبانگەکانی ئەم بوارەیە بە ناوی (Allgemeine Psychopathologie[1]) (هۆکارزانی دەروونی گشتی) کە لە دوای ساڵی ١٩١٣ چەندان جار چاپ کراوەتەوە و هەروەها وەرگێڕراوە بۆ سەر زمانی فەرەنسی. ئەم ئەزموونە نەک تەنیا وای کرد بتوانێت لە تێزەکەی خۆیدا سەرکەوتووانە ئایدیای زانکۆ سەبارەت بە بەرپرسیارێتییە زانستییەکانی خوێندنی باڵا بنووسێت، بەڵکوو تێگەیشتنی لە توێژینەوە میتافیزیکییەکانی بوونی مرۆڤیشی قووڵتر کرد. بەم شێوە، جەختی تەواوی هەم لەسەر فراوانی و هاوکات لەسەر سنوورداربوونی زانستی ئەزموونەکی دەکردەوە.  هۆکارێکی تری کاریگەر، ڕووبەڕووبوونەوەی بوو لەگەل دوو بیرمەندی سەدەی نۆزدە کە ڕەنگە لە هەموو کەس زیاتر، جەوهەریترین پرسیار (هەرچەندە لە ڕوانگەی پێچەوانەوە) سەبارەت بە پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆی و شارستانییەتەکەی و کۆمەڵگاکەی و ئامانجەکەی وروژاندبێتیان کە بریتی بوون لە سۆرن کیرکەگاردی تیۆلۆژیستی دانیمارکی و فریدریک نیچەی فەیلەسووفی ئەڵمانی.

 پێناسەی  فەلسەفەی یاسپەرز یان هەر بیرمەندێکی تر بە تەنیا ئاماژەدان بەو هۆکارانەی کە کاریگەرییان لەسەر زەمەن و مەودای دروستبوونی فەلسەفەکەی هەیە، ناڕەوا و تاکلایەنەیە.  چونکە هەموو هزرێکی داهێنەر لە پرۆسەی تێگەیشتن لە لێدوان و ئاماژە دەرەکییەکان، ئەگەر لە زەمەنێکدا بە توندی بەرگریان لێ بکات لەوانەیە دواتر گۆڕانکاریان تێدا بکات و لێکۆڵینەوە لە ئاستی جەوهەری کەسایەتیی خۆی و بەرهەمەکانی فراوانتر بکات. ئەگەر چاوێک بخشێنین بە هەموو بەرهەمەکانی یاسپەرزدا، کە تاوەکوو تەمەنی حەفتاوچوار ساڵی نووسیونی، بۆمان دەردەکەوێت کە کارگەلی سەرسوڕهێنەری ئەنجام داوە (ئەمە ئەگەر تەنیا ئاماژە بە لێکۆڵینەوە فەلسەفییەکانی بدەین): لە توێژینەوە سەبارەت بە بنەما دەروونناسییەکانی سیستەمە مەزنەکانی هزرەوە بگرە تا پرسە ئیپیستیمۆلۆژییەکان و زانستییە نوێیەکان؛ هەروەها شیکاری کەسێتی تاکەکانی وەک نیچە لەخۆ دەگرێت و تا دەگاتە نووسینی گشتگیر سەبارەت بە مانای شارستانییەت و مێژووی مرۆڤایەتی بە گشتی. 

کێ لەم پیاوە شایستەترە – بەو مەعریفە فراوان و هزرە قووڵەیەوە- تاوەکوو بتوانێت لەسەر بیرۆکە و ئایدیاڵەکانی خوێندنی باڵا و زانکۆ بنووسێت؟

نامەوێت ئەم پێشەکییە بەکار بهێنم بۆ کورتکردنەوەی ئەوەی کە خوێنەر خۆی دەبێت بخوێنێتەوە.  بەڵام ڕەنگە گونجاو بێت ئاماژە بە دوو خاڵ بدەم. خاڵی یەکەم ئەوەیە کە هەرچەندە یاسپەرز لە ئایدیای زانکۆدا بە ئاشکرا باسی فەلسەفەی بوونگەرایی ناکات، بەڵام خوێنەری ئاگادار هەست بە شوێنەواری گەڕانی بوونگەرایی دەکات تێیدا. لە لاپەڕەی یەکەمدا خاڵی سەرەکیی کتێبەکە خراوەتە ڕوو: زانکۆ شوێنێکە کە مرۆڤ ئازادە لە گەڕان بەدوای هەقیقەتدا و فێرکردنی ڕاستییەکان، بە پێچەوانەی ویستی ئەو کەسانەی  کە دەیانەوێت ئەم ئازادییە سنووردار بکەن. بە واتایەکی تر، پێناسەکردنی (وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا)  فەلسەفەی بوونگەرایی لای یاسپەرز بریتییە لە: زانکۆ ئەو شوێنەیە کە مرۆڤ بتوانێت لە ڕێگەی ژیان و بیرکردنەوەی ڕەسەنەوە خودی خۆی بدۆزێتەوە  “جیا لە شێوازە باوەکانی ئاخاوتن، جیا لە دابونەریت و ئەو ڕۆڵانەی دەیگێڕین و جیا لە هەموو ئەو شتانەی تەنیا لە ڕووکار و ڕووکەشدا بوونیان هەیە”.

خاڵی دووەم ئەوەیە کە یاسپەرز لەسەر ئەوە جەختی دەکردەوە کە دەبێت زانکۆ ڕۆڵی کۆمەڵگەیەکی پارێزەری هەقیقەت بگێڕێت و خۆیشی لە ڕیزی ئەو کەسانەدا دادەنا کە جەختی لەسەر مەزنی و شکۆمەندیی زانکۆی ئەڵمانی دەکردەوە؛ واتە هەر لەو سەردەمەوەی کە کانت پەیامەکەی خۆی لەسەر ململانێی نێوان کۆلێژەکان[2] نووسیوە لە (١٧٩٨) ؛ شلایرماخری تیۆلۆژیستی ئەڵمانی کە بە قووڵی کاریگەری لەسەر ئایینی لیبڕاڵ لە ئەوروپا و ئەمریکا هەبووە و وتارێکی لەسەر ڕۆحی زانکۆکە نووسیوە لە ساڵی (١٨٠٨).

ڕەنگە ئەڵمانیا بانگەشەی ئەوە بکات گوایە لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمدا، یەکەم وڵاتی ئەورووپی بوو کە داواکاری ئازادیی بیرکردنەوەی بە جددی وەرگرت کە سپینۆزا لە پەیامی ئیلاهیاتی سیاسیی خۆیدا لە ساڵی ١٦٧٠دا خستبوویە ڕوو، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئەڵمانیا تاکە وڵات نەبووە کە  بەرهەمی گرنگ و بایەخداری سەبارەت بە دەسکەوتی ئایدیاڵی زانکۆ بڵاو کردبێتەوە. دوای سەرکوتکردنی درێژخایەنی ئازادیی ئەکادیمیای فەرەنسا لە سەردەمی ڕژێمی دێرینە و شۆڕش و ناپلیۆندا، هەردووک نووسەری فەرەنسی  ڤیکتۆر کوزین و ئێرنست ڕێنان کە لەژێر کاریگەریی هزر و ئەندێشەی ئەڵمانیدا بوون، هەوڵیان دا شکۆ و کەرامەتی خوێندنی باڵا لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم بۆ فەرەنسا بگەڕێننەوە. هەر لە هەمان کاتدا لە ئینگلتەراش  ئۆکسفۆرد و کامبریج لە خەوێکی درێژ و ئارام خەبەریان بووەوە و کاردیناڵ نیومان ڕیساڵەی بەناوبانگیی خۆی بە ناوی ئایدیای زانکۆیەکی تایبەت و دیار (١٨٥٩) نووسی. هەروەها دوو ساڵ پێش ئەوەی یاسپەرز چاپی دووەمی دەقی ئەم پەرتووکەی ئێستا بڵاو بکاتەوە، ئۆرتێگای گاست کتێبی ئەرکی زانکۆ (١٩٤٤) ی بڵاوکردەوە – ئەمیش نووسەرێکی ئیسپانی بوو چیتر نەیدەتوانی لە نیشتمانەکەی خۆیدا بمێنیتەوە، بەڵکوو لەبەر  پاراستنی ژیانی و ئاڵوگۆڕی فیکری ناچار بوو هەموو جیهان هەڵبژێرێت.

  وەلێ لێرەدا ناتوانین حەسرەت و هاوخەمی خۆمان دەرنەبڕین: سەرەڕای ئەو هەموو ئایدیاڵە بەرزە لە نەریتی ئەوروپیدا کە هەندیک لەو مامۆستا و پڕۆفیسۆرانە قارەمانانە بەرگریان لێی کرد، بەڵام دواجار زۆرێک لە زانکۆکانی وڵاتانی ئەورووپی کەوتنە بەر هێرشی دیکتاتۆرەکان و بە شێوەیەکی ئابڕووبەرانە داڕمان!

بێگومان یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان دڕندەیی حکوومەتە پاوانخوازەکان[3] بوو کە هەموو ئامرازێکیان بەکار دەبرد بۆ گەیشتن بە ئامانجە مەترسیدارەکانیان دژ بە ئازادیی مرۆڤ. ڕاستییەکەی، زانکۆکان چەکی سەربازی و سوپایان نییە و دەتوانرێت بە شێوەیەکی یاسایی یان نایاسایی کەی بیانەوێت دابخرێن و کپ بکرێنەوە.

 گەرچی هۆکارێکی دیکە ئەوە بوو بەدەر لە چەند کەسێک، زۆربەی مامۆستایانی زانکۆی ئەورووپا مامەڵەی زیندوویی نێوان ئەکادیمیا و ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسەتیان بۆ گرنگ نەبوو. بە بۆچونی من ئەم هۆکارە بە تایبەت سەبارەت بە توێژەرانی ئەڵمانی دروستە، هەرچەندە دەکرێت لە لایەنەکانی ترەوە زۆر شایستەی تریان هەبێت. لە ڕاستیدا ئەوان پێیان وابوو، بەهۆی نەریتە درێژخایەن و پیرۆزەکەیانەوە هەمیشە لەژێر سایەی حکوومەتێکی بەخشندە و ڕێزداردا دەمێننەوە و هەستیان بە سەلامەتی دەکرد. جگە لەوەش پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی بەرزیان هەبوو و بە تایبەتیش کە دەستیان دەگەیشتە پۆستێکی وەها و داهاتێکی زۆر کە بێگومان ئاسان نەبوو. بۆیە نەیانتوانی لەوە تێبگەن ئازادی بە باجی هۆشیاری و تێکۆشان و ئامادەیی بۆ قوربانیدان دێتە بەرهەم؛ ئەوان پێگە باڵاکەی خۆیان بە شتێکی مسۆگەر دەزانی و نەیان دەبینی، یان نەیاندەویست ببینن کە هەورەکان ئاسمانی زانکۆ تاریک و تاریکتر دەکەن.

هەڵبەتە ئەگەر ئایدیاڵێک لەگەڵ ئامانجە ڕاستەقینەکانی مرۆڤدا بێتەوە یەک، ئەوا هیچ لە هەقیقەتەکەی کەم نابێتەوە تەنیا لەبەر ئەوەی مرۆڤە لاوازەکان بۆ ماوەیەک وازیان لێ هێناوە.  ئەگەر ئامانجەکان هەرگیز بەدی نەهاتنایە، ئەوا بۆ ویژدانی مرۆڤ ئاڵنگاری و پاڵنەر نەدەبوو و ئەوکات هەرگیز سنوورەکانی شارستانییەت فراوان نەدەبوون. هەروەها لەگەڵ ئەوەی لە سەرمای فیکری ئەڵمانیادا بەشێک لە هاوکارە بەناوبانگەکانی کارل یاسپەرز لە بواری فەلسەفەدا، لەژێر کاریگەریی سۆسیالیزمی نەتەوەییدا خیانەتیان لە ئایدیاڵە پیشەییەکانیان کرد. بەڵام ئەو بە توندی و پتەوییەوە خۆی ڕاگرت.  تەنانەت کاتێک ژیانی لە مەترسیدا بوو، ڕووخسارێکی پیشان دەدا کە ڕۆمەکان پێیان دەگوت  vir fortis et constans واتە “پیاوێکی ئازا و چەقبەستوو”.  ئەو نەک هەر باسی هەقیقەتی نەکردووە، بەڵکوو تێیدا ژیاوە و خۆیشی هەمان شتی بۆ ئەو کەسانە پێشنیار کردووە کە دەخوازن تێگەیشتنیان لەمەڕ ژیانکردنی ڕاستەقینە و ڕەسەن هەبێت.

 ئاسان نییە هیچ کام لە بەرهەمەکانی یاسپەرز وەربگێڕێت.  پێویست ناکات بڵێین ئایدیای زانکۆکەی تەنیا بۆ ئەوە وەرنەگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی، تا بە سادەیی کتێبێک بۆ ژمارەی پەرەسەندنی ئەو ڕیساڵیانەی کە لەسەر خوێندنی باڵا نووسراون، زیاد بکرێت.  پێویستە ئەم کتێبە بە دەنگی مرۆڤێک بزانین کە دوای ساڵانێک لە چەوساندنەوە و ئازار، توانی باوەڕی خۆی بە بەهای ئەبەدی و لە بنەڕەتدا نەبڕاوەی هەقیقەت دەرببڕێت و بە پاڵنەرێکی بزانین، بۆ ئەوەی بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە لە دۆخی خۆمان بڕوانین.

دەتوانین لەناو لەناوەندخستنی[4] سیستمی قوتابخانەی ئەمریکی جۆرە خۆپارێزییەک لە دژی ستەمکاریی حکوومەت و سەربەخۆیی دامەزراوە ئەکادیمییەکانی وەکوو بەشەکانی دەوڵەت و لایەنە سیاسییەکان ببینین. لە لایەکی ترەوە، هیچ کەس هەرگیز پشتپێبەستنی کۆلێژ و زانکۆکانی بە پارەپێدەر[5]ە تایبەتەکانەوە پێ خۆش نەبووە، بەو پێیەی بەڕێوەبەری قوتابخانەکان ناچار دەکەن لەبەر دەرگای ماڵی دەوڵەمەندگەلێک بپاڕێنەوە کە هیچ خەمێکی ئازادی ئەکادیمیان نییە و تەنانەت پێشیان خراپە. ئێمە تاوەکوو ئێستاش چاوپێکەوتنەکەی سەرەتای ١٩٥٠کانی سیناتۆر مککارتیمان لەیادە. ستافی بەڕێوەبردن ساڵ دوای ساڵ پتەوتر بوو و گرنگی بە پەیوەندییە گشتییەکان و لێشاوی بەرپرسیارێتییە لاوەکییەکانیش دەدا. هەندێک جار بێهیوا دەبین لە توانستەکانی خۆمان بۆ پتەوکردنی ئەو بەهایانەی خوێندنی باڵا کە لە قازانج زیاتریان دەوێت، لەناو ئەو لێشاوە زۆرەی خوێندکاران و ڕەنگە لەناو کۆلێژەکانی خۆماندا. بیر لەوە دەکەینەوە داخۆ چەندێک بوار بۆ فەزیڵەتی ڕامان کە زەروورەتی خوێندنی داهێنەرانەیە ماوە. هەروەها دەشێت ئەو پرسیارە بەئازارە لە خۆمان بکەین، داخۆ دەبێت زانکۆ و کۆلێژەکانمان چۆنایی بەرەنگاری ستەمکاریی ببنەوە؟ وەلێ دەزانین هەندێک هەوڵ هەن تەنانەت لە بەردەم سادەترین هێزەکاندا شکستیان هێناوە.

هەر بۆیە ئەوە بەس نییە بڵێین زۆرینەی زیانە بەرچاوەکانیان، کە توانای فێربوونمان بە بەرزی و نزمییەکان و قەراغە تیژەکانی جیهانی کردەکییەوە دەبەستنەوە – هەرچەندە ئەمە ئەزموونێکی خۆش نییە –بریتین لە ڕێگای ئەزموونیمان بۆ فێربوون و ژیانکردن لەناو “بنەچە و جەوهەری هەقیقەت”.

وەلێ ڕەنگە ئەوە تایبەتمەندیی زاتیی خۆمان نەبێت، بەڵکوو پەیوەندی بەو دۆخە مێژوویی و سیاسییانەوە بێت کە بەختمان هەبووە تیایاندا و ئێمەیان هێشتووەتەوە. هەر دەبێ واش بێ، چونکە بە درێژایی سی ساڵی پێشوو، لێشاوێکی زۆری ئەدەب بە بەهایەکی هونەری لیبڕاڵییەوە و پەیوەندیی نێوان زانست و کۆمەڵناسییەکان پەیدا بووە و دەتوانین ئەمە بە باشی لێکی بدەینەوە وەکوو نیشانەی ویستی خۆمان بۆ خۆ-تاقیکردنەوە. خۆشبەختانە تەنانەت لەوپەڕی لاوازیشماندا ئەو ڕۆحیەتەمان هەیە لە دڵەوە پێبکەنین.

تەنانەت گەر بە ویژدانیشەوە قسە بکەین، ئێمە کەمینەیەکمان لەو جۆرە کەسانە هەیە، ئەویش مەگەر لەنێو کارەکانی شلەیمارخەر، نیومان، ئۆرتیگای گاسێت ویاسپەرزدا. زیاتر لە پازدە هەزار کۆلێژ، کەچی کەمینەیەکیان دەتوانن دان بەوەدا بنێن کە تەرخانکردنیان پێشکەشی خوێندنی داهێنەرانە[6] کردووە. ئەمەش هۆکاری خۆی هەبووە: لە دوو نەوە زیاترمان نەبووە لەو سەردەمەوەی دامەزراوە ئەمریکییەکانی فێربوونی باڵا پەیدابوون و ببوونە جۆرە نێوەندگیرێک لەنێوان فێربوونی ئەکادیمی لاوەکی و ڕاستەقینەدا. هێشتاکەش شوێنەواری دۆخەکانی پێشوو ماوەتەوە لەسەر ئارەزووی ڕێنوێنیکردنی خوێندکار هەنگاو دوای هەنگاو و پتەوکردنی خوێندنەوەی و تاقیکردنەوەی بۆ هەڵسەنگاندنی بەرەوپێشچوونەکانی. هەموو ئەمانە لە بیرۆکەی فێربوونی بەرزی کەسانی ناو براوەوە دوورن.

گەرچی نموونەی هەندێک بەڕێوەبەری زانکۆکانمان هەیە کە دەبن بە دەرکەوتەی هێز و پێگەی گرنگ و خەمیان زیاتر لە سیاسەتی خوێندن خواردووە، تاوەکوو پرسە فەلسەفییەکان. هەروەها ئێمە حەز دەکەین بە ئەنجومەن کار بکەین. گەرچی ئەم جۆرە کارانە ڕەنگە تەیا لە دیدێکی کردەکییەوە زیاتر بە کەڵک بن و لەڕێی کەشفکردنی پرس و حوکمە قووڵترەکانەوە بەکۆتا بگەن یاخود لەڕێی پشتگوێخستنیانەوە بەتەواوەتی. هەر بۆیەشە پرسیارە “بوونگەراییەکان” بەدەگمەن لە “ڕاپۆرت”دا دەکرێن.

ئەسڵەن گرنگ نییە بە چی زاراوەیەک باس لە هەقیقەت دەکەین و بوونگەرایی هەر هیچ شوێنێکی نییە لەم باسەدا. مەگەر چۆن ئەم ململانێیە بێتە پێشێ ئینجا خوێندنی باڵا و کۆمەڵگای دیموکراتی دەتوانن سەرچاوەی ئافڕاندنەوەی ناوەکی بەردەوام و بەرهەمهێنانەوەی پتەو بدۆزنەوە.

   ڕۆبێرت ئۆلیش لە زانکۆی هارڤارد 


[1] General Psychopathology

[2] The Strife of Faculties (Der Streit der Fakultaten:

 فاکەڵتیەکان

[3]      totalitarian

[4] decentralization

[5] donors

[6] creative scholarship

Loading