ئیرۆتیزم له‌نێوان جه‌سته و واتادا
ژولیا كریستیڤا
هاوار محه‌مه‌د كردوویە بە كوردى
بۆچی كه‌نیسه‌ی كاتۆلیكی هاوسه‌رگیری له ڕاهیبه‌كان قه‌ده‌غه ده‌كات؟ بۆچی هه‌ندێك ته‌وژمی ئیسلامی، حیجاب له‌سه‌ر ژنان فه‌رز ده‌كه‌ن؟ چۆن ده‌توانین ئه‌م هه‌موو ترسه له ئاره‌زوو و ئه‌م هه‌موو نكوڵیكردنه له جه‌سته ته‌فسیر بكه‌ین؟ ئایا خودا دژ به سێكسه؟ خودایی ناكۆكه له‌گه‌ڵ جه‌سته‌ییدا؟ ئه‌و هه‌ڵوێسته به‌هێزه دۆگماییه كامه‌یه كه ده‌رباره‌ی مه‌سه‌له سێكسییه‌كان، چه‌ندین لایه‌نگر و هاوبه‌شی پێكه‌وه کۆ كردۆته‌وه؟ به دڵنیاییه‌وه هه‌موو ئایینه‌كان بایه‌خیان به سێكس داوه، به‌ڵام له شێوازی ڕاڤە و لێكدانه‌وه‌یاندا جیاوازن، چونكه هه‌موویشیان ترس له سێكس له دڵی پێڕه‌وكارانیاندا ناچێنن، هه‌ر هه‌موویان هاوڕا نین له‌سه‌ر ڕه‌تكردنه‌وه‌ی چێژ، هه‌موویان ژن به سه‌رچاوه‌ی ئاژاوە یان ته‌نیا ئامرازیك بۆ وه‌چه خستنه‌وه ته‌ماشا ناكه‌ن.
له‌م وتاره‌دا، خانمه بیرمه‌ندی فه‌ره‌نسی به ڕه‌گه‌ز بولگاری “ژولیا كریستیڤا” هه‌وڵ ده‌دات مێژووی په‌یوه‌ندی نێوان سێكسوالێتی و سیسته‌مه ئایینییه جیاوازه‌كان، كه بوون و مێژووی مرۆیی له قاڵب ده‌ده‌ن، دیاریی بكات. كریستیڤا پێی وایه نابێت پرسی سێكسوالێتی له شێوه خام و په‌تییه‌كه‌یدا ته‌فسیر بكرێت، ئه‌و دژ به هه‌وڵی هه‌ندێك بایۆلۆژیست و یاساناسه كه ده‌یانه‌وێت ته‌فسیرێكی بایۆلۆژی یان یاسایی ڕووت بۆ دیارده مرۆییه‌كان بكه‌ن، له‌وانه‌یش مه‌سه‌له‌ی سێكسوالێتی، به‌مه‌یش ڕه‌هه‌نده ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه‌كان فه‌رامۆش ده‌كه‌ن… هه‌روه‌ها واتاكان و ڕه‌مزه كولتووری و ئایینییه‌كان كه له پرۆسێسێكی دوورودرێژیی زه‌مه‌نیدا دروست بوون، ناكرێت به خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕووكه‌شانه‌ی ده‌قه ئاینییه‌كان ته‌فسیر بكرێن، به‌ڵكوو ده‌بێت ده‌قه ئاینییه‌كان ته‌ئویل بكرێن و ئه‌و گۆڕانه ڕیشه‌ییانه له‌به‌رچاو بگیرێن كه له په‌یوه‌ندیی نێوان پیاو-ژن‌دا ڕوویانداوه، ئه‌و گۆڕانانه‌ی كه به شێوازی جیاواز ڕه‌نگدانه‌وه‌یان له‌سه‌ر سروت و ڕیتواڵه ئاینییه ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگاكان هه‌بووه. به بڕوای كریستیڤا، “ره‌فتاری سێكسی” و “واتا ئاینییه‌كان”، له چوارچێوه‌ی یه‌كگرتنێكی ئه‌زه‌لیدا ئاوێزانی یه‌كتری ده‌بن، به جۆرێك كه ناتوانین له یه‌كتری جیایان بكه‌ینه‌وه. له كاتێكدا دامه‌زراوه ئاینییه‌كان هه‌ر له كۆنه‌وه به شێوازی جیاواز چاو‌دێر و دیسپلینكه‌ری سێكسوالێتی بوون، ڕێوشوێنه‌كانیشیان یان به تووندی سێكسیان قه‌ده‌غه كردووه و سه‌ركوتیان كردووه، یانیش ڕێیان به ڕیتواڵه پۆرنۆییه‌كان داوه له په‌رستگاكاندا. (و. عه‌ره‌بی)
(ده‌قه‌كه):
له ڕاستیدا مرۆڤ وه‌كو ئاژه‌ڵێكی قسه‌كه‌ر، ئاژه‌ڵێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه، به‌ڵام به تایبه‌تی بوونه‌وه‌رێكی ئیرۆتیكییه. ئایینه‌كان ئه‌م شته ده‌زانن، له‌به‌ر ئه‌وه ئیرۆتیكا، له باشترین و خراپترین حاڵه‌تدا، ده‌كه‌نه بابه‌ت و ماهییه‌تی خۆیان. ئاخۆ به‌م ڕێگایه‌یه كه میكانیزمه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌خلاق به مه‌به‌ستی سه‌ركوتكردنی سیكس، پێك دێن؟ ئایا ئه‌وانه له ئیرۆتیكادا شاره‌زا و لێزانن؟ له كاتێكدا كه بزانین تیرۆتیكا له ڕیتواڵه‌كانیدا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه، خۆی خزاندۆته نێو كتێبی سۆفییه‌كانه‌وه و له ڕێگای هونه‌ره ستایشكه‌ره‌كانییه‌وه، له‌گه‌ڵ و دژ به دۆگماتیزمه‌كان، نائاگایی شوێنكه‌وتووانی تێر ده‌كات. داخۆ ئه‌مه سه‌رچاوه‌یه‌كی ده‌روونی و نێوان-كولتوورییه بۆ پرسێك له زه‌مه‌نێكی په‌شۆكاوی شارستانێتیدا؟
دوای ئه‌وه‌ی “سێكسوالێتی”ـیه‌ك كه كه‌وتبووه ژێر هه‌ژموونی بایۆلۆژیا و یاساناسییه‌وه، كه تا ئاستی ئه‌ستێره‌بوون به‌رز كرابوویه‌وه، مۆدێرنیسته‌كانی ماندوو و شپرزه كرد، ئیدی ئه‌وان بە پۆشینى ماسكی قوربانی و ئینجا بە ئاستنزمی، له رۆژئاوا و ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژئاوا، هێرشیان ده‌ست پێكرد بۆ ئه‌وه‌ی جڵەوى ڕۆحانییه‌ته “تایبه‌تكراوه‌كان”ـیش بەدەستەوە بگرن. كاتێك ئەو ده‌سه‌ڵاته ئاینییانەى وا لەسەر سوبێكت باڵادەستن، له ده‌ستی فه‌نده‌مێنتالیسته‌كاندا كۆ ده‌بنه‌وه، له‌وێدا ده‌بینین “قاعیده” لێبوورده‌تره به‌رانبه‌ر “لوسوپووسەكان”، “غەریبەكان”، هۆمۆكان، ژنان…هتد. داخۆ ئه‌مه ئه‌فیونێكی نوێی گه‌لانه؟
زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان و كۆمه‌ڵگه هه‌وڵێكی زۆریان داوه بۆ لێكپچڕانی ڕه‌گه‌كانی ئه‌م “نه‌ریت”ـه و له پیرۆزداماڵینی مرۆڤی ئایینی (homo religious)، هه‌ر له نیانده‌رتاڵه‌وه تاوه‌كوو مرۆڤی مۆدێرن، به‌ڵام هیچ شتێكیان له‌و فریووه كاڵ نه‌كرده‌وه كه بواری ئایینی مومارەسه‌ی ده‌كات، بواری ئایینی وه‌ك ئه‌و یه‌كتربڕه‌ی كه تێیدا “ئاره‌زوو” و “قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان” به یه‌كتری ده‌گه‌ن.
كتوپڕ، له میانه‌ی قۆناغێكی مرۆیی پێش مێژوویی‌دا، جۆش و كوڵی سێكسی كه‌وته به‌ر زه‌بری “چه‌پاندنی بنەڕەتى” ]فرۆید[، به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی مرۆییش له فۆڕمی هۆز ]عشائر[ و خێزاندا له قاڵب درا: له ئه‌شكه‌وته‌كاندا وڕێنه‌ی شامانییه‌كان ده‌بینینه‌وه، له‌سه‌ر ڕووی دیواره‌كانیش ڕێسا سه‌ره‌تاییه‌كانی خزمایه‌تی، كه هاوكاته له‌گه‌ڵ زینای مه‌حره‌مه‌كاندا، نه‌خشێنران و هێشتایش ماونه‌ته‌وه: ئه‌م دووانه دوو ڕووی یه‌ك دراون، به جۆرێك كه یه‌كێكیان به بێ ئه‌ویتریان بوونی نییه. سێكسوالێتی كه له جه‌وهه‌ردا ناكۆمه‌ڵایه‌تی بوو، دواتر له لایه‌ن خودایی‌ـه‌وه ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو شێوازه‌كانیدا گیرا: سێكسوالێتی بووه شتێكی پیرۆز (ساكرێ: پیرۆز-چەپەڵ). ته‌نانه‌ت له‌ژێر چه‌تری چێژی ڕه‌شیشدا، شه‌رم، وه‌ك پله‌ی سفری ژیانی ده‌روونی و ئینجا مه‌رگیش، بوونه شتانێك به پاڵ ئه‌م بواره ترسێنه‌ر و به‌خوداییكراوه‌وه، له‌مه‌یشدا ئه‌و هێمایه‌ی به‌خۆیه‌وه هێشته‌وه كه ئاوازی پیرۆزیی تێدا بوو. لاسكۆكس (Lascaux)، شۆڤییه (Chauvet) یان پیچ مێرل (Pech-Merl)ـیەكان هه‌ست به په‌شیمانی ناكه‌ن، به‌ڵكوو ئه‌م هه‌سته به وێنه ده‌كێشن، به گرێی نۆیودس (noeuds) و به “ده‌سته نه‌رێنییه‌كان” ده‌ری ده‌بڕنه‌وه. یان به‌وه ده‌ری ده‌بڕنه‌وه كه له‌جیاتی ئاره‌زووی سێكسی خوو بده‌نه پێشبڕكێی ئه‌سپه‌كان یان ئاڕاسته‌ی مامۆسه‌كان (mamouths)ـی بكه‌ن، یان بیده‌نه پاڵ ئه‌م زێ مێینه گه‌وره‌یه‌ی كه سه‌ری گای بیسۆن به‌رزی ده‌كاته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له سه‌ركێشیی شۆڤییه‌دا هه‌یه ]له 32000 ساڵ پ. ز[. داماڵراو له كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه به‌و شێوازه ژیانه ده‌ژی وا له‌سه‌ر ڕووی دیواره‌كان جێیده‌هێلێت، ئه‌م مرۆڤه نهێنی دۆخه ئه‌سڵییه‌كه‌ی نیگار ده‌كات، گۆرانی ده‌ڵێت، سه‌ما ده‌كات و نیگار ده‌كێشێت بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بكاته ئاژه‌ڵێك و ژنێك. وه‌ك تیرێز داڤیلا (Thérèse dAvila) ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات »ده‌مرێت له پێناو ئه‌وه‌ی نه‌مرێت«. وێڕای مه‌شقه ڕۆحییه‌كانی ئیگناس دی لۆیۆلا (Ignace de Loyola)، كه په‌یوه‌ستن به ئازاره‌كانی مه‌سیحه‌وه له ڕێگه‌ی ته‌وزیفكردنی هه‌سته‌وه‌ره‌كانه‌وه.
- سه‌لمێنراوێكی ئه‌نترۆپۆلۆژی:
وه‌ك هه‌وڵێكی بێ‌وچان بۆ ئاراسته‌كردنی سێكس له نێوان موماره‌سه‌ی ئاره‌زوو و وه‌چه‌خستنه‌وه‌دا، فه‌زای ساخته‌بازانه‌ی ده‌روونیی مرۆڤی عاقڵ و ئایینی ]كه هه‌رگیز هه‌ست به تێربوون ناكات[ له‌گه‌ڵ مه‌حاڵ ]مه‌رگ، جیاوازی ڕه‌گه‌زیی[ـدا تێكه‌ڵ ده‌بێت و به درێژایی سه‌رده‌مه ئاینییه‌كان خۆی ڕاست ده‌كاته‌وه و ده‌مێنێته‌وه.
ده‌روونشیكاری له ئیرۆتیكادا سه‌لمێنراوێكی ئه‌نترۆپۆلۆژی ساغ ده‌كاته‌وه: پێویستبوون به ئایین، هاوتا له‌گه‌ڵ پێویستبوون به مه‌عریفه. جۆرج باتای (Georges Bataille) ]1962-1897[ له كتێبی ئیرۆتیزم (Erotisme) ]1957[ ـدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌كاته‌وه. به‌ڵام ئه‌م دوو پێویستییه له سایه‌ی مرۆڤایه‌تی پۆست-تۆتالیتاریم و پۆست-ئه‌تۆمیزمدا، ده‌بن به هه‌وا و با ده‌یانبات كه هه‌ر له پێشه‌وه له نكوڵیكردنی ئه‌و ئیرۆتیزمه‌وه گلاون كه ئیرۆتیكا له سێكسی لیبراڵی و سه‌رپێی و كورتخایه‌ندا كورت ده‌كاته‌وه. بخوێننه‌وه، گوێ‌بگرن، ببینین: به‌رز نرخاندنی پاڵنه‌ره‌كان ]یان هه‌ڵچوونه سێكسییه‌كان[ ئه‌وه‌یه كه ئیرۆتیكا پێك دێنێت، ته‌نیا پاكژ كردنه‌وه‌ی فانتازیاكان له ورده‌كاریی ڕه‌مز و نیشانه‌كان چێژ به‌ره‌و باڵابوون ده‌بات. ئه‌وه ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌یه كه له ئه‌زموونی ئایینی‌دا كار ده‌كات و لێی جیا ده‌بێته‌وه، هه‌ر له نیگاره‌كانی پێش مێژووه‌وه له‌سه‌ر دیواره‌كان هه‌تا ده‌گات به سروده نوێژییه‌كانی باخ (Bach)، له سه‌ری فڵچه‌كه‌ی پیكاسۆوه تا ده‌گات به قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ی فرۆید (Freud). ئه‌مه‌یش به پاڵ ئه‌و ئاستنزمی و پیسییه‌وه كه له وه‌ختی پیدۆفیلیا ]ده‌ستدرێژی سێكسی بۆ سه‌ر منداڵ[ یان له سزای سه‌نگه‌ساردا په‌خش ده‌بنه‌وه،؛ ئه‌مه‌یش ته‌نیا به‌وه ته‌فسیر ناكرێت بڵێین به‌هۆی سه‌ركوتكاریی دامه‌زراوه‌كانه‌وه‌یه، به‌ڵكوو ئه‌و سنوور و هه‌ڵه شاراوانه كه‌شف ده‌كات كه له پێكه‌وه‌ژیانی خودایی له‌گه‌ڵ سێكسدا هه‌یه.
عه‌لمانییه‌ت له‌سه‌ر هه‌قه كه سه‌رزه‌نشتی سنووربه‌زاندنه سه‌ركوتكاریی و تاریكبڕواییه‌كانی ئایینه‌كان ده‌كات، سه‌ركۆنه‌ی ئاره‌زووی جیاكاری له نێوان هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌كه‌دا، زێده‌ڕه‌ویی له هاوسۆزی له‌گه‌ڵ ئاره‌زووی “باوك”، خرۆشاندن، فریودان، گێچه‌ڵپێكردن ]ته‌حه‌روش[، یان چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان یان دایك ده‌كات. ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی كه ئه‌م ململانێیه‌ی تێدا ده‌گوزه‌رێت، ململانێیه‌كی تر ده‌كاته ئه‌ڵته‌رناتیڤ، كە هێنده‌یش دڵڕه‌قانه نییه و نه‌فه‌سێكی قووڵیشی هه‌یه: “قڵپ كردنه‌وه‌ی به‌هاكان” ]نیچه[، تێكشكێنه‌ری نه‌ریته‌كان، له ڕێگه‌ی گه‌یشتن به جه‌وهه‌ری ئه‌م فریودانه ئیرۆتیكییه‌وه، كه نه‌ریته‌كان، دروستی ده‌كه‌ن و وزه‌ی پێ ده‌به‌خشن.
به دڵنیاییه‌وه، ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه پاشماوه‌ی به‌هێزیان له ڕه‌چه‌ڵه‌كی ئه‌میسییه‌وه لێ ماوه‌ته‌وه، به خودابانووەكانەوە شادی ده‌گێڕن، ئه‌م ڕیتواڵه له هیندۆییزم و ته‌نته‌ریزم (tantrisme)ـدا هه‌یه، كه تێیدا دووالیزمی جه‌مسه‌رییانه‌ی گه‌ردوونی له ڕیتواڵی گەلەگان (orgy)ـی لینگا-یۆنی (linga-yoni)ـدا به‌رجه‌سته ده‌بنه‌وه؛ هه‌ر به‌و جۆره‌ی كه یین و یانگ (yin-yang) له ئایینی تاوییدا ڕێ به ئه‌نجامدانی ڕیتواڵی هاوسه‌رگیری خوداكان ده‌ده‌ن. ئه‌م ڕێبازه‌ی دواییان دزه‌ی كردۆته نێو كۆنفۆشیۆنیزمیشه‌وه. هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵگه‌ی “بێ باوك یان مێرد”یش هه‌ن، بۆ نموونه خێڵه‌كانی (NA) له چینای ئێستا. له كاتێكدا كه ڕاستیی باڵا، براهما، له سروشتێكی بێلایه‌نه ]نه نێره و نه مێ[؛ به‌ڵام بودیزم، كه ئامۆژگاریی ده‌ستگرتن به زوهده‌وه ده‌كات و ئاره‌زوو له پێڕه‌وكارانی قه‌ده‌غه ده‌كات و وه‌ك سه‌رچاوه‌ی ئازار لێیده‌ڕوانێت، له ژیان و عه‌شق جیا ده‌بێته‌وه و له قوڵاییه‌دا كینه‌دۆزه به‌رانبه‌ر ژنان (misogyne). له بودیزمدا موماره‌سه‌كردن و ڕێكخستنی ئیرۆتیكای سێكسی له هه‌موو حاڵه‌تێكدا تایبه‌تمه‌ندیی پیاوانه.
ئه‌زه‌لی خۆیشی وه‌كو نێرینه یان باوك ده‌رده‌كه‌وێت. به‌ڵام، له سه‌ره‌تای ته‌وراتدا، خودا نێرینه و مێینه به‌رجه‌سته ده‌كات: حیكمه‌ت وه‌ك ڕه‌هه‌ندی مێینه‌یی و دایكانه، عه‌رش و هۆگرێتی خواوه‌ند ]یه‌هوه[، خودای ته‌ورات، ده‌پارێزێت؛ یه‌كگرتنی ئاده‌م له‌گه‌ڵیدا (demouth) جۆرێك له دووڕه‌گی ]دوو ڕه‌گه‌زی[ به مرۆڤی یه‌كه‌م ده‌به‌خشێت ]له كاتێكدا حه‌وا “ژیان” ده‌خزێته نێو ده‌سه‌ڵاتێكی چه‌وسێنه‌ری پاشا ته‌وراتییه‌كانه‌وه و چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی بزووتنه‌وه ژنانه‌كان ده‌كات[. ئاده‌می زه‌مینی (adamah) هه‌ر به‌خێرایی ده‌بینێت كه ژنێكی هه‌یه له په‌راسوویه‌وه خولقێنراوه، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته هاوده‌می و به‌ره‌و هه‌ڵه‌ی ببات: حه‌وای دیالۆگۆكه، وێڕای ئه‌وه‌ی یارمه‌تیده‌ر و هاوده‌م و به‌رانبه‌رێكی پێویسته، به‌ڵام ته‌نیا چاڵێكه. به‌هۆی خه‌ته‌نه‌كردنه‌وه، خواوه‌ند ته‌نیا شیره‌خۆره‌ی نێرینه هه‌ڵده‌بژێرێت؛ به‌ڵام كچه‌كان و ژنه‌كان له پشتی په‌رده‌كانه‌وه یان له حه‌ره‌م و حه‌وشه‌ی په‌رستگاكاندا ده‌مێننه‌وه. ئه‌م ناهاوسه‌نگییه له لایه‌ن گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیرییه‌وه ئه‌وه‌نده دیسپلینكراو و له قاڵبدراوه كه سێكسواڵێتی هه‌تا ئاستی ڕۆحانییه‌ت به‌رز ده‌كاته‌وه، یه‌كگرتن له‌گه‌ڵ خوادا به شێوه‌ی یه‌كگرتنی نێوان ژن و مێرده‌كانه. به له ئامێزگرتنی ئه‌م ئیرۆتیكا موباره‌كه، ژن و مێردی یه‌هودی له به‌رده‌م گۆڕانی ئاره‌زووه وه‌چه‌خستنه‌وه‌ییه‌كاندا ڕێگا بۆ عه‌شقی خوێندنه‌وه و ته‌فسیركردن ده‌كه‌نه‌وه: له مه‌نفاوه بۆ مه‌نفا، “مه‌عریفه‌ی خود” لێكجووت ده‌بێت له‌گه‌ل “قسه‌كردن بۆ خود” و “سێكسكردن”، به‌ڵام ڕۆحانییه‌تێك كه زیاتر له نێو لۆژیكی ئیزۆتریكدایه و له ڕووی ره‌گه‌زییه‌وه تایبه‌تمه‌ندكراوه به سرودی سروده پیرۆزه‌كان (Cantique des cantiques)، له زمانی ژنێكه‌وه خۆی كه‌شف ده‌كات: سولامیت (La Sulamite).
- وشه و جه‌سته:
مه‌سیحییه‌كان كه تانه‌ی ئه‌وه‌یان لێده‌درێت گوایه “گه‌لێكن عاشقی جه‌سته‌ن”، به جۆرێكی تر درێژه به شیكاریی ئه‌م گرێ ئیرۆتیكییه ده‌ده‌ن، كه له ئاماده‌یی هاوبه‌شی “جه‌سته” و “واتا” لای بوونه‌وه‌ره قسه‌كه‌ره‌كان ده‌رده‌كه‌وێته‌وه: وشه بۆته جه‌سته، ئه‌وه »به‌لای گریكییه‌كانه‌وه سكانداڵه و به‌لای یه‌هودییه‌كانیشه‌وه شێتییه«. مه‌سیحییه‌ت به ڕێگایه‌كی باشتر له هه‌ر ئایینێك، ئه‌و خۆشه‌ویستییه ده‌رده‌خات كه هه‌تا مردن له نێوان باوك ]خودا[ و كوڕ ]مه‌سیح[ـدایه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و سه‌ركه‌وتنی تیۆلۆژیی و بڵندبوونی هونه‌ریی ببات، هه‌ر ئه‌م سه‌ركه‌وتن و بڵندبوونه‌یش سه‌ربه‌رزی ئه‌ویان دروست كردووه. ئاره‌زووی مه‌سیحی زاڵ ده‌بێت، به‌ڵام ته‌نیا هه‌ناوی دایكانه‌ی مریه‌م به پیرۆزیی ده‌مێنێته‌وه؛ له سایه‌ی ئه‌م پاكیزه‌ییه‌دا هاوسه‌رگیریی مه‌سیحی وه‌ك له‌مپه‌ر و چاره‌سه‌رێك دژ به خه‌تای جه‌سته داده‌نرێت. به‌ڵام بۆ یه‌كه‌مجار له‌گه‌ڵ قه‌شه پۆلس (Saint Paul)ـدا دان به یه‌كسانیدا ده‌نرێت، كه ئه‌وه به ژن ڕه‌وا ده‌بینێت مافی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر جه‌سته‌ی مێرد هه‌بێت كه زیاتره له‌وه‌ی پیاو مافی له‌سه‌ر جه‌سته‌ی ژن هه‌یبێت. به‌ڵام قه‌شه جیرۆم (saint Gérôme) و قه‌شه ئه‌نسلیم (Saint Anselme)، كه هه‌ردووكیان ستۆیسیزمی كریسیپ (Crysippe) و سینیكا (Sénèque) په‌یامبه‌خشیان بوون، بڕیارێكیان ده‌ركرد كه به درێژایی چه‌ندین سه‌ده كاریگه‌ریی جێهێشت، ئه‌ویش ده‌ڵێت: »هیچ شتێك له‌وه شه‌رماوه‌رتر نییه كه بكه‌ویته داوی خۆشه‌ویستی ژنێكه‌وه، به هه‌مان شێوه‌ی ئه‌و ئاره‌زووه‌ی كه له كاتی زینادا هه‌مانه«. دژ به‌م ڕۆحانییه‌ته‌ی كه له جه‌سته جیا كراوه‌ته‌وه و، به پشتبه‌ستن به یه‌كێتیی پیرۆزی نێوان وشه و جه‌سته -وه‌ك یه‌كێتییه‌كی گرنگ و داپۆشراو، كه به به‌رده‌وامی له سه‌ر ده‌ستی هه‌ندێك سۆفی بڵند ده‌كرێت و تازه ده‌كرێته‌وه، له چوارچێوه‌ی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ناوه‌كیی دۆگماتیزمه فه‌رمییه‌كاندا، به تێپه‌ڕین به هه‌ڵهاتنی سه‌رده‌می رێنسانس و ته‌قینه‌وه‌ی هونه‌ری بارۆكیدا، توانای ڕزگاركردنی ژنان له قه‌تیسكردن و لێپێچینه‌وه ڕه‌خسا، دواتریش له‌گه‌ڵ سه‌ده‌ی ڕۆشنگه‌ریدا قه‌ڵه‌مبازێكی به‌هێزیدا و به‌رده‌وام بوو.
ده‌ركه‌وتنی ئیرۆتیكای مێینه‌یی له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆماندا، قه‌یرانی دامه‌زراوه ئاینییه‌كان قووڵتر ده‌كاته‌وه، به تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی كه شوێنكه‌وته‌ی ئایینه یه‌كتاپه‌رستییه‌كانن، ئه‌مه له جه‌وهه‌ردا هه‌ر وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌شه‌كردن له بنچینه‌كانی هه‌موو ئایینه‌كان ده‌مێنێته‌وه، له‌مه‌یشه‌وه كاردانه‌وه‌ی فه‌نده‌مێنتالیزم گه‌شه ده‌كات. له ڕوانگه‌ی قورئانه‌وه ئاڵۆش ]شه‌هوه‌ت[ـی سێكسی خه‌ڵاتێكه له لایه‌ن خوداوه، بێگومان ئه‌مه به‌لای “محه‌ممه‌د”ـیشه‌وه هه‌ر وابووه، ئینجا بۆ پیاوه فره‌ژنه‌كانی دوای خۆی، هه‌روه‌ها له‌نێو ئیرۆتیكایه‌كی ناكۆتادا كه شه‌قڵی خۆی له شیعری مه‌زنی سۆفیگه‌رییانه‌ی عه‌ره‌بی داوه، به هه‌مان شێوه بووه. به‌ڵام ئه‌مه به ئافره‌تان نه‌دراوه، چونكه حیجابیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت وه‌ك ڕێزێك بۆ مه‌لا و باوك و برا و خێزان. به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی ئازادی ]ژنان[ مه‌ترسیداره و هه‌میشه كێشه دروست ده‌كات، ئه‌وا زۆرینه‌ی خه‌ڵكی –به ژنانیشه‌وه- وا به باشتر ده‌زانن ڕوخساریان بشارنه‌وه، به واتا حه‌قیقی و مه‌جازییه‌كه‌ی وشه‌كه، تاوه‌كو خه‌ون به‌وه‌وه ببیننن كه ئارامشێكی وه‌همی و كاتی ده‌توانێت ڕۆڵیان له كرده‌ی وه‌چه‌خستنه‌وه و پارێزگاریكردن له جۆردا بۆ دیاریی بكات.
- باڵاده‌ستی پیرۆز به‌سه‌ر هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌كه‌دا:
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌وه، هێزی خودای تاك (Un) و سێیینه (trinitaire)، دژ به كه‌ڵكه‌ڵه فه‌نده‌مێنتالییه‌كان، له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه سوبێكت له‌نێو مرۆڤدا بونیاد بنرێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پیاو و ژنیش، له ڕێگه‌ی نوێژه‌وه، به‌م باوكایه‌تییه ڕه‌مزییه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه كه له ته‌ورات و ئینجیل‌دا یاسا و عه‌شق ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، بۆیه هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌كه بۆ ئه‌وه بانگ ده‌كرێن كه هه‌ردووكیان ببنه یه‌ك كه‌س: ئه‌وه هاوبه‌ندییه‌كی هه‌ستبزوێنه بۆ گه‌ڕان به دوای گه‌ردوونێتی و مافه‌كاندا. لێره‌دا ده‌بێت سه‌رنج له‌وه بده‌ین مافه‌كانی كه‌س، كه له‌نێو چوارچێوه‌ی سێكیولاریزمدان، له‌مڕۆدا وه‌ك تاكه نموونه‌ی گه‌ردوونی ده‌خرێنه ڕوو، كه ده‌توانێت ئه‌و فره كولتوورییه‌ی هاتۆته ئاراوه، ڕێك بخات.
داخۆ ئه‌و باوكایه‌تییه ڕه‌مزییه‌ی كه ئه‌م جیاكارییه دروست ده‌كات، زه‌روره‌تێكی بونیادییه یاخود یه‌كسانكردنه‌وه‌یه‌كی گواستنه‌وه‌یی ]انتقالی[ سه‌رخانه خزمایه‌تییه‌كانه له سه‌وه‌ختی دووباره پێك هێنانه‌وه‌دا؟ ئیرۆتیزمی نێرانه له‌مڕۆدا هه‌وڵ ده‌دات بۆ دووباره خه‌لقكردنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی باوكایه‌تیی ڕه‌مزی، جا یان له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی پۆرنۆگرافی یان هۆمۆخێزان (homoparentalité) یان دوور له‌م شه‌پۆله. بزووتنه‌وه‌ی پۆست-فێمێنیزم خۆی سه‌رقاڵه به‌م مه‌سه‌له‌یه‌وه و چووكسالارى (phallocrate) ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، به‌ڵام وا ده‌رده‌كه‌وێت كه جیاوازی ئه‌فسونگه‌ری نێوان هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌كه، له‌سه‌ر یه‌كسانی ڕووكه‌شانه‌ی پیاو-ژن، به باشتر ده‌زانێت. له مه‌ودای ئه‌م ماوه زه‌مه‌نییه هاوچه‌رخه‌دا هه‌ندێك له پسپۆڕه‌كان پرسیار ده‌كه‌ن: بۆچی “ئیسلام” سوبێكته‌كان دروست ناكات، به‌ڵكوو ته‌نیا كۆمه‌ڵه‌كان (communautés) دروست ده‌كات؟ ڕه‌نگه به پاساوی پاراستنی ڕووتیی پیرۆزی ژنانه (sacro-sainte)، چێژ و داهێنانی ژنانه له‌نێو یه‌كگرتنی جه‌سته-واتادا ئه‌و شته بێت كه لێی ده‌ترسین، تامه‌زرۆین بۆی، ده‌ستبه‌سه‌ری ده‌كه‌ین و سته‌می لێده‌كه‌ین.
سێكیولاریزم ته‌نیا به‌وه ده‌توانێت ڕووبه‌ڕووی ته‌حه‌دای ئایینه‌كان ببێته‌وه كه دان به باڵاده‌ستی ئایینی‌دا بنێت له‌سه‌ر هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌كه و بیری لێبكاته‌وه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یش دووباره نووسینه‌وه‌ی ڕ‌ومانی ئیرۆتیكی به‌رپرسیارێتییه‌كه به ئه‌ستۆی ئیمه‌وه.
په‌راوێزه‌كان:
* Sessualité له بنچینه‌دا “sex(sens)ualité” بووه، ئه‌مه‌یش وشه‌یه‌كی لێكدراوه، پێكهاتووه له: ڕه‌گه‌ز sex و sens واتا، ئه‌م دوو شه‌یه له یه‌ك چه‌مكدا لێكدراون، بۆ ئه‌وه‌ی جه‌خت له‌سه‌ر وابه‌سته‌یی و یه‌كێتییه‌كه‌یان بكرێته‌وه. ویستوومانه به سێكسـ(واتا)ـوالێتی وه‌ری بگێڕین، كه لای كری ستیڤا ده‌لاله‌ته له‌وه‌ی كه مه‌حاڵه له سێكس بكۆڵیته‌وه به بێ ئاماده‌یی سه‌رجه‌م فۆڕمه‌كانی ته‌ئویل، كه له كۆنتێكستێكی شارستاندیی دیاریكراودا واتای جیاوازی پێده‌دات.
** Nékév: وشه‌یه‌كی عیبرییه ئاماژه بۆ مێینه ده‌كات، هه‌روه‌ها واتای چاڵ، كه‌لێن، كونیشی هه‌یه. له فرمانی nakavـه‌وه داتاشراوه، واته ده‌یكات به كون، به نیشانه‌یه‌ك ده‌یسمێت. واتای ئه‌وه‌یه كه مێینه هه‌ڵده‌كۆڵرێت و بانگ ده‌كات، به‌ڵام نێرینه (zakhar) یادی دێته‌وه. ژن بانگ ده‌كات و پیاویش ئه‌م بانگه‌ی بیر دێته‌وه. كریستیڤا گریمانه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه ژن له كه‌له‌پووری یه‌هودیدا، هه‌روه‌ها له ده‌قه ئایینییه مه‌سحیی و ئیسلامییه‌كانیشدا، له پێگه‌یه‌كی نزمتر له پیاودایه، ته‌نیا ته‌واوكه‌ری كه‌سایه‌تی پیاوه.
سه‌رچاوه:
جولیا كریستیفا: الشبقية بين الجسد و المعنى، ترجمة: فؤاد أعرب، 10 اكتوبر 2015. nomene.blogspot.com.
سەرچاوەى یەكەمى بابەتەكە:
Julia Kristeva, L›érotisme, entre chair et sens in Le Point- Références, 28 octobre 2010, pp. 7-10.